شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: بتی شکاو سەرناو: هۆنراوەم سەبارەت: (١٩٦٧ - هەولێر) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew هۆنراوەم شیلەی١ دڵ و دەروونمە ئاوێنەی ژین و بوون و نەبوونمە سروودی گەرمی تافی٢ لاویمە هەڵچوونی خوێنی ئاگراویمە بۆیە جیاوازیی نییە، ئەی جوانم، منت خۆش بوێ، یا شیعرەکانم! ١. شیلە: شیرە ٢. تاف: ئاوێکی زۆرە کە بەخوڕ بڕژێتە شوێنێکەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کچ و شایی سەبارەت: (١٩٦٧ - هەولێر ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew شایی دەکا... پێی لەسەر دڵ شایی دەکا. لە سووکیدا لە پەپوولەی ناو بەهەشتی خوایی دەکا. سنگی تازە پێگەییوی، هیچ نەدیوی، هەڵدەپەڕێ. چاوەنواڕە تا نیگای چاوی دڵتەڕێ شوێنی کەوێ... بۆی نەسرەوێ. ئەو گەردنەی کە پڕشنگی کەوتۆتە شەڕ لەگەڵ خشڵی١ خۆی و سنگی، وەک ترووسکەی خواپەرستی شەپۆلی دا، خلیسکی برد، ناخی دڵمی لە باوەش کرد. ڕستەکانی گەردانەی زێڕ وەکوو مناڵێکن شەرمن لەهیکڕا هەڵدەقۆزنەوە و نیگای چاوێک دەبڕنه من! سا بە تاسەی کۆرپەی برسی، بۆ مژێکی نەومەمیله، دەکەونەوە و چەپۆک دەدەن لەو جێگایەی دڵ بۆی دیلە! ١. خشڵ: زێڕ و زیوێکە ژنان بۆ جوانی بیدەن لە خۆیان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بتی شکاو سەبارەت: (١٩٦٧ - هەولێر) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew بتێک بووی دەسکردی خۆم، کڕنووشم بۆ دەبردی لە ساتی تەنیاییمدا سکاڵام بۆ دەکردی. بەڵام، ئەمڕۆ لە دەورت کۆمەڵێ کڕنووشبەران تفری نەخشی پیرۆزی پەنجەی منیان هەڵوەران؛ شێلایان ئەو شۆخییەی جێی سەرنج بوو بۆ هەڵبەست ژەنگیان خستە ئەو دڵەی پرد بوو بۆ ژێر پێی مەبەست کە وابێ، تۆ داڕشتەی دەستم بی و بۆ من نەبیت؛ ئیتر بۆچی لەژێر پێم ئەنجن به ئەنجن نەبیت! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نامەی ژاکاو سەبارەت: (١٩٦٧ - هەولێر) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئەی ئاوازی ساتی هۆنینەوەی هەڵبەست، بەستە و سازی ئەو شەوانەی دەژیم سەرمەست: چیت زانیوە، وا بە جارێ لەخۆباییت؟ بۆ، وەک جاران، خەمڵیو نەبوو نامەی دواییت؟ تێیدا نەبوو ئەندێشەیەک، بیرێکی ورد، بۆنێکی خۆش، یا نەخشێکی جوانی دەستکرد؟ وشەکانت گشت سارد و سڕ، ڕستەکانت پچڕپچڕ، چەند بۆ ناخیان، ئەوپەڕی ئاخ، قووڵ چووم، خشیم، هیچ مووچڕک و هیچ هەستێکیان پێ نەبەخشیم. خۆشەویستم! من دەمەوێ وشەکانت بکەنەوە شانۆی هەستم، ببزوێنن دڵی مەستم، بتکێن وەکو دڵۆپەشیر بۆ لێوی کۆرپەی هەڵبەستم... من دەمەوێ وشەکانت تەڕوبڕ بن وەک دڵی من، پڕ تەوژمی ژین بن وەک خۆت، گەرم بن وەک لێوی گۆشتن تەزوودەر بن وەک گفتوگۆت. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مافی خۆتە سەبارەت: (١٩٦٧ - هەولێر) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew چۆنت پێخۆشە، بە ئارەزووی خۆت لەت کە ئەو دڵەی، شادی دەوێ بۆت لە چەقی ڕێگەم، هەر لەبەر چاوم بنێ ژێر پێیان نامەی پێچراوم. شان بە شان بڕۆ، قشتیلە١ و نازدار لەگەڵ دۆستێکی تازەی پارەدار ئەو دۆستەی کە وا ناو لە زارانە، هەر هی تۆ نییە و هی هەزارانە! بیلاوێنەوە، تێر بۆی پێکەنە لە دڵما نەخشی یادگار هەڵکەنە قەیناکا گیانە، مافی خۆتە خۆ ئەو ڕەفتار دەکا، بە ئارەزووی تۆ بێبەشت ناکات لە شێلانی لەش لە سکاڵای زۆر، وەنەوزەی باوەش قەیناکا گیانە، ڕاستی زۆر ڕاستی پێم نەهاتە جێ، چی دڵت خواستی تەنیا شیعر بوو ئەوەی من هەمبوو بۆ قنیاتی تۆش شیعر زۆر کەم بوو! ١. قشتیلە: قشتیلانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کێوی باوەڕ سەبارەت: (١٩٦٧ - هەولێر) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew با تریشقە بێ، با برووسکە بێ ئاسمانی ژینم بێ ترووسکە بێ با دەوروپشتم گرمە و گاڵە بێ با دیمەنی خوێن بۆم گوڵاڵە بێ پەیمانم داوە بە زنجیرەی کێو کە تیشکی خۆری نێزیکە لە لێو گەر ڕەهێڵە بێ و بەردیش ببارێ لە کێوی باوەڕ نایێمە خوارێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕێڕەوم سەبارەت: (١٩٦٧ - هەولێر) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew (سروودی منداڵە شەهیدێکە) لە بەندیخانەی تاریک و نووتەک، گوێ پڕ لە دەنگی کەلەپچەی مەچەک، پڕ بە ناخی دڵ، زۆر گەرم و بەکوڵ، گەر بتڵێمەوەش بەستەی ڕزگاری هەر دەڵێمەوە دژی زۆرداری * * * هەروا لە بیرمە، دایکی نیشتمان کاتێ نایە دەم گۆپگەی مەمکی ژیان، چرپاندییە گوێم، بە سۆز، بە گریان: 'چەند ساڵە، ڕۆڵە، لەم خاک و خۆڵە دێ دەنگی زیلی پڕ ترسی دیلی بۆ تۆڵە گۆش بە، نەک بۆ زەلیلی' * * * ناچێ لە بیرم، کە باوکی ژیرم چەکی مەردانەی خستە سەر شانی ئێمەی بەجێهێشت بۆ تێکۆشانی، نەیگێڕایەوە ئەشکەنجە و سزا، تا ڕۆژێک ئاگر بە دڵیا چزا بەڵام هەمیشە دوا قسەی پەندە، ساتێ پێی گوتم دەم پڕ لە خەندە: 'ڕۆڵە! مەرد بژی، نەک وەکوو بەندە' ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەستێکی بریندار سەبارەت: (١٩٦٧ - هەولێر) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew گوڵی یەخان، ژاکاوی گوڵدانی دوێنێ! بەسە، چیتر... هەنیسکی تۆ نامبزوێنێ دڵداریمان ئیتر بەس بێ و ببڕێتەوە، یادگاریمان لە تابلۆی یاد بسڕێتەوە، با بژاکێ، با بچەمێ گەردنی شەستپەڕی دواڕۆژ، کە سەردەمێ زۆر بە ئاوات بووم بیگەمێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێم نەگوتی سەبارەت: (١٩٦٨/٧/١٤ - بەغدا) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئەی خوێنشیرین، گەنجینەی منی ئاوارە! دووری دوورتر لە ئەندێشەم، لە سپێدەی هەندێ شەوان، ئەی بۆ چاوم پێڵوو و برژانگ، ئەی نێزیکتر بۆم لە ڕەوان لەو ساتەوە ون بوو باڵات، دڵی ڕەهام بەدواتا هات، هات، خۆی ئاڵاند لە گۆزینگت، ١ سەد گۆرانی و سەد بەستەی گوت بۆ مەلی ناو ڕکەی٢ سنگت * * * ئەی چاوگەی هۆنراوەی پەتی! تاوانم کرد پێم نەگوتی: من ئاوارە و هەژارێکم، شاعیری دوورەشارێکم تاوانم کرد، پێم نەگوتی، بەیانی زوو کۆتایی دێ بەهارەکەم بە لەتێک دڵ دەگەڕێمەوە شارەکەم! تاوانم کرد، پێم نەگوتی دڵداریمان کورتەڕێ بوو، زوو بڕیمان، زیندەخەو بوو، بە ڕۆژ دیمان، بڕایەوە و هەر زامی ما ناکامی ما سەرسامی ما وا ئەوانیش بوون بە هەوێن بۆ ئەم هۆنراوەی خەمڕەوێن! ١. گۆزینگ: قولەپێ ٢. ڕکە: بێرکم، قەفەز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باسم بکەن سەبارەت: (١٩٦٨ - هەولێر) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew باسم بکەن، تا دەتوانن باسم بکەن! دووڕووانیش با بێنە لام کاسم بکەن! مە بەزیوم، ناشاعیرم، گۆشەگیرم! هەلپەرستم، خۆپەرستم، تەسکە بیرم! باسم بکەن، تا کاژێڕتان١ لێک دەترازێ گەر شەو نەبێ، ڕۆژ چی هەیە پێی بنازێ؟ ! شاڵاو بێنن، سەری خۆتان بدەن لە کێو، بگرن وەکوو کورتەباڵا داوێنی دێو باسم بکەن، کۆڕ ببەستن، باسم بکەن باسم بکەن، هەڵببەستن، باسم بکەن بەڵکوو ناوم وەکوو هاڵاو، بە ئازایی هەڵسێ لەسەر گڕی قینتان بۆ بەرزایی! ١. کاژێڕ: شەویلاک، شەویلە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ خوای خەوتن سەبارەت: (١٩٦٨ - هەولیر) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئەی خوای خەوتن، وا شەو هات، شەو! پێشکەشم کە وچانێک خەو یا هەر نەبێ، تەنیا ساتێ مێشکم سڕ کە، بیدەرێ بەنگ... گەر نەشخەوێ، لە کار کەوێ وەک هی دەبەنگ، ئەی خوای خەوتن! وا دوو ساڵە نوێژ دەکەم، هانا دێنم، ئەژنۆم لەژێر پێیانی تۆ دەچەمێنم، تاکوو ساتێک بیر و هۆشم لە کار بخەی، ئۆقرە بگرم، پێڵوو داخەم، بڵێم ئۆخەی! *** ئەی خوای خەوتن! وەک دەبینیت نەوتەمەنم، تین و تاوم، خوێنی گەرم و ماسوولکەی لەش، شیلەی دڵ و پرشەی چاوم وا خەریکی ماڵئاوایین لە ئێسقان و پێستی ماوم! دە ئێستاکەش، نەچووە و بچێ، هێشتاکە هەم، خوێنم گەرمە و ئاسۆی هیوا بەدی دەکەم. کەوابێ... ها... نیوەی ژینم لێ بسێنە، تەنیا ساتێک دڵنیام کە، بمخەوێنە. *** ئەی خوای خەوتن! جڵەوگری تەنسرەوتن، دەنگ بنێرە بۆ من، هەمووم، بڵێ، ئەی لەش، دە بسرەوە، دەمی خەوە بڵێ: پێڵوو خاو بە، بنوو بڵێ: ئەی یاد، بپێچەوە بیرەوەری، بیرەوەریی ڕۆژانی خۆش لەگەڵ پەری. بڵێ: ئەی سۆز، ئەندێشەکەی تەلیسماوی، بیری ڕەوان، بڕۆن... هەموو دەست کەنە مل فریشتەکەی شیعری شەوان بە جێی بێڵن تەنیا ئەمشەو، بۆ ساتێک خەو! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کۆتاییی چیرۆکێک سەبارەت: (١٩٦٨ - هەولێر) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew خۆشەویستەکەم! ڕاسته، حەز دەکەم، ساڵانی تەمەن، چرکە بە چرکە هەر لە تەکت بم لەجیاتی کۆرپەی خوێنشیرین وەک خۆت من پەنجەمژی سەر مەچەکت بم. ڕاستە، حەز دەکەم لە نێزیک چاوت دڵی هەڵبەستم لە خورپەدا بێ. هەر دیاری و نامە بگۆڕینەوە، وەکوو لە ژینمان هیچ ڕووی نەدابێ. ڕاستە، حەز دەکەم پەپوولەی نیگام هەموو ڕۆژ بفڕێ، تا لە هەلێکا درزی پەنجەرە یا دەرگە ببڕێ، ماچێک لە نیگای چاوت بسێنێ، تینوێتیی گەرووی دڵم بشکێنێ. بەڵام، گیانەکەم، تاکە یادگارم! ناچارم... ناچار کە تۆ لە یاد کەم. لەژێر دارکاریی ویژدانی هارم بحەسێمەوە و زوو خۆم ئازاد کەم. ناچارم، دەبێ گۆڕێک هەڵکەنم بۆ هەر یادگارێک بۆنی تۆی لێ بێ. دەبێ گوێم کەڕ کەم، زمانم لاڵ کەم، لەلای هەر کەسێک، باسی تۆی پێ بێ! دەبێ هەر ئەمڕۆ وێنەی دووقۆڵی و نامەی بە دەرزن لە گەرووی گڕدا ببنە خۆڵەمێش، هەرچەند لە ناخی دڵمدا بەرزن. دەبێ، هەر ئەمڕۆ، بمرێ لە یادم دڵکێشترین چاو، بمرێ لە یادم ناسکترین دەنگ، شیرینترین ناو. دەبێ هەر ئەمڕۆ بڕووخێ لە یاد پەیکەری باڵا سڕ بێت لەسەر زار ئاگرینترین وشەی سکاڵا. *** ئەو سنگە نەرمەی کاڵ و گۆشتن بوو بەهەشتی مەلی ئارەزووی من بوو، ئەمڕۆ تاوانە، نە زۆر نە کەم، وەک گەنجینەی خۆم پەنجەی بۆ ببەم چونکە بێگانەم، تۆ بەهەڵە چووی، هی پیاوەکەتە و کۆرپەی تازەبووی! ئەو قژە ڕەشەی کە پار و پێرار بۆنی سەرمەستی دەکردم جار جار، ببوو بە داڵدەی چاوی شەرماویم، ڕەنگی پەڕیوم، لێوانی بە بار، ئەمڕۆ دەبێ دڵ ئەویش لە بیر کا، تا تەنیا کۆرپەت دەستی لێ گیر کا! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گۆڕێک بۆ دوێنی سەبارەت: (١٩٦٨-هەولێر) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew پاش تەمەنێک ئێش و ئازار پاش ناکامی و جەوری ڕۆژگار پاش تۆرانم لە یادگاریم لە تەمەنی نەوبەهاریم له بزەی لێو، لە خەونی دڵ، لە بەرامە و لە ڕەنگی گوڵ گەڕامەوە بۆ پێکەنین، بۆ ڕووناکی، بۆ خۆشیی ژین، بۆ چیمەنێک لە بەهاردا، بۆ دیمەنێک لە گوڵزاردا، بۆ جووکەیێکی ناخی مەل، بۆ بزەیێکی لێوی کەل، گەڕامەوە بۆ جوانی، بۆ سروشت و کامەرانی، بۆ ورشەیەکی١ نێو چەمان، بۆ ئاوازێکی ژێی کەمان، بۆ ئەستێرەی بە شنەشن، کە لەژێر پێی خوادا پەخشن گەڕامەوە جارێکی تر، بۆ باوەشی یارێکی تر گەڕامەوە بۆ تەمەنێ، بۆی پێکەنم، بۆم پێکەنێ گەڕامەوە بۆ کۆششم، بۆ دەروونی پڕ شۆڕشم گەڕامەوە بۆ خامەکەم، بۆ پەخشی بۆ و بەرامەکەم بۆ شەوانی ئەندێشاویم، بۆ پەیکەری هیوای لاویم گەڕامەوە بۆ دڵلێدان لە پەرستگەی پاکی یەزدان، تا بە دڵی پڕ لە بڕوا چاو ببڕمە ناولەپی خوا بەڵکوو سرووش٢ گیانم پڕ کا سەدای ژینی پێشووم کڕ کا، ١. ورشە: بریسکە، بریقە، گرشە ٢. سرووش: وەحی، ئیلهام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ مارتنی مرۆڤ سەبارەت: (١٩٦٨ - هەولێر) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew (مارتین لوتەر کینگ (١٩٢٩-١٩٦٨) مافپارێزی قولەڕەشەکانی ئامریکا لە ناوەڕاستی پەنجاکانەوە لە ١٩٤٦دا خەڵاتی نۆبلی بۆ ئاشتی وەرگرت و لە ١٩٦٨دا کوژرا! ) ئەی لوتەر کینگ، ڕەشی گزنگ، شوورەی ئاشتی و برایەتی، دەروون کانگای ئازایەتی، پەیامبەری پێستڕەشەکان، پارێزەری بێبەشەکان تۆ کوژرای زوو تاوانیشت هەر ئەوە بوو، گوتت: دەبێ... دەبێ لە ژین بە یەکسانی هەموو بژین. *** ئەی لوتەر کینگ، بۆ سەربەستی ژینت دەویست بۆ ئادەمزاد، نەک هەر تەنیا بۆ ڕەنگی پێست! چەکی شەڕت هەر بزە بوو، بزەی نەمر، نەک هەر بارووت، ئاسن، ئاگر! *** ئەی لوتەر کینگ ڕەشی گزنگ، وا تێ مەگە، بۆیە لە ژین وا بێبەش بووی چونکە ڕەش بووی! پێڵووی داخراو ببزوێنە، سەرەنجم دە، لەگەڵ ئەوەی پێستەکەشم بەفر و خوێنە، هەر لەتێکم ئاوارەی ژێر ئاسمانێکە گەنجینەی بێ سەروشوێنە سەرەنجم دە، منیش وەک تۆ، خۆری شادی، هی ئازادی وڵاتەکەم پێ نازانێ دەچمە دەریای ئارەقە و خوێن، دەست ناکەوێ پارچە نانێ. *** ئەی لوتەر کینگ، ئەی سروودی ئاشتی و برایی. ئەم زەمینەی جێی تاوانە ئێوەی ناوێ تا کۆتایی ئەم زەمینەی بە خوێن تژی هاوار دەکا: نابێ دڵی گاندی و مەسیح لێرە بژی! ئەم زەمینەی جێی ئاواتە، هاوار دەکا: دەبێ گریان، ئەسرینی چاو، دووکەڵ، گرمە، دیمەنی شەڕ، بۆنی بارووت، قرچەی هەناو، نووزەی مناڵ، دیلی و لاتی باو بن وەکوو تیشکی هەتاو! ئەم زەمینە هاوار دەکا، هاوار دەکا ئەم زەمینە ژیان لای من هەر زۆرانە و هەر جەنگینە. هاوار دەکات دەبێ بسرەوێ لە لێدان دڵی ئاشتی و خۆشەویستی، دڵی یەزدان! ++++++++++++++++++++++