شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: دیوانی براکوژی سەرناو: بەرکوڵی چاپی نوێ: بەشی یەکەم سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew چارەنووسی' دیوانی' براکوژی زۆر لە چارەنووسی 'دوانزە وانە بۆ مناڵان' نزیکە، ئەگەرچی مەودایەکی زەمانیی دوورودرێژیشیان لە نێواندایە؛ هەردووکیان لە باروودۆخێکی سیاسیی لە ڕادەبەدەر ئاڵۆزدا لە دایک بوون و لە تاقە کۆڕێکی شیعر خوێندنەوەدا فرچکدران. پاشتریش، بێ ئەوەی دەسەڵاتێک نازیان بکێشێ و گیرفانێک شەکروشیریان بداتێ، هەر خۆیان پێڕەوکە بوون و لە خەم ڕەخسین و بە نان و نمەکی خەڵکی کوردستان ڕسکان. بۆیە، ئەم دوو هۆنراوە درێژە چەند هی منن، هێندەش هی ئەو سەدان هەزار کەسەن کە تا ئەمڕۆ ئەم دەست و ئەو دەست، ئەم باخەڵ و ئەو باخەڵیان پێ کردوون و نەیانهێشتووە ڕوخساری ڕاونراویان چرچولۆچی تێ بکەوێ و گەردی فەرامۆشیی لێ بنیشێ. خوێندنەوەی 'دوانزە وانە' لە کەرکووکی ١٩٧٢ی کانگای تەعریب و 'دیوانی براکوژی' ش لە هەولێری مەڵبەندی شەڕی خۆکوژیی ١٩٩٤دا، ناڵێم ئازایەتی، بەڵام هێزێکی مەعنەوی و بڵێسەیەکی پەتی و بڕوایەکی ڕەهای دەویست بە سەرکەوتنی ئازادی و جوانی و شیعر. خەڵکی کوردستانیش، بە سەلیقەی خۆڕسکی خۆیان، لەمە گەیشتن و ئەرکی بڵاو کردنەوەیان لە کۆڵ کردمەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەرکوڵی چاپی نوێ: بەشی دوهەم سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew پڕیشکی نەگریسی دووبەرەکییەکەی ١٩٦٤ لە سەرەتادا لە باشووری کوردستان وەک قارچی ژەهراوی هەڵتۆقی، بەڵام هێندەی نەبرد، وەک گەرای شێرپەنجە، دەمار بە دەمار، جۆمگە بە جۆمگە، شانە بە شانە سەرتاپای بەدەنی لە خۆڕا کەنەفت و بنێسی نیشتمانەکەمانی تەنییەوە. براکوژی چەند وەچەیەکی نائومێد کرد و بووە لەمپەری بەردەم بڵاوبوونەوەی هەستی سەربەخۆییخوازی. حیزب حیزبانێی خێڵەکییانە نەیهێشت ئەو وزەیەی لە توێیەکانی گیانی کوردستانییاندا خۆی مەڵاس دابوو کۆبکرێتەوە و بخرێتە گەڕ بۆ خۆڕاپسکاندن لە کۆت و بەندی کۆیلەیی. براکوژی ئەنجامی نەبوونی بەرنامە و ستراتیژ و پرۆژەی سەربەخۆیی و مەسەلەیەکی سێنترالە. تا کۆمەڵێک ڕەمز و بەهای هاوبەش زەینی نەتەوەییمان پێک نەهێنن، مێشکمان هەر خانەخانە دەبێ و هەر خانەیەکیش حیزب-عەشیرەتێک داگیری دەکا. کاتی ئەوە هاتووە لەوە بگەین و دانی پێدا بنێین، کە ئێمە نەک هەر گەورەترین نەتەوی بێ دەوڵەتین؛ بەڵکوو گەورەترین نەتەوەی بێ پرۆژەی دەوڵەتیشین. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەرکوڵی چاپی نوێ: بەشی سێهەم سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew لە کاتێکدا ئەم پێشەکییە دەنووسم، ئەنجامەکانی براکوژی لە بەر چاون و هۆیەکانیشی، بە تایبەتی سامانی مفت و دەسەڵاتی بێسنوور، وەک شیری لە کالان دەرکێشراو، هێشتا هەڕەشە لە گەلی کوردستان و یەکێیتی وڵاتەکەی دەکەن. براکوژی تاوانێکی هەرە گەورەیە بەرامبەر بە دۆزی ڕەوای نەتەوەکمان ئەنجام دراوە. دڵنیام نەوەکانی داهاتوو، پاکانە بۆ هەڵوێستی توندم دەکەن؛ کە ساڵانێکی دوور و درێژە باجەکەی بە زێدەوە دەدەم. با ئەم دیوانۆکەیە، دادگەیەکی مەعنەوی بێ بۆ بازرگانانی براکوژی، کە هیچ دادگەیەکی تریان نەبینی و پێشبینیش ناکرێ لەمەولا بیبینن! ٢٠٠٥/٥/٥ ــ هێلسنکی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چەند پەیڤێک: (پێشەکیی چاپی یەکەم ١٩٩٤) بەشی یەکەم سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئازیزم؛ ئەوەی بەردەستت پێش ئەوەی شیعر بێ، هەڵوێستە. ئەوەی لە کاتی نووسیندا لە بەر چاوی خەیاڵم بووە هەژارێکی شێخەڵڵا بووە، نەک خوێندەوارێکی شیعر تێر و تەسەل. بۆ میکرۆفۆن نووسراو، نەک بۆ خوێندنەوەی بێدەنگ. زیڕەیە، نەک چرپە. ڕاکردنە، نەک ڕۆیشتن. لە بابەڕۆدانە، نەک هەنیسک. ئەوەی لەسەر خنکان بێ، بیر لەوە ناکاتەوە چۆن بقیژێنێ؛ گرینگ ئەوەیە تا دەنگی تێدایە بقیژێنێ. ئەمەی بەر دەستت زریکەیە، قیژەیە..... . بۆ ئەوەی لەم شیعرانە و شیعرەکانی تری دیوانی براکوژی بگەیت؛ پێویستە نەخشەی براکوژی لە ساڵی ١٩٦٤ وە تا ڕۆژی ئەمڕۆ لەبەر چاوی خۆت دانێیت و ئەو ڕووبەرە پانوپۆرە دەستنیشان بکەیت کە براکوژی تێدا کراوە. ڕووبەرەکە؛ موبالەغە ناکەم ئەگەر بڵێم هەموو خاکی کوردستان، بە پانایی و درێژایی دەگرێتەوە. کوا ئەو جێیەی براکوژی ئاوەگڵی نەکردووە؟ کام تاقم لەگەڵ کام تاقمدا، کام بەرەباب لەگەڵ کام بەرەبابدا نەیکردووە؟ شۆڕەسوارەکانی براکوژیش هەمان شۆڕەسوارن، هەمانی شوانی گورگزادەن. من هەر باسی براکوژی ئەم چەند ساڵەی دواییم نەکرد، ئەگەر نا ئەوەندەی مێژوومان لەبەر چاو بێ، دەبینین هەر جارێک ئەم نەتەوەیە سەری خۆی ڕاست کردبێتەوە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی، یا تەنانەت داوای فشەمافێکی خۆی کردبێ، تووشی تاعوونی شەڕی خۆکووژی بووە..... . ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چەند پەیڤێک: بەشی دووهەم سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew من دوژمنێکی بابەکوشتەی براکوژیم. لە ساڵانی دوور وڵاتیمدا، چەند خۆم بە پەڕاگەندەی سیاسەتی شۆفێنیستانەی داگیرکەرانی کوردستان زانیوە، زێتریش خۆم به پەڕاگەندەی سیاسەتی کورد کوژانەی حیزبەکانی کوردستان زانیوە. بۆیە ئەوەی لە دەستم بێ و پێم بکرێ، دژی براکوژی دەیکەم و دەیڵێم. هیچ شتێک لای من پاکانە بۆ براکوژی ناکا. گەمارترین، نامەردانەترین، بێشەرەفانەترین شەڕ؛ شەڕی براکووژیە... ئەوەشی باوێ سەرێ، کە کوردستان خۆی لە خۆیدا وڵاتێکی داگیرکراوی پێشیلکراوی دابەشکراوی خێر و بێر دزراوە. شەڕی براکوژی، لە وڵاتێکی وەک کوردستاندا لە خۆکوژی بەولاوە چی دی نییە. کە شیعرەکانم دەخوێنیتەوە، پێت وایە زماندرێژیم کردووە؟ زێدەڕۆییم کردووە؟ توندم؟ بریا... سەد بریا... زێتر شارەزای فەرهەنگی زمانی کوردی بام و لەم وشە و تەعبیرانە مزرترم زانیبا! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چەند پەیڤێک: بەشی سێهەم سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew زۆر لەم شیعرانەی بەر دەستت لە شەکرەشاری هەولێر نووسراون. کام هەولێر؟ ئەوەی مانگێک تێیدا لە ماڵ چوونەدەر ئازایەتی بوو... دیتم؛ بە چاوی خۆم براکوژیم دیت... دیتم چۆن بە سەربانان دەکەون و ماڵ و منداڵی ئەو خەڵکە برسییە دەکەنە سەنگەر. لە کۆڵانە ئاوەڕووتکراوەکاندا گوێم لە زرمەزرمی تۆپ و شەستیر و ئارپیجی و قازیفە بوو. لە دەورووبەری شارە خۆشەویستەکەمدا، بینیم چۆن دووکەڵی دەغڵودانی هەژارانی کوردستان بە ڕۆژ بەری ئاسمانی تاریک دەکرد و بە شەویش بڵێسەی ئاگردڕی به شەوەزەنگ دەدا. ڕۆژ نییە دەنگوباسی ئەم شار و ئەو شار، ئەم گوند و ئەو گوندی نیشتمانەکەم ئارامم لێ هەڵنەگرێ؛ هەر دیلە و دەکووژرێ... . هەر بەرائەتە و وەردەگیرێ... . هەر ماڵە و دەرگەی دەشکێنرێ... هەر پاتاڵ و بزگوڕە و بە تاڵان دەبردرێ... هەر لاوی کوردە لەسەر بیر و باوەڕ یان تەنانەت لەسەر ڕەنگی پەڕۆ، لە ماڵی خۆی وەدەردەنرێ و شوێنبزر دەکرێ... هەر نامووسە و هەتک دەکرێ... هەر خانووە و بە گوللە بووە بە بێژینگ، یا بە قازیفە شەبەقی تێبووە... (کوردستانی ئەنفال کراوم ئەنفال دەکرێتەوە) مێژوو؛ بنووسه: من بێدەنگ نەبووم! شیعر؛ ببوورە، تۆم زۆر شەکەت کرد! پەخشان؛ زۆر سوپاس، بە هانام هاتی! ١٩٩٤/٦/٢٠ هەولێر * ئەم پێشەکییە هی چاپی یەکەمە، کە بریتی بوو لەو چەند دانەیەی بە خەتی خۆم و لەبەر گرتنەوەی دڵسۆزان، لە هەولێر، لە ڕۆژانی براکوژیدا بڵاو کراونەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: با کەس ڕەخنەیان لێ نەگرێ! سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew با کەس ڕەخنەیان لێ نەگرێ! هەرچی دەیکەن، پاکە وەک نوێژ هەرچی دەیڵێن، وەک گەوهەرە! دیالێکتیک، سەرمایەی مارکس فەرموودەی 'ماو' یان لەبەرە! ئەورووپایان هەموو دیوە کە دێنە گۆ بۆ ڕۆژنامان؛ پەیڤێک زێڕه، یەکێک زیوە! لەندەن، پاریس، ئەنقەرە، شام یەکە یەکە پایتەختەکانی هەندەران شارەزاترن لە شێخەڵڵا و سابوونکەران چاک دەزانن، کە ئەورووپا بۆیاخچی پسپۆڕی دەوێ؛ بۆ کۆڵکێشی بازووی زۆر بەتینی دەوێ کوردی چیایی ناولەپ زبر و شان و پیل بەردینی دەوێ! با کەس ڕەخنەیان لێ نەگرێ! دەیانناسم لە پاکیدا، چاک و پیرن لە ژیریدا، ئەنیشتاین شاگردیانە هێندە ژیرن! شارەزای مێژووی جیهانن کون بە کون، کەلێن بە کەلێن... ستراتیژی دوژمن تەقەی بێ جبەخانەی تاکتیک پڕە مەخزەنێکی پێوە دەنێن! دەیانناسم! لە پاکیدا، چاک و پیرن لە ژیریدا، ئەنیشتاین شاگردیانە هێندە ژیرن! بیانبینن! بزانن لە پێناو ئێمە چەند بێتووکن چەند پەڕپووت و ڕووت و گەدان چۆن شەو و ڕۆژ تەنیا لە بیری ئێمە دان! باوەڕ بکەن هەرچی دەیکەن بۆ ئێمەیە... هەرچی دەیڵێن بۆ ئێمەیە... هەر بۆ ئەوەی لەم ئازارە ڕزگارمان بێ و خۆشاوی شەهادەت فڕ کەین هەر بۆ ئەوەی خوێن وەکوو نان گران نەبێ و هەموو جێیەکی لێ پڕ کەین یەکێک دێنن قڕمان بکا ئەگەر نەهات؟ فێرمان دەکەن یەکتر قڕ کەین! با کەس ڕەخنەیان لێ نەگرێ! شوان هەر شوانە... . پەز هەر پەزە، هەتا دەمرێ... با کەس ڕەخنەیان لێ نەگرێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەم نیشتمانە چارە ڕەشەدا سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew لەم نیشتمانە چارە ڕەشەدا چیتان هێشتووە؛ دابەشی نەکەن وەک ڕەزی خۆتان؟ هەر بە شەهیدان سەرمان بڵند بوو، ئەوانیشتان کرد بە پەزی خۆتان! ناوێرم قەڵەمێک هەڵگرم ناوێرم کراسێک لەبەر کەم ڕووتان ڕەش بێ، خۆ ڕەنگەکانیشتان بەش کرد! بڵێم خوێندکار یا قوتابی؟ ژن یا ئافرەت؟ ڕووتان ڕەش بێ، تا وشەی ناو فەرهەنگەکانیشتان بەش کرد! دوو کەناری زێی جاویدانی خانی و حاجی قادرتان بەش کرد خاک و ئاو و ئاگرتان بەش کرد کوا؟ چیتان هێشت؟ کوا؟ کێتان هێشت؟ بگرە... . قەحپە و دز و ڕێگرتان بەش کرد وەک زڕتەکی گاکۆژبەدەست نیشتمانێکتان کرد بە دوو... . شار بە شار، گوند بە گوند گەڕان لە هەر ماڵێک ئاگردانێکتان کرد بە دوو... خەڵک مێژوویەکی هەیە ئێمە دوو مێژوومان هەیە هەموو دنیا یەک سەرکردەی لێ بەڵایە ئێمە لەویش دوومان هەیە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەورەینە! لە سایەتان سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew گەورەینە! لە سایەتان بەعس لەناو دەمماندا، زمانێکە و دەگەڕێ بەعس کەڵەگایەکە، سبەینە و ئێواران، لە ئاوەزمان دەپەڕێ! کێ بێ بەعس نەناسێ؟ تا دوێنێ هەتیوێک بوو؛ زەلامکووژ، زلحۆرت، جرپن لە سای سەرتان هاتەوە... . هاتەوە و کەس نایبینێ وەکوو تارمایی مردن. لێمان بوو بە 'تی ئێن تی' چووە ناو سەفتەی دینار لەگەڵمان دێتە سەر خوان جێمان لەگەڵ بەش دەکا و لەگەڵمان دەچێتە ژوان! لەناو مانشێتی ڕۆژنامەکاندا بەعس دەبینم لەناو مەوکیبی سەرکردەکاندا بەعس دەبینم لە فیفتی فیفتی ناو پەرلەماندا بەعس دەبینم لە دیل کوشتن و بەرائەت پێدان لە زەنگ لێدانی نیوەشەواندا بەعس دەبینم لە سایەی ئێوە ئەوا چاوێکم شایی دەگێڕێ چونکە چاوەکەی شاگەشە بووە چونکە دەماری برای بڕاوە. لە سایەتان ئەمڕۆ لە شارە دیلەکەم جەمەدانی پێشمەرگەیەک ساڵەهای ساڵ تاج لەسەرێک زۆر نەماوە، لەبەر چاوم ببێ بە خوودەی عەسکەرێک! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەوەی دەبینین چما تازەیە؟ سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئەوەی دەبینین چما تازەیە؟ کاتژمێرێکە، سێ ساڵی خشتە قورمیش کراوە. بێ کەڵکە سەد جار پێش و پاش خرێ چرکە چرکەکەی شیفرەی مردنە، لەعنەتژمێرە، ناوەستێ، مەگەر ورد و خاش کرێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زەنگ لێ دەدەم سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ‌زەنگ لێ دەدەم کاستان دەکەم پڕ بە گەروو دەقیژێنم لە زۆنگاوان شەپۆل دەخەمە سەر پاشوو هەوای مەییو دەوڕووژێنم. دڕک لە چاوتان ڕادەکەم تا خەو لە چاوتان بتارێ خوێ دەکەمە ناو برینتان هەتا بێتە سوێ بە جارێ. لێ ناگەڕێم... . لێ ناگەڕێم... لێ ناگەڕێم ئەو زامانەش هەدا بدەن کە ساڕێژن، یا بێئێشن. هەستن... مەنوون... ئێمە لە ناو پەیتوونێکین دوو هەسپی کوێر ڕایدەکێشن... . ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خۆ بەهاری نەوەتویەک سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew خۆ بەهاری نەوەتویەک تا گەورەکان نەهاتنەوە زیڕە و قیژەشمان چڕین بوو تا گەورەکان نەهاتنەوە هەڵدێرانیشمان فڕین بوو. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە پەراسووی شەهیدانی سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew لە پەراسووی شەهیدانی هەر سی ساڵەی براکوژی، جەنگەڵێکی چڕ و تژی ڕاست کەنەوە لە بەردەمیان با ڕۆندک بێ خواردنەوەیان تۆزی خوێن بێ هەر سێ ژەمیان. بە دووکەڵی ئاهی دایکان قانگیان بدەن چاوی سووریان پڕ چقڵ کەن... لێ نەگەڕێن کوردکوژەکان بگەنە سەدەی داهاتوو نەوەک ئەویش ئاوەگڵ کەن! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەکرەشارە خامۆشەکەم سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew شەکرەشارە خامۆشەکەم، چۆپیکێشە ڕەشپۆشەکەم داگیرکراوە ئازادەکەم، دایکەکەم، جگەرگۆشەکەم: وریا بە! ئەوەی دەتدەنێ ژەهراوە... . ژەهراوە... ژەهراو وریا بە! ئەوەی دەتدەنێ ژەهراوە... ژەهراوێکی خەست بادەکە هەمان بادەیە چ ئەم دەست بیدا، چ ئەو دەست! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەمڕۆ ڕۆژی شیعر نییە سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئەمڕۆ ڕۆژی شیعر نییە بۆیە، من بۆتان دێمە گۆ بە زمانێکی یەکجار سادە پێتان دەڵێم: ئەوەی کورد بێ و کوردێک بکوژێ، زۆڵە، تەرەسە، گەوادە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە براکووژێک دەبینم سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew کە براکووژێک دەبینم باوەڕ کەن ڕشانەوەم دێ.. تا بەیانی هەدا نادەم، دایم ئەمدیو ئەودیو دەکەم. سەد قۆناغیش دوور کەومەوە بۆنی لاکی ماکەرێکی تۆپیو دەکەم! مژدە، ئیتر نامرین! لە سای سەری بێسەران هەر کوردێک نمرەیەکە لە یادی کەمپیوتەری بانقەکانی هەندەران! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باشوور، نۆبەرەی مێژووە سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew باشوور، نۆبەرەی مێژووە پیرەداری سنەوبەرە شەقەمشار بەدەستەکان لە ناوقەدڕا دەیبڕنەوە یەک لەم بەرە، یەک لەو بەرە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوو تەرم کەوتوون، تەرمی دوو برا سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew دوو تەرم کەوتوون، تەرمی دوو برا دوو خەونی وەک یەک، دوو ڕەنگی جیا دوو تەرم کەوتوون، تەرمی دوو برا مەودای نێوانیان هاڵاوی جەرگی دایک و بابە گەورەکانیشیان وا بسکەیان دێ، مەودای نێوانیان مێزی دوژمن و پیاڵەی شەرابە! ئەم شیعرە ئیشارەتە بۆ ناوبژیوانی تورکیا و دانیشتنی سەرانی کورد لە سلۆپی(مایسی ١٩٩٤) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئادەم سمیت و مەندێلا سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئادەم سمیت و مەندێلا بێنە خاکی چارەڕەشان یەکەم دەکەن بە چایچییەک لە وەزارەتی ئابووری؛ ئەوەی دوەم، لای پەرلەمان بڕنۆیەکی دەکەنە شان! ئادەم سمیت (١٧٢٣ - ١٧٩٠) ئابووریناس و ئەندازیاری ئابووری سەرمایەداری. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باڵندەیەک بووم شەکەت و تەنیا سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew باڵندەیەک بووم شەکەت و تەنیا باڵێکم کۆچ بوو، باڵێک ڕاپەڕین نەمردم، جارێک گەیشتمە قۆناخ دوای هەزاران جار کەوتن و فڕین. باڵێکم دا بەم، باڵێکم دا بەو... . دوای سەفەری دوور بردمیەوە خەو بەیانی هەڵسام، دەست شەتەکدراو پێ شەتەکدراو دەم شەتەکدراو بە زیندوویەتی، ئاوەڕووتکرا... چەمی ئومێدم بوو بە ئاوەڕۆ ئاڵای شەکاوەم بوو بە دوو پەڕۆ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەوێک دوژمن سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew شەوێک دوژمن، دەستێکی کرمنی کڕی بۆ شنۆی برد مەزاری شای هەڵۆیانی پێ هەڵدڕی. ئەمەی کرد و وەک ڕێژسیۆر خۆی پەنا دا، بە فیکەیەک پەردەی لەسەر شانۆ لادا... ئیتر هەڵۆ لە هێلانەی شێواو دەربوون؛ دەم لە زمان، دەست لە پەنجە، چاوەکانیش لە گلێنەی خۆیان بەربوون. لە گەورەم پرسی: چ باسە؟ گوتی: دوژمن گەلێک ژیرە، فێڵ و دەهۆی هەزار ڕەنگە... لە زارۆم پرسی: چ باسە؟ گوتی: دوژمن بەختی هەیە، کە هەڵۆ هێندە دەبەنگە! ١٩٨٤/٣/١٩ بە بۆنەی هەڵدانەوەی مەزاری سەرۆک بارزانی نووسراوە لە شنۆ، کە پیلانێکی ساکارانەی داگیرکەران بوو بۆ تێکبەردانی کورد و سەریشی گرت! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تێناگەم! سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew تێناگەم! گەر تفەنگێک، هەزار گوللەی تێدا بێ بە دەست کوردێکەوە بێ و ڕووی لە کوردێک کرابێ؛ چۆن دڵی دێ بیپێکێ، با ئاگریش درابێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێشمەرگە پێشمەرگە بێ سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew پێشمەرگە پێشمەرگە بێ، لە پێناو سەردارێکی گەوواد و دەم بێ دەرپێ؛ ڕووە و سەنگەری برای چۆن چەک دەخاتە سەر پێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕاستی سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ڕاستی؛ پەروانەیەکە... گەر دەتەوێ پێی بگەی داگیرسێنە چراکەت خۆت دیلی، چۆن دیل دەکوژیت؟ هەی هەزار تف و لەعنەت لە گەورەی تۆ و براکەت! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سێ کورتە پامفلێت سەبارەت: یەکەمجار، ڕۆژی ١٩٩٢/٤/١٣ لە گۆڕەپانی گڵکەند، لە شاری هەولێر بۆ جەماوەر خوێندرانەوە. - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew (١) جووتێک پێڵاوی ڕەشم لە پێیە؛ پینەدار، هەرزان، گەمار، سووک، گڵاو هەزار جار ئەم پێ و ئەو پێ پێکراو چەند جاری کەوا سەرنجیان دەدەم، بە دەست خۆم نییە، لمۆزی پێڵاو قەپۆزی هەندێ سەرکردەی کوردم دێنێتە بەرچاو ١٩٨٢/٥/١ مۆسکۆ (٢) لە غەیبەوە هاتوومەوە هاتوومەوە پێتان بڵێم؛ ئەم وڵاتە قەت بێ خرمەخرمی ناڵ و زرمەزرمی پۆستاڵ نابێ تاکوو ئێوە ئەو پردە بن... . هەر دیل بوون و هەر دیل دەبن، تا چەرچی و دز سەرکردە بن! ١٩٨٤/٦/٢٣ مۆسکۆ (٣) نەگبەتی بەرۆکی گرتووین لەملاوە دێ گێژەڵووکەی لمی ئاران لەولاوە دێ تەرزه و برووسک، بەفر و باران دانەوەختێک باڕۆڤەیە... ڕەشەبایە دانەوەختێک گەرداوی تەڕی دەریایە کەچی ئێمەی سڕ هەتا ناخ ئێمەی ڕووتتر لە تیشەشاخ خوێنی یەکتر دەخۆینەوە لەسەر کورتی و درێژی مووی کلکی وڵاخ ١٩٨٧/٦/٣٠ تەرابلۆس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زەنگ سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew بۆ بێدەنگی، ئەی قەڵەمە دەنووکسوورە ئاتەشیەکەم؟ ! ئامان! پەنام هێنا بەرت قیژەیێ، تەکانێ، گوڕێ... با زەردەشتمان لە خەو ڕابێ، ئاهورامان سەر هەڵبڕێ... ئەمانە چین لەسەر ملمان هەڵتۆقیون؟ سەری مرۆن؟ یا ملیۆنان گوێ بەر قاشۆی چەند سیخوڕێ؟ ! ١٩٩٧/٦/٩ ستۆکهۆڵم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: له‌ ڕوخساری شیعر گه‌ڕێن، خه‌مخواری کورد سەبارەت: هەولێر، مۆسکۆ ١٩٩٤ - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew له‌ ڕوخساری شیعر گه‌ڕێن، خه‌مخواری کورد تا کرێت و ناشیرین بێ ڕوخساری کورد منداڵ و شێت ڕاستگۆن منیش منداڵێکی سه‌ر سپیم و سه‌رشێتێکی لاساری کورد زارم شیعری پێدا نایێ له‌ هه‌ژمه‌تی ورگ و قه‌ڵه‌م چاو شۆڕانی ده‌رباری کورد وه‌ک کاولی چه‌قه‌نه‌یان هه‌دا نادا بۆ گه‌مبۆڵ و جه‌للادانی قۆچداری کورد... خه‌ونێکم دی: له‌م خه‌وه‌دا ئاهرومه‌زده‌ گه‌ڕا بۆ‌وە نیشتیمانی که‌ڤناری کورد هه‌وری ئاسمان لاڵوپاڵ بوو له‌به‌ر زرمه‌ی گه‌ڕی شایی و هاتوهه‌وی شاسواری کورد! به‌یانییان ئاوێزانی گزنگ ده‌بووم تێمده‌چریکاند بۆ خاک، ئاڵا، ئاکاری کورد ئێوارانیش ڕێی ژوانم گوڵڕێژ ده‌کرد بۆ کوڕگه‌ل و کیژوکاڵی دڵداری کورد گوتم: ئۆخه‌ی خۆ لۆتییه‌که‌ی به‌غدای ڕاونا خڕکه‌به‌ردو خوتره‌داری هه‌ژاری کورد. ئۆخه‌ی ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌م، ئۆخه‌ی بێرکۆت ١ ئۆخه‌ی بێشه‌و چه‌م و کێڵگه‌و به‌یاری کورد ئۆخه‌ی ئاسمان ئۆخه‌ی زه‌وی، ئه‌ستێره‌ و مانگ ئۆخه‌ی هاوین، پایز، زستان، به‌هاری کورد ئۆخه‌ی ماچی ئازیزانی ڕوو هه‌تاوگاز ئه‌شکی عومرێک چاوه‌نواڕی دیداری کورد... ئۆخه‌ی ئاوی زنه‌ و کانی، دۆی کونده‌ڵان ئۆخه‌ی خه‌وی بن سابات و ده‌واری کورد ئۆخه‌ی مه‌رگی ناو ئازیزان چوونه‌ ژوانی تاهه‌تایه‌ی خاک و خۆڵی بۆنداری کورد! له‌م خه‌وه‌دا هاوارم کرد 'خه‌ونه‌، مه‌ڕۆ' له‌ خه‌ویشدا خوا نه‌هاته‌ هاواری کورد! کاتێ هه‌ستام، چ ببینم؟ ته‌راتێنه‌؛ ته‌راتێنی گۆڕهه‌ڵکه‌نه‌ و که‌متیاری کورد! نه‌ کرمم بچمه‌ ژێر زه‌وی نه‌ باڵدارم بچمه‌ ئاسمان ئه‌دی چبکه‌م، کردگاری کورد؟ ده‌کشێمه‌وه‌ – ته‌وری تکریت چاوه‌ڕێمه‌ ده‌ڕۆمه‌ پێش – ڕه‌ببانی و حیکمه‌تیاری کورد ٢ ئه‌وان هه‌ردووک، ده‌می تیژی یه‌ک مه‌قه‌ستن بۆ بڕینی به‌ندی دڵی داخداری کورد: چاو له‌ به‌غدا قوون له‌ تاران گوێچکه‌ له‌ شام له‌ ئه‌نقه‌ره‌ش قه‌مته‌ر کران که‌وماری کورد! له‌ زمان و سه‌ر بێزارم... دیسان چاوم له‌ ئێوه‌یه زارۆیانی نه‌داری کورد سه‌رێکی دی به‌ ئه‌ستۆوه‌ بنوسێنن زمانێکی دی بخه‌نه‌ ناو زاری کورد له‌ دایکبن هه‌تا ئێوه‌ نێنه‌ دونیا خوێنی تازه‌ی تێ ناگه‌ڕێ ده‌ماری کورد. پارێز بکه‌ن، له‌ سفلسی بیری ده‌ڵبی بنپژاومان له‌ ئایدزی ڕه‌فتاری کورد گومان بکه‌ن له‌مان، له‌وان، له‌ دار، له‌ به‌رد گه‌رنا له‌ کێ وه‌پاشکه‌وتوون سه‌رداری کورد؟ له‌ دامێنی کێن سه‌رخێڵی هوتۆ و توچچی ٣ داشه‌هاره‌ی هه‌رچوار ده‌ور و که‌ناری کورد؟ ئه‌و بۆکاسە ٤ و پۆڵ پۆتانه ٥‌ له‌ کوێوه ‌دێن بۆ گێڕانی ئاشه‌خوێن و کوشتاری کورد؟ 'له‌ دایکبن کوڕانی سه‌ده‌ی ئاینده‌ هه‌ڵۆیانی گه‌رده‌نبه‌رزی کۆساری کورد له‌ دایکبن هه‌ڵگرانی چرای زه‌رده‌شت په‌ریزاده‌ و شۆڕه‌سواری دێ و شاری کورد له‌ دایکبن ژه‌نگی مێژوو داپۆشۆرن با گوێی دنیا بئه‌نگێوێ بڕیاری کورد! ' ١. بێرکۆت: ناوی ئەو گوندەیە کە پەشێو لێی له دایکبووە ٢ـ ڕه‌ببانی و حیکمه‌تیار: جوتێک سه‌رکرده‌ی به‌ خوێنی سه‌ری یه‌ک تینووی ئه‌فغانستانن. ٣. هۆتۆ و توچچی: دوو هۆزن له‌ ڕوانده‌ و بوروندی دوژمنی سه‌رسه‌ختی یه‌ک و هۆی ماڵوێرانی ئه‌و دوو وڵاته‌ن. ٤. بۆکاسه‌: سه‌رۆکی کۆلکه‌خوێنده‌وار و دواتر ئیمپڕاتۆڕی خوێنمژی ئه‌فریقای سێنترال ١٩٦٦-١٩٧٩. ٥ـ پۆڵ پۆت: سه‌رۆکی که‌مبۆدیا که‌ له‌ (١٩٧٥ – ١٩٧٩) به‌ ناوی کۆمۆنیزم دوو – سێ ملیۆن که‌سی ' شارنشینی 'ته‌مبه‌ڵ' و بورژوا' ی حه‌واڵه‌ی ئه‌و دنیا کرد. فەرهەنگۆک؛ هەژمەت؛ سوێ، داخ، حەسرەت گەمبۆڵ؛ گۆڵەسەگی پیر کەڤنار؛ دێرین، زۆر کۆن خوترەدار؛ داری ئەستوور و پتەو بێرکۆت؛ یەکێک لە دێیەکانی سەر بە هەولێرە، (زێدی شاعیر) ڕووهەتاوگاز؛ ڕوخساری هەتاوبردوو دۆی کوندەڵان؛ دۆی مەشکە دەوار؛ چادر، خێوەت، ڕەشماڵ تەراتێن؛ ڕاکردن و غاردان قەمتەر کردن؛ بەستنی دەمی حەیوان کەومار؛ جۆرە مارێکە دەنگێکی تایبەتی هەیە و وەک کەو دەخوێنێ سفلس؛ سفلیس نەخۆشێکی شوێنی نێرینەیی پیاوانە کە بە هۆی نزیکی دەگەڵ ژنی خراپە دێتە پێشێ. دەڵب؛ فشوفۆڵ بنپژاو؛ بە واتای کݘێکە کە کچێنی خۆی دۆڕاندبێ، لێرەدا بیرێکە کە ببێتە هۆی ئابڕووچوون ڕەببانی و حیکمەتیار؛ جووتێک سەرکردەی بە خوێنی سەری یەک تینووی ئەفغانستانن. هوتۆ و توچچی؛ دوو هۆزن لە ڕواندە و بوروندی. دوژمنی سەرسەختی یەک و هۆی ماڵوێرانی ئەو دوو وڵاتەن. بۆکاسە؛ سەرۆکی کۆلکەخوێندەوار و دواتر ئیمپراتۆری خوێنمژی ئەفریقای سێنترال (١٩٦٦-١٩٧٩) پۆڵ پۆت؛ سەرۆکی کەمبۆدیا کە لە (١٩٧٥-١٩٧٩) بە ناوی کۆمۆنیزم دوو - سێ ملیۆن کەسی 'شارنشینی تەمبەڵ' و 'بورژوا'ی حەواڵەی ئەو دنیا کرد. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چما من چۆڕە خوێنە... سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew چما من چۆڕە خوێنە داگیرساوەکەتان نیم؟ من خەنجەرە هەمیشە هەڵکێشراوەکەتان نیم؟ ئەی من مەلی تیژباڵی داودۆزی ڕەوەکتان نیم؟ لە خەوباراندا... زەنگ و لە تۆفاندا... . کەڵەک و لە ڕۆژی بەستەڵەکدا ئاوڕگ و گەرمەکتان نیم؟ چ زوو پێم گوتن؛ کوندەبۆیانی کەلاوەنشین چاویان هەڵنایە بە ڕۆژی ڕووناک... چ زوو پێم گوتن؛ ئەو خەرتەلانە ئارام ناگرن تا زێدەکەمان نەکەن به کەلاک! ئێستاش تێم ناگەن؟ لێم بەد گومانن؟ دە چاک بزانن؛ ئەو وانەکانە، سبەینان... بازی دەسندەخۆری نەوەی حەججاجن نیوەڕۆیانیش چاوساغی ئۆردووی دمدمشکێنن عەسران تاژیلەی چوارپەل بە خەنەی عورووبەی شامن. لە حەرەمسەرای ئالی عوسمانیش شەوان بە نۆرە هەتیوخەسێنن. هێشتا تێم ناگەن؟ لێم بەد گومانن؟ دە چاک بزانن؛ هەر کانییەک، ئەوان ئاوی بخۆنەوە، هیشکاو دێنێ. هەر درەختێک، لە سایەیدا ئەوان بنوون، بێبەر دەبێ. تاعوونن... تاعوونن... تاعوون... لە هەر جێیەک گەرا بخەن تۆوی مەرگی پێ وەردەبێ. دۆبڕن... دۆبڕن... دۆبڕ! بڵێ: هانێ، ئەمە ئاڵای سەرفرازی! ئەوان کفنت بۆ هەڵدەکەن. بڵێ: هانێ، ئەمە کەوسەری سەرکەوتن! ئەوان ژەهری تێشکانی تێکەڵ دەکەن. ئەو هینانە؛ شەنگەبەرەی داری ژەهری بەربینگمانن... ئەو هینانە؛ دوو لاگونی سەدباتمانیی دێوەزمەی سەر سینگمانن هێشتا تێم ناگەن؟ لێم بەد گومانن؟ دە چاک بزانن؛ تا سێبەری ئەوان مابێ، نە بایەزید خانی دەبێ، نە گۆڕقەرەج حاجی قادر، تا سێبەری ئەوان مابێ کوردستانمان، وەک دێڵەیەک دەبێ جێگەی بەردەرگا بێ... هەر بترەکێ و هەتاکو دنیا دنیا بێ، دەرزەن دەرزەن... تەغار تەغار... توتکەبەعسی و براکوژی لێ پەیدا بێ! تا سێبەری ئەوان مابێ، هەر بە شکست تۆڵەی شکست دەکەینەوە وەڵامی گشت ئەنفالەکان بە ماچومووچ دەدەینەوە. بە تریاکی هەڵەبجەیەک هەڵەبجەیەک لە بیر خۆمان دەبەینەوە. تا سێبەری ئەوان مابێ دەبێ هەروا، بە ئومێدی فرۆی چەوری بەرخەنێر بین چاو لە هێلکەی دووزەردێنەی کەڵەشێر بین! ئێستاش تێم ناگەن؟ هێشتا تێم ناگەن؟ لێم بەد گومانن؟ دە چاک بزانن؛ کوردستانی ئێمە ئاشە، سەرکردەکانیش ئاشەوان کورد باراشە و لێکردنیان بە قۆنتەرات داوە بەوان! ١٩٩٤ - ١٩٩٥ هەولێر، مۆسکۆ هۆنراوەی (چما من چۆڕە خوێنە... ) لە نێوان ١٩٩٤ و ١٩٩٥ دا لە کوردستان و ڕووسیا نووسراوە. لە کۆتایی ١٩٩٧ دا لە دیمانەیەکی (مەدتیڤی)دا خوێندرایەوە. ئەوسا گەرمەی شەڕەزڕتێی بەرەبابەکان بوو. برا برا و دراوسێ دراوسێی دەکوشت. داگیرکەرانیش بە چەک و پارە هاریکارییان دەکردن و نەشیان دەهێشت تەرازووی هێز لاسەنگ بێ (ئێستاش دێگەڵە تەرازووەکەی ڕاگرتووە و ناهێڵێ شەحنی هیچ لایەک تەواو بێ). ئەمە هەمووی لە کاتێکدا بوو، کە بڕیارێکی یووئێن، دوای ٣٠ ساڵ ماڵوێرانی، دەرووی ئازادیی بە ڕووماندا کردبۆوە و سکێچی دەوڵەتێکی دیفاکتۆی کێشا بوو. چەند وشەیەک لە دەقی ڤیدیۆکەدا هەن، کە جیاوازییان لەگەڵ ئەوانەی ناو دیوانەکاندا هەیە، بەڵام بە هەمان مانا بەکار هاتوون. فەرهەنگۆک: *حه‌ججاج: مه‌به‌ست له‌ حه‌ججاجی کوڕی یووسفی سه‌قه‌فییه‌ (٧١٤ز). یەکێکە لە خوێنڕێژە کەموێنەکانی مێژووی مرۆڤایەتی. * ئالی عوسمان: خانەوادەی سوڵتانەکانی دەوڵەتی عوسمانی. * بایه‌زید: زێدی پیرۆزی ئه‌حمه‌دی خانییه‌. * گۆڕقه‌ره‌ج: زێدی پیرۆزی حاجی قادری کۆییه‌. داودۆز: ئه‌و مه‌له‌ی چاوترسێن بووە و له‌ داو سڵ ده‌كا. تیژباڵ: تیژپەڕ، تیژفڕ، مه‌لی خێرا له فڕینا. ڕه‌وه‌ك: سرك، سڵ، قوشقی، تۆڕ. که‌ڵه‌ك: که‌ڵه‌س، به‌له‌مێكه له ‌كونده‌ی پفدراو و دار دروست ده‌کرێ بۆ په‌ڕینه‌وه‌ له‌ ئاو. گه‌رمه‌ك: گه‌رمك، کانی یا سه‌رچاوه‌یه‌ك که‌ به‌ زستانان ئاوی گه‌رم بێ. ئاورگ: ئاگردان، كوانوو. خەفیە: سیخوڕ، جاسووس زێد: مه‌فته‌ن، نیشتمان، وڵات، شوێنی له‌داكبوون. که‌لاك: لاش، جەندەک، لاك، لاشه‌ی بێگیان(زێتر بۆ ئاژەڵان بەکار دێ) وانه‌ك: هین، هه‌رامه‌. ده‌سنده‌خۆر: ده‌ستنده‌خۆر، دەستەمۆ، خنۆک، هەمیشە چاوله‌ده‌ست و دانەخۆرەکراو ئۆردوو: ئۆردی، لەشکر دمدمشکێن: دمدمگر، دمدمبەزێن (دمدم قەڵای بەناوبانگی خانی لەپزێڕینی برادۆستییە، نێزیکی شاری ورمێیە/ دمدمشکێن: مەبەست لە لەشکری داگیرکەری شاعەباسی سەفەوییە). تاژیلە: تاژیی بچووک، تانجیی چکۆڵە( سەگی قەدباریکی ڕاو) چوارپەلبەخەنە: دەست و پێ لە خەنە گیراو( نازڕاگیراو) عورووبەی شام: سەر بە ئیدۆلۆژیای عەرەبایەتی (بەعسییاتی)ی سووریا، کە هاوشێوەی تورکایەتیی ئەتاتورکە. دۆبڕ: شووم، دومۆر، نه‌حس، قه‌ده‌مشه‌ڕ، كوچكڕه‌ش، نەگریس. کوچکرەش: دۆبڕ، دومۆر، نەحس، قەدەمشەڕ، نەگریس. شەنگەبەرە: شەنگەبەرەکەت، شەنگلە، بەری دوانە، بەری جمک، کە دوو کەرتی پێکەوەنووساوی وەک یەکی هەبێ. شۆڕابە: چەند مانایەکی هەیە، بەڵام لەم هۆنراوەیەدا بە واتای پەڵەهەوری تاری نزمی لەسەر بارین بەکار هاتووە. بەربینگ: بەربینک، بەربین، ستۆکڕک، هەوک، خوار قوڕگ، قرقرتۆک. باتمان: پووت، پێوانەیەکی کێشانە، قورساییەکەی لە جێیەکەوە بۆ جێیەک دەگۆڕێ( لە نێوان ١٢- ١٦ کێلۆیە) دێوەزمە: مێردەزمە، کابووس، مۆتە، مۆتەکە. بترەکێ: بزێ، زاوزێ بکا. ( ترەکین بۆ گیاندارانی وەک سەگ و گورگ و ڕێوی... بەکار دێ). ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گرنگ و گرنگتر سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew سەربەخۆیی گرنگ نییە! هەر هەشت پیتی ناوی وڵات، بە عانەیەک قەڵای هێسکی ئەنفالەکان بە مەرحەبای بێگانەیەک گرنگ نیە! خودا دەیکرد(قودس) دەبوو بە ئۆرشەلیم، (دڵ)یش دەچووە ناو پەراسووی یەکانەیەک. گرنگ نییە، با بەعسی و جاش بورووکێنە ناو دەرپێشمان وەکوو شارە مۆرانەیەک. گرنگ نییە! دەبا وڵات سەروخواری ببێتە کەللەخانەیەک. بەڵام گرنگ کورسییەکی سارد و سڕی وەک تابووتی بن مردووە، گرنگتریش؛ ئەو دۆلارە چاو سەوزانەن کە بۆ غوربەت سەری خۆیان هەڵگرتووە! ٢٠٠٣/١١/٢٢ هێلسنکی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کۆبوونەوە سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew تا پرتەقاڵ و مۆز و سێو مابن کۆبوونەوەکان قەت تەواو نابن گەر دەتانەوێ ئەو سیسارکانە، وەک کەو، کەوی کەن لە بەغدا چۆنن لە کوردستانیش کوولەکەی سەریان وا پێ نەوی کەن؛ توخوا، ئەمجارە، کە کۆبوونەوە چەرەز و میوەی سەر مێزەکانیان هەموو وەلا نێن هێسکوپرووسکی ئەنفالەکانیان لەبەردەم دانێن! ٢٠٠٣ هێلسنکی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خۆڕا عەیامێک... سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew خۆڕا عەیامێک چەنەی خۆم شل کرد! لەگەڵ تاپۆدا جاڕی جەنگم دا و تیغی مووکاری زمانم کول کرد. مخابن عومری گوڵم بە با دا مخابن هێندەم خەنجەر لە کا دا. جێم ئێرە نییە؛ ئێستا تێدەگەم، بێهوودە ماندووم... من مەتەڵێکم، ئەستێرەکانی گەردوونێکی تر دایانپەڕاندووم. ئێستا حاڵیم، ئەو گەورانەی لەگەڵیاندا شەڕم جاڕ دا دەیان ساڵە فیرعەونی مۆمیاکراوی... . تابووتزێڕن، گورگی دووپێی نێزیک و دوور چواردەستەکی بە شاراندا دەیانگێڕن. ئیدی تەواو! نیازم وایە خەنجەرەکەم فڕێ بدەم زرێیەکەم دابماڵم... ڕمبەکەی خۆم بە دیواردا هەڵپەسێرم ئەوان مردوون، کەس به مردوو نەوێراوە هەتاکوو من پێی بوێرم! ١٩٩٨/٢/١٨ هێلسنکی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاوان سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew تاوان دیارە؛ نێرکی ملی هی بەراز ئەستوورترە مانگایەکە بە ئاشکرا دەبۆڕێنێ گورگەبۆری ئەنادۆلە مانگ ببینێ یا نەبینێ کەڵبەی دیارە و دەلوورێنێ. تاوان دیارە؛ ڕووی لە شام بێ کەوڵی شێری لەبەردایە نەعرەی عورووبە لێدەدا و دەگرمێنێ ڕووی لە قوم بێ زولفەققاری عەلی پێیە و سەری یەزید دەپەڕێنێ. تاوان دیاره؛ وەک دووپشکی کەلاوەکانی گەرمەسێر قەفی کلکی لەسەر پشتە وەکوو کۆبرا لەسەر پاشەڵ ڕادەوەستێ، گینگل دەدا و دەفیشکێنێ. وەک مارسیدیسی فایلداران هاشەی دێت و ترافیکی سووری شاران دەبەزێنێ. وەک هۆڕنی لاندکرۆزەری سەردزەکان، خەو لە چاوی عومەر خاوەر دەتارێنێ. تاوان دیارە و من دەیبینم؛ وەک شۆفەلی ئاودیوکراو، وەک شیشی پەنجەرەی دزراو، وەک کەرکووکی بە قەنارەی حەویجەوە دالەقێنراو، من دەیبینم! تاوان دیارە وا بۆنی دێ وەکوو وێسکی شەوی بەغدا و هەزار و یەک موفاوەزات، وەک خۆراکی گەندی یوئێن، وەکوو زارکی هەڵزڕاوی هەمبانەی باوبژی بەڵێن. تاوان دیارە؛ پەڕۆیەکی بێنوێژە لە سنووری باجستان و بەرتیلستان فڕکە دەکا و دەشنێتەوە. وەکوو قرشە هارەکانی دەریای ئیجە، هەر بە دەوری خوێنی کوردا دەخولێتەوە. هێشتا بەس نییە؟ ! بۆ خاتری چاویان کتێبە سوورەی ماوم ئەزبەر کرد. لێنینم کردە کوێخای جڕتاوە... شینی حەسەن و حوسێنم گێڕا چەندان زوحاکم لێ بوون بە کاوە بۆ خاتری چاویان چل ساڵی خشتە هەر وام بەڕێوە هەر دێموکراسی بۆ بەغدا دەبەم هەر ئۆتۆنۆمیش دێنم لەوێوە... چ ما نەیکەم؟ ! پێیان گوتم: شین بە! ، شین بووم پان بە! ، پان بووم خڕ بە، خڕ بووم خاو بە، خاو بووم دڕ بە، دڕ بووم بقیڕێنە، قیڕڕڕڕڕڕڕ... قیڕاندم کڕ بە، کڕ بووم! هێشتا بەس نییە! ؟ ئەم نمایشە هێڵنجاوەرە کۆتایی نەهات؟ شەڕەزڕتانێی هابیل و قابیل هەر نەبڕایەوە؟ پەردەی وەهمکرد لەسەر عەورەتیان تڵیشی نەبرد؟ هەڵنەدرایەوە؟ گوێتان لێیە؟ ! کرچوهۆڕی گازەرام دێ! تا کەی پشتم، گۆڕەپانی قارەمان و قەیتەران بێ؟ لە کۆزەوە مڕەی گورگ و مڵچەی خوێن دێ، هەتا کەنگێ گوێم لە زرمەی شەڕەقۆچی دوو بەران بێ؟ لەبەر ئاوێنە سەیری خۆم دەکەم؛ چ دەعبایەکی سەیر و سەمەرەم! پەرکەم دەمگرێ کاتێ دەبینم یەکتر ڕاو دەنێن ئەندامەکانی جەستەی سەراپا وێران و نغرۆم. هێڵنجم دێتێ کە چاو دەبڕمە گڵۆڵە کرمی، زارکی برینی گیان و جەستەی خۆم چ دەعبایەکی سەیر و سەمەرەم! ئەستۆم نایەوێ سەرم ڕاگرێ خوێنم دەمەیێ، تا فڕکە نەکا بەرەو پەلوپۆم گلێنەی چاوم تف لەیەک دەکەن. لەیەک نەبانن ڕەفیسک و ئەژنۆم. ئەم نمایشە هێڵنجاوەرە کۆتایی نەهات؟ شەڕەزڕتانێی هابیل و قابیل هەر نەبڕایەوە؟ نەخێر، ئەمجارە ئاوێنەی کووڕی جادووگەرەکان ورد و خاش دەکەم. لە بن قورسایی خەوی سەدەکان پشت هەڵدێنمەوە. لەبەر ئاوێنەی باڵانمای یاد قیت دەوەستم و لە پەنجەی پێوە هەتا تەوقی سەر خۆم دەخوێنمەوە. چما نابینن؟ هەسپی بەلەسەم بە تالووکەیە باڵی لێم دەوێ. شەو تا بەیانی ناڵی زرمەی دێ و چەخماخە دەدا، نە من دەسرەوم، نە ئەو دەسرەوێ. وا دەچمە سەر زین، ڕکێف لێدەدەم کفن و کاژی خۆم تووڕ فڕێدەدەم قەڵەمم هەسپە، سەرم شەیپوورە! بەسە! من جاڕی چاخی نوێ دەدەم. ١٩٩٥/١/١ مۆسکۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوردستانیان هێند خۆشدەوێ... سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew کوردستانیان هێند خۆشدەوێ، ئەوا دەیکەن بە مەزارێک، تاکی نەبێ له جیهانا ئێمەشیان هێندە خۆشدەوێ، شادمان دەکەن بە فیدراڵی لە چوارچێوەی گۆڕستانا! خۆشیان وەکو دوو پاڵەوان، کە کەس نەما نەفرەت دەکەن لە خەنجەر و تیر و کەوان... بەیانی ئاشتی مۆر دەکەن؛ یەکیان دەبێ به مجێور، ئەوی تریان بە زێدەوان! ١٩٩٥ کۆرسۆ(فینلاند) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەستت بڕزێ سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری دەستت بڕزێ چاوت کوێر بێ ڕێگەی ڕاستت، کێوی قافی پڕ هەڵدێر بێ هەی کرم لە گۆشتت بدا شێرپەنجە بە خوێنت فێر بێ تۆ دەزانی ئەوەی کوشتت چ بوو؟ کێ بوو؟ پێشمەرگە بوو پشت و پەنا و تێشووی ڕێ بوو ++++++++++++++++++++++