شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: سەوڵم پۆڵا کەناریش دوور سەرناو: خەزەڵ سەبارەت: نووسین: ناشناس - ١٩٩٠-١٩٨٩ ترابلوس - لاپەڕەی ١١و١٢ لە پەنجەرەوە دەبینم بایەکی دڕ تاوناتاوێک شاڵاو دێنێ، لکوپۆپی خشڵپۆشی دراوسێیە ڕەندەکانم دەشڵەژێنێ. چەند گوێسووکم! هەر خشپەیەک لەوێوە دێ گیانم دەسمێ و کسپەیەکی لێوە دێنێ. لەبەر چاومە- لێرە پایز پەلکی داران، لەوێش ئەنفال ئازیزانم دەوەرێنێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دانپێدانان سەبارەت: ١٩٩٠/٣/١٢ - ترابلوس - لاپەڕەی ١٣و١٤ - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew گەر پشکەئاوێک دەریای پێ تەنگ بێ، بەرز بێتەوە و ببێتە پۆیلکەی کۆڵوانەی هەوران، گەر دێڕەشیعرێک لە دیوانێکدا هاودەنگی نەبێ و خۆی هەڵاوێرێ، ئەگەر قورینگێک ئارەزوو نەکا تەلی قوڕگی خۆی بە قاوەقاوی ڕەوە بسپێرێ من هەر دەوڵەتی شیعر شک دەبەم، ئەوا ڕامسپارد، تا پیرۆزباییم بۆیان بنێرێ! * ئەم هۆنراوەیە، لەسەروبەندی بزاڤی سەربەخۆییخوازانەی وڵاتانی بەڵتیک (لیتوانیا و لاتڤیا و ئیستۆنیا) دا نووسراوە. لەوە دەچێ پەیوەندیی راستەوخۆی بە جاڕدانی سەربەخۆییی لیتوانیا وە هەبێ، کە ڕۆژی ١٩٩٠/٣/١١بوو. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: داوی ڕەش و سپی سەبارەت: ١٩٩١/١٢/١٩ - مۆسکۆ - لاپەڕەی ١٥و١٦ - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew هێندەی کونی دەرزییکە زارکی ژینی هەڵوەدایی، خۆشی خەمی پێوە دەچێ داوی سپی و ڕەش ئاسایی. *** چاوەڕێی چیم؟ کاڵای سەفەر، کوا چی ماوە تا تەواو بێ؟ ! چەند تەقڵێک! بۆیە، ئێستا، خۆم و قەڵەم و کاغەزێک، لەناو بازنەی نیوەشەودا، دەستمان ناوەتە بەر چەنە و هەڵترووشکاوین بە کپی، دەمانەوێ لەوە بگەین، بۆ داوی ڕەش باریکتر بوو لە هی سپی! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەستۆکەکەی چەمچەماڵ سەبارەت: ١٩٩٢/٥/١٠- هەولێر - لاپەڕەی ١٧،١٨،١٩ - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew لە چەمچەماڵ بووم، نەوەتودوو بوو. بۆ بەهار درەنگ، بۆ هاوین زوو بوو. سەنگەری دوژمن چەشنی مار وابوو، تفەنگهاوێژێک دوور پەپکەی دابوو. منداڵێک دەستی وەک تۆکڵەلیمۆی لە دەستی دایکی ڕەشپۆشی بەردا... دەستی گوشیم و کردی بە هی خۆی. ئیدی لەوساوە توندتوند گرتووە قەت بەری نادا... دەپاڕێمەوە، بۆ یەک ساتیش بێ، ئازادم بکا، پاڕانەوکەم دەڕوا بە بادا! *** هەرچی دەگوترێ، هەرچی دەنووسرێ لەسەر ئازادی و بێپەرواییی من گشت ئەفسانەیە... هەمووی درۆیە! کاتی هاتووە دانی پیا بنێم: قەلەمی منیش بووە بە کۆیلە، نە ڕەها و ئازاد، نە سەربەخۆییە... ئەوەی دەیگێڕێ، دەستۆکەیەکی ڕەقەڵەی زەردی وەکوو لیمۆیە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێدارکردنەوە سەبارەت: ١٩٩٣/١٠/٢١ - مۆسکۆ - لاپەڕەی ٢٠،٢١ - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew خۆر بڵندە و شیرینەکەم هێشتا لە گەرمەی خەودایە. چۆن بێداری بکەمەوە و کانیاوی ڕووی نەشڵەقێنم، چۆن، خودایە؟ خۆم دەزانم چۆن کولیلکی١ مێرگ و باخان وە ئاگا دێن... خۆزگە منیش پەپوولە... یا... هەنگ بوومایە! ١. کولیلک: کولووک، کوڕێک، شکۆفە یا گوڵی گژوگیا و دار. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ویژدان سەبارەت: ١٩٩٣/١٠/٢٣ - مۆسکۆ - لاپەڕەی٢٢،٢٣ - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew لە مناڵیمدا خوێنی چۆلەکەی سەر لکوپۆپی دارانم زۆر ڕشت. کە لاوێنیش هات تینوێتیی باوەش هەر نەشکا و نەشکا، عەشقێک دەهات و عەشقێکی دەکوشت. ئێستاش کە وەرزی هێوربوونەوەی بڵێسەکانە، ئێستاش، کە جەنگەی پرتە و ترووکەی مۆمە ڕەنگزەردە و بنێسەکانە، شەوگاران زۆرجار چۆلەکەی پێکراو، بە باڵەتەپە جووکەی وەک ئەوسا، خەوم دەزڕێنن. ئازیزان یەک یەک دێنەوە و خۆیان بە ژێی گیانمەوە دادەلەقێنن! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاڵای کوردستان سەبارەت: ١٩٩٩٥/٦/٢٥ - هانکۆ-فینلاند - لاپەڕەی ٢٤،٢٥،٢٦،٢٧ - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew 'بۆ سروود نووسراوە' باڵت لێکدە و هەر بشنێوە، ئاڵای پیرۆز، سۆمای چاوان، ئەی درەختی بەژنسۆری بە ڕووباری خوێن پاراومان! تۆ بەری دەستی زەردەشتی پەلکەزێڕینەی بەهەشتی *** کۆیلەییمان گەلێک دیوە، بۆیە تۆمان هەر لە بیرە. هەڵکردنت هەڵبڕینی قەفی تەناف و زنجیرە. تۆ بەری دەستی زەردەشتی پەلکەزێڕینەی بەهەشتی *** تۆی تۆماری ڕابردوومان، تیشک پرشەی ئاوێستامان. تۆ ڕێنمای داهاتوومان، جۆش و تەکانی ئێستامان. تۆ بەری دەستی زەردەشتی پەلکەزێڕینەی بەهەشتی *** شنەشن و لەرینەوەت خورپەی دڵی کوردستانە. جێی هەر قامکێک لە تانوپۆت مەکۆی گیانی شەهیدانە. تۆ بەری دەستی زەردەشتی پەلکەزێڕینەی بەهەشتی *** تۆی ملیۆنان دڵۆپە ئاو دەکیتە یەک چەمی بەخوڕ. تۆی ملیۆنان مەچەکی خاو تژی دەکەی لە هێز و گوڕ. تۆ بەری دەستی زەردەشتی پەلکەزێڕینەی بەهەشتی *** ڕۆژانی جەنگ تۆ پێشەنگی. لە ئاشتیدا هێمای دادی. لە نسکۆدا شنەی هیوا و ژیانەوەی شکۆی مادی... تۆ بەری دەستی زەردەشتی پەلکەزێڕینەی بەهشتی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سرووش سەبارەت: ١٩٩٨/١/٢٩ - بوداپێست - لاپەڕەی ٢٨ - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew دیسان ژانم لێوڕێژە، شەونەخوونیم میوانە و شەڵاڵی هەستونستم. گیانم بووە بە چینە، قومری شیعر برسییە و هاکا نیشتە سەر دەستم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەوی ژوان سەبارەت: ئەیلوولی ١٩٩٩ - مۆسکۆ - لاپەڕەی ٢٩،٣٠ - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew تاکوو ئێستا خاترجەم بووم، وام دەزانی هەتا ماوم شووری شاخ و شلکەتەرزی بەرهەتام؛ کوورەیەکی جاویدانم دەستی زەمەن نێڵی داوم... ئێستا زانیم خەیاڵخاوم ژوانم هەیە و وەنەوزە لێی هەڵپێچاوم! کەی من ئەوەم، شەوی ژوان خەو بگاتە شوورەی چاوم؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چینە و داو سەبارەت: ٢٠٠٢/١/١٧ - هێلسنكی - لاپەڕەی ٣١،٣٢،٣٣ - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew تا ئێستا لەکوێ خۆت مەڵاس دابوو؟ خۆ من عومرێک بوووم دەمزانی تۆ هەی... وەک بەرخی مێژکە بە دواتەوە بووم، سنوور بە سنوور، تم تم، پەیاپەی. لەگەڵ هەر ترپەی هەر پشکەبارنێک باڵەفرکەی تۆ دەهاتە بەر گوێم. ئەگەر شابەیتێک، گوڵاوی پەیڤێک، ڕۆژێک لە ڕۆژان دەرچووبێ لە ژێم، شیعرم نەگوتووە، هەر وام زانیوە لەگەڵ تۆ دەوێم! *** بەڵێ دەزانم، تا ئەمڕۆ زۆرجار، وەکوو پارسایی سەرمابەردەڵەی مانگی بەفرانبار، تاسەی گەرمایی دەسخەرۆی کردووم، ئارەزووی چینە هەڵپێچاوم، بردوومی بۆ داو... بەڵام باوەڕ کە، هەر تپکە وساوێک من تێی کەوتبم بە باوەشی تۆم هاتۆتە بەر چاو! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەختەوەری سەبارەت: ٢٠٠٣/٨/٢٥ - هێلسنكی - لاپەڕەی ٣٤،٣٥،٣٦،٣٧،٣٨،٣٩ - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew من لەو هەموو بەختەورییە ڕانەهاتووم. تۆ گەنجینەت خستە بەرپێم، لەکاتێکدا من بە تەمای ئاوڕێک بووم. تۆ گەردوونت لە ڕۆشناییی خوا هەڵکێشا، لە کاتێکدا بۆ ئاورینگێک بۆ قاف دەچووم. من لەو هەموو بەختەورییە ڕانەهاتووم! دەخیلت بم، ماوەم بدە تا لێی ڕابێم. زۆر دەترسم دەرنەبەم و لە بنیدا بەچۆکدا بێم. * هێڵێک بکێشە، سنوورێک دانێ بۆ ئەو شێتییەی مەحاڵی دەوێ سنوور نازانێ. سنوورێک دانێ بۆ بزرکاندن، بۆ خەیاڵی هەمیشە لاوی و ڕاونانی مردن. سنوورێک دانێ بۆ ئەو باڵدرە ڕەنگاوڕەنگانەی لە هەزار لاوە دادەوەرێنە سەر لکوپۆپی دەرەختی سەرم. بۆ ئەو چیمەن و مێرعوزارانەی بە ڕووتوقووتی خۆ لە گەز دەدەن لە دەورووبەرم. * من لەو هەموو بەختەورییە ڕانەهاتووم: چ ڕەوایە، تەنیا بۆ من، شەوان ئاسمان خۆی بە ئۆیە و پۆیەی ستڕەنگ بخەمڵێنێ! چ ڕەوایە، تەنیا بۆ من، بەیانییان ئاونگی سەر گوڵەشیلان بزریوێنی! * من لە هەموو بەختەورییە ڕانەهاتووم. دەخیلت بم، گەر هیچ نەبێ، لێی کەم کەوە: چەند پەڕێکی هەڵوەڕێنە، چەند چڵێکی لێ داپاچە ڕۆژێک، دوو ڕۆژ، باڵەکانی بتورێنە، جارێک، دووجار، لکوپۆپە بە ئەستێرە قورسەکانی ڕاتڵەکێنە. لەو ڕۆژەوە تەخت و تاجی مەملەكەتت داگیر كردووم، سەرانسەری ئەم گەردوونە مەملەكەتمە! لەو ڕۆژەوە لە زمانی بەرد دەگەم و با دەدوێنم، بە بۆن ڕەنگان لەیەک جودا دەكەمەوە، بە ئاو دنیا دەنەخشێنم. لەو ڕۆژەوە تەخت و تاجی مەملەكەتت داگیر كردووم، هەر پنجێک گیا با لێی بدا من لەگەڵ ئەو بەدەم باوە دەشنێمەوە... لەو ڕۆژەوە من هەسارەی بێ تەوەرم، بە گەردووندا دەخولێمەوە! * من لەو هەموو بەختەورییە ڕانەهاتووم، دەخیلت بم، ماوەم بدە تا لێی ڕابێم... زۆر دەترسم دامڕمێنێ. زۆر دەترسم دەرنەبەم و بە چۆکدا بێم. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵەفڕکێ سەبارەت: ٢٠٠٤/١٢/٤ - هێلسنكی - لاپەڕەی ٤٠،٤١ - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew کە چاوەڕیی هاتنی تۆم کات سڕ دەبێ و سروشت دەنوێ- نە گەڵایەک دەشنێتەوە، نە سرتەیەک دەگاتە گوێ. *** لەگەڵ هەستی یەکەم هەنگاو لە مەڵبەندی نێرگزەوە شنەبایەک دەئەنگوێ، دەوراندەورم ڕەنگپۆش دەکا گرشەی مێرگ و چیمەنی نوێ. *** ئەوا تەمەن بەسەر دەچێ... کەچی هێشتا مەراقێکم لە دڵدایە: دڵەفڕکێ کەی خۆشترە؟ کە چاوەڕیی ترپەی پێتم، یا کە دەستت لە دستمایە؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زەردەپەڕ سەبارەت: ٢٠٠٦-كوردستان - لاپەڕەی ٤٢،٤٣ - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew زەردەپەڕی ئێوارەیە. بای شاپەڕی نەورەسێکی ئەفسانەیی گۆلی ئاسۆی لەراندووە. تافتەیەکی ڕەنگ هەناری لووتکەکانی نەخشاندووە. هزرۆکەیەک دێ بە دڵدا: ئەتۆ بڵێی، لە هەڕەتی داخزانا، خۆر خلیسکی نەبردبێ؟ ئەتۆ بڵێی تیشە شاخە نووکتیژەکان برینداریان نەکردبێ؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: میری دزان سەبارەت: ٢٠٠٦/١/٢١ - کوردستان - لاپەڕەی ٤٤،٤٥ - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew با چیاکان لەسەر هەست بن! با دار و بەرد هەر چاوێکیان هەزار چاو و هە گوێیەکیان هەزار گوێ بێ. دەبا کوڕگەل دابەش ببن، چەکەکانیان لەسەر پێ بێ! با چۆلەکە گرمۆڵە بێ، نەجریوێنێ، با پشیلە ئارام بگرێ، نەمیاوێنێ، سەگ نەوەڕێ، کەر نەزەڕێ، تا مێروولەش بە دیواردا هەڵنەگەڕێ- چونکە ئەمڕۆ دنیا دەمەونخوون دەبێ، میری دزان بەم ناوەدا تێدەپەڕێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە خەڵوەتا سەبارەت: ٢٠٠٦/٦/٢١ - هێلسنكی - لاپەڕەی ٤٦ - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew باڵم شەکەتە و ئاسۆ بێسنوور. سەوڵم پۆڵایە و ڕۆخی دەریا دوور. هەر چاوەچاومە بۆ کەنارۆچکە و پەنا و لەنگەرێ... سەراپای ژینم پێل و گەرداو بوو، خوایە، مەرگێکی ئاسانم بەرێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زۆربا سەبارەت: ٢٠٠٦/٧/١٥-هێلسنكی - لاپەڕەی ٤٧،٤٨ - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew خۆ دەزانم ژن ئاگرە. ژن ئاگرە... خۆ دەزانم... کەچی لەدوای هەر سووتانێک... دیسان گیانم بۆ ناو ئاگر پەل دەکوتێ، لە بیر دەکا بەرباترین پووشەڵانم! *** خۆ دەزانم ژن دەریایە ژن دەریایە... خۆ دەزانم... کەچێ سەیرە! هەزار جاریش شەپۆل ڕامدا و هەڵم لووشێ.. هێشتا گیانم بۆ ناو دەریا فڕکە دەکا، لە بیر دەکا گەمیم و بێ بایەوانم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێ سەبارەت: ٢٠٠٦/١١/٢٢ - ئیستەنبووڵ - لاپەڕەی ٤٩ - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew گەر پێت نەبوایە ئێستاش خەڵوەتگەم هەر بێ تۆ دەبوو، ئێستاش دەبوایە. بەم شەوە ساردە، چاوم لە ڕێت بێ. کێ دەڵێ هەر لێو شایانی ماچە؟ توخوا لێم گەڕێ، با یەکەم ماچم بۆ بەری پێت بێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: داڕشتنەوە سەبارەت: ٢٠٠٧/٤/١٤-هێلسنكی - لاپەڕەی ٥٠،٥١،٥٢ - نووسین: خالید قادری تۆ ھێندە پەرتی، بەمن و دونیا و ئەو گەردوونەدا پڕژاوی وەک مەی، مەراقمە جارێک بەرجەستەت بکەم، بتبینم وەک ھەی! *** لە تاریکیدا باشتر دەبینم! لە تاریکیدا باشتر مەتەڵ و مامک ھەڵدێنم، تۆش وەک شاپەڕی ئەستێرەکانی، قەت بێ تاریکی تیشکت ناگاتە ڕیشە و لکوپۆم. بۆیە، کە ئەمشەو دێیتە بن کەپری ڕەشەڕێحانم، با ھیچ نەسووتێ: نە چرا، نە مۆم! دەمەوێ ھەمووت ھەڵبوەشێنمەوە، شانە بە شانە، ئەتۆم بە ئەتۆم، لە جەستەیەکدا داتبڕێژمەوە، مشتوماڵت کەم بە ئارەزووی خۆم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ دوعا سەبارەت: نیسانی٢٠٠٧ - هێلسنكی - لاپەڕەی ٥٣,٥٤,٥٥,٥٦,٥٧ - نووسین: خالید قادری (١) ئەوەی عاشق بێت پێی دەڵێم، با بۆ تەواف هەر بەحزان و بۆ مرازیش هەر گۆڕی تۆ هەڵبژێرێ... چونکە تەنیا سەر بە هۆزی پێغەمبەران تۆ ئاسایی لەبن کەڵبەی ئازیزانی گیان دەسپێرێ! (٢) زریکەیەک دەگاتە گوێم، ئاسمان هەڵدڕ هەڵدڕ دەکا: چ قەوماوە؟ چییە خوایە؟ قەولێکی مسحەفاڕەشە پێخوست دەکرێ، یا سوورەتەکەی حەڕڕایە؟ ٢ سیپارەیەکی ئینجیلە رەجم دەکرێ، یا گاتایە؟ چ قەوماوە؟ چییە، خوایە؟ شەبەیخوونی مەگۆلانە بۆ سەر مەعبەدێکی بوودا، یان زریکەی تەوارێکی باڵشکاوی بێنەوایە؟ (٣) پارچەیەک نوور لەو ساکەگۆڕە کەوتووە... هی دوعایە، یا مەفتەنە هەتک دەکرێ؟ ئەو پەڵاسەی دایپۆشیووە پەڵاسی بەر کچی منە، یا بەرماڵی خواناسانە لەبەر تف و بەرد باڵدەگرێ؟ *** ئێستا گومان لە چی بکەم، لە چی نەکەم؟ ئێستا گومان لە کێ بکەم؟ لە کێی نەکەم؟ لە هەر چل هەزار پێغەمبەر؟ لە کتێبە پیرۆزەکان؟ لە کردگار؟ فیڕعەونەکان دنیایان خوارد، بۆچی مووسا دار عەساکەی هەڵنابڕێ و نایکا بە مار؟ ئەوا دیسان بەردبارانی مەجدەلییە، ٣ کەنگێ مەسیح دێتە هاوار؟ بۆ شێخ ئادی مەرقەدەکەی جێ ناهێڵێ؟ ٤ بۆ گومبەتێک، منارەیەک بە زەویدا ناچێتە خوار؟ ئەی من بۆچی ناتپارێزم؟ ئازیزەکەم، جگەرگۆشەم، نیشتمانی بن پێلەقە و بڵۆک و دار؟ ! بۆ بڵێسەی قەلەمەکەم، دەوراندەوری جەستەی پیرۆز، هەڵنابەستێ شوورە و دیوار؟ دەک شەرمەزاربم... شەرمەزار! ١. دوعا، کچە کوردێکی دەڤەری بەحزانی سەر بە شێخان بوو، لە سۆنگەی دڵداری لە نیسانی ٢٠٠٧دا، بە شێوەیەکی دڕندانە، لەسەر جادە بە ئاشکرا، کەسوکاری خۆی شەهیدان کرد. ٢. حەڕڕا: مەبەست ئەو ئەشکەوتەیە، کە تێیدا پێغەمبەر دەچووە خەڵوەت و هەر لەو ئەشکەوتەش یەکەم سرووشی بۆ هات. سوورەتەکەی حەڕڕا: إقرأ باسم ربك ٣. مەجدەلی: مەبەست ماریای خەڵکی مەجدەلە، کە حەزرەتی مەسیح نەیهێشت بە عادەتی جوولەکەکان ڕەجم بکرێ. ٤. شێخ ئادی: سۆفییەکی سەدەی یازدەمە، لە هەکارییەوە دێتە لالش، لای کوردانی ئێزەدی شوێنێکی تایبەتی هەیە، مەرقەدەکەی لە لالشە و ڕووگەی باوەڕمەندای ئێزیدییە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەمامجاڕ سەبارەت: ٢٠٠٧/٦/١٤ - هێلسنكی - لاپەڕەی ٥٨,٥٩ - نووسین: خالید قادری ئازیزانی من پەرت و بڵاون بە سەرتاسەری نەخشەی دنیادا. ساڵ دێ و ساڵ دەڕوا، کەچی تای عەشق وەک جاران گەرمە و هەر بەرم نادا. ئێستاش، وەک جاران تا ڕادەی شێتی سەوداسەریانم، دووریش کەونەوە- هەر نێزیکن لێم، خۆشیان ون بکەن- هەر لەبەر چاون، هەموو ساتێکیش دنیا بگۆڕێ، ئەوان ناگۆڕن، وەک خۆیان ماون، هەر کچۆڵەکەی یەکەم دیدەنین، لە نەمامجاڕما شلک و پاراون. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گیانێکی ڕووت سەبارەت: ٢٠٠٨/٤/١٦ - هێلسنكی - لاپەڕەی ٦٠،٦١،٦٢،٦٣ - نووسین: خالید قادری ئەمشەو وەک هیچ شەوێک نییە. تەنیاییی وا کێ دەتوانێ لێی حاڵی بێ؟ ! مەگەر چڵەبەیبوونێکی تەنیای بەربا، قومرییەکی شاباڵشکاو، توتکەیەکی دایکمردە، یا پەیڤێکی ئەودیو شوورەی دەمی داخراو! * چاوەڕێت بووم، وامزانی دێی! هێشتا زوو بوو کە سروشتم دەستەمۆ کرد: هەر چوار وەرزم وەگیر هێنان، کوێچکەکانم چەشنی بیستن، زمانیانم فێری گۆ کرد - بە شەوبۆم گوت، ڕابێ و هەوا بۆنڕشێن کا. بە هێرۆم گوت، نەخشینترین کراسی خۆی بکاتە بەر، هەڵکوتێنە سەر دوا قەڵای سەرما و سەقەر. هەر لە ماوەی یەک ترووکەی پێڵووی چاودا بە ناو شارا ڕووبارێکم لە زیو تاودا، لاشەقام و ڕێگەکانم بە دار لیمۆ و نارنج خەمڵاند... کە تاریکیش هەناسەی دا گۆلمم پڕ کرد لە ئەستێرە و بە ئاسماندا هەڵم پڕژاند! * ئەمشەو وەک هیچ شەوێک نییە، عەرشی شیعر، بە مرواری و یاقووتییەوە، قاسەی تەمەن، بە ئەڵماس و زمڕووتییەوە، بە کۆشێکی گەرم دەدەم سەری پێ کەم. بەری دەستێک ڕادەمووسم، ببێتە پەنا، ڕووی تێ کەم. ئەمشەو وەک هیچ شەوێک نییە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەمارۆ سەبارەت: ٢٠٠٨/٦/١ - هێلسنكی - لاپەڕەی ٦٤،٦٥،٦٦،٦٧ - نووسین: خالید قادری تۆ زۆر لەمێژە لەناو گەمارۆی ڕابردووی مندا گیرت خواردووە، پرزەت بڕاوە. دەستم داوێنت، ئەو گەمارۆیە تەنگە هەڵگرە، ئەوەی گومانە بیخەرە لاوە! لەچێ دەپرسیت؟ لەو چۆمەڵانەی بێ خشەی دار و بێ خوڕەی ئاوە؟ لەو ڕوخسارانەی بوون بە تارمایی؟ لەو جێژوانانەی بوون بە کەلاوە؟ لەچی دەترسیت؟ لەخۆڵەمێشی ساباتی ماچێک رۆژگار بەبای دا؟ لە جۆگەی باسێک سەرم پێی دەکرد؟ لە هەوری کۆشێک رەشەبا ڕای دا؟ ئاخر پێم ناڵێی، لەچێ دەترسیت؟ لەو زەمبەقانەی لافاو ڕایماڵین؟ لەو درەختانەی ئێستا کۆتەرەی بێ پەڕ و باڵن؟ لەو چرایانەی خەفە و خامۆشن؟ لەو ئاوێنانەی نابینا و لاڵن؟ لەچی دەپرسیت؟ لەچی دەترسیت؟ *** چاوت لێک بنێ، سەرت لار کەوە، بیخە سەرشانم. هێندە مەترسە لەوانەی پێش خۆت، هێندە مەپرسە: چۆن بوو؟ ... کێ بوو؟ ... کەی؟ ... خۆت ڕزگار بکە لەو گەمارۆیە، کە ئەوان هەبوون، خۆ تۆ ئێستا هەی! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەت نازانیت چەند ئازیزت! سەبارەت: ٢٠٠٨/٦/٤ - لاپەڕەی٦٨،٦٩،٧٠ - نووسین: خالید قادری قەت نازانیت چەند ئازیزت! ئەگەر باخ و بێستانێک بای، هەموو ڕۆژێ، پێش ئەوەی خۆر ئاسۆ هەڵکا و نێڵی بدات، زوو ڕادەبووم، باڵم دەگرت، دەهاتمە لات. بەشێنەیی بست بە بستی خاکەکەتم بیراز دەکرد، بڕكە بڕکە، گەڵا گەڵا، ساتەکانتم پڕ لە تیشک و ئاواز دەکرد. *** قەت نازانیت چەند ئازیزت! هەر من دەریا و تۆش گردێک بای لە قەراخم، لەشکرێکم لە نەرمەپێل تەیار دەکرد، لەتێک هەوری بەربوم دەکرد بە بەیداخم، لە گشت لاوە غافڵگیرم دەکردیت و وەک دووڕگەی خۆم بە دنیادا جاڕم دەدای! هەموو شەوان، بە ڕێژنەیەک ڕەشەڕیحان، پێڵووی چاوم لە یەک دەنای. سبەینانیش گزنگڕشێنم دەکردی، لە شنەبای ئاوریشمینم هەڵدەکێشای! قەت نازانیت چەند ئازیزت! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شاعیر سەبارەت: ٢٠٠٩/٤/١٤ - هێلسنكی - لاپەڕەی٧١،٧٢ - نووسین: خالید قادری با بلێسەش بم! کە چارەنووسم هەر خۆڵەمێش بێ، کە وەک دەنکێک جۆ، بۆ گوڵکردنێک، ڕێی بە خاکبوون و مەرگم لەپێش بێ- دەمەوێ تا هەم هەناسەم ڕێژنەی پەڕی بەیبوون بێ، نیگام بۆ چەم و کانیی بێنەوا سایە و پەنا بێ، بنپێم تاجی شا و گەنجینەی قاروون، ژوورسەرم تەنیا تیشکی ڕەها بێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەونێکی بەرەبەیان سەبارەت: ٢٠١٠/١/٢٥ - هێلسنكی - لاپەڕەی٧٣،٧٤،٧٥ - نووسین: خالید قادری کە سەیرم کرد، دیم... دووراودوور... گەردەلوولێک بەرەو لام دێ، سەرتاسەری بەژنی لە نوور. فریشتەیەک بە هەواوە لەنگەری گرت، ڕووی تێم کرد و بەکاوەخۆ پەنجەی ڕاداشت بۆ ڕچەیەک، گوتی: «مژدەم پێیە بۆ تۆ. ئەم ڕەچەیە بۆ بەهەشتە، لێی لانەدەی، بیگرە و بڕۆ!». نە بۆ لایەک ڕووم وەرچەرخاند، نە بەقەد مووش لە ڕێ لام دا... لێ، گەردەلوول وا تاوی سەند، زۆر نەمابوو بۆ خەرەندی دۆزەخ ڕام دا... لە پڕێکا... چنارێکی بەژنزراو لەبەر دەممدا هەڵتۆقی! ئامبازی بووم. هەردوو باڵم لێی ئاڵاند و گوشیم هەتا هێزم تیابوو... کاتێ هەڵسام، چنارەکەم، شەڵاڵی ناو ئارەقە بووم، ئامێزم تێت وەرهێنابوو! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێترۆدۆلار سەبارەت: ٢٠١٠/٢/٢ - هێلسنکی - لاپەڕەی ٧٦،٧٧،٧٨،٧٩،٨٠،٨١ - نووسین: خالید قادری هەر ببارە، داکە سەریان، جگەرگۆشەی سەوزی پەمۆ! بێهوودەیە! نە خوڕڕەی خوێن تێریان دەکا، نە رێژنەی تۆ. ئەوان خەرەندی بێبن و کەندولەندی شۆرەکاتن. هەر تێیان کە... پڕنابنەوە دەمیان بەشە وەک چۆن بەش بوو هەرکە هاتن. * لەو ڕۆژەوە تۆ دەباریت، مینبەر نەما، دەمی نەگری و لاڵی نەکەی. سەنگەر نەما، خۆتی تێدا خاڵی نەکەی. هەڵۆ نەما، لووتکەکانی پێ بەرنەدەی. قەلەم نەما، ئاودەستخانەی پێ دەرنەدەی. لەو ڕۆژەوە تۆ دەباریت، دیواندڕی دەمهار نەما، لە ئوتێلی پێنجئەستێرە نەیخارێنی. چۆڕێک ئاوی ڕۆشن نەما، پێی نەوەڕی. مژێک هەوای سازگار نەما، نەیتارێنی... * گوتم نەرمی، پەمۆزادەی، کەچی هاتی، شاخت بە خوێنی شاخ چەش کرد! گوتم کەسکی، وەک گیا سادەی، کەچی هاتی، زەوی و ئاسمان، سەر و بنی دنیات ڕەش کرد! تۆ بالۆرە و سیاچەمانە و 'دەی دەی زەردە' ی'باڵدار' ت کوشت. ١ بۆنی چرووی سەر قەرتاڵە و گیزەگیزی سەماوەری دەشتودەری بەهارت کوشت. تۆ فجووقی سوێسکە و پۆڕی قەلی چیا و بازبازێنی کارمامزی بنارت کوشت. تۆچیت نەکرد تۆ مێگەل و بەردەبێر و گاڕانت برد بە گردەوە. قاڕە و باڕەت لە بیر کۆز و شیناوەردت لە بیر کێڵگە و ترێت لە بیر رەز بردەوە. تۆ چیت نەکرد؟ ! تۆ غەزەبی ئاسمانان بووی، داباریت و دەمی تەووری خۆت گەیاندە بنج و بنیاد: کۆت و بەندت کردە لینگی شلکە چەمی زمانی ماد، شاڵ و شەپکت لەبەر بەژنی لاوک داکەند. بۆ لاکخۆران، پارچە پارچە، تیکە تیکە، هەڵت خستم لەسەر تەناف. تۆ حەمرینت بۆ لم ڕاخست، تۆ قەراجت بردە پشت قاف! تۆ چیت نەکرد؟ ! تۆ 'دڵدار'ت گۆڕبەدەر کرد، ٢ تۆ چاوساغی شەیتانان بووی بۆ وڵاتی شۆڕەسوار و پەریزادان، هەی بێ شەڕەف، تۆ شەڕەفت کرد بە 'دەفتەر' مەفتەنت کرد بە دۆشەگی بن گەوادان! ٣ ١. دەی دەی زەردە: هێمایە بۆ کتێبی فێرکردنی زمانی کوردی کە برایم باڵدار بۆ زارۆیانی کوردستانی دانابوو. باڵدار: ئیبراهیم باڵدار، دانەری کتێبی فێرکردنی زمانی کوردی بۆ زارۆیانی کوردستان. ٢. ئەم دێڕە هێمای تێکدانی کۆنترین گۆڕستانی هەولێرە، بە گۆڕی 'دڵدار' ی شاعیریشەوە و دروستکردنی مارکێت لە جێی. ٣. لە باشوور بە دەهەزار دۆلار دەڵێن 'دەفتەر'! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گۆڕستان سەبارەت: ٢٠١٠/٢/٩ - هێلسنکی - لاپەڕەی ٨٢،٨٣ - نووسین: خالید قادری لە گۆڕستان بۆ بترسم؟ خۆ هیچ نەبێ لەو وڵاتە، لەو مەڵبەندە کشوماتە، مالۆچکەیەکی خۆم دەبێ لانەولانی دنیام لە بیر دەباتەوە، ماڵۆچکەیەک، نە مانگانە کرێی دەدەم، نە کەس داوای کلیلەکەی دەکاتەوە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەونی شاعیران سەبارەت: لاپەڕەی ٨٤،٨٥،٨٦،٨٧ - نووسین: خالید قادری (١) من شاعیرێکی شێت ڕادەسپێرم پاش ماڵئاوییم ئاگادارم کا، لە دڕکەڵانی مێژووی گیانوەرێن بە چی خەمڵیون زەمەند و بژوێن: پەلکەزێڕینەی خەونی شاعیران، یا گەندەخەونی قاچاخچییانی خوێن؟ ! ٢٠٠٢/٢/٢ - ریگا (٢) هەرچی هەیە، هەمووی خەونە. خەون دنیای داگرتووە: ئەوهێلانە دنووکچنەی با بۆڕ دەدا، وەختێک خەونی باڵدارێکی بێوار بووە. ئەو درەختەی، کە پایزان بە زێڕ زمڕووت دەنەخشێنێ، بە خەونۆکەی دەنکەتۆوێک قیت هەڵچووە. لە هەر جێیەک، لە هەر لایەک، کە بینیتان وا ئاڵایەک دەشنێتەوە بە هەواوە، سوور بزانن، نیوەشەوێک یەکەم تەقەڵ شاعیرێکی شێت لێی داوە! شووباتی ٢٠١٠ - هێلسنکی - تالین (٣) هێندەم خەونی جوان بینیوە ئێستا باڵام، لە بنپێوە تا تۆقی سەر، کانی و مێرگ و خەونستانە. تۆش، وەتی هەی، هەر جێگەیەک پێت بیسمێ خوێن و قاتی فایلستانە! ٢٠١٠/٤/١١ - ڕیگا * پاش نیو سەدە کورد بە کوشتدان و خاپوورکردنی کوردستان، سەرکردەیەک گوتی: 'دەوڵەتی کوردی خەونی شاعیرانە'، ڕاستیشی کرد، خەونی شاعیران، زوو یا درەنگ، هەر دێتە دی! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوای ژوان سەبارەت: ٢٠١٠/٧/١٢ - ڕیگا - لاپەڕەی ٨٨ - نووسین: خالید قادری بە زەمزەمەی بەرامە و بۆن چ قیامەتێکە لەم ناوە! لەسەر بالیف دەزوولەیەک، باریک باریک، داگیرساوە: تیشکێک ورشەی ئەستێرانە داپەڕیوە، یا تاڵێک مووی شیرینەکەم بەجێماوە؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ژنسالاری سەبارەت: ٢٠١٠/٨/٢ - ڕیگا - لاپەڕەی ٨٩،٩٠ - نووسین: خالید قادری کێ هێندەی من شێتی ژنە؟ کێ دەتوانێ، هەموو عومر، هەموو عومر... ئاوا... وەک من... بۆ دنیای کەڕ سرتە ڕاو کا، بۆ شەوەزەنگ خۆی بکاتە تریفەچن! گومان دەکەم کەسێک بووبێ، کەسێک هەبێ شتێک بڵێ بۆ عەشقی ژن، بڵندتر و نەویتر بێ سرکتر و کەویتر بێ لە شیعری من! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەیاڵم لەناو فڕۆکەدا سەبارەت: ٢٠١٠/١٠/١٤ - ڕیگا - لەندەن - لاپەڕەی ٩١،٩٢ - نووسین: خالید قادری هەزار بریا من دەمزانی، ئەم ئاسمانە، ئەگەر چەترە، هەتا کەیە هەڵدرانی؟ ئەگەر دەریای هەڵواسراوی سەرنخوونە، کەیە ڕۆژی قیامەتی هەڵڕژانی؟ ! *** ئەم ئاسمانە، گەر جامخانەی ئەستێرانە، زۆر دەترسم ڕۆژێک، لەپڕ، ئەستێرەک، کەلـلەشەق و یاخی و لاسار، سنووری خۆی پێ تەنگ بێت و بە یەک پلار جامخانەی داڕمێنێ و ئەستێرەکان تووڕ داتە خوار! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاوێنۆچکە سەبارەت: ٢٠١٠/٦/٢٩ - هێلسنکی - لاپەڕەی ٩٣،٩٤ - نووسین: خالید قادری چما دەشێ لەناو ئاوێنۆچکەیەکدا، بە یەک چرکە، هەموو گەردوون بەدی بکەی؟ چما دەشێ بچێتە نێو مانگ و خۆری، جێگۆڕکێ کەی بە ئەستێرەی، ماسییەک بیت لەناو دەریای کپی شینی؟ من لەو ساوە باوەڕم بە پەرجۆ هەیە، کە دڵۆپە بارانێکم بە برژانگی تۆوە بینی! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بازاڕ سەبارەت: ٢٠١٠ - هێلسنکی - لاپەڕەی ٩٥ - نووسین: خالید قادری هەڵەبجە بۆ 'ئەوان' چەندی کرد؟ هەڵەبجە بۆ 'ئەوان' چەند دەکا؟ چەند هەزار؟ چەند ملیۆن؟ چەند ملیار؟ خوادیە، هیج نەکا! دەترسم دنیا گشت بکەنە هەڵەبجە ـ بست بە بست، گوند بە گوند، شار بە شار. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کۆچی مۆنیکا بۆرگوارد سەبارەت: ٢٠٠٤/٩/٩ - هێلسنکی - لاپەڕەی٩٦،٩٧،٩٨،٩٩،١٠٠،١٠١،١٠٢ - نووسین: خالید قادری تەنیا جارێک وەرە خەونم! زۆر لەمێژە بە عەزرەتی دیدارێکم. هەر ساتێکی ئارەزووت کرد، وەک باویلکەی بەربای پایز، من لەسەر پێم. هەر جێیەکی خۆت بە دڵتە، بەس پێم بڵێ وەکات لەوێم. * من نامەوێ کاتت بگرم... خۆ دەزانم، تۆ هەنووکە نە گلێنەکەی جارانی، هەر دەمێکی مەیلم لێ بێ، پڵەهەورێکم بۆ زین کەیت لە پەڕی ناسکی بەیبوون، بانگم بکەی بۆ گەشتێکی ئەودیو گەردوون؛ نە باوەشەکەی جارانی بۆم پەڕەکەی بۆنی مێرگ و مێرغوزاران؛ نە لێوەکەی جارانیشی، مێژووی ماچم پێ بخوێنی لەبەر تیشک و لێزمەی باران... تۆ هەنووکە یەک گەردیلەی پیرۆزی وای ئاشنای ڕێگەی عەرشی خودای، سەرقەتارەی قورینگانی، قیبلەنمای گیاندارنی بەژ و دەریای. * لەگەڵ مندا تۆ نهێنیت هەرگیز نەبوو- بەیانییان، هەرکە چاوم دەکردەوە، دارستانێک کۆش و باوەش دەوری دەدام، شنەیەکی 'بەیانی باش' کلیلدانی ئەستێرانی لە مست دەنام. * لەبیرتە چۆن کۆترەکانی 'سانسووسی' مان١ بە وردکەنان تێرت دەکرد و چۆن دڵیانمان دەبردەوە؟ لەبیرتە چۆن بۆ نەورەس و سۆنەکانی دەریای بڵتیک بەری دەستمان وەک سفرەیەک دەکردەوە؟ ئێ... تۆ بڵێی، هەر هیچ نەبێ، لە پاداشتی ئەمانەدا خودا مەودای دیدارێکی ترمان نەدا؟ * مادام چیدی دەرسی ماچم پێ ناخوێنی لەبەر تیشک و لێزمەی باران؛ مادام جارێ من ڕەها نیم لەم جەستەیە و تۆش نامۆی بە جەستەی جاران- وەرە خەونم! گەر حەز دەکەی، وەک قورینگێک، دابەزە و چەند چرکەساتێک لە ژوور سەرم لەنگەر بگرە. گەر حەز دەکەی، چاوقووچانێک تێم بئاڵێ وەکوو تەنکە تەمێکی ئاڵ، هەر ئەوەندە و جێم بهێڵە، لە بۆنی گیای بەهەشت شەڵاڵ. *** من وەک جاران خەوم سووکە، تا بکرێ زوو ڕەهات دەکەم... بۆچی نایەی؟ خۆ تۆ ئێستا لە شنەی باش ڕەهاتری... خۆ تۆ ئێستا قیبلەنمات نووری عەرشە و بە ڕێی گیانم لە خوودی خۆم ئاشناتری! * تەنیا جارێک ورە خەونم! زۆر لەمێژە بە عەزرەتی دیدارێکم. هەر ساتێکی ئارەزووت کرد، وەک باویلکەی بەربای پایز، من لەسەر پێم. هەر جێیەکی خۆت بە دڵتە، بەس پێم بڵێ، وەکات لەوێم. ١. سانسووسی: تەلار و باخ و باخاتێکی زۆر گەورەیە لە شاری پۆتسدامی نێزیک بەرلین. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من عاشقێکی زگماکم سەبارەت: ٢٠١٠/١٢/٢٩ - ڕیگا - لاپەڕەی ١٠٣،١٠٤ - نووسین: خالید قادری کە یەکمجار زریکاندم پشکەعەشقێک بوو بە هەوا و تکایە ناو سییەکانم. عەشق هات و ناوکی بڕیم، عەشق هات و فرچکی دام، یەکەم دەسرازەی بۆم چنی و دنیای ڕەشی کرد بە دنیام. *** من عاشقێکی زگماکم، باوەڕ بکەن، ئەگەر خڕکەبەردێکیش بام لە لاڕێیک عەشقی بەردێک دڵمی دەسمی، یا دەبوومە سەوداسەری دراوسێیەک: کۆلکەدارێک، گۆمیلکەیەک، پەڵەتیشکێک یا نسێیەک! من عاشقێکی زگماکم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فایل سەبارەت: ٢٠١١/٣/١٤ - هێلسنکی - لاپەڕەی١٠٥،١٠٦،١٠٧،١٠٨،١٠٩،١١٠ - نووسین: خالید قادری من چ لەو هەموو فایلانە بکەم؟ ڕوو لە هەر کوێ کەم هەر فایلستانە! ئاخ، بۆ لەمپاکەی عەلائەدین، ئاخ، دەرگەی داخراوی فایلگەکانی شەشدەری دنیام بۆ بکاتەوە. ئاخ، بۆ لەشکرێک دایانتەکێنێ و پەڕ لەدوای پەڕیان هەڵبداتەوە! * هیچم ناوێ، نە لەشکر و نە لەمپاکەی عەلائەدین. دانیشتووم و جامی جەمم بەرامبەرە! سەیری شاشەی دنیا دەکەم، دەبینم ڕۆژی مەحشەرە: هەر فایلە و بە فایلدا هەڵدەمیزێ، هەر فایلە و فایلۆکەیەک ڕادەژەنێ فایل فایل دەرمان دەکا، فایل بمرێ، فایل پرسەی بۆ دادەنێ. وا دەبینم، فایلێک لەولا قەڵەمەکەی تیژ دەکات و گۆڕ بۆ فایلێک هەڵدەکەنێ؛ لەولا تریش، فایلی جامڕەش، ١ بە یەک ئۆردووی حیمایەوە، بە دراوسێیە جامڕوونەکان پێدەکەنێ. ئەمیان لێرە، وەک مریشک کڕ کەوتووە، پەیتا پەیتا هێلکەفایل دەترووکێنێ، ئەویان لەولا، بەدیار سفرەی فایلێکەوە، وەک گوجیلە بۆ ئێسقانێک دەقرووسکێنێ. فایل قۆڵی فایل دەبڕێ... فایل ئەشکی فایل دەسڕێ... * هۆ لەولاوە فایلە پۆپنەکانی(بەغدا) دێن و دەتسن بە فایلەکانی (تاران) دا. لە(ئەنقەرە) ش فایلە پۆشتە و پەرداخەکان چەتەر بۆ هی(شام) هەڵدەدەن لە گەرمەی فایلباراندا. *** دانیشتووم و جامی جەمم بەرامبەرە! دەیانبینم: لەبن سەنگی فایلەکانی موعاوییە و شاعەباس سوڵتان سەلیم لاقیان گێڕە، دەستیان گۆجە و ئەستۆیان خوار... پێتان دەڵێم: بێفایدەیە تیشک و سۆنەر بێفایدەیە ڕاچێتە و داودەرمان بە بار ئەوان بە هیچ ڕاست نابنەوە، مەگەر تابووت ئوتوویان کا و ڕاست ببنەوە، وەک ئەسپیندار! * دوای داڕمانی دەسەڵاتی بەعس، هەزاران 'فایل' ی خۆفرۆشانی ناوسەرکردایەتیی پارتخێڵەمان ئاشکرا بوو، کە ڕۆڵە بەجەرگ و جوامێرەکانی شاخ و شاریان بۆ داگیرکەران ڕاو دەکرد. زۆربەی فایلداران بە ئاگاداریی سەرکردەکانیان ئەمەیان دەکرد، هەر لەبەر ئەوەش ئاشکرابوونی 'فایل' ـه کان هیچ کاردانەوەیەکی لێ نەکەوتەوە. ١. فایلی جامڕەش: هێمایە بۆ ئەو سەرکردە فایلدارانەی بە ئۆتۆ 'سەیارە' ی جامڕەش هاتوچۆ دەکەنو بەمە لە خەڵکی سادەی جامڕووندار جێا دەکرێنەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە ژوانگەدا سەبارەت: ٢٠١١/٤/٥ - هێلسنكی - لاپەڕەی ١١١,١١٢ - نووسین: خالید قادری تۆ ئازادیکوژیت، گیانە، لە سووچێکی ژوانگەیدا دیلت کردووم، بێخەم لە چرکەچرکی کات، بێئاگا لە بوون و نەبوون. تو ئازادیبەخشیت، گیانە، ژوانگەیەکی بچکۆلانەت بۆم کردۆتە هەموو گەردوون! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قوون و کورسی سەبارەت: ٢٠١١/٤/٥ - هێلسنكی - لاپەڕەی ١١٣,١١٤ - نووسین: خالید قادری کاتێ لە ماڵ بێزار دەبم ناوماڵ و دیکۆڕ دەگۆڕم: لە کۆمەد دۆڵابەوە تا دەگاتە فەرشی بەرپێ. کە لە خۆشم بێزار دەبم دیسان هەندێک شت دەگۆڕم: قەڵەم، قۆپچە، کراس، دەرپێ... لێ نازانم، چ لە شاشەی تیڤی بکەم؟ دەیان ساڵە، هەمان قوون و هەمان کورسی، هەمان دەنگ و هەمان چەنگ و هەمان چەهرە و هەمان چەنە و چاوی برسی... شاشەیەکە، حوکمە دەبێ هەتا مردن لێی بنۆڕم. دۆش داماوم، قوون و کورسیی سەر شاشەکان چۆن بگۆڕم؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڤیاگرا سەبارەت: ٢٠١١/٤/٢٥ - لاپەڕەی ١١٥,١١٦ - نووسین: خالید قادری ڕیکلامی ناوێ! دنیا دەزانێ، ڤیاگرای دیدەشین، چ خزمەتێکی ڕاست و چەپ دەکا... بەڵام پێم سەیرە، پەرلەمانتاری ئێمە کە دەیخوا هەمووی سست دەبێ، قڕوقەپ دەکا، هەزاریش قوتدا ڤیاگرای بەدعەمەل تەنیا گیرفان و دەستی ڕەپ دەکا! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەردەشت سەبارەت: ٢٠١١/٦/٢ - هێلسنكی - لاپەڕەی ١١٧,١١٨,١١٩,١٢٠,١٢١,١٢٢ - نووسین: خالید قادری بۆ شەهید سەردەشت عوسمان لەو ساتەوە کە هاتن و دار چنارە شیکەکەیان لوول دا و ڕفاند، لەو ساتەوە کە هاتن و گوڵەجۆیە گڕتێزاوەکەیان کرتاند، کۆتری خەم هەتا ئێستاش هەر گمەی دێ؛ کۆڕی پرسەی هەموان تەواو، پرسەکەی من بەردەوامە و هەر جمەی دێ! * داخی ئەوەم لە دڵدایە نەیگەیشتمێ تا پێی بڵێم: 'ئاگادار بە! لەم وڵاتە، ئەوەی قەڵەم چۆڵەچرا و ئاورگی بێ، دەبێ زمان چەقۆی تیژی سەر قورگی بێ! ' * نە دەزانم، نە دەشپرسم، کێ بوون دابارینە سەری! ئیدی بۆ من وەکوو یەکە- بنیادەم بوون یان کەمتیار؛ بە چی هاتن: بە جامڕەشێک یان بە جامڕوون؛ بێ نمرە بوو یا نمرەدار! بەڵام پرسیم، پرسیم و دیسان دەپرسم: ئەو سبەینەی نرکە و گۆڵەی ئەو هەورەیان مت و کڕ کرد، ئەو سبەینەی ئەو تەلارە نەخشینەیان خاشەبڕ کرد، ئەوێ ڕۆژێ یاسای سەروەر بۆ کام بەرخی کەڕەواڵە چووبووە کەمین؟ گیرفانی کێی دەپشکنی؟ لە ئاسمان بوو یان لە زەمین؟ ! هەر پرسیم و پرسیمەوە... هەندێ دەڵێن: 'یاسای سەروەر مایەسیری گیری دابوو، دوورەدەست بوو'. هەندێک دەڵێن: 'زۆر سەرقاڵ بوو، شوورەی دەوری کۆشک و سەرای هەڵدەچنی، خەمی خەست بوو'. هەندێک دەڵێن: 'لە چریکە و فڕکەی باڵی باڵدار پەست بوو' هەندێ دەڵێن: 'نەخێر، بێشکەی حکوومەتە ساوایەکەی ڕادەژەنی، ناوەناوە دایبییەکی لەپێ دەکرد، ناوە ناوە دایبییەکی دادەکەنی! ' هەندێک دەڵێن: ' نا، ئەو ڕۆژە بە شەرابی زەماوەندی بە شوودانی کەرکووک مەست بوو'. هەندێ دەڵێن: ' لە بانکێکا پارەی دەژمارد، لەبەر چاوی ڕژدی ئەغیار سڵ و سرک و لەسەرهەست بوو'. منیش دەڵێم: ' کەس نەیزانی یاسای سەروەر زگی دەچوو، لە ئاودەست بوو! ' ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێچەقاندن سەبارەت: ٢٠١١/٦/١٨ - ڕیگا - لاپەڕەی ١٢٣,١٢٤,١٢٥ - نووسین: خالید قادری دەزانی بۆچی قاچم لە مەیدان داچەقاندووە و جارێ بە شیعر نالێم ماڵاوا؟ ! چونکە چاوەڕێی شاعیرێک دەکەم گفت و پەیمانی هاتنی داوە. ئەو شاعیرەی دێ پەرییەکانی ماد لە ئاوی(وان) و خاکی چیای حەمرین هەڵیانشێلاوە. کاتێ هەڵدەکا، لە گەردەلوول و با ڕەهاتر، لە من مێرخاستر، لە من گەڕناستر، لە دوندی قەندیل بێپەرواترە. ئەو شاعیرەی دێ هەر نەفەسێکی دەبێتە نەخشێک لەسەر زناران، هەر نیگایەکی مۆمێک پێ دەکا لە تاریکستانی ماڵە هەژاران. ئەو شاعیرەی دێ لەکۆی من دەمم کڵێڵە بووبێ- ئەو دەتریشقێنێ. لە کوێ من پرتە و بۆڵەم کەردبێ- لەوێ چاوی ئەو چەخماخە دەدا و گڕ دادەچێنێ. ئێستا زانیتان بۆچی من قاچم داچەقاندووە و جارێ بە شیعر ناڵێم ماڵاوا؟ من چاوەڕوانی شاعیرێک دەکەم گفت و پەیمانی هاتنی داوە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەرگە و پەنجەرە سەبارەت: ٢٠١١/٦/٢١ - ڕیگا - لاپەڕەی ١٢٦,١٢٧ - نووسین: خالید قادری هەموو ڕۆژێ پەنجەرەکان... یەک یەک... هەموو... هەموو، یەک یەک پەنجەرەکان دەکەمەوە. هەموو ڕۆژێ دەرگان گشت، گشت دەرگاکان دەکەمەوە... دەرگەکان گشت... پێش کۆچکردن بۆ بۆ هەوارێک نە پەنجەرەی دەکرێتەوە، نە دەرگەی دەخرێتە سەر پشت! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چەقی گەردوون سەبارەت: ٢٠١١/٦٢/٢٩ - ڕیگاـ تالین - لاپەڕەی ١٢٨ - نووسین: خالید قادری کێ دەزانێ، کوێیە چەقی ئەم گەردوونە؟ ئەم گەردوونە بێسنوور و میچ و بنە؟ ! ئێوە هەر دەڵێن... بڵێن، بەڵام، بۆ من، چەقی گەردوون ناوکی ژنە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەدگومانی سەبارەت: ٢٠١١/٦/٢٩ - ڕیگا-تالین - لاپەڕەی ١٢٩,١٣٠ - نووسین: خالید قادری چەند سەیری خۆت دەکەی بکە، لە بنپێوە تا تۆقی سەر. هەر چۆنی خۆت دەخەمڵێنی بخەمڵێنە، سەرپشک بە و ئازادەسەر! منیش لێرە، بەدگومانی وەها دڵی کرمێ کردووم، زۆر نەماوە بتوێتەوە. بیرم هەروا دەوراندەوری ئەو ئاوێنە باڵابەرزە چاوباشقاڵە دەخولێتەوە... نازانم چۆن کوێری بکەم، تا نەتوانێ ئەوەندە لێت وردبێتەوە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەزبێح سەبارەت: ناوەڕاستی ٢٠١١ - لاپەڕەی ١٣١,١٣٢,١٣٣,١٣٤,١٣٥,١٣٦,١٣٧ - نووسین: خالید قادری وەڕەس نابیت! لە شاخ و شار تەسبیحەکەت هەر بادەدەی. دەنکەکانی دەگێڕیت و ئەویان بەمدا دەماڵیت و لەپڕ ئەمیش بەودا دەدەی! هەزار بریا، من دەمزانی بەو تەزبیحە چ دەژمێری: ئەو سەرانەی میرغەزەب و تەوروەشێن پەڕاندییان؟ ئەو ملانەی ملەستوورە دابەستەکان شکاندییان؟ یا ئەو ڕنووە درۆیانەی کۆمایەک بوون، هەر هەڵیان دا، بوون بە گرد و ئێستا چیان؟ ! *** چ دەژمێری و تەواو نابێ؟ ئەو تانکەرە ملحیزانەی میزەڵدانیان نەوتی تیایە و قەتار قەتار ئاودیو دەبن، هەڵتەک هەڵتەک هەر بەڕێوەن وەک تاژیی ڕاو؟ چ دەژمێری؟ شیش و شۆفڵ، یاسۆندەی ئاو؟ بورغی و بزمار، یا قەللابە و گرێدەری بێخمەی خنکاو؟ ١ چ دەژمێری؟ دەرگەوان و پەردەوان و ڕاپۆرتنووسە خوێنڕێژەکان، یا باجگرە لە شاخ و شارە دەستنێژەکان؟ چ دەژمێری؟ ئەو پێتەخت و مێتەختانەی لەملا هەر خۆت تاڵانکەر و لەولاش هەر خۆت سامانیان بووی؟ ئەو ئەنفالچی و وانەکانەی لەمسەر دوژمن، لەوسەر هەر خۆت مامانیان بووی؟ ! چ دەژمێری ٥٨ لوغمەکەی گارنەر؟ ٢ یا ١٤٠ قازووخەکەی پۆل برێمەر؟ ئەو دەستانەی دەمت لەجێی دەست بۆ بردن؟ ئەو پێکانەی بەسیححەتی جەللادان و قوربانییان لە یەک کاتا نۆشت کردن؟ چ دەژمێری؟ ئەو سەتانەی لە ماوەی چاوقوچانێکا دەبنە هەزار؟ یا سفرەی ئەو ملیۆنانەی وەکوو مالۆس، دەترەکێن و دەبنە ملیار؟ چ دەژمێری و تەواو نابێ؟ ئەو ئاڕبیجیبەشانانەی وەکوو حوشتر یخیان دەدەی، یاخۆ سمێڵبابڕە گەسکەدەرەکان؟ هونەرمەندانی هونەرگەند؟ ڕۆشەنبیرانی فشنبیر، یا نووسەرە گووسەەەکان؟ ! چ دەژمێری؟ قوڕگی گیراو؟ حەرفی خساو؟ یا قەڵەمی لە بارەگا و دیوەخانان ماسک و دەرپێ پێ داکەنراو؟ چ دەژمێری؟ ئەو کەسانەی هەڵتداشتن یا ئەوانەی لە مەودوا هەڵیاندەدەێری؟ بریا سەت بریا دەمزانی بەو تەسبێحەت دەنک وردە چ دەژمێری! ١. بێخمە: پڕۆژەەیەکی ستراتیژی بوو لە زۆزانی بێخمە، کە دوای ڕاپەڕین سەرانی بەرەباب و پارتخێڵەکانی باشوور هەموو ئامێر و کەرستەکانیان فەرهوود و هەرزانفرۆش کرد. ٢. جەی گارنەر: ئەو ژەنەڕاڵە ئەمریکاییەی پاش سەددام بووە ئەندازیاری'عێراقی تازە' و بەشداریی سەرانی پارتخێڵەکانی کوردستان دانا و لە ماددەی ٥٨ی قانوونی دەوڵەتی عێراقیی بەرجەستەکرد، پاشتریش، هەر ئەم ماددەیە ترەکی و ژەهرماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقیی لێ کەوتەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر ئاسمان ژنێک بایە سەبارەت: ٢٠١١/٧/٢٣- ڕیگا - هێلسنكی - لاپەڕەی ١٣٨ - نووسین: خالید قادری ئەگەر ئاسمان ژنێک بایە نزام دەکرد ببمە باڵدار، هەڵدەفڕیم بزر دەبووم لە باوەشی تاکە ژنی سەرتاپا شین. بۆ چینەش نەدەنیشتمەوە، با ژوانێكی کورتیلە با سەفەری ژین! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گێوژچنین سەبارەت: ٢٠١١/٩/٢٥ - ڕیگا - لاپەڕەی ١٣٩ - نووسین: خالید قادری گەر کۆچم کرد، نەکەن بڵێن: 'ئەو منداڵە سەرسپیەمان کۆچی دوا کۆچە، مردووە'. بڵێن چۆتە گێوژچنین لە بەندەنان، ڕێی هاتنەوەی ون کردووە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەفەزپەرەست سەبارەت: ٢٠١١/٩/٢٥ - ڕیگا - لاپەڕەی ١٤٠,١٤١,١٤٢ - نووسین: خالید قادری مەلێک هەیە سەیر و سۆبەت. کێ ناوەکەی بۆم هەڵدێنێ؟ باڵدارێکە، بێ قەفەز و قەفەزەوان نە هیچ دەچێ بە قوڕگیدا، نە دەخوێنێ. باڵدارێکە، شووڵەکانی قەفەزیشی بۆ هەڵبڕیت، ڕەهاشی کەی، هێندە نابا، هەر خۆی... بەلەز... فڕکە دەکا، پێچێک دەدا و دەچێتەوە بۆ ناو قەفەز! *** بیر لە هەموو باڵدارانی ئەم دنیایە بکەنەوە: باڵداری دەشت، باڵداری شاخ، باڵداری ناو دەوەنجاڕ و مێشە و چوغورد... هی بەرزەفڕ، هی نەویفڕ، هی گۆشتخۆرە، هی دانخۆرە، یەکە یەکە... درشت و ورد... مەڵێن نییە! من مەلێکی وا دەناسم، کە پێی دەڵێن سەرکردەی کورد! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زەرد و سەوز سەبارەت: پایزی٢٠١١-هێلسنکی - لاپەڕەی ١٤٣ - نووسین: خالید قادری من دەڤەرێک پێ دەزانم، قەستەسەری هەر زەردێکە، زێڕی بەرزەعەیار نەبێ. من دەڤەرێک پێ دەزانم، دوژمنی هەموو سەوزێکە، دولار نەبێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دووبەی سەبارەت: ٢٢/١١/٢٠١١ تالین- ڕیگا - لاپەڕەی ١٤٤,١٤٥ - نووسین: خالید قادری دووسێ باڵەخانەی تەژە، چەند ئوتێلێكی بەرزەفڕ، دووسێ مۆڵ و ماكەرسیتی، چەند وەنەوشە و كەدیلاک و مۆنیكایەک، ١ چەند قومارگەی چراخان و چەند مەساژگەی بنزگشێل و چەند مەلهایەک، دووسێ دەرزن فێستیڤال و چەند زنجیرە كۆنفرانسێک، چەند چاوەشێكی دەستیدوو، گەڕێک شایی، سووكە دانسێک... - چیتر ماوە؟ مووچە نەبڕێ لە بەغداوە! - چیتر ماوە؟ هەر ئەمانە و دوای هەڵدانی چەند پێكێك مەی، كوردستانتان بۆ دەكەمە شاری دوبەی! ١. وەنەوشە و کەدیلاک و مۆنیکا: سێ مارکەی ئۆتۆی گرانبەهان، کە زۆربەیان مافیای بەرەبابەکانیان پێ دەناسرێتەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ ڕەخنەگرێک سەبارەت: ٢٥⁄١١⁄٢٠١١ - ھێلسنکی - لاپەڕەی ١٤٦,١٤٧,١٤٨ - نووسین: خالید قادری لەم و لەوت زۆر پرسیوە، ئەم ئازادییەم لە کوێ بوو! تۆ مەراقتە لەوە بگەی، زمانێکی ڕووت و بێکەس، گەڵاگۆشتێک... نەرم و نیان، بێ فریاڕەس، چۆن تا ئێستا پەردەی کۆشکی فیرعەونانی ھەڵدڕیوە؛ چۆن، بێپەروا، بە تەلبەند و دڕکەڵانی سنووراندا تێپەڕیوە؛ کام تەخت و تاج بۆی پشتەکە، کام گیرفان ناوکی بڕیوە! *** مەراق مەخۆ! با پێت بڵێم: کە من ھەردەم قاسەی لاتیم پڕاوپڕ بێ، کە من کۆشک و باڵەخانەی بێلانەییم ھەوربڕ بێ، کە ھەمیشە، چوار وەرزی ساڵ، ھەر ئاودار و بزمارکوت بن ھێشووەکانی ڕەزی خەمم - چۆن ئازادی ڕووم تێ ناکا، نایێ و نابێ بە ھاودەمم؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من و دنیا سەبارەت: ٢٠١٢١/١/٥-ڕیگا - لاپەڕەی ١٤٩,١٥٠ - نووسین: خالید قادری ئەم جیهانە، چەند پیریش بێ، هەموو ڕۆژێ لە هەناویا ماسی گەرا دادەنێن و توولەنەمام پەلداوێن و مەل هێلانەی نوێ چێ دەکەن؛ تەرزی ڕەزان، ناسک ناسک، لەبەر هەتاو خۆ هەڵدەخەن. منیش وەکوو ئەم دنیایەم: بەتەمەندا سەریش کەوم، هەموو ڕۆژێ لە ماڵۆچکەی گیانی مندا زارۆیەکی زیتەڵانە چاو هەڵدێنێ، پێ هەڵدەگرێ و دەشنێتەوە. وردەماسیی خزی خەیاڵ گەرا دەخەن، کۆدێک دەشکێ و گەنجینەیەک دەکرێتەوە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ژین سەبارەت: ٢٠١٢/١/١٣ - ڕیگا - لاپەڕەی ١٥١ - نووسین: خالید قادری ژینی پێش تۆم لە یاد نییە. پێش ناسینت من نەبوون بووم. لەگەڵ تۆدا زمانم گرت چاوم پشکووت سەر پێ کەوتم دارە داره... چۆن باوەڕ کەم بەوەی دەڵێ لە دایک بوون هەر یەک جارە؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئێرەیی سەبارەت: ٢٠١٢/١/١٣-ڕیگا - لاپەڕەی ١٥٢ - نووسین: خالید قادری ئەو ملپێچە بەختەوەرەی هەموو ڕۆژێ لە گەردنی تۆ دەئاڵێ، نازانم چۆن تانوپۆکەی خوێنی گەرمی تێ ناگەڕێ شیعر ناڵێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەیڤ سەبارەت: ٢٠١٢/١/١٤-ڕیگا - لاپەڕەی ١٥٣,١٥٤ - نووسین: خالید قادری لەکەیەوە ئەو قورینگە سپیکەلە گرمۆڵەیە لە پۆلەکەی دابڕاوە؟ بۆچی هێندە بەرزەفڕی؟ بەو میچەوە چۆن و بەچی وا چەسپاوە؟ ڕاوکەر زەویبەدەریان کرد، یا ئەڤینی ئەستێرەیەک بۆ ئاسمانی هەڵکێشاوە؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بلیمەت سەبارەت: ٢٠١٣/١١/٣٠ هێلسنكی-فرانکفۆرت - لاپەڕەی ١٥٥ - نووسین: خالید قادری هەموو دنیا بلیمەتێک بەڕێ دەکا، کە ئەمڕۆ مەرد. خۆ هەر ئەمڕۆش چەند بلیمت هاتنە دنیا، کەس پێشوازیی لێیان نەکرد! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خوا سەبارەت: ٢٠١٢/١/١٤-ڕیگا - لاپەڕەی ١٥٦ - نووسین: خالید قادری بۆ دۆزینەوەی، فەلسەفە و مێژووم هەمووم کێوماڵ کرد، ئێزنگی هزرم ئەوەندە نێڵ دا، دامرد کوڵوکۆی... بێهوودە وام کرد، ئەفسووس گەڕام بۆی، چما دەنکێک لم سەحرا دەبینێ؟ ئۆقیانۆس دیارە لەیەک قەترەی خۆی؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەنگ سەبارەت: ٢٠١٢/١/٢٨- هێلسنكی - لاپەڕەی ١٥٧ - نووسین: خالید قادری کە پێکەوەین ڕووم ڕەنگێک و دوای جوداییش ڕەنگەکەی ڕەنگێکی کەیە: سەیرە کەوا پێکەویی و جوداییمان ڕەنگیان هەیە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شێر و خەت سەبارەت: کانوونی دووەمی٢٠١٢- هێلسنكی - لاپەڕەی ١٥٨,١٥٩ - نووسین: خالید قادری قرۆشێکە دوو لای هەیە: ئەملای نەفرەت، ئەولای نەفرەت. هەر هەڵی دەن! قەت ناگۆڕێ، ناگۆڕێ قەت. جارێک خەت دێ جارێکیش شێر، جارێک شێر دێ جارێکیش خەت. قەت ناگۆڕێ، ناگۆڕێ قەت! *** خەمم هێندەی قەڵای کەرکووک چوارشانەیە، وەک ئوتێلی پئنجئەستێرە قاچاخچییان کەڵەگەتە. چ حەسرەتە! جگەرگۆشەم گەورە نابێ، گیرۆدەی داوی نەگبەتە، وەتی هەیە هەر خەریکی شێر و خەتە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەنجە سەبارەت: کانوونی دووەمی ٢٠١٢- هێلسنكی - لاپەڕەی ١٦٠,١٦١ - نووسین: خالید قادری ئەو کورسییە قرخنانە بۆ لە پەنجەم وا تۆقیون؟ خۆ پەنجەی من نە خەنجەرێک هەڵدەکێشن، نەگولـلەیەک ئاگر دەدەن، نە ڕێچکۆڵەی مێروولەیەک دەڕووشێنن، نە پنجێک گیاش لە خەو دەکەن... مەگەر سووچیان هەر ئەوە بێ، مەراقیانە بە نووکی کوتەقەڵەمێک دیوێک کاغەز بڕەنگێنن بە چیمن و چەم و جێژوان، دیوەکەی دی تژی بکەن لەسەر کێشی، لە سەنگەر و قەڵا و گڕکان! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عەشق سەبارەت: ٢٠١٢/١/٢٧ - هێلسنكی - لاپەڕەی ١٦٢ - نووسین: خالید قادری لە دەستم دێ خۆم وا بشارمەوە، هیچ کەس نەتوانێ پەی بە جێم ببا. کەچی نازانم ڕوو لە کوێ بکەم، داد بۆکێ بەرم... لەپشت هەوارانیش خۆم حەشار بدەم عەشق یکڕکێف دەگاتە سەرم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من و شەپۆل سەبارەت: ٢٠١٢/١/٣١ - هێلسنكی - لاپەڕەی ١٦٣,١٦٤ - نووسین: خالید قادری شەپۆلم دیوە خۆی وا لە کەنار ڕاپسکاندووە، گوتوومە ئیدی ناگەڕێتەوە.. لێ، جار لەدوای جار، دەگەڕێتەوە، بە گوڕتر، بەغار، وای، خوایە گیان، چەند لە یەک دەچین: من لە شەپۆل و ژنیش لە کەنار! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەڕەت سەبارەت: ٢٠١٢/٧/١ - ڕیگا - لاپەڕەی ١٦٥,١٦٦ - نووسین: خالید قادری کیژۆڵەیەک، بەژنێک بۆنی پونگەڵانی دوای ڕەهێڵە، ( زۆر بئ پەروا لەوەی کە دێ... لەوەی دەڕوا... ) بە ناو ژاوەژاوی شارا، شلک شلک شەقام دەبڕێ. ساتەوەختێک وەکوو نۆما نێسکە دەکا، جارناجارێک دەڵێی دەفڕێ... لەسەر مێرگی پاراوی ڕووی خەندەیەکی دیار و نادیار، وەک خۆر هەڵدێ ئاوا دەبێ، ئاوا دەبێ و هەڵدێتەوە. ئاخ، زات ناکەم لێی بپرسم، دەچێتە ژوان یا دێتەوە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەهەشتی ئێرە و ئەوێ سەبارەت: ٢٠١٢/٧٢/٢٦-ڤیلنیوس - لاپەڕەی ١٦٧,١٦٨ - نووسین: خالید قادری نیشتمانم، کە بەهەشتی سەر زەوی بێ و هەر بستێکی ئاسمانەکەی بۆ باڵندان نەکەم بە نوا هەر گردێکی خاک و خۆڵی نەپارێزم وەک پەرجۆی خوا، هەر تۆزقاڵێک لە هەواکەی هەڵنەکێشم وەک خەڵاتێ... ئیتر خوا لەو دنیا بۆ بەهەشتێکی دیم بداتێ؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گرێ سەبارەت: ٢٠١٢/٧/٢٧ - ڤیلنوس - لاپەڕەی ١٦٩,١٧٠ - نووسین: خالید قادری چرکەیەکە سوورتر لەوەی تۆفان هەڵسێ، زارکی گڕکان بلرفێنێ، بوومەلەرزە بە دوند بگا و ڕیشەی گەردوون ڕاچڵەکێنێ... چرکەیەک هاوتای نییە، ئەگەر مێژووی دڵەکوتێی چاخەکانیش 'لە سپارتاکڕا تا گیڤارا' ١ پەڕ لەدوای پەڕ هەڵدەیتەوە... چرکەیەکە: ئازیزەکەت وەردەچەرخێ، تا تۆ گرێی مەمکبەندی بکەیتەوە! ١. سپارتاک: سپورتاکۆس(١١١-٧١پ ز) سیمبولی ئازادیخوازان و سەرکردەی کۆیلە ڕاپەڕیوەکان دژی دەسەڵاتی ڕۆما. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەزەڵوەر سەبارەت: پایزی٢٠١٢-هێلسنکی - لاپەڕەی ١٧١،١٧٢ - نووسین: خالید قادری درەخت و با تێک ئاڵاون. هەندێ گەڵا، وەک بۆ چینە، بێ دوودڵی هەڵدەنیشن، تەنگەتاون... هەندێکیشیان جارێک، دووجار، بە هەواوە جینگڵ دەخۆن، چەرخە دەدەن... شل و خاون... ئاخ، نازانم با بە گەڵا چ دەژمێرێ: ڕۆژانێ چووم، یا ئەوانەی هێشتا ماون! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عاقڵبوون سەبارەت: هێلسنكی ٢٠١٢/١٢/١٨ - لاپەڕەی ١٧٣,١٧٤ - نووسین: خالید قادری وا ژین بەسەرچوو، هەر عاقڵ نەبووم، بۆ وات ئەفراندم خودای فریادڕەس؟ بۆ کەسێک سەری کای تێدا نەبێ، سنوور و دەوڵەت، نەخشە و ئاڵا چەس! کەسێک عاقڵ بێ هونەر دەنوێنێ، لە شاخان لەسەر خوێن کڕ دەکەوێ، لە بەغدا کورسی و پارە هەڵدێنێ! عەگال لەسەر و زمان دەبەستێ، بە قوون دەپەیڤێ و بە دەمیش دەتڕێ، لێمان دەبێتە تەها جزراوی! ١ * سەرکردەیەکی پارتخێڵێک گوتی' مرۆی عاقڵ' باسی دەوڵەتی کوردی ناکا! ئەمە مافی خۆیەتی، بەڵام دەبوایە ٦٠ساڵ پێش ئێستا ئەمەم پێ بڵێ! ١. تەها جزراوی: زۆڵەکوردێک بوو لە سەرکردایەتیی حیزبی بەعسدا. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سووپەرمان سەبارەت: كانوونی دووەمی ٢٠١٣ - هێلسنكی - لاپەڕەی ١٧٥,١٧٦ - نووسین: خالید قادری من سووپەرمانێک دەناسم: وەك لەقـلەق لانەپەروەرە. چەشنی گورگ عاشقـێكی هەتاسەرە. ١ هەنگ ئاسایی لەخۆبـووردە و نەخـشكارە. نەفسی بەرزە وەک پـشیـلە، سەگ ئاسایی ئـەمـەكـدارە. وەكوو مانـگا بـەخـشنـدەیە، هێندەی چوارپێ خۆڕاگـر و بەدەمارە. من سووپەرمانێک دەناسم، پـێغەمبەر نا، بەڵام پەرجۆی كردگارە! ١. دێڵە و گۆڵەی گورگ تاسەر دڵسۆزی یەكترن و دوای نەمانی یەكێكیان ئەوی دی، تا مابێ، بێ 'هاوسەر' ژیان بەسەر دەبا! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: كەركووک سەبارەت: كانوونی دووەمی ٢٠١٣ - هێلسنكی - لاپەڕەی ١٧٧,١٧٨,١٧٩,١٨٠,١٨١ - نووسین: خالید قادری ‍ ئەوەی لەملا (قودس)تان بوو، لەولاش (دڵ)تان١ وا لە سایەی تەخت و تاجی ناو زبڵتان بۆتە مانگای هەمیشە گوان پڕ نەوت و خوێن، بژیوە بۆ قەوچەقەوچ و كەفوكوڵتان! * چما كەركووک چۆتە سەر مانگ تا بێتەوە، یا سوورگومە وەكوو مێشكی قانگ و بڵتان! كەركووک ڕەگە و دانابڕێ، خۆتان لە ڕەگ دابڕاون، لک بە لک و چڵ بە چڵتان. * گڕكانی ڕک هاتۆتە جۆش، ڕک لە خۆتان، لە كاژەڵەی كەللـەی كلۆر، لە فایلتان لە پردی سیراتی دێگەڵە*، لە بارەگا و بنكە و منكەی سەرمەڕمەڕی بنكاولتان ڕک لە شوورەی باخ و مەزرا، لە دیواری حەرەمسەرای بێژماری قل بە قلتان لە پۆزلێدان، لە زمانی لووشكەوەشێن، لە گفتاری بێ هەوساری كاڵ و كولتان *** كەی بەرۆكمان بەردەدەن، كەی: حیلكەحیلک و موسەلسەلی كۆبوونەوە و گەردوخولتان؟ كەی دوایی دێ زرمەزلێی 'تۆم و جێری'²، پایدۆست دەكا گرمەی ئاشی چەنەی شلتان؟ كەی شاشەكان دەسێنەوە لە دەستگێڕ و دەڵاڵانی دەرپێی مێژووی گەڕ و گولتان؟ دوای چارەتان بە سەد ساڵیش دەرباز نابن ئاو و هەوا لە دووكەڵ و تەپكە و سلتان. شیعر ناڵێم، زاربەند بۆ دەم دەهۆنمەوە، شیش بۆ قەفەز دادەڕێژم، تۆق بۆ ملتان. ڕەگی حەمرین وا جۆش دەدەم، بقریشكێنێ: 'گوو بە خۆتان، گوو بە ماددەی سەدوچلتان' ١. قودس و دڵ: دوو زاراوەی پڕوپووچی ئینشایین، بەرەبابەکان بۆ کەرکووکی بەکار دەهێنن بۆ فریودانی گەلی کوردستان لە لایەک، لە لایەکی دی، بۆ خۆدزینەوە لە بەکارهێنانی زاراوەی گردەبڕ و بێپەناوپێچی سیاسی. دانانی کەرکووک بە 'قودس' کفری موتڵەقە و مانای دەستهەڵگرتنێکی ئاشکرایە لێی. ئەم دێڕە دەبێ زۆر بە سووكی بخوێندرێتەوە، بۆ ئەوەی بە لەنگی نەگاتە بەر گوێ. ٢. تۆم و جێری: زنجیرە كارتۆنێكی بەناوبانگی زارۆیانە. تۆم پشیلەیە و جێری مشكە. بەزمی نیو سەدە زێتری 'تۆم و جێری'ی کوردستان خوێناوییە و شانۆکەی وڵاتێکی بندەست و لەتلەت و داگیرکراوە، نەک سینەما. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دۆزینەوەت زۆری پێچوو سەبارەت: ٢٠١٢/١/١٦- هێلسنكی - لاپەڕەی ١٨٢,١٨٣ - نووسین: خالید قادری دۆزینەوەت زۆری پێچوو. هەر ڕۆژێکی شۆپهەڵگرتن بۆ من وەکوو تەمنێک بوو. هەنووکانەش چۆڕێک عومر و چڵێک ژینە ئەوەی هەمە... دڵنیا بە، بۆ بێزاری و لێکترازان تەمەن کورتە و ژینێک کەمە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دار سەبارەت: ٢٠١٣٢/٢١٢ - ڕیگا - لاپەڕەی ١٨٤,١٨٥ - نووسین: خالید قادری لە خۆم عاشقتر هەر دار شک دەبەم، هەر دار، دار و بەس. ئەو ئامێزی خاک بەرنادا و نادا، گەر داشێپاچن... ئاگریشی دەن... هەتا دوانەفەس... نە دفڕێ و نە دەڕوا، نە دڵ دەگۆڕێ، نە گازەندەیەک دەکا لای هیچ کەس. لە خۆم عاشقتر هەر دار شک دەبەم، هەر دار، دار و بەس! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من ناترسم سەبارەت: ڕیگا-٢٠١٣/٤/٢ - لاپەڕەی ١٨٦,١٨٧ - نووسین: ڕێزان عەلیپوور من ناترسم نەوەیەک بێ لە یادم کا. دەربەستیش نیم ئەگەر شیعرم بەرگەی خۆری ڕۆژگار نەگرێ، هێندەم بەسە ئەم جەنگەڵە دەرپێدڕە جێ بهێڵم و تف لە کێلی گۆڕم نەگرێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خۆپەرەستی سەبارەت: ٢٠١٢/٤/٢ - ڕیگا - لاپەڕەی ١٨٨,١٨٩ - نووسین: ڕێزان عەلیپوور ژینم هەمووی سەرکێشی بوو. کە دەشمرم مەمشارنەوە، لەسەر زەوی درێژم کەن. دڕێژم کەن، هەر بە ڕووتی... وەکو ئادەم... با بۆ دواجار سەرکێش بم و خۆم لە داب و نەریت لادەم: من دەمەوێ سەرانسەری زەوی ڕاخەم ئاسمان خڕی بە خۆم دادەم. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاسمان و چاو سەبارەت: هێلسنكی ٢٠١٢/٥/٦ - لاپەڕەی ١٩٠,١٩١ - نووسین: ڕێزان عەلیپوور ئاسمان هەردەمەو ڕەنگێکە: شەوێک تارە، شەوێک ڕەخشان... سبەینەیەک تەم گرتوویە، ئێوارەکەی دادەکاتە خشڵباران بێنێک هەوری خۆڵەمێشە، بێنێکی دی پێلی کەف و زیوی قاڵە - کەچی چاوی ئازیزی من وەتی دیومە هەر ساماڵە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کاریکاتێر سەبارەت: ٢٠١٣/٧/١٩ - ڕیگا - لاپەڕەی ١٩٢ - نووسین: ڕێزان عەلیپوور لەسەر کورسی دانیشتوون دانیشتوون و نازانن کورسیی بنیان بەڵایە کە دەڕۆن خل دەبنەوە، زگ لە پێش و قوون لە پاش، وەک پاسکلی سێتایە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ ڕەسووڵ گەردی سەبارەت: ٢٠١٢/٢٠١٢ - کوردستان-فینلاند - لاپەڕەی ١٩٣,١٩٤,١٩٥,١٩٦ - نووسین: ڕێزان عەلیپوور جامانەکەی فڕێ مەدەن! چاوەڕێ کەن، تا ئەو ڕۆژەی دەبێ بە تاج. پشتێنەکەی بپارێزن! با نەڕەنجێ کەسکوسۆری پاش بارانی دەشتی قەراج. *** چەک و خشڵی کامە کۆگای شانزێلیزێی جوان و بەدەو١ دڵڕفێنە وەک بازن و گوارە و خەزێم، وەک لاسەرەی نازداری ئەو؟ کۆشک و سەرای کام چاری ڕووس، شانشینی کام خانی چین گوشادترە لە کەپرەکەی سەری سەفین؟ کامە وەستای دەستڕەنگین و وریای فەڕەنگ ژوانگەیەکم بۆ چێ دەکا لە سوورەگوڵ و سۆتکە و ڕێحان، لە خاسەڕەنگ؟ دوای چەتیمە حەیرانی ئەو، بۆ برینی ئەوینداران، کام دەرمانساز، کام جادووکار، دێ هەتوانێک بگرێتەوە لە ئارەقەی زەردمەمکان و تۆزی هیزار؟ کام دیدەنیی ژوانگەیی بەرخۆر، کام راز و نیاز، کام تێکئاڵان... خوێن گڕ دەدا وەکوو سرتەی پەنا چیغ و ناو ڕەشماڵان! شنەشنی لەش و لاری کام مۆدێلیار، کام گوڵبەدەم، تەمی بەرچاو ڕادەماڵێ و لەسەر دڵان هەڵدەگرێ خەم، وەکو ڕەوتی ئەو قورینگەی چاوی ڕەشی بڵند نابن لە بەر پەرچەم! ١. ئەم هۆنراوەیە چەند هێمایەکی حەیرانەکانی ڕەسووڵ گەردیی تێدایە و حەیرانندۆست یەکسەر هستیان پێ دەکا. شانزەلیزێ: بولڤارێکی هەرە جوانی پاریسە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاڵوودەیی سەبارەت: ٢٠١٣/٨/١٣ - ریگا - لاپەڕەی ١٩٧,١٩٨ - نووسین: ڕێزان عەلیپوور چەند جار خۆم تاقی کردەوە بێ تۆ بژیم، سەرهەڵگرم تەنیا و سووکبار، نیشتمانێک بدۆزمەوە بێ پەرژین بێ، بێ دەمبێن و دەرگە و دیوار... کەچی، هێندە دەستەمۆتم، وا بە دیلی چەشت کردووم، هەرکە بێ تۆم، باڵدارێکی سەراسیمەی بێ پەڕوپۆم، ئۆقرەم نییە، لە قەفەزێک ڕەها دەبم، بۆ ئەوی دی بەلەز دەڕۆم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خۆزگەیەکی درەنگوەخت سەبارەت: ٢٠١٢/٨/١٦-ڕیگا - لاپەڕەی ١٩٩,٢٠٠ - نووسین: ڕێزان عەلیپوور نێوان عەشق و نەیاریمان هەودایەک بوو. نە پێکەوە هەڵمان دەکرد، نە بێ یەکتر دەمانتوانی، بە ئاورینگێک هەڵدەگیرساین، دادەمرکاین بە تنۆکێک دلۆڤانی! هەندێ جاران، وەک دوو زارۆ، لەسەر هیچ و هەر لەخۆڕا، وا لە یەکتر دەهری دەبووین، چاومان گڕ و لالێومان کەفی دەردەدا. دەستبەردانمان هەر جارێک و یەکجاری بوو، خۆزگە دەستمان هەموو ڕۆژێ لێک بەردەدا! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تۆفان سەبارەت: ٢٠١٣/٩/٢٨ هێلسنکی - لاپەڕەی ٢٠١ تا ٢٠٧ - نووسین: خالید قادری دە دابەزە، مایەسیریت هەڵتۆقیوە، کورسیی بنت کرم و کەڕووی هەڵهێناوە... داگەڕێ لەو شانشینەی بە هەواوە وەک ئەژدیهای سەر خزێنە لە بۆسەیە و هەرڤچاوێکی هەزار چاوە. * دە دابەزە! تەماشا کە، چۆن کەمتیارە دەرپێدڕ و قاسەبڕ و بە گۆشتی خاک مڕەکانت تێم ئاڵاون؛ ببینە چۆن چنگ و کەڵبەی سیم و تەلبەند بەژنی دەشت و شانی شاخ و دەمی دۆڵیان هەڵدڕیوە؛ دە بپرسە، گوڵەگەنم بۆ تۆراە، کێ ساماڵی زەردەخەنەی هەڵبڕیوە! دە دابەزە! دە چاویلکەی ڕەش وەلانێ، دەست لە ملی کورسی کەوە، بۆڕی و تانکەر لە یاد بکە چاوقوچانێ! دڕ بە ئاڵقەی زوڕناژەن و لێپۆکان دە، دە لڤینێ، دە تەکانێ... بەس گوێ هەڵخە بۆ ئەوانەی چیا بە بای زگ تەخت دەکەن، بۆق دەکەنە قارەمانێ. زۆر نا، جارێک کاروانی جامڕەشەکانت جێ بهێڵە و پێی پیرۆزت لەسەر زەویی جلشڕ دانێ. بە جادەیەکدا گوزەر کە تاسەی تیا بێ، بادەرەوە بۆ گەڕەکێ، بۆ کۆڵانێ. گوێ ڕادێرە بۆ وەڕینی موەللیدان، ١ بڕۆ سەیری قژڕنین و لەخۆدانێ. دە لڤینێ، دە تەکانێ... زۆر نا، جارێک، دێڕێک شیعر بورینگێنە، دەست درێژ کە بۆ داستانێ... پێمەڕەیەک لە خاک گیر کە، خشتێک لەسەر خشتێک دانێ. * دە دابەزە، دە چاویلکەی ڕەش وەلانێ. وا تۆفانێک بەڕێوەیە، چ تۆفانێ! تۆفانی هەزارەزیلەی گەدەی برسی و مستەکۆڵەی ڕوو لە کورسی و ڕووی وەک خەزەڵی خەزانە تۆفانی کۆتەرەی دار و پەردووی زنج و پەڕ و باڵی هەڵوەریوی ڕەوەزانە؛ تۆفانی کراسی ڕەش و گرمەی هەرەسی بێدەنگی و قرمەی دەرگەی قەفەزانە؛ ئەو تۆفانەی من دەیبینم گوێچکەی نییە بۆی بخوێنی، لینگی نییە سندمی کەی، قاسەی نییە تێی بئاخنی، ملی نییە لە داری دەی! چی لێ دەکەی؟ دە پێم بڵێ چی لێ دەکەی؟ تۆفانێکە و هەر مل دەنێ: دەمی نییە، تا بە پارووی بەرماوەی خۆت قەپاتی کەی! قوونی نییە، تا بە کورسیی کاغەزینت خەڵاتی کەی! دە دابەزە، دە داگەڕێ، دە چاویلکەی ڕەش وەلانێ وا تۆفانێک بەڕێوەیە، من دەیبینم، چ تۆفانێ! ١. مووەللیدە: گەنەراتۆر، ژێنێراتۆر، دینەمۆ، وزەساز، کارەباساز، وشەیەکی عەرەبییە و لە باشوور بەکار دێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە یەکەم جار من ئاشق بووم... سەبارەت: ٢٠١٣/١٠/٢٩ - هێلسنکی - لاپەڕەی ٢٠٨,٢٠٩ - نووسین: خالید قادری کە یەکم جار من ئاشق بووم دڵی سپیم، سپی سپیم، لە پێک بەفری یەک شەوە بوو. کە یەکمجار من ئاشق بووم، دڵی گەرمم، گەرم گەرمم، پەندێکی ڕۆۆتی گەش بوو. کە یەکەم جار من ئاشق بووم لەش هەمووی گیان، بیانیش لەش بوو. دنیا تازە سەرپێ دەکەوت، پشکۆ بەفر و بەفر پشکۆی لە باوەش بوو! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شینبوونی ماچ سەبارەت: ٢٠١٣/١١/٩-هێلسنکی - لاپەڕەی ٢١٠,٢١١ - نووسین: خالید قادری شەوێک جەستەی ئافرەتێکم بە ماچ داچاند: دەشتی ئەنی، نەرمانی مەچەک و بەلەک، لەپی کەژۆک، دەوراندەوری بەراوی لێو، گرد و نواڵەی سنگ و بەرۆک، خەت خەت وەردی هەر بیست پەنجە، قوڵگە و زوورگی ڕەفیسک و چۆک... *** نیوەشەوێک لەم شەوانە بۆ قاڵچیەک شیعرێکی نوێ تەونم دانا، کە دڵیژگەم ئۆخژنی هات، کە تەواوبووم لە چنینی، سەرم سوڕما، لەسەر کاغەز ماچ شین ببوون، نەخشینترین ڕەز و باخی دنیام بینی! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دکتاتۆر سەبارەت: ٢٠١٤/٣/٢٠ - هێلسنکی - لاپەڕەی ٢١٢ - نووسین: خالید قادری سەد مەخابن، لە مەڵبەندی پەریزدان پیاو ئەوەندە گیانمردەڵە و دڵپەڕپووت١ بێ: بمرێ و جارێک نەچێتە ژوان، هەر ئاشقی کورسییەکی ڕەقوڕووت بێ! فەرهنگۆک ١. دڵپەڕپووت: پەڕپووت، شڕوو، نابووت، لەبەریەک هەڵوەشاوە و بێوەج و لە کەڵک کەوتوو/دڵپەڕپووت: دڵپەرێشان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گوللە و شیعر سەبارەت: ٢٠١٢/٦/٢٦ - هێلسنکی - لاپەڕەی ٢١٣,٢١٤ - نووسین: خالید قادری ئەرێ بەڕاست، کە شیعری من دەخوێنەوە، لێرە و لەوێ، هەوار دەخەن؟ چەخماخەی چاوم دەبینن؟ هەست بە شواری دەنگم دەکەن؟ بە گوڕترە لە گورپەی دڵ، لە فڕکەفڕکی لێدانی... بەڵام چبکەم، کە ڕۆژ ڕۆژی گوللە و نەوتە، نەک چنینی شیعر و جوانی! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یەکەم سەبارەت: ٢٠١٤/٦/٢٧ - ڕیگا - لاپەڕەی ٢١٥,٢١٦,٢١٧ - نووسین: خالید قادری دووەم و سێیەم و چەندەم... وەک بیی بەر با شڵەژاوان، بە خیشەخیش، بە خنەخن لەوەی یەکەم ورووکاون. هی یەکەمیش ئەم پێی، ڕەگڕەگ، بە زاگرۆسا ئەوەی دیکە، دەماردەمار، بە تورووسا ڕۆچۆتە خوار. خوا دەیناسێ، خۆر دەیناسێ، خاک دەیناسێ و گرتوویەتی. نە با دەیخا، نە ئاو دەیبا، نە دەشسووتێ لە ئاگرا، جوودی دڵێ: 'کە کەشتیی نووح گیرسایەوە و لووتکەی منی بۆ ڕاخرا ئەوەی یەکەم لە دایک بوو، هەر لە داری کەشتیی نووحیش بێشکەی ژینی بۆ چێ کرا. ' ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دووڕیان سەبارەت: ٢٠١٤/٦/٢٨ - هێلسنکی - لاپەڕەی ٢١٨,٢١٩ - نووسین: خالید قادری شێتم، شێتی کەشتی و شەپۆل، شێتی تەم گراڤ و گۆل، شێتی نەوڕەس، شێتی دەریا... نازانم چۆن بیانبەم و هەڵێانڕێژمە داوێنی چیا! *** شێتم شێتی چیای مەفتەن، شێتی نسێ و دوند و یاڵی. شێتی شەو وڕۆژی ئەوێم، شێتی هەرچوار وەرزی ساڵی... هەر چاوڕێم بەڵکوو ڕۆژێک پەرجۆیەک، هێزێکی دادڕەس، بیانهێنێ، بیانکاتە هاوسێی دەریا و تەم نەوڕەس! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پۆستەچی سەبارەت: ٢٠١٤/٧/٢٨-هێلسنکی - لاپەڕەی ٢٢٠ - نووسین: خالید قادری لە ڕێی نێوان پەنجەکانتا لێوم لە هاتوچۆدایە. پەیامی ئەوە بۆ ئەو دەبەم، هەواڵی ئەو بۆ ئەم دێنم، بەسەریاندا پردێک لە ماچ هەڵدەبەستم، بە یکتریان دەناسێنم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەیاڵدان سەبارەت: ٢٠١٤/١١/١٤ - ڕیگا - لاپەڕەی ٢٢١ - نووسین: خالید قادری شیعر چنین هیچی ناوێ، نە سێبەری عەرشی سەر لم، نە تەلار و پووڵ و پایە. هێندەم لۆكەی خاوی خەیاڵ هەڵچنیوە سەد ساڵی دیش بنی نایە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەلەفۆن سەبارەت: ٢٠١٤/١٢/٢٥ - هێلسنکی - لاپەڕەی٢٢٢ - نووسین: خالید قادری کاتێ دەنگت، وەک مێرگۆڵەی بەر شنەبا، بۆنپۆش دەکا سەرانسەرم، گیان باڵ دەگرێ و جێ دەهێڵێ تۆڕی جەستەی تەنگەبەرم وای، سیحری دەنگ چی لێ کردووم، بە دەرچوونی گیان لە جەستە بەختەوەرم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شاعیر و ئاسمان سەبارەت: ٢٠١٤/١٤/٢٧ - هێلسنکی - لاپەڕەی ٢٢٣,٢٢٤,٢٢٥,٢٢٦,٢٢٧,٢٢٨,٢٢٩ - نووسین: خالید قادری دەنگێک هات لە ئاسمانەوە، شریخاندی دەنگدانەوە. 'هەڵسەن لە خەوە، گەلۆ، وەرن، زەوی و سامان هەمووی بەرن. برابەش بن، مرۆی ڕەند بن، لە خێروبێر بەهەرەمەند بن. ' * حەشەمات هات لە گشت لاوە، لافاوی نووحە و هەڵساوە! ئەمیان زەوی بە پیت و فەڕ، ئەویان شوێنی باش بۆ لەوەڕ، ئەم ڕەزێکی برد، ئەو باخێ، ئەم جەنگەڵێ، ئەو وڵاخێ... گەورە بچووکی سەرکوت کرد، سمێڵ کزی و بسکی مت کرد. ئەوەی هەبوو، پێدا پێدا، زەبربەدەست گەسکیان لێدا. *** درەنگانێ شاعیرێک هات، بزگوڕ١ لەبەر، بنێس و مات، دیتی ستەم ڕەگ دەردەکا، ماسوولکە حوکمی سەر دەکا دیمەنەکە هێند کاری بوو دنیای لەبەر چاو تاری بوو، ئیتر گڕی سەرەڕۆیی سەرتاسەری گرت و ڕۆیی *** لەودیو مۆڵگەی هەورانەوە هاتن دەنگ و دەنگدانەوە: 'ئەی شاعیری یاخی کڵۆڵ، تاکەی تووڕەیی و بوڵەبۆڵ؟ سووچی خۆتە بێ دەسکەوەتی بۆ تا زوو بوو دەرنەکەوتی؟ ! بۆ بەو هەموو سوێ و دەردەوە بیرت لە خۆت نەکردوە؟ ! ئیستاش مادام و چاوتێری هێندە مێرخاس و جوامێری مادام شیدای ڕیی هونەری، ترکەدنیا و دادپەروەری، بڕیارم دا خەڵاتت کەم، بێ کێشە و شاتەشاتت کەم: ئەستێرە و مانگ، هەور و هەوا، گشتیان بۆ تۆ دەبنە نەوا، قید و گۆچان واژۆ دەکەم، لەسەر تۆیان تاپۆ دەکەم بەیەک داڵغە، یەک شەقەی باڵ، ببڕە ڕێگەی هەزاران ساڵ، چیت داوە لە زەویی وێران، بێ خۆت بڕۆ ناو ئەستێران! ' * ئەم هۆنراوەیە، وەرگێڕان نییە، بەڵام کرۆک و بیرۆکەی خزمایەتی لەگەڵ' دابەشکردنی گۆی زەوی' ی شاعیری ئاڵمان شیللەر(١٧٥٩-١٨٠٥)هەیە: 'die teilung der erde' فەرهەنگۆک: ١. بزگوڕ: جل و جینکوڕ، پاتاڵ، سیپاڵ، ڕینگۆڵ، تیتۆڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شادەمەرگبوون سەبارەت: ٢٠١٥/١/٤ ڕیگا - لاپەڕەی ٢٣٠ - نووسین: خالید قادری كە لێم ون بووی بەرگەم گرت و خۆم ڕاهێنا، لێ تۆ بڵێی، ئەگەر ڕۆژێک بتدۆزمەوە، بەرگە بگرم؟ ترسم هەیە، گەر بتبینم، شادەمەرگی بكرتێنێ دەزووی عومرم! فەرهەنگۆک: شادەمەرگبوون: مردنی کتوپڕ لە خۆشییان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەریا سەبارەت: ٢٠١٥/١/٨ - ڕیگا - لاپەڕەی ٢٣١ - نووسین: خالید قادری تێ ناگەم بۆ، کە تەماشای دەریا دەکەم، هەموو جارێ، وا دەزانم ئاسمان خۆی ڕووت کردۆتەوە و کراسی کەوتۆتە خوارێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ سیگمۆند فرۆید سەبارەت: ٢٠١٥/١/٨ - ڕیگا - لاپەڕەی ٢٣٢,٢٣٣ - نووسین: خالید قادری بۆ ئافراندن - شاعیرێک داو داو دەزووی خەیاڵ ڕایەڵ دەکا، موزیکژەن ژێ دەخرۆشێنێ، نیگارکێشیش ڕەنگ هەڵدەکا... ئەی ئەو خەونە لاملانەی هەموو شەوێک تێم دەورووکێن؟ لە تۆرمەی کام هەسارەن؟ لە کوێوە دێن؟ کام شاقەڵەم دەیانچێنێ؟ کێ مۆنتاژی لە ئەستۆیە؟ بە دیکۆری کام جادووکار وا دەنەخشێن؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پشکەجیقنە سەبارەت: ٢٠١٥/١/١٧ - لاپەڕەی ٢٣٤ - نووسین: خالید قادری ئەڤینداری ئەستێرانم، چ ئەوانەی دادەوەستن، چ ئەوانەی ڕادەخوشێن سەوداسەری هەموویانم، مردەڵە بن یا درەخشان: بەڵام تف لەو ئەستێرانەی، پشت لە شنگال بوون بە پشکەجیقنەی سەر شان! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کزەبا سەبارەت: ٢٠١٦/٢/٢١ - هێلسنکی - لاپەڕەی٢٣٥,٢٣٦ - نووسین: خالید قادری کزەبایەک شەوی پایز سەرادووی نا. بۆ کەمۆکەیەک گەرمایی بە ئاستەم لە پەنجەرەی دا، شەو درەنگ بوو، نەمکردەوە. جاری دووەم، جاری سێیەم، جاری بیستەم... گوڕی بەست و زریکاندی و لێی دایەو خۆم نەبان کرد، بۆ دنیای خەو خیاڵاتم پێچایەوە. بۆ بەیانی کە سەیرم کرد، جێچنگۆڵەی جانەوەرێک لەسەر جامی پەنجەرەکەم بەجێ مابوو، . ماڵوێران خۆم! ئەوەی بە بای تێگەیشتم، گیاندارێکی سەراسیمەی بێنەوا بوو! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خۆزگە سنگم ماڵێک دەبوو سەبارەت: ٢٠١٥/٧/١٢ - تالین-ڕیگا - لاپەڕەی ٢٣٧ - نووسین: خالید قادری خۆزگە سنگم ماڵێک دەبوو، وەک هەرماڵی. ئەوسا دڵی کەنەفتی خۆم ناچار دەکرد، شەوێک، ڕۆژێک، هەرنا... بەینێ... خۆی لە شاخ و شاخنشینان ڕاڕفێنێ بێتەوە نێو ماڵێژگەی خۆی، سەرخەوێکی قووڵ بشکێنێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کورتەبەرسڤ سەبارەت: ٢٠١٥/٨/٦-تالین-ڕیگا - لاپەڕەی ٢٣٨ - نووسین: خالید قادری بەڵی، من وام من دەهۆڵم، تەپڵم، دەفم دەگرمێنم بێپەرواتر لە بێپەروا... تا ستەمکار توندتر لێم دا گرمەگرمم دوورتر دەڕوا! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەو هاتووە خەم بزرە سەبارەت: ٢٠١٥/٨/١٢ - ڕیگا - لاپەڕەی ٢٣٩,٢٤٠ - نووسین: خالید قادری شەو هاتووە خەم بزرە! خەم بزرە و ئاوازێکی دەمامکدار، تاوناتاوێ سەرەتاتکێم لەگەڵ دەکا و ئاورینگ داوێ. ئەی خەم لە کوێی؟ زوو بە، وەرە! شیعری سێویی بێ تۆم ناوێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چنگێک خۆڵ سەبارەت: ٢٠١٥/١٠/١٠-ڕیگا - لاپەڕەی ٢٤١,٢٤٢,٢٤٣ - نووسین: خالید قادری خەزنەی ماڵم خەزنێک خۆڵی نیشتمانە. عەیامێکە لەسەر دەستی ئەو دەخوێم. دەچمە کنی، گوێ لە ترپەی دڵی دەگرم، دوگمەکانی دەمی دیرۆک دەترازێنم، بۆنی کەزیی حەووا دەکەم، جێپێی ئادەم دەشۆپێنم. ئەمڕۆ بۆنم کرد و گوتم: 'دەزانم تۆ، ئازیزەکەم، چ دایکێکی مێهرەبانی! ئاگام لێیە، ئەوەی هیچ کەس پەی پێ نابا، تۆ دەیزانی. بەڵام چبکەم؟ جارناجارێ، بانی سەر دڵۆپە دەکا و پڕسیار، تک تک، دێنە خوارێ: ئەرێ بشێ، کە دەمرین و دەماننێژن، گشتمان وەک یەک بلاوێنی لە هەناوتا؟ ! ئاخر ئەوەی، ڕۆژێ سەدجار، سووژن دەکا بە گلێنەی خۆرەتاوتا، دەتخاتە بن زیناکاران، هەڵدەمیزێ بە ئاگر و هەوا و ئاوتا، چۆن یەکسانە بەو ئاشقەی دەستەملانی مەرگ دەبێ لە پێناوتا! ' ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مردن سەبارەت: ٢٠١٥/١١/١٧ - ڕیگا - لاپەڕەی ٢٤٤ - نووسین: خالید قادری چ ڕازا بم، چ بەئاگا، چ سوارە بم، چ لەسەرخۆ هەنگاو بنێم بەسەر خاکا- تاپۆی چاوێکی بێ پێڵوو سات بە ساتم بۆ دەژمێرێ، هەنگاوێکم لە یاد ناکا! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: داهێنان سەبارەت: ٢٠١٥/١١/٢٦ - هێلسنکی - لاپەڕەی ٢٤٥,٢٤٦ - نووسین: خالید قادری هەندێک شەوان، کە تاریکی دەبێتە ڕووبەندی زەمین، دەست دەدەمە چەکی خەیاڵ، لە بێدەنگی دەچمە کەمین. خۆم دادەگرم، تا ئەو ساتەی خامۆشییەکی گەوهەربار دێتە بەر سێرەی خەیاڵم کە هات، ئەوسا هەرچی خشڵی ئاواز هەیە، هەموو لەبەر دادەماڵم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەرجۆ سەبارەت: ٢٠١٥/١٢/٢٧ - ڕیگا - لاپەڕەی ٢٤٧,٢٤٨ - نووسین: خالید قادری چۆن نابینا بەتەمایە خۆر تەنۆکێک ترووسکاییی بۆ بنێرێ، چۆڵگەڕێکی سیسهەڵاتووش بە عەزرەتە ڕێ بیباتە سەر کانییەک، یا زەنوێرێ_ منیش دەژیم بەو هیوایەی، هێمایەکی خۆشەویستی لە دەمتەوە هەڵبدێرێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تا لێک جودا نەبووینەوە سەبارەت: ٢٠١٦/١/٢ - هێلسنکی - لاپەڕەی ٢٤٩,٢٥٠ - نووسین: خالید قادری تا لێک جودا نەبووینەوە نەمدەزانی دڵگیرترین یاسەمینجاڕ جێی لە نواڵەی١ ناولەپێکدا دەبێتەوە. نەمدەزانی نیگا هەیە چوار وەرزی ساڵ رەنگ بۆ هەور و دارستانان دەگرێتەوە. تا لێک جودا نەبووینەوە نەمدەزانی: لەودیو شوورەی بێدەنگیتا شکۆدار بووی چەشنی دەفەی سینگی چیا، بێپەیتر بووی لە مێژووی خەم سادەتربووی لە لاسکە گیا.. نەمدەزانی: من ئادەمی ناو بەهەشت بووم لەگەڵ یەکەم ژنی دنیا! فەرهەنگۆک: ١. نواڵە: شیوەڵە و دۆڵی بچکووک. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: كەتیرە و كورسی سەبارەت: ٢٠١٦/٣/١٩ - هێلسنكی - لاپەڕەی ٢٥١,٢٥٢,٢٥٣ - نووسین: خالید قادری من گەواهی دەدەم، ئەوان، خاكی و سادەن، تەركە دنیان گەر بەوان بێ، هەر بە گاڵ و هەرزن دەژین، تووڕەن بەوەی ژێرزەمین و قاسە و باخەڵ بە گەنجینەی قاروون تەژین. تووڕەن بەوەی، هەر لەخۆوە، گرد و بنار، وەرد و بەیار، بە قودرەتی حەزرەتی فیل بۆیان دەبنە مەزرا و تەلار! من گەواهیی ئەوەش دەدەم، گەورەكانمان حەز لە چارەی كورسی ناكەن شلوكوت بوون هێندەی كون بە كون لێی ڕاكەن، بەڵام چبكەن؟ كورسیی ئێمە وەتی هەن وان، منجڕترین مەخلووقی خوان! بەدڕەفتار و بێبەڵێنن هەر كەتیرە دەدەڵێنن بیژین، لۆتین، داوێنپیسن، پاشەڵپەرست و نەگریسن، هیچ و پووچ و حەرامزادەن قوونێک بگرن، بەری نادەن! فەرهەنگۆک: تەرکەدنیا: دوورەدنیا، كەسێک كە پشتی كردبێتە دنیا و خۆشگوزەرانی، زاهید. گاڵ: لە خێزانی دانەوێڵەی هەرزنە، نانی لێ نایە، بەڵام دەشێ لەبەر هەژاری مرۆڤ ئەو دانەوێڵانە بکاتە نان. پێم وایە ئەوەی لە هەولێر و دەوروبەری پێی دەڵێن 'گاگۆز' هەمان شتە، یان لە هەمان خێزانە شلوکوت بوون: شەکەت بوون، پڕ وەستیان، زۆر ماندوو بوون منجڕترین: جەنەگرترین، وڕکگرترین، نووزەدرێژترین... دەدەڵێنن: دەردەدەن، لێیان دەچێ، لێیان دەتکێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: برسییەتی سەبارەت: ٢٠١٦/١/١٠ - ڕیگا - لاپەڕەی ٢٥٤ - نووسین: خالید قادری لە پەنجەرەی هۆدەوە چۆلەکەیەک دەبینم، ئاگرم تێبەردەدا_ لەسەر بەفر دێ و دەچێ، هەڵدەلەرزی و بێهوودە دەنووکی تێ وەردەدا. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من و شیعر سەبارەت: ٢٠١٦ - هێلسنکی - لاپەڕەی ٢٥٥,٢٥٦,٢٥٧,٢٥٨ - نووسین: خالید قادری هێشتا زوو بوو کە سێوی بووم. گەلێک هاوڕێ، کە تا ئێستاش ڕۆژنەی چاویان پڕشنگدارە، باریان کرد و جێیان هێشتم، ئیدە هەرگیز نایەنەوە ئەم هەوارە. هەزاران شەو تارمایی خەو بەبەردەمما ڕاخوشیوە و بۆ بن پێڵووم لای نەداوە؛ گەلەک جاران بۆ جێژوانی سار ڕۆیشتووم لە سۆنگەی هیچ دڵی ژنان لێم ڕەنجاوە؛ ساڵانێکیش لە هاتیشدا بۆ نان چووبم، نان لە شەقی باڵی داوە؛ کەچی هەرتۆ، کەسی تر نا، هەر تۆ بۆ من هەتا سەری، ئەی ئەو نمە ڕووناکییەی لە خەرمانەی عەرشی خواوە بۆ سەر زمان هەڵدەوەری، تەنیا هەر تۆ جێم ناهێڵێت، لەوە دەچێ بە گیانمەوە لکابێت و جوداییمان کە محاڵیش مەحاڵتر بێ، لەوە دەچێ چارەنووس بێ دەستەملان بین هەتا مردن بۆم ببێتە دوا چۆڕە ئاو، دوا هاودەنگ و دوا سرتەی ژن. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من و گۆی زەوی سەبارەت: ٢٠١٦/٣/١٥ - ڕیگا-هێلسنکی - لاپەڕەی ٢٥٩ - نووسین: خالید قادری کە بێ تۆ بووم بێ لڤین بووم، سەد مخابن، بێ ڕۆشناییت ڕۆژگارێکم بە فیرۆ دا. ئێستاش بە تۆ کۆک و سازم، وەک گۆی زەویم لەناو فەزای پڕ پەرجۆدا، ئەو بە دەوری خۆی و خۆردا دەخولێتەوە، من بە دەوری خۆم و تۆدا. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەزان لە بەهاردا سەبارەت: ٢٠١٦/٧/٢١ - ڕیگا-هێلسنکی - لاپەڕەی ٢٦٠,٢٦١ - نووسین: خالید قادری لە ناو جەرگەی بەهارێکی ئیقلیمگیردا هەڵتۆقیوم وەک گردێکی ڕووت و ڕەقەن گوێم گرتووە لە زەمزەمەی بەفراوان و حیلکەحیلکی مێرگ و چیمەن. بەهاریش بێ، ئاگام لێیە بۆ چۆڕێکی دیکەی خەزان سەرواڵایە کاسەی تەمەن! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەبەر ئاوێنە سەبارەت: ٢٠١٦/٨/١٥ - هێلسنکی - لاپەڕەی ٢٦٢ - نووسین: خالید قادری خۆ من هێشتا هەر لاویژەم، کێ مووی سەر و ڕیشی دوێنێی بەم دەردە سپپیە بردووە؟ لەبەر بەفەر زۆر وەستاوم، یا لۆکەم پەڕە کردووە؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەربارەی قەڵەمە دوونووکەکەم سەبارەت: ٢٠١٦/٩/١٧ - ڕیگا - لاپەڕەی ٢٦٣,٢٦٤ - نووسین: خالید قادری قەڵەمێک هەیەـ دوونووک: نووکی یەکەم لە ئاوریشمە، بەمیان باسی ترپەی دڵی بەردی لاڕێ و بۆنی هەنگاوی ژن دەکەم. هی دووەمیش لە ئەڵماسە، بەردەماسکی دنیای سەتڕووی پێ لەتلەت و کونکون دەکەم. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کۆبوونەوەکەی بەرەبابەکان سەبارەت: ٢٠١٧/٧/١٣-ماینز - لاپەڕەی ٢٦٥,٢٦٦ - نووسین: خالید قادری خۆ ناڵێم ئەوان واەنەکەن، یا هین! بەڵام لە کونی هەزاران پینەی پاشەڵیانەوە دیارە کێن و چین: ئەوان لیبراڵی ئاخیر زەمان، بلیمەتترین موفاوەزاتچین. ئەدی نابینن؟ هێند کۆبوونەوە و ماچوومووچیان کرد، هێندە تێک ئاڵان، وەک ئاشقە و ماشقە، زۆری نەماوە شەرم وەلاخەن، بڵێن: 'کوڕینە، ئێمە مەحرەمین، کورسیمان ناوێ، جێمان بۆ ڕاخەن! ' ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئیتر بەسە سەبارەت: مارتی٢٠١٨-هێلسنکی - لاپەڕەی٢٦٧,٢٦٨,٢٦٩,٢٧٠ - نووسین: خالید قادری نەخێر، کەرکووک (قودس) نییە، تا سەدان ساڵ جەرگەی شەڕی نەوەی چەندین پێغەمبەر بێ. 'دڵ' یش نییە١ تا ڕۆژناڕۆژ، وەک شەرەفتان، سەکتە لێی دات و پەنچەر بێ. هەر مەشخەڵێک لە هەناوی کەرکووکەوە بازرە بکا تیشکی هەنیەی پۆلێک موغی دەوری گڕە. چیای حەمرینش، هەر بستێکی لانەی 'ڕیشە' و 'لەیلا' یەکی بەرزەفڕە٢ وەک دەورانی پێش تۆفانی شمشێر و تیر، هەر بەسامە، مەند و کڕە. لەسەر زەوی تەختی بکەن، لەبن زەوی هاوڕەگی بەمۆ ئەزمەڕە. *** ئیتر بەسە، تەرەسێنە ئیتر بەسە! مەودای نێوان ئەم هەرەس ئەو هەرەستان پڕ هەرەسە. ئیتر بەسە، فسخواردنتان بۆتە گاڵتە، هەڵاتن و تەقوەڕەوتان شاپشاپێن و سێجڕتییە، بۆ هەوەسە! ئیتر بەسە کارخانەچی و سالۆسینە، ئیتر بەسە، چیدی کەرکووک گاز و نەوت و بۆڕی نییە، سەرقەتارە، ڕچەشکێنە، فریاڕەسە. ئیتر بەسە، کوردپسێن و کەرخەسێن و دەییووسینە، ئیتر بەسە! هەر گردێکی کەرکووکی من بەردەڕەشی کەعبەیکی موقەددەسە. ئیتر بەسە! ١. قودس و دڵ: تەماشای تێبینیی لاپەڕەی١٧٩ی ئەم دیوانە بکە. ٢. ڕیشە و لەیلا: هەر دوو شەهید مامەڕیشە و لەیلا قاسم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ شاعیرێکی عەڕەب، بۆ سەعدی یووسف سەبارەت: ٢٠١٨ - لاپەڕەی ٢٧١,٢٧٢,٢٧٣,٢٧٤,٢٧٥ - نووسین: خالید قادری بانگت دەکەم لە سەد ساڵەی داهاتوودا میوانم بیت. ئەوسا ئێمە، تۆش و منیش، لە هەڕەتی لاوی دەبین، چاومان وەکوو گلارەترێی شەونەمگرتووی خۆشناوەتی بریسکەدار، قژمان چڕ و ڕەنگسوورمەیی، هەناسەمان وەکوو قاەوی یەمەن بۆندار. ئەوسا ئێمە تۆش و منیش، لە هەڕەتی لاوت دەبین، هۆنراوەمان وەکوو ئاوی دیجلە و فورات دەگوڕێنێ، هەر پەیڤێکمان پێلێک دەدا و قەتارەیەک قاز و قورینگ هەڵدەفڕێنێ. ئەو ڕۆژەی دێی، لە دوورەوە گوێم لە حیلە و هانکەهانکی هەسپە حودوودەکەت دەبێ، چڵێک نێرگز بە دەستەوە، بە پیرتەوە دێم و دەچین... لەبن دارێک چوارەمێردەکی دادەنیشین، بۆ تینوێتی شکاندمان لوێچێک ئاوی کانی بەسە، ئاوی کانیی ڕوونتر لە نوور. بۆ تێربوونیش هەر لە جێوە دەست هەڵدەبڕین بۆ هەنارێک، یا سێوێکی مزر و لاسوور. ئیدی نە تۆ، وەک شەوەکەی ترابلۆسمان، بە ناو دەریای پێکێک مەیدا، بەرەو بەسەرە دەکەوینە سەوڵژەنین، نە من لەناو پێچ و خول دووی سیگاردا پرزەم دەبڕێ دەبڕێ خەیاڵاتی ئاڵاچنین. ئەوسا ئێمە، تۆش و منیش، لە هەڕەتی لاوی دەبین، بۆ هەر لایەک سەر هەڵبڕین بەهەشتێکمان دێتە بەر چاو بە قریوەی زارۆیان و ئاسمانێکی بە وەنەوشە و گوڵەهێرۆی سپی خەمڵیو هەرگیز چاومان لێی تێر نابێ، پەلە ناکەین بچینەوە بەهەشتەکەی دنیای ئەو دیو! * ئـەم هۆنراوەیە لە سەرتادا چەند دێڕێک بوو، لە ترابلوس نووسرا و لە بەهاری ١٩٩٢ دا لە کۆڕی هەولێر خوێندرایەوە، بەڵام هێندێک هزر و ڕامان، هەروا، تەوژمی دڵەکوتێ دەربارەی پاشەڕۆژی کوردستان وازیان لێم نەهێنا، تا لە زستانی ٢٠١٨دا سەرلەنوێ دامڕشتەوە و بڕیارم دا ئازادی بکەم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عەفرینگراد سەبارەت: ٢٠١٨/٢/١٠ - ڕیگا - لاپەڕەی ٢٧٦,٢٧٧ - نووسین: خالید قادری هاڕەی ئێف شازدەم دەگاتە بەر گوێ، لرفەی ئاگری زارکی دۆزەخ و بۆنی دووکەڵ دێ. هەشتا ملیۆن چاو ڕووەو ڕۆژاوان، چاوەڕێی خۆرن، لەوێوە هەڵدێ. هیوای جارانم بە مەزادخانەی مافی مرۆڤ بوو، دەناورامەوە بێتە هیمدادم. دەمگوت: 'چیای من بوو پەنای نووحی دا، من قەد و چڵی داربەڕووی مادم... ' بەڵام، لەمەوالا، ئەگەر بپرسن لە ڕەچەڵەک و بنج و بنیادم سەر بڵند دەکەم، دەڵێم: 'هاوخوێنی پڵنگەکانی عەفرینگرادم'. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تابلۆی سەنگەرێکی عەفرین سەبارەت: شوباتی ٢٠١٨ - لاپەڕەی ٢٧٨,٢٧٩ - نووسین: خالید قادری کچۆڵەیەک، نەرمەونیانتر لە کارژۆڵە، شلکتر لە قەدی ڕێواس، شانبەشانی لاویژەیەک، دەکرا مەم بێ، سیامەند بێ، یا کاکەلاس... لەڕووی لەهی و چونامیی گڕ داچەقیون، وەک دوو زناری لە ئەڵماس. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەوێکی ئۆدێسە سەبارەت: ٢٠١٨/٣/٦ - هێلسنکی - لاپەڕەی ٢٨٠,٢٨١ - نووسین: خالید قادری کەسی تر نا، هەر زەریا و شەو گوێیان لێ بوو، هەر زەریا و شەو... کەنار بۆ پێل لەسەر پشت بوو، سنگی منیش بێ سەری ئەو... گوتم: 'هەر تۆ هەیڤی منی' گوتی: 'زەریام لەمڕۆوە تۆی' دوای چەند ڕۆژێک جیابووینەوە، نە من هەیڤم دابەزاند و نە ئەو زەریای برد لەگەڵ خۆی. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ژاکان سەبارەت: ٢٠١٨/٣/١٠ - هێلسنکی - لاپەڕەی٢٨٢ - نووسین: خالید قادری کە ڕووخسارت دەخوێنمەوە لەوە دەگەم شیعرەکانن چەند مردەڵە و دەستەپاچەن، چەند بێهێزن... هەر چییان کرد نەیانتوانی تۆ لە ژاکان بپارێزن. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چارەنووس سەبارەت: ٢٠١٨ - لاپەڕەی ٢٨٣،٢٨٤ - نووسین: خالید قادری هەر ڕێژنەیەک لەوێ داکا، من لێرانە هەدا نادەم. چارەنووسمە، بانی زنجی هەژاران بم، دڵۆپە بکەم، نم دادەم. لە ساماڵما برووسکە خۆی مەڵاس داوە، بۆ تۆفان و بوومەلەرزە شانشینم لە هەر کوێ بم، گوێم لەزیڕەی زنارانە، فیچقەی خوێنی خۆم دەبینم. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جەمسەر سەبارەت: ٢٠١٧ هێلسنکی - لاپەڕەی ٢٨٥ - نووسین: خالید قادری ڕووت جەمسەری١ هەردوو قوتبە، نیگات مەكۆی٢ ئەستـێرانە... ئـێستا، پرسێک سەرانسەرمی داگرتووە: نازانم چۆن گەردنێكی ناسكۆڵانە ئەم گەردوونەی ڕاگرتووە! ١. جەمسەر: شوێنی پێکەوەلکان و یەکگرتنەوەی دوو شت. ٢. مەکۆ: کۆگا، حەشارگە، جێ و مەڵبەندی خڕبوونەوەی گیانەوەران. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دیوان سەبارەت: ٢٠١٠/٩/١٣ هێلسنکی - لاپەڕەی ٢٨٦ - نووسین: خالید قادری هەر سرتەیەک لە سککە دەم پشکێک خوێنی شەونشینیمی پێوەیە. کە دەچێتە ناو خەزنەشم، چەند هی منە، هەزا هێندە هی ئێوەیە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ماندوویەتی سەبارەت: ١٠/٢٢/ ٢٠١٨ - هێلسنکی- پاریس - لاپەڕەی ٢٨٧ - نووسین: خالید قادری من چیم داوە لە بیلێت و جەنتا و سەفەر؟ هەتا كەنگێ، وەكوو پەلیک، لە بەندەر و وێستگە و فڕگان دەكەوم و هەڵدەقـۆزمەوە؟ خۆ لە هەر كوێی دنیا بم من، هەر كوردستان دەبـیـنم و تەنیا ئەویش دەدۆزمەوە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مژدە سەبارەت: ٢٠١٩/٢/٢ - ڕیگا - لاپەڕەی ٢٨٨,٢٨٩,٢٩٠,٢٩١ - نووسین: خالید قادری گوێم لێ بگرن! مژدەم پێیە، بۆ هەمووتان: کەفەڵپان و ڕیوەڵەتان، زڕتەبۆز و بوودەڵەتان، سیخوڕ و بەچکەسیخوڕتان، سکرتێر و تڕژمێر و میراخوڕتان، یەک یەک وەزیر و گزیرتان قونکی پیاز و سەری سیرتان دەیڵێمەوە، مژدەم پێیە بۆ هەمووتان: سەر و سەکوت بەبۆیاخ و بێبۆیاختان، فایلسووک و فایلقورسی شار و شاختان ملیۆنێر و ملیاردێرتان یەکژنداری بەردکونکەرە و دەژنداری بنزگتێرتان، گوێم لێ بگرن، چونکە ئێوە لەم دنیایە، کۆبوونەوەی شەووڕۆژتان دوایی نایە، چونکە ئێوە، هەموو عومر ئەم بۆ لای ئەو، ئەو بۆ لای ئەم، هەر خەریکی ڕاکەڕاکەن چونکە ئێوە لە گۆڕیشدا بێ یەکتری قەت هەڵناکەن، خەونم دیوە مژدەم پێیە بۆ هەمووتان: کە دەشمرن، خەمتان نەبێ، دڵنیا بن... لە دۆزەخدا کۆ دەبنەوە، کۆ دەبنەوە و هاوێر نابن! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەشتخشتەکی سەبارەت: نووسین: ڕێزان عەلیپوور (١) کاتێ دووراودوور سەیری کێو دەکەی، نێزیک دەنوێنی لووتکەی بڵندی. کە بە ناو بەفرا پێیدا هەڵدەزنێی، دەڕۆی و دەڕۆی، ناگەیتە دوندی. کە هۆنراوەیەک دەخوێنیتەوە، دەڵێی چەند سووک و زەلال و ڕوونە! بەڵام کە دێڕێک لێت بوو بە گێژاو دەڵێی ڕەقترین کاری گەردوونه! لاپەڕەی ٢٩٥ (٢) تافەی جۆگەلە و هاڕەی تاڤگە دێ، گوێم لە زەمزەمەی چەم و ڕووبارە. هەروا مل دەنێن، گوڕ دەبەستن و بەجێ دەهێڵن ئەم جێ و هەوارە ئەرێ کاتێ ئاو مەفتەن جێ دێڵێ بۆ قریوەی دێ و هەر پێدەکەنێ؟ ئەی بۆچی کە من بارگە تێک دەنێم، خەفەت سەراپای گیانم دەتەنێ؟ ! لاپەڕەی ٢٩٦ (٣) ئەرێ خەڵکینە! بۆ هێندە خاون؟ مەڵێن کیسەڵیش سست و تەمبەڵە! چما نازانن، ئەگەر هیچ نەبێ، سەد ساڵی ڕەبەق عومری کیسەڵە؟ ! ئەرێ خەڵکینە! بۆ وا بە پەلەن؟ مەڵێن کەروێشکی دەشتیش ڕا دەکا ئاخر کەروێشکی بەدبەخت و کڵۆڵ ژینی زۆر کورتە، بۆیە وا دەکا! لاپەڕەی ٢٩٧ (٤) خەڵکی هیندستان پێیان وایە مار یەکەم گیانداری سەر ڕووی زەمینە. شاخنشینەکان سوورن لەسەر وەی هەڵۆ کۆنترین زەوینشینە! کەچی من دەڵێم: نەخێر، یەکەمجار ئادەمیزاد بوو پێی نایە جیهان پاشان هێندێکیان وەکوو مار خزین، هێندێک وەک هەڵۆ فڕین بۆ ئاسمان! لاپەڕەی ٢٩٨ (٥) کە جاران دوو سوار دەبوو بە شەڕیان، ژنێک دەسماڵی دەخستە بەر پێ. بە دەستووری شاخ چەک فڕێ دەدرا، ئاشت دەبوونەوە هەردووک دەسبەجێ. هاوار، ئافرەتان، بگەنە هیمداد! ئەوا دوو برا خەنجەر لێک دەسوون، دە دەسماڵێکیان باوێنە بەر پێ، تا دنیا نەبووە هەپروون بە هەپروون! لاپەڕەی ٢٩٩ (٦) گەر بووم بە کانزا لە سککەم مەدەن با نەبمە پارە و نەچمە باخەڵان... هەرگیز نامەوێ زرینگانەوەم ببێتە مایەی گەڕ و گێچەڵان دەستم داوێنتان، گەر بووم بە کانزا، بمکەن بە چەک و بە هیچی دی نا با نووکی ڕەمب و دەمکی خەنجەر بم لە جەنگەی شەڕی مردن و ژینا! لاپەڕەی ٣٠٠ (٧) گەر شاخنشینێک لە دەرگەی درا با خۆی ملکەچی نەریتی چیا کا نیوەشەویش بێ، با لە خەو ڕابێ، بۆ ڕێبوارەکە دەرگە واڵا کا. هەر کە بەستەیەک لە دەرگەتی دا گەر تۆ شاعیری واز لە خەو بێنە. دەرگەی دڵی خۆت بخە سەر پشت و نیوەشەویش بێ تێچریکێنە! لاپەڕەی ٣٠١ (٨) هێندە نان و ئاو هەڵگرە بۆ ڕێ، کە هەم بۆ خۆت بێ، هەم بۆ ڕێبوارێ. خەنجەرێکیشت لەبەر کەمەر بێ، نەوەک تێت ئاڵێ گەڕی بەدکارێ. خۆشم دەمێکە کەوتوومەتە ڕێ، شیعرم کردووە بە تۆشەبەرە. بۆ ئەوەی دۆستە خۆراک و ئاوە، بۆ ناحەزانیش چەشنی خەنجەرە! لاپەڕەی٣٠٢ (٩) 'هەڵۆیانی شاخ، هەر بێزار نەبوون لە بەفر و سەهۆڵ، نەهاتی و تێمان؟ ' +'ئێمە نەهاتووین بۆ گەرمی و خۆشی، ئازادی لووتکەی بەخشیوە پێمان' -'هاونیشتمانان، چ خۆشییەکتان لەم شاخە ڕەق و ڕووتانە دیوە؟ ' +'ئێمە نەهاتووین بۆ گەشتوگوزار، لووتکەی ئازادی پێمان بەخشیوە! ' لاپەڕەی ٣٠٣ (١٠) گوتمە جۆگەیەک: ' تۆ کۆنەساڵی و چەندان فەرسەخیش ڕێگەت بڕیوە، ئاخۆ لە هەموو شتێک دڵکێشتر لەم جیهانەدا تۆ چیت بینیوە؟ ' جۆگەکە گوتی: ' ڕاستیت گەرەکە؟ نە هەنووکانە، نە ڕۆژگاری زوو، نەمدیوە جوانتر لە گاشەبەردێک کە لای سەرچاوەی دایکم کەوتبوو! ' لاپەڕەی ٣٠٤ (١١) ڕۆژێک کالانی خەنجەرێکم دی، هەمووی بە زێڕ و زیو ڕووکەشکراو، کە خەنجەرەکەم هەڵکێشا، بینیم، گشت ژەنگاوی بوو، کول و ناتەواو. دیوانێک شیعرم وە بیر هاتەوە، ناوەڕۆکەکەی پووچ و لەنگ و لار، بەرگیش، چ بەرگ! هەر شاکارێک بوو، سەرانسەری تژی لە نەخش و نیگار! لاپەڕەی ٣٠٥ (١٢) سێ بەستەی پیرۆز لە دنیادا هەن، وەک هەنگوین شیرین، وەک کوژاڵک تاڵ. ئەوەی یەکەمیان پیرۆزترینە لایلایەی دایکە لای بێشکەی مناڵ. بەستەی دووەمیش هەر هی دایکانە، شینە بۆ تەرمی زارۆی مردوویان. ئەگەر لە بەستەی سێیەم دەپرسن، ئەوانی دیکەن... هەموو... هەموویان... لاپەڕەی ٣٠٧ (١٣) ئێوارە و بەیان، شەوەزەنگ و خۆر، دوو ماسیگرن: یەک ڕەش، یەک چەرموو. دنیا دەریایە و ئێمەش وەک ماسین بە دوای چەشکدا سەرقاڵ و ماندوو هەمیشە تۆڕ و چەنگاڵ هەڵداوێن جووتە ڕاوکەری بێسرەوت و خەو. ئاخۆ کامەیان وەگیرم دێنێ: چەنگاڵەکەی ڕۆژ، یا تۆڕەکەی شەو؟ ! لاپەڕەی ٣٠٨ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ‍ مانیفێستی کۆبانێ سەبارەت: هێلسنكی- ٢٠١٤/١٠/١٢ - لاپەڕەکانی ٣١١تا ٣٢٣ - نووسین: خالید قادری برینی شنگال شەو و ڕۆژ دەتریوێنێ. ١ دەشێ ڕۆژێک لە ڕۆژان، ژانەکەی لە زیڕە بکەوێ، بەڵام قەت ناشێ ساڕێژ بێ. وێنەی سەر شاشەکان مێردەزمەن، شەوان لێت وەژوور دەکەون، سواری سەر سنگت دەبن و چەمۆڵەت لێ دەنێن. ئێستاش، دوای شنگال، جەستەمان شەبەقی برینێکی نوێی تێ بووە: برینی کۆبانێ. شیروەشێن، هەمان شیروەشێنە، جەستە هەمان جەستەیە و خوێنەکەش هەر هەمانە، بەڵام ئێشەکەیان جودایە. ناتوانم باسی ئەو جیاوازییە بە زمانی سەربازی، زانستی یا لێکدانەوەی لۆژیکی بکەم، هەر ئەوەندە دەڵێم، شنگال خاڵێکی لەو جێیە دانا، کە ئەخلاقسزیی سیاسی گەیشتە لووتکە و کۆبانێش یەکەم ڕستەی بۆ مێژوویەکی تازە تۆمار کرد و بووە کاراترین کارگەی نەتەوەسازی. لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا، چاخێک تێپەڕی و بەراییی چاخێکی نوێ پشکووت. * هەموو ڕۆژێ دەمەوێ داستانێک بنووسم... سارد دەبمەوە. چما داستان لەسەر داستان دەنووسرێ؟ دەمەوێ، بۆ چەند پەیڤێک، پەنا ببەمە بەر ئەفسانە، چەند پەیڤێک، کە شایانی بەژنی کۆبانێ بن، بەڵام کۆبانێ خۆی بووە بە ئەفسانە و پێویستی بە ئەفسانەنووس نییە! * سەدان ساڵ شۆڕەسوارانی ڕۆژهەڵات ببوونە کۆنە مەرەکەبی سەر کاغەز و تەنیا بە خەیاڵی ڕۆژهەڵاتناساندا دەهاتن، کەچی ئەوەتا، نەوەی میدییەکان هەسپی مێژوویەکی تازەیان زین کردووە و بەرەو ئاسۆیەکی هەزارڕەنگی لینگ دەدەن. ئەو سوارانەی من باسیان دەکەم لە ڕەگەزێکی دیکە و لە تیرەیەکی دیکەن. پێشتر نەمانبینیون، نەمانناسیون. ئاخر، ئەوانەی پێشتر یا لەناو تۆز و غوماری سەرپەڕێنەکانی سەدەی حەفتەمدا ون بوون، یا شاعەباسێک ڕایپێچان سەرحەدەکانی بۆ بپارێزن، یا لووسکەیەکی جەنگیزخان بە مەیتەر لە ئاستانە دایمەزراندن، یا بوونە فشەحیزبی خۆخۆری بێ پڕۆژە و ستراتیژ، حیزبی سایکسبیکۆپەرست و لۆزاندۆست و بتەوان و موفاوەزاتچیی کورسی مووچه. * ئەوانەی من باسیان دەکەم لە ڕەگەزێکی دیکە و تیرەیەکی دیکەن: کیژگەل و کوڕگەلی کۆبانێن، ئەوانەن، کە چاویان بریسکەی ئاتەشگەکانی بابوباپیرانی تێدایە، ئادگاریان پڕاوپڕە لە گزنگی گاتاکانی زەردەشت. ئەمانە کۆتاییان بە مێژووی هەڵاتهەڵات و ڕاکەڕاکە و نووزانەوە و شەڕەپەڕۆ و ئاڕئاڕ و قاچاخچییاتیی سنووران هێنا. ئەمانە لە ڕەگەزێکی دیکە و تیرەیەکی دیکەن. ئەمانە سەرەتای قڕبوونی سەرکردەی بندیوار و سکرتێری بندیوار و وەزیری بندیوار و ڕاوێژکاری بندیوار و جەنەراڵی بندیوار و هەموو شتێکی بندیوارن. ئەوانە، ئەو جگەرگۆشانەی من، بە زگی قۆپاو و رەنگی پەڕیو و کلاشینکۆفی سەدەی ڕابردوو، بەرامبەر تانک و زرێپۆش، بەرامبەر تاعوونی ڕەش و قاسەی پڕی نەوتفرۆشان چەقیون و بە دنیادا جاڕ دەدەن، دەڵێن: نا، ئێمە لە قەڵای دمدم داناگەڕێین، بە فتوایەک پایتەختی سۆران جێناهێڵین و ناچینە خزمەت سوڵتان. هەزار گفتولفتی شیرینی شای ئێران تەفرەمان نادا و نامانباتە بەر سێدارەی چوارچرا. ئێمە هەزار پەیمانی جەزایر بە قرۆشێک ناکڕین. ئێمە لە ڕەگەزێکی دیکە و تیرەیەکی دیکەین. * تەماشایان دەکەم، جارێک و دووجار و دە جار... لە پڕمەی گریان دەدەم. نازانم گریانەکەم هی خۆشییە، یا نیشانەی پێشبینییەکی تاڵ، یا هی هەردووکیانە؟ ئەوان بە زەردەخەنەیەک دڵم دەدەنەوە، حاڵیم دەکەن، کە ڕۆژی سایکسبیکۆپەرستان و پیرەجامبازانی موفاوەزاتچی تەواو. لەمەولا، کێ زات دەکا ئەو سنوورە حەرامزادانە بە سنوور بزانێ؟ کێ زات دەکا بڵێ: 'کوردستانی عێراق'، 'کوردستانی ئێران'، 'کوردستانی تورکیا'، 'کوردستانی سووریا'، کوردستانی جیبۆتی و جڕتاوە؟ کێ... ؟ مەگەر هەتیوچەکانی کڵاوڕەش و کڵاوسوور، مەگەر ئەوانەی، لە سەدەی بیستویەکەمدا، بە ئەقڵییەتی موختاری گوند، دەوڵەت بەڕێوە دەبەن، ئەوانەی بە دووربین تەماشای ئەوپەڕی دنیا دەکەن، کەچی بە زەڕەبینیش بنپێی خۆیان نابینن! * جەیلان، ئەو تەوارەی لە توخمی هەڵۆیانی زاگرۆس بوو، ئەوەی لەگەڵ گوللە ژوانی دانا، چما هەر جەستەی گوڵبەدەمی خۆی پێکا؟ نا، ڕابردوویەکی پڕ لە شەرمەزاری و سنووری حەرامزادەی سیمالکەشی پێکا. * ئارین، ئەو پڵنگەکیژەی، لەباتی دەستی یار، ئاگربەندی لە کەمەری خۆی ئاڵاند، چما هەر بۆ ئەوە جەستەی پیرۆزی خۆی ئاگر دا ڕەوەئەسپێخۆرێک بۆ دۆزەخ ڕادا؟ نا، ئەو لەگەڵ خۆیدا خەندەقی براکوژان و شەڕەپەڕۆی بەرەبابان و تانکەری قاچاخچییانیشی ئاگر دا. ئەمانە، گەلۆ، لە ڕەگەزێکی دیکە و لە تیرەیەکی دیکەن! ١. شنگال: شارێکی ئێزدنشینی کوردستانە، ڕۆژی ٢٠١٤/٨/٤ لەشکری پارتخێڵەکانی باشوور ڕادەستی داعشیان کرد بوو بە جەرگبڕتین ژینۆساید لە مێژووی کوردستاندا. ++++++++++++++++++++++