شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: سەوڵم پۆڵا کەناریش دوور سەرناو: تا لێک جودا نەبووینەوە سەبارەت: ٢٠١٦/١/٢ - هێلسنکی - لاپەڕەی ٢٤٩,٢٥٠ - نووسین: خالید قادری تا لێک جودا نەبووینەوە نەمدەزانی دڵگیرترین یاسەمینجاڕ جێی لە نواڵەی١ ناولەپێکدا دەبێتەوە. نەمدەزانی نیگا هەیە چوار وەرزی ساڵ رەنگ بۆ هەور و دارستانان دەگرێتەوە. تا لێک جودا نەبووینەوە نەمدەزانی: لەودیو شوورەی بێدەنگیتا شکۆدار بووی چەشنی دەفەی سینگی چیا، بێپەیتر بووی لە مێژووی خەم سادەتربووی لە لاسکە گیا.. نەمدەزانی: من ئادەمی ناو بەهەشت بووم لەگەڵ یەکەم ژنی دنیا! فەرهەنگۆک: ١. نواڵە: شیوەڵە و دۆڵی بچکووک. ++++++++++++++++++++++