شاعیر: سوارە کتێب: تاپۆ و بوومەلێڵ سەرناو: دوو ھەوارگە لە ھەوارگەی یەکەمی بەرنامەکەماندا دەچینە سەیری گوڵزارێکی بێ خەزان و باخێکی جوان و ڕازاوە بە گوڵاڵە و ڕێحان؛ تێراو و پاراو لە سەرچاوەی تەبعێکی ڕەوان و یان جیھانێکی ڕووناک و ڕەنگین کە پڕە لە سەفا و سەیری کاڵای پڕ لە نەخش و نیگاری عیشق و ئەوین؛ پارچە ھۆنراوەیەکی تەنراو بە تانوپۆی خۆشەویستی دوو دڵداری نەخشین کراو بە تاری ڕەنگاوڕەنگی وەفاداری، دەسکردی زانا و ھەستیاری شیرین وتاری کورد خوالێخۆشبوو مەلا مەحموودی مفتی (بێخود). بێخود لەم پارچەیەدا بە دڵێکی پڕ لە ئاھ و ناڵەوە مەحڕوومی و بێبەشی خۆی لە دیداری ئازیز و نازداری دەرئەبڕێ و بە زبانێکی ھەستیارانە و بەیانێکی ڕەوانی عاشقانە لە چاوگەی تەبع و نرخێکی بەھێز و نوکتەسەنجەوە دیمەنێ لە حاڵات و پەرێشانی و پەردەیێ لە سینەی پڕ لە ئاھ و فوغانی خۆی لە ھەر سات و کاتێکی تاریکی و ناکامی و ناھومێدی لە ژیانی دەرئەخا، کە چۆن پەژارەی دڵداری شەوی لێ کردووە بە ڕۆژی بەدبەختی و ڕۆژی لێ کردووە بە شەوی ڕەشی پڕ لە سەختی. لە دولبەر گفتوگۆیێکم نەبیست، ئەی سینە ئەفغانێ لە لێوی پێکەنینێکم نەدی، ئەی دیدە گریانێ دەسم ناگاتە شووشەی گەردنی مینایی، ئەی ساقی دەمم ناگاتە چاوی، ئەی عەرەق خۆرینە فینجانێ پەرێشانم، لە ڕووی ئەو شۆخە لاچۆ ساتێ ئەی پەرچەم دڵم بەینێکە زۆر تاریکە، ئەی شەو ماھی تابانێ گەھێ زامداری تیغی ناز و خەمزەم، چارێ ئەی جەڕڕاح گەھێ بیماری چاوم، ئەی ڕەئیسی سیححە دەرمانێ بە شەو شێواوی زوڵفی عەنبەرم، ئیمدادێ ئەی سومبوڵ بە ڕۆژ چەوتاوی باڵای دولبەرم، ئەی سەرو جەولانێ لە شەوقی ماھی ڕووی ئەو شۆخە توخودا پەڕتەوێ ئەی ڕۆژ بە یادی چاکی سینەی، ئەی سەحەر سادەی گریبانێ بەتاو ھات لەشکری غەم، سا لە خۆڕۆیشتنێ ئەی دڵ مناڵی زۆرە شاری سینە، ئەی مەجنوون بیابانێ زەلیلم، بگرە دەستم، کەوتووم، سا ڕەحمێ ئەی گەردوون فەقیرم، نامرادم، بێ نەوام ئەی مونعیم ئیحسانێ وەکوو بێخود لەمەولا بگرە بۆ خۆت ڕێگەیێ ئەی پێ لەمەولای خۆت بوێ تۆش چەشنی ئەو، ئەی دەست دامانێ کاروانی ئێمە لە گوڵزاری بێ خەزانی مامۆستا بێخودەوە بەرەو لووتکەی بەرز و باسەفای ھونەر و ھونەروانی سەوزەزاری تەڕ و زیندوو بە شیعرە جوانەکانی «نالی» - مامۆستای ڕاستەقینەی زانین و کەماڵ، سەرتۆپی ناسک خەیاڵان و وێژەوانانی ئەدەب و ھونەری کوردی - وەڕێ دەکەوێ و ھەوارگەی دووھەمی ئەم بەرنامەیە بە پارچە ھەڵبەستێکی بەستراو بە ڕایەڵ و پۆی ھاوریشمینی وڵات دۆستی و ئەویندارییەوە ئەڕازێنینەوە. ئەمجار لە گوڵستانی بە عەتر و بۆن خۆشی ئەم ھەوارگەیە داوێن پڕ ئەکەین لە گوڵاڵە سوورە و ھەڵاڵە و سونبول و ئەگەڕێینەوە بۆ ناو ھەڤاڵ و دۆستەکانمان. نالی لەم شیعرەدا سکاڵای دووری لە مەوتەن و خۆشەویستانی ڕائەگەیەنێ. بە دڵێکی پڕ لە سۆز و گودازەوە ھەزاران ئاخۆ و پرسیار ئەکا؛ ئایا زرووف و مەجال ھەیە بۆ ھاتنەوە ناو باوەشی شارەکەی و عازیزەکانی؟ ناھومێد و دڵسارد ئەڵێ بڵێی لەسەر زمانان مابم و یا لە ناو دڵاندا یاد ئەکرێم؟ ئەتوانم بێمەوە، یا ئەبێ تا حەشرم ئەکەن، ھەر لە دیاری غوربەتدا بژیم؟ شەرحی دووری و سۆزی بەدبەختی و دەربەدەری، دەردی ئاوارەیی و سەرلێشێواوی، بێبەشی لە بزەی لێوی خۆشەویست و ناسیاوان، دڵی پڕ ھەست و ناسکی ئەکاتە ئاو و بە چاویا تێئەپەڕێ. ئەوەند بێ ھومێد و تووڕەیە، ئەوەندە ترساوە و ڕۆژانی ڕەشی دیوە؛ بە «باد» ئەڵێ بە چپە و نھێنی بە یارەکەم، بە یارە دڵڕەقەکەم بڵێ کە سوودی دووری من بۆ ئەوە و بەس. نالی کە ئەم پارچە ھەڵبەستە لە ناخی دڵیەوە ھەڵقوڵیوە، بە ڕاستی شاکاری ئەوین و خۆشەویستی خوڵقاندووە؛ تابلۆی جوان و نەخشین؛ یانی ئەم ھۆنراوە، پەڕاوی بەبایەخ و بەنرخ لە دەربڕینی ھەستی دەروون، یانی ئەم پارچەیە کە ھەر دڵێک ئەکا بە دڵۆپ دڵۆپی ئاو و بە چاوا ئەیھێنێتە خوارەوە. ناڵەی گەرووسۆزی دڵ، ئەم شیعرە بەرز و بەرز ئەکاتەوە تا ئەیگەیەنێتە گومبەدی کەیوان و سەوز و ساف لە بانی عەڕشی شیعری کوردی ئەدرەوشێتەوە و ترووسکە دەدا. جا ئەمەش چەند شیعرێک لە قەسیدە بەناوبانگەکەی نالی: قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەی بادی خۆش مروور ئەی پەیکی شارەزا بە ھەموو شاری «شارەزوور» ئەی لوتفەکەت خەفیی و ھەواخواھ و ھەمدەمە! وەی سروەکەت بەشاڕەتی سەرگۆشەیی حوزوور! گاھێ دەبی بە رەوح و دەکەی باوەشێنی دڵ گاھێ دەبی بە دەم دەدەمێنی دەمی غوروور سووتا ڕەواقی خانەیی سەبرم، دڵ و دەروون نەیماوە غەیری گۆشەیی زیکرێکی یا سەبوور ھەم ھەم عەنانی ئاھم و ھەم ھەم ریکابی ئەشک ڕەحمێ بەم ئاھ و ئەشکە بکە، ھەستە بێ قوسوور ئەمجا مەوەستە تا دەگەییە عەینی «سەرچنار» ئاوێکە پڕ لە نار و چنار و گوڵ و چنوور چەشمێکە میسلی خۆر لە سەد جێ، بە ڕۆشنی فەورانی نووری سافە لەسەر بەردی وەک بلوور یا عەکسی ئاسمانە لە ئاوێنەدا کەوا ئەستێرەکانی ڕابکشێن وەک شەھابی نوور یا چەشمەساری خاتری پڕ فەیز و عاترە یا ئاوی ڕۆحبەخشە کەوا دێ لە کێوی توور داخڵ مەبە بە عەنبەری سارایی «خاک و خۆڵ» تاکوو نەکەی بە خاکی «سولەیمانی» یا عوبوور شارێکی عەدل و لە جێگێکی گۆڕ و نەرم بۆ دەفعی چاوەزارە دەڵێن شاری شارەزوور خاکی میزاجی عەنبەرە، داری ڕەواجی عوود بەردی خەڕاجی گەوھەرە، جۆباری عەینی نوور شامی ھەموو نەھار و فسوولی ھەموو بەھار تۆزی ھەموو عەبیر و بوخاری ھەموو بخوور ئەھلێکی وای ھەیە کە ھەموو ئەھلی دانشن ھەم نازمی عوقوودن و ھەم نازیری ئوموور سەیرێ بکە لە بەرد و لە داری مەحەللەکان دەورێ بدە بە پرسش و تەفتیش و خوار و ژوور ئاخۆ دەروونی شەق نەبووە «پردی سەر شەقام»؟ ! پیر و فوتادە تەن نەبووە داری «پیرمەسوور»؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەوین سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ؛ قسەی دڵداری و ئەوین ھەرگیز نابڕێتەوە. وا دیارە کاتێ گڵی ئادەمیزادیان خۆش ئەکرد، ئاوی ئەوینیان لێ پژاند یا کڵی ئادەمیزادیان بە ئاگری ئەوین ھەڵگیرساند. ئەوینی ئینسان، تەنیا برووسکەیەکی یەزدانییە کە مرۆ ئەباتە لای سەرتری بارەگای فریشتەی خواوە. ئەوین ھەوێنی ھەست و ھان و ھەناسە و ھەبوونی ئینسانە. ئەوینی پەرەدارترە لەوە کە تەنیا لە نیگای حەزلێکاریا، یا لە شۆر و شۆقی بەیەکگەیشتنی پیاوێک و ئافرەتێکا بگونجێ. ئەوین نەفسی ژیانە؛ جوانییە، پاکییە، خۆبەختکردنە، ڕەنجکێشان و لەگەڵ دەردا جووتبوونە. تەنیا لە ھەرێمی ئەویندا ئەم ڕازە بەرزە یەزدانییە مانای ھەیە؛ بژی بۆ ئەوین، بمرە بۆ ئەوین... و ئێستە گوێتان لە پارچە پەخشانێک ئەبێ سەبارەت بە ئەوین و ئەو کاتە کورتە بەبەھرە و پیتانەی ئەوین کە بە تەرازووی زەمان و بەپێی ڕوانینی چاوی سەر، کەم خایەنن، بەڵام بەچاوی دڵ ھەمیشەن و ھەموو شتن، تۆشەی ھەزار ساڵ ڕێگای بەھەوراز و لێژی ژیانن. ئەمشەو زۆرتر لە شەوانی پێشوو تەنیام، بۆنی غەریبی پڕ بە ھۆدەکەم شەپۆل ئەدا، بە شووشەی پەنجەرەی ھۆدەکەما شۆڕاوەی باران نەرم نەرم دێتە خوارەوە. وەک پیرەپیاوێک کە لە گۆشەی خەڵوەت و بێ دەنگییا، لە ئێوارەیەکی زەرد و خەماوییا بۆ ڕەنجی خەسار، بۆ ڕۆژانی ڕابردووی بەھار، بۆ بووژانەوەی بیرەوەری ھەزاران یادگار، ئەسرینی خوێنبار بڕێژێ. خوای گەورە ئادەمیزادت چۆن داڕشتووە کە لە سینەیا بلوورێکی ناسک بە ناوی دڵ ئەبێ خۆ بگرێ لەبەر دەریای دەرد و خەم؟ ! لەبەر سەودای زۆر کەم؟ ! لەبەر ئاگری زۆر و ستەم؟ ! ئەگەر ئادەمیزاد بەم ھەستە ناسکەوە کە لە ھەر تەلێکی بە ھاتوچۆی نەرم و نیانی ھەناسەیەک، ھەزار نەغمەی پەژارەڕێژی داستانبێژ ھەڵدەستێ، بەڵێ، ئەگەر لە ئەم ھەموو ناسکییەدا پشتیوانێکی وەک ئەوینی نەبوایە، چی ئەکرد؟ ! ئەگەر گیانی نەمری «ئافرۆدیت» پاسەوانی نەبوایە، لەم شەوەزەنگی ژیانەدا بەرەو کوێ ئەچوو و لە کام ھەڵدێری کڵۆڵییا گۆڕ ئەکرا؟ چی ھەیە چەشنی ئەوین، کە گرینەکەی لە پێکەنین گیان پتر بگەشێنێتەوە و ڕەنج و پەژارەکەی شیرینتر بێ لە پێگەیشتن و شادمانی؟ ! باران ھەر ئەبارێ، بەڵام ئاسۆی زەرد و ئاڵتوونی تاجێکی کردۆتە سەر لووتکەی چیای ئەلبورز. ڕنووی بەفری چەن ساڵە وەک گەوھەری شەوچراغ لەسەر تاجی ئاڵتوونی چیا ترووسکەی دێ. گریانی ھەور پڕ دوو چاوی شینی پەنجەرە و بزەی زەردەی ئێوارە پڕ بەزاری دۆڵ و شیوی چیا! وا دیارە سروشتیش سەودای ئەوینی لەسەردایە کە بە چاو ئەگری و بە دەم پێئەکەنێ. ئاخۆ من سروشتم، یان سروشت منە، کە ھەردووک وەک یەک ئەگرین و پێئەکەنین! ؟ ئەمڕۆ من چاوەڕێی گەڕانەوەی خۆشەویستێکم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشا ترس و خورپە، وەک تەزووی بەرەبەیانێکی پاییز بە دەماری لەشمدا دەگەڕێ. لە پەنجەرەکەمەوە کە وەک چاوی کاڵی پاش گریان، ڕەنگی ئاڵ و واڵای لێ نیشتووە ئەڕوانمە سەر شەقام؛ دەنگی ھەر سۆلێک لە پێشا وەک دەنگی مۆسیقا ئەھاتە بەر گوێم، بەڵام کاتێ تێئەپەڕی و دوور ئەکەوتەوە لە ڕۆ ڕۆی نەناسراوێک ئەچوو بۆ نەناسراوێکی تر. ئەوەندە بەرەو پیری دەنگی ئەو سۆلانە چووبووم و بەڕێم کردبوون، بێ ئەوە تەنیا جارێک نیگایەکی گەرم و ئاشنا لە ڕووم پژابێ، سەرم ھاتبۆوە ئێش و ئێستە دوو دەماری ماندوو، دوو ماری شین لە ملمەوە ھەڵگەڕاون و لە ھەردوو لای تەوێڵمەوە خۆیان کێشاوەتەوە ناو مێشکمەوە. نە، کاتی بێ بەزەیی تێناپەڕێ، خۆرەتاو لە کۆچی ڕۆژانەی بەرەو سەرای شەو دوودڵە، وەستاوە تا بزانێ چاوەنواڕیی ئادەمیزادێک بە کوێ ئەگا؟ ! ڕەنگە خۆرەتاو خۆی زۆری دەردی چاوەنواڕی چێشتبێ!! ڕەنگە بە شوێن دڵبەرێکی گومبوودا وێڵ بووبێ کە بە ھەموو ھەرێمی ڕۆژا ئەگەڕا و پاشان تەواوی مەڵبەندی شەوی ئەپشکنی! ؟ ھەر شەو و ڕۆژەی جارێک و ھەرگیزیش نە ماندوو ئەبێ و نە دەس ھەڵدەگرێ و تەنانەت چاوی گەش و پڕشنگداری لێک ئەنێ بۆ حەسانەوەیەکی کورت و پشوویەکی کەم خایێن. گەرووی تاریکایی دوا دڵۆپی ڕووناکایی ھەڵمژی، وەک قولەڕەشێکی سەرخۆش کە جامی ئاڵتوونی نیوە خاڵی بەسەرەوە نێ و یەکبین ھەڵیدا. من ھۆدەکەم شەو بوو؛ چاوی شینی پەنجەرەکان بە حەریری ڕەشی شەو بەسترابوو، بەڵام لە دڵما ھێشتا نوورێک وەک پڕشنگی ئەستێرەیەکی دوورە دەست، یا ئاگری دەشتەوان، لە شەوێکی تاریکا ئەدرەوشایەوە؛ وا دیارە خۆرەتاو لە دەروونا درەنگتر ئاوا ئەبێ! ئەبوو خۆم بە شتێکەوە خەریک کەم، چونکە لەم بێ دەنگییەدا، دەنگی لێدانی دڵم لە ھەورە گرمە بەرزتر دەنگی ئەدایەوە و ھەموو دەماری لەشم وەک تەلی تار لە ژێر پەنجەی زاڵی مۆسیقارێکی خەمبارا ئەلەرایەوە و پرووشەی خەم و ماتەمی ئەکرد. بۆ جاری دەھەم نامەکەیم بە دەستەوە گرت و خوێندمەوە، نووسیبووی: «چیای من! پیاوی سەربەرزم! باڵداری بچووک تاسەی ھێلانەکەی کردووە و خەریکە ئەگەڕێتەوە بۆ لات، باوەشی تۆ ھێلانەی منە. چاوەڕوانم کە بە چەپکێ گوڵی شیعرەوە پێشوازم بکەی، لەو چەپکە شیعرانە کە ھەموو ڕۆژێ بەیانی لە باخچەی زەوقت ئەتچنێ و بە خەیاتەی خاوی ئەوین ئەتبەست و لە گوڵدانی خۆشەویستییا ئەتچەقاند و کاتێ من ھەڵدەستام، بۆنی چەپکە شیعرەکەی تۆ تێکەڵ ئەبوو لەگەڵ ھەناسەی بۆنخۆشی چیای بە گوڵ خەمڵیو و شەپۆلی ئۆخەی بە لەشما ئەگەڕا... لە بیرت ماوە تۆ ئەبووی بە «عیسا»ی من و من کە زوو ئەژاکام و لە ھەوای دووکەڵاوی شارا لێڵ ئەبووم، وەک «ئەلعازر» خۆم بە دەستی زیندووکەرەوە و مەسیحاییت ئەسپارد و بە ئیعجازی دەستەکانت ژیانێکی نوێم دەس پێ ئەکردەوە، کە لە ژیانی ڕابردووم گەلێک جوانتر بوو... ئێستە «ئەلعازر» کە مەرگی دووری پێ ھەموار ناکرێ، ئەگەڕێتەوە بۆ لای مەسیحی خۆی. پەپوولە دیسان لەسەر گوڵ ئەنیشێتەوە و شۆڕەبی باخچەکەمان دیسان ئەبێتەوە جێژوانی چۆلەکەی وردیلە و عەجوول. ژیان دیسان واتەی تایبەتی خۆی ئەدۆزێتەوە و بەربەیانە ئەبێ بە ھەمیشە، ھەمیشەیەک بە درێژایی ژیانی من و تۆ؛ تا مەرگ بە ڕواڵەت لە یەکمان جیا کاتەوە!» نامەکەی لێرەدا دوایی ھاتبوو و من لەبەر خۆمەوە گوتم: «جوانترین چەپکە گوڵی شیعرم پایەندازی تۆ ئەکەم، تۆ کە جوانترین شیعری خودای.» سەرم ھەڵبڕی و لە ژێر پەردەی حەریری فرمێسکا ھەیکەلێکم دی لە بەردەرگا وەستابوو، دوو دڵۆپ ئەسرینی گەرمی شادی لە بەردەرگای چاوی ھەردووکمانەوە ڕێگای سەرەولێژی گۆنای گرتە بەر و شەڵاڵ بوو. زمان لە کار کەوت و دوو باوەش کرانەوە و دوو ئادەمیزاد بوون بەیەک... باڵداری ئێسک سووکی من گەڕایەوە بۆ ھێلانەی مات و چۆڵی خۆی. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەویار بوومەلێڵی بەیانی بوو؛ تەزوویەکی سارد بە لەشی کێو و چیادا ئەگەڕا و گاھێ گیای شلک و گوڵی کێوی چاو بە خەوی ڕائەچڵەکاند. «مەحموود» ماوەی سەعاتێک بوو چاوی نەترووکاندبوو و ھەروەھا ڕوانیبووی بۆ باوکی کە بە ھەڵپە سەرنجی کەلەکەی پێشانی ئەدا. مەحموود خۆیشی نەیئەزانی چۆن وا کوتوپڕ ئەو بیرەی کەوتبووە مێشکیەوە کە باوکی لە دڕندەیەک ئەچێ کە زگی برسی مەڵاسی زەوی کردبێ و چنگۆڵەی دادابێ، تا کەی نێچیر ئەگاتە بەر ھەڵمەتی! ڕەنگە نەبزووتنەوەی باوکی، بە گەرمە ڕوانینی، ببوو بەھۆی ئەمە کە مەحموود وەھا بێتە بەرچاوی؛ ئاخر سێ چوار سەعات بێ چاو لەسەریەک دانان، بێ وچان، بێ ڕوانین بۆ ئەملا و ئەولا، تەنیا چاوبڕینی شوێنێک وەھا کە پیاو لای وابێ ئەم جووتە چاوە یا ھەر ناگەڕێن یا بە ھەودایەکی نادیاری بە شوێنێکەوە بەستراون؛ ناچارییە کە ھەزار بیر ئەخاتە مێشکی ئادەمیزادەوە. مەحموود بیری کردەوە کە ئەم ڕوانینە بە ھەڵپەی ھەرگیز بە باوکیەوە نەدیوە. نە کاتێ کە دایکی نەخۆش بوو چاوی نابووە سەریەک و باوکی چاوەڕوان بوو ئەو چاو ھەڵبڕێ و دەریخا کە ھێشتا گیانی تێدا ماوە، نە ئەو جارە کە کۆرپەی برا گەورەکەی، کە ئەبوو بە نەوەی باوکی، خرا باوەشی. کۆرپەیەکی ئێسک سووکی خوێن شیرین کە بۆنی شیر و گۆشتی زیندوو، لیباسی تازەی بە ئەسپۆن شۆراوی لێ ئەھات و چاوی شینی پڕشنگێکی خستبووە سەر بەروانکەکەی. بە کورتی مەحموود ھەرگیز ئەم ھەموو تاسە و ھەڵپەی لە ڕوانینی باوکیا بەدی نەکردبوو. مەحموود پڕبەدڵ پێی خۆش بوو پاکانەی باوکی بکا: «... دەی جا چی بوو، باوکم خێزانێکی زۆری بە ڕیشەوە بووە، مناڵی ورد و درشت و سەروپێچکەی ھەیە، دایکم کەوتوو و ڕەوتوو و ناسازە، ئەویش بۆ تێرکردنی ئەم ھەموو زارە ئاواڵە و زگە برسییە، ئەبێ ھەوڵ بدا، ھەوڵ بدا و بە ھەموو لایەکا پەل بکوتێ، قەیدی چییە؟ کار، کارە؛ چ کشتوکاڵ، چ سەودا و سەرەنوێ، چ سەپانی و دروێنەوانی و چ ڕاوکەری. باوکم بەم ڕاوکردنە ھەم بژێوی خۆمان پەیدا ئەکا و ھەم بە فرۆشتنی نێچیرەکان بە کەلەبەرەکانی تری ژیانمان ڕائەگا.» مەحموود لە دڵی خۆیا ئەیویست ئەو مەبەستانە قبووڵ کا، بەڵام ئەم ڕوانینە بە ھەڵپە بۆ کوشتنی کەوی بەستەزمان، «ڕیسەکەی لێ ئەکردەوە بە خوری». ھەموو شتێکی لێ ھەڵئەوەشاندەوە! دیسانەوە ڕوانییەوە بۆ باوکی، ڕیشی ماش و برینجی بەدەم شنەی ساردی بەربەیانەوە ئاڵۆز ئەبوو، دەموچاوی گنجاوی و لە بەرتاو سووتاوی باوکی کەوتبووە سەر بەردێکی قەوزە گرتوو و بە ھیچ بارێک لەگەڵ بەردەکە جیاوازی نەبوو. باھۆی ھەڵکراو و ڕووتی لەگەڵ داری تفەنگەکەی ئەتکوت دوو بەوشی یەک باسکن. ئەمانە ھەموو چاریان ئەکرا، بەڵام ئەم ڕوانینە کە بۆنی خوێن و ڕەنگی دڵڕەقی پێوە بوو، شتێک نەبوو کە مەحموود لێی خۆش بێ. مەحموود لەبەر خۆیەوە کوتی: بابە و، گوێی گرت بۆ وەرامی باوکی. دیسان بای ساردی بەیان بوو کە تۆزی خەوی لە چاوی وڵاتی خەواڵوو ئەسڕی، بەڵام باوکی مەحموود ھیچ دەنگی لێوە نەھات. سینگی کە گیا نەرمەکانی شێلابوو ئەھاژا؛ ھاژانی مارێک لەبەر گەرمای ھاوین. ھاژانی سینگی دڕندەیەکی برسی کە بەشوێن نێچیرا ڕایکردبێ. مەحموود بەرزتر ھەرای کرد: «بابە!» دیسانەوە باوکی ڕووی وەرگێڕا و وەرامی نەداوە. دەنگی مەحموود بە ھەرای بابە بەرزتر بۆوە و کێوی ئەوبەر وەرامی داوە: بابە... بابە... ! تەقەی تفەنگ ھەستا و باوکی مەحموود نەڕاندی: «یەک، دوو، سێ، چوار، پێنج، شەش، ...» مەحموود ھاواری کرد: «بەسە! بەسە!» چەن کەو کە ھەر کام ساچمەیەکیان بەر کەوتبوو ھەڵئەبەزین. کەوێکیش باڵی شکاوی بەسەر زەویا خشکەی ئەکرد و خۆی ئەکێشا بۆ ژێر بنجە تووتڕکێک. باوکی مەحموود وەک تاوێرێ کە خلاری کەیەوە بە چەن باز و چەن سەرەنگرێ خۆی گەیاندە کەوە کوژراوەکان. چەقۆیەکی تیژی دەرھێنا و کەوەکانی سەربڕی و خوێنی چەقۆکەی بە لکی پشتێنەکەی پاک کردەوە و نایەوە ناو گیرفانی. کەوەکانی جەللە کرد و لاقی بە پەتێکەوە بەستن و ھەناسەیەکی کە لەمێژ بوو لە سینگیا قەتیس مابوو، دا دەرەوە. مەحموود وەک خەڵفێکی ساوا کە لە بەرامبەر دارێکی پیرا شین بێ لە بەردەمی باوکی چەقی و بەئەسپایی کوتی: «بابە!» بابی وەرامی داوە: «ڕۆڵەم!» مەحموود کوتی: «یەکێ بۆ خۆمان، دووی تریش بۆ فرۆشتن، ئەوانی ترت بۆ کوشت؟ !» باوکی مەحموود لەپڕ ھاتەوە بیری کە بە گوللەی دوایی دوو کەوی پێکاوە و ئەبووا حەوت کەوی سەربڕاوی پێ بێ، بەپەلە کوتی: ھەر لێرە بە ڕۆڵەم! و لەبەر خۆیەوە کوتی: «کەوە باڵ شکاوەکەم لە دەس دەرچوو!» دەستی قوژبن پشکنی باوکی مەحموود بەناو تووتڕکەکانا گەڕا و بەکەلاکی کەوەکەوە ھاتە دەر. مەحموود کوتی: «مندار بۆتەوە! بڕوانە پەڕە جوانەکانی شەڵاڵی خوێنە.» باوکی بەڕقەوە کوتی: «حەیف بوو، چەن قەڵەوە!» پاشان بێ ئەوە قسەیەک لەگەڵ مەحموودا بکا، ملی ڕێیەی گرت و بەرەو ماڵ بۆوە. بای دەمەوبەیان ئەیلووراند. چەن پەڕی نەرم تێکەڵ بەگەردەلوولێکی کەم خایێن بەرەو ئاسمان بەرز ئەبوونەوە و بە لەرینێکی بەئەسپایی ئەکەوتنەوە سەر زەوی. مەحموود ماوەیەک وەستا و تەماشای باوکی کرد. تفەنگەکەی وەھا گرتبوو ئەتکوت دەستی خۆیەتی و درێژتر بۆتەوە. ھێشتا مەحموود لە گێژی ڕزگار نەببوو کە دەنگی گڕ و پیرانەی باوکی بەگۆرانی «کەویار» بەرز بۆوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ژیان چییە؟ ژیان چییە؟ ئەو دەنگەیە کە لە دوورەوە دێ و نەرم نەرم پەردەی گوێت ئەلاوێنێتەوە و تاری دڵت ئەلەرێنێتەوە؟ ! یا ئەو بۆنە خۆشەیە کە لە پرێسکەی نەسیمەوە ئەپێچرێ و لەبەر ھەناسەت ئەکرێتەوە، بێ ئەوە بزانی ڕۆژێک ھەڵدەستی و ئەڕوانی خۆرەتاو ھەروەک ڕۆژان لە خۆرھەڵاتەوە سەری ھەڵداوە، وێنەی تازە بووکێکی شەرمن و ڕووسوور بەکراسی خارای زەردەوە لەنجەولار ئەکا. مەلی ھەڵەشە و تیژباڵ بەبەر پەنجەرەی ھۆدەکەتا ھەڵئەفڕن و چەشنی دوێردێکی تیژ ئەتڵەسی شینی ھەوا ئەبڕن. ژیان تۆمار بەتۆمار بۆنی خۆشی ھیوا و لاوی بەسەرتا ئەپژێنێ و تۆ بەھەموو بڕوایەکتەوە کە خستووتەتە ناو چوارچێوەی ئاڵتوونی زەردەخەندەیەکەوە، بەخۆت ئەڵێی «ژیان چەند جوانە! سروشت چەندە دڵاوا و بە دەھەندە! ؟» تۆ وای لە پەنا پێرس و چیای شیرن و جەبەل حەمرین و قەندیلی ئاکۆ و ھەڵگورد! ژیان ھەموو واتەی بەرین و یەزدانی خۆی ئەگرێتەوە. ھەست ئەکەی ھەزاران ساڵە ئەژی. لەو کاتەوە کە تیری تۆ نێزە بوو لە چاوی ھەڤاڵانی گزنفۆن (Xenophon)، لەو کاتەوە کە تۆ کەوڵی ئاسنگەرییەکەت کردە ئاڵای کەیانی و بەنیشانەی ھێرشی گەرمت لەسەر ھەموو چیایەکی بەرزی وڵاتەکەت بڵێسەی ئاگری پاک بەرز بۆوە و کۆشکی بێدادی «زوحاک»ی مێشک خۆری کرد بەخۆڵەمێش؛ لەو کاتەوە کە «فەرھاد» کەوتە ناو گێژاوی خەیاڵاوی ئەوینی شیرینی «شیرین»ەوە. تۆ جارێک «مەم»ی «ئالان»ی، جارێک «سیامەند»ی، کاتێ شادمانی، کاتێ دڵمەندی؛ بەڵام ھەمیشە ھەر بووی و ئێستە نە تۆ بێ ئەم خاکە تەواوی، نە ئەو خاکە بێ تۆ ئەتوانێ بژی بەپاراوی. ڕۆژێک ھەڵدەستی، تەمێک تەواوی مێشکت پڕ ئەکا. لە ئاسمانا بەشوێن خۆرا ئەگەڕێی، لە ھەوادا چاوت پەل ئەکوتێ بۆ مەلێکی تیژباڵ، بەھەموو ھێزێکی ھەستەوە خۆت مڵاس ئەکەی تا چپەیەک، جریوەیەک، کورکەی پێکەنینێک، یا تەنانەت نووکەی گریانێک پێت بڵێ: تۆ ماوی! تۆ ھەی! بەڵام داخێک و ھەزار ئەفسووس، ژیان ئیتر دڵی لێ نادا، چاوی ناڕوانێ، لێوی زەردەی تێ نازێ! تۆ ھەمیشە لە بەستێنی دەریایەکی پڕ شەپۆڵدا ژیاوی، شەو بەلایە لایەی قورینگی دەریایی و لاوکی شەپۆل سەرت ناوەتە سەر سەرین، ئێستە ناچاری لە کەناری گۆلێکی لێڵ و لیخن دانیشی و چاو ببڕیە چاوی گۆلی مردوو کە بێ ھیچ جووڵانەوەیەک تەسلیمی چارەنووسی تاڵ بووە و دوورە لە باوەشی دایکی دەریا، تەریک لە خانەدانی ئاو، دوا ھەناسەی داوە و گۆڕی تەنگی خاک گرتوویەتە بەر گۆڕەوشار. لەپڕ ھەست ئەکەی ھەور ئەگرمێنێ، برووسکە ئەدا و قەمچی ئاگرینی تەوێڵی پاکی وڵاتەکەت ھەڵئەدڕێ، خەلە و خرمانت کە ھیوای سەوزی ھەزاران کشتیاری ڕەنجبەرە، ئەکا بەپووشی سووتاو. ھەر ماڵە قرمەی دێ، ھەر مناڵە بەدەم زامی تەڵەزمی بۆمباوە ئەناڵێنێ و تۆ کە ھەزاران ساڵ ژیاوی، ھەست ئەکەی لەشت شەقار شەقار ئەبێ و زووخاو لەبەر برینت ئەڕوا. تۆڵە وەک کارگی ژاراوی بەگرمەی ھەوری فڕۆکەی دوژمن لە ناو دەمار و ھەناوتا سەر ھەڵئەدا و دەمت بەپانایی «گەڵی عەلی بەگ» ئەکرێتەوە و ھەرات بەرزتر لە دەنگی ھەورەگرمە و نرکەی فڕۆکە بەڕەگی ئەندامی نیشتمانەکەتا ئەگەڕێ. تۆڵە، تۆڵە... ئەزمەڕ و پێرس و قەندیل وەڵامت ئەدەنەوە: تۆڵە، تۆڵە... ئەو چەپکە گوڵە سوورەی کە لە داوێنی چیا چنیوتە، تا بیدەیە دەست دڵدارەکەت، ئەیخەیە سەر گۆڕی شەھیدێک کە ماوەیەک بەر لە بۆمباران زیندوو بوو و بەپەلە ئەچۆوە بۆ لای ماڵ و مناڵی چاوەڕوانی و لەبەر خۆتەوە ئەڵێی: «تفەنگەکەم!» ئەمەیە ڕەمزی مانەوەت؛ تۆ کلیلی تەلیسمەکەت دۆزیوەتەوە! پاش ماوەیەک لە پشت ئاوایی خاپوورتەوە بەرەو باوەشی پەنادەری چیا ھەڵئەبی و لەگەڵ پۆلێک ئەکەوی کە ھەموو یەک زمان و یەک زانیاری و یەک ئاو و خاک و یەک خوێن و یەک ڕابردوون. پێشان سڵاوێک و زەردە گرتنێک، پاشان سروودێکی تێکڕایی: ئەی چیا، باوەشت ھومێدی گەرمی گەل! ئەی چیا، ڕەمزی ھات و ھەل! بەرزی تۆ، گۆڕی دوژمنی! سەوزی تۆ، ئاسمانە شینەکەی منی! نانەوێ سەرت بەبۆمبی ئاگرین. ھەر بژی چیای سەفین و ئاگرین! خوێنی گەرم و گەشی ئازادی بەجۆگەی دەم وشکی دەمارتا ئەگەڕێ و چەشنی بنجە گیایەکی دوورە ئاو ئەگەشێیەوە، دیسانەوە ھەستی ھەر بوون و ھەر مان لەشت پڕ ئەکا. تۆ یەکێکی و لەجیاتی گەلێک پەژارەدار بووی و ئێستەش تۆ ھەر ئەو یەکەی و لەباتی گەلێک ئەتەوێ تا سەر لووتکەی دوورە دەستی ئازادی ڕێگا ببڕی، بەم چەشنەیە کە تۆ بەدرێژایی مێژوو ژیاوی و لەبەر تۆفان و باو و بۆران و بەفر و سەخڵەت و سەرما وەستاوی. پیرەدارێک لە بەرامبەرتەوە کە ھەزاران شەوی بەتۆف و ساردی ڕۆژ کردۆتەوە. چیایەکە ڕووبەڕووتە کە ھەزاران سێڵاو بەسەر سینگی سەخت و بەردینیا ھاتۆتە خوارەوە، بەڵام ھێشتا ھەر ماون، چونکە سەریان بۆ مردن شۆڕ نەکردووە. لەبەر خۆتەوە ئەڵێی: «من ڕۆڵەی چیا، چۆن لە چیا کەمتربم؟ ! چۆن لەبەر تۆفانی گوللە و بۆمبا و لەبەر ھەورەگرمەی فڕۆکە ببەزم؟ !» تۆ ئەزانی تەنیا یەک جار بەزین، تەنیا یەک جار ترسان، کۆتێک ئەخاتە گەردنت کە ھەرگیز لە دەستی ڕزگار نابی. بیر ئەکەیەوە سێ ڕێگا ھەیە: یەکەم سەرکەوتن و پڕ بەھەموو دەشت و دۆڵی چیا سەربەرزەکانت نەڕاندن: «ئەی خۆبەختکارانی پێشوو، من سەرکەوتووم، من ڕۆڵەی حەڵاڵی ئێوە بووم. داری خێر و خۆشی و ئازادی بەری ھێنا، دادگەری سەرکەوت.» دووھەم، کۆڵنەدان و مردن، کە خۆی چەشنێکی ترە لە سەرکەوتن. سێھەم، بەزین و سەرشۆڕی. بیری تەسلیم ھەناوت پڕ ئەکا لە بێزاری، چاوی گەشی کوڕەکەت کە بەجانتای پڕ کتێب لە قوتابخانە ئەگەڕایەوە و بەگوللەی دوژمن بۆ ھەمیشە لە ڕوانین کەوت، نیگای میھرەبان و ئەویندارانەی خێزانت کە لە ژێر خانووی ڕووخاودا بۆ ھەمیشە خامۆش بوو، ئەمانە و زۆر بیرەوەری تریش تەنووری دەمار و بێزاریت تاو ئەدەن و بێ ئەوە بزانی کەست بەدەوروپشتەوە ھەیە، یان نا ئەگوڕڕێنی: «نە، ھەرگیز، ھەرگیز...» و ئاسنی ساردی تفەنگەت دەستی گەرمت ئەلاوێنێتەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەبا لە گێژی پەرچەمی خاوا سەبارەت: ١٩٧١/٠٥/١٠ سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ. کاک حەسەنی سوھرابی کە ناوی ھونەری خۆی ناوە «سەبا» نامەیەکی بۆ نووسیوین و قوتابی دەبیرستانێکی بۆکانە و پارچە شیعرێکی بۆ ناردووین کە نووسەری بەرنامەکە ئەیخوێنێتەوە: شەھیدی تیر و پەیکانی، عەزیز و چاو کەژاڵێکم بەساتێ دای بەدەم بادا، بەوەڵڵا ڕەنجی ساڵێکم ھەموو ئەقوام و ئەغیارم، ئەکەن مەنعم بە سەوداییت بەڵام بێ حاسڵە پەندم، عەجەب وێرانە ماڵێکم لە تاوی دەبدەبەی عیشقی، بەدایم مەست و سەرخۆشم خەریکی ڕەسم و نەققاشی، برۆ چەنگ و ھیلالێکم لە تیپی پەرچەم و زولفی، شکاوە عەسگەری ئەقڵم ئەگەر سوڵتانی ڕۆمیش بم، ئەسیری ڕشتە تاڵێکم چ لاوێ نوکتەزانم من، ئەڵێی پیرێکی سەد ساڵەم لە ڕەمزی مەدرەسەی عیشقا بەعەینەن وەک مناڵێکم وەکوو مەجنوونەکەی شەیدا ڕەئیسی عاشقان وێڵم ............. . ئەپرسن گەر ھەواڵێکم لە دەرسی مەدرەسەی مەجنوون، چ شاگردێکی مومتازم خەریکی جەمع و تەفریقی جەبین و وردە خاڵێکم عەبەس بوو بۆ ڕەقیبانم، ھەموو تەھدید و تەحبیبم لە مەیدانی وەفا، ناڕۆم بەچەپڵە و قرمە قاڵێکم ئەوا خەڵکان ھەموو مەستی شەڕابی گیانی گیانانەن بڵێم چی کاری لەش وایە، فیدایی قەدد و شاڵێکم سەباش وا کەوتە بەر تەعنەی ڕەقیبان و حەسوودانی درێغ ئەی ھاتفی بەختم، خودا نەیدا مەجالێکم بەخوێندنەوەی شیعرەکانت، لاوێکم ھاتە بەرچاو کە ھەستێکی شاعیرانەی ھەیە بەڵام ھێشتا نازانێ سەردەمی «ناڵە ناڵی لە ژێر سۆلی دڵدارا» نەماوە؛ نازانێ کە شیعری ئەمڕۆ ھونەرێکی گرینۆک نییە و شاعیری ئەمڕۆ ئیتر ناتوانێ بەپەنجەی خەناوی کچێک شەھید بێ و شەھادەت بۆ شاعیری ئەمڕۆ تەنیا لە مەیدانی پان و بەرینی پاراستنی سوودی گشتییا ئەگونجێ. شاعیرێکمان ھەیە ئەفەرمووێ: باسی زولفی درێژ و چاوی بە خەو نەبراوە بووە کارەکەی خوسرەو برای باشم ئەتوانی بەمن بفەرمووی ئەم دەردی دڵەی دڵبەر بۆ کۆمەڵ سوودی چییە؟ برا و خوشکەکانت لەم سکاڵا بێ بایەخە بۆ دەرمانی دەردەکانیان چییان دەس ئەکەوێ یا ھەر ویستووتە بزانی شێوەی کۆنی شیعری کوردی ئێستەش داشداری و پارێزگاری لێوە ئەکرێ یام نە. خوا لە گەورەیانی ڕابردوومان خۆش بێ، گۆڕی نالی و وەفایی و مستەفا بەگی کوردی و میسباح و تاھیر بەگ پڕکا لە نوور، ئەگەر بیانزانیایە وای لێ دێ و ھونەری شیعر و شاعیری بەم ڕۆژە ئەگا، خوا عالم کە شیعریان نەدەکوت. ھەموو ھونەرێک لەگەڵ کات و سات ئەبێ نوێ بێتەوە. ئەم زرمە زرمەی پەنا گوێچکەمان تەقەی سۆلی نازدارێکی بەناز نییە کە لە سێباری شەودا بەرەو ژوان ئەچێ. ئەمە دەنگی شەوەیە و کۆرپەی ھیوا ئەبا. تو خوا خەسار نییە؟ تۆ کە ئەزانی شیعر بڵێی لەباتی سڵەماندنەوەی ئاڵی زاڵی شەو، لەجیاتی شەقکردنی جەرگی شەو، بەشمشێری دوو دەمی شیعر، دەس بکەی بەڕاژاندنی بێشکەی بەتاڵی ھەستی خۆت؟ کاتی مەجنوون بەسەر چوو، برای چا بە، شاخە بژوێنەکانی موکوریان مەکە بەدیجلەی قاقڕی مەجنوون. تکایە سەرێک لەو شاخە بدە کە نەتدیون و ھەر لە جیھانی بیرکردنەوەدا فەرمووتە وێڵی ئەو چیایانەی. بڕوانە دەستی بەھێزی فەلا چۆن تەوێڵی ھەڵدڕیون و کردوونی بەگەنم و جۆ و بێستان. گوێت لە ھۆھۆی جووتیار و بلوێری گیان بزوێنی شوان بێ و بزانە کە جوانی ڕووت لە تێکۆشانی ئادەمیزاد دایە بۆ ژیان، بۆ ژیانی ڕوو لە باشی و تەسەلی و تەیاری. برای من ئەوین جوانە، بەرز و خودایییە؛ بەڵام تۆی کورد بۆ بەعەرەبی عاشق بووی. گوێ بگرە بۆ ئەم شیعرەت: ھەموو ئەقوام و ئەغیارم، ئەکەن مەنعم بە سەوداییت بەڵام بێ حاسڵە پەندم، عەجەب وێرانە ماڵێکم شەش وشەی عەرەبی لە تاقە شیعرێکا. من تەنانەت لەسەر ئەم بڕوایەم کە ئەو کچە بەستەزمانە ساکارە ھەر تێناگا تۆ پێی ھەڵئەڵێی یا تەوس و پلاری پێدا ئەدەی؟ کچی کوردی ھۆگری مەزرا و دەشت، ھاودەمی شنەی نیانی بەیانی ئاوایی کە بە وشەی ساکار و لە دڵەوە ھاتووی کوردانە ڕاھاتووە، وەک ئاسکی ڕەوەک لەم عەرەبییە تەق و ڕەقەی تۆ سڵ ئەکا. وا ئەزانێ بەچاویا ئەدەیەوە کە تۆ خوێندەواری؛ تەنانەت ئەگەر کیژێکی خوێندەواریش بێ تا لە ناو قامووس و ئەلمونجیدا بۆ مانای وشە عەرەبییەکانت ئەگەڕێ، کوڵ و کۆ و تاسە و تامەزرۆیی ئەوین لە دەروونیا دامرکاوە. پێش بەھەستی شاعیرانەت مەگرە. بەری بەردە با باژوێ. جوان دوان و دژوار دوان دوو مەبەستی لەیەک جیان. شاعیر بەو کەسە ئەڵێن کە جوان ئەدوێ و ئەو کەسە کە دژوار ئەدوێ مەتەڵۆکەبازە، قوتابی بەشی عەرەبییە نەک شاعیر و ھەستیار. جگە لەمانە ھەڵەی دەستووری و فەننیش لە شیعرەکانتا ھەیە کە من چاویان لێ ئەپۆشم چونکە بووکی دزێو نابێ قسە لە بەرگەکەی بکەی. ھیوادارم لە ئامۆژگارییەکانم کە بۆ ڕێنوێنیتە ئاڵۆز نەبی. ئەزانی کە دۆستی باش ئەو کەسەیە ھەڵەت بخاتە بەرچاو نەک بەلێخۆشبوون و چاوپۆشین ھانت بدا بۆ ھەڵەی یەک لە دوای یەک. تا بەرنامەیەکی تر ھەمووتان بەخوای گەورە ئەسپێرین. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ناسۆری دەروون سەبارەت: ١٩٧٢/٠٢/٢٠ سڵاوی گەرم و بەگوڵ، سەرچاوەی لە کانگای دڵ، پێشکەش بەگوێگری ھۆگری ھێژا. لە بەرنامەی ئەمڕۆدا پارچە پەخشانێکتان پێشکەش ئەکەین. ھیوادارین بەدڵتان بێ و پەسەندی کەن. گەلاوێژ کەوتبوو. ھەوا خەریک بوو بەرەو ساردبوون ئەچوو، بەتایبەت بەشەودا تەواو سارد بوو. لە جێگاکەما ھەر ئەم بار و ئەم بارم کرد؛ بەڵام خەوم لێ نەکەوت. بایەکی سارد لە درزی پەنجەرەکانەوە ئەھاتە ناو ھۆدەکەمەوە. یەکێ لە شووشەی پەنجەرەکان شکا بوو. کوتە ڕۆژنامەیەکیان بەھەویر پێوە نووساندبوو کە بەری سەرما بگرێ، بەڵام کوتە ڕۆژنامەکە دڕابوو. بایەکە کاتێ لێی ئەدا ئەتکوت دەنگی دووزەلەیەکی شکاوە بەلای لێوی مناڵێکی ناشارەزاوە ویزە ویزی دێ. من لەو کاتەدا زیاتر لە دوازدە ساڵ تەمەنم نەبوو و لەو دیوەخانە زلەدا کە تەنیا بەچرایەکی حەوت نمرەی پایەدار کە لە ناو تاقەی شانشینەکەدا ئەگڕا ڕووناک ئەبۆوە، ھەستم ئەکرد زۆر بەتەنھام. لەو تەمەنەدا دەروونی مناڵ بیرەوەرییەکی وای تێدا کۆ نەبۆتەوە کە لە تەنھایییا پێیەوە خەریک بێ. مناڵ ئەیەوێ فێر بێ. ئەیەوێ لە ناو حەشیمەتا بژی. من ئەو شەوە بەتەنیا بووم و خەویش بەھاژەی باو ویژەی ڕۆژنامەکەوە لە چاوم تارا بوو. لەبەر ھەیوانی دیوەخان چەن کێشکچی وریا بوون. گڕی ئاورێ وا کردبوویانەوە و حەوت جۆش و کتری چایان بەلاوە نابوو، منی بانگ ئەکرد. ھەستام خۆم پۆشتە کردەوە. ھەر لە تاریکییا دەستم کوتا و کەوڵەکەم دۆزییەوە و بەسەر شانمدا دا و لە ھۆدەکە دەرکەوتم. گەیشتمە لای پیاوەکان و پێش ھەموو شت دەستم بەئاگرەکە ڕاداشت. دوو لاو بوون و پیرێک. پیرەکە ناوی ئەحمەدە جەنگە بوو. تفەنگێکی سێ تیری لە لای دەستییەوە دانا بوو. بەچاوپێکەوتنی من ھەستا و بێ ئەوە ھیچ بڵێ دەستی گرتم و لای ئاگرەکە لەسەر بەڕەیەکی کۆن داینام و پاشان چاوی بڕیەوە گڕی ئاگرەکە. چرچ و لۆچی دەموچاوی پیاوانەی لەبەر پڕشنگی ئاگرەکە قووڵتر و بەسامتر ئەھاتە بەرچاو. بەرزایی لێو و گۆنا و لووتی ڕوون و سوور بوو، بەڵام ئەو جێگایانەی وا کەوتبووە ژێر سێبەری گنجی دەموچاویەوە، تاریکی ئەنواند. نازانم چۆن بوو کوتوپڕ، بەدڵما ھات ئەم دەموچاوە کە نە بزەیەک ئەیگرێ و نە بەپەژارەیەک تێک ئەچێ ئەڵێی ملە کێوێکی بەباسک و بانووە کە تازە خۆری بەربەیانی لێدابێ. سەر باسکەکانی ڕووناکە و ناو دۆڵ و شیوەکانی، ئێستا ھەر بوومەلێڵ و تەپ و مژە. ئەبوو، قسەیەک بکەم، چونکە من لە تەنیایی ڕامکردبوو. کوتم: «چایەکەتان ئامادەیە؟» دەستێک بەگورجی حەوت جۆشە قورسەکەی ھەڵگرت و قورۆشکەیەکی تەنەکەی پڕ کرد لە چایەکی ڕەش و دوو کوڵۆقەندی لە ژێر پیاڵەکە خست. یەکێ لە کێشکچییە گەنجەکان ھەستا خۆی تەکاند و بە بای دەستی چایەکەی من پڕ بوو لە خۆڵەمێش، کوتی: «مام ئەحمەد پێت چۆنە دەورێکی دی بدەم.» مام ئەحمەد ئەتکوت قڕ و قپی کردووە، بێ ئەوە ھیچ بڵێ تفەنگەکەی بۆ درێژ کرد. لاوەکە وەری گرت و بەشانیا کرد و لە لێژی بەرەو ھەیوانەکە چووە خوارەوە. پرسیم: «مام ئەحمەد تەمەنت چەند ساڵ ئەبێ؟» بەدەنگێکی نەرم و پیاوانەوە کوتی: نزیکی شێست.» قەڵاشکاری سەر ئاگرەکە نیوەی سووتابوو. قرچەیەکی کرد و بوو بە دوو کوتەوە. مام ئەحمەد سەرەبزووتەکانی لەسەر یەک ھەڵچنی و بە لکی مێزەرەکەی گەشاندیەوە و گڕی تێبەردان. ئاگری دامرکاو دیسانەوە بڵێسەی ھات. مام ئەحمەد لەپی دەستی بەیەکا سوو و دەنگی بەیەکا خشانی، دەستی ئەتکوت دەنگی دوو بەردە زوورەیە کە لەیەک ئەدرێن. جگە لە دەوروبەری ئێمە ھەموو جێگایەک تاریک بوو. کۆڵانی دێ، دەشتی پشت ئاوایی و چیایەکی بەرز لەوپەڕی دەشتەکەوە لووتکەی لە تاریکایی ئاسمانا گوم ببوو. مام ئەحمەد بەسۆزە دەستی پێ کرد بە بەیتی سوارۆ: ھۆ ھۆ سوارۆ سوارەکەی لە من بەتەنێ........ . بەکوڵ گوێم لەو دەنگە گرتبوو کە لە گەروویەکی پیر ئەھاتە دەر. وردە وردە ھەستم کرد دەنگی مام ئەحمەد جادووم ئەکا. دەنگێک کە خەمی شێست ساڵ چەوسانەوەی تێدا بوو و پەژارەی تەمەنی پڕ مەینەت وەک پرێسکەی ڕەبەنی ئەو شار و ئەم دێ گەڕاو، چەشنی ناندێنی شوانی برسی ئەکرایەوە. من ئەو کاتە نەمدەزانی ئەگەر کورد گۆرانی لێ بستێنییەوە، ئەگەر ماوەی نەدەی ویزەی باو و بالۆرە و بەیتی بێ، ژیانی چەندە حەستەمە. ئەو کاتە نەمدەزانی ئەمانە کە بەسەر زمانی کوردا دێ و پێی ئەڵێن بەیت، ئەو فووە سێحراوییەیە کە لە گەرووی شمشاڵی شوان و دەشتەوانی کوردەوە دێتە دەر، برینێکە کە ئەدڕێ و ئارامی لەشی سزاکێشیەتی. ئەو شەوە مام ئەحمەد بەسۆزە دەستی پێ کرد، بەڵام بەیتی سوارۆ لە نیوەیا بوو بەھاواری دڵی خۆی. بەرز بۆوە، بەرزتر بۆوە. لەشی ساردی ئاوایی ئاخنی. گوێی کپی دەشتی پڕ کرد و بەلووتکەی چیادا ھەڵگەڕا بەرەو ئاسمان، بەرەو ئەو جێگایە کە چارەنووسی لێ دیاری ئەکرێ و بەشی بەختەوەری و کوڵۆڵی لێ دابەش ئەکرێ. دڵۆپێ گریانم لە سەرچاوەی چاوی مام ئەحمەد بەدی کرد کە لووزەوی بەست بەرەو چرچی سەر گۆنای و گەیشتە سەر یەخەی مراد خانی تا دیسانەوە لە دەریای پڕ شەپۆلی سەر دڵیا دامرکێتەوە. نەمزانی ھەڵۆی پیری ئاوایییەکەمان بۆچ ئەگری. ئاخۆ ھەژاری و لەش بەباری یا ژێر چەپۆکی و ڕەنج بەخەساری، ھۆی ئەو گریانەیە؟ مام ئەحمەد ھەستی کرد کە گریانی ئەو ڕەنگە ھەزار جۆر پرسیار لە دڵما زیندوو کاتەوە، ڕەنگە ڕوانینی گێژانەی من لەو کاتەدا مام ئەحمەدی تێگەیاندبێ کە پێویستە قسە بکا و پێم بڵێ بۆچ ئەگری. بەدەسرەی بەر خەنجەرەکەی، چاوی بەئەسرینی سڕی و لە کاتێکا ھێشتا پەنگاوی گریان بەری گۆنجەی گەرووی گرتبوو، کوتی: «لە ئاوایییا ئەڵێن ئەحمەد جەنگە ھەرگیز پێناکەنێ، ئەمە ڕاستە، بەڵام تا ئێستە کەسیش نەیدیوە من بگریم، تەنانەت کاتێ کە تەرمی کوڕەکەشم بەرەو گۆڕ ئەبرا نەگریام.» ھەستم کرد ئەبێ دڵخۆشی بدەمەوە، بەڵام نەمزانی بۆ کام کۆستی کەوتوو؟ باشتر بوو بێ دەنگ بم. سوارۆ نەشتەرێک بوو کە کوانەکەی دڕیبوو و ئەسرین ئاوێک بوو کە ئاگری دەروونی ئەوی دامرکاندبوو. بەیان بوو، من خەوم ئەھات. ھەستام کە بڕۆم. کوتی: «بڕوانە کوڕم ژیان بەم چەشنەیە؛ تازە لە تۆدا چرۆ ئەدا، لە عەزیزی کێشکچیدا خۆی دادەڕێژێ و دێتە بەر و لە منیشا گەڵاڕێزان ئەکا و پاشان...» سەری داخستەوە و چاوی بڕییە ئاگرەکە. مانگ دەرکەوتبوو. عەزیزی کێشکچی بەتفەنگەکەیەوە لە ناو ئاوایی ئەگەڕاوە و لە ژێر لێوەوە ویرەی ئەھات. مانگەشەو خۆشە مانگ لەسەر ماڵان. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مردن سەفەرێکی دوورودرێژە سەبارەت: ١٩٧٢/٠٨/٢٨ سەلام لە گوێگری بەھەست و ھونەرپەرەستی بەرنامەی تاپۆ. تکایە گوێ بگرن بۆ پەخشانێک. - «عەزیز! عەزیز، ڕۆڵە، درەنگە! ھەستە کوڕم. مەلا بانگانە!» عەزیز ھەستا. بەدەم خۆکێشانەوەوە باوێشکی ھاتێ. شەو نەیتوانیبوو بخەوێ. بۆ مەگەر ئەکرا؟ ! برا بچووکەکەی چەند ڕۆژ بوو لە ئاگری یاوێکی بەتینا وەک پشکۆ و پۆلووی سوور ئەگڕا. پیرەژنی ئاوایییەکە ئەیانکوت کەوتووییەتی. دوێشەویش عەزیز خەو نەچووبووە چاوی. چرایەکی فتیلە لەسەر کورسییە شڕەکەی ماڵیان ئەسووتا و دووکەڵی ئەکرد. سێبەری دایکی کە مەمکی بێ شیری نابووە سەر دەمی ئاورینی کۆرپەکەی و ھەر لەو بارەش خەوی لێ کەوتبوو، لەسەر دیواری قورماوی ھۆدەکەیان سەمای ئەکرد و ئەتکوت مناڵەکە مژ لە مەمکی دایکی ئەدا. تەنیایی و بێکەسی پڕ بەماڵەکە پەنگی خواردبۆوە. عەزیز تەماشای براکەی ئەکرد. بەحاڵ ھەناسەی ئەھات. دەمی نیوە تاکی بەگۆی مەمکی دایکییەوە وشک ببوو. عەزیز ھاتەوە بیری کە کاتێ مناڵ بوو، باوکی بەزستانێکی سارد ھەر لەم ھۆدەیە مردبوو. عەزیز لەپڕ مووچڕکێ بەلەشیا ھات و چەق و چۆیەکی تیژ تێپەڕ بەئەندامیا گەڕا. ئەتکوت تێپەڕینی چەند ساڵ بەسەر ئەو زستانە ساردەدا خوێنی گەرمی لاوی کە ئێستە لە دەماریا ئەگەڕا نەیتوانیبوو ڕێگای بووژانەوەی سەرمای ئەو سەردەمە لە دەروونیا ببەستێ. ھاتەوە بیری، وەک خەونێکی بێ ڕەنگ، کە بەپێخواسی بەدوای تەرمی باوکییا چووبووە گۆڕستان، کەمێکیشی لە تەڵقینی مەلا ھەر لە بیر مابوو کە کوتبووی: «مام ھۆمەری کوڕی خات ئەستی! تۆ مردووی، دوو مەلاییکە دێنە سەرت و پرسیارت لێ دەکەن، خوات کێیە؟ پێغەمبەرت کێ؟ و کتێبت کامەیە؟» لەمە زیاتر بیری بڕی نەدەکرد. عەزیز دوێشەو زۆری بیر کردبۆوە و لە خۆی پرسیبوو خوا کێیە؟ بەڵام زۆرتر سەری لێ شێوا بوو، بەری بەیانی کە ئەبێ ھەستێ و بچێ بەفری سەربانی تەویلەی ئاغا بماڵێ، بیری ئەمە کە بەیانی زەوادیان لە ماڵێدا نییە بیخۆن، نەیھێشتبوو وەڵامێ بۆ پرسیارەکەی بدۆزێتەوە. عەزیز دوێشەو ھەزار بیرەوەری ھێرشیان کردبووە سەر مێشکی. بیری خودا و بیری نان و بیری دایکی کە لاپێژی ماڵی ئاغایە. بیری خۆی و برا بیمارەکەی و لە دوای ھەموویانا بیری شاگوڵ. ھاتەوە بیری کە ڕۆژێکی بەھاری پاش ھەستانەوەی جووت و کزربوونەوەی زەوی، خەریکی جووتکردن بوو. پۆلە کچێک بۆ شنگکردن ھاتبوونە داوێنی ئەو کێوە وا جێ جووتەکەی ئاغا لە خواریەوە بوو. کراسی سەوز و سووریان لەبەر نووری خۆرەتاوا برووسکەی ئەھات و بەبالۆرە بانگی تاقمێکی تریان ئەکرد کە لەوبەرەوە بوون؛ ھاتەوە بیری کە لەو کاتەدا کوڕی ئاغا بەسواری ئەسپێکی کوێت بە ڕەخت و بەرەی زێوەوە لێی پەیدا ببوو و بەھاژەی قەمچییەک ئەوی لە جیھانی ئەوین و خەیاڵ تاراندبوو و خۆی کەوتبووە شوێن کچەکان و نووزەی بەئاستەمی برا بچووکەکەی و چاوی خەوتێشکاوی دایکی کە بەناڵەی پڕ لە دەرد و ئێشی کۆرپەکەی کرابۆوە ھەودای خاوی بیرەوەری عەزیزی پساندبوو. - «ڕۆڵە عەزیز بەخەبەری؟ بخەوە کوڕم، بەیانی کارت زۆرە. ئەرێ کوڕم پەنا بەرە بۆ خودا!» دایکی عەزیز ھەر ئەوەندەی کوتبوو و چاوی ماندووی لەسەریەک دانابۆوە. لە سیمایا چەوساوەیەتی ھەزارەھا ساڵ چینی ھەژار دەھاتە بەرچاو. ئەو ڕواڵەتە پەڕپووتە ئەتکوت پەیکەرەی توانجە دژی سەرکەوتنی مرۆڤایەتی. عەزیز چاوێکی بەژوورەکەدا خشاندبوو. ھێلەگێکی ھەڵواسراو و دوو سێ کاسە و کەوچکی چێوی، گۆزەیەکی سوور کە لەبەر تیشکی نیوە ڕەنگی چرای فتیلەدا قاوەیی ئەنواند، دەستێ نوێنی قەد کراو لە گۆشەی ھۆدەکە، دوو وێنەی خەیاڵی لە دوو پیاوی گەورەی ئایینی کە لە ناو گۆوارێک دەرھێنرا بوو لەبەر دووکەڵی ناو ماڵ ڕەش ھەڵگەڕابوون و ئیتر ھیچ. عەزیز لەوپەڕی گێژی و کاسییا بزەیەک گرتی. دایکم دەستە نوێنەکەی باوکمی پێچاوەتەوە لە گۆشەیەکا دایناوە. زۆر جار دیومە کە لە بەرامبەریا دانیشتووە و لەبەر خۆیەوە قسە ئەکا. لای وایە باوکم یەکجاری بەجێی نەھێشتووین. ئەڵێ ئەگەڕێتەوە. دڵنیام ئەگەڕێتەوە. ڕاستی مردن چییە؟ بەرەو کوێ ئەچین؟ ڕەنگە دایکم ڕاست بکا؛ مردن سەفەرێکی دوورودرێژە، بەڵام گەڕانەوەی ھەیە. ئەگەر ئادەمیزاد بەم ساکارییە بمرێ و ئیتر نەگەڕێتەوە چۆن ئەبێ؟ ! بێ گومان من باوکم ئەبینمەوە. ئەگەر ئەم مناڵە بچووکەش بمرێ! ... لێرەدا عەزیز نەیوێرابوو بەشوێن بیرەکەیا بڕوا. تەنانەت بەخەیاڵیش دڵی نەھاتبوو مردنی ئەم ساوا خوێن شیرینە بھێنێتە بەرچاو. ئەو شەوە تێپەڕ بوو و عەزیز بەیانی چووبوو بەبێگار بەفری سەربانی تەویلەی ئاغای ماڵیبوو. بەرچایی نەخواردبوو و ئارەقەیەک کە بەگەرمی لە لەشی ئەھاتە دەرەوە و خێرا بەھەناسەی ساردی بای زستان ئەیبەست و لەسەر سمێڵی تازە ڕواوی ئەبوو بەسەھۆڵ، دیار نەبوو لەبەر بێ ھێزی برسییەتییە یا شەکەتی کاری بێگاری و ڕەنجی خەساری یا لەبەر ھەردووکیان. بۆ مەگەر ھەژار دەردی یەک و دووانە؟ خوا نەکا مەینەت و چارەنووسی ڕەش ڕێگای دڵێک و تەوێڵێک بدۆزێتەوە. وەک قیلی کەوای سپی پێیەوە ئەنووسێ و بەھیچ بارێ بەری نادا، ئەمە ڕێگا و شوێنی جیھانە و «بەڕە ھەر لە لای تەنکییەوە ئەدڕێ». کاتێ ئێوارەیەکی درەنگ عەزیز بەزگی برسی و لەشی مانووەوە گەڕابۆوە بۆ ماڵ، چاوی بەبرای ساوای بیمار و لەش بەباری کەوتبوو کە پڕشنگی ژیان لەسەر ئاسۆی لێوی کاڵەوەبووی خەریکی ئاوابوون بوو. دایکی عەزیز دەمی بەڕوومەتی کاڵ و کرچی کۆرپەیەوە نابوو، ئەیویست لە گیانی خۆی بەشی بدا. کاتێ مناڵێک دێ ھەتاوێک ھەڵدێ؛ بەھارێک پێئەکەنێ و کاتێ مناڵێک ئەڕوا، ڕۆژێک ئاوا ئەبێ و گوڵزارێک شەختەی لێ ئەدا. عەزیز لە بەردەرگا ھێزی ئەژنۆی شکا بوو. وڵات لە بەرچاوی سووڕا بوو. گێژ و خولی خواردبوو و ھێندێک پاشان دایکێکی ھەژار نەیزانیبوو بۆ کۆرپەی بگری یا بۆ لاوەکەی. کڕێوەیەکی توند، دەرگای نیوە تاکی ھۆدەکەیانی کردبۆوە و گەرداڵێکی بەفری ڕژاندبووە سەر کەوشکەنی ھۆدەکەیان. لە دەرەوە دەنگی گزیری ئاغا ئەھات کە ھەرای ئەکرد: «بەیانی ھەرچی پیادەی ئازا و کەڵەمێردە، ساز بێ؛ خان ئەچێ بۆ ڕاو.» چپەی دوو کوڕ و کچی ئەویندار کە لە بەردەرگای عەزیز و دایکی بڕیاری ژوانی شەویان ئەدا ئەھاتە بەرگوێ. پاسارییەک لە ژێر پاسارەی ماڵێک بەجریوەیەکی نەرم دەرئەپەڕی و باڵی ئەگرت بۆ ڕەشانگی جێ دانگەی ڕانەمەڕی ئاوایی. - «عەزیز! عەزیز؛ کوڕم! ھەستە! کوڕم مەلا بانگانە!» عەزیز ھەستا بەدەم خۆکێشانەوە باوێشکێکی دا و لەبەر خۆیەوە کوتی: - «نەھاتی خۆشە، قورتەکانی ناخۆشە.»١ ١. فەقیری خۆشە، قۆرتەکانی ناخۆشە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەقیقەتی شاعیرانە و حەقیقەتی عیلمی سەلام لە گوێگری بەڕێز و ھونەر پارێزی بەرنامەی تاپۆ. گوێگرانی بەڕێز زۆر جار نامەیان بۆ ئێمە نووسیوە و گلەیییان کردووە کە نامەکانیان وەڵام نەدراوەتەوە و دیارییەکانیان لە شیعر و لە نەسر لەم بەرنامەیەدا بڵاو نەکراوەتەوە. ئێمە جێگا و نیشانێکی ڕاست و ڕەوانمان ھەیە و زۆر بەلامانەوە سەیرە کە چۆن نامەکان بەدەستمان نەگەیشتوون. ناچارین بڵێین کەمتەرخەمی بۆتە ھۆی ئەم کارە. جا چ ھی پۆست بێ و چ ھی ھەواڵانمان لە کرماشان. ئێمە لەو ھاوکارانە لە ڕاسپێری دابەشکردن و ناردنی نامەی گوێگرەکانیان بۆ لێپرسراوان و نووسەرانی بەرنامەکان لە ئەستۆیە داوا ئەکەین ئیتر کارێک نەکەن ئێمە شەرمەزاری گوێگرەکانمان بین. بەڵام باشتر ئەمەیە، ئێوە کە نامە بۆ بەرنامەی تاپۆ ئەنووسن بەئادرەسی «تاران، مەیدانی ئەرک، ڕادیۆی ئێران، بەشی کوردی و بەناوی لێپرسراوی گشتی کاک مەزھەری خالقی یا بەناوی نووسەری بەرنامەکە» بنێرن و دڵنیا بن کە ئەگاتە دەستمان. ھەڵبەت ئێمە لەم بڕوایەداین کە تەنانەت گلەکردنیشتان نیشانەی لوتفتانە بەبەرنامەکەمان، چونکە ئادەمیزاد ھەر گلە لە دۆستی ئەکا. لە ھەر حاڵێکا بەرنامەکەمان ھەمیشە ئامادەیە بۆ ھونەرنماییتان لە ھەموو بارێکەوە. ھیچ پێویست ناکا ئەوەی وا بۆ ئێمەی ئەنێرن، نووسراوێکی شیعری و یا نەسری بێت. داب و دەستووری وڵات و دەربڕینی بڕواتان کە ئەم داب و دەستوورە پێوەندی بە چ بارێکی کۆمەڵایەتییەوە ھەیە و تێکەڵاوی لەگەڵ ھونەر و عاتیفەدا چییە، خۆی ئەتوانێ لە ئێوەوە بۆ ئێمە دیارییەکی باش و ھێژا بێ. نووسراوێکی ھێژای ستانفۆردمان دەس کەوتووە کە مەنووچێھری ئاتەشی، شاعیری باشی ئێرانی وەری گێڕاوەتەوە بەفارسی و ئێمە کردوومانە بەکوردی و پێشکەشتانی ئەکەین. ناوی وتارەکە ئەمەیە: حەقیقەتی شاعیرانە و حەقیقەتی عیلمی. ئەم نووسراوە ھەوڵی ئەمەیە کە ڕوونی بکاتەوە ڕاستەقینە و حەقیقەت لە ڕوانگەی عاتیفەوە جیاوازی ھەیە لەگەڵ حەقیقەتێ کە زانست ئەیبینێ و ئەیناسێ. ھەڵبەت ئەم وتەیە بەم مانایە نییە کە حەقیقەت خاوەنی دوو ڕواڵەتی دژی یەکترە یا ئەوەی وا عاتیفە بەحەقیقەتی دائەنێ یا ئەو شتە وا زانست بەحەقیقەتی ئەداتە قەڵەم یەکیان حەقیقەتە و ئەوی تریان دژی حەقیقەتە. ستانفۆرد ئەیەوێ بڵێ زانست و ھونەر ھەردووکیان حەقیقەت ئەبینن و ئەیناسن بەڵام لێکدانەوەیان و ڕوانینیان جیاوازە. ئەمە ئێوە و نووسراوەکەی ستانفۆرد. داستانێ سەبارەت بە «ویلیام باتلێرییتس»، شاعیری گەورەی ئینگلیزی ئەگێڕنەوە کە بەباشی جیاوازی نێوان حەقیقەتی شاعیرانە و حەقیقەتی زانستی لێ دەرئەکەوێ. باتلێرییتس شەوێک لەگەڵ دۆستێکی زانایا دائەنیشێ و پاش شێو خواردن بەپێی باوی ئەو کاتەی «دوبلین» لێ ئەبڕێن چەند وردەیەک بەبانگکردنی گیان واتە ئیحزاری ئەڕواحەوە خەریک بن. بۆ ئەم کارە شاعیر و زانا و دۆستەکانی تریان لە پشت پەنجەرەی ھۆدەکەیەوە کە ئەڕوانێتە سەر شەقام ڕوو ئەکەنە گۆیەکی بلووری و بەگۆیەکەدا ئەڕوانن. لەپڕ باتلێرییتس بەدەنگێکی جادووگەرانەوە دێتە قسە و ئەڵێ من تاپۆیەکی جادوویی و پڕشنگدار ئەبینم کە لەسەر تەپۆڵکەیەکی خاکی سەما ئەکا. شکڵی تریش ئەبینم ڕەنگیان سوورە، سەوزە، ئەرغەوانییە کە بەدەوری تاپۆیەکەدا دێن و دەچن. زانا قسەکەی ئەبڕێتەوە و ئەڵێ ئەوەی وا دێتە بەرچاوی بەڕێز باتلێرییتس پڕشنگی ئەو شتانەیە کە لە دووکانی دەوافرۆشی ئەوپەڕی شەقامەکەوە لەم کۆبلوورییەی ئەدا. ئەگەر باش سەیری دووکانەکە بکەن ڕیزە بوترییەک لە دووکانەکەدا ئەبینن کە پڕن لە دەوای سوور و سەوز و ئەرغەوانی. خۆرەتاو لەوانی داوە و پڕشنگیان ئەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەم گۆبلوورییە کە لە بەردەمی ئێمە دانراوە. ئەمەیە تاپۆی پڕشنگداری باتلێرییتسی بەڕێز. ئەم جیاوازی بیروبڕوایە شتێکی تازە نییە. لەمێژە زانایان توانجی وەھا ئەگرنە شاعیران. لە سەدەی شەشەمی پێش میلاددا زانایانی وەک «گزنۆفان» و «فیساغورەس» شاعیرانی وەک «ھۆمێر» و «ھێریود»یان بەدرۆزنترین ئادەمیزاد ناو ئەبرد. ھیراکلیت ئەیکوت شاعیران لەبەر ئەمە کە لە حەقیقەت لائەدەن شایستەی تازیانە لێدرانن. ئەفلاتوونیش لە پەڕاوەی کۆمارەکەیا ئیشاڕە ئەکا بەکێشەی لەمێژینەی شیعر و فەلسەفە و شاعیران ڕێ ناداتە ناو شاری پاکژ، واتە مەدینەی فازیلەی خۆیەوە، چونکە لای وایە درۆی زیان ئاوەر ئەکەن. ھەڵبەت ئەفلاتوون قوبووڵی ئەو درۆیانەی بەلاوە گرنگ نەبوو کە سەرچاوەی ئیعتیبار و ھێزێک بن بۆ وڵات. ئێستەش زانایان تێکڕا حیسابیان کەی و کورتەیەک لە بڕوایان وەرگری ئەبێتە ئەمە کە شاعیران یا درۆزنن یا بەداخ و دەردەوە دوورن لە ڕاستەقینەی ژیان. ئەمەیە لێکدانەوەی گشتی سەبارەت بەشێعر کە بێ گومان پایەیەکی دروستی نییە. ئەگێڕنەوە ڕۆژێک شاعیرێک لە شیعرێکا کوتی لە ھەر وردەیەکا ئادەمیزادێک ئەبێ و یەکێک ئەمرێ. ژمارەگەرێک ڕەخنەی لێ گرت و کوتی ئەگەر ئەمە ڕاست بوایە، ئەبوو حەشیمەتی جیھان ھەرگیز نەگۆڕێ، نە کەم بێت و نە زۆر، لە کاتێکا وەھا نییە. ئەبوو شاعیرەکە بڵێ لە ھەر وردەیەکا ئادەمیزادێک ئەمرێ و یەک ئادەمیزاد و ١٧/١ی ئادەمیزاد لە دایک ئەبێ! بەڵێ تەرازوو ئەمەیە بۆ درۆزنی شاعیران! ڕەخنەگران ئیتر ھاتوونە سەر ئەم بڕوایە کە بەڵێ شاعیرانی وەک «ییتس» و «بلیک» شێتن، بەڵام لەو شێتانەن کە پیاو سەرگەرم ئەکەن، بەڵام لایەنگران ئەڵێن شاعیران ھێزێکی جادوویییان ھەیە و ئەتوانن ئەو شتانە ببینن کە خەڵکی ئاسایی ناتوانێ بیانبینێ. دژی ئەو بڕوایانە کە ھەندێ لایەنگری شاعیرن و ھەندێ بە شێت و درۆزنیان ئەزانن، مەبەستێک ھەیە کە کەمتر کەس ئامادەیە بۆ قبووڵکردنی، ئەویش ئەمەیە کە شاعیر و زانا لە دوو باری زۆر گرنگەوە لەیەک ئەچن، پێش ئەوە ئەم لەیەکچوونە و ئەم دوو بارە باس بکەم پێم خۆشە بڕوای ئەرەستوو سەبارەت بەلایەنگری لە شیعر لە بەرامبەر ھێرشی توندی ئەفلاتوونەوە بۆ سەر شیعر باس بکەم. ئەرەستوو ئەڵێ: «شیعر بەھیچ بارێک درۆی زیان ئاوەر نییە. شیعر ھەر باسی ژیانی خەڵکە، ھەر حەقیقەتە، بەڵام لە ڕوانگەیەکی بەرزترەوە. شیعر خەڵک یا ڕووداوەکان وەھا کە ھەن و بەرچاو ئەکەون باس ناکا؛ بەڵکو وەھایان باس ئەکا کە ئەکرا ببن.» یا ئەبێ ببن. ئەرەستوو بەم چەشنە بەرگری نامەکەی لە ڕاسپێری کۆمەڵایەتی شیعر درێژە ئەدا و ئەڵێ: «شیعر لە مێژوو پتر باری فەلسەفی تێدایە و زۆرتر لە مێژوو شیاوی شیکردنەوەیە.» تا بەرنامەیەکی تر کە دیسانەوە لەسەر باسەکە ئەڕۆین، بەخواتان ئەسپێرین. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شاعیر و حەقیقەت و واقعییەت سەلام لە گوێگری خۆشەویستی بەرنامەی تاپۆ. لە بەرنامەی پێشوودا بەشێکمان لە نووسراوێکی ستانفۆرد پێشکەش کردن بەناوی حەقیقەتی شاعیرانە و حەقیقەتی زانستی. کورتەی بەرنامەی پێشوومان ئەمە بوو کە سەبارەت بەکاری شاعیران و ڕادەی تەئسیریان لەسەر کۆمەڵ، بڕوای جۆربەجۆر دەربڕاوە. فەلاسەفە و زانایان لە ڕۆژگارانی زووەوە تاقمی شاعیریان بە باشی نەھاتۆتە بەرچاو. تاوانباریان کردوون بەدرۆ و یا لانی کەم کوتوویانە لێکدانەوەی شاعیرانە دوورە لە ڕاستەقینەی ژیان. باسی ئەفلاتوونمان کرد کە بەشاعیران ئەڵێ درۆزنانی زیان گەیێن و ھەروەھا باسی دیفاعییەی ئەرەستووشمان کرد لە شیعر و کوتمان کە ئەرەستوو، پسپۆڕ و بلیمەتی جیھانی کۆن لە بەرگری نامەکەیا ئەڵێ شیعر لە مێژووی نووسراو زیاتر لە فەلسەفە نزیکە. ھەڵبەت ئەم قسەی ئەرەستوو ھەمیشە بۆتە مایەی دڵمەندبوونی مێژوونووسانی زانستی. مێژوونووسی زانستی مەبەست لەو کەسانەیە کە بەبارێکی زانستییەوە سەیری مێژوویان کردووە و عیللەت و مەعلوولی ڕووداوە مێژوویییەکانیان ھەڵسەنگاندووە و تەنیا بەنووسینی وەقایع و ڕووداوەکان، بێ لێکدانەوە و بردنەوە سەریەکی ھۆ و ھەل و ھەڵکەوتەکان، بەسیان نەکردووە. لەم مێژوونووسانە ئەتوانین ناوی «توسیدید و گپبۆن» بەرین. لام وایە کە ئەو بناغەیە وا ئەرەستوو بەھەڵپەوە دایڕشت ڕووکارەکەی لێکدانەوەی «جوانیناسان» واتە عالمانی عیلمی جەماڵ لە دە ساڵەی دوایی سەدەی نۆزدەدا پێک ئەھێنێ. «ئۆسکار وایڵد» لە نووسراوێکیا ئەنووسێ: «ھونەر، بەرزی و تەواوی خۆی لە ناو خۆیا دەس ئەکەوێ. نەوەک لە جیھانی دەرەوەدا. ھونەر نابێ بەتەرازووی وێچوون و شەباھەت لەگەڵ شتی دەرەوەدا ھەڵسەنگێنرێ. ھونەر گوڵی وەھای ھەیە لە ھیچ جەنگەڵێکا دەس ناکەوێ، باڵداری وەھای تێدایە کە لە ھیچ باغ و گوڵزارێکا نییە، ھونەر بەھەزاران جیھان دروست ئەکا و ئەیڕووخێنێ و ئەتوانێ مانگ بەدەزوویەکی سوور بەئاسمانەوە ھەڵواسێ.» ھەڵبەت ئەم واتەیە لەگەڵ بڕوای ئەرەستوو جیاوازی ھەیە؛ بەڵام سەیر ئەمەیە کە ھەم ئەرەستوو و ھەم ئۆسکار وایڵد لەسەر ئەم مەبەستە پێکھاتوون کە شیعر ھەرێمێکی سەربەخۆیە نە موستەعمەرەی شۆڕش کردوو و جیاوازی خوازی مێژوو یا زانست. بەرامبەر کردنی شیعر و مێژوو لە لایەن ئەرەستووەوە منی ھێنا سەر ئەو بیرە کە لایەنێکی تریش ھەڵدەم لەو بڕوایە کە لە پێشا کوتم. زانایان قسەی شاعیران بەدرۆ ئەزانن، تاقمێکی زۆر لە زانایانی دێرینەناسی ھەوڵیان داوە ڕاستەقینەی مێژوویی لە پەڕاوە حەماسییەکانی جیھانی کۆن وەک ئیلیاد و ئۆدیسە شوێنەواری ھۆمێری یوونانیا بدۆزنەوە. وایان داناوە کە پیاو ئەتوانێ لەو پەڕاوانەدا بەئاشکرا ئەوەی وا ڕووداوی مێژووییە لەگەڵ ئەوەی ئەفسانەیە لەیەک جیاکاتەوە. لام وایە ئەو تاقمە زانا و دێرینەناسانە کاریان بەسەر شوێنەواری شاعیرانی وەک بلیک، مایتس، دانتە یا لویس کارۆڵەوە نییە و مەبەستیان ئەو پەڕاوە شیعرییانەیە کە نیوە مێژوویین وەک کتێبی ژولیوس سزار نووسراوی شکسپێر. ھۆمێر شاعیری گەورەی یۆنانی لە جڵدی دووھەمی پەڕاوی ئیلیادا قایمەیەکی دوورودرێژی ھێناوە لە فەرماندەرانی یۆنانی شاری تڕۆوا لەگەڵ ناوی ئەو دەریایانە کە پێیدا ھاتوون و ژمارەی کەشتییەکانیان. ھەڵبەت ئەو وێژەوانانە کە لە ھەرێمی مێژووییشا ئەیانەوێ لێکۆڵینەوەیان ھەبێ، مافیان ھەیە ئەو قایمەی «ھۆمێر»، بەناوی بەڵگەیەکی مێژوویی بەدەستەوە گرن و بیانەوێ لە بارەی ژیانی ئەو کاتەی تڕۆوادا یا باری ژیانی پێنسەد ساڵ لێرەوبەری سەر زەوی مالسیا بەھۆی نووسراوەکانی شکسپێڕەوە بزانن، بەڵام ئەبێ ئەمەش بڵێم کە ئەگونجێ ئەو بەڵگانە بەتەواوی نادروست و سەرشێوێن بن، بەتایبەت لە بارەی ئامار و ژمارەوە. چونکە لەگەڵ ئەوەشا کە شاعیر لە ڕاستەقینەیەکی دەرەوە ئیلھام وەرئەگرێ و ئەسڵ و مایەی داستان و سووژەکەی لەسەر واقعییەت دائەمەزرێنێ، بەڵام زۆر گوێ ناداتە وردبوونەوە لە ئامار و ژمارە و ڕەقەم. تەنانەت ناو و ھەرێم بەو چەشنە کە ویستی زانایانە. شاعیر زۆرتر ھەوڵ ئەدا وشەی بەئاھەنگ و مووسیقا ھەڵبژێرێ. بۆ نموونە کاتێ ناوێک بەلایەوە جوان نەبوو یا ھەرێمێک خاوەنی وشەی ناقوڵا و لەسەر زمان گران بوو، ئەیگۆڕێ. واتە فۆڕم و قالب و وشە زیاتر بەلای شاعیرەوە گرنگە تا ناوەڕۆکی ڕاستەقینە. بۆ ئەوەی دیسانەوە تووشی ھەڵەیەکی تر نەبین و وا نەزانرێ کە منیش شاعیران بەدرۆزن دائەنێم و مەبەستم لەوە کە شاعیر دیوی دەرەوەی وتاری بەلاوە گرنگترە، گوایە ئەوەیە کە لە وتاری شاعیرا حەقیقەت نابینرێ، باشترە نموونەیەک بھێنمەوە و مەبەستەکە ڕوون بکەمەوە. شاعیر ڕووداوێکی مێژوویی کە لە سەردەمی شەڕی سەلیبا ھەڵکەوتووە ئەگێڕێتەوە. ڕیچاردی شێردڵ و سەلاحەددینی ئەیووبی بەشی ھەرە گەورەی ئەو ڕووداوەن. یانی داستانەکە لەسەر ئەوان ئەگەڕێ. شاعیر ئەو دوو ناوە ناگۆڕێ، بەڵام ئەتوانێ چەشنی ڕووداوەکە بگۆڕێ. ژمارەی سپای سەلیبی و مسوڵمانەکان کەم و زۆر بکا. ھەرێمەکەی وا شەڕ لەوێ قەوماوە بگۆڕێ، وتووێژەکان بگۆڕێ و زۆر شتی تر. چونکە ھەروەک لە پێشا لە زمانی ئەرەستۆوە کوتمان شاعیر ڕووداوەکان وەک ھەن باس ناکا، بەچەشنێ کە ئەکرا و ئەشیا ببن، باسیان ئەکا. دەیجا ئاشکرایە، ئەکرا سەلیبی سەرکەوتایەن، ئەکرا باری ژیان لە ئوڕووپای ئەو کاتەدا چەشنێک بوایە کە کلیسا دەستی ئەوەندە نەڕۆیشتبایە کە زۆربەی کۆمەڵی ئوڕووپا بخەڵەتێنن و شایانی وڵاتە ئوڕووپایییەکان بەھیوای وڵات گرتن و تاڵان، ھان دا بۆ لەشکەرکێشان. ئەکرا سەلاحەددین ئەوەندە بەھێز نەبوایە کە سەلیبییەکان شکست بدا؛ تەنانەت لە ڕوانگەی شاعیرێکی ئوڕووپایییەوە کە پێوەند و دڵبەستراوی ھەیە بەگەلەکەیەوە، باشتر بوو وەھا نەبوایە. باشتر بوو لەو شەڕەدا ئوڕووپا سەر بکەوتبایە و زانیاری شەڕق و زووتر لە غەربا پەرەگر بوایە. نموونەیەکی تر لەوەی کە شاعیر بۆ پاراستنی مووسیقا و ئاھەنگی فۆڕم، ژمارە و ئەڕقامی ڕیازی ئەکاتە قوربانی. زانایەکی میکانیک و فیزیک کاتێ باسی کەشتییەک ئەکا کە «٣٠» پێی لە ناو ئاودایە و «١٢٠» پێی لە دەرەوە و بەسەر ئاوەکەوەیە مەبەستێکی فیزیکی ھەیە و ئەڕوانێتە سەر قانوونی فیزیکی، چونکە ئەگەر ژمارەی «٣٠» و «١٢٠» نەبێ لە باری فیزیکییەوە ئەگونجێ کەشتییەکە نوقم بێ یا لە بەرامبەر تۆفان و شەپۆلی دەریادا باش ڕانەوەستێ. بەڵام شکسپێڕ لە نووسراوەکەیا بەناوی تۆفان کاتێ بەئاریل ئەڵێ باوکت سی پێی تەواو لە دەریا چۆتە خوارەوە مەبەستێکی ڕیازی نییە و ڕەنگە ھەر نەشزانی کە ئەگونجێ ئادەمیزاد لە قووڵایی سی پێدا تووشی قورسایییەکی لە ڕادەبەدەر بێت. شکسپێڕ وشەی «سی» ھەڵبژاردووە، چونکو بەلایەوە لە بیست و چل مووسیقای زیاترە. ھەروەھا ییتس Yeats لە شیعری I nis free (ئای نیس فری)دا بێ گومان لەبەر مووسیقای کەلام و ئاھەنگی خۆشی وشەی ٩ ئەڵێ: لەوێ نۆ ڕیز لوبیا ئەچێنم و پلوورێک ساز ئەکەم بۆ ھەنگەکانم. بۆچی «ییتس»ی شاعیر نەیکوتووە ١٣ ڕیز لوبیا و دوو پلوور؟ بێ گومان لەبەر ناباری وشەی ١٣ و دوو. ئەگەر ئەو شیعرانە ھی شاعیرانی سەردەمە کۆنەکان بن وەک سافۆیا ئەناکرئۆن Anakron وێژەوانانی دێرینەناسی بەناوی ڕاستەقینە ناچار ئەو ژمارە و ڕەقەمانەیان وەرئەگرت و بێ گومان لە ڕابردووی ڕاستەقینەی مێژووییدا تووشی ھەڵە ئەبوون. ئەمە بوو کە لە پێشا کوتم نابێ چاوەڕوان بکرێ کە شاعیر خۆی بەتەواوی واقعییەتەوە ببەستێتەوە. شتێکی تر، چۆنە کورتی کەمەوە و بڵێم کە شاعیر حەقیقەت ئەڵێ، بەڵام حەقیقەتێکی بێ واقعییەت؛ کەمتر وا ئەبێ کە حەقیقەت و واقعییەت لە شیعرا یەکتر بگرنەوە. ھەڵبەت ئەم لێکدانەوەی من کاتێ دروستە کە ئێوەش لە مانای حەقیقەت و واقعییەتا بڕواتان بڕوای من بێ. من واقعییەت بەو شتانە ئەڵێم کە ئێستە وجوودی واقعی و بەرچاویان ھەیە؛ وەک سەختی و زبری بەرد یا کەم نرخی ئەوین لە چاو سەردەمانی پێشوو. بەڵام حەقیقەتی بەرد تەنیا زبری و سەختییەکەی نییە و کەم نرخی ئەوین بەلای منەوە باش نییە، واتە حەقیقەت نییە لە کاتێکا واقعییەتە، لەوەی کە کوتم باش نییە شتێکی تریشم بەبیرا ھات بۆ مانای واقعییەت و حەقیقەت؛ واقعییەت ئەو شتەیە کە ئێستە ھەیە. چ باش بێ، چ خراپ. چ جوان بێ، چ دزێو. حەقیقەت ئەگونجێ ئێستە نەبێ، بەڵام ئەگەر ھەبوو جوانە؛ ئەوپەڕی پاکی و باشییە. باشی لە ڕاستییا مانایەکی ترە لە حەقیقەت. واقعییەت ئەمەیە کە ھەژاری و برسییەتی و شەڕ لە جیھانا ھەیە. بەڵام ئاخۆ ئەوانە بۆ ھەمیشە پێویستن؟ حەقیقەت ئەمەیە کە نەخێر پێویست نین! تا بەرنامەیەکی تر کە دیسان لەسەر ئەم باسە ئەڕۆین بەخواتان ئەسپێرین. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شیعر زیاتر لە فەلسەفە نیزیکە، ھەتا مێژوو سەلام لە گوێگری بەھەست و ھونەرپەرستی بەرنامەی تاپۆ. لە بەرنامەی پێشوودا کوتمان کە حەقیقەت و ڕاستەقینە لە ڕوانگەی شاعیر و زاناوە جیاوازییان ھەیە، بەڵام ھیچ کام لەم دوو لێکدانەوەیە، واتە لێکدانەوەی شاعیر سەبارەت بەحەقیقەت و لێکدانەوە و بڕوای زانا بەرامبەر بەڕاستەقینە، ھەڵە نین. ھەردووکیان بەپێی بڕوایان دەرک و تێگەیشتنێکیان ھەیە. باسی بەرەنگاری زانایانمان کرد بەرامبەر بە شاعیران و کوتمان تاقمی زانا بەدرێژایی مێژوو بەرھەڵستی شاعیران وەستاون و لایان وابووە کە لێکدانەوەی شاعیر لە ڕاستەقینە دوورە. ئەفلاتوونمان بەنموونە ھێناوە و پاشان باسی ئەرەستوومان کرد کە یەکەم فەیلەسووف و زانایەک بووە ڕێزی بۆ شیعر داناوە و کوتوویەتی شیعر لە مێژوو زیاتر لە فەلسەفە نزیکە. بەڵام کوتمان نابێ چاوەڕوان بکرێ کە شیعر لە باری ئامار و ژمارەوە شتێکی لێ دەرکەوێ کە ڕوونکەرەوەی ڕاستەقینە و ڕووداوی مێژوویی و کۆمەڵایەتی بێ. ھەڵبەت ئەمە بەڵگە نییە بۆ ئەوە کە شیعر لە پایە و بناغەشدا کاری بەسەر ڕاستەقینەوە نییە، بەپێچەوانە شیعر ھەوێنی لە ڕاستەقینە وەرئەگرێ، بەڵام ڕاستەقینەی دەوروبەر و ڕووداوی ڕۆژانە و ڕابردوو لە دەروونی شاعیرا ڕەنگیان ئەگۆڕێ و بەتارای عاتیفە دائەپۆشرێن. لە بەرنامەی ڕابردوودا کوتمان کە شاعیر وەک زانا و ژمارەگەر نییە کە ھەوڵ بدا وتەکانی موو بەموو، بێ کەم و زۆر لەگەڵ ڕاستەقینەی دەرەوەدا بێتەوە. بۆ ئەو باسەش میسالێکمان ھێناوە لە شیعری شاعیرێک کە ئەڵێ: ٩ ڕیز لۆبیا ئەچێنم. لە وێژەی خۆشمانا زۆر جار تووشی شتی وەھا ئەبین. بۆ نموونە شاعیر بەژنی یاری بەدارێکی ڕاست و بەرز تەشبیھ ئەکا. لێرەدا ڕاستەقینەیەک لە بەرچاوی شاعیرە، کە زانا کاری بەسەرییەوە نییە. حەقیقەتی بەرزی و تەرزی بەژن و باری دڵدار، جا با نەکرێ بەژنی ھیچ ئافرەتێک بەئەندازەی چنار و سەوڵ بەرز بێ. شاعیر بەرزی باڵای لە بەرچاوە نەک ئەندازەی بەرزییەکە. جا ھەتا ئێرە ھێشتا ھەر باشترە و باسەکە باسی کەممی و چەندایەتییە. بەژنی یار و بەرزە و سەوڵیش دارێکی بڵند و تەرزە. ئەمە تەشبیھی مەحسووسە بەمەحسووس. واتە لەیەکچواندنی دوو شتە کە ھەست ئەکرێن و بەرچاو ئەکەون. ھەم بەرزی دار دیارە و ھەم بەرزی بەژنی دڵدار. بەڵام گاھێ ھەڵئەکەوێ کە شتێکی مەعقوول بەشتێکی مەحسووس تەشبیھ ئەکرێ یا پێچەوانەکەی. واتە تەشبیھی مەحسووس بەمەعقوول. لەم دوو جێگایەشدا چونکە یەکێ لە «موشەببەھ» یا «موشەببەھون بیھی» ھەست کراوە، کارەکە ساکارترە. شاعیر ئەڵێ: «ڕۆیشتنی ئاو بەناو جۆبارا وەک تێپەڕینی تەمەن ئەچێ.» تەشبیھی مەحسووسە بەمەعقوول. یا ئەڵێ: «خەم لەسەر دڵم خەرمانەی داوە»، تەشبیھی مەعقوول بەمەحسووسە. خەم بەچاو نابینرێ، بەڵام خەرمانەی دەوری مانگ کە دەوری ئەگرێ و تاریکی ئەکا شتێکی بەرچاوە و ھەست ئەکرێ. لەو جێگایەدا تێگەیشتن کەمێک دژوار ئەبێ کە مەعقوول بەمەعقوول تەشبیھ ئەکرێ؛ «حافز» ئەڵێ: سلامی چو بوی خوش آشنایی بدان مردم دیده روشنایی بۆنی خۆشی ئاشنایی شتێک نییە بەلووت ھەست کرێ و ھەروەھا سڵاویش نامەحسووس و ھەست نەکراوە. گلێنەی چاوی ڕووناکییش تەعبیرێکی شاعیرانە و نامەحسووسە؛ گوایە ڕووناکایی چاوی ھەیە و ئەو کەسەش وا «حافز» ئەچێتە سڵاوی، گلێنەی ئەو چاوەیە. بڕوانن ھونەری شاعیرانە چی کردووە. ڕووناکایی جگە لە پڕشنگ و نوور شتێکی تری تێدا نییە؛ ئەزانین کە ڕووناکترین بەشی ئەندام چاوە، ھەم ڕووناکە و ھەم ڕووناککەرەوە؛ لە چاویشا گلێنە بەکارترین بەشە بۆ دیتن، واتە ڕووناککردنەوەی شت؛ جا ئەگەر لە شتێک نەفسی ڕووناکایی بێ و لەو لەشەدا چاوێک ھەبێ، بێ گومان چاوەکە لە لەشەکە ڕووناکترە، واتە ڕووناکتر لە ڕووناکایی، جا گلێنەی ئەو چاوە ئەبێ چی بێ؟ ! ڕووناکتر و ڕووناککەرەوەتر لە چاوی ڕووناکایی! دژایەتی زانا و شاعیر لە ناو وێژەی فارسیشا زۆر بەرچاو ئەکەوێ و تازەترینیان لە لایەن ئەحمەدی کەسرەوییەوە بوو بەرامبەر بەشیعری شاعیرانی ئێران وەک حافز. کەسرەوی پەڕاوێکی نوسیووە بەناوی «حافk چەمی گوید؟» و لەو پەڕاوەدا ڕەخنەی سەیر و ناڕەوای گرتووە لە حافز. کارم بەسەر ئەمەوە نییە کە ڕەخنەی کەسرەوی لە شاعیران بەتایبەت ئەو شاعیرانەی کە کاریان مەدح و پێ ھەڵکوتنە ڕەخنەیەکی دروست و بەجێیە، بەڵام وا دەرئەکەوێ کەسرەوی ھەر لە پایەوە بێگانەیە بەرامبەر بەڕاسپێری شیعر و زۆر ورد نەبۆتەوە لە ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی شیعرەکانی حافز و خۆی لەم ڕاستەقینەیە نەگەیاندووە کە ئیستعارە و ئیماژ گاھێ بەگوێرەی باری کۆمەڵایەتی ناچارییە بۆ شاعیر. وا دیارە کەسرەوی لای وایە کە شاعیر یا ھەر کەسێکی تر ئەوەی وا بەلایەوە دزێوە، ئەبێ بیڵێ و ئەگەر ترسی ھەیە لە کوتن، باشترە ھیچ نەڵێ و بەوتەی داپۆشراو ڕێگا لە خەڵک نەشێوێنێ. کەسرەوی لە ناو شاعیرانی ئێراندا فردەوسی پەسند ئەکا و ئەڵێ شیعرەکانی بۆ ھاندانی دەماری نەتەوەپەرستی بەکەڵکن. ئەمە ڕاستە، بەڵام ئەگەر فردەوسی پاش بووژانەوەی دووبارەی ھونەری ئێرانی نەھاتبایە و بارێکی سازاوی وەک دەرباری مەحموودی نەبوایە خوا عالم کە ئەیتوانی یا ئەیوێرا ئەم شیعرە ھاندەرانە بڵێ یان نا؟ ! ئەگەر فردەوسی پاش ھێرشی مەغوول بھاتبایە و لە ناو گەلێکا بژیایە کە بڕوایان بەخۆیان لە دەس چووە و ترس دایگرتوون، ئاخۆ لە دەروونیا ئاگری نیشتمانپەرستی ھەر بڵێسەی ئەبوو یان نا؟ ئەزانین کە شاعیر بارھاتووی کۆمەڵ و شەرایتی کات و پێداویستی کۆمەڵ و مێژووە. بۆچی قەسیدە ئەگۆڕێ بەغەزەل؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ساکارە، ئەگەر بزانین قەسیدە ھی کام سەردەمە و غەزەل لە چ کاتێکا پێش کەوتووە. لە بەرنامەی پێشوودا کوتمان کە گاھێ مێژووناس یا مێژوونووسی وێژەویست ناچار ئەبێ لەو پەڕاوە شیعرییانە کە سەبارەت بەڕووداوێکی مێژوویی یا ئادەمیزادێکی مێژوویی نووسراون کەڵک وەربگرێ. ئەو مێژوونووسانە تا چ ڕادەیەک ئەتوانن بڕوایان بەو پەڕاوە شیعریانە ھەبێ و پشت ببەستن بەو نووسراوانەوە. ئەگەر ئەو پەڕاوانە نووسراوی شاعیرانی جیھانی کۆن بن وەک سافۆ و ئەناکیرئۆن بەدوو دەلیل ئەکرا مێژوونووسان کەڵکی لێ وەربگرن: یەکەمیان لەبەر ئەمە کە شاعیرانی پێشوو تا ئەم ڕادەیە کە ئێستە باو بووە نیازیان بەداپۆشراوی و دوورکەوتنەوە لە ھەرێمی ڕاستەقینە و واقعییات نەبووە، چونکە پێوەندی ژیان بەم ھێندە پڕ پێچ و قەمچ و گرێ و گۆڵ نەبووە، ئەمە دەلیلی یەکەم. دووھەمیش ئەمە کە ناچارە مێژوونووس لەم نووسراوە شیعرییانە کەڵک وەربگرێ، چونکە بەڵگەی تری بەدەستەوە نییە. لەگەڵ ئەوەشا کەڵکەڵەی ھەڵەکردن ھەر ئەمێنێ. تا بەرنامەیەکی تر کە دیسانەوە لەسەر ئەم باسە ئەڕۆین بەخواتان ئەسپێرم. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کێشەی زانایان و شاعیران ئەبەدییە سەبارەت: ١٩٧٢/٠٨/١٢ سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ. لە دوو سێ بەرنامەی ڕابردوودا باسی ئەوەمان کرد کە حەقیقەت لە ڕوانگەی شاعیران و زانایانەوە جیاوازی ھەیە و کوتمان کە زانایان زۆر لەمێژە لێکدانەوەی شاعیران و چەشنی ڕوانینیان بۆ جیھانی حەقیقەت بەھەڵە ئەزانن. لە گزنۆفان و فیساغورس تا ھیراکلیت و ئیفلاتوون و تا ئەمڕۆکە کێشەی نێوان زانا و شاعیر بەردەوامە. لێرەدا پرسیارێک ھەیە: بۆچ زانایان دژایەتییان ھەر لەگەڵ شاعیر ھەیە و خۆیان لە بەشەکانی تری ھونەر ناگەیەنن؟ لەبەرچی ئارشیتێکتۆرێک یا پەیکەرساز و نەققاش و نووسەرێکی تئاتر و تەنانەت دەورگێڕێکی تئاتر نەکەوتوونە بەر تەوس و توانجی زانایان؟ مەگەر ئەوانە ھونەرمەند نین؟ چما کارەکەیان بەھانی عاتیفەوە نەبەستراوە؟ پرسیار ئەمەیە کە شیعر لە ھەموو ھونەرێک زیاتر، باری عاتیفی موتڵەقی ھەیە. ھونەرەکانی تر ئەکرێ لە ڕوانگەی زانایانیشەوە سوودێکی دەسبەجێی بۆ کۆمەڵ ھەبێ. کوتم دەسبەجێ چونکە لانی کەم نەققاشی زینەتە، پەیکەرسازیش ھەروەھا؛ جگە لەمە پەیکەرسازی بۆ مێژوونووسان زۆر شتی بەکەڵکی لێ دەس کەوتووە، وەک چەشنی بەرگی کۆن، چەشنی خۆ ڕازاندنەوەی ئافرەت و پیاوی مێژوویی. ئارشیتێکتیش چەشنی خانووبەرە سازکردن و سەرای گەورە یان قەڵای شەڕی سەردەمانی کۆنی لێ دەرئەکەوێ. ئارشیتێکت ئێستاش سوودی لێ وەرئەگیرێ و بۆ کۆمەڵ بەکەڵکە. تەنانەت مۆسیقاش ئەگەر ڕاسپێرییەکی تری نەبێ، لانی کەم ئەوەی ھەیە کە ئارامیبەخشی گیان و گوێیە. بەڵام شیعر چی؟ شیعر لە ڕوانگەی ئەو زانایانەوە کە دژی شیعرن، لیزگەی چەند وشەی لە ڕاستی بەدوورە و ھیچی تر و کەڵکی نییە بۆ کۆمەڵ. بەرپەرچی بڕوای ئەو زانایانە بەم جۆرە ئەدرێتەوە کە ئەو تاقمە ھەر لە بناغەوە ڕاسپێری ھونەریان نەناسیووە. شیعر و ھیچ ھونەرێکی تر نابێ بەمەوە ڕاوەستێ کە تەنیا جوان بێ. شیعر لەگەڵ جوانییا ئەبێ بەکەڵکیش بێ، بەڵام چۆن بەکەڵکییەک؟ وەھا کە دۆزینەوەی ھێزی کارەبا لە لایەن ئێدیسۆنەوە بەکەڵکە، چەشنی ئەو بەکەڵکییە کە لە فیزیک و میکانیک و شیمی و پزشکییا ھەیە، ئەگەر ھەر ئەوانە بن بەکەڵکی، ئەی فەننی حقووق، زانستی ئەخلاق، کۆمەڵناسی و سیاسەت و زۆر بەرھەمی بەکەڵکی تری مێشکی ئادەمیزاد چین؟ ! ئاخۆ ھەموو کۆششێکی ئادەمیزاد بۆ ئەوە نییە کە باش بژی و مرۆڤانە بژی؟ بەرەو پێش بچێ و بەرز بێتەوە؟ ئایا تێکنیکی پێشکەوتوو، بێ ناسینی فەلسەفە و مانای ژیان، ئاگرێک نییە بەدەس مناڵێکی نەفامەوە؟ ئەگەر ئەمەمان قەبووڵ کرد و شارەزای مێژووی ھونەریش بووین و زانیمان کام پێتەویستی کۆمەڵایەتی، ھونەری بەدی ھێناوە، ناچارین قەبووڵ بکەین کە شیعر بێ ئەوە ویستی کەسێکی تایبەت، یا تەفەننونی شاعیرێکی دیاریکراو بێ، لە کۆمەڵا پەیدا بووە، ھەروەک بەشەکانی تری ھونەری جادوویی. شیعر باشتر لە نەسر لەبەر ئەکرێ و لەبەر ئەمە باری ھەڵگرتن و نەفەوتانی زۆر مەبەست و ڕووداوی کۆمەڵایەتی و مێژووی خراوەتە ئەستۆی شیعر؛ بەتایبەت لە ڕۆژھەڵاتا شیعر زیاتر لە ھەموو ھونەرێکی تر پێشینەی خزمەتی کۆمەڵایەتی ھەیە. ئەگەر گاھێک و لە سەردەمێکی کورتا بەھۆی بارێکی تایبەتی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە شیعر لە ڕێگای خزمەتی گشتی لای دابێ، ئەمە نابێتە مایەی بێ کەڵکی شیعر. ئاخۆ سەنعەت و زانست لە ھەموو کاتێکا بەکەڵکە؟ تەنانەت ئەگەر بۆمبای ئەتۆمیش بێ و بەسەر خەڵکی بێ تاوانی ھیرۆشیما و ناکازاکیشا بکەوێ؟ ئەتۆم ئەتوانێ لە خزمەتی ئادەمیزادا بێ و چارەی زۆر دەرد و نەخۆشی و کەمایەتی بکا، لە کاتێکا تا ئێستا ئەتۆم وەھا نەبووە و بۆ ئەم ڕێگایە کەڵکی زۆر لێ وەرنەگیراوە و ئەم مەبەستە نابێ بمانھێنێتە سەر ئەم بڕوایە کە گوایە زانستی فیزیک بێ کەڵک و زیان گەیێنە. مەبەستێکی تریش کە پێویستە بۆ پاکانەی شیعر لە لای زانایان، ھەڵبەت ئەو زانایانە کە دژی شیعرن، بکوترێ، ئەمەیە کە شیعر و وێژەی پێش زانست ھەستیان بەنیازی کۆمەڵی ئادەمیزاد کردووە و زۆر ھەڵکەوتووە کە زانست بیری لە شتێک نەکردۆتەوە و بەلایەوە کارێکی نەگونجاو بووە، لە کاتێکا شیعر و وێژە لە خەیاڵ و عاتیفەی شاعیرا تەسویری کردوون و ڕێگا و شوێنی بۆ دامەزراندوون. زۆر ئوستوورە و ئەفسانە ھەن کە ئیختڕاعاتی زانستی ھەزار ساڵ پاش خۆیان پێشبینی کردووە. لە سەردەمی کۆنا فڕین بۆ ئادەمیزاد لە باری زانستییەوە نەگونجاو بووە و تاقیکاری زانایان ئەوەندە نەبووە کە تەنانەت ئاواتی فڕینیشیان ھەبێ، بەڵام شاعیر و ئەفسانەوێژی کۆن لە جیھانی بەرینی ھونەرا خۆی بەتاقیکاری کەموکورتی دەسکەوتی ئادەمیزادەوە نەبەستۆتەوە و ماوەی ھەبووە تا بیر و خەیاڵ لە وزەیاندا ھەیە، بڕوا و ئاوات بخوازێ بۆ ھەڵفڕین و نموونە و میسالی ئوستوورەیی ساز بکا. قالیچەی سولەیمان، چەرخ و فەلەکی پیرێژن لە ئەفسانەی کوردییا و ماشێنی فڕۆک لە داستانی دێدالووس نوعخرزخر دا پێشبینی کراوە و بۆتان ڕوون ئەکاتەوە کە شاعیر و نووسەر سەرقافڵەی کاروانی پێشکەوتووی بەشەرییەت بوون. تەنانەت ئاریستۆفان لە پەڕاوێکی شیعریدا کە ناوی «بۆق»ە، شەڕی شیمیایی لە ڕێگای ھەواوە پێشبینی کردووە و لووسین سەفەر بۆ مانگی باس کردووە. لە ئەفسانە کۆنەکانی یوونانا، کەسێک ھەیە بەناوی ستائووس. کاتێ خەریکی مردن بوو، خوای بەیان لە لای زێئووس تکای بۆ کرد و تەمەنی ھەمیشەیی پێ بەخشرا. ئەمەش نموونەیەکە ھەزاران ساڵ لێرەوبەر لە وێژەدا ھاتووە و تا ئەمڕۆش بەشەر نەیتوانیوە خۆی لە دەس مردن ڕزگار بکا؛ بەڵام ئەگونجێ زانست ڕۆژێک ئەم ئاواتە بەدی بھێنێ. زانست، ئەویش زانستی فیزیک و میکانیک و پزیشکی کە ھیچ پێوەندیێکیان بەزانستی کۆمەڵایەتییەوە نییە، ھەر ئەوەندەیان لە دەس دێ، کە کەرەسەی ئاسوودەیی و پێشکەوتی سەنعەتی بۆ ئادەمیزاد پێک بھێنن... کەڵک وەرگرتن لەو کەرەسانە لە ھەرێمی زانستێکی ترا دیاری ئەکرێ، واتە زانستی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵناسی و ئەخلاق و فەلسەفە و ئەدەب زیاتریان بەیەکەوە پەیوەند ھەیە تا لەگەڵ زانستی تێکنیکی. من ناچارم جارێکی تریش ئەم ڕاستەقینە بخەمە بەرچاو کە بەداخەوە زۆر کەس لایان وایە شیعر تەنیا جوانی ڕووتە و ھیچ ڕاسپێرییەکی کۆمەڵایەتی نییە. ئەمە ھەڵەیەکە کە تەنیا ئەو کەسانە تووشی ئەبن کە نایانەوێ ورد بنەوە لە ناوەڕۆکی شیعر و ھێزی ھاندەر و بەرەو پێشبەری ئەم بەشەی ھونەر. ئەم ڕیزە وتارە ئەتوانێ دەرگای وتووێژی ئێمە و ئێوە بکاتەوە و ئەگەر جگە لەمانە کە کوتوومانە شتێکی ترتان بەخەیاڵا دێ، یا ڕەخنەیەکتان ھەیە، تکایە بۆمان بنووسن، بڕواتان بەناوی خۆتان بڵاو ئەکەینەوە و سپاستان ئەکەین. تا بەرنامەیەکی تر کە دیسانەوە لەسەر ئەم باسە ئەڕۆین، بەخوای مەزنتان ئەسپێرین و چاوەڕوانی نامەتانین. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕوانگەی جیاواز لەسەر حەقیقەت سەبارەت: ١٩٧٢/٠٨/٣٠ ژن: سەلام لە گوێگری بەڕێز و ھونەرپەروەری بەرنامەی تاپۆ. لە دوو بەرنامەی ڕابوردوودا کوتمان حەقیقەتێ کە زانا ئەیزانێ جیاوازی ھەیە لەگەڵ ئەو حەقیقەتە کە شاعیر ئەیبینێ و ئێستە لەسەر ئەم باسە ئەڕۆین. پیاو: فەرمووت ئەو حەقیقەتە وا زانا ئەیزانێ جیاوازی ھەیە لەگەڵ ئەو حەقیقەتە کە شاعیر ئەیبینێ. شتێکم کەوتەوە بیر کە پێوەندی بەباسەکەوە ھەیە. داستانێکە سەبارەت بەیەکەم دیداری مەولانا جەلالەددین و شەمسی تەورێزی. پێش ئەوە کە جەلالەددین بچێتە ناو کۆڕی تەسەووف و عیرفانەوە، زۆرتر بەناوی زانا ناوبانگی ھەبوو. لە سەرتاسەری وڵاتە ئیسلامییەکانەوە ئەچوونە قوونیە و لە دەریای بێ بنی زانستی جەلالەددین تێراو ئەبوون. بەسەدان خوێندکار لە زانستگەیەکا کە جەلالەددین خۆی بەسەریا ڕائەگەیشت و دەرسیشی تێدا بەشاگردانی ئەگوت، خەریکی دەرس خوێندن بوون. وەک لە نووسراوەکان دەرئەکەوێ مەولانا پیاوێکی خانەدان و یەگجار دەوڵەمەند بووە. تەنانەت خەرجی ئەو زانا و خوێندکارانەش کە لە زانستگەکەیا بوون، خۆی لە ماڵ و سامانی خۆی داویەتی. شەمسی تەورێزی پیرە پیاوێکی خواناسی دڵ ڕووناک بووە کە وەک سۆفی و عارفەکانی تری ئەو سەردەمە بەوڵاتە ئیسلامییەکاندا گەڕاوە. ھەڵبەت ھەر کەسێ کە بۆ گەشت و دیتنی وڵاتان شار و وڵاتی خۆی بەجێ ئەھێڵێ، مەبەستێکی ھەیە؛ یەکێک بۆ دیتنی ھەرێمی تازە، یەکێک بۆ ھەڵسەنگاندنی زانیاری وڵاتانی جۆربەجۆر و ئەزانین کە لەو کاتەدا سنوور وەک ئێستە دابڕاو و دیاریکراو نەبوو کە دانیشتووی ھەرێمێکی تایبەتی جوغرافیایی و سیاسی نەتوانێ بێ پرس کردن و ماوە وەرگرتن لە وڵاتی خۆی بچێتە دەرەوە؛ ئەمڕۆ باری تایبەتی سیاسی پێداویستی بەم دیاری کردنی سنوورە ھەیە کە لەو کاتەدا نەبووە. شەمسی تەورێزیش بێ گومان سەرەڕۆی دوای مەبەستێک کەوتووە کە تەورێزی بەجێ ھێشتووە و لە سنووری ئێران تێپەڕیوە و ڕووی کردۆتە وڵاتی ڕۆم. واتە تورکیەی ئێستا و ڕێگای کەوتۆتە شاری قوونیە کە جەلالەددین لەوێ بووە. ڕەنگە کێشەرێکی مەعنەوی شەمسی بردبێتە قونیە تا بەدیداری خۆی مەولانا بکاتە ئاگرێکی ھەرگیز دانەمرکاو. شەمسی تەورێزی بەسەر و ڕیشی ئاڵۆزاو و بەرگی تۆزاوی ڕێگای دوورودرێژەوە ئەچێتە ئەو خوێندنگەیە کە مەولانا دەرسی لێ ئەڵێتەوە. لەو ڕۆژگارەدا بەپاڵ ھەموو خوێندگەیەکی ئایینییەوە مزگەوت ھەبووە و جێگایەک بۆ خەوتن و حەسانەوەی گەشتیاران و ڕێبوارانی غەریب دروست کراوە. کامە ماڵ دەرگای بۆ غەریب ئاواڵەترە لە دەرگای ماڵی خودا و کامە خانەخوێ دڵاواترە لە خوایەک کە گیان ئەبەخشێ، چ بگا بە نان؟ ! ژن: شەمسی تەورێزی بەڕواڵەتی ھەژارانەوە ئەچێتە سەر ئەو گۆلە وا مەولانا لە کەناریا دانیشتووە و فەقێ و زانایان وەک پەپوولەی دەوری شەم لێی کۆبوونەتەوە. ھەر کام لەو زانایانە کە لە وڵات و شاری خۆیان مامۆستایەکن و ئێستە بەشانازییەوە بوون بەشاگردی مەولانا، پرسیارێک ئەکەن. یەکێک لە بارەی فەلسەفەوە، یەکێک سەبارەت بەمەنتیق، یەک حەدیس و ئەوی تر زانستی فەلەکیات. پێویست ناکا بڵێم مەولانا لە باری زانستەوە چەند بەھێز بووە. ڕادەی زانستی ئەو پیاوە بەرزە بەشیعرەکانیا دەرئەکەوێ، باسی ئەتۆم لە شیعرێکیا بەڕووناکی دێتە بەرچاو. مەولانا ئەڵێ: آفتابی در دل ذره نهان وای اگر آن ذره بگشاید دهان ذره ذره گردد افلاک و زمین گر که آن خورشید بجهد از کمین لەو کاتەدا کە کۆڕی وتووێژی زانستی لە نێوان مامۆستا و شاگردەکانیا گەرمە، شەمسی تەورێزی دێ و لەسەر گۆلەکە دائەنیشێ و گۆی ئەگرێ بۆ قسەیان. پاش ماوەیەک لە مەولانا ئەپرسێ ئەم ھەرایە لەسەر چییە و باسی چی ئەکەن. مەولانا کە لای وا ئەبێ لەگەڵ سۆفیلکەیەکا ڕووبەڕووە، بەتەوسەوە ئەڵێ: ئەمە زانستی «قال»ە تۆ تێی ناگەی. شەمس بێ دەنگ ئەبێ و مامۆستا و شاگرد دەست ئەکەنەوە بەلێکۆڵینەوە و وتووێژ. لەپڕ شەمس دەست ئەداتە چەند پەڕاوێک و لە گۆلەکەیان ئەخا. مەولانا تووڕە ئەبێ و گومانی نامێنێ کە ئەو پیاوە پیرە غەریبە، شێتە. شەمس پاش ئەوە کتێبەکان ئەخووسێن دەس ئەبا و لە گۆلەکە ئەیانھێنێتە دەرەوە و لە یەکیان ئەدا تۆزیان لێ ھەڵدەستێ. مەولانا و ئەوانی تر سەریان سووڕ ئەمێنێ و جەلالەددین ئەپرسێ ئەمە چ بوو ئەی دەروێش؟ شەمس لەسەرەخۆ وەڵام ئەداتەوە: ئەمە زانستی «حاڵ»ە و تۆ تێی ناگەی. شەمس ئەڕوا و مەولانا جەزبەی عیرفان ئەیگرێ و دەرس و خوێندگە ئەنێتە لاوە. پیاو: داستانێکی تریش سەبارەت بەزانین و دیتن. واتە عیلمی زێھنی و عەینی لە ئەبوو عەلی سینا و ئەبوو سەعیدی ئەبیلخەیر ئەگێڕنەوە. لە پەڕاوی مەقاماتی ئەبوو سەعید کە نووسراوی نەوەی ئەبوو سەعیدە نووسراوە کە «شەیخوڕڕەئیس» ئەبوو عەلی سینا و شێخ ئەبوو سەعید یەکتریان چاو پێکەوت. سێ شەو و ڕۆژ تەنانەت کاتی خەویش لەیەک ھەڵنەبڕان و لە ھۆدەکەیان نەھاتنە دەرەوە. کاتێ لەیەک جیا بوونەوە لە ئەبوو سەعیدیان پرسی: ئەبوو عەلیت چۆن وەبەرچاو ھات؟ فەرمووی ئەوەی من ئەیبینم ئەو ئەیزانێ. ھەر ئەو پرسیارە لە ئەبوو عەلیش کرا لە وەڵاما کوتی ئەوەی من ئەیزانم ئەو ئەیبینێ. ئاخۆ جیاوازی ھەیە لە ناو ئیلھامی عارفانە و شاعیرانەدا؟ ئاخۆ کەشف و شھوودێ کە بۆ عارف ھەیە بۆ شاعیریش نییە؟ ئایا ھەردووک لەو زانستانە واتە مەعریفەتی عارفانە و شاعیرانە ھەردووکیان سەرچاوەیان لە عاتیفەوە نییە؟ بەم چەشنە شاعیریش وەک عارف لە بەرامبەر زانادایە. ھەروەک زانایەک بەعارفێک ئەڵێ ئەمە عیلمی «قال»ە تۆ تێی ناگەی، بەشاعیرێکیش ئەڵێ لێکدانەوەت لە حەقیقەت دوورە؛ لە کاتێکا ھەم شاعیر و ھەم زانا ئەڕواننە سەر حەقیقەت. بەڵام ھەر کام لە ڕوانگەیەکەوە. وەک دوو کەس کە لە دوو لاوە تەماشای چیایەک بکەن کە نساری بەدار و دەوەنە و بەر ڕۆژی سیاسەنگ و ڕووتەن. یەکیان شینایی دار و درەخت ئەبینێ و ئەوی تریان ڕەقەن و وشکارۆ. ھەردووک لەو دوو کەسانە یەک چیا ئەبینن، بەڵام ھەر کام لە ڕووکارێکەوە. لە شوێنەواری ھۆمێر کەڵکی مێژوویی وەرگیراوە و بەناوی بەڵگەیەک بۆ ناسینی سەردەمی مایسنا ناسراوە؛ لە کاتێکا ئەو ھەڵەیانە کە کوتمان ئەگونجێ سەر لە لێکۆڵەرانی مێژوویی بشێوێنێ و ئەو شتانە کە ھۆمێر بۆ ئاھەنگ و وەزنی شیعر کوتوویە و تەنیا لە باری ھونەرییەوە ھەڵیبژاردووە بە شتێکی ڕاست و ڕەوانی مێژوویی نەزانێ. شاعیر جگە لە عەناسوری سەوتی وەک: وەزن، ئاھەنگ و قافیە، سەرمەشقێکی تریشی ھەیە کە ئەبێ لە بەرچاوی بگرێ، ئەویش پێوەندی ھەیە بەلەگەڵ یەک ھاتنەوەی تەواوی وشەکان لەگەڵ یەک. یەک وشەی ناحەز تێکڕای شیعرەکە ناحەز ئەکا. وەک ڕەنگێکی ناشارەزایانە کە لە تابلۆیەکی نەققاشی درابێ، یا مێلۆدییەکی نەرم کە بۆ سەمفۆنییەکی حیماسی کرابێتە پێشەکی یا بەردێکی نەتاشراو لە خانووبەرەیەکی بە بەردی تاشراوی مەڕمەڕ. ژن: لە بەرنامەیەکی ترا دیسانەوە لەسەر ئەم باسە ئەڕۆین. تا ئەو کاتە بە خواتان ئەسپێرین. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شار سەبارەت: ١٩٧٢/٠٩/٠٦ سەلامێکی گەرموگوڕ و پڕ بەدڵ پێشکەش بەگوێگری ھۆگری ھونەر و بیستیاری ھەستیاری بەرنامەی تاپۆ. تکایە لە سەرەتای بەرنامەکەماندا گوێ بگرن بۆ پارچە شیعرێک لە شوێنەواری نووسەری بەرنامەکە: گوڵم! دڵم پڕە لە دەرد و کوڵ دەڵێم بڕۆم لە شارەکەت دەڵێم بەجامێ ئاوی کانیاوی دێیەکەم عەلاجی کەم کوڵی دڵی پڕم، لە دەردی ئینتزارەکەت! وەڕەز بوو گیانی من لە شار و ھاڕەھاڕەی ئەو لە ڕۆژی چڵکنی نەخۆش و تاو و یاوی شەو دەڵێم بڕۆم لە شارەکەت لە شاری چاو لەبەر چرای نێئۆن شەوارەکەت بڕۆمە دێ کە مانگەشەو بزێتە ناو بزەم چلۆن بژیم لە شارەکەت کە پڕ بەدڵ دژی گزەم. لە شارەکەت کە ڕەمزی ئاسن و منارەیە مەلی ئەوین غەوارەیە؛ دەڵێی لە دەوری دەست و پێم ئەوەی کە تێل و تان و رایەڵە، کەلەپچەیە ئەوەی کە پەیکەرە میسالی داوەڵە ئەوەی کە دارەتێلە مەزھەری قەنارەیە! لە شارەکەت کەمەندی دووکەڵە کە دێتە دەر لە ماڵی دەوڵەمەند وە تیشکی بێ گوناھی خۆرەتاو ئەخاتە بەند! لە ھەر شەقام و کووچەیەک شەپۆلی شینە دێ بەرەو دڵم دەستی گەرمی ئاشنا نییە کە ئەیکوشم دەستی چێوییە! لە شارەکەت زەلیلە شێر، باوی ڕێوییە! بەھەر نیگایەک و پەتایەکە! ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت گوڵم! گوڵم ھەرێمی زۆنگ و زەل چلۆن ئەبێتە جاڕە گوڵ؟ لە شاری تۆ لە بانی عەڕشە قۆندەرەی دراو شارەکەت، ئاسکە جوانەکەم تەسکە بۆ ئەوین و بۆ خەفەت ھەراو! کێ لە شاری تۆ، لە شاری قاتڵی ھەژار گوێ ئەداتە ئایەتی پەڕاوی دڵ؟ منێ کە گۆچی تاوی گەرمی بەر دەوارەکەی عەشیرەتم بەدارە تەرمی کووچە تەنگەکانی شارەکەت ڕانەھاتووە لەشم! بناری پڕ بەھاری دێ ڕەنگی سوور و شین ئەدا لە شیعر و عاتیفەی گەشم! لاوێکی دێھاتی کە بەیانی ڕەنگاوڕەنگی بەھارانەی ھەواری چیای بەرزی دیوە و ھەمیشە چاوی بەڕوانگەی بەرین و ڕاخراوی دەشتی بەگوڵ و گیا خەمڵیو ڕاھاتووە، دێتە شار. کۆڵانی تەنگ و درێژ وەک تابووت لەشی ئازادی ئەو لاوە ئەگوشێ. ھەزاران بەندی ڕەسم و یاسا لە دەوری دەست و پێی ھۆگری ڕزگاری ئەو ئەبێتە کەلەپچە. ڕوانینی شار جیاوازی ھەیە لەگەڵ نیگای مێھرەبانی دێ. لە شار ژیان چەشنی پیاز، ھەموو تێکوڵە و کاکڵی نییە. ڕواڵەتی ژیان ڕازاوە و شکۆدار، بەڵام ڕەنگی ئەو ژیانە ڕەنگی دەسکرە. ھەروەک ڕەنگێ کە لێو و گۆنای ئافرەتی شار سوور ئەکا. بەڵام لە دێ، ھەموو شت سروشتییە. تەنانەت سوورایی نیوە ڕەنگی لێوی بزەتێزاوی کچێ کە لە ژێر گەرمای ڕوانینی لاوێکی ئەویندارا شەونمی شەرم ئەکەوێتە سەر گوڵی گۆنای و خوێنی ھەستی پاکی کچانە بەپێستی نەرمی دەموچاویا ئەگەڕێ، ڕەنگێکی سروشتییە. لاوی دێ نشین بەھەزار ھەودای ئاوریشمین بەڕابردووی خۆیەوە بەستراوە، فێر نەبووە کۆشکی دە نەھۆمی سەر لە ئاسمان ببینێ و بۆ ئەوە تەماشای بکا کڵاوی سەری بەربێتەوە. لە دێ خانووبەرەی لار و کۆمی دیوە بەڵام ھەنگاوی لاری لە ڕێگا لادەری نەدیوە... لەو حاڵەدا دڵی ئەدا بەکچێک کە وەک گوڵی لەیلووپەڕی ئاوی لە ناو زەلکاوی شارا پشکوتووە. دوو ھێزی کێشەر بۆ دوو لای جیاوازی ئەکێشن؛ ھێزی ئەوین فەرمانی مانەوەی ئەداتێ لە شارێکا کە چەشنی پێڵاوی تەنگ پێی ڕێبواری ئەوین ئازار ئەدا و ھێزی دەرچوون و ڕزگاربوون لە کەمەندی دووکەڵ و دراو و گەڕانەوەی بۆ دێ و دیسانەوە دەستەملانبوونەوەی بیرەوەری خەیاڵ ورووژێنی ھەست بزوێنی سەردەمی مناڵی و گەنجی لە لادێ و ئەم شیعرانە ئاکامی بەرەنگاری ئەو دوو ھێزەن لە ھەناوی لاوەکەدا و ئەبینین کە تەنانەت زنجیرەی زێڕینی ئەوینیش پێی ڕەوەکی لاوەکە نابەستێ و ئەچێتەوە دێ کە ڕەنگی سوور و شینی بەھاری بنار لە عاتیفەی گەشی بدا. تا بەرنامەی داھاتوو خواتان لەگەڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ھونەرمەند ئەندازیاری کۆشکی ئاواتی گەلە سەبارەت: ١٩٧٢/٠٩/١١ سەلام لە گوێگری بە ھەست و ھونەرپەرستی بەرنامەی تاپۆ. تا ئەمڕۆ سەبارەت بەھونەر و ھونەرمەندی زۆر قسە کراوە و بەسەدان سیپارە و پەڕاو لە بارەی ھونەرا نووسراوە و ھەر نووسەر و لێکۆڵەرێک ویستوویەتی لە ڕوانگەی خۆیەوە سەیری ھونەر بکا، بەڵام ھەروەک شاعیری فارس ئەڵێ: یک نکته بیش نیست غم عشق و این عجب از هر زبان که می شنوم نامکرر است باسی ھونەریش ھەر یەک باسە، ھەر باسی جوانی و شکۆیە، بەڵام ھەرکەس بەچەشنێ بەتانوپۆی ھونەرا ئەچێ و لە ڕوانگەی تایبەتی خۆیەوە ئەڕوانێتە سەر جیھانی بژوێن و ھەمیشە بەھاری ھونەر. ئەڵێی ھونەر کۆشکێکی بەرزە بەھەزار پەنجەرەوە کە ھەر کام لەو پەنجەرانە بەرەو جیھانێکی جیاواز ئەکرێتەوە. جیھانێک بەجەنگەڵێکی کاتی پاییزەوە کە گەڵاڕێزان ڕووی تێ کردووە و بەلوورەی ھەر کزەبایەک، گەڵایەک بەسەمای مەرگەوە بەرەو زەوی شۆڕ ئەبێتەوە. جیھانێک بەدەشتێکی بە گوڵ خەمڵیوەوە کە ھەتا چاو بڕ ئەکا سەوز و سوور ئەکاتەوە، ئەڵێی دەشت کلکی تاوسە و چەتری ئەنگاوتووە و سەری ئەو تاوسەش چیایەکی بەرزە کە بەشانازییەوە بەرەو خۆرەتاو ھەڵچووە. بەڵێ ھونەر ئەمەیە؛ بەڵام دیتنی ئەو جیھانە بۆ ھەموو کەس دەس نادا، لە ڕاستییا جیھانی ھونەر لە گیان و ھەستی ھونەرمەندا خۆی ئەنوێنێ و ھەناوێکی ساف و بێ گەردی گەرەکە تا ببێتە ئاوێنەی ھەستی ھونەرمەندانە و ئەو جوانییانە کە لەبەر وردی و ناسکی بەرچاوی خەڵکی ئاسایی نایەن لەو ئاوێنەدا دەرکەون؛ لەگەڵ ئەوەشا ھونەرمەند چێشکەیەکی پاراوی ھەیە، ھەر ئادەمیزادە و خاوەنی ھەموو ھێز و ھەستێکی ئادەمیزادییە، ھونەرمەند بەزرێی ھونەر لەشی نەبۆتە پۆڵا. شکست و سەرکەوتی ھەیە، وەک خەڵکی تر تەنانەت شکستی لە خەڵک تاڵترە و سەرکەوتی شیرینترە. ھونەرمەند بێ ئەوین ناژی، وەک ماسی بێ ئاو ھەڵناکا جا ئەو ئەوینە چ ئافرەت بێ، چ تەبیعەت، چ شتی شکۆداری تر، بەڵام ھونەرمەندی بەڕاستی ناتوانێ تەریک بێ لە کۆمەڵ. گریانی کۆمەڵ فرمێسک دێنێتە سەر چاوی و پێکەنینی خەڵک لێوی ئەکاتە گوڵزاری ھەزاران خونچەی تازە پشکوتوو. لاپەڕەی سپی ھەناوی وەک ئاوێنە بەھەناسەیەک لێڵ ئەبێ و حەریری سپی ھەستی بەھەموو پەڵەیەک ئەشەمزێ، جا لەبەرئەمەیە کاتێ جیھان بەدڵی ئەو نەسووڕا، ئەکەوێتە پەلەقاژە، تەنگاوتیلکە ئەبێ و لێرەدایە کە ڕێگای شاعیران لەیەک جیا ئەبێتەوە. ھەندێ بەدیتنی یەکەم ناحەزی و تووشبوونی یەکەم شکست ھەست ئەکەن ئیتر ھەموو شت دوایی ھاتووە و لەبەرئەوە کە ھەست بەبێ ھێزی ئەکا دێتە سەر ئەو بڕوایە کە لە وزەیدا نییە بەگژ ناحەزی و ناباری ژیاندا بچێ و ناشتوانێ بێ دەنگ دابنیشێ و ھیچ نەڵێ، یا ھۆگری ڕەشی و تاڵی و دزێوی بێ، خۆی کەنار ئەگرێ و خۆی ئەدزێتەوە و گۆشەگیری ئەکاتە پیشە، تا بەواتەی خۆی لانی کەم ئەو لەم بازاڕە شێواوەی ژیانەدا سەرگەردان نەبێ و بەشێک لەو ناحەزییانە نەگرێتە ئەستۆ. ھەندێکی تریش کاتێ چاویان بەناحەزی و ئاڵۆزی ژیان کەوت لێ ئەبڕێن بەرەنگاری ناباری بوەستن و تا پێیان ئەکرێ بەرگری بکەن و ھەوڵ بدەن بۆ پاراستنی جوانی و باشی، لە ڕاستییا ھەردووکیان یانی ھەم دەستەی یەکەم کە ھیوا بڕاوە و ھەم تاقمی دووھەم کە لە تێکۆشاندایە ئەناڵێنن. یەکەمیان شینی مردوویەک ئەگێڕێ کە ئیتر بەھیچ بارێک ھیوای زیندووبوونەوەی نییە، دووھەمیان ھاوار ئەکا بۆ ڕزگارکردنی نەخۆشێک کە ھێشتا زیندووە و ئەکرێ بەداو و دەرمان چاری بکرێ و ببێتەوە ئادەمیزادێکی ساغ و لەش دروست. شاعیر لەگەڵ خەڵکی ئاسایییا تەنیا جیاوازی لەوەدا نییە کە جادووگەری بەدەسەڵاتی ھەرێمی وتارە و ئەتوانێ بەتەڕدەستی و پسپۆڕی گەوھەری وشە بھۆنێتەوە، بەڵکو گەورەترین جیاوازی ئەمەیە کە شاعیر بەھەستی تیژ و چاوی وردبینەوە زووتر ھەست بەمەبەستی ژیان ئەکا و ئەزانێ کام کۆسپ و قۆرت و گرێ دێتە سەر ڕێگا. شاعیر نابێتە شاعیر تا لە پێش ھەموو شتێکا نەبێتە کۆمەڵناس، نەبێتە نوێنگەی ئاواتی سبەینێی کۆمەڵ و مەکۆی زانیاری دوێنێی کۆمەڵ. شاعیر بەتایبەت شاعیری ئەمڕۆکە ئیتر کۆت و بەندی پێدا ھەڵکوتن و شاباش وەرگرتن لە دەوری دەست و گەردنی نەماوە، ئەبێ سەربەخۆ بێ لە بیرکردنەوە و ھەستییا، لە لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەیا. تا دوێنێ شاعیر ناچار بوو بۆ ژیان بە کەسێک ھەڵبڵێ و بەشوێن کەسێکا بڕوا کە زۆر لە ھونەر بێ بەش بوو، ھەڵبەت ھەبوون شاعیرانی گەورەی وەک «ناسر خوسرەو» و «ئەبولعەلا» و «ئەحمەدی خانی» کە گەوھەری وشەیان نەدەخستە بەرپێی ڕێزنەگر و قەدرنەناسان، بەڵام ئەو شاعیرانە لە کەمایەتیدا بوون لەو کاتەدا، بەڵام ئەمڕۆ شاعیر ئامانجێکی تازەی دۆزیوەتەوە و ڕاسپێرییەکی نوێی کەوتۆتە سەر شان. ڕاسپێری بۆ خەڵک ژیان و لە پێناوی مرۆڤایەتییا مردن؛ شاعیری ئەمڕۆ ئەبێ شارەزا بێ بەم ڕاستەقینەیە کە ھەزارەھا گوێگر بەتاسەوە گوێیان لە وتاری ئەو گرتووە و شاعیر ناچارە لە ئاسایی بەرزتر بێتەوە، لە ھەموو تێکۆشانێکا ھەنگاوی یەکەم ئەو ھەڵیگرێ، ھەڵبەت ئەم ڕاسپێرییە ھی گشت ئەو کەسانەیە کە بەچەشنێ ئەبنە جێگای چاولێکردنی خەڵک و قسە و کردەوەیان لە ناو خەڵکا لایەنگری ھەیە و ڕەوایە. ھونەرمەند ئەندازیاری کۆشکی ئاواتی بەیانی کۆمەڵە؛ ڕچەشکێن و ھاندەر و ڕێ پیشاندەرە؛ شاعیریش کە ھونەرمەندی ھەرێمی وتارە، ڕازێنەرەوەی جیھانێکە کە ئەبێ کۆمەڵ بەرەو ئەو جیھانە بڕوا. خەڵکی ئاسایی بەکەنار ھەزار دزێوی و ناحەزییا بێ ئەوە سەرنج بدەن و ئەو ناحەزییانە ھەست بکەن تێئەپەڕن، تەنیا شاعیرەکە ئەتوانێ گاھێ بەھەڕەشەی وشەی ترسێنەر و گاھێکیش بەھیوا بزواندن و وتاری ئاگرین خەڵک تێبگەیێنێ کە ئەوەی وا بێ دەربەست بەپەنایا ڕائەبوورن نابارییەکە کە تازە خەریکی ڕیشاژۆ و سەرھەڵدانە و ئەگەر بژار نەکرێ بەیانی ئەبێتە کۆسپێکی پڕ مەترسی. شاعیر نییە ئەو کەسە وا وشە لیزگە ئەکا. ئەو کەسە ھەڵبەستەچییە نەک شاعیر؛ شاعیر تا دەردێکی نەبێ، تا بڕوایەک لە دەروونیا نەبێ ھەوێن و شەپۆل نەدا، شیعر ناڵێ؛ کاتێ دەرد ئەوەندە زۆر بوو کە ئیتر دڵ و سینگ و ھەناو ھەڵی نەگرت، سەرڕێژ ئەکا. ئەم سێڵاوە کە لە کۆبوونەوەی ھەزاران سەرڕێژی بەربەندی دەرد پێک دێ، مەزرای ھەژار و جووتیار ئەگەشێنێتەوە و ماڵی چەوسێنەرەوە خاپوور ئەکا؛ بێ گومان ھەر دڵێ کە دەردی ھەبێ ئەناڵێنێ، ھەر زمانێ کە بڵێسەی بەتینی دڵی تێ بەربێ دێتە وتار و ھەر وتارێ لە ناخی دڵی بەدەردەوە ھەستێ، ئەنیشێتە سەر دڵی خەڵک. «لانگ فلو» شاعیری ئەمریکایی ئەڵێ: ڕۆژێک تیرێک لە کەوانێک دەرچوو بەرەو فەزای بێ بن، ھیچ چاوێک نەیدی تیرەکە لە کوێ کەوتە خوارەوە، پاش ماوەیەک تیرەکەیان دۆزییەوە کە لە دارێکی بەڕوو ھەڵچەقی بوو، چونکە تیرەکە لە داری بەڕوو بوو؛ ڕۆژێک من ئاوازێکم لە ژێر لێوەوە زەمزەمە ئەکرد، ئاوازەکەم نیوە تەواو مایەوە، پاش ماوەیەک ھەر ئەو ئاوازەم لە دەمی دۆستێک بیست لەو جێگایەوە کە من نیوە تەواوم ھێشتبۆوە... وتارێ کە ڕاستی و جوانی بنوێنێ بێ گومان لەسەر کۆمەڵ کار ئەکا. کە وەھایە بۆ ناسینی شاعیر لە پێشا بزانە کێ شیعری ئەخوێنێتەوە. تا بەرنامەی داھاتوو بە خواتان ئەسپێرین. شەو باش. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاواتی پیرۆز سەبارەت: ١٩٧٢/٠٩/٢٤ سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ. تکایە لە پێشا گوێ بگرن بۆ پارچە پەخشانێک: ماوەی نیو سەعات ھەروا بێ دەنگ دانیشتبوون و جار جار لە ژێر چاوەوە بۆ یەکتریان ڕوانیبوو، ھەڵبەت وەھا کە ئاشکرا نەبێ. ھەر کات ئەم سەری داخستبوو ئەو چاوێکی بەچارەیا خشاندبوو. وا دیار بوو ھەردووکیان لە دڵیانا بەخۆیان کوتبوو: وریا بە، ھاوسەر گرتن و ھەڵبژاردنی ھاوبەشی ژیان کارێکی ساکار نییە. تەواو چاوت بکەوە و باش بڕوانە دەموچاوی، بەژن و باڵای. بەڵام ھەردووکیان لەم بیرە کە بەدڵیاندا ھاتبوو شەرمەزار بوون و دیار بوو ھەردووکیان لە دڵیانا بەخۆیان کوتبوو بۆ مەگەر ھاوسەرگرتن و ھەڵبژاردنی ھاوبەشی ژیان ھەر بەوەی کە ڕواڵەت جوان بوو، پێک دێ؟ باشترە خوو و ڕەفتاری بزانم. بەڵام ھەردووکیان کاتێ گەیشتبوونە ئەم جێگایە دامابوون چونکە نەیانئەزانی بە چ ڕێگایەکا... ؟ باوک و دایکی کچەکە پاش ئەوە زۆر لەسەر مارەیی و جلوبەرگ و خشڵ و زێڕ و گوڵ و گوارە و کرمەک و ژێر چەنە قسەیان کردبوو و کوڕەکە بەشەرمە ھەموو شتێکی قبووڵ کردبوو، لە ھۆدەکە چووبوونە دەرەوە، تا کوڕ و کچ بەیەکەوە قسە بکەن. خوا ئەزانێ شێرکۆ چەند جار لێبڕابوو ئەمە بڵێ و لە شەرما زمانی بەسترابوو و چەند دەسرەی بەئارەق تەڕ کردبوو تا بەدەنگێکی نەرم و لەرزینەوە توانیبووی بڵێ من ئەبێ خۆم لەگەڵ «چرۆ» قسە بکەم و بزانم ئەویش ڕازییە یام نە. پاش ئەو چەند وشەیە قسەی تریشی کردبوو و کوتبووی من و چرۆ ئەمانەوێ بەیەکەوە بژین و ئەبێ ئەو بتوانێ لەگەڵما ھەڵبکا و بتوانێ بەدڵ خۆشی بوێم. بەڵام باوک و دایکی چرۆ، ئیتر گوێیان نەدابووە قسەکانی دوایی «شێرکۆ». تەماشایەکی یەکتریان کردبوو؛ وەک قسەیەکی سەیریان بیستبێ و ھەردووکیان لە دڵی خۆیانا کوتبوویان: یانی چی، چرۆ چ کارەیە، ئێمە داومانە و بڕاوەتەوە. بێ گومان ئەم قسەیان لە دڵ گران ھاتبوو کە زاوای داھاتوویان ئێستە ھیچ نەبووە ئەیەوێ لەگەڵ کچەکەیان تەنیا بێ. شێرکۆ ئەمەی لە ڕواڵەتی خەسوو و خەزووری داھاتوویدا بەدی کردبوو، بەڵام ئیتر ھێزی پاکانەی نەمابوو، چونکە ھەموو وزەی خۆی بۆ دەربڕینی قسەکەی پێشوو لە دەس دابوو. نیو سەعات بێ دەنگ دانیشتبوون. تەنیا خشەی کراسی تازەی چرۆ جار جار ھەوای کپی ھۆدەکەی ئەلەراندەوە. ئەبوو شێرکۆ دەس بەقسەکردن بکا، بەڵام بڵێ چی. بیری کردەوە بڵێ ئەمڕۆ ھەوایەکی خۆشی ھەیە و ئەمە بکاتە سەرەتایەک بۆ وتووێژ، بەڵام لەم بیرە ھەم ڕقی ھەستا و ھەم پێکەنینی ھات. ڕقی ھەستا لە خۆی کە بۆچ خووی بێگانەی گرتووە، ئاخر ئەو لە فیلمی سینەما و لە نووسراوەکانی نووسەرانی ڕۆژاواییدا دیبووی و خوێندبوویەوە کە سەرەتای ھەموو ئاشنابوونێک بەم جۆرەیە: «ھەوایەکی خۆشی ھەیە، وا نییە؟» کچەکەش پێئەکەنێ و ئەڵێ: «بەڵێ زۆر خۆشە.» پاشان کوڕەکە ئەڵێ: «نەھارێک لە فڵان جێ بەمووسیقا و سەماوە؛ پێت چۆنە؟» کچەکە ئەڵێ: «باشە، زۆر باشە...» و ئیتر بوون بەئاشنا و کاریان تەواوە، یا بەسەرھاتێکی تر دەس پێ ئەکا: «ناوت چییە؟» «ئینابیلا، Tresa یا ماری Mary یا Rose ڕۆز.» - «بەھ بەھ چ ناوێکی جوانە، بەڕاستی جوانە.» کچەکە ئەڵێ سپاس و زەردەیەک دێتە سەر لێوی. پاشان بانگ کردنە بۆ سەما و ئیتر کاریان تەواوە. ئەڵێی ساڵھایە یەکتر ئەناسن. بەم ڕقی لە خۆی ھەستا و بەمەش پێکەنینی ھات کە ئەگەر بڵێ ھەوایەکی خۆشە، ئەو کچە ساکارە کوردە چ حاڵێکی بەسەرا دێ. بێ گومان لەبەر خۆیەوە ئەڵێ مەگەر قسە نەمابوو کە باسی ھەوا ئەکەی! ئێمە لەسەر دووڕێیانی ژیان وەستاوین و ئەبێ بەوردی و ژیری ڕێگایەکی ئەوتۆ ھەڵبژێرین کە بگاتە ئاکامی بەختەوەری، کەچی ئەو باسی ھەوا ئەکا. شێرکۆ ھەستی کردبوو کە لەمە زیاتر بێ دەنگی بەلای چرۆوە مانایەکی باشی نابێ، چونکە سێ چوار جار دیبووی کە چرۆ چاو ئەبڕێتە چاوی و باری دانیشتنی ئەگۆڕێ و ئەڵێی لەم بێ دەنگ دانیشتنە وەڕەز بووە. شێرکۆ کوتی: «چرۆ» و ئەو وەڵامی داوە: «بەڵێ!» - «من و تۆ خەریکین دەست ئەدەینە گەورەترین کاری ژیانمان.» چرۆ لە دەمی وەرگرتەوە: «نا گەورەترین کار نییە، بەڵام گەورەیە. یانی زۆر کار ھەیە لە بەختەوەری من و تۆ بانترە.» - «کە وەھایە تۆ قەبووڵتە کە ئەم کارە بەختەوەری من و تۆی تێدایە.» چرۆ بەچاوێکی پڕ سکاڵاوە سەیری شێرکۆی کرد و کوتی: «تۆ لات وانییە من کچێکی ساکارم و تێناگەم ئەوین یانی چی؟ ئەگەر لات وا بێ ھەم بێ ئینسافی و ھەم بەھەڵە چووی.» شێرکۆ لە تاسانی سەرەتای قسە کردن ڕزگاری ھاتبوو و ئەیتوانی بەزەردەی پیاوانە و ڕوانینی گەرم ھەستی خۆی دەربڕێ. لە دەرەوە بایەکی بەتەزووی پایزی لە درزی دەرگا و پەنجەرەکانەوە خۆی بەژوورێدا ئەکرد و پەردەی ناو ھۆدەکەی ئەلەراندەوە. ئەتکوت بێچووە پشیلەیەکی بزۆز خەریکی کایەکردنە بە پەردەکە. شێرکۆ کوتی: «تۆ ڕازی؟» چرۆ تەنیا بزەیەک گرتی و سەری دانەواند. شێرکۆ کوتی: «بیری لێ بکە. ماڵێکی خۆش و خنجیلانە. کوڕ و کچی جوان!» چرۆ لەبەر خۆیەوە کوتی: - «ئاواتەکانت جوانن، بەڵام شکۆدار نین. تەنیا بۆ خۆم و خۆتە.» شێرکۆ بەسەرلێشێواوی پرسی: «دەیجا» و نەیتوانی قسەکەی تەواو کا. چونکە نەیدەزانی چرۆ مەبەستی چییە. چرۆ ئەوی لەم سەرسامییە ڕزگار کرد: «بەختەوەری کاتێ تەواوە کە بۆ ھەموو کەس بێ. بەچاوی گەش و کوڵمی سوور و لێوی بەپێکەنینەوە چون بژین، کاتێ فرمێسک لەسەر گوێسوانی ھەزار چاو، سەما ئەکا و کوڵمی مناڵی دەردەدار وەک بەھێی زەرد وەھایە و لێوی بەباری ھەژاران بەختەوەری تاکی من و تۆ ئەکاتە گەپجار؟ ! چۆن بێ دەربەست و سەرخۆش بەلای ھەزاران کەمایەتیدا تێپەڕین، لە کاتێکا لە دەستمان نایە کارێکیان بۆ بکەین و نەمانکردووە!» شێرکۆ لە ژێر لێوەوە کوتی ئەمەیە ڕازی مانەوەی ئادەمیزاد و بەرزتر کوتی: «زەکاتی بەختەوەری دەسگیرۆیی ھەژارانە. من و تۆش لەم سامانە خودا داوە زەکاتی ئاتاجان ئەدەین. ئەگەر بەختەوەر بین بەھێزترین بۆ یارمەتی خەڵک.» چرۆ بەپێکەنینێک دەری خست کە دژی ئەو بڕوایەیە و کوتی: «بەڵام بەداخەوە بەختەوەران لە دەردەداران دوورن.» شێرکۆ بەناڵینەوە کوتی: «پێویست ناکا ئێمەش وەھا بین. ئەگەر ئادەمیزاد ھەر لەسەر باری پێشووی بڕوا، پێشکەوت مانای نابێ. چ دەبێ من و تۆ یەکەم ڕێبواری ئەم ڕێگایە بین؟» چرۆ دەنگی نەکرد، بەڵام وەک ئەوە ئەچوو بڵێ با وابێ. گوێگرانی بەڕێز: بەرنامەکەمان لێرەدا تەواو بوو. چاوەڕوانی نووسراوەکانتانین و تا بەرنامەی داھاتوو ھەمووتان بەخودای مەزن ئەسپێرین و سەرکەوتن و بەختەوەریتان بۆ داوا ئەکەین. شەوتان باش. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چاوەڕوانی سەبارەت: ١٩٧٢/٠٩/٢٧ سەلامێک لەم پایزەدا وەک گوڵێ کە مابێتەوە لەبەر تاڵانی گەڵاڕێزان، پێشکەش بەئێوە کە ژیان و ھەرچی ڕازێنەرەوەی ژیانە خۆشتان ئەوێ. پێشکەش بەئێوە کە بە ھەست و ھونەرپەرستن. لەم بەرنامەیەدا نموونەیەکی نوێتان لە داستانی کورتی کوردی پێشکەش ئەکەین و چاوەڕوانین ئێوەش بەناردنی داستانی کورتی شوێنەواری خۆتان یا شوێنەواری نووسەرانی ناسراوی کورد یارمەتیمان بدەن. لە دێوە ڕێگایەکی پان و ڕێک ئەچوو بۆ کەناری چۆم. سەرەتای ڕێگاکە لە خوار دێوە لە پاڵ ماڵی پوورە پیرۆزەوە دەستی پێ ئەکرد. لە پردێکی بچووک کە لەسەر بەندەکە ھەڵبەسترا بوو ئەپەڕییەوە ئەچووە ناو ڕێگاکەوە. ئەمبەر و ئەوبەری ڕێگاکە بەڕیز داری سپیدار و پەڵک و چنار بوو. سپیداری ئەستوور و گەڵا پان. پەڵکی لار و کۆم کە ھەندێکیان گەندەڵ ببوون و لە جێگایەکەوە کە کرم لێی دابوون، کونی ورد و درشت، بەرچاو ئەکەوت. بارانێ کە باریبوو لەو کونانەوە، لە گەندەڵایی دارەکان زەلی بوو و ئاوێکی تاڵەی ھەندێ سوور و ھەندێ ڕەش لەو کونانەوە بەسەر لەشی دارەکانا ھاتبووە خوارەوە، ئەتکوت پیرەمێردێکی کوردە کە لە تەنیایی و بێ دەنگییا بەچاوی پرووش و کز گریاوە. چناری سەر بەرز کە لە پەنا پەلکەکانا ئەتکوت کوڕی گەنجی قیت و قۆزە لە پاڵ دەستی باوکی پیری نوشتاوەوەی، ڕاوەستاوە. پاش ڕیزی دارەکان لەمبەر و ئەوبەری ڕێگاکەوە پەڵە وێنجەیەک بوو کە کاتی دروێنەی بەری سێھەمی ھاتبوو. پڕشنگی خۆرەتاوی ڕەنگ پەڕیوی ئێوارێ ئەتکوت داوێنی کراسی بووکێکی شۆخ و شەنگە لە پێچی کۆڵانێکا نەدیو ئەبێ. نیوەی پەڵە وێنجەکان لەبەر نووری خۆرەتاوا تێکەڵ یەک بوون لە شینی مەیلەو زەرد و نیوەکەی تریان کە لالە سێبەری بەسەر کێشا بوو شینێکی تاریک و بەرەو ڕەش بوو. یەکەمیان ئەتکوت چاوێکی مەڕییە کە گەشەی پێکەنینی تێگەڕاوە و بەشی دووھەمیان لە چاوێکی شین ئەچوو کە چاوەڕوانییەکی دوورودرێژ لێڵی کردبێ. من ھەموو ڕۆژێ کاتی ئێوارانە دائەکشام بۆ خوار دێ و لە لای ماڵی پوورە پیرۆزەوە تێئەپەڕیم و بەسەر پردەکەدا پێم دەنا ناو ڕێگا و ئەچوومە سەر چۆم. ئەوە کاری ھەموو ڕۆژێکم بوو، بەڵام ھەموو ڕۆژیش کە ئەگەیشتمە سەر پردەکە لە پێشا ئاوڕێکم ئەداوە بۆ ناو دێ و ھەمیشە پوور پیرۆزم ئەدی کە لە ناو حەوشەکەیا دانیشتووە و چاوی بڕیوەتە ئاسۆی ئەوبەری چۆمەکە. چاوم کە لە دیمەنی تێکشکاوی پوور پیرۆز ئەترازا نیگام بەئاوی مەندی قەوزە گرتووی بەندەکە ئەکەوت کە بۆقی ورد و درشتی شین و خۆڵەمێشی بەسەر قەوزەکانییەوە خەریکی پشوودان بوون و ئەو پشوودانە تەنیا سێبەری مارێکی ئاوی تێکی ئەدا و بۆقەکان بەگورجی و کەمێک سەرشێواوی خۆیان ئەشاردەوە. پاشان کە ئەچوومە ناو ڕێگاکەوە پێش ھەموو شت کونی دار پەلکەکان سەرنجیان ئەدزیم. مناڵانی ئاوایی لایان وابوو لەشی پەلکەکان خوێنی تێدایە، چونکە ئەیاندی ئاوێکی خەستی نزیک بەسوور بەم کونانەدا دێتە خوارەوە و منیش نازانم چۆن بوو کە لەسەر پردەکە تا ئەگەیشتمە سەر کەندەڵانی چۆمەکە و چاوم بەئاوی شینی گۆمی مەندی پڕ لە ماسی ئەکەوت؛ لەو نێوانەدا مناڵ ئەبوومەوە و ئەھاتمەوە سەر بڕوای مناڵانی ئاوایی. بڵێی خوێنی شەھیدێک بێ؟ بڵێی ئەم شنەبایە کە گەڵا و لکی دارەکان ئەشەکێنێتەوە دەستێکی نادیاری پیرۆز بێ باوەشێنی ئەو شەھیدانە ئەکا؟ ! بەڵام زوو ئەگەیشتمە سەر چۆمەکە و لەوێ دیمەنێکی تر بیری خاوێنی مناڵانەی لە مێشکم ئەتاراند. لەمێژ بوو پێوە بووم دەرفەتێک بدۆزمەوە و لەگەڵ پوورە پیرۆز قسە بکەم. ھەندێ شتم لە خەڵکی ئاوایییەکە بیستبوو و لەباتی وەسوەسەم دامرکێنێ زیاتر ھانی دابووم بۆ ئەوە لەگەڵ خۆی بدوێم. ئەو ڕۆژەش وەک ڕۆژانی دیکە، من چووبوومە سەر چۆم. ماسییەکان لەو بەشەی گۆمەکەدا کە نەکەوتبووە ژێر سێبەری دارە بی کەناری چۆمەکە و تاویشی بەسەر نەکشا بوو لە ھاتوچۆدا بوون. گاھێ بەر زگی زەردیان وەدەرئەخست و لەو کاتەدا ئەتکوت گۆمەکە ئەبێ بەزارێک کە بەزەردەیەک لەیەک ئەبێتەوە و پڕشنگی ددانی ڕێک و جوانی دەرئەکەوێ. من زیخێکی وردم ئەھاویشتە ناویان و کۆڕی ئەویندارانەیانم ئەشێواند. ماسییەکان تێکڕا ئەھاتنەوە سەر زگ و بەبزووتنەوەیەکی بەپەلە کە لە بالەیەکی توند ئەچوو، بڵاوەیان ئەکرد و لەیەک جیا ئەبوونەوە، ئەتکوت لەپڕ چرای ھۆدەیەک کز ئەکەی. لە گۆمەکەدا تەنیا پڕشنگی نیوە ڕەنگی خۆرەتاوی ئێوارێ ئەمایەوە. ھەستم کرد یەکێک لە پاڵ دەستما دانیشت. ئەوەندە بەئەسپایی کە ئەگەر دەنگی نەکردبایە، لام وا ئەبوو ھەستم بەھەڵە چووە و لە تێکەڵبوونی سنووری سێبەری خۆرەتاو کە ئێوارانە لە ناو گژوگیای ڕەنگاوڕەنگی دەشتی ئاواییا ھەر دێ و دەسەڵاتی تاریکی زۆرتر ئەبێ و خۆرەتاو پاشەکشە ئەکا، لام وا ئەبوو بنجە گیایەکی زەرد و بەرز لە پێشا لە ژێر نووری خۆرەتاوا بووە و ئێستە وەک سەنگەرەکانی تری خۆرەتاو تاریکی مۆنی ئێوارانە گرتوویەتی. بەڵام دەنگێک ھاتە گوێم کە ئەڵێ: «میرزا!» دەنگی ئافرەتێکی پیر بوو. لە دەنگێک ئەچوو زۆر لە دوورەوە ھەرات لێ بکا و تۆ ھەر ئەوەندە تێبگەی لەگەڵ تۆیەتی، بەڵام نەزانی کێیە. کەمێک وەرسووڕام. دیمەنی پەڕپووتی پوور پیرۆزم ناسییەوە. لام سەیر بوو کە ناوی من لە کوێ ئەزانێ. خەڵک ئەیانکوت دە ساڵە پوورە پیرۆز تەنانەت یەک وشەش لە دەمی دەرنەھاتووە. من ھێشتا سەرسام بووم کە پوور پیرۆز ھاتە قسە. لە کاتێکا دەمی لەگەڵ گوێم لە مترێک زۆرتر نێوانی نەبوو، ھەستم کرد لە ئاسۆی ئەوبەرەوە کەسێک قسەم لەگەڵ ئەکا. باش نەمدەزانی کە پوور پیرۆز لای منە یا لەوسەر ئاسۆیەیە کە چاوی کزی تێ بڕیوە. نەمدەزانی قسە بۆ من ئەکا یا بۆ ئەو کەسە کە دە ساڵ لێرەوبەر لەو تیرەگە سەرکەوت و ئیتر نەگەڕایەوە. - «... بەڵێ میرزا. ئاغا کردیە سەرمان کە بچێ بۆ دێی ئەوبەری ئەم کێوە و لەوێ ھێلکە و مریشک بکڕێ بۆ میوانەکانی ئاغا. نەخۆش بوو. لەشی وەک برێشکەی سەر سێڵ لە چەق و چۆدا بوو. ددانی ددانی نەدەگرت. پێش ئەوە گزیری ئاغا بێتە سەرمان بەچەند لێفەی گەرم دامپۆشیبوو. تەندوورەکەشم بۆ نێڵ دابوو. نازانی ئەو ڕۆژە چ تۆف و سەرمایەک بوو. تفت ھەڵاویشتبایە لە حەوا دەیبەست. گزیری ئاغا ھات و کوتی، ئەبێ زوو بڕوا و زوو بگەڕێتەوە. من کوتم، نەخۆشە و چەق و چۆیەتی. ناتوانێ بچێ. گزیری ئاغا کوتی، چارە نییە، فەرمانی ئاغایە، میوانی ھەیە. من لەبەری پاڕامەوە، داوێنیم بادا، بەسەر دەست و پێیدا کەوتم وەری نەگرت. بەم حاڵەوە ھەستا و ڕۆیشت. لاڵاییم گاتێ، پووزەوانەکانی دڕابوون، کاڵەی شڕی لە پێدا بوو. کاتێ گەیشتە سەر ئەم پردەی بەر ماڵی خۆمان ئیتر لە بەرچاوم گوم بوو. کڕێوە بەباوە ئەیھێنا و ئەبوو بەدیوارێکی سپی و بەرچاوی ڕێبواری ئەگرت. ئەو ڕۆژە دە زستانی بەسەرا ھاتووە و من چاوم لەم ئاسۆیەیە کەی ئەگەڕێتەوە. دڵنیام ئەگەڕێتەوە. ئەو منی خۆش دەوێ. دایکی پیر و لێقەوماوی خۆی خۆش ئەوێ.» پوورە پیرۆز بێ دەنگ بوو و من گریانم پێ بچووک بوو. لەم کاتەدا بۆ دەربڕینی ھەستم، تەنیا چاوم بەم دەموچاوی پڕ چرچ و گنجەدا خشاند کە ھەر خەمێ شوێنێکی لەسەر دانابوو. لە زارم دەرپەڕی: «نا نا، ھەڵیناگرێ!» بەڵام دیتم بۆ چ ئەو ھەڵیئەگرێ! لە بێ ھێزییا ڕووم کردەوە کاتی مناڵی. بڵێی ئەم دارانە شەھید نەبن و ئەم خوێنانە خوێنی پاکیان نەبێ بەسەریانەوە دیارە؟ ! ڕۆژ ئاوا ببوو. پوورە پیرۆز چۆن وەک پەڕێک با بیھێنێ ھاتبوو، چەشنی خەونێک کە شەقژنێکی تاڵ لە ناوی بەرێ، لە لام ڕۆیشتبوو. کۆشکی ئاغا ھێشتا تاوی لێ ئاوا نەببوو کە بەچەن چرای تۆڕ نوورباران کرابوو و ئەمە قسەی دوایی من بوو: «بڵێی لەم کۆشکانەش، ڕۆژێک خۆرەتاو نەتۆرێ؟ !» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بیرەوەری سەبارەت: ١٩٧٢/١٠/٠٧ پاش چەند ساڵ ئەوم لە ئیستگەی قەتار چاو پێکەوتەوە. جانتایەکی بەدەستەوە بوو، ئەچوو بۆ شوێنی پلیت کڕین. ھەیکەلی وردیلانەی و ڕوومەتی لاوازی سەرنجی ڕائەکێشا؛ ئیتر مووی تەواو ماش و برینجی ببوو لە دوو لای ناوچاوانییەوە مووی سەری ھەڵوەریبوو. دەوروپشتی چاوی، گنجی ورد و باریک چەشنی نێزە ھێرشیان بۆ چاوی بردبوو، کە ئەتکوت شوێنی کێڵگەیە. کاتێ پێئەکەنی گنجەکانی دەوری چاوی قووڵتر ئەبوو و پیرتر ئەھاتە بەرچاو. وەک ماسییەک کە بکەوێتە سەر زیخی بەستێن، بێ ئارام بوو. لە مەیدانی ئیستگە بەپەلە ھاتوچۆی ئەکرد و لەگەڵ کابرایەکا قسەی ئەکرد. ئەم بزۆزی و نەسرەوتوویییە بۆ من نەناسراو نەبوو. ھاتەوە بیرم کە ھەمیشە زوو دانووی لەگەڵ خەڵکا ئەکوڵا. ھەر کەس قسەی لەگەڵ بکردایە، پاش چەند جار بۆ لای ئەکێشرا. لەگەڵ ھەر کەسێکا ئەبوو بەئاشنا، پێش ئەوە باش بیناسێ، دەستی ئەکرد بەدەردی دڵ. ئەیکوت: «خەریکم ھاوڕێیەک بدۆزمەوە و لەگەڵیا ھەڵێم.» ئەگەر کەسێک لێی بپرسییایە بۆ کوێ؟ خێرا تووڕە ئەبوو. ئەو ڕۆژە کە چاوم پێی کەوت لە خەیاڵا گەڕامەوە بۆ ڕابردوو. لە گەڕەکێکا ئەژیاین. ماڵیان نزیکی ماڵمان بوو. پاش نیوەڕۆیانە ئەمدی بەباوەشێ کتێبەوە لە ماڵ ئەچووە دەر؛ جار جارەش بەبەرگی حەسانەوەوە لە بەردەرگای ماڵەکەیان ئەوێستا و سەیری ھەراوھۆریای کووچەی ئەکرد. ئەو، لە بیرمە ئەو ڕۆژانەی زیندوو ئەکردەوە کە پڕ بوون لە شادی و بزووتن. ئەو ڕۆژانە کە لە ژێر دیرەکی چرای بەرقا کۆ ئەبووینەوە و لە ھەموو بابەتێکەوە ئەدواین و ئەو ڕواڵەتە کە لەسەر بیرم بەیادگار ھەڵکەنرابوون. ئیسگەی قەتار قەرەباڵغ بوو، قەتارێک لە «خوڕەمشەھر»ەوە ھاتبوو، لەسەر پلیکانی ئیسگە ئادەمیزادی جۆربەجۆر و نەتەوەی جیاواز کەلوپەلیان بەباوەش و کۆڵ ھەڵگرتبوو. وەک شارە مێروو بەڕیز ئەچوونە سەر و لە ناو ھەرای شارا گوم ئەبوون، چەفتە و عەگال و مێزەری کوردی و تورکمانی؛ لاوەیی موو زەرد کە پرچیان بەسەر شانیانا ھاتبووە خوارەوە و کۆڵەپشتێکی گەورەیان بەپشتیانەوە شەتەک دابوو و شتی دەسکاری ئێرانیان بەقایشی پشت و پەتی کۆڵەپشتییەکەیانەوە ھەڵواسیبوو. بێ گومان ئەم گڵێنە و ئەستێوڵک و قرۆشکەیە کە بۆنی ڕۆژھەڵاتی کۆنی لێوە ئەھات لە وڵاتانی ئەوانا بەبایەخ بوون. مناڵی عەرەب کە کراسی سپی ئاودامێنیان لەبەرا بوو، بەم و بەولادا ڕایانئەکرد و لە ناو دەست و پێی گەشتیارانا ڕێگایان ئەدۆزییەوە لە گۆشەیەکا سەریان ھەڵئەدا. ئەو بەتامەزرۆیییەوە تەماشای یاری بێ خەیاڵانەی مناڵەکانی ئەکرد. ئەو ھەمیشە مناڵی خۆش ئەویست. زۆر جار لێم بیستبوو ئەیکوت: «مناڵ ئەوەی باشە کە نازانێ فریودانی خەڵک چییە. خەڵک بەچاو ئەڕوانن، بەلێو پێئەکەنن و بەزار ئەدوێن، لە کاتێکا ئەو ھەموو ئەمانە بەدڵ ئەکا.» ھەمیشە قەرەباڵغی پێ خۆش بوو. کاتێ دەوروبەری پڕ ئەبوو لە دەنگ، کتێبە شیعرەکەی پێکەوە ئەنا و ئەیڕوانی. نیگای ئەتکوت شمقاڕێکی برسییە بەشوێن مەلێکا ئەگەڕێ ڕاوی کا. ھەر مەپرسە کە چەندە خۆشحاڵ ئەبوو کاتێ لەو ناو حەشیمەتەکەدا ناسیاوێکی ئەدۆزییەوە. ڕقی بوو لە تەنیایی و ئەگەر ھەواڵێک بەجێی بھێشتبایە، ھەتا ھەتا لە بیری نەدەچوو. لەبەرئەوە نەموێرا بچمە لای. زانیم ئەبم بەگەپجاڕی نیگای. ئەو ھاوینە بێ ئەوەی بزانم یا بمەوێ، ئەو ئاواتە کە پیاو ھەڵوەدای خۆی ئەکا کێشابوومی بۆ ئەو شارە. شارێکی غەریب. زۆر ڕازی وای ھەیە کە پێت ناڵێ و ئەبێ خۆت ھەڵیھێنی. غەریبی زۆر شتت فێر ئەکا. یەکیان ئەمەیە کە بیر بکەیەوە و ڕێگا بدۆزیەوە، بێ ئەوە کەسێک ژێر باڵت بگرێ. غەریبی زیز و مۆن و بێ بەزەیییە، بەڵام فێرت ئەکا کە لەسەر پێی خۆت ڕاوەستی و پاڵ بەکەسێکی ترەوە نەدەی. منیش بەو نیازە چووبوومە ئەو شارە دوورە. ڕۆژێک سواری ماشێن ببووم و ڕۆشتبووم. بەسەر چەند شار و دێدا و ھەر کوتبووم نا، ھێشتا ماومە. ئێوارەیەک لەو شارە بچووکە دابەزیبووم کە دار و بەرد و شەقام و کێو و دەشتی بۆ من نەناسراو بوو. ڕاستی جار جار تەبیعەت یاری سەیر ئەکا و ڕوانگەی سەیر ئەخاتە بەرچاو. ئەو شەوە لە ھۆدەی میوانخانەکەما ڕاکشابووم و گوێم گرتبوو بۆ وتووێژی خەڵک کە بەبەر پەنجەرەی ھۆدەکەی منا تێئەپەڕین. ھەر دەنگێک ئەھات ئەمویست لەگەڵ دەنگێکی ئاشنا ھەڵیسەنگێنم. پێکەنینم ئەھات کە لەو شارە دوورە بەشوێن دەنگی ئاشنادا ئەگەڕێم، بەڵام ھەر چیم ئەکرد ئەم نیازەم لە ھەناوم پێ دەرنەدەکرا. لەپڕ دەرگا کراوە و ھەیکەلی لاوێکی لاواز خزییە ناو ھۆدەکەوە و لەسەر تەختەکەی بەرامبەرم درێژ بوو. بێ ئەوە بۆم بڕوانێ لە کاتێکا جلوبەرگەکەی دائەکەند کوتی: «لە کوێوە ھاتووی؟» دەنگی وەک دڵۆپەی وردە باران لە زەوی دەم وشکی تاسەباریم چووە خوارەوە. ماوەیەک گێژ بووم. لام وابوو لە بیرەکەی پێشووما کە دەنگی ڕێبوارانی ناو کۆڵانم ئەپشکنی بۆ دۆزینەوەی دەنگی ئاشنا، ئەوەندە چوومە پێشەوە کە لێم بووە بەڕاستی. لام وابوو خەو ئەبینم. بێ گومان پڕشنگی نیوە ڕەنگی چرای ھۆدەکە ماوەی نەئەدا بزڕکانی ڕەنگم بەدی بکا. لای وابوو گوێم لە پرسیارەکەی نەبووە. کەمێک بەرزتر کوتی: «لە کوێوە ھاتووی؟» بەدوودڵییەوە کوتم: «فەرھاد! ؟» کوتی: «بەڵێ!» بەڵام پاشان سەری ھەڵبڕی و ورد بەسەرتاپای منی ڕوانی. - «تۆ لێرە چی ئەکەی؟» کوتم: «نازانم.» وەک مناڵێک کە ئەسبابی یاری لێ گوم بێ و لەپڕ بیدۆزێتەوە، شادی بەھەموو لەشیا گەڕا و کوتی: «تۆش ڕاتکردووە؟» نەموێرا بڵێم لە دەس چی، چونکە ئەمزانی تووڕە ئەبێ و ئیتر نامدوێنێ. کوتم: «بەڵێ چەشنە ڕاکردنێک.» کوتی: «ئافەرین کوڕی باش» و ھەستا لە بەرپەنجەرەکە کاسەیەکی ھێنا کە کەمێکی ئاو تێدا بوو. - «بڕوانە ئەم ئاوە لە دوێشەوەوە لەم بلوورەدا قەتیس ماوە، بڕوانە خەریکە لێڵ ئەبێ. ئادەمیزادیش وەھایە. زۆر لە جێگایەکا بمێنێتەوە ئەگنخی.» کوتم: «لێرە کار پەیدا ئەبێ؟» کوتی: «خەڵک لە ھەموو شوێنێک وەک یەک وان. ئەیانەوێ بژین و بۆ ژیان کار پێویستە. من لێرە کار ئەکەم. لەگەڵ کارەکەما ئەڕوانم، ھەر کات تۆزی کۆنی بەسەر ئەم شارەوە بنیشێ لێی ئەڕۆم، بەڵام ئێستە درەنگە، با بخەوین.» بەیانی کاتێ ھەستام لە جێگاکەیا نەمابوو. پەڕاوە شیعرەکەی کە مابۆوە بەدەستمەوە گرت. چەن دێڕ لە حاشیەکەی نووسرابوو. خەتی فەرھادم ناسییەوە نووسیبووی: «ھەموو شت جوانە بەڵام نەک تا سەر. تەنیا یەک شتە کە ھەمیشە تازەیە، کار، کار کە جگە لە ژیان مانایەکی تری نییە. ژیانی بێ کار وەک ڕۆژی بێ بەیان، وەک قەسیدەی بێ تەغەززول، وەک ھەمیشە لە جێگایەکا مانەوە وەھایە!» لە یادم نییە چەند مانگ لەو شارە بچووکە ماینەوە، بەڵام باشم لە بیرە کە فەرھاد ھەرگیز پێی لەسەر زەوی نەبوو. ھەمیشە ئەتکوت میوانێکی بەپەلەیە کە ھەلی گیر کەوتووە لە نەخۆشێک بپرسێ. لە بەردەرگاوە دائەنیشت. لە ڕۆژ بەپەلە بوو کە ببێتە شەو و بەشەوا بۆ ھاتنی ڕۆژ چاوی ئەبڕییە پەنجەرەکە، شەبەقی بەیان لێڵایی لەسەر لابدا... تا حەوتەیەکی تر بەخواتان ئەسپێرین. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەرکی سەرشانی شاعیران و نووسەران سەبارەت: ١٩٧٢/١٠/٠٩ سەلام لە گوێگری بە ھەست و ھونەرپەرستی بەرنامەی تاپۆ. ئەم باسە کە وێژە شتێکی ڕاسپێری دارە و ئەبێ لە خزمەتی کۆمەڵا بێ، یان تەنیا ھونەری ڕووتە و کاری بەسەر کۆمەڵەوە نییە، زۆری قسە لەسەر کراوە. ھەندێک ئەڵێن ئەگەر ھونەر و وێژە کە ئەویش بەشێکە لە ھونەر، کاریان بەسەر کۆمەڵەوە نەبێ، بوونیان بێ سوودە. بەتایبەت لەم ڕادەیەش تێئەپەڕن و ئەڵێن ھیچ ڕووداوێک، ھیچ جووڵانەوە و ھیچ قسەیەک، تەنانەت ئەگەر لە نێو دوو کەسیشا بێتە گۆڕێ کار ئەکاتە سەر کۆمەڵ، بەڵام تەئسیری ئەو وتووێژە دوو کەسییە ئەوەندە کەمە کە بەرچاو ناکەوێ، بەڵام لە لێکدانەوەی دواییدا و پاش سەرنجێکی ورد و قووڵ دەرئەکەوێ کە ھیچ ڕووداوێک نییە کاری کەم یا زۆر بەکۆمەڵەوە نەدابێ. ئادەمیزاد ھەرچی ئەیکا و ھەرچی ئەیڵێ ڕاگەیەنی مەبەستێکە؛ ھیچ مەبەستێکیش نییە کۆمەڵایەتی نەبێ. لەگەڵ یەک دووانی ژن و شوویەک و قسەیەک کە لە نێوان دوو ڕێبواری نەناسراودا ئەکوترێ، پەیوەندی کۆمەڵایەتییان ھەیە و ناکرێ وەھا نەبن. ژن و شوو یا باسی دڵداری ئەکەن یا سەبارەت بەمناڵەکانیان ئەدوێن یا لە بارەی ھاوسێ و کار و کڕینی شتومەکی پێویستی ژیانیانەوە باس ئەکەن. دوو ڕێبوار کاتێ گەیشتنە یەک سڵاو ئەکەن، پرسیار لەیەک ئەکەن، ئەگەر ڕێگایان بەیەکەوە بێ ئەبن بەھاوڕێ، سڵاوکردن کارێکی کۆمەڵایەتییە. پرسیار کردن بۆ ڕوونبوونەوەی مەبەستێکی کۆمەڵایەتییە و ھاوڕێیەتیش ھەروەھا کۆمەڵایەتییە. بەشەر کاتێ لە ناو کۆمەڵا بێ ھیچ کارێکی، تەنانەت کارە تاکییەکانیشی ناتوانێ لە کۆمەڵا بێ تەئسیر بێ، بەڵام ئەو تەئسیرە گاھێ دژی کۆمەڵە و ئەبێتە ھۆی وەدواخستن و ڕاوەستاندنی کۆمەڵ، گاھێکیش تەئسیرەکە تەئسیری باشە و کۆمەڵ بەرەو پێش ئەبزوێنێ. لە مانگی ئووتی ساڵی ١٩٦٣ی میلادییا، لەگەڵ بەسترانی پەیمانی جیھانی وەستاندنی تاقیکردنەوەی ئەتۆم کە لە مۆسکۆ پێکھات، کۆڕێک لە نووسەرانی ڕۆژاوایی و ڕۆژھەڵاتی لە شاری لینینگراد بەسترا و وتاری ئەو نووسەرانە سەبارەت بەوێژەی ئەمڕۆی جیھان، لە ھەموو شوێنێکا دەنگی داوە. لەم کۆڕەدا دوو بڕوا پێشان درا کە لە ڕاستییا ھەر کام ناوەڕۆکی یەکێ لە شێوە وێژەیییە گەورەکانی ئەمڕۆن: «ریئالیستی سووسیالیستی» کە ئەڵێ نووسەر لە بەرامبەر کۆمەڵا مەسئوولییەت و ڕاسپێری ھەیە و «ڕۆمانی نوێ» کە لای وایە نووسەر تەنیا لە بەرامبەر ھونەرەکەیدا ڕاسپێری دارە. «ئالێن روب گرییە» نووسەر و ھەڵسەنگێنەر و فیلمسازی بەناوبانگی فەرانسەیی لایەنگری ڕۆمانی نوێ لەو کۆڕەدا وتارێکی دا کە لە لایەن ئەبولحەسەن نەجەفی وەرگێڕی ئێرانییەوە کراوە بەفارسی و ئێمە ئەیکەین بەکوردی. ئالێن روب گرییە لەو کۆڕەدا وتی: - «ئێمە لێرە زۆر قسەی باشمان بیست بەڵام ناتوانم ئەوەم پێ سەیر نەبێ کە لە لایەن زیاتری ئەو وتاردەرانەوە کە خەڵکی شووڕەوی بوون ڕەخنەی زۆر توند و تیژ لەو کۆشش و کەند و کۆیانە گیرا کە وێژەی نوێ ئەیکا و ڕەخنەکان زۆر لەو ڕەخنانە ئەچوون کە لە کۆمەڵی بوورژوازی ڕۆژھەڵاتا لە ئێمەی ئەگرن. لێرەش ھەروەک ئەوێ، بێ کەڵکی و تێکوڵ پەسندی و فۆڕمالیسمی کارەکانمان لەسەر ئەکەن بەئیراد و بەوێژەکەمان ئەڵێن دواکەوتوو و دژی مرۆڤ. پرسیارێک کە لێمان ئەکرێ ئەمەیە: «بۆچی ئەنووسن، کارەکەتان کەڵکی چییە و خۆتان بە چ کارێکی ئەم کۆمەڵە دێن؟» بێ گومان ئەم پرسیارە پووچ و بێ مانایە. نووسەر و ھەروەھا ھونەرمەندی تریش ناتوانێ تێبگا، کارەکەی کەڵکی چییە و بەکاری چی دێ. وێژە بۆ ئەو ئەسبابی پاراستنی بیروبڕوایەک نییە. ئەڵێن ئێوە لاتان داوە لەو وەسیلە باشە کە ناوی ڕۆمانی سەدەی ١٩ بووە لە کاتێکا ئەو وەسیلە باشە ئێستەش ئەتوانێ دەردی جیھانی ئەمڕۆ چارە کا و خەڵک لە دەردەکانیان بگەیەنێ، ھەڵبەت ئەگەر دەردێک پێویست بێ چارە بکرێ و ئەگەر پێویستیش نەبوو لانی کەم دەرمانی کەموکووڕ، بەڵام باشتر بدۆزێتەوە. ھەمیشە پێمان ئەڵێن نووسەر ڕاسپێری دارە و ناچارمان ئەکەن بڵێین گاڵتەمان پێ ئەکەن و بڵێین کە ڕۆمان وەسیلە نییە و ڕەنگە بۆ کۆمەڵ ھیچ کەڵکێکی نەبێ. نووسەر بێ گومان خاوەن ڕاسپێرییە، بەڵام وەک ڕاسپێری خەڵکی تر، نە کەمتر و نە زۆرتر. واتە ئەو یەکێکە لەو گەلە. لە وڵاتێکا، لە سەردەمێکا، لە ڕێکخراوێکی ئابوورییا و لە ناو داب و دەستوورێکی تایبەتی کۆمەڵایەتی و ئایینی و ڕێگا و شوێنی ترا ئەژی. ھەر ئەوەندەی کە ئازادە، ڕاسپێریشی لەسەرە. یەکێک لەو شتانە کە ئازادی ئەو بەربەست ئەکا، زۆرێکە کە کۆمەڵ بۆی ئەھێنێ بۆ ئەوە پێی بسەلمێنێ کە نووسەر ئەبێ بۆ کۆمەڵ بنووسێ، یا دژی کۆمەڵ بنووسێ، کە ھەردووکیان ڕاسپێرین. ئەم مەبەستە شتێکی زۆر سەرنج ڕاکێشە کە لە سەردەمی ئێمەدا ناویان ناوە «بێگانەبوون لە خۆ فقiھخفزiعش ڕووناکتر بڵێم نووسەریش وەک ھەموو ئەندامانی تری کۆمەڵ بەچارەڕەشی خەڵک خەمبارە، بەڵام پێچەوانەی ڕاستی و دروستییە ئەگەر لامان وابێ کە نووسەر بۆیە ئەنووسێ دەرمانی دەردێک بدۆزێتەوە. ئەو چیڕۆکنووسەی ئاڵمانی ڕۆژھەڵاتی کە لەم کۆڕەدا ڕایگەیاند کە داستان ئەنووسێ تا بتوانێ لەگەڵ فاشیسم شەڕ بکا، من ئەھێنێتە پێکەنین و زەحمەتە بڕوا بکەم ئەتوانێ؛ بەڵام بەختیاریم ئەمەیە کە ھەموو ئەزانین کە ئەویش نازانێ بۆچی ئەنووسێ و بیانوویەک کە بۆ پاکانەی خۆی ئەیھێنێتەوە بێ بایەخە.» پاشماوەی ئەم وتارە کە «ئالێن روب گرییە» نووسەر و ھەڵسەنگێنەری وێژە و لایەنگری وێژەی نوێ لە ساڵی ١٩٦٣دا لە لینینگراد بڵاوی کردەوە، ئەھێڵینەوە بۆ بەرنامەیەکی تر و لە دوایی بەرنامەکەماندا کەمێک سەبارەت بەبڕوای لایەنگرانی «ڕۆمانی نوێ» ئەدوێین. ڕۆمانی نوێ خەریکی دەرمانی دەرد و ڕاستکردنەوەی چەوتی کۆمەڵ نییە و ئەگەر نووسەری ڕۆمانی نوێ ددان بەوەدا بنێ ئەرکێکی لەسەر شانە، ئەو ئەرکە تەنیا سەبارەت بەھونەرەکەیەتی، ھەروەک «ئالێن روب گرییە» ئەڵێ نووسەریش وەک ئەندامانی تری کۆمەڵ بەدەرد و خەمی خەڵک پەرۆش و پەشێو ئەبێ، بەڵام ئەرکی سەرشانی ئەو لە خەڵکی ئاسایی زیاتر نییە و بۆ ئەوەش نانووسێ کە بەھۆی نووسینەکەیەوە دەردێک دەوا بکا و یا ڕێگای چارەیەک بۆ دەرد و کەسەری کۆمەڵ بدۆزێتەوە. لەم وتەیە دەرئەکەوێ کە بەلای ئەو تاقمەوە نووسەر لەبەرئەمە کە پێنووسی بەدەستەوەیە و خاوەنی ھونەرێکە، ڕاسپێرییەکی زۆرتری لە ئەندامانی ئاسایی بەئەستۆوە نییە، واتە ھونەرەکەی شتێکی تاکییە و دەورێکی لە ژیانی کۆمەڵا نییە. وەک «گرییە» ئەڵێ: وێژە بۆ نووسەر وەسیلەی پاراستنی بیروبڕوایەکی سیاسی و گشتی نییە. ئێمە لە بەرنامەکانی پێشووا بڕوای ئەو کەسانەشمان بڵاو کردۆتەوە کە دژی بڕوای «گرییە»ی فەڕانسەیین و ئەڵێن ھونەرمەند ئەبێ ھونەر چەشنی چەکێک بۆ پاراستنی کۆمەڵ کەڵکی لێ وەربگرێ و ئەم مەبەستە شیاوی شاردنەوە نییە کە ھونەرمەند قسەی لە ناو کۆمەڵا ڕەوایە و لەبەرئەمە باشتر ئەتوانێ لە پێناوی بەختەوەری گشتییا خەبات بکا. لە بەرنامەی داھاتوودا لەسەر ئەم باسە ئەڕۆین. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەنز لە وێژەی کوردییا سەبارەت: ١٩٧٠/١٠/١١ سەلام لە گوێگری ھۆگری ھونەر و بیستیاری ھەستیاری بەرنامەی تاپۆ. بەداخەوە لە وێژەی کوردییا بەشی نووسینی تەنز کەمە. تەنزنووسی، بەچەشنە نووسینێک ئەکوترێ لەودا مەبەستی کۆمەڵایەتی بەشێوەیەکی گاڵتەچییانە دەرئەخرێ. لە ڕاستییا نووسینی جیدی و ئاسایی لەگەڵ شێوەی تەنزا ھەریەک باری کۆمەڵایەتییان ھەیە، بەڵام لە شێوەی تەنزا لە قەشمەری و گەپ و گاڵتە کەڵک وەرئەگیرێ بۆ ئەوە لە تاڵایی دەربڕینی ڕاستەقینە کەم بکاتەوە. تەنز چەشن و جۆری زۆرە. ھەندێک تەنزی تاڵ و نادیاری لە وێژەدا ھەن وەک شێوەی نووسینی چێخۆف نووسەری ڕووس یا نووسەری کلاسیکی فەڕانسەیی ئاناتۆل فڕانس و ھەندێ تەنزی تریش ھەن کە ڕەخنەگر و ئاشکرا و توند و تیژن. وەک نووسراوەکانی ئارت بوخواڵدی ئەمریکایی و «عەزیز نەسین»ی تورک. جگە لەمانە لە بەشەکانی تەنز، تەنزی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەتوانین ناوبەرین. مەبەستێ کە نووسەران بۆ لای نووسینی گاڵتەیی ڕائەکێشێ ئەمەیە کە لە تەنزا دیوار و شوورەی ئیماژ و ئیستعارە و داپۆشراوی بەرز و پتەوە. تەنزنووس لە پشت ئەو دیوارە بەرزەوە بەدڵنیایییەکی زۆرترەوە ئەتوانێ ھێرش بکاتە سەر سەنگەری دزێوی و نالەباری ناو کۆمەڵ. تەنزنووس لە ھەموو شتێک بۆ نواندنی مەبەستی خۆی کەڵک وەرئەگرێ. لە زمانی پەلەوەرەوە، لە زمانی پرسونل و قارەمانی ئەوتۆوە کە لە ناو ئوستوورە و ئەفسانەکانا ھەن قسە ئەکا. ئەتوانێ سەردەمی ڕابردوو لە ڕۆژگاری خۆیا زیندوو کاتەوە. واتە زەمان بەربەستی ناکا. بۆ نموونە ئەگەر نووسەرێک بیەوێ گیانی پیاوێکی مێژوویی یا زانستی و ھونەری بھێنێتەوە بەر لەشی و لە لایەن ئەوەوە قسە بکا، ناچارە ڕەنگی خۆڵەمێشینی تەنز و گاڵتە لە نووسراوەکەی بدا، دەنا نووسراوەکەی بەناوی شوێنەوارێکی دژی ڕاستەقینە ئەخرێتە لاوە و کەس نایخوێنێتەوە. لەم بەرنامەیەدا نووسراوێکی تەنزی کوردیتان پێشکەش ئەکەین و ھیوادارین ببێتە سەرمەشق کە نووسینی تەنز پەرە بستێنێ و ئەو شێوە جوانە لەم ڕادەیە کە ئێستە لە وێژەی کوردییا ھەیەتی بەرزتر بێتەوە. لە گورگی برسییەوە پێشکەش بۆ بەرانی دابەستەی بەڕێز پێش ھەموو شت لە خودای مەزن ئەپاڕێمەوە کە ژیانی درێژت بکاتە نەسیب. بێ گومان لەم مانگە موبارەکەدا زمانم بەڕۆژووە و لە گوناھ ئەوەندە دوورم کە باپیرە گەورەم لە ڕشتنی خوێنی کوڕی یەعقووب دوور بوو. خوا نزام وەرئەگرێ، ئەمەی کە من بەڕۆژووم و لە ترسی خودا وەک بیی ناو ئاو ئەلەرزم، لە بیرت بێ و بیسەنگێنە لەگەڵ نەزیلە مفتەکەی ئادەمیزاد کە ئەڵێ: «تۆبەی گورگ مەرگە»، تا بزانی ئادەمیزاد جسناتی چییە! و چۆن ئەو زمانە کە خودا پێی داوە تا یادی ئەوی پێ بکا، قسەی ڕاستی پێ بکا و بەدرۆودەلەسە چەپەڵی نەکا، بەھەموو لایەکا ئەیگێڕێ. ھەر لێم گەڕێ برای باشم، بڕبڕەی پشتم. چەندە لەو ئادەمیزادە تووڕەم. ڕاستە ئێمە لەو کاتەدا یوسفمان نەخواردووە و بوختانیان پێ کردووین، خودا کە خۆی ھەموو ئاشکرا و نھێنییەک ئەزانێ، نەواڵەی بۆ بڕیوینەوە و پێویستمان بەخواردنی گۆشتی تر نەماوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشا ئەگەر بۆم ھەڵکەوێ ئێسک و پێستی ئادەمیزاد لەیەک ئەھاڵێنم. ببوورە کە سەرەتای نامەکەم باش دەست پێ نەکرد. بەڕاست کاک بەران چۆنی؟ چاکی شوکر؟ ! پێم بڵێ بزانم خەوت چۆنە؟ دوێشەو باش خەوتی، یام گۆڵەبۆری خوێن تاڵی ئێسک گران ھەر بەدەوری گەلەخانەکەتاندا ھەڵسووڕا و حەپەی ھات. ئەم خۆ شیرین کردن و کلکە سووتەی سەگیشم بەلاوە زۆر شوورەیییە کە بۆ پارووە نانێک ئەیکا. جا ئەگەر ئێمە بەیەکەوە باش بوایەین ئادەمیزاد چۆن ئەیتوانی ئەم چەرمەسەرییەمان بەسەر بێنێ؟ ! بڕوانە گاجووت بەم ھەموو زلییە بەئۆحەیەکی جووتیار وەک مێو و ڕۆن لەسەر خەتی جووت ئەگەڕێتەوە. کاتێکیش لە گێرەیان کرد، دەمبێنی ئەکەن، نەکا دەم بۆ دەنکە گەنمێک بەرێ کە بەڕەنجی شان و پیلی ئەو ھاتۆتە بەرھەم. دڵی بەمە خۆشە کە یەکەم گیاندارێکە کە یارمەتی خێڵی ئادەمیزادی داوە. تکایە لە زمانی منەوە بەم گایە بڵێ نەیبیستووە کە ئادەمیزاد لە ناو خۆیانا ئەڵێن: «جووتبەندەی باش ئەو کەسەیە کە گای لاواز بێ و سەگی قەڵەو!» ئەگەر مانای ئەم قسەیەشی لێ پرسی ھەر لە زمانی منەوە پێی بڵێ کە گا ئەبێ زۆر کار بکا. بوورە و بەیار و چڕگەن و جاڕەفریزوو دەربھێنێ، تا ئەو لاواز بێ و سفرەی ئادەمیزاد بڕازێتەوە، سەگیش کە جگە لە پاسەوانی کارێکی لە دەس نایە ئەبێ تێروتەسەل بێ تا بتوانی قازانج و سوودی ئادەمیزاد باشتر بپارێزێ. ئەمە پێی ئەڵێن: «کار بەنانەزگێ». کاکی خۆم، بەڵام خۆمانین ئەو سەگە وا من ئەیناسم ئەگەر لە برسا لار بێتەوە و لاکەی سەری بێ، ھێشتاش دەس لە کلکەسووتێ و نووزە نووز ھەڵناگرێ. شتێک کە بۆ من سەیرە، ئەمەیە کە تۆ بەم گیانە ناسک و ھەستە خاوێنەوە کە ھەتە چۆن لەگەڵ چەق و لووری سەگ ھەڵئەکەی؟ ڕاستە من و تۆ لەبەر ھەندێ شت لەیەک دوورین و باش یەکتر ناناسین، «خودا سەبەبکارەکەمان بکا بەکۆی زووخاڵ»، کە من و تۆی لەیەک کرد؛ بەڵام ھەرچی بێ من و تۆ لەسەر چوار پێ ڕاوەستاوین و ئادەمیزادی تەژەی لەندەھۆر بەدوو پێ ئەڕوا بەڕێوە. ڕەنگە نەتبیستبێ کە ئادەمیزاد ھەر کات بیانەوێ گاڵتە بەیەکێ لە خۆیان بکەن و بڵێن نەفامە، ئەڵێن: «ئەگەر ئەو دەستەی ھەڵیھێناوە داینێتەوە سەر زەوی ئەبێتەوە بەچوار پێ.» تۆی زرنگی ھۆشیار بێ گومان بیرت لەمە کردۆتەوە کە ئادەمیزاد شیرت ئەخوا و تەڕایی بۆ بەرخۆڵەکانت ناھێڵێتەوە. بەڕاست چ ڕوانگەیەک دڵتەزێنترە لە ڕوانگەی بەرخ تێبەردان، کاتێ کە ژنانی بێری بەشیرمەشک و مەڕدۆشکەی پڕ لە شیرەوە لە ناو ڕان دێنە دەرەوە و بەرخ و کارژەڵەی ساوای برسی بەکاڕەکاڕ و بالەبال بەشوێن دایکیانا ئەگەڕێن. بەڵام کاتێ ئەگەنە دایکیان ھەر فنچکی یەکەم تێئەگەن پێش ئەوان تاڵان کراوە و ھەڵچۆڕاوە. خۆیان ئەم دەردە بەسەر ئێوەی خانەدان دێنن، بەڵام کایەیەکیان ھەیە بەناوی «دایە مەمدە بەگورگێ». بێ گومان دیوتە کە مناڵانی ئادەمیزاد کۆ ئەبنەوە و یەکیان ئەکەن بەگورگ و یەکیان ئەبێ بەدایکی بەرخۆڵەکان، جا مناڵەکان بەدەوری دایکیانا ھەڵئەسووڕێن و ئەڵێن: «دایە مەمدە بەگورگێ، گورگە ددانی تیژە». بەڵێ، باشە گورگ ددانی تیژە، بەڵام بەم ددانە تیژانەوە نیوەی ئێوەی ئادەمیزادی نەوسنی تێر نەخۆر، خوێنخۆر نییە. گورگ گۆشتخۆرە، مەڕ گیاخۆرە، بەڵام ئادەمیزاد گۆشت ئەخوا، گژوگیا ئەخوا، میوە ئەخوا... تۆ ھیچ دڕندەیەک ئەناسی کە قەسابی دانابێ؟ کاکی بەڕێز! کاتی ئەوە ھاتووە بیر بکەیەوە جگە لەمە کە ئادەمیزاد شیرت ئەخوا، گۆشتی بەرخۆڵەکانیشت ئەخوا. من کە نازانم، بەڵام لە ئادەمیزادم بیستووە ئەڵێن، کەبابی گۆشتی بەرخ زۆر بەتام و لەزەتە. ناڵێم گۆشتی بەرخم نەخواردووە، بەڵام ئەوەندەم برسی بووە کە بیرم لە تام نەکردۆتەوە. ھەرچی خواردوومە بۆ ئەوەم خواردووە نەمرم. ئادەمیزاد لە ساڵی گرانییەکەدا یەکتریان ئەخوارد. بۆ من ھەمیشە ساڵی گرانییە. ئادەمیزاد ساڵێ جارێک وەک تێسوو تاڵانت ئەکا و خوری لەشت بەبرینگ ھەڵئەپاچێ و گوێ ناداتە ئەوەی کە لەشت بریندار ئەبێ یام نە. خوری و بەرگت ئەکا بەبەرگی خۆی و ھەزار شتی تری لێ دروست ئەکا. دەگەناڵی ئینگلیزی و پارچەی زەردی ئاڵمانی و مافوورەی ئێرانی. بڕوانە ئەمانە چەندە فڕوفێڵ ئەزانن. ناوی تۆ ھەر لە کوولەکەی تەڕیشا نییە. بەخودا بەگوێما ناچێ، کام ئادەمیزاد لە ھەموویان ڕاستترە لە گوریسی ناو ھەمبانە پێچ و پڵووچی زۆرترە. خۆیان ئەڵێن: «شتێ کە بۆ ماڵ پێویستە لە مزگەوت حەرامە.» کەچی تۆ ئەکەن بەسڵقی ڕووت تا خۆیان پۆشتە بنەوە. سەرەڕای ئەم ھەموو درۆ و ناپاکییە، بەمن ئەڵێن «تۆبەی گورگ مەرگە». نازانی لەبەرچی مەرگی من بەئاوات ئەخوازن؟ چونکە من وەک وشتری پێ پان باریان بۆ ھەڵناگرم. وەک سەگ کلکەسووتەیان لەبەر ناکەم و ببوورە چەشنی تۆ شیریان نادەمێ و نابمە دمەدۆی خێزانیان. تکایە بۆ درێژەدانی وتووێژەکەمان و بۆ ئەوە ژەنگی دوژمنایەتی لە دڵمان پاک کەینەوە تەشریف بھێنی بۆ ڕەوەزی پشت ماڵان تا باشتر باسی دوژمنایەتی ئادەمیزاد ڕوون کەینەوە. خوات لەگەڵ، برات گورگی برسی. ئەم نامەیە پۆستەچی ھێنای و دای بەشوان و شوانیش ئەو ڕۆژە گۆڵەبۆری ناردە جێگای دیاریکراو. تا حەوتەی داھاتوو خواتان لەگەڵ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەسکەندەر شاخی ھەیە سەبارەت: ١٩٧٢/١١/٠١ پیاوێکی نزیک بە سی ساڵەی نە کورت و نە درێژ بوو. سمێڵێکی خورمایی و دەم و لێوێکی جوانی بوو. ڕانک و چۆغەیەکی کۆن بەڵام خاوێن، ئەندامی ڕێکی دائەپۆشی. سێ چوار گەز پشتێنی پەشمینەی گوڵ ورد نێوقەدی باریکی ئەبردە ڕێکی کەلەکەی. جامانەیەکی ڕەش و سپی لە سەر ئەبەست و لکێکی بەرئەداوە سەر کەوای مرادخانی. ھەتا دیبووم ھەر بەم بەرگانەوە دیبووم، بەڵام ھەمیشە لام وابوو ھەر ئێستە گۆڕیویەتی. خەڵک ئەیانکوت نەدوێنە، بەڵام ئەو ڕۆژە کە من چاوم پێی کەوت زۆر گەرموگوڕ چاک و خۆشی لەگەڵ کردم. زۆر ئادەمیزادی وا ھەیە کە بەڕواڵەت خۆ بەزل زان و خۆ لە لا زۆر دێتە بەرچاو، بەڵام کاتێ لەگەڵ دووای پەشیمان ئەبیتەوە کە بۆچ لە ھەوەڵەوە وات گومان بردووە. ناوی، کەم کەس ئەیزانی. ڕاستییەکەی ئەمەیە کە خەڵکی ئاوایییەکە لەو پەردەی ڕازە کە ئەو بەسەر خۆیا کێشا بوو، ئەترسان. ھەموو کەس باسی ئەکرد، بەڵام ھەمیشە وەک باسی شتێکی نھێنی بکەن، بەچپە ئەدوان. ھەموو شتێکی شاراوەی نەناسراوە، لەگەڵ ئەوەشا کە پیاو ئەکێشێ و کەڵکەڵەی ھان ئەدا ئەشیترسێنێ. چەشنی شەوێک کە لە بەرچاوی مناڵ پڕە لە جنۆکە و خێو. ئەو ڕۆژە کە من قسەم لەگەڵیا کرد لە پەنا سێبەری مزگەوتا دانیشتبوو. بەربەیانێکی کەمێک ساردی پاییز بوو. بارانی دوێشەو گەڵای زەردی ڕیزە چنارەکەی نزیک مزگەوتی وەراندبوو. بایەکی نەرمی ئاماڵ سارد، گەڵای زەردی خەزەڵوەری ئەلەراندەوە، بەڵام نەیئەتوانی لە زەوی بەرزیان کاتەوە، چونکە بارانی دوێشەو تەڕی کردبوون و مڵاسی زەوی ببوون. گەڵاکان خشە و خشپەیان نەدەھات، بەڵام بەفووی ساردی دەمی با نیوە نووزەیەکی بەعاستەمیان لێ ھەڵدەستا. وەک ئەوە ئەچوو تۆ لە دەری دێوە لە سێباری شەوا، گوێت لە دەنگی بەئاسپایی ئاوایی خەواڵوو گرتبێ و ناڵەی نێوان دار و پچڕ پچڕی کچێکی تازە ساڵت بێتە گوێ کە خەونێکی ناخۆش ئازاری ئەدا. سڵاوم کرد و بێ ئەوە چاوەڕوانی وەڵامی بم لەسەر تاتەبەردی پەنایا دانیشتم و کوتم: «کوتوپڕ ساردی کرد.» سەری ھەڵێنا و گەشەیەک کەوتە سەر چاوی. گەشەیەکی تیژ تێپەڕ و بێ باوەڕ، وەک ئەستێرەیەک کە راخوشێ و بکوژێتەوە. وا دیار بوو ھەستی کردووە لەم ئاوایییەدا زۆر خۆشەویست نییە و بەلایەوە سەیر بوو کە من وا بێ ترس لە پەنایا دانیشتووم. کوتی: «ھەمیشە ھەروا بووە، ھێرشی کوتوپڕ! بێ ئەوە ئاگامان لە دەرد و مەرگی خۆمان ھەبێ، تاوێری زەمان بەسەرمانا دێ و ئەمانھاڕێ.» سەیرم کرد دەسرەدەستەکەی لە ناو دەستی بەھێزیا وەھا ئەکوشێ لەوانەیە دەسرەکە بدڕێ. ئەتکوت ئەیەوێ ھەموو ڕقی خۆی بکا بەھێز و بیدا بەپەنجەی دەستی و بیڕێژێتە ناو دەسرەکەیەوە. نیگای وەک بازی برسی ھەڵفڕی بۆ دوورەدەستێکی گوم و نادیار. ڕەنگێکی خۆڵەمێشی گلێنەی چاوی داگرت. ئەتگوت ساڵھایە ئەو گلێنانە بوون بەدوو شووشەی گردی بێ بزووتنەوە. لەبەر خۆیەوە گوتی: «دە ساڵ!» دە ساڵ خەم کووڕی کردبوو. دەستی بەپشتیەوە گرت و کەمێک خۆی ڕاست کردەوە. - «دەردێکی گەورەیە، بەڵام دەرکی ئادەمیزاد شێوەی کەوڵێکی بچووکی ھەیە و ھەزار دەریا خەم ئەبا.» کوتم: «باسی خەم ئەکەی. لات وا نییە ئەگەر بیدرکێنی خەمەکەت لەسەر سووک بێ؟» کوتی: «نەزیلەی ئەسکەندەر و شاخێتی.» کوتم: «نەمبیستووە» کوتی: «ئەڵێن ئەسکەندەر شاخی ھەبوو. ھەر سەرتاشێک سەری ئەتاشی بەم ڕازەی ئەزانی؛ بەڵام ھەموویان بەدەستووری ئەسکەندەر ئەکوژران. تا یەکێک لەو سەرتاشانە کە خزمی سەربڕی ئەسکەندەر بوو بەڕەڵا کرا. سەرتاش بەنھێنی ئەژیا و نەشیئەتوانی ڕازی ئەسکەندەر بدرکێنێ، تا تووشی نەخۆشی ھات. حەکیمان پێیان کوت، تۆ ڕازێکت ھەیە و لە دڵتا بۆتە گرێ. ئەگەر ڕازەکە دەرخەی ڕزگار ئەبی. سەرتاش ناچار چووە قامیشەڵانێکەوە و لەوێ چەند جار لە ژێر لێوەوە کوتی: «ئەسکەندەر شاخی ھەیە.» «با» ئەم دەنگەی کرد بەگەرووی زەل و قامیشەکانا. ھەر کات «با» ئەھات یا ھەر کات زەلێکی ئەو قامیشەڵانە ئەکرا بەبلوێر و بلوێرژەن فووی پیا ئەکرد، ئەم دەنگە لە گەرووی قامیشەکان ھەڵدەستا: «ئەسکەندەر شاخی ھەیە.» بێ دەنگ بوو. دیسان چاوی بڕییەوە کەلی ئەوپەڕی ئاوایییەکە. ڕۆژ تەواو گەرمی کردبوو. ھەڵمی زەوی تەڕ وەک دووکەڵی نێرگەلەی پیرە پیاوێکی دێھاتی بەرەو ھەوا ھەڵئەچوو. کوتم: «کابرای سەرتاش چی بەسەرھات؟ پاش درکاندنی ڕازەکە نەخۆشییەکەی لە کۆڵ بۆوە؟» کوتی: «ئەزانم ئەڵێی چی. ئەسکەندەر شاخی ھەبێ یا نەیبێ گرنگ نییە، گرنگ ئەمەیە گوێی نەبێ.» سەرم سوڕما بوو. نەمئەزانی ئەڵێ چی و لەپڕ ھەستم کرد منیش وەک ھەموو خەڵکی ئاوایییەکە لێی ئەترسم. ئەم کابرا گەنجە بەم ئەندامە ڕێک و جوانەوە، چی وەھا لە لەش و گیانیا ھەبوو کە بۆ لێ ترسان بشێ؟ دیسانەوە دەنگی خەمبار و پیاوانەی کە زۆر لە تەمەنی پیرتر دیاری ئەدا ھاتەوە بەر گوێم: «بەڵێ ئەکرێ ئەسکەندەر شاخی ھەبێ، بەڵام ئەگەر گوێی لە حاند ناڵەی دەردەداران کەڕ و نەبیست بێ...» قسەکەی تەواو نەکرد، دەستی بەئەژنۆیەوە گرت و ھەستا. چاوی لە چاوم بڕی، وەک ئەمە بیەوێ سپاسم بکا کە بۆ ماوەیەک لە تەنیایی دەرمھێناوە؛ بەڵام بەزار ھیچی نەکوت. سەری بەرداوە و ڕێگای گرتە بەر. لە پشتەوە لە پیاوێکی زورھانی لە کار کەوتوو ئەچوو. ئەتکوت سەری بەزۆر بۆ ڕائەگیرێ کە شۆڕ نەبێتەوە سەر سینەی. بێ ئەوە بزانم مەبەست چ بوو لەبەر خۆمەوە کوتم: «دە ساڵ! دە ساڵ خەم و دەرد! ماڵی ئادەمیزاد شێوەی کەوڵێکی بچووکی ھەیە و دەریایەک خەم ئەبا.» تا حەوتەی داھاتوو خواتان لەگەڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شیعری باش کامەیە؟ سەبارەت: ١٩٧٢/١١/١٨ سەلام لە گوێگری بەھەستی بەرنامەی تاپۆ. زۆر جار ئەم پرسیارەمان لێ کراوە کە شیعری باش بە کامە شیعر ئەڵێن. ھەڵبەت ئێمە وەڵامی ئەم پرسیارەمان زۆر جار داوەتەوە و بەچەشنێکی گشتی ڕوونمان کردۆتەوە کە ھونەری باش بە چ ھونەرێک ئەکوترێ. ئەوەی وا ئێمە لەم بارەوە دەرمانبڕیوە بڕوای خۆمان بووە؛ بەڵام کۆتاییشمان نەکردووە لە بڵاوکردنەوە و نووسینی بڕوای جۆربەجۆر سەبارەت بەھونەر. ھەندێک ھەن کە ئەڵێن شیعر و وێژە کە بەشێکە لە ھونەر، کەڵکی نییە و قازانجێک بەکۆمەڵ ناگەیەنێ و تەنانەت بەرگری لە پێشکەوتنیشی ئەکا. ئێمە لە بەرنامە پێشەکانا کوتوومانە کە ئەم بڕوایە چۆن پەیدا بووە. تەنانەت تاقمێکی زۆریش لە زانایان ھەن کە دژی شیعر و وێژەن، بەڵام ئەگونجێ ھەموو ئەم دژایەتییانە لەمەوە پەیدا بووبن کە زۆر بەوردی سەیری پێشینە و ئەرکی ھونەر نەکراوە. میسداق و مەفھوومی ھونەر زۆر جار یەکتر ناگرنەوە. واتە سەرنج نەدراوەتە ئەم مەبەستە کە ھونەر خوڵقاوی ویست و نیازی کۆمەڵی سەرەتایی ئادەمیزاد بووە و گەورەترین یارمەتی داوە بەبەرەی ئادەمیزاد و ھەروەھاش کاتێ ھەڵبەست و نووسراوێکی بێ کەڵک کە بەداخەوە لە وێژەدا نموونەیان زۆرە و ڕەنگە زۆربەش بن، بەرچاو کەوتووە بەم ئاکامە گەیشتوون کە شیعر و وێژە بێ کەڵکە. بەلێکدانەوەیەکی تر ھەر کات میسداقی شیعر خراپ بووە، حوکم بەخراپ بوون و بێ کەڵکی مەفھوومی شێعر دراوە. کوتمان کە بەداخەوە شێعری بێ کەڵک زۆربەی شیعرە. ئەمەش ھۆی تایبەتی ھەیە. چونکە چینی ھەڵبژاردە، واتە ئیلیت زھiعز (ھەڵبەت ھەڵبژاردە لە باری زیادەبەشی ئابووری و دەسەڵاتەوە) سوودیان لەمەدا نەبووە کە شێعر ئەرکی کۆمەڵایەتی لەسەر شان بێ و بۆ ئەوان باشتر بوو کە شیعر لەجیاتی ھاندان و بزواندن، سستی و وەستان بگەیەنێ. تاقمێکی تریش ھەبوون کە لایان وابووە شیعر زیل و بەمە و ئاھەنگ و وشەی جوان جگە لە لاواندنەوەی پەردەی دڵ و گوێ بەکاری شتی تر نایە. ئەمانە چ سوورێئالیست بن، چ لایەنگری ڕۆمانی نوێ، چ دادائیست و چ تاقمی «ھونەر بۆ ھونەر»، ھەموویان ئەکرێ لە ژێر ئەم ناوەدا کۆ بکەینەوە؛ لایەنگرانی قالب و دیوی دەرەوە. ئێمە لەگەڵ ئەوەشا ئەزانین ئاھەنگ و وشەی جوان و ڕازاندنەوەی ڕواڵەتی وتار، بەشێکی گرنگ و ھێژایە لە شیعرا؛ بەڵام وەسیلەیە نەک ئامانج. مەبەستی ئەسڵی لە شیعرا ناوەڕۆک و کاکڵە نە ڕواڵەت و توێکڵ. شیعری فەننی و مامۆستایانە ئەمەیە کە ناوەڕۆکێکی بەکەڵکی ھەبێ لە ناو قالبێکی جوان و ڕازاوەدا و ئاھەنگی تایبەتی خۆیشی دۆزیبێتەوە. ئاھەنگی تایبەت شتێکی شیاوی لێ وردبوونەوەیە، چونکە ھەر شیعرێک بەپێی موحتەوا و واتەی خۆی ئاھەنگێکی تایبەت ئەخوازێ و بۆ ئاھەنگی تایبەتیش وشەی تایبەتی گەرەکە. بۆ نموونە شیعرێکی نەتەوایەتی و ھاندەر کە ئەیەوێ دەماری گەل پەرستی بەھێز کا، ئەبێ ئاھەنگێکی حەماسی ھەبێ و وشەی تایبەتی بۆ ھەڵبژێری. وەک ئەم نیوە شیعرە کە ئەڵێ: «پێ و چەک زرمەیانە و خرمە.» ئاھەنگی ئەم نیوە شیعرە نەرمونیان و ئەویندارانە نییە و زۆرتر لە ماڕشێکی سپایی ئەچێ و وشەکانیش لاوێنەرەوە و نەرم نین. بەڵکو ڕاپەڕێنەر و ھاندەرن. باسەکە باسی پێیە و چەک کە زرمە و خرمەیان دێ. ھەروەھاش ناوەڕۆک و مەفھوومی غەڕامی و ئەویندارانە یا واتەیەک کە لە بارەی تەبیعەت و جوانییەوە ئەدوێ پێتەویستی بۆ ئاھەنگێکی لاوێنەرەوە و نەرمونیان ھەیە و وشەکانیشی ئەبێ لەگەڵ ئاھەنگەکەدا یەک بگرێتەوە. وەک ئەم شیعرە: بەڵێ وای ئەتۆ، وەک زرێباری بن خێوەتی مانگەشەو بە مەندی شکۆدار و گەورە و گرانی بەڵام پێکەنە، تۆ پەریزادی گوڵخەندەرانی. لەم شیعرەدا وشەی زرێبار و خێوەتی مانگەشەو و پەریزادی گوڵخەندەران ھاتوون کە ھەموو وشەی نەرم و ئەوین بزوێنن. بەڵام کاکڵ لە شیعرا - کە بەلای ئێمەوە مەبەستی ئەسڵییە - ئەتوانێ دوو جۆر بێ: یەکەم کاکڵێکی ئەوتۆ کە کەڵکی کۆمەڵایەتی لێ وەرناگیرێ. واتە باسێک لە شیعرا دێتە گۆڕ کە یا زیانی زۆربەی کۆمەڵی تێدایە یا مەبەستێکی شەخسی و تاکی تێدا ھاتووە کە ناتەنێتەوە بۆ مەبەستێکی گشتی. وەک باسی ئەوینێکی ئەشڕافی و ھەڵدانی شەوێکی خۆش ڕابواردن، بێ ئەوە ئاوڕێک بۆ خەڵکی ئاسایی درابێتەوە. دووھەم کاکڵێک کە کەڵکی کۆمەڵایەتی تێدا ھەیە. ئەم مەفھوومە شیعرییانە دوو چەشنن، یا چەشنێکن کە قالب و وشەیەکی ساکار و نزیک لە دووانی ڕۆژانەی خەڵکیان ھەیە، یا قالب و دیوی دەرەوەیان کەمێک ڕەق و دژوارە و وشە و تەعبیری ڕازاوە و فەننی و دوور لە وتووێژی خەڵکیان تێدا بەکار براوە. سەبارەت بەم دوو چەشنە، دوو بڕوای جیاواز ھەیە: یەکەمیان ئەڵێ شیعر پێش ھەموو شت و پێش ئەوە کە وتارێکی وێژەوانانە و جوان بێ، پێویستە کەرەسەیەک بێ بۆ بزواندن و تێگەیاندن. جا ئەگەر قاڵبی وتارەکە ئەوەندە ڕەق بێ و وشەی ئەوەندە تەریک و تەعبیر و لێکدانەوەی پڕ پێچ و قەمچی تێدا ھاتبێ کە زۆربەی کۆمەڵ نەتوانێ کەڵکی لێ وەرگرێ، جیاوازی چییە لەگەڵ شیعرێکا کە ناوەڕۆکێکی دژی کۆمەڵی ھەیە. ھەندێکی تریش ئەڵێن شیعر ئەگەر ئەوەندە ساکار بێ کە تا ڕادەی وتاری ئاسایی نێوان خەڵکی گەڕەک و کۆڵان نزم بێتەوە، نابێتە شیعر؛ چونکە شیعر ئەبێ ڕەنگی عاتیفەی لێ بدرێ و لەگەڵ زانستا جیاوازی ھەبێ. بۆ نموونە باسی پیاوێکی برسی، یا مناڵێکی بێ دایک، یا دیمەنی ڕێگاوبانێکی کاتی پاییز نابێ لە شیعرا وەھا بکرێ کە لە زانستا ئەکرێ. لێکدانەوەی خەڵکی ئاسایی و دووانی ڕۆژانەیان چەشنێکی ساکارە لە زانست و شیعر. شاعیر ئەم چەشنە ساکارە زانستییە لە کارگای عاتیفەی شاعیرانەیدا بەڕەنگ و ڕواڵەتێکی تارا بەسەرا کشاو ئەڕازێنێتەوە و ناچار کەم و زۆر لە وزەی دەسکورتی خەڵک دوور ئەکەوێتەوە. ئەو تاقمە ئەڵێن شاعیر نابێ ناچار بکرێ کە وەک خەڵک ببینێ و لە ڕوانگەی خەڵکەوە بڕوانێتە سەر مەبەست. شاعیر ناچارییەکەی ھەر ئەبێ لەمەدا بێ کە بەسوودی ئەو خەڵکە بیر بکاتەوە و مەبەستەکانی وەھا نەبن کە زیانی گەلیان تێدا بێ. لایەنگرانی ئەم بڕوایە کە ئەڵێن شیعر ئەگەر ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی ھەبوو، با دیوی دەرەوە و فۆڕمی شیعرەکەش دوور بێ لە دووانی ڕۆژانەی خەڵک، ھەر ھونەرە و ھونەرێکی کۆلێکتیڤیشە. ئەڵێن شاعیر ھونەرێکی عاتیفی ئەخوڵقێنێ و عاتیفە، یانی ڕووبەڕووبوونی موحەڕیکاتی خاریجی و لێکدانەوەی دەروونی، یانی ئاوێتەبوونی زانست کە شتێکی نەگۆڕاوە و بەلای ھەموو کەسەوە ھەر یەک چەشنە لەگەڵ ڕیئەکسیۆن و عەکسولعەمەلی عاتیفی کە لە ھەر نیھاد و دەروونێکا جیاوازی ھەیە لەگەڵ نیھاد و دەروونێکی تر؛ لەبەرئەمەیە کە لە ھەرکەس بپرسێ دوو دوو ئەکا چەند ئەڵێ ئەکا چوار. بەڵام بڕوای دوو کەس سەبارەت بەجوانی، کە باسێکە لە ھەرێمی ھونەرا وەک یەک نییە. یەکێک چاوێکی گەش و ڕەشی پێ جوانە، ئەوی تر چاوێکی نیوەخەوی شینی خۆش ئەوێ. تا بەرنامەیەکی تر بەخواتان ئەسپێرین. شەوتان باش. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاوات ناوێکی خۆشە سەبارەت: ١٩٧٢/١١/٢٠ ھەرکە فەرھاد ھات و دانیشت زانیم شەوێکی خۆشمان لە پێشە. من ماوەی ساڵێک بوو لەو ئاوایییە سپای زانست بووم، کەمتر کەس ناوی منیان ئەزانی. ھەر پێیان ئەکوتم ئاغای سپا یا ئاغای مودیر. من لە سنەوە چووبووم بۆ موکریان و بەڕاستی لەو ماوەیەدا ببووم بەئەوینداری ئەو ھەموو جوانییە دەس لێ نەدراوە کە ھیچ پەڵە و خەشی تێکەڵایەتی تێدا بەرچاو نەدەکەوت. خوسرەو کوڕی ئاغا بوو کە لە تاران گەڕابۆوە و ھەموو ئێواران ئەمدی بەبەرگی ئەفەندییەوە، پێچێکی کوردی لەسەر بەستبوو و چەند کتێبی بەژێر باوەشەوە گرتبوو، ئەچوو بۆ چنارستانەکەی ئەوبەری ڕووبارە بچووکەکەی ئاوایی. وەفا و مەحموودیش ھەڤاڵی من بوون کە ھاتبوون سەرم لێ بدەن. کۆمەڵی ئاوایی ئەوەندە بچووکە کە تۆ ئەتوانی ھەناسەی دانیشتووانی ھەست بکەی. ھەرچی ھەیە لە بەرچاوە. تەنانەت چاوداگرتنی گەنجانی و ژوانی پاش مانگ ھەڵاتنی نیوەشەوانی. دێ ئەوەندەت لەگەڵ ئەبێتە خۆماڵی کە زوو بەزوو پرێسکەی دڵیت بۆ ئەکاتەوە و ئەتکا بەھاوبەشی بزە و خۆشی و خەم و پەرۆشی. لەبەرئەمە لاتان سەیر نەبێ کە ھەر ئەو ڕۆژە کە وەفا و مەحموود بەسەری ڕووت و بەرگی شارییەوە ھەر کام بەجانتایەکەوە لەو ئوتومبیلە کە کاروانی نێوان دێھاتەکانی ئەکرد دابەزین و لەبەر دەرگای قوتابخانەکەدا کە ژوورێکی کرابوو بە ھۆدەی حەسانەوە و خەوی من، تەپ و تۆزی ڕێگایان لە خۆیان تەکاند. خوسرەو ئەم ھەواڵەی زانی و ھێشتا من تایبەتیترین پرسیارم سەبارەت بە«بەھار»ی دەزگیرانم مابوو کە لە ھەڤاڵەکانمی بکەم، کە خوسرەو پەیدا بوو. زۆر زوو، زۆر مەبەستمان دۆزییەوە کە ھەر چوارمان ئەمانتوانی لە بارەیانەوە بدوێین. لە باسی سینەماوە دەست پێ کرا و خوسرەو بەگورجی بڕوای ھەموومانی ھێنا سەر ئەوە کە فیلمی باش لە شەڕی باش کەمترە. پاشان باسی ویەتنام و ئەفریقای جنووبی و رۆدزیا کرا و ھەموو ئەمانزانی بازرە بووین و وەسەر خۆمانی ناھێنین. لام وایە وەفا بوو لەبەر خۆیەوە کوتی: «مالا یدرک کلە یترک کلە». من ویستم بڵێم ھەڵەت کرد، بەڵام بزەی سەر لێوی تێی گەیاندم کە ھەڵەکەی بەئەنقەسد کردووە و ئەیەوێ بڵێ سەرێ کە نایەشێ لە پرێسکەی مەبەستە. مەحموود کوتی: «یدرک» ڕیشەکەی کوردییە و لە مەسدەری درکاندنەوە ھاتووە و ئیتر بۆم دەرکەوت کە باس ناچارە بەرەو ھەرێمێکی تر لێ خوڕێ و چ ھەرێمێک جوانتر و ھەر لەگەڵ جوانییا بێ ئازارترە لە ھەرێمی بژوێن و سەوزی ئەوین. ھەستم کرد منی خانەخوێ لەسەرمە سەرەتای باسەکان دامەزرێنم، بەڵام ئەترسام نەکا لە لایەن ئەو سێ گەنجە ڕووناکبیرانەوە بکەومە بەر ھێرشی توانج. ڕاستییەکەی پێم خۆش نەبوو دیسانەوە بۆ ھەزارەمین جار گوێم لە کاوێژی وشەی بورۆکراسی و پێچ و مۆرەی دامەزرێنەر و ئەم باسە پڕوپووچانە ببێ. ھەرچۆنێک بوو لێبڕام بەچەشنێ کە ھەستیان نەژاکێنێ، باسەکە بگۆڕم. لە خوسرەوم پرسی لەگەڵ کچانی زانستگەدا نێوانی چۆنە، وتی «بێرناردشاو، نووسەری ئینگلیزی ئەڵێ: کچ دوو تاقمن.» وەفا بۆی تەواو کرد: «یا جوانن، یا زانستگایین» و ھەموومان پێکەنین. ئەم پێکەنینە ڕێگای بۆ من کردەوە کە زیاتر لەسەر باسەکە بڕۆم: «ڕاستی کوڕگەل سەبارەت بەئەوین بڕواتان چییە؟» ھەرسێکیان بەیەکەوە کوتیان: «ئەوین؟» و من ڕاچڵەکیم و خۆم ئامادە کرد بۆ ھێرش: «بەڵێ ئەوین. مەگەر شتێکی سەیرم پرسیوە.» خوسرەو کە ئەمەی لە دەرەبەگی بۆ مابۆوە زۆر قسە بکا و کەم گوێ بگرێ، کوتی: «ئەوین نەجیب زادەیەکی لێکەوتووە کە ئەمڕۆ کەس خەتی ناخوێنێتەوە؛ یا مەلێکی گەرمێن و کوێستانکەر بووە کە سەدەھا ساڵ لێرەوبەر بەرەو گەرمێن بووەتەوە و ھێشتاش نەگەڕاوەتەوە. خوا عالم کام ڕەشەبای توند باڵی شکاندووە، یا کەوتۆتە بەر شاڵاوی کام شمقاڕی کۆترخۆر؟» مەحموود لەبەر خۆیەوە کوتی: «بەرەو ڕۆژھەڵات چووە و لەوێ ھێلانەیەکی گەرم و نەرمتری دروست کردووە.» وەفا پرسی: «مەبەست لە ئەوین چییە؟» و من بۆم شی کردەوە: «مەبەست خۆشەویستی نێوان کوڕ و کچێکە، یا لانی کەم لێرەدا مەبەست ئەمەیە.» تووڕە بوو کوتی: «تۆ لە کەیەوە بەم بێ دەربەستییە کوفر ئەکەی؟ چی بۆتە ھۆی ئەمە کە بووی بەپووشی سەر ئاو؟» بەسەر خۆم نەھێنا و کوتم: «ئەوین ئەگەر ئەوینی ڕاستی بێ یەکجار جوانە و لەو شتانەیە کە ئەم ھەموو ھەناسە کێشانە، ئەم ژیانە بێ بار و بێ ئاکامە لەسەر پیاو سووک ئەکا.» خوسرەو کوتی: «باشتر بوو لە شارا بمێنێتەوە و دەفتەری بیرەوەری بۆ کچان بنووسێ.» وەک ئەمە لە توانجەکەی تێنەگەیشتبم، کوتم: «مەبەستم ئەوینی ڕۆمانتیک نییە. ئەو ئەوینە ئەڵێم کە لەسەر ڕاستەقینەی ژیان دامەزراوە.» وەفا کە ھێشتا ڕقەکەی دانەمرکابوو کوتی: «ژیان؟ کام ژیان؟ ھی ئەو کەسانە کە بەقامکی دەست ئەکرێ بیانژمێری؟ تۆ لە کوێی کاکی مامۆستای مناڵان؟ من لەو کاتەوە کە ھاتووم، بۆنی ناخۆشی گەڕەک و کۆڵانی ڕێ ئازارم ئەدا، تۆ خەریکی لەم ھۆدەدا کە سێبەری مناڵی ھەژار، وەک گیانی سەرگەردان سەمای تێدا ئەکا، تەدارەکی باڵەی «دەریاچەی قوو»م بۆ ئەگری؟» کوتم: «وەفا، شەو کڕ و کەڕە و نیوە نووزەی تۆ بەگوێیا ناچێ. کە وەھایە ھەرا مەکە با لانی کەم دەنگت نەنووسێ.» خوسرەو ئەمەشی ھەر لە دەرەبەگایەتی بۆ مابۆوە کە لای وابێ کەیخودایی و بڕیاری دوایی مافی ئەوە. کوتی: «شەوگار درێژە و عەبداڵ بەتاڵ. باسێکی تر بکەین.» بەڵام وەفا وەک بیەوێ کەنار بگرێ، ھەستا و خۆی بەسەیری دەرک و دیوارەکەوە سەرگەرم کرد. ماوەیەک لەبەر دیوارێکی ھۆدەکەما وەستا و پاشان کوتی: «گوێ بگرن! من دایکم نەخۆشە. ناوم ئاواتە. ئاغای مودیر ئەڵێ ئاوات ناوێکی خۆشە. ئەڵێ تۆ بەئاوات ئەگەی. ئاواتم ئەمەیە، باوکم ئەمڕۆ کە گەڕاوە بۆ ماڵ، ئەوەندەی پارە ھەبێ کە دایکم بەرێ بۆ لای دوختوور.» ئەم چەند دێڕە قوتابییەکی من لەسەر دیوارەکەی نووسیبوو. بێدەنگییەک باڵی بەسەر ھۆدەکەما کێشا. شەو لە دەرەوە ڕەشتر دیار بوو و زۆر حەستەم بوو کەسێ لە ئێمە لەو کاتەدا بڕوا بکا مەلی ئەوین ئەگەڕێتەوە و لە پەنا شەتاوێک ئەنیشێ و زەمزەمەی ئاوازێک پڕ بەگەرووی ئەماسێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێتڕۆس دووریانی نەمر سەبارەت: ١٩٧٢/١١/٢٠ سڵاوێکی بەتین لە ناخی دڵەوە پێشکەش بەگوێگری ھۆگری ھونەر. بەھیواین بەرنامەکەتان بەدڵ بێ. لەم بەرنامەی ئەمجارەماندا باسی شاعیرێکی ھەرە گەورەی ئەرمەنیتان بۆ ئەکەین و لە سەرەتادا وەرگێڕاوی شیعرێکی ئەو شاعیرەتان بۆ ئەخوێنینەوە، تکایە گوێ بگرن: ئەگەر دێوی دزێوی مردن، بەپێکەنینی ناحەزی ھەمیشەیییەوە بەسەرما بدا گیان و دڵی پڕ خەمم لە ناو بچێ وا مەزانن من مردووم، من زیندووم! ئەگەر چرای ژینم لەسەر سەرینی سەرەمەرگم پڕشنگی ساردی دوایی بدا و دوا تریفەی بێ وا مەزانن من مردووم، من زیندووم! ئەگەر زەنگی کلیسا، بانگەوازی مەرگم بکا عفریتی کردن بەقاقا بکەوێتە شوێن تەرمی ساردوسڕم وا مەزانن من مردووم، من زیندووم! ئەگەر پیاوانی نزاکار و ژنانی شینگێڕ و ڕوو داپۆشیو لە دوای دارە تەرمم پڕمەی گریانیان بێ و داری عوود بسووتێنن وا مەزانن من مردووم، من زیندووم! ئەگەر بەئەسرین و فرمێسکی چاوی کەژاڵی دەزگیرانم بەئاوی چاوی کەسوکار و دۆست و ھەڤاڵم کێلی گۆڕم بخووسێ وا مەزانن من مردووم، من زیندووم! بەڵام ئەگەر گۆڕی من بێ ناونیشان لە گۆشەیەکی ئەم جیھانە پانەدا داکەوێ و بیرەوەریم لە یادی خەڵکا بێ ڕەنگ بێ ئاخ... ئەو کاتەیە کە من ئەمرم! چەپکە شیعرێک بوو لە گوڵزاری ھەستی پێتڕۆس دووریان کە سەد ساڵ لە مردنی تێئەپەڕێ و بەواتەی خۆی ھێشتا زیندووە، چونکە گۆڕی، ڕووگەی لاوانی دڵپاکی ئەرمەنییە و بیرەوەرییەکانی لە یادی خەڵکا ڕۆژ بۆ ڕۆژ گەشتر و بەڕەنگتر ئەبێ. دووریان ساڵی ١٨٥١ی میلادی لە گەڕەکی ئەسکیوتاری شاری «ئەستەمبووڵ» لە دایک بووە و ھێشتا گوڵێک لە ھەزار گوڵی ژیانی نەپشکووتبوو کە گژەبای مەرگ تێکیەوە پێچا و ڕایماڵی. دووریان ٢١ ساڵ پتر نەژیا و ساڵی ١٨٧٢ی میلادی بەنەخۆشی ئازارە باریکە چاوی مەینەتکێش و دووربینی لە جیھانی بێ بەینەت پۆشی. باوکی «پێتڕۆس دووریان» ئاسنگەرێکی ھەژار بوو. لەبەرئەمە شاعیری ئەرمەنی لە مناڵییەوە، ڕواڵەتی ترسێنەر و دزێوی ھەژاری و برسییەتی ناسی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشا کە یارمەتی باوکی ئەدا و ناچار بوو بۆ پەیداکردنی بژێوی خێزانەکەی کار بکا، توانی لە ساڵی ١٨٦٧دا خوێندنی ناوەندی تەواو بکا. دووریان بۆ بەڕێ بردنی خێزانەکە کە بەنەخۆشی دایکی و پیربوونی باوکی ھەموو قورسایییەکی کەوتبووە سەرشانی ئەو، دەستی دا کاری جۆربەجۆر. ماوەیەک کرێکاری کرد. پاشان لە چاپخانەیەکا خەریک بوو. ماوەیەک بەشاگردی چووە لای پزیشکێکی دەواساز، پاشان ھەرچەند مانگێک لە شوێنێکا خەریکی کارکردن بوو. حیسابداری، سەڕافی، مامۆستایی قوتابخانە، وەرگێڕی، نەقشگێڕی تئاتر، بڕێک بوون لەو کارانە کە «پێتڕۆس دووریان» کردنی بەپیشە. جۆششی ھەستی شاعیرانە لە نیھادی پێتڕۆس دووریانی تازە گەنجدا لە ھەڵقوڵینی کانییەکی ژێر گاشەبەردێکی زل ئەچوو کە بەھیچ بارێک ڕێگای نەبوو بۆ زەریە و زێ و نەدەزاندرا کە ئەو ئاوە ڕوونە پاکە لە وشکارۆی دەشتێکی قاقڕ و لە ژێر لەشی قورس و ڕەقی ئەو گاشەبەردەدا چۆن ئەجۆشێ و بناوانی ئەگاتەوە کام ڕووباری خورۆشان! ژیانی مناڵی دووریان جگە لە دووپاتەکردنەوەی شەوان و ڕۆژانی ڕەش و سارد و پڕ مەینەت ھیچی تر نەبووە. ئەی ئەم ھەموو جوانییە، ئەم ھەموو گوڵزار و بەھارە لە دەروونی پێتڕۆس دووریاندا پشکووتووی کام ھەناسەی مەسیحایییە؟ ! دووریان لە سێزدە ساڵیا دەستی کرد بەشیعر کوتن و چەند نومایشنامەی نووسی کە ھاتنە سەر شانۆ و ناوبانگی بە وڵاتا بڵاو بۆوە، بەڵام کاربەدەستانی تئاتر لە گەنجی و ئاتاجی دووریان بەسوودی خۆیان کەڵک وەرئەگرت و زۆریان بۆ ئەھێنا. لەو سەردەمانەدا بوو کە نومایشنامە ھەرە بەنرخەکانی خۆی نووسی، وەک «ئارداشیسی سەرکەوتوو» و «ڕووخانی بنەماڵەی ئەشکانی» و «گوڵی سوور و سوێسنە» و «خاکی ڕەش». ھەموو ئەم نومایشنامەیانە لە لایەن خەڵکەوە بەباشی وەرگیران و بوونە ھۆی ناوبانگ و خۆشەویستی پێتڕۆس دووریان. بەڵام جەرگی زامار و ھەستی بەکەم گیراو و دڵی شکاوی دووریان بەم سەرکەوتانە نەھاتەوە سەرخۆ. ھەژاری و دەسکورتی لە لایەکەوە و لە لایەکی ترەوە ستەمی نەتەوایەتی کە لەسەر ئەرمەنییەکانی ئەو کاتەی سەردەمی عوسمانی ھەبوو، بەرز و نزمی بێ بڕانەوەی ژیان، ئەوەندەیان شاعیری بەھەستی ئەرمەنی شەکەت کرد کە ساڵی ١٨٧١ ئازاری سیلی گرت و لە جێگا کەوت. ساڵێک لەگەڵ دێوی زاڵی مردن دەستەویەخە بوو، پاشان لە تەمەنی ٢١ ساڵییا و پاش تەمەنێکی کورت و پڕ مەینەت، بەڵام بەپیت و بەرەکەت دوا ھەناسەی ھەڵکێشا و گیانی بوو بە پەپوولەی باڵ زێڕینی گوڵزاری ئەوین و جوانی. سەرەڕای تەمەنی کورت و کەم خایەن، پێتڕۆس دووریان چەن شاکاری گەورەی لە وێژەی ئەرمەنییا خوڵقاندووە کە بریتین لە ٩ مەقالە، ١٥ نامە، شیعرێکی درێژی شیوەنی، ١٣ نومایشنامە و ٤١ پارچە شیعر. ئەم شوێنەوارانە وەک گوڵێکی ھەمیشە بەھار لە گوڵستانی وێژەی ئەرمەنیا ئەمێننەوە و ھەرگیز سیس بوون و ژاکانیان بەسەرا نایە. شوێنەواری ئەو شاعیرە چەن جار لە ئەستەمبووڵ، بەیڕووت، ئێرەوان، ویەن، باکۆ، وێنیز، نیۆیۆرک و حەڵبا لە چاپ دراوە. «سەمبات پانۆسیان» ھەڵسەنگێنەری ئەرمەنی سەبارەت بەدووریانی شاعیر ئەنووسێ: «لە ناو ئاسمانی تەمگرتووی وێژەی کۆنی ئەرمەنییا. شیعرەکانی پێتڕۆس دووریان ئەڵێی پەلکە زێڕینەیەکی ھەمیشەیین». بەڵێ گوێگری بەڕێز، بەم چەشنە سەرپەنجەی ھونەر، زەمان و کات ئەکا بەدیلی کۆششی زاڵی خۆی و مردنی لەش بەھۆی دەستی عیسای ھونەرەوە ئەبێتە ھەرمان و ژیانی ھەمیشەیی بۆ گیان. لەگەڵ پێتڕۆس دووریان دووپاتەی ئەکەینەوە، ئەگەر ئەسرین و فرمێسکی چاوی کەژاڵی دەزگیرانم و ئاوی چاوی خزم و کەسوکار و ھەڤاڵانم کێلی گۆڕەکەم بخووسێنن وا مەزانن کە مردووم، کاتێ ئەمرم کە گۆڕم نەناسراو بێ و یادم لە دەروونی خەڵکا نەمێنێ. پاش سەد ساڵ ئەمڕۆ ئەنترۆپۆلۆژیستێکی ھەرە گەورەی ئەرمەنی لە ئێرەوان، خەریکی داڕشتنی پەیکەری ئەو شاعیرەیە. ڕاستی مردن پارووی گەورەی پێ قورت نادرێ. پیاوانی مەزن بەگەرووی تەنگی مەرگدا ناچن. مەرگ بۆ ئەوان خەوێکی خۆشی ئەبەدییە و گەشتێکە لە ئەسیری لەشەوە بۆ ئازادی گیان. تا حەوتەی داھاتوو خواتان لەگەڵ. شەوتان خۆش. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پڕشنگی ھەتاوی بیری غەزالی سەبارەت: ١٩٧٢/١١ سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ. کاک ئیسماعیلی عەلی بابایی، سپای زانست لە مەرەندەوە پرسیاری کردووە: «ئیمام محەمەدی غەزالی کێیە؟ ئاخۆ لە ڕیزی نووسەرانە یا فەیلەسووفان و یا ئەندامێکی کۆمەڵی عارفان و خواناسانە؟» برای خۆشەویست. وا دیارە خۆت لە بارەی غەزالییەوە گەلێک شت ئەزانی، چونکە پرسیارەکەت ھەموو شتێکی لێ دەرئەکەوێ. غەزالی ھەم نووسەرە، ھەم فەیلەسووف و ھەم خواناس، بەڵام داستانی ژیانی ئەو زانایە لە دوو قۆناخی جیاواز پێکھاتووە. لە قۆناخی یەکەمی ژیانیا زانایەکی گەورەی ئایینی بوو و لە قۆناخی دووھەما واتە لە تەمەنی ٣٨ ساڵییا ڕێگای فەلسەفە و عیرفانی گرتە پێش، بەڵام فەلسەفەی غەزالی لە ئەخلاق و ڕەوشتی ئینسانییا کورت کرابۆوە و لە ڕاستییا فەلسەفەی عیرفان و خواناسی بوو. غەزالی لە ساڵی ٤٥٠ی کۆچیدا لە دایک بوو. باوکی جۆڵا بوو و خۆی بەمناڵی دەستی کرد بەخوێندنی زانستی و ئایینی و لە ماوەیەکی کورتا ناوبانگی بەھەموو وڵاتە ئیسلامییەکانا بڵاو بۆوە. لە ساڵی ٤٨٨دا لەپڕ گۆڕانێکی سەیری بەسەرا ھات. دەرس و مەدرەسە و قیل و قاڵی بەجێ ھێشت و بەرگی مەلایانەی داکەند و ئاوارە و ڕەبەن دەستی کرد بەگەڕان. ماوەیەکی زۆر لە دوودڵی و گومانا مایەوە تا لە ئاکاما مرازی خۆی لە ڕێگای عیرفان و سەیر و سلووکا دۆزییەوە. ئەم چەشنە ژیانە لە ژیانی مەولانا جەلالەددینی ڕۆمی ئەچێ. سەعدی خوالێخۆشبوو دژی ئەم تەریکی و تاکییە بووە و ئەڵێ: شیخی به سوی مدرسه آمد ز خانقاه بشکست عهد صحبت اهل طریق را گفتم میان عالم و عابد چه فرق بود تا اختیار کردی از آن این فریق را گفت: این گلیم خویش به در می برد ز موج وان جهد می کند که بگیرد غریق را غەزالی پاش ئەم ھەموو سەرگەردانییە، ڕێگایەکی ڕاستی بۆ گەیشتن بە بەختیاری ڕاستی دۆزییەوە و تا کاتێ مردن ھەنگاوی ئەوی لە پیاسە خست، لە بڕینی ئەو ڕێگایە ماندوو نەبوو. «کیمیای سەعادەت» کە بەنەسرێکی جوان و ڕووح سووک و لەبەردڵان و بەشێوەیەکی ساکار نووسراوە و ھێندێک کەس بەشاکارێکی وێژەیی ئەزانن، دەسکەوتی ئەو سەیر و سەفەرەیە. کیمیای سەعادەت، دائیرەتولمەعارفی کامەرانی و ڕزگاری، گاھێ ئەوەندە لە ھەرێمی گیان و ھەستی ئادەمیزاد نزیک ئەبێتەوە کە لێدانی دڵی مرۆڤایەتی لە ناو دێڕەکانیا دێتە بەرگوێ. زۆر دەستووری ئەخلاقی ئەوتۆی تێدایە کە لە ڕەوانناسی و مەعرەفەتەلڕووحی ئەمڕۆشا بەئەسڵ و پایەیەکی نەگۆڕاو ناسراوە. وەک ئەمە کە ئەڵێ: «دڵی پاکی مناڵ وەک گەوھەرێکی ھێژا وەھایە، وەک مێو نەخش ھەڵگرە و ھێشتا ھیچ گەردێکی لێ نەنیشتووە. وەک زەوی بەیاری بەڕێژە و ھەر توویەکی لێ بچێنی دێتە بەر، ھەر کارێکی کە بەدەس پیاوێکی گەورە جێبەجێ ئەکرێ بەمناڵی لە نیھادیا ھەوێنی بەستووە.» غەزالی کردەوەی باش و بیرکردنەوەی باش و خۆبەخت کردن لە ڕێگای مرۆڤایەتییا ئەکاتە سەرمەشق و تەنانەت گیاندارانی تریش ئەھاوێتە داڵدەی بەزەیی خۆیەوە و ئەڵێ: «پیاوی گەورە بەم تایبەتییانە دەرئەکەوێ و ئەناسرێتەوە؛ خۆ بەکەم گرتن، خۆ ھەڵنەکێشان بەسەر خەڵکی ترا، بیری باش کردنەوە، لێبووردن و خۆبەخت کردن، درۆ نەکردن، بەرگی ساکار و خواردەمەنی ساکار و جووڵانەوە بەپێی زانستێ کە ھەیەتی.» پاشان ئەڵێ: «کوڕم بێ گومان بە کە زانستی نەزەری یارمەتی مرۆڤ نادا. ئەگەر پیاوێک لە بیابانێکا دە شمشێری ھیندی و چەکی تریشی ھەبێ و خۆیشی زۆر پاڵەوان و شەڕکەر بێ و شێرێک ھێرشی بۆ بێنێ، بەشەرتێ لە چەکەکانی کەڵک وەرنەگرێ، مەترسی لێ دوور ناکەوێتەوە و ئەگەر زانایەکیش ھەزاران مەبەستی زانستی بخوێنێ و فێریان ببێ بەشەرتێ لە کردەوەدا کەڵکیان لێ وەرنەگرێ، لە ھەڵەکردن و سەرلێشێوان نایپارێزن.» غەزالی لە جێگایەکی ترا ئەڵێ: «کاری پیاوان دان بەجەرگا گرتن و بەشێنەیی بوون و سەر لێ نەشێوانە. لەگەڵ خەڵکا ڕوو خۆش بە و ھەموو کەس لە خۆت پێشتر بگرە، تا لە دڵی خەڵکا جێگات ھەبێ. کۆمەڵ بانگ کە بۆ کاری باش و وریایان بکەوە کە چەوت نەڕۆن. کەسێک کە ئەم دوو دەستوورە بەڕێوە نەبا بەرە بەرە دڵی ڕەش ئەبێ و جیاوازی نێوان باش و خراپ نازانێ. کەسێک کە نیازمەندە و ئاتاجە، چاکەی لەگەڵ بکە، ئەگەر لە دەستت نەھات ھاودەردی بە. ھیچ کەس شیاوی ئەوە نییە کە بەبرسییەتی سەر بنێتە سەر سەرین.» ئەم وتەی غەزالی یەکجار بەکەڵکە. زۆر جار بیستراوە کە ئەڵێن ئەمە کاری خودایە، کەسێک ھەژار و نەدار و نەخۆش و دەسکورت بێ. بەڵێ ڕاستە کە خودا شارەزایە کە ئادەمیزاد چی بەسەر دێ و چارەنووس ئەزانێ؛ بەڵام ئەمە نابێتە بەڵگە کە خودا بیەوێ کەسێک لە کەسێکی تر بەختەوەتر بێ. غەزالی فەیلەسووف و زانایەکی بێ وێنە بووە و تەمەنی لە لێکۆڵینەوە و نووسین و ئامۆژگاری کردنا، بەسەر بردووە. شوێنەوارە بەرزەکانی بۆتە ھۆی ئەمە کە ناوبانگی لە ئوڕووپای سەدەکانی ناوەڕاستا بڵاو بێتەوە و کار بکاتە سەر بیروبڕوای فەیلەسووفانی ئوڕووپایی. دیکارت سەدەھا ساڵ پاش غەزالی ئەڵێ: «من بیر ئەکەمەوە، من ھەر ئەوەم کە ھەم» ئەمە ھەر وتەکەی غەزالییە کە کوتوویە: «بیرکردنەوە بەڵگەی ھەبوون و وجوودە.» کانت و بیلز پاسکاڵ دوو فەیلەسووفی تری ئوڕووپایین کە زۆریان کەڵک لە نووسراوەکانی غەزالی وەرگرتووە. ئیمام محەمەدی غەزالی، فەلسەفەی ھەر تا ئەو جێگای قوبووڵە کە یارمەتی بدا بەبەرزبوونەوەی گیانی مرۆڤایەتی و ڕەوشتی پەسندکراو. لەبەرئەمە ئەتوانین بڵێین کە غەزالی فەیلەسووفێکی ئینسان دۆست و ئەخلاق پەرستە. غەزالی ھەموو توانای خۆی تەرخان کردووە بۆ نواندنی خۆی. باش و خراپ لە دەروونی ئادەمیزادا بەھەموو ھێزێکەوە لایەنگری ڕەوشتی جوان ئەکا و ھەڵمەت ئەباتە سەر خدەی خراپ و ناپەسند. بەزمانێکی ساکار خەڵک تێئەگەیەنێ کە ژیان لە ڕوانگەی مرۆڤایەتییەوە چییە و ئەڵێ: «ئەگەر ئەتەوێ باری ژیانت لەسەر سووک بێ خۆت لە تەماع دوور بگرە و زۆر بەخەمی سامانەوە مەبە! چاوەڕوانی ڕاستی لە تەماعکار مەبە و لە نیھادی بێ بنیچە و بێ خانەدانا بەشوێن ئەمەک و وەفادا مەگەڕێ.» «... پیاو ئەو پیاوەیە کە لەگەڵ ھەموو کەس باش بێ، بێ ئەوە بیر لە باشی و خراپییان بکاتەوە. دڵ چەشنی ئاوێنەیە و خووی خراپ چەشنی دووکەڵ ئەو ئاوێنەیە تاریک و لێڵ ئەکا. باشی لەگەڵ بەندەی خودا گەورەترین خواپەرستییە.» ئەمە چەن وتەیەکی کورتی غەزالی بوون، کەسێک کە بیەوێ باشتر لە فەلسەفەی ئەو خواناسە تێبگا پەڕاوی کیمیای سەعادەت بخوێنێتەوە زۆر بەکەڵکە. تا حەوتەی داھاتوو بەخواتان ئەسپێرین. شەوتان باش. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕووبەندی شار سەبارەت: ١٩٧٢/١٠ چەن ساڵ تەریک بووم لە ھەوای بژوێنی بنار و وردە وردە خەریک بوو لە بیرم بچێتەوە ژیانی لادێ؛ بەرە بەرە بۆنی دووکەڵی شاری گەورە کە چەشنی تووتنی خاو گەرووگر بوو، جێگای بۆنی مێخەکی بەرۆکی کچی لادێ و ھەناسەی زیندووکەرەوەی شنەی بەربەیانی دۆڵی پڕ گوڵی کێوی لەبەر لووتم ئەگرتەوە. لە شاری بەزەنا زەنا ئاخنراوەوە ڕووم کردە لادێی بێ دەنگ. ئەتکوت لە چەقەخانەی مزگەوتی وەرزی زستانەوە چوومە ناو کۆڵانی دێ. بەیانی زوو بەجرووکە و جریوەی سێروو و چۆلەکە لە خەو ھەڵدەستام. سەر لکی دار ھەر جمەی ئەھات. جار جار وەک پەڵە ھەورێکی بچووکی ڕەش ئەڕەوین و دیسانەوە یەکتریان ئەگرتەوە. پەڕەسێلکە وەک یادێک کە خۆی لە پەردەی بیرەوەریمدا بنوێنێ و ماوەیەک کورت بخایەنێ و پاشان لە سنووری تەم گرتووی خەیاڵا گوم بێ، بەبەردەمی پەنجەرەی ئاواڵەی ھۆدەکەما ھەڵئەفڕین و من تەنیا وشەی باڵیان و جریوەی تێکڕایییانم بۆ ھەست ئەکرا. ھەموو شت لەم بێ دەنگییەدا کەڵکەڵەی بیر و خەیاڵی ئەخستە مێشکەوە. بیری ھەبوون. بیری ھەر مان و خودا. بیری ئەوین و ژین. ھێشتا کۆڵانەکانی دێ بزەی بوومەلێڵیان نەکردبوو بەقاقای خۆرەتاو کە من ئەچوومە سەر تەپکەی بەردینی بەرامبەر بەئاوایی. لە پەنا بەردێکا کە ھێشتا زۆری مابوو تیشکی گەرمی خۆر فێنکایی سایەقەی شەوی لێ وەرگرێتەوە پاڵم ئەداوە و ئەمڕوانییە ئاوایی کە چەشنی کۆترێکی خەوتوو سەری لە ژێر باڵی دەردەھێنا و چاوی بەھەر چوار لادا ئەگێڕا و تاسەی فڕین گەرووی پڕ بەستەی ئەماساند و باڵی لێک ئەدا. پۆلێکم مناڵ ئەدی کە ھەر کام چەند بەرخۆڵەی بچووکیان وەپێش داوە و بەرەو دەری دێ ئەیانبەن. دەنگی مەشکەژاندن و نرکەی کابانی مەچەک خڕ ئەبوون بەمێلۆدی ئاوایی. لە پشت سەری منەوە، خۆر وەک تەشتێکی مسی پڕ ئاگر دەرئەکەوت و سێبەر و تارمایی لەبەری ئەڕەوین. کۆڕیلکەی بەردی لە ژێر پڕشنگی ھەتاوا وەک چاوی شینی کیژێکی تازە لە خەو ھەستاو ترووسکەی ئەھات. ڕەنگی تاراوی کانیاوێکی بچووک بەھەڵاتنی خۆر ئەگەڕایەوە بۆ ناو ھەموو دڵۆپەکان و لە گەردەنی زەرد و زۆڵی جاڕە گەنمێکی دروێنەکراو ئەبوو بەملوێنکەی مرواری. خەریکی بیرکردنەوە بووم و گەیشتبوومە سەر ئەو مەبەستە کە ھەندێ لە ئادەمیزادان لە شاری گەورەدا لە ناو کۆشکی چەند نھۆما بەھەزار دەزگای وردەکاری سنعاتی، سامان و دارایی خۆیان بۆ ناژمێردرێ و ھەندێکیش لە ئاوایییە بچووکەکاندا بەقامکی تاکە دەستێک سەروبەری ماڵ و سامانیان لێک ئەدەنەوە. دەستێکی میھرەبان کەوتە سەر شانم و دەنگێکی پیاوانە و کەمێک گڕ کوتی: «بەیانی باش!» لام سەیر بوو کە ئەم دەنگە ھی ئەم گەنجە بێ کە بێ گومان بەھەموو تەمەنی نەیدەکردە بیست بەھار. ئێمەی ڕاھاتووی ترس و خۆگرتنی شار، بەھەڵکەوت ئەبێ بەم ساکارییە مل دانەوێنین بۆ ڕاستەقینەی برایەتی و بەرەی ئادەمیزاد. کەم کەس ھەیە لە شاری گەورە، ڕووبەندێکی بەڕووەوە نەگرتبێ بۆ ئەوە خۆی لە ژێرا بشارێتەوە. ئەو سڵاوە بەڕواڵەت گەرموگوڕانەی ناو داڵانی ئیدارەکان، کڵاو ھەڵگرتنی ناو شەقام، خوڵک کردن و فەرموو کوتنی ناو کۆڵان، کەمی وا ھەیە ھی ئەو کەسە بێ وا لە ژێر ڕووبەندەکەدایە. ئێمە تەواوی تەمەنمان نەخش ئەگێڕین و گاھێ لە بیرمان ئەچێتەوە کە خۆمان چین و کێین و چیمان ئەوێ. تەنانەت لە ناو خاووخێزانیشا کەم وا ھەیە ڕووبەندەکەمان داڕنین و ببینەوە ئادەمیزادێکی بەڕاستی کە ئەتوانێ بێ ترس بڵێ «خۆشم ئەوێی.» ناچارم بڵێم لە خەویشا ڕووبەندەیەک - کە لە پێشا ئەمانکوت ئەبێ ھەمانبێ، چونکە «شار شاری کوێرانە» و ڕووبەندە دەستێکە بۆ گرتنی بەرچاومان - ھەر بەڕوومانەوەیە، چونکە ئیتر ڕووبەندە نییە، ئەندامی خۆمانە. تەنھا کاتێ کە ئەچینە لادێ و ئەم ھەموو ساکارییە، ئەم ھەموو ڕەفتارە سروشتییە ئەبینین، ھەست ئەکەین کە ڕووبەندەی شار کەڵکی نەماوە. گەنجەکە لە لام دانیشتبوو. چاوی لە پۆلێک کچ بڕیبوو کە لە کانیاوەکەی خوار دێوە ئەگەڕانەوە. خۆرەتاو لەسەر کوڵۆنجەی مەخمەر و ئەتڵەس و کراسی زەرد و سووریان سەمای ئەکرد. لاوەکە کوتی: «ئەوەیانە وا گۆزەیەکی سووری بەسەر شانیاوەیە! بڕوانە بەژن و باڵای، ئەڵێی بەختی خودا پێداوانە، ڕاست و ھەڵچوو. ھەموو ساڵێ کاتی دروێنەی گەنم ئەیبەمە ناو گەنمەکان، ئەگەر گوڵی گەنمەکان بەئەندازەی بەژنی نازەنینی بەرز بن، ئەو ساڵە داھاتمان باش ئەبێ. لەم دوورەوە بەرچاو ناکەوێ. پرچی وەک تووی کاخڵی و ڕیشی گوڵە پێغەمبەرە زەردە. لارولەنجەی لە کەروێشکەی گەنم و جۆ جوانترە. دەنگی لە قاسپەی کەو دڵڕفێنترە.» کەمێک ڕوانی بۆم و کەمێک بەشەرم و دڵشکاوییەوە کوتی: «نا، سوودی نییە. وا دیارە تێناگەی ئەڵێم چی.» پاشان بێ ئەوە ھیچ بڵێ ھەستا و گورج و گۆڵ ڕووی کردە ھەورازی پشتی تەپکەکە. بیرم کردەوە، ئەمانە چەند دڵ ناسکن. چەند زوو ھۆگر ئەبن و چەند زوو سڵ ئەکەن. ئاخۆ بۆ ئێمە زۆر سەخت و دژوار نییە پردێک ھەڵبەستین بۆ ھاتوچۆی دڵی ئێمە و ئەوان؟ ! ئاخۆ ھەر قسەی زل نییە ئەوانە کە لە ھۆدەی پڕ لە دووکەڵی چغارە و پڕ لە کتێبی کۆمەڵناسیدا ئەیانڵێین؟ ! تا حەوتەی داھاتوو بەخوای گەورەتان ئەسپێرین. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئادەمیزاد و ئەشیا و ھونەر سەبارەت: ١٩٧٢/١٢/٢٧ سەلام لە گوێگری بەھەست و ھونەرپەرست. ئادەمیزاد تاقە دارێکی تەریک نییە لە دووڕگەیەکی گەمارۆ دراو بە حەوت دەریا. لە پایانی بێ سنووری ھەبوونا. ئادەمیزاد بەشێکە لەو پەیکەرە کە پێی ئەکوترێ کەون و لەگەڵ بەشەکانی تری ھەبوونا پەیوەندی ڕاستەوخۆی ھەیە. ئادەمیزاد تێکەڵ و ئاوێتەی کۆمەڵە کە لە جەمبوونەوەی ئادەمیزادانی تر پێک دێ. ھەروەھا تێکەڵە لەگەڵ شت؛ واتە ئەو شتانە کە زیندوون و زیندوو نین. با نەچینەوە سەر ئەو باسە فەلسەفییە کە بڕوای وایە ئادەمیزاد لە جیمادییەوە بوو بەنامی، پاشان بووە بەزیندوو و ئەمجار بوو بەئینسان و لە ئینسانییەوە بەرزتر ئەبێتەوە بۆ پلەیەکی ئەوتۆ کە ئاوەزی بەشەری ناگاتێ! ئێمە لەم بەرنامەیەدا باسی ئادەمیزاد و ئەشیا ئەکەین بەلێکدانەوەیەکی وێژەیی و ھونەری ئەڵێین ئادەمیزاد لەگەڵ ئادەمیزادی ترا ئەژی و لە ناو ئەو شتانەدا ئەژی کە دەوریان لێداوە. ئاخۆ ئەو ھەوایە کە ئادەمیزاد ھەڵیئەمژێ، ئەو ئاوە کە ئەیخواتەوە، ئەو ھەتاوە کە گەرمی ئەکاتەوە و گوڵی بۆ ئەپشکوێنێ و ئەو بارانە کە بەسەر کێڵگەیا ئەبارێ، ھەموویان شت نین؟ ! تەنانەت ئەو دڕکە کە لە پێی ڕائەچێ و ئەو بەردە کە سەری ئەشکێنێ، بەکورتی ھەموو ئەو شتانە کە خێر و خۆشی ئەدەنێ یا خەم و تاڵی بۆ پێک ئەھێنن، لە ھەبوونی ئادەمیزاد کارێکیان بەدەستە و دەورێک ئەگێڕن! ئاخۆ لەزەت و خۆشی نابێتە مانای ژیان و خەم و پەژارە و دەرد و کەسەر و نەخۆشی لەوپەڕی خۆیا، ناگاتە مردن؟ ! کە وەھایە ئایا مەرگ و ژیان دوو شت نین و ئێمە ناتوانین مانای شت ئەوەندە بڵاو بکەینەوە کە تەنانەت مەرگ و ژیانیش لە ھەرێمی دەسەڵاتیا جێی ببێتەوە؟ ! تەنیا شت، واتە ئەشیا نین کە لە ئادەمیزادا تەئسیریان ھەیە، ئادەمیزادیش کار ئەکاتە سەر شت. ئەیگۆڕێ، لێکی ئەداتەوە و شتی بۆ نوێتر پێک دێنێ. پێوەندییەکە لە نێوان ئینسان و شەیئدا ھەیە، ژیانی بیر، واتە حەیاتی زێھنی ئادەمیزادە کە بەزمانی فەڕەنگی پێی ئەکوترێ mind (مایند). ئادەمیزاد کاتێ بەلەش و بەئاوەز و تاقیکاری لەگەڵ شتا ڕووبەڕوو بێ، زانست لەو بەرەنگارییە پێکدێ. بۆ نموونە ھەوا ساردە، لەشی ئادەمیزاد ئەتەزێ و ئازار ئەبینێ. جارێک و دووان و سیان، پاشان ئادەمیزاد کەوڵی حەیوانێک کە خۆی ڕاوی کردووە بەخۆیا ئەپێچێ، ھەست ئەکا گەرمی بۆتەوە. ئەوجار بۆ بەرگری لە سەرما کەوڵ بەخۆیدا ئەدا. بۆ ئەوە کە کەوڵەکە باش بەلەشیەوە بچەسپێ و لە کەلێنەکانییەوە «با» لەشی ئازار نەدا، کەوڵەکە ئەدوورێ و وردە وردە ئاوەز و تاقیکاری یارمەتی یەک ئەدەن و بەرگ بەچەشنێ کە ئەمڕۆ ھەیە دروست ئەکرێ و ئەمڕۆ زانستی ئادەمیزاد کە لەو تاقیکارییە وردە وردانە پێکھاتووە، زۆر شت لەم بارەیەوە ئەزانێ. ئەزانێ کە بەرگی ڕەش گەرما زیاتر ئەگرێ؛ خوری لە لۆکە گەرمترە و بۆ ھەموو ئەو زانستانەش بەڵگەی عیلمی بەدەستەوەیە. ئەمە بەرەنگاربوونی لەشی ئادەمیزاد بوو لەگەڵ تەبیعەت. ھەروەک کوتمان ئادەمیزاد کاتێ کۆسپێکی لەسەر ڕێگایا ھەست کرد، ھەوڵ ئەدا لای دا. ئەم ھەوڵە ئەبێتە ھۆی گۆڕانی تەبیعەت و تەبیعەت جگە لە کۆمەڵی ئەشیا شتێکی تر نییە. بەڵام ئادەمیزاد بەبارێکی تریش جگە لە لەش لەگەڵ ئەشیا واتە شتی سروشتییا ڕووبەڕوو ئەبێ. بەباری عاتیفی و زێھنی و لەم بەرەنگاربوونە ناسینی ھونەری، واتە مەعرەفەتی ھونەری پەیدا ئەبێ. ناسینی ھونەری بێ گومان ھەوێنی ئەسڵی خۆی لە ئەشیا و تەبیعەتی دەرەوە ئەگرێ. بەڵام لە زێھنی ئادەمیزادا ئەڕازێتەوە و بەچەشنێ دەردێ کە ھونەرمەند ئەیەوێ. بەجۆرێکی تر بڵێین ھونەرمەندیش ھەروەک زانا، کاری بەشتەوە ھەیە و لەگەڵ شت تێکەڵە و شت وەرئەگرێ و ئەیگۆڕێ و زۆرتر لە زانا خەریکە واقعییەت و حەقیقەت لەیەک نزیک بکاتەوە. واقعییەت ئەو حاڵەتەیە کە ئەشیا لە دەرەوە ھەیانە. وەک ساردی ھەوای زستان و ژاکانی گوڵ و کزبوونی باری جوانی ڕەوشت لە کۆمەڵا. بەڵام حەقیقەت ئەوەیە کە ناشێ وەھا بێ. واتە ئادەمیزاد باش نییە خۆی باشی وەلانێ. ھەروا باش نییە ئادەمیزاد ئازار بدا و ڕەوا نییە گوڵ سیس بێ و ھەڵوەرێ. لە ھەناوی ھونەرمەندا حەقیقەت یانی جوانی. جان کیتس نھخزk یمفصقj شاعیری ئینگلیزی ئەڵێ: «جوانی حەقیقەتە و حەقیقەت جوانییە. ئەوەیە ئەو شتە کە لەسەر زەوی ئەیزانی و ئەبێ بیزانی.» زانا شت ئەبینێ. تایبەتییەکانی شت ئەناسێ و ئەیانباتە کارگایەکەوە کە پایەی لەسەر لێکدانەوەی ئاوەز و تاقیکاری دانراوە. مێشک ھەر ئەوەندە یارمەتی زانا ئەدا کە واقعییەت ھەڵبگرێ. لەوپەڕی واقعییەتا جیھانی زانست جگە لە تاریکی ھیچی تری بەرچاو ناکەوێ. زانا ئەڕوا بەرەو پێش، بەڵام پێ بەپێی واقعییەت. بەرد ڕەقە و بێ ئەوەی بەفێڵێکی زانستی و بەڕێگایەکی عیلمییا چارە نەکرێ، نەرم نابێ. زانا ناچارە ڕاوەستێ و ئەو ڕێگایە بەھەڵسەنگاندنی ئەو دەسکەوتانە کە ھەیەتی و ئەو تاقیکارییانە کە کراون بدۆزێتەوە. بێ دۆزینەوەی ئەو ڕێگایە زانا دەستی بەستراوە، بەڵام ھونەرمەند وەھا نییە. لە کارگای ئەوا کە بریتییە لە ھەرێمی بیر و زێھن، بەرد زوو نەرم ئەکرێ. ئەوەندە بەسە کە کابرایەک زۆری خەو بێت تا بەرد لە ژێر سەریا نەرم ببێ وەک پەڕی قوو، یا کێشەری ئەوین بیکێشێ تا بەرد لە ژێر پێیا ببێتە مافوورەی نەرم. ئەمانە لە زانستا ناکرێن چونکوو زانست کاری بەلێکدانەوەی دەروون و عاتیفەوە نییە، بەڵام لە خەیاڵی شاعیرا و بەتەسویر و نەخشی زێھنی واتە ئیماژ (image) باش ئەکرێ؛ ھەروەک زانا تەجرەبە و تاقیکاری و دەسکەوتە زانستییەکانی پێشووی ھەیە، یارمەتییان لێ وەربگرێ؛ ھونەرمەندیش کەلەپووری زانیاری کۆمەڵی خۆی لە پشتە و یارمەتی ئەدەن. میراتی فەرھەنگی، ڕێ و شوێنە ئایینی و فەلسەفی و زانستی و ھونەرییەکانن کە ھونەرمەند زیاتر لە سوننەتی دینی و ھونەری کەڵک وەرئەگرێ. شاعیرانی ئێرانی و ئیسلامی لە چارەنووس و بەسەرھاتی مەنسووری حەللاج کەڵک وەرئەگرن. ھەروەک حەللاج ئەڵێ: «انا الحق»، شاعیریش بۆی ھەیە بڵێ: «انا الشیء». ئەزانین کە حەللاج خودا نەبوو و ئەشزانین خۆی لای وابوو درۆی نەدەکرد و بەڕاستی لای وابوو لە کاتی جەزبەدا خودایە. لەبەرچی؟ چونکوو لەگەڵ خودا واتە ئەو وجوودە کە ھەبوونی بەدەستە و ھەر بووە و ھەر ماوە لەو سەری ھەبوونەوە تا ئەوپەڕی ھەبوون دەسەڵاتی بووە و ئەبێ؛ تێکەڵ ئەبوو؛ وەھا تێکەڵ بوونێک کە خۆی نەدەناسییەوە. چەشنی دڵۆپێک کە ئەچێتە ناو دەریاوە و ئەبێتە دەریا و ئەشزانین کە شاعیر شت نییە و ئادەمیزادە. بەڵام شاعیری بەڕاستی کە ندای «انا الشیء» ھەڵئەبڕێ و بانگەوازی «لا فی جبە الشێء» ئەدا بەڕاستی لە جبەی دەروونیا جگە لە شت واتە کەرەسەی سەرەتایی پێکھاتنی سروشت ھیچی تری نییە. شاعیر ئەگەر توانی ببێتە بەرد، ببێتە گژەبا، ببێتە خاڵی سەر گۆنای کیژێک، تفەنگی دەستی لاوێک، شەونمی سەر پەڕەی گوڵێک، گرێی گریانی سەر چاوێک، ئەگەر توانی ببێ بەژیان و ببێ بەمردن، ئەتوانێ ببێ بەشاعیرێکی باش. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: غەریبی سەبارەت: ١٩٧٢/١٢/٢٧ شەویان شوورەیی کردبوو بەقسەی پڕوپووچ. ھەندێ کوتبوویان کە بەیانی ڕاوی قەل و مراوی و پۆڕ خۆشە و ھەندێک لایەنگری ڕاوی کەروێشک بوون. سەری شەو ھەندێ لە ڕەشایییەکان یا لە سەرمای ماڵەکەیان ڕایانکردبوو یا لە بۆڵەی خێزانیان لەبەر نەکڕینی کەلوپەل و لێ نەکردنی زمھەڕی زستان و کەوتوویی مناڵەکەیان، لە ماڵ تاراندبوونی و ڕوویان کردبووە دیوەخانی ئاغا؛ یا گزیر دەنگی دابوون بەیانی بەفری سەربانی ئاغا بماڵن و ھاتبوون بڵێن وەروەرەیان نییە یا بپاڕێنەوە کە بەیانی ئەچن بۆ شار و مناڵەکەیان ئەبەن بۆ دەرمانگا. بەڵام پاش ماوەیەک دێ دامرکابوو. دەنگی لوورەی گورگ و وەڕەی سەگ تێکەڵ لوورەی بای ساردی زستان ببوو کە بەفری لە کۆڵانەکان ڕائەپێچا و ئەیکرد بەگەردەلوول و چاڵ و قووڵی تێک ئەکردەوە. سەرما، وەک گیانی مردووی سەرگەردان خشکەی ئەکرد بۆ کەلێن و قوژبنی ناو ماڵەکانی ئاوایی، بەڵام لە دیوەخانی ئاغا کڵپەی سۆبە بەقەڵاشکاری وشک، لەشی پیاوی خاو ئەکردەوە و مزگێنی خەوێکی خۆشی پێوە بوو، بەڵام شەو درێژ و عەوداڵ و بەتاڵ. ئاغا لە پەنا سۆبەی گەرموگوڕ دانیشتووە. دەستوپێوەندی ھەندێ بەپێوە و ھەندێ لەسەر ئەژنۆ دانیشتوون. شەویلکەش گاھێ بەشەوچەلە و گاھێ بەقسەی پڕوپووچ ئەبزوێ. بێ دەنگی ھی ئەو کەسانەیە کە خەمیان ھەیە. سەری شەو دیتم کابرایەک وەک سێبەری ھەورێک کە بۆ ماوەیەکی کورت پەڵەیەکی بۆر بخاتە سەر زەوی و تیژ تێپەڕێ ھاتە ناو دیوەخان، بەڵام کەس نە ڕووی تێ کرد و نە تەنانەت زانی کە کەی ھات و چەندە وێستا و چۆن چووە دەرەوە. من لە کۆڕی دیوەخانا وەک پینەیەکی ناحەز لەسەر بەرگێکی تازە وەھا بووم. نە قەت تفەنگێکم لە کەوێک تەقاندبوو، نە ھەرگیز ڕاوی کەروێشکم دیتبوو و نە قسەی خۆشی وەھام ئەزانی ئاغای پێ بھێنمە گەشە. تەنیا ئەوەندەم لە دەس ئەھات لە گۆشەیەکا دانیشم و گوێ بدەمە ئەو قسانە کە ھەموویان بەلامەوە بێ بایەخ بوون. لە دیوەخان ھاتمە دەر و لە پێشخانەی نیوە تاریکی پێشخانەکەدا بەشوێن جێگایەکا چاوم گێڕا، چاوێکی لێ گەرم بکەم، کەچی چاوم بەھەیکەلێکی پەڕپووت کەوت کە ھەردوو ئەژنۆی لە باوەش گرتووە و سەری بەسەر باسکیا شۆڕ بۆتەوە. چرای گڕسۆزی پێشخانە ئەوەندە ڕووناکی نەبوو کە بیناسمەوە، بەڵام کاتێ منیش وەک ئەو لە تەنیشت سۆبەی دامرکاوی پێشخانەکە دانیشتم و باش سەرنجم دا زانیم ئەو کەسەیە وا سەری شەو ھاتە دیوەخان و زوو گەڕاوە. لام سەیر بوو کە بۆچ نەچۆتەوە ناو خێزانەکەی خۆی. ھەر لەو بیرانەدا بووم کە لێی پرسیم: «وا دیارە خەڵکی ئێرە نیت؟» لەو ماوەیەدا سەبیلەیەکی تێ کردبوو؛ مژی یەکەمی لێدابوو؛ لە ژێر نووری ئاوری سەبیلەکەیا ڕواڵەتیم ھاتە بەرچاو؛ لە پەیکەرەی خودایانی یۆنانی کۆن ئەچوو. دەموچاوێکی زبری بەچین و گنجی ورد و درشت داپۆشراو، سەر گۆنای کەمێک قوت، گووپی تێکقوپاو، چەنەی پان و ھەندێک ھەڵتۆقیو. کوتم: «نا من ئێرەیی نیم، بەڵام تۆ چی؟ تۆش غەریبەی؟» مژێکی تری لە سەبیلەکەی دا و دووکەڵ وەک ئەژدیھا بەجینگڵدان بەرەو تاریکایی میچی ھۆدەکە کشا. - «نە، من خەڵکی ھیچ شوێنێک نیم. لە ھەموو لایەک غەریبەم. تەنانەت لە ناو خێزانەکەی خۆشما غەریبەم. پیرۆز پێم ئەڵێ، تۆ دەستەوەستان و بێ کارەی، ھێشتا تێنەگەیشتووە چارەنووس یانی چی؟» بیرم کردەوە ئەم چارەنووسە، ئەم ئاسمان تاوانبار کردنە، گاھێ چەندە تەسکین ئەدا بەدڵی خەمبار. پرسیم، پیرۆز خێزانتە؟ کوتی: «بەڵێ، پیاو بێ ژن ناحەوێتەوە، ئەگەر ھاوسەرێکیش پەیدا ئەکا ئەمەیە ئاکامی. لای وایە من خوام، نەخۆشی و ساغی مناڵەکەمان بەدەس منە. خوا ئەزانێ کاتێ ئەو کۆرپە ساوایە بەدەم تاوتێوە ئەناڵێنێ، من ئەبم بەبرێشکەی سەر سێڵ. ئاخر ئەو بەستەزمانە تەمەنی دوو ساڵە و بەرگەی نەخۆشی ناگرێ.» پرسیم: «دەی جا بۆ ھەڵناسی بچیەوە بۆ لای؟» بەناڵینەوە کوتی: «چیم لە دەس دێ. ئاغا کردوویەتە سەرم، بەیانی باراشی بۆ بەرمە ئاش. زمھەڕی زستانی ئاغا، تا لێ ئەکرێ و تەواو ئەبێ دە ڕۆژی پێ دەچێ و من ئەبێ ئەو ماوەیە لە لای باراشەکان بمێنمەوە. ھاتم بەئاغا بڵێم کەسێکی تر بنێرێ؛ بەڵام دیتم لە ھۆدەی گەرما کە باسی ڕاو و ڕابواردنە، چۆن ئەتوانم باسی سەرما و نەخۆشی بکەم. بەڵێ من غەریبم. لە ھەموو لایەک، تەنانەت لە ئاوایییەکەی خۆشما، لە ناو خێزانەکەما و لە ناو بەرگە شڕەکانیشما.» قاقای کۆڕی دیوەخان، لوورەی گورگی بیابان و گژەی بای زستان بەیەکەوە بەرز بوونەوە و تێکەڵ بوون. سەرم سووڕا. ڕق و توانج و تووک بەقووڵترین ناخی دڵما گەڕا. بەڵام... بەڵام، چیم لە دەس ئەھات؟ ھەروەک ئەو پیاوە چی لە دەس نەدەھات بۆ تیماری کۆرپەکەی. ھەستم کرد ئەوەندە بێ ھێزم، ئەوەندە ھیوا بڕاوم کە ھاکا بڕوا بەچارەنووس بە سەرما زاڵ بێ. ھەردوو ئەژنۆم گرتە باوەش. خەو لە چاوم تارا و خەم خۆی خزاندە ناو دڵمەوە. سەرم بەسەر ئەژنۆما شۆڕ کردەوە و چاوم نایە سەریەک و وامزانی لە ماڵی ساردوسڕی کابرا دانیشتووم. کۆرپەیەکی نەخۆش، لەشی شلک و بێ ھێزی لە ئاوری یاوا ئەسووتا. تەنانەت ھێزی گریانیشی نەمابوو، بەڵام ئەیناڵاند و ھەر ناڵەیەکی ئایەتێکی خوایی بوو کە نوێژی ترسی ھەڵئەگرت. دایکی وەک ئاسکێ کە لە دەس ڕاوچی ڕایکردبێ، نیگای پڕ بوو لە ترس و دوودڵی. چاوێکی لە چەپەری شڕی ناو ماڵەکە بوو کە مێردەکەی لە دیوەخان بگەڕێتەوە و چاوەکەی تری پاسەوانی نەخۆشە بچووکە بێ تاوانەکەی ئەکرد. ھەر نیگایەکی توانجێک بوو بۆ کۆمەڵی ئادەمیزاد. سەرم بەرز کردەوە. کابرا نەما بوو، ھەروەک بێ خشپە ھاتبوو، بێ چرپەش ڕۆیشتبوو. ڕاستی ئەکرد. ئەو لە ھەموو شوێنێک غەریب بوو. بەڵام بەو چەن قسەیە منیشی کردبوو بەھاوسەفەری خۆی. سەفەری ھەرێمی غەریبی. ھەستم کرد کۆڕی دیوەخان بێ دەنگە. خەوی بەربەیان لە ھۆدەی گەرما کاری خۆی کردبوو. بەڵام من غەریب بووم. تەنانەت لە ناو بەرگەکانی خۆشما. ئەو بەیانەش کە خەریک بوو لە سنووری ئەو ڕۆژەوە دەرئەکەوت، غەریبی لێ ئەباری. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕووناکبیر سەبارەت: ١٩٧٣/٠١/١٠ سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ. تکایە گوێ بگرن بۆ پارچە پەخشانێک. ھەڵبەت پێویستە لەسەرمان کە دووپاتەی بکەینەوە ئەم بەرنامەیە ھەمیشە بەڕاسپێری خۆی زانیوە لەگەڵ ڕوونکردنەوەی قوتابخانە وێژەیییەکانی کورد و ئێران و جیھان، نموونەی شیعر و نەسری کورد و نەتەوەکانی تریش بخاتە بەرچاو. ئێمە ئامادەین کە شوێنەواری گوێگرانی ڕووناکبیرمان لەم بەرنامەیەدا بڵاو بکەینەوە و سەبارەت بەپرسیارێک کە لە بارەی وێژە و ھونەرەوە بۆ ئەوان پەیدا ئەبێ، وتووێژیان لەگەڵ بکەین و بەھەردوو لا تێکۆشین بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو گۆشە تاریکانە کە دێتە بەرچاو. ئەزانن کە ئەم بەرنامەیە ھەوڵی داوە بەشێوەیەکی نوێ لە وێژە و ھونەر بکۆڵێتەوە و ھەرێمی باسەکەی پان و پۆڕ کاتەوە، بەچەشنێ کە ھەموو ئەو شتانە کە تەئسیریان لەسەر ھونەر ھەیە بگرێتەوە، چونکە ئەزانین وێژە بەناوی بەشێ لە ھونەر، لە کۆمەڵا پەروەردە ئەبێ. بێ گومان ھەموو ڕووداوێکی کۆمەڵایەتی، ھەموو ئەو شتانە کە باری کۆمەڵییان ھەیە، وەک مێژوو و ئابووری و زانیاری، تەئسیر ئەکەنە سەر وێژە و ھەرێمی دەسەڵاتی باسەکەی ئێمە ھەموو ئەوانە ئەگرێتەوە و لە ڕێبازی تەسک و تەنگی لێکدانەوەی وێژەوانیدا ناوەستێ. چونکە ئێمە لامان وایە بەزانینی ئەم شتە بێ بایەخانە کە فڵان شاعیر کوڕی کێ بوو، تەمەنی چەند ساڵ بوو و یا فیسارە شیعر لە باری تەقتیعی عەرووزییەوە چەندە ڕێک کەوتووە و ئیھام و ئیستعارە و فەننی تری بەدیعی چەندە زۆرە، شتێکمان پێ نابڕێ و دەسکەوتێکی ھێژامان دەس ناکەوێ. گرینگ ئەمەیە بزانین کە نووسەر و شاعیر و ھەر ھونەرمەندێکی تر بۆ جوانکردنی باری ژیان و بەرەو پێش بردنی کۆمەڵ چی کردووە و چی لە دەس ھاتووە؟ ڕەنگە ھەندێک بڵێن شاعیر خاوەن دەسەڵاتی ماددی نییە کە بتوانێ کۆمەڵ بەرەو پێش بەرێ؟ ئێمە لە بەرامبەر ئەم پرسیارە چاوەڕوان کراوەدا ئەڵێین: بەرەو پێش بردن و جوانکردنی ژیان، پێویست ناکا بەچەشنێکی بەرچاو و دیار لە ھەرێمی ماددیاتا بێ. کەس ئینتزاری لە ھونەرمەند ئەوە نییە کە کاری کاربەدەستانی وڵات بگرێتە ئەستۆ. ھونەرمەند کاری ئەوەیە کە ڕێگای خەڵک ڕووناک کاتەوە و لە ڕابردوو و داھاتوو و ئێستای تێبگەیەنێ. ناحەزییەکان دەربخا و کۆمەڵ ئامادە بکا بۆ وەرگرتنی ژیانی بەرزتر و ئینسانی تر. ئێستا پارچە پەخشانەکەتان پێشکەش ئەکەین، بەھیوای پەسندی ئێوە. پەنجەرەکانم کردەوە. ھەستم کرد ھەوای فێنکی کۆڵان خۆی کرد بەژوورەکەما و چەشنی تەمی بەرەبەیان لە دەوری لەشم ھاڵا و گەرمای لەشمی کرد بەھەڵم. ئەتکوت لە ناوەوە ئەسووتێم و دووکەڵم لەسەر ھەڵدەستێ. ناو کۆڵانەکە ڕووناک بوو، وەک زەردەیەک کە نازانی ھی شەرمە، ھی توانجە یا ھی خۆشەویستی. ناو ھۆدەکەم گرژ و مۆن بوو و لەسەر بەڕەیەکی خرسەکی کۆن کتێبەکەم لەیەک کرابۆوە. ئەتکوت لەبەر شەکەتی سینگی ڕووت کردووە و ھەردووک دەستی ڕاست ڕاکێشاوە. ھەرکە زڕەی زەنگی دەرگای حەوشەکە ھەستا بەگورجی خۆم پۆشتە کردەوە و بەدوو لۆقی درێژ خۆم گەیاندە بەردەرگا. دەستێکی بچووکی سپی بۆ جاری دووھەم درێژ کرابوو زەنگ لێ بدا کە من دەرگاکەم کردەوە و دەستە بچووکەکە بەئەسپایی ھاتە خوارەوە و خۆی خزاندە ناو دەستی گەرم و تاسەباری منەوە. پرسیم: «درەنگ ھاتی؛ لات وانییە چاوەڕوانی لە وزەی مندا نییە؟» لەسەرخۆ جانتایەکی پڕ لە کتێبی کە بەدەستییەوە بوو لە گۆشەیەکا دانا و پاڵی دا بەدوو سەرینی کوردییەوە کە جێگای کاتی تەمەڵی من بوو. کوتی: «سەردەمی زوو بۆ ھەموو شت کاتیان ھەبوو. بۆ یەکتر دیتن، بۆ حەسانەوە، بۆ کار و بۆ بەزم و ئاھەنگ و ڕاو و زەماوەند. بەتایبەت بۆ دڵداری.» کوتم: «ئێستە چی، گوایە شەو و ڕۆژ کورتتر بوونەتەوە؟ !» بەکەمێک دڵڕەنجییەوە کوتی: «ڕووناکبیر دەرگای لەسەر خۆی پێوەداوە و ئاگای لە ژیانی کۆڵان و گەڕەک بڕاوە. تۆ تا بەئەسپایی مژێک لە سیغارەکەت ئەدەی نیو سەعات ئەخایەنێ. لە کاتێکا لە ناو گەڕەک و کۆڵان ھەموو کەس ڕائەکا؛ بەرەو کوێ، خوا ئەزانێ. زەنازەنا و دەنگ و ھەرا ھەرگیز نابڕێتەوە. تۆ ئیتر نابینی کەس بۆ لە دەسچوونی ئەوینێک، بۆ ژاکانی گوڵێک بگری. کەس چاوی لە ھەڵفڕینی پەپوولەیەک نییە. باڵدارێ کە جار جار سەرنج ڕائەکێشێ، واشەی ئاسنە کە مەلی گیان ڕاو ئەکا. ئیتر کەس بەمەوە ماندوو نییە کە مەلی گەرمێن لە بەھارا بێنەوە و لە پەنا شەتاوێکی سەوز و مەندا بنیشنەوە و وێنەیان بکەوێتە ناو ئاوێنەی گۆلاوەوە.» کەمێک پشووی ھاتەوە سەرخۆ و سەری ھەڵێنا و دوو فرمێسکی ڕوونم لەسەر گۆلاوی شینی چاوی بەدی کرد کە ئەھاتن ببن بەدوو دڵۆپی شەونم لەسەر پەڕەی گوڵی گۆنای. کوتم: «ژیان ئەگۆڕێ و کەس ناتوانێ پێش بەگۆڕانی ژیان بگرێ.» کوتی: «بەڵێ، ئەگۆڕێ، بەڵام پرسیار ئەمەیە، بۆچ بەرەو دزێوی ئەچێ؟ تۆ لات وایە چارەی ھەموو دەردێک لەم پەڕاوانەدایە کە ھۆدەکەت پێ پڕ کردوون! لە کاتێکا من بڕوایەکی ترم ھەیە. ئەڵێم دانیشتن و دەرگا بەستن و تەنانەت لە سەرما و گەرمای ناو کۆڵانیش بێ خەبەر بوون خۆی دەردە. ڕووناکبیری تەریک خۆی سەربارە.» پاشان وەک کەسێک کە لای وابێ ھەرچی ئەیڵێ بۆ ئەو کەسە وا گوێی لێ گرتووە وەک بەردێک وایە بەگومبەزێکیدا بدەی، کوتی: «قسەکە ڕۆشنتر و دیارترە لەمە کە لەسەری بڕۆم. کۆمەڵ وەک داری «ئەلاقوچکێ ھەلەق مەلەق» وەھایە. کەمێک لەوسەری دانیشتوون و زۆرێک لەم سەرەی. لانی زۆرەکان نیشتۆتە سەر زەوی، وەک سەری نیری جووتیاری بێ گاجووت و توو، لانی کەمەکانیش پەڕیوەتە بەرزی. تۆ لات وایە چار چییە؟ وەک تۆ دانیشتن و سەر بەکتێبا گرتن و دووکەڵی خەفەت بەبا کردن؟ یا ھاندانی ئەو زۆرانە کە ھەستن و سەرداری ئالاقووچێ سووک کەن؟ ئەو دەمەیە کە ئەبینی کەمەکان دێنە خوارەوە. ئەگەر جووتیار بۆ خۆی بچێنێ و بۆ خۆی بدروێتەوە، دەرەبەگ کوا کۆشکی چەند قاتی بۆ بەرز ئەبێتەوە؟ . ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەڕانەوە ھەرکە چاوی بەڕووناکایی حەوشی نەخۆشخانە کەوت ھەتاوێک لە دڵیا ھەڵات. وەک فانووسێک کە ھەڵیکەی و پڕشنگی گڕەکەی بکەوێتە سەر شووشەکەی. ھەتاوێک بەسەر حەوشی نەخۆشخانەکەدا پان ببۆوە و شەونمی لەسەر چیمەنەکەی بەتامەزرۆیی ھەڵئەمژی. لە بەرچاوی ھۆمەر ھەموو وڵات ئەتکوت دەمێکە و بەزەردەیەک کراوەتەوە. لە حەوشی نەخۆشخانەکە تێپەڕی و پێی نا ناو شەقامەوە. پاش شەش مانگ بێ دەنگی خەستەخانە و نیوە نووزەی نەخۆش و چرپەی بەئەسپایی نەخۆشەوانەکان، ھەرای ناو شەقام بۆ گوێی ھۆمەر لاوێنەرەوە بوو، چونکە نیشانەی ژیان و کار و زیندووبوون بوو. ماوەیەک لە بەردەرگا وێستا. چەن جار ئاوڕی داوە بۆ حەوشی نەخۆشخانە و چەن نەخۆشی دی بەبەرگی سپی نەخۆشخانەوە خۆیان لەبەر ھەتاو ھەڵخستبوو. بەپێکەنینێک و دەس ڕاوەشاندنێک ماڵاوایی لێ کردن؛ پاشان لە ناو ھاتوچۆکەرانی شەقاما گوم بوو. ھۆمەر بێ ئەوە بزانێ بۆ کوێ ئەچێ لەم کۆڵانەوە بۆ ئەو کۆڵان، لەم شەقامەوە بۆ شەقامێکی تر پیاسەی کرد و ھەموو دووکانێکی شار سەرنجی ڕاکێشا، چەند جار بێ ئەوە بڕوانێتە چرای سوور پێی نا ناو شەقامەوە و لێخوڕەکان قسەی سووکیان پێ کوت. ھۆمەر لای سەیر بوو کە ئەمانە بۆچ جنێو ئەدەن. ھەرچی ئەیکرد نەیئەتوانی ھۆیەک بۆ ئەم ھەموو پەلەیە بدۆزێتەوە. وەک شارەمێروو خەڵک ئەھات و ئەچوو و کەس کەسی نەدەناسی. لەپڕ تاسەی ئاوایییەکەیان وەک تەڵخەک کەوتە سەر دڵی؛ پێی شل بوو و بازی بەھەڵپەی نیگای کە ھەموو لایەکی ئەپشکنی، گەڕایەوە بۆ ھێلانەی دەروونی. شانی لە شانی چەن کەس دا و چەن جار بەتووڕەیییەوە پێیان کوت: بەر پێت تەماشا کە، مەگەر کوێری؟ ! بەڵام ھۆمەر ھەر بەلەش لە شارا مابوو، بەگیان و دڵ گەڕابۆوە دێ. لە کەناری مەیدانێکی گەورە کە لە ناوەڕاستەکەیا پەیکەرەی پیاوێکی مەزن لە بەرد دروست کرابوو، چاوی بەتاقمێک کەوت کە بەجلوبەرگەکەیانا لە خەڵکی دێھات ئەچوون. گەنج و پیر و مناڵ ھەموو لەبەر بەڕۆچکا دانیشتبوون. یەک خەریکی قەننەکێشان بوو، یەک بەتاسەوە لەنجەولاری ئافرەتێکی گرتبووە بەر ڕوانین و یەکی تر خەونووچکە ئەیبردەوە و زەنگن و پێمەڕەکەی لە لای دەستیا دانابوو. ھۆمەر ھەستی کرد لەو تاقمە نزیکترە تا ئەو شارییانە کە جنێو ئەدەن، بێھوودە پەلەیانە و یەکتر ناناسن. ھێندەی پێ نەچوو کە ھۆمەریش یەکێک بوو لەو کۆڕە. ھۆمەر لە ژێر چاوەوە لە جلوبەرگی ئەو ھەژارانە ورد بۆوە. کوردی نەبوو، بەڵام ھێشتا لە بەرگی کوردی نزیکتر بوو تا بەرگی فەڕەنگی. خەڵکی شار زمانیشیان کوردی نەبوو، بەڵام ھۆمەر ئەیزانی ئەڵێن چی، چونکە زۆر وشەی کوردی لە زمانەکەیانا ھەبوو. ویستی لەگەڵ گەنجێکا کە لە پاڵ دەستیەوە دانیشتبوو و کۆتێکی کۆنی ئاتەگ درێژی لەسەر بەرگی دێھاتییەوە کردبووە بەری قسە بکا، بەڵام گەنجەکە ھەر خەریکی ڕوانینی ئافرەتەکانی شار بوو. تا یەکیان لە دوورەوە ئەھات نیگای ئەو گەنجە وەک ھەنگ بەسەر سینگ و کەمەر و دەموچاویەوە ئەنیشت و تا لە بەرچاو گوم نەبوایە دەستی ھەڵنەدەگرت. ھۆمەر ناچار کوشمەی کرد و بێ دەنگ بوو. لە خەیاڵا گەڕایەوە بۆ ئاوایییەکەیان. ھاتەوە بیری کە شەش مانگ پێشتر لە کاتێکا خەریکی بەفرماڵینی سەربانی خۆیان بوو کەوتە خوارەوە و ڕانی شکا. ئەو شەوە ساردانەی ھاتەوە بیر کە تاوتێی برینداری بڕستی لێ بڕیبوو، بەچەشنێ کە خێزانی ئەیکوت حەوتەیەک لەسەریەک شەو تا بەیان وڕێنەی کردبوو. خێزانی ئەیکوت کە وڕێنەکانی ئەوەندە کوفر بوون کە لەوانە بوو بەرد ببارێ! بەڵام خوا بەزەیی پێیاندا ھاتبوو و تەنیا تەرزەی بەئەندازەی سەرە چۆلەکەیەکی باراندبوو و سەری مناڵەکەیانی شکاندبوو! ھەودای بیرکردنەوەی ھۆمەر بەدەنگێکی تیژی وەک نووکی مقەست پچڕا و گەڕایەوە ناو ھەرای شار. پیاوێکی چوارشانەی سمێڵ بابڕ چەن گەنجێکی لە ھەژارە دێھاتییەکان بەپێوە ڕاگرتبوو و چەشنی چێودارێکی پسپۆڕ ئەیڕوانییە بەژن و باڵا و دەست و مەچەک و شان و باھۆیان. ئەتکوت خەریکە بیانکڕێ. گەنجەکانیش بێ دەنگ ھەر کام بەپاچێک، پێمەڕەیەک، یا زەنگن و قوڵینگێکەوە ڕاوەستا بوون و چاوەڕوان بوون بزانن کابرا کامیان ھەڵئەبژێرێ بۆ کار. کابرا ھاتە سەر سەری ھۆمەریش، ماوەیەک تەماشای بەرگە کوردییەکەی کرد و بەپێکەنینەوە شتێکی کوت کە ھۆمەر تێی نەگەیشت؛ پاشان چەن کەسی لەوانی تر ھەڵاوارد و خۆی کەوتە پێشیان و ڕۆیشتن. ھۆمەر لە پیرەپیاوێکی کە خەریکی تەکاندنی خۆڵەمێشی سەبیلەکەی بوو پرسی: «ئەمانە بۆ کوێ چوون؟» وا دیاربوو ھەژاری ئەو ھێزەی ھەیە کە ئەوان لە زمانی یەک تێبگەیەنێ. پیاوە پیرەکە لە وەڵاما کوتی: «کار!» پاشان دەستی بەزگیەوە گرت. وا دەرئەکەوت برسیەتی. ھۆمەر لە کیفە کۆنەکەی چەند ئەسکیناسی کۆنی دەرھێنا و کوتی: «من دراوم ھەیە، بەڵام نازانم نان لە کوێ دەس ئەکەوێ.» کابرا پیرە بێ ئەوە لای وابێ پێویستە سپاسێک بکا، کەمێک لە دراوەکەی وەرگرت و پاش چەند وردەیەک ھەر دەستی بەھەڵپە بوو ئەکشا بەرەو نانی گەرمە تەنوور. ھۆمەر لە ئوتوبووسێکی شەق و شڕا کە بەرەو موکریان ئەچوو سەری بەسەر سینگیا شۆڕ ببۆوە. لەسەر خوانی شەکەتی بەخەوێکی خۆش میوانداری کرابوو. خەوێکی خۆش و پڕ لە خەونی خۆش. خەونی ئەمە کە جارێکی تریش خەڵکی ئاوایییەکەی ئەبینێتەوە، لەگەڵ خێزانیا لەسەر ئاوری نزیک لە دامرکان بەحەو جۆشی ڕەش و کتری تەنەکە چای تازەدەم ئەخۆنەوە، دیسانەوە خێزانی ئەڵێ، پیاوەکە ناشکوری مەکە خوا بۆ ئێمەش گەورەیە و ئەویش وەڵامی ئەم قسانە تەنیا بەبزەیەکی پڕ مانا ئەداتەوە. تا حەوتەی داھاتوو بەخواتان ئەسپێرین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاسۆ ڕوونە سەبارەت: ١٩٧٣/٠٢/٠٧ ھەرکە ئەبوو بەلای ئێوارە، یەک یەک لە ماڵ و لەسەر دووکان و لە شوێنی کار ئەھاتینە دەرەوە و ھەموو ڕوومان ئەکردە چایخانە و کەناری گۆلێکی گەورە کە جێگای ئاولێھێنانی کچانی شارە خنجیلانەکەمان بوو. پۆل پۆل گەنجی تاسەداری دڵ پڕ لە ھیوا بەپیاسەی نەرم و شۆخ لە شەقامەکەوە تێئەپەڕین و ھەرکە ئەگەیشتنە نزیکی گۆلەکە ھەنگاویان شل ئەبوو و بازی نیگایان لەسەر داری تازە نەمامی بەژن و بارێکی بەکەشم و نەشم ئەنیشت. ئیتر ھەر ڕوانینی گەرم و بێ پەردەی کوڕان و نیو نیگای نیوە ئاشکرای کچان بوو کە ئاڵوگۆڕ ئەکرا. گاھێ دەستێکی پیاوانە بەسمێڵێکی خورمایییا ئەھات و لەولاشەوە پەنجەیەکی نەرم و سپی، لکی پووشین و دەسماڵەکەی لائەدا و بۆ ماوەیەکی کورت چەشنی ھەورێکی سپی بێ باران، بەری ڕۆژی گەشی چاوی ئەگرت و تەزوویەکی خۆشەویستی وەک شنەی دەم بەیان ئەکەوتە سەر دوو لەشی گەرم و گەنج، چونکە ھەردووک لا ئەیانزانی ئەم ئیشاڕە کورتانە، بانگھێشتن و میواندارییەکە بۆ سەر خوانی ڕازاوەی ئەوین لە نیوە شەوێکی لە بیر نەچووا کە بەپڕشنگی نیوە ڕەنگی مانگەشەو ڕووناک ئەبێ و بەکاتی شیرین و کورتی بەیەک گەیشتنێکی پاکا لەگەڵ ئەبەدییەت و ھەرمان تێکەڵ ئەکرێ. فەرھاد بەپێچەوانەی ھەموو ھاوتەمەنەکانی زۆرتر لەوە کە قسە بکا و بجووڵێتەوە، بیری ئەکردەوە و کشومات ئەیڕوانی و لەم دوو چاوەوە کە ئەتکوت دوو شەوەی بێگەردن نەتئەتوانی پێ بنێیتە ناو سەرای دەروونییەوە. ئەتکوت ھۆدەیەکی تەریکە کە دوو پەردەی ڕەش دەرگای خۆرەتاوی لەسەر پێوە داوە. فەرھاد ھەموو ژیانی لە ناو خۆیا بوو. ئەتکوت ئەو دەشت و کێوە کە بەھاران بەگەزیزە و نەورۆزە و ھەزاران گوڵ و گیای ڕەنگاوڕەنگی تر خۆی ئەکرد بەبووک، ئەو ھەموو زیل و بەمە کە لەسەر ھەر لکی دارێکەوە دەنووکی بچووک و گەرووی ئەوینداری مەلی ئێسک سووک ھەڵدەستا و لە پەنا ھەموو جۆگە و ڕووبارێکدا «دارسیاس» خودای مووسیقا و شۆڕ و تاسە ئەبووژایەوە، لە دڵی فەرھادا ھیچ ھەستێکی لاوی نەدەلاواندەوە. ئێوارانە کە ھەموو لاوانی شار دەستیان لە کار ھەڵئەگرت و لە ناو شەقام و گەڕەک و کۆڵانا بڵاو ئەبوونەوە و بەدڵی خۆیان ئەژیان و ژەنگ و ژاری شەکەتییان لە چاوەی پیرۆزی کەوسەری دڵدارییا ئەشوت، فەرھاد بەباوەشێک کتێبەوە ڕووی ئەکردە چۆڵی و لەگەڵ جیھانی زانست و ھونەرا تێکەڵ ئەبوو و ڕۆژپەڕی ئێوارێ ئەگەڕایەوە و ئەچۆوە ناو ماڵ. ئەگەر ھەواڵێک تەوسی بدایە لە جیھانی تایبەتی ئەو، بیکوتایە لەم ھەموو سەر بەکتێبا گرتنە چی دەس ئەکەوێ، لەسەرخۆ ئەیکوت: «بەری داری باغچەی کتێب، بیرکردنەوەیە.» ئەیکوت: «جیھانی ئێوە ھەرچی ھەیەتی بەڕوانینی یەکەم دێتە بەرچاو. جیھانی ئێوە قاشێکی بچووکە لە زەمان، بەڵام من لە جیھانی کتێبا دوێنێ و ئەمڕۆ و بەیانی ئەبینم و ھەست ئەکەم ڕووبارێکم کە خوڕ و خورۆشان بەمێژوودا دێمە خوارەوە، نەک وەک ئێوە کە ئەبن بەگۆلاوێکی قەتیس ماوی بەخاک و خۆڵ گەمارۆ دراو و تەنیا لە ڕوانگەیەکی تەنگەوە ئاسمان ئەبینن.» فەرھاد ئەوەندە لە ناو خۆیا ئەژیا کە منیش کە لە ھەموو کەسی لێی نزیکتر بووم تا ئەو ڕۆژە نەمدەزانی دەنگی ئەوەندە خۆشە. ئەو ڕۆژە من ھەستێکی نەناسراوی سەرکێش ھەڵیگرتم بۆ کەناری ڕووبارێک کە دەوروبەری بەدارەبی و گیای بەھاری شینی ئەکردەوە و لە ژێر دارەکانا چاو ببڕیە شەپۆلی بێ ھەدای ڕووبارەکە و ژیانی ڕابوردووت بێتەوە بیر. ئاشکرا لەگەڵ کچێکا ژێر دارەکان بکەی بەجێژوان و گوێ بگری لە جریوەی مەل و شنەی شەماڵ کە لەشی شلکی گیا و گژی لەیەک ئەخشاند و لە جیھانی خەیاڵا یا سواری ئەسپی شەپۆل ببی کە باڵی شۆڕ کردبۆوە و پەلی ئەکوتا بەرەو ئاسمان، یا باڵی سپی ھەوری بێ باران کە وەک قوو بەدەریای بێ سنووری ئاسمانا پۆل پۆل تێئەپەڕین بکەی بەقۆناخ. من سەرگەرمی ئەو خەیاڵانە بووم و ئەشکام بەرەو لێواری ڕووبارەکە کە دەنگێکی یەکجار بەکوڵ ئەھاتە گوێم: کچە بۆکانی کە بووکی نازن قۆڵ بەبازن، مل و پێسیر وازن زەردەمەم دیارە کە خاوەن نوستوون بۆ پشوودان لە کراس دەرکەوتوون تا دەستم نەنا سەر شانی و نەمکوت دەمخۆش، نەیزانی. لە پەنایا دانیشتم و پرسیم: «تۆ کە دەنگت ئەوەندە خۆشە، ئەوەندە جوان چاک و پێکەوتووی، بۆچ ناتەوێ لە کاتی لاویت کەڵک وەربگری؟» دیسانەوە چاوی ھەر ئەو جووتە شەوە ڕەشە بوو کە بەئەندێشەوە ئەتتوانی تەماشای کەی، بەڵام بەپێچەوانەی ھەموو جارانی پێشوو کە لە بەرامبەر ئەم پرسیارە تەوساوییانەدا زەردەیەکی ئەخستە سەر لێو، وەڵامی منی بەم چەشنە دایەوە: «من بۆ خۆم ناژیم. من تەنیا نیم. ئەم خەڵکە ھەموویان بەشێکن لە من؛ چۆن ئەتوانم تێر زگم بخۆم لە کاتێکا سەرم دێشێ. چۆن ئەتوانم پڕ بەدڵ پێبکەنم لە حاڵێکا ئەندامێکم لە ئاگری دەردا خەریکی توانەوەیە؟ منیش ئەوین ئەناسم. جوانی ئەپەرستم، بەڵام لە کاتێکا ھەزار ئەوین لە دڵی ھەژارانا ئەخنکێ، جوانی ئەسیری دەستی دێوی ناحەزییە، چۆن ئەتوانم ئەویندار بم و بەجوانی ھەڵبڵێم؟» ئەمە یەکەمین و دوامین قسەیەک بوو کە لەم بارەوە لە فەرھادم بیست. تا بەرنامەیەکی تر بەخواتان ئەسپێرین. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەنەوزی بۆری شەوانی درنجاوی سەبارەت: ١٩٧٣/٠٢/٠٨ بەسەرخۆشی لە بارێکی شەوانە ئەگەڕایەوە. خۆی بەم جێگایانەی ئەکوت: «نایت کلاپ». ئەھاتە بەرچاوی کە تا ئەژنۆی لە ناو شەقامی بێ ھاتوچۆ و بێ دەنگا بەتەمومژەوە ئەبێ. وای ئەزانی پێی لە زەوی بڕاوە و خەریکی فڕینە. فڕینێکی بەئەسپایی، چەشنی نیشتنی قورینگ لە پەنا شەتاوێک. لەو «نایت کلاپ»ە چەند جار قامکیان بۆ لا ڕاداشتبوو. ئەو وای زانیبوو تاقمی لایەنگرانین و شیعرەکانی ئەویان لە گۆوارە بەنرخەکانا خوێندۆتەوە و بێ گومان ھەر کامیان نوسخەیەکیان لە کۆمەڵەی شیعری تازەی ئەو بەناوی «وەنەوزی بۆری شەوانی درنجاوی» لە ماڵا ھەیە. ویستبووی ڕواڵەتێکی شاعیرانەی ھەبێ، ھەستا بوو بۆ تەماشاکردنی دەموچاوی. ڕووی کردبووە ئەو شوێنە کە دەستی لێ ئەشۆن. لەبەر ئاوێنە بەخۆیا ڕوانیبوو و ھەستی کردبوو مووی سەر و کاکۆڵی ڕێکوپێکە. بەدەست کەمێکی شێواندبوو. بۆ ئەوە شیاوی ناوی «شاعیری شێواو» بێ. کاتێ گەڕابۆوە، ویستبووی بەبزەیەک تاقمی لایەنگرانی بەسەر کاتەوە و ئەوانیش وەڵامی بزەکەی ئەویان بەقاقایەکی تێکڕایی دابۆوە، شاعیر وای دانابوو کە ئەم قاقایە زۆرترە لەوە کە کاری ئاوی تاڵی سەرخۆشکەر بێ، کاری بزەی لاوێنەرەوەی ئەوە. بەدڵنیایی لەسەر جێگای خۆی دانیشتبۆوە و ئەم بیرە بەمێشکیا ھاتبوو: «ئەگەر ئێمەی ھونەرمەند نەبین و پەژارەی ھەموو ئەم خەڵکە ساکارە نەکەین بە ھی خۆمان، بەستەزمانانە چەندە زوو پشتیان لە ژێر باری خەما کۆم ئەبێتەوە.» ھەستی کردبوو کە ئەوەندە بەرز بۆتەوە سەری لە میچی ھۆدەکە ئەدا. تەنانەت لەو کەسەی بەلای دەستیەوە دانیشتبوو پرسیبووی: «ئەم میچەیان بۆچ وا نەوی دروست کردووە؟» بەڵام کابرا وەڵامی نەدابۆوە. بەبیریا ھاتبوو شیعرێک بڵێ بۆ ئەو جیھانە کە ھونەرمەندی تێدا نییە و لە دڵی خۆیا گەڵاڵەی شیعرەکەشی گرتبوو «وڵات ھەمیشە زستانە، مەڵێ بەھار تۆراوە و ھەرگیز ناگەڕێتەوە، بزەیەک لەسەر گوێسوانەی لێوێک دیاری نادا، ھەتاو کۆچی دوایی کردووە، ئەوین وەک کوانووی دامرکاوی پاش کۆچی خێڵ، ساردوسڕ ھەڵگەڕاوە» و بەخۆی گوتبوو: «لە بیرم نەچێ ئەم شیعرە ئەبێ ئاھەنگێکی خەماوی ھەبێ. بەڵام نەک تا ڕادەیەک کە ببێتە شیعری سەر شیوەن.» سەرخۆشی ئارەق و دڵخۆشی کاتێ کە شیعرەکەی بەپیتی گەورە لە گۆواری وێژەیی ناسراو چاپ ئەکرێ، تێکەڵ ببوون و مەودای تەسکی ھۆدەکەی لە بەرچاو تەنگتر ببۆوە. لە شەقاما تا ئەژنۆی بەتەمومژی ئەفسانەوە ئەبوو، بەرەو کۆڕێک ئەفڕی کە لەوێ چەن ھونەرمەندی تر چاوەڕوانی بوون. کاک سروشت کە نەققاشی گەل بوو تابلۆکەی چەند ڕۆژ پێشتر جایزەی گەورەی «بیناڵ»ی وەرگرتبوو. ئەو تابلۆیە کە نەققاش ناچار بوو بە ٣٧ ھەزار تمەن بیفرۆشێ، بریتی بوو لە چەند کونی وەک گوڵوێنەی تەندوور، ئەگەر کەسێک چێشکەی ھونەری نەبوایە لای وا ئەبوو نەققاشی مناڵێکی قوتابییە کە پاش تەواوبوون بەدڵی نەبووە و خەتی خوار و خێچی بەسەرا ھێناوە. نەققاشەکە ئەیگوت ناوی ئەو تابلۆیە «ویەتنام»ە. کاک زیل و بەم کە مووسیقارێکی گەنج بوو، لووتی ھەر لە «کلیلی سۆل» ئەچوو و خوشکە ئارایش کە تازە زانکۆی ھونەرە جوانەکانی تەواو کردبوو. ئەوەندە نوێگەر بوو لەسەر دێرێکی چەڵەمەی بەستراوی بێ جەمسەر ڕۆیشتبوو و گەڕابۆوە سەر ھەوەڵی شارستانیگەری ئادەمیزاد. لای وابوو، - سوێندیشی بەزێئووس و وێنووس ئەخوارد - درۆ ناکا کە ناحەزی و دزێوی بەرزترین نموونەی جوانییە. ئەیگوت پیاو بێزی ھەڵئەستێ کاتێ ئەچێتە ناو ھۆدەیەکەوە کە ھەموو شت لەسەر جێگای خۆیەتی. کاک شێواوی شاعیریش ئەم قسەیەی زۆر بەدڵ بوو و ھەمیشە ئەیگوت: «تۆ و شیعرێک لەسەر من خوشکە ئارایش، سەبارەت بەئافرەتێک کە لەم وشکارۆی بێ زەوقییەدا تێئەگا جوانی یانی چی.» شاعیر ھەروەھا سەرخۆش بەناو تەمومژی ئەفسانەدا ئەفڕی. وای ئەزانی لەسەر چیای «ئەلەمپ» لە بارەگای خودایانا دانیشتووە. لەپڕ پشیلەیەک دەرپەڕی و شاعیری ئێمە کە کۆڵەباری ڕاسپێری گرانی مێژوویی بەسەر شانیەوە ئەتگوت پووشێکە، ڕاچەنی و دڵی دەستی کرد بەلێدان. جێگای کاک زیل و بەم خاڵی بوو کە مێلۆدییەک لە لێدانی دڵی شاعیر دروست بکا. بیری کردەوە. ترس دوژمنی گەورەی ئادەمیزادە، بەڵام نەیتوانی ناوەڕۆکی شیعرێک بدۆزێتەوە کە توانجێک بێ بۆ ترس. گێژ و خولی خوێنی گەرم ترسی لەسەری ڕەواند و ھەستی کرد کە یەکجار بەتاسەوەیە خۆی بگەیێنێتە لای خوشکە ئارایش و باسی حەیوانی سەرەتایی بکەن. باسی ئەو پشیلانە کە ددانیان بەئەندازەی شمشێرێک درێژ بوو. شاعیری شێواو بەکۆڵانی تەمگرتووی ڕابردوودا گەڕاوە بەرەو دوا. ھاتەوە بیری کە بەمناڵیش ئاوگۆشتی پێ ناخۆش بووە. ھەڵبەت ئەو کاتە نەیدەزانی لەبەر چی، بەڵام ئێستە ھۆی ئەو پێ ناخۆش بوونەی بۆ دەرکەوتبوو. شاعیری ئێمە دڵی وەک پەڕی گوڵ ناسک بوو. ئاشکرایە کە ئاوگۆشت پێویستی بەسەربڕینی گیاندارێک ھەیە و ئەو لە فەلسەفەی ھیندییەوە گۆشت نەخواردنی ھەڵبژاردبوو. لە بیری مابوو کە تەنانەت جارێک لەگەڵ کاک «زیل و بەم»دا کە لووتی لە کلیلی سۆل ئەچوو لێیان ببوو بەکێشە. چونکە کاک زیل و بەم گوتی: «ھیندییەکان کارێکی باش ناکەن. لە برسا ئەمرن و ئەو ھەموو گایەش لە ھیندا بەشەقامەکانا ئەسووڕێنەوە.» شاعیری شێواو ئەیزانی کە ئاوگۆشتی پێ ناخۆشە. ئەیزانی کە لایەنگری فەلسەفەی گۆشت نەخواردنی جووکییەکانە و لە بیریشی مابوو کە لەگەڵ کاک زیل و بەم دەمەقڕەی لێ پەیدا بووە؛ بەڵام ھەرچەند زۆری بۆ مێشکی ئەھێنا نەیدەزانی لەبەر چی کەبابی پێ خۆشە؟ ھاتەوە بیری کە چەند ساڵ لێرەوبەر مەلی باڵ زێڕینی ئەوین لەسەر بەرزترین لقی داری دڵی ھێلانەی کردبوو، دڵبەرەکەی کچێکی توولەنەمامی قژ زەردی چاو کاڵ بوو، بەڵام بەداخەوە پاش ئەو ھەمووە کە شاعیری شێواو ھەوڵی لەگەڵ دا و ڕەنجی کێشا و سەدەھا جار بەگوێچکەیا چپاند: «ھەبوون یا نەبوون، مەسئەلەکە ئەمەیە». ھەر تێنەگەیشت «شکسپیر» شاعیرێکی گەورەی ئینگلیسییە و ھەر وایئەزانی «گۆران» جەردەیە و «ھەژار» پیاوێکی فەقیر و دەسکورتە. لەمەش خراپتر تا ئەو ڕۆژە کە بێ دەربەستانە شاعیری ئێمەی بەدڵی شکاوەوە جێ ھێشت ھەر نەیسەلماند کە گوڵێکی سیس و ژاکاو لە دڵێکی شکاو ئەچێ. ھەر لەم بیرانەدا بوو کە گەیشتە بەردەرکی ماڵی کاک سروشت. ئەو شەوە بەشادییانەی فرۆشتنی تابلۆی ویەتنام، لە ماڵەکەی خۆیا کۆڕێکی بەزمی پێکھێنا بوو. شاعیر بیری کردەوە کاتێ گەیشتە ناو ھۆدەکە چی بڵێ؟ ماوەیەک وەستا و لە قوژبنی مێشکیا شتێکی دۆزییەوە و چووە ژوورەوە. شەپۆلی مووسیقا وەک ئەژدەھا بەرەو لای کشا، کاک زیل و بەم خەریکی لێدانی سەمفۆنی ناتەواوی بتھۆڤن بوو، بەڵام ھەر ئەچووەوە سەر ھەوای شەمام شلکێ. کاک شێواو ڕووی کردە سەرووی کۆڕەکە تا لەسەر سەندەڵییەک کە لە ژووری ھۆدەکەوە بەتاڵ بوو دابنیشێ. لەپڕ مووسیقا و ھەرا و بەزم بۆ ماوەیەکی کورت بڕایەوە و پاشان قاقایەکی تێکڕایی ھۆدەکەی پڕ کرد. کاک شێواو ڕوانی کە ھەموو بەسەیرەوە تەماشای ئەو ئەکەن. کەمێک بەخۆیا ڕوانی و دیتی پارچە کاغەزێک بەدەرزی لە پشتی کۆتەکەیەوە ھەڵواسراوە. کاغەزەکەی لێ کردەوە و سەرنجی دا تیا نووسرابوو: «مکث کند.» ئەودەمە بۆی دەرکەوت کە بۆچ لە نایت کلاپەکەش خەڵکی پێئەکەنین. جا ڕقی لە شیعر و ھونەر و ھونەرمەندی ھەستا و چەشنی مەلێکی بەرزەفڕ کە تیری ڕاوچییەک بیپێکێ، کەوتە سەر زەوی و ھەستی کرد ئیتر ناتوانێ ھەڵفڕێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تۆران سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ. لە بەرنامەی ئەمجارەماندا پەخشانێکی کوردیتان بۆ ئەخوێنینەوە، ھیوادارین پەسندی کەن. دوور ڕۆژ بوو دایکی تۆرا بوو. ھەر لە بەیانییەوە تا کاتی برسیەتی، یا تا خەو زۆری بۆ ئەھێنا لەبەر پەنجەرەی ھۆدەکە دادەنیشت و چاوی ئەبڕییە پێچی کۆڵان و ھەر ئافرەتێک لە دوورەوە دەرئەکەوت، پڕشنگێک بەچاوی کاڵیا ئەگەڕا، بەڵام لەگەڵ ئافرەتەکە نزیک ئەبۆوە خەمێک وەک تانە سەر گۆمیلکەی ڕوون و شینی چاوی ئەگرت. ئەمڕۆ دوو ڕۆژ بوو کە تەنانەت یەک وشەش لەسەر لێوی سوور و ناسکی نەپشکووتبوو. وێنەی دایکی بەزەردەخەندەیەکی مات و بێ ڕەنگەوە لەسەر تاقەی ھۆدەکە دانرابوو و ئەتگوت ھەموو خۆشەویستی دایکانە لەو زەردەیەدا کۆبۆتەوە. سەری ھەڵبڕی و بۆ ماوەیەکی کورت چاوی بەوێنەی دایکیدا گێڕا... کوڵی گریانێکی بێ گوناھ بەدڵیا گەڕا و دڵۆپێک فرمێسکی خاوێن کە لە کاسەی پەلی چاویا شینی ئەنواند، بەسەر گۆنای ناسک و تورتیدا ھاتە خوار، پرسیاری کرد: «بابە تۆران یانی چی؟» وەڵامێکم نەبوو کە بیدەمەوە و نەیڕەجێنم؛ لەبەر ئەمە گوتم: «کوڕم چیت ئەوێ بۆت بکڕم؟ !» نازانم لەبەرچی بەم قسەیە ڕقم لە خۆم ھەستا و لام وابوو خەریکم بە شت بۆ کڕین تاسەی دایکی لە بیر بەرمەوە! ؟ گوتی: «تۆران یانی مردن، نا بابە؟ !» بەشەرمەوە! ؟ گوتم: «نە بابە، نە!!» لەبەر پەنجەرەکە لاچوو و ھات لە باوەشما کوروشمەی کرد، وەک بێچووە کۆترێک کە ھێلانەکەی ڕووخا بێ. دوو دەستە بچکۆلەکەی لە دەوری ئەستۆم ئاڵاند و ڕوومەتی داغ و نەرمی بەسینگمەوە گوشی؛ ھەستم کرد بووم بەدوان؛ منێکی مناڵ و ترساو و خەفەتبار و منێکی گەورە و شەرمەزار و تاوانبار. لەبەر خۆیەوە گوتی: «بابە، حکایەتی دێوەکەم بۆ بڵێ!» ... ھێشتا لە «یەکێک بوو یەکێک نەبوو»دا بووم کە حەوسەلەی بەسەر چوو، بەچەشنێ کە دیار بوو ھەوڵ ئەدا نەمڕەنجێنێ، گوتی: «دایکم باشتری ئەزانی.» گوتم: «بەڵێ ئەو باشتری ئەزانی.» ھەر بەو چەشنە کە خۆی بەسینەمەوە ئەگوشی، گوتی: «تۆش داستانی دێوەکەت پێ خۆشە، نە بابە! ؟» گوتم: «ئەرێ کوڕی من پێم خۆشە، بەڵام ئەو داستانانە ئەفسانەن!» سەری لەسەر سینگم ھەڵگرت و بەچاوی پڕ پرسیارەوە بۆی ڕوانیم و گوتی: «چی بابە؟» گوتم: «ئەفسانە کوڕم!»؛ بەڵام خێرا تێگەیشتم کە ئەو لە ئەفسانە ناگا. - «ئەفسانە بەداستانێک ئەڵێن کە درۆ بێ، کوڕی من.» ئەم قسەی زۆر بەلاوە ناخۆش بوو، باسکی بێ ھێز و مناڵانەی لە ئەستۆم کردەوە و گوتی: «نە، درۆ نییە، دایکم درۆ ناکا، ئەو ئەڵێ دێو ھەیە، دێو پیاوێکی چەپەڵ و خراپە، مناڵی خۆش ناوێ، دایکم ئەڵێ دێو کلکی ھەیە.» دڵم نەھات دونیا خەیاڵاوییەکەی لێ تێکدەم لەبەرئەمە ھیچ دەنگم نەکرد؛ کورتەیەک بێ دەنگ بوو، پاشان گوتی: «دایکم ھەموو ڕۆژێ منی ئەبرد بۆ گەڕان.» تێگەیشتم کە ئەم ھۆدەیە کە لە پێشا بەھۆی دایکییەوە بۆی ئاشنا بوو، ئێستە ئازاری ئەدا و ئەیەوێ لێی دوور کەوێتەوە. لە باغچەیەکی گشتیدا لەسەر نیمکەتێکی دارین کە ڕیزێک شۆڕەبی ساوا سێبەریان لێ ئەکرد دانیشتبووین. باغچە پڕ بوو لە ژیانی کرچ و کاڵ، جریوەی مەل و مناڵ مێلۆدی بووژانەوەی سروشت بوو. دایک و باوک بەشوێن مناڵەکانیانا ئەچوون بۆ ئەملا و ئەولا. ژن و پیاوی پیر سەیری کایەی مناڵی جوانکیلەیان ئەکرد، بەڵام ئەو چاوی بڕیبووە ئاسۆیەکی دوور، ئەتگوت لە ناو ھەوری سپی و نەزۆکی ئێوارەی ھاوینا کە بایەکی نەرم ئەیبزواندن و کۆشک و باڵاخانەی لێ دروست ئەکردن، بەشوێن گومبووەکەیا ئەگەڕێ. پیرێژنێکی سەر سپی کە نەمزانی لە کەیەوە بەپاڵ دەستمەوە دانیشتووە، پرسیاری کرد: «کوڕی تۆیە؟» گوتم: «بەڵێ!» گوتی: «خوا بۆت بھێڵێ، جوانکیلە و ڕووح سووکە، بەڵام وا دیارە خەمبارە!» ھەستم کرد کە توانجم تێ ئەگرێ و من بەھۆی خەمباری ئەو دائەنێ. ئەڵێن تاوانبار لە خۆی بە شکە! ئەبوو بزانم کە ئەو ئافرەتە بێ ئەوە بەسەرھاتی من بزانێ ئەو قسەی کردووە. پیرێژن دەسھەڵگر نەبوو، گوتی: «ڕەنگە نەخۆش بێ!» گوتم: «نە!» زانی کە من پێم خۆش نییە باسەکە درێژە بدا، لەبەرئەمە بێ دەنگ بوو. کوڕەکەم پرسی: «بابە تۆ ماندوو نەبووی؟ ئەمەوێ بچم لەگەڵ ئەو مناڵانە کایە بکەم.» لە خوام ئەویست لەم تەنیایییە خۆی ڕزگار بکا و جریوەی شادی ئەویش تێکەڵ بێ لەگەڵ مێلۆدی تەبیعەت. ئەو مێلۆدییە کە بەلای منەوە بێ دەنگی ئەو کەمایەتی تێدا ھەبوو. لە پێشا بەچەن ھەنگاوی وردی دوودڵانە و پاشان گورج و توند لە کۆڕی مناڵەکان نزیک بۆوە و دەستی بچووکی لە ھەوادا بۆ گرتنەوەی تۆپی ڕەنگاوڕەنگ کەوتە سەما. ھەستم کرد بارێکی قورس لەسەر شانم سووک بوو و بیرم کردەوە چەندە ئەخایەنێ و چەندەی ڕەنج و مەینەت ئەوێ تا گوڵێک ئەخەمڵێ، تا جووجەڵەیەک باڵ و پەڕ دەرئەھێنێ و فێری فڕین ئەبێ؟ ! ھەتا وردە وردە بەزەردەیەکی دایکانەوە دار و گوڵی باخچەی گشتی بەجێ ئەھێشت و بەلالایی شنەیەکی نەرمونیان، چاوی کۆرپەی سروشتی لە خەو ئەکرد. خۆم ئەدی کە مناڵم و بەگۆنای سوور ھەڵگەڕاو و خوێنی گەشەوە لە ناو ھەواڵەکانما کەوتوومە شوێن تۆپی ڕەنگاوڕەنگ. لە لایەکی ترەوە خۆم ئەدی کە بەکۆڵێک بیرەوەری تاڵ و شیرینی سی و چەند ساڵ ژیانەوە لە ژێر شۆڕەبی خەواڵوا دانیشتووم؛ دەنگی خۆم بوو کە ھاتە بەرگوێم: «بابە من ماندوو بووم با بچینەوە بۆ ماڵ.» دیسانەوە دەنگی خۆم بوو کە گوتم: «زۆر باشە کوڕم من ئامادەم.» کاتێ کە گەیشتینەوە ماڵ چرای ھۆدەکەمان ئەگڕا، دایکی گەڕابۆوە و کوڕەکەم وەک خەونێکی فەرامۆشکراو ئەھاتەوە بیری کە دوو ڕۆژی تەواو چاوی لە پێچی کۆڵانەکە بووە. ئەگەر ئادەمیزاد جادووی لە بیر چوونەوەی نەبوایە، چۆن ئەیتوانی لە ژێر باری خەما خۆی ڕاگرێ؟ ! کاتی دانیشتن بۆ نانی شەو، وەک ئەمە ئەچوو کە ھەرسێکمان دڵخۆشین. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بژی! بژی! خێوەتی سباتی مانگەشەو بەسەر دەشتی بێ دەنگییا ھەڵدراوە، ھەزارەھا خێوەتی شینکی بچووک لەم پەڕی دەشتەوە تا ئەوپەڕ ئەتکوت مۆڵی وشتری ماندوون و بۆ پشوودان یخ دراون. لە ژێر ھەر خێوەتێکا چەند ئادەمیزاد ئەژین و لە دڵی ھەرکامیاندا پەنگاوی بیرەوەرییەک شەپۆل ئەدا؛ شەپۆلی ڕق، تۆڵە، ترس و بێزاری و لە گوێیاندا دەنگی باڵی باشووی ئاسن و قاقای شێتانەی شەست تیر و ڕەشاش ئەزرینگێتەوە. بۆنی ھەناسەی مناڵی تازە ساڵ و ئاخی پیری خەو لێ تاراو وەک سروەی شەوبا ئەچێ کە دووکەڵی چغارەیەک لەیەک بدا. لێرە ھیچ سنوورێک بۆ جیاوازی نەماوەتەوە، تەنانەت گەڕەک و کۆڵان و ماڵ؛ دەردی ھاوبەش ھەموویانی کردووە بەیەک گیان، تەنانەت بەیەک لەش. ڕوانینی نیگەران و ترساوی مناڵێک کە تەرمی دایکی لە ژێر خانووی ڕووخاوا دێتە بەرچاو، لە گەرمەی یاری مناڵانەدا ئەوەستێ و چاوی ئەبڕێتە ئەوپەڕی زاگرۆس و چیای سەربەرز و نەبەزی بەمۆ و دایکی داوێن پاک و شەھیدی دێتە بەرچاو کە گەورە ئەبێتەوە، گەورەتر ئەبێتەوە و ھەموو ڕوانگەی بەرچاوی دائەگرێ. بزەیەکی میھرەبان و دایکانە وەک شەبەقی خۆرھەڵات لە ئاسۆی دەمی دایکییەوە، کە ھەموو شەوێ بە ئەفسوونی ئەفسانە خەوی ئەکرد بە میوانی دوو چاوی کاڵی ئەو، سەر ھەڵئەدا؛ بەڵام لەپڕ بەرگی سپی پەری ئەفسانە شەڵاڵی خوێن ئەبێ و دێتەوە بیری کە دایکی دووجار بەرگی سووری کردووەتە بەر. جارێک کە ئەبوو بە بووک و ئەھات بۆ کۆشکی ڕەنگاوڕەنگی بەخت و ئەوین؛ ئەو جارەی لە زمان دایکییەوە بیستبوو. بەڵام جاری دووھەم خۆی دیبووی کە دایکی جلی سووری کردە بەر و بوو بە بووکی مردن! فڕۆکەی دوژمن وەک کۆلارەی ڕەش، وشەی باڵی ھات و پاسارە و سەردەرانی ڕووخاند و ھێلانەی ھەزاران جووجەڵەی تێکڕووخاند. پیری ژێر خێوەت ئارەقی سەر گۆنای نەوەکەی بە لکی سۆرانی سپی سڕی و لە ژێر لێوەوە گوتی: فڕۆکەی دوژمن دێی بۆمباران کرد بەشەوێ ھەزار پیر و جوان مرد بەیانی نە دێ، نە ژن، نە کانی ھیچی نەمابوو! بەڵام لە چۆڵێ، لە شیو و دۆڵێ لە ناو دوو کێوان وەک گردی «سەیوان» گۆڕستانێ بوو پڕ حوزن و ماتەم خودای تەم و خەم ئەھات و پڕ مشت کڵۆڵی ئەڕشت... ! شەوی دوورودرێژ دوایی ئەھات و تۆزی ئاڵتوون بەسەر دەشتی خۆڵەمێشیدا ئەکرا؛ وەک ھیوایەک پاش ھیوا بڕانێک؛ وەک بزەیەک پاش گریانێک، خوێنی سووری خۆرەتاو بە دەماری سروشتا گەڕا؛ قاپی زێوینی گزنگ ئەکرا سەر ھەزاران خێوەت کە لەشیان لە ژێر باری گرانی شەوێکی قورس و تەڵخەکا کۆم بۆتەوە. مێردەزمەی شەو لە ترسی ڕمی ئاگرینی ڕۆژ ھەڵدێ، ھەروەک سپای زۆردار و داگیرکەر کە لەبەر ھێرشی گەلی ئازادیخواز ڕائەکا و ئەڕەوێ! گەنجێک خەریکە بۆ چەن کەسێک قسە ئەکا، ئەڵێ: «ئەگەر بیابانی نۆگرە سەلمان و چیای جەبەل حەمرین وەک یەک بن، ئەگەر دڕووی وشتر خۆرکە و گوڵی شلێرە یەک ڕەنگ بن، ئێمە و ئەوانیش یەکین. بیر ئەکەمەوە کە زۆر و ستەم وەک داری ژەقنەمووت بەری تاڵی ڕەگەزپەرستی ئەدا و فڕۆکەوان لەگەڵ ھەر بۆمبایەکا جگە لە وێرانی و ڕووخان، تۆوی ژاراوی جیاوازی و بێزاریش بەسەر زەوی دڵی خەڵکا ئەپژێنێ. کوڕێکی گەنج پەڕاوەکەی لێکئەنێ و ئەڵێ: «عەزیایەک ھەیە کە بە گفت و لفت پیاو ئەخڵەتێنێ و ڕۆژی کردەوە خۆی بێ دەنگ ئەکا. ئێستە بۆم دەرکەوتووە کە شاعیرەکەمان بە ھەڵە نەچووبوو کە ئەیکوت: «کوڕگەل وە گوێزن چەک بە کۆ کڵاشینکۆ و خورۆشینکۆ خوێن و مەرگ و وێران کردن تاڵان، گرتن، بە دیل بردن دیارییەک بوو لە کرێکاران بۆ ماڵ و مەزرای ھەژاران» لە ناو خێوەتێکا دەنگی نەرم و خەماوی ئافرەتێک کە بێشکەی کۆرپەکەی ڕائەژێنێ، ھەستی من بەرەو خۆی ئەکێشێ. خوای گەورە ھۆزێکی لەمێژینە و خانەدان، ھەموو پیاوی مەردی مەیدان، ھەموو ژنی پاک داوێن، سەرچاوەی ئەوین و ژیان، ھەموو ھەستیار و دەروون جوان، ئەمڕۆ ئاوارەن؛ بەڵام نە، بۆچی ئەڵێم ئاوارە؟ ! چون بە گەلێک کە ھەستاوە، لێبڕاوە، لە ماڵ و زەوی تاراوە، ئەکرێ بگوترێ بێ چارە یا ناوی بنێن ئاوارە! ؟ دەنگی لای لایەی دایک دێتە بەر گوێم و ئەڕۆم بۆ گەشتێک لە جیھانی جوانی و شیعر و مووسیقادا. شەپۆلی نەرمی دەنگی بەسۆز ئەمبا و ئەمبا و ئەمگەیێنێتە جێگایەک کە ئیتر شەڕ نەبێ! کۆلارەی فڕۆکە گەرووی کەوباڕی چیا و کەڵەشێری بەیانی ئاوایی نەبەستێ. «کۆرپەی ئێسک سووک، خونچەی نەپشکووت بەھاری باخم، گوڵی سووری ڕووت باوکی تۆ ڕۆڵەی «کاوە»ی دلێرە «زوحاک» ڕێوییە، باوکی تۆ شێرە ھەرچەندە ماری سەر شانی «زوحاک» پەل ئەکوتێ بخوا مێشکی ڕوون و پاک بەڵام تۆ بنوو بە دڵنیایی خۆر سەرئەکەوێ، نەک تاریکایی» تەلی ھەست و شعوورم بە شەپۆلی نەرمی لای لایە ئەلەرایەوە، لە دڵما جیھانێک ڕاخرابوو، بە ھەزار ڕەنگی برایەتی ڕازابۆوە؛ بەڵام لە جیھانی ڕاستەقینەدا ڕوانگەیەک بوو کە پڕ بە گەروو ھاواری ئەکرد: «تەنانەت ئەمڕۆش ئەژدەھاکی مێشکخۆر ھەر ماوە.» بەڵام تیشکێک لەوپەڕی سنووری شعوورمەوە برووسکەی ئەدا، ئەتکوت لێوی بەیانێکی تازە پشکووتووە و بە موژدەیەکی خۆش کراوەتەوە تا پێم بڵێ؛ ئەگەر ئەژدەھاک ماوە، کاوەش ماوە؛ ئەگەر ھەستی برایەتی لە ھەرێمێک کوژراوە، لە گۆشەیەکی ترا، لە ھەرێمێکا کە ئەمڕۆ ھەزاران خێوەتی لەسەر سینەی میھرەبانی بۆ ھەزاران ڕۆڵەی ئاوارە ھەڵداوە، برایەتی لەمێژینە گەشە ئەکا؛ برایەتی مێژوویی ئەبووژێتەوە!! نازانم لەبەر چی لەپڕ دڵم پڕ ئەبێ لە سروودێکی نەکوتراو و ئەمەوێ پڕ بە ھەموو ئەو دەشتە بەرینە ھەرا بکەم: - «بژی! بژی!» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەڕگە خۆشەویستەکەم! سێ شەو و ڕۆژە کە سووری ئیسڕافیلی شەڕ لێدراوە، ئەمڕۆ ئاگر لە ھەموو ڕۆژێک بەتینتر بوو. وەک بڵێسەیەک کە بەربێتە پووش و پەڵاش ئەیتەنییەوە و ئەھاتە پێشەوە. ئەتکوت ماری سوجەی سوورە و گەرمای ھاوین ورووژاندوویەتی. لوورەی مەرگ بێ وچان ئەھات، گەرووی تینووی تۆپ و ڕەشاش خوێنی گەشی لاوەکانی قوم قوم ئەخواردەوە، بەڵام سوکنایی نەدەھات، لەو سەنگەرەدا کە منی تێدا بووم. دوو لەشی بێ گیان درێژ ببوون. یەکیان دەستی گرتبوو بەزامی سەر سینەیەوە و بەدەرد و ئێشەوە گیانی دەرچووبوو. ئەوی تریان کە تازە مووی ڕیش و سمێڵی بۆر کردبوو، بەدەم بزەیەکەوە ھەناسەی دوایی ھەڵکێشا بوو. من چاوێکم بڕیبووە ناو تەمومژ و دووکەڵ و تۆزێ کە ڕووبەڕوومان وەستا بوو و ھەرچەند وردەیەک لە ناو ئەو تەمومژەوە سەنگەرەکەی منیان ئەگرتە بەر ڕەھێڵەی گوللە و ناچاریان ئەکردم سەرم لە پەنا بەردێکا کە دوو شەوی تەواو لەجیاتی سەرین لە ژێر سەرما بوو، بشارمەوە، بەڵام کاتێ چاوم بەلەشی ساردوسڕی شەڕکەرە لاوەکە ئەکەوت، لەشم ئەلەرزی. بەتایبەت بزەی سەر لێوی ئەیترساندم پڕ بەزار ھەرام ئەکرد، بەچی پێئەکەنی ئەی دوژمنی مردوو! بەڵام دوژمنی مردوو ھەر بزەی ئەھات و وەڵامی نەدەدایەوە. دیسانەوە سەرم لە سەنگەرەکەم بەرز ئەکردەوە و قاقای شێتانەی شەست تیرەکەم پڕ بەدەشتی شەڕگە بەرز ئەبۆوە. ویزەی گوللەیەکی وێڵ بەلای گوێما تێئەپەڕی و لە سەنگەرێکی تری خۆییدا ئاخێکی ئەچزاند بەدوو لێوی تینووی ھەواڵێکی منەوە. مردن وەک دەوارێکی زل، سپای ئێمە و ئەوانی دائەپۆشی. مردن تەنیا شتێک بوو کە لە نێوانمانا جیاوازی نەبوو. ھەردووک لامان لێی ئەترساین و ھەردووک لاشمان بۆی ئەچووین. لەپڕ بیرم کردەوە ئەگەر وەک لەسەر مردن پێکھاتووین و بڕوامان بۆتە یەک، بۆ ژیان وەھا بوایەین، ئێستە ئەم لاوە دوژمنە کە لە سەنگەرەکەی منا کوژراوە و ئەم ھەواڵەی من کە وردەیەک لێرەوبەر گیانی دەرچوو، زیندوو بوون و ئێستە لەجیاتی شەڕ و کوشتار، من باسی تۆم بۆ ئەم لاوە ئەکرد کە ئەکرا دۆست بێ و دوژمن نەبێ و ئەویش بێ گومان باسێکی ھەبوو کە بۆ منی بگێڕێتەوە سەبارەت بەدایکی چاوەڕوانی، سەبارەت بەنیگای سڵ و ڕەوەکی چاوێکی کارمامزی. ماوەیەکە دوژمن کشاوەتەوە. فڕۆکەکانی ھێرش ناھێنن. دەشتی بێ دەنگ بۆتە گۆڕستانی ھەزاران گیانی بەھیوا و ئەگەر باش گوێ ڕابگری، پڕمەی گریانی خاک ئەبیستی. ئیتر ترسمان نییە ھاتوچۆی سەنگەرەکان بکەین، ھیچ کەس قسەیەکی نییە بیکا. دووکەڵی باڕووت و تۆزی دەشتی گڵەسوورە، ڕواڵەتی شەڕکەرەکانی ڕەنگاندووە. بۆنی خوێن لە ھەوای بێ سروەی شەڕگەدا مەند ڕاوەستاوە. ھەموو کەس خەریکی دۆزینەوەی وەڵامی ئەم پرسیارەیە، کە بۆچ شەڕ ئەکا؟ بۆچی ئەکوژێ و ئەکوژرێ؟ بەڵام ھیچ کەس دەری ناخا. شەڕکەرێکی پیر لەبەر خۆیەوە ئەڵێ: «شەڕ بۆ ئازادی، مردن بۆ ژیان!» من کە خەریکم سوێم ئەبێتەوە بۆ ئەوە کەسێک قسەیەکم لەگەڵ بکا و دڵنیام کا ھێشتا ھەر زیندووم، لە لای دائەنیشم. شەڕکەری پیر تێئەگا چیم ئەوێ. لەسەرخۆ ئەپرسێ: «چەند کەست کوشت؟» گیانم پڕ ئەبێ لە بێزاری، بەڵام ئەو لەسەر قسەی ئەڕوا: «ئەگەر ڕۆژێک دوژمن بتوانێ گیانیشمان وەک لەشمان زنجیر بکا، ئەو ڕۆژە شکستی دواییمانە، قڕانی نەتەوایەتیمانە، شەڕ ناخۆشە، ئەم ھەموو لێو وشک بوون و ترسانە، ئەم سام و لەرزینە ناخۆشە.» لەو کاتەدا قومقومەی ئاوەکەی کە لەبەر گەرما بۆتە ژەک، بەسەرەوە ئەنێ و چەند دڵۆپ ئاو بەسەر سمێڵی زلیەوە ترووسکەی دێ و بەدەم ھەناسەیەکەوە کە نازانی بۆ پشوودانە یا لەبەر پەرۆشی ئەڵێ: «بەڵام لە شەڕ ناخۆشتر ئەمەیە کە تەسلیم بوون و سەر شۆڕکردنمان پێ ناخۆش نەبێ.» ئێستە کە من ئەم نامەیە بۆ تۆ ئەنووسم، بەربەیانێکی زووە. چاوەڕوانین کە لەگەڵ دەرکەوتنی خۆرەتاو، باشووی ئاسنین، سێبەری ترسێنەری لە ئاسمانا پەیدا بێ و مەرگ باڵ بەسەر زەوی شەڕگەدا بکێشێ، بەڵام من بیرم بەلای تۆوەیە. دێتەوە بیرم کە باسی داھاتوویەکی پڕ ئەوین و دڵداریمان ئەکرد و لەسەر ناوی مناڵەکانمان ئەمانکرد بەکێشە. بیری ئەو ڕۆژە ئەکەمەوە کە ڕێ ئەکەوتم بۆ شەڕ و تۆ ئەگریای و من بەگریانەکەی تۆ پێکەنینم ئەھات و بەڵێنم ئەدا زوو بگەڕێمەوە بۆ لات. ئەمڕۆ شەڕ دوایی دێ. ئەگەر نەکوژرێم، ئەگەر سەرکەوین، دێمەوە و چاوی لێڵم لە گوڵاوی ڕوونی نیگاتا ئەشۆمەوە. ڕاستییەکەی ئەمەیە کە مردن تا ئەو کاتە کە زۆری لێ دووری ترسێنەرە. ناچارم نامەکەم ببڕمەوە، چونکە ھەر ئێستە گرمەی فڕۆکە و قرمەی گوللە بێ دەنگی دەشتی لەناوبرد. دیسانەوە بەرەو سەنگەرەکە ئەڕۆم. کاتێ شەڕ تەواو بوو، ئەم نامەیە لە پەنا لەشی بێ گیانی شەڕکەرێکی گەنجا دۆزرایەوە کە لە خوێن ھەڵکشابوو! . ڕەزبەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەججادی، گۆران ناناسێ سەبارەت: ١٩٧٣/٠١/٢٢ سەلام لە گوێگری بە ھەست و ھونەرپەرستی بەرنامەی تاپۆ. مامۆستا عەلائەددین سەججادی لە سەرەتایەکا کە لەسەر کۆمەڵە شیعرێکی گۆران بەناوی فرمێسک و ھونەر نووسیویە ئەڵێ: «شیعر نەغمەیەکی خەیاڵ یا پەردەیەکی نازکی جەماڵە کە لە کوورەی دەروونێکی بەجۆشەوە سەرھەڵئەدا، لەو دەروونەوە سەرھەڵئەدا کە ئاوێنەی بێ گەردە بۆ وێنەی بارەگای تەبیعەت. شیعر گەلێ کەلێن و قوژبن و گەلێ یاسای جوان جوانی ھەیە، ئەمە بێجگە لەوە کە خۆی خەیاڵە، باوەشیش ئەکا بەئاسۆی تەبیعەت و عالەمدا. ھەرکەسە ویستوویەتی ئەو عالەمە و ئەو تەبیعەتە بەجۆرێک و بەشێوەیەک پیشان بدا، بەتایبەتی کە لە ڕۆژھەڵاتا ڕێچکەی شیعر تا ئێستە با زۆریش بووبێت ھەر لەسەر چەند پەلێکی تایبەتی ھاتۆتە کایەوە. شاعیر با زۆریش بووبێتن لەو چەند پەلە زیاتر ھیچی تریان نەگرتووە بەدەستەوە. ئەگەر شاعیرێک ویستبێتی تۆزێ ئەو نەغمەیە بگۆڕێ لەبەرئەوەی کە نەغمەکە زۆر ئاشنای گوێگران نەبووە، خێرا گوێچکەیان لێی زرنگاوەتەوە و حەزیان کردووە بابدەنەوە بەلای ئەو ڕێچکە و شێوانەوە کە دەمێ ساڵە لەگەڵی ڕاھاتوون. بەم بۆنەیەوە ڕەمەکی مەردمەکە - مەگەر ھێندێکی تایبەتی نەبێ - شیعری کە دیلی قافیە یا خەیاڵێکی کۆن نەبێ زۆر بۆی ناشنێنەوە. دیارە ئەمەش پێچەوانەی ئەو گۆڕانەیە کە بەسەر ھەموو ورد و درشتێکی کەوندا دێت.» مامۆستا عەلائەددین سەججادی پاشان گۆران بەدەسپێکەری شێوەی نوێ لە شیعری کوردییا ئەناسێنێ و ئەڵێ: «گۆران لە ڕەخنە و ئیراد نەترسا و شیعری لە کۆت و زنجیری قافیە ڕزگار کرد.» مامۆستای ھەڵسەنگێنەر و نووسەر عەلائەددین سەججادی ھەر لەو سەرەتایەدا ئەنووسێ: «گۆران لە شیعردا شێوەیەکی ڕۆژئاوایی گرتووە. تاقە ئامانجی دەربڕینی خەیاڵ و دروستکردنی مەعنای شیعرە، نەوەک تەنیا وشەی شیعر.» ئەمە بڕوای مامۆستا عەلائەددین سەججادییە؛ بەڵام من لام وایە مامۆستا ھەڵەی کردووە، چەن ھەڵەی زۆر بەرچاو. یەکیان ئەمە کە لای وایە شاعیری بەرز گۆرانی نەمر شیعری بێ قافیەی کوتووە، من لە سەرانسەری دیوانەکەیا بۆ نموونەش پارچە شیعرێکی بێ قافیەم بەرچاو نەکەوتووە، تەنیا جیاوازی مامۆستا لەگەڵ شاعیرەکانی ترا ئەمەیە کە گۆران زۆرتر پەرژاوەتە سەر کاکڵی شیعر، واتە مەفھووم و مەعنا؛ قالب و توێکڵ واتە دیوی دەرەوەی شیعری ئەوەندە لا بەرز نەبووە کە بایەخی زیاتری لە مەفھووم و مەعنا بۆ دابنێ، بەڵام ئەمە نابێتە بەڵگە کە دیوی دەرەوەی شیعرەکانیش ناڕێک و نالەبار بن. مەعنایەکی جوان لە قالبێکی دزێودا لە مەیەکی نەشەبزوێن ئەچێ کە کرابێتە ناو سواڵەتە شکاوێکەوە و مەعنایەکی دزێویش لە قالب و توێکڵێکی جواندا لە ئاوێکی لیخن و لێڵ ئەچێ کە کرابێتە زەرفێکی زێڕینەوە. شیعرێکی جوان کە ماناکەی گەشە بدا بەدەروون، ھەر کام لەم دووانەی نەبێ، واتە کاکڵ و توێکڵ، ھەر کام ناحەز و دزێو بن لە جوانی شیعرەکە کەم ئەکەنەوە. زۆر کەسی وا ھەن کە پەیڕەوی شێوەی سووررێئالیستین و لایان وایە تەنیا وشەی شیعر ئەبێ جوان و بەئاھەنگ بێ. «ژۆرژساند» ئەڵێ: «شیعرێکی وشە جوان و بەئاھەنگ ھەرچەند بێ مەعناش بێ جوانترە لە شیعری بەڕواڵەت ناقۆڵا و بەمانا بەرز.» مامۆستا عەلائەددین سەججادی ئەنووسن کە مامۆستا گۆران ئەو شێوە شیعرییەی داھێنا و شێوەکەی شێوەیەکی ڕۆژئاوایییە. ئەگەر قسەکەی مامۆستا سەججادی ڕاست بێ، بەواتەی خۆیان مەردمەکە مافیان ھەیە لێی بسڵەمێنەوە و گوێی بۆ شل نەکەن. لە وەڵامی مامۆستا سەججادیدا ئەڵێم کە شێوەی نوێ ئەگەر بەتێکشکاندنی ئوسوولی عەرووزی بڵێن، واتە نیوە شیعرەکان لە باری کورتی و درێژییەوە وەک یەک نەبن و قافیە وەک ئەسڵێکی نەگۆڕاو لە شیعرا نەبێ، ئێمەی کورد لە پێش شێوەی عەرووزییا کە ھی عارەبەکانە «بەیت»مان ھەبووە کە نە نیوە شیعرەکانی بەتەرازووی «ف-ع-ل» بەرامبەرن، نە دوو نیوە شیعرەکان وەک یەک و بەئەندازەی یەک کورت و درێژن. من ئێستاش بۆم دەرنەکەوتووە بۆچ نووسەران و ھەڵسەنگێنەرانی کوردی عێراق بەقوتابخانەیەکی ھەرە بەنرخ و ھەرە خۆماڵی ئەڵێن: «فۆلکلۆر»؟ ! بەیتەکان شاعیرەکانیان ناسراون. خەیاڵاوی و ڕازاوەن. گاھێ تڕاژیدییەکی ئەوەندە گەورەیان تێدایە کە تەنانەت لە تڕاژیدییەکانی ئوڕووپاییش بەرزترن. «زەماوەندی خوێناوی» گارسیا لۆرکا لە چاو بەیتی سەیدەوان ئەوەندە بچووکە کە پیاو ناتوانێ بەرامبەر یەکیان دابنێ و بەیەک ھەڵیانسەنگێنێ. پرسیارێکم لە مامۆستا سەججادی ھەیە؛ ئەم مەردمە کە شیعر ئەخوێننەوە و لێی تێئەگەن، ئاخۆ لە گەشتی قەرەداغ و ھەورامان باشتر حاڵی ئەبن یا لە «شیرین تەشی دەڕێسێ»ی «وەفایی». بەڵێ تەشی ڕستن لە ناو ئافرەتانی کوردا باوە. بەڵام وەفایی کە بەشێوەی عەرووزی شیعری کوتووە، ئەوەندەی باسی ئەستێرەناسی و مەبەستی قووڵی تر تێھەڵکێشاوە کە تەنانەت خوێندەوارانیش ئەبێ لە مامۆستایەکی گەورەی شیعرناسی بپرسنەوە تا سەرەندەری لێ بکەن: «سەمای بەذوذنب دا کف الخضیبی شیرین» کەی بۆ مەردمە؟ شیعرێک کە لە ژیانی خەڵک ئەدوێ و بەزمانی خەڵک ئەدوێ ئەم چەند شیعرەیە لە گەشتی قەرەداغ: شەو دانیشتبووین گشتمان لە سەربان، پیاوێک پەیدا بوو خەڵقی دێی دووکان؛ بۆ سەر زەماوەند خوڵقی ئەکردین، کەوتینە ڕاوێژ: «بچین یا نەچین». من لەبەرئەوەی بێ وڵاغ مابووم، لە ئاستی «بچین» ترشم ئەکرد ڕووم. پاش لێکدانەوەی زۆر و یەک و دوو کە دیم وڵاغم بۆ جێبەجێ بوو، ئەمجار دەستم کرد بەکۆمەڵ ھاندان، بۆ ڕۆیشتنی سەر شایی دووکان، لەوێوە بووک تا «سەیوسێنان» بردن بینینی ھەردوو پەردەی ژن بەژن! بەیانی سەعات دەوری ھەشت، کۆمەڵ ڕێکەوت چەن سوارێک، ئەھالیش لەگەڵ ھەموو جل گۆڕیو، سەر و ڕیش تاشیو لە ئەسپ درابوو ڕەخت و ڕەشوەی زیو ئێستا و تاوێ تر حیلەی ئەسپی شێ، غار و ڕمبازێ تەختایی لاڕێ، وای خەریک کردم بەخەیاڵەوە کاتێکم زانی، بەقەدپاڵەوە «دووکان» دیاری دا لە بناری شاخ، ژووری ئاش و بی، خواری شیو و باخ... ئەم شیعرانە کامیان شێوە ڕۆژئاوایین؟ ئاخۆ لەمە جوانتر ئەکرێ دیمەنێک بخرێتە بەرچاوی کوردێک کە لەگەڵ ژن بەژن و ھەڵپەڕکێ و سواری و میوانداری گەورە بووە؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گۆران و سیحری بەیان سەبارەت: ١٩٧٣/٠٤/٠٤ سەلام لە گوێگری بەھەست و ھونەرپەرستی بەرنامەی تاپۆ. ھونەرمەند دوو ژیانی ھەیە. ژیانێک لەو کاتەدا کە زیندووە وەک خەڵکی تر ھەناسە ئەکێشێ، ئەبزوێ و لە ناو کۆمەڵا دێت و دەچێت. بەکورتی ژیانێک کە ژیانی لەشە و ژیانی لەش سنوورێکی ھەیە و پاش ئەوە گەیشتە سنوور ئەبڕێتەوە و بەڕواڵەت مەرگی بەسەرا دێت. بەڵام لێرەدا ھونەرمەند و ھەموو ئەو کەسانە کە بەچەشنێ کاریان کردۆتە سەر کۆمەڵ و شوێنەواری باشیان لە پاش بەجێ ماوە لە خەڵکی ئاسایی و عادەتی جیا ئەبنەوە. مەرگ تەنیا دەستی تاڵانی ئەگاتە لەشیان و گیانیان لە دەسدرێژی مردن بەرزترە. ژیانی پاش مردنی لەش ژیانێکی ھەتا ھەتایییە و ھونەرمەند تا کۆمەڵ ھەیە و تا شوێنەواری جوان و باش ڕێزی ھەیە، ئەژی. بەڵام لە دڵی خەڵکا، لە ناو وتار و شیعر و نەخش و نیگار و لە ناو شەپۆلی سیحراوی مووسیقادا. کێ ئەتوانێ بڵێ «بێتھۆڤێن» و «باخ» و «فردەوسی» و «عەلی بەردەشانی» و «بووعەلی سینا» و «ئێدیسۆن» مردوون؟ ! گۆران شاعیری پایە بەرزی کورد، یەکێکە لەو گیانە ئەبەدییانە کە ھەتا ھەتایە زیندووە. تا جوانی ھەیە. تا ھەورامان و قەرەداخ بەھارانە بەگوڵ و گیا ئەخەمڵێن، تا تووتڕکی سوور ئەبێتە کۆشی بەخت بۆ بووکی شەرمن و نازداری وەنەوشە؛ گۆران ھەر ئەمێنێ و بەواتەی خۆی تاجی شکۆ بەئوستادێکی وەک ئەو ئەدرێ لە توێی شیعری تەلیسماوییا. سەبارەت بەبەسەرھاتی گۆران ئەوەندە بەسە کە بڵێم ناوی سولەیمان بەگی کاتبی فارسی بوو. لە شاری ھەڵەبجە لە ساڵی ١٩٠٤ی میلادییا لە دایک بوو و لە ڕۆژی ١٨ی مانگی ١١ی ساڵی ١٩٦٢ لە سولەیمانی مۆمی ژیانی توایەوە و تەواو بوو و بەوە کۆڕی ھەستیاران لە پڕشنگی گەشترین ئەستێرەی ئاسمانی ئەدەب بێ بەش بوو و ڕەش داگەڕا. گۆران جگە لە دەسەڵاتی ھەرە زۆر و ھەستی ھەرە ناسکی لە شیعرا خاوەنی پلە و پایەیەکی تایبەتە کە لە شاعیرانی تری جیا ئەکاتەوە. گۆران دەسپێکەر و دامەزرێنەری شێوەیەکی نوێیە کە پاش خۆی بۆتە ڕێبازی شاعیران و ئەتوانین بڵێین قافڵەسالاری کاروانی شیعری نوێی کوردی مامۆستا «گۆران»ە، بەڵام کاتێ «گۆران» بوو بەڕێبواری ئەو ڕێگایە، ڕێگاکە شوێنی پێی کەسێکی تری بەسەرەوە دیار نەبوو. گۆران لە سەرەتای کاری شیعری خۆیا شێوەی کۆنی عەرووزی بەکار ئەھێنا، بەڵام زوو تێگەیشت کە بەرگی خوازراوەوەی لاوەیی بۆ ئەندامی شل و ملی نۆبووکی وێژەی کوردی نابار و ناکوڵ و کارە. ئەو پەلەوەرانەی ھەستی کە لە ناو ھێلانەی گیان و دڵیا جریوەیان ئەھات، لە چوارچێوەیەکی عەرووزی تەنگ و تیواردا ئارامیان نەدەگرت. شابازی خەیاڵی گۆران ئەوەندە بەرزەفڕ بوو کە عاستەم ئەکرا لە چوارچێوەی ھەڵبەستا قەتیس بکرێ. خۆی ئەفەرمووێ: ھەرچەن ئەکەم، ئەو خەیاڵەی پێی مەستم، بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی ھەڵبەستم! لێکدانەوەی دەروون، قسەی زمانم بۆچی وەھا دوورن لەیەک؟ نازانم! ئەمویست دەروون بکرایەوە وەک تۆمار دەرکەوتایە دونیای جوانتر لە بەھار، دەرکەوتایە: ئاوات، ھیوا، خەو بینین پڕشنگدارتر لە ئەستێرەی قوبەی شین! گۆران باش شارەزای گۆڕانی ھەلومەرج و ھەڵوێستی نوێی کۆمەڵ بوو. ئەیزانی باوی نەماوە زولف وێبچوێندرێ بە زرێ و مژۆڵ و برژانگ بە تیر و کەمەر بە موو، بەژن و باڵا بە سەوڵ و چنار. ئەیزانی کە ئیماژ و ئیستعارە و تەشبیھ لە شیعرا دەورو نەخشی چییە و ھەروەھا ئەشیزانی بەکوردی شیعر وتن و بۆ کورد وتن، بەجوانی کوردەواریدا ھەڵکوتن، ئەبێ بەلێکدانەوەی تایبەتی کوردانە بێ. سەرەڕای ھەموو ئەمانە گۆران ئەیزانی کە گوڵزاری وێژەی کوردی گژوگیای دزێوی دەشتی زیخەڵان و دڕووی موغیلان دایگرتووە و باغەوانێکی وریای گەرەکە ئەم دڕک و داڵ و گژوگیایە بژار کا تا گەشە و نەشەی گوڵی ئاڵ و واڵای باغچەی کزی کوردی دەرکەوێ و لەسەر ھەر پەڕەی گوڵێکی ئەو گوڵجاڕە بولبولێک بەنەغمەی وردەوە ھەوایەک بڵێ. ھەوایەک کە خورۆشی ڕۆحی بێگانەی تێدا نەبێ و سکاڵایەک بێ بەلاوک و حەیران و ئای ئای لەگەڵ گیانی تامەزرۆی ھەستیاران. گۆران لە باری تەشبیھەوە وردترین و گەورەترین و ئەگەر باشتر بڵێم جادووکارترین شاعیری سەدەی بیستەمە. نەک ھەر لە ناو کوردا، بەڵکو لە ناو گشت جیھانی وێژەدا: شنەی سێبەری داری گوێز و توو ئەسڕێ ئارەقی ڕێبواری مانوو ئەکشێتە ناو باخ توولە ماری ڕێ چەن پیرێک ئەبن بە خڵتەی لافاو گوڵەبەڕۆژەی قژ زەردی چاوکاڵ ملکەچ وەستاوە سەرگەرمی خەیاڵ پەلکەزێڕینەی پاش بارانی زۆر چەماوەتەوە بەرامبەر بە خۆر ڕوو لە عەرشی پاک ئەلەرایەوە بۆ گیانی مردوو ئەپاڕایەوە گیانی من بۆ تەڵێ وەنەوشە پەرۆشە، کە لە ژێر سێبەری تووتڕکا خامۆشە! ئەوانە و ھەزارەھا تەشبیھی تریش ھەر کامیان بگرن خۆیان پەڕاوێکن کە ئەکرێ ھەزارەھا لاپەڕەیان لەسەر بنووسرێ و جوانی و ھونەری شاراوەیان بخرێتە بەرچاو. گۆران نەک ھەر لە باری سەنعەت و فەننانییەوە، بەڵکو لە باری کۆمەڵایەتیشەوە، شاعیرێکی تاقانەی کۆمەڵیەتی کە ئەڵێ: پڕ ئەشکەوتێک سام و گومان ئەخاتە دڵ بۆ داخورپان ھەوای قەفەس گەرووگیرە قەنارەم قووڵایی بیرە کام بیر؟ ئاخۆ مامۆستای بەھەشتی سکاڵای لە دەست کام بیر و کام ھەوای گەرووگیرە؟ بێ گومان دیتنی دزێوی لە ناو کۆمەڵا خەوش و خاڵی ئاڵۆزی ئەخاتە سەر لاپەڕەی سپی و بێگەردی ھەناوی شاعیرێکی وەھا ناسک خەیاڵ و خاوەن ھەست کە تووڕەی ئەکا لە گیان، وەڕەزی ئەکا و ئاگر بەرئەداتە دەروونی و ئەو ئاگرە ئەبێتە بڵێسەیەک کە ناوی زمان و پێنووسە. پلووسکی پێنووس ڕەھێڵەی بارانی خەم و خەفەت ھەڵئەلووشێ و بەتەوژمێکی ھەستیارانە دەری ئەداتەوە و ئەبێتە شیعرێک کە موومان ئەکاتە نەشتەر و ئەمانخاتە ناخی ئەو جیھانەوە کە گۆرانی تێدا بووە. ئەمەیە ئەوپەڕی ھونەرمەندی کە بتوانێ خەڵک لەگەڵ خۆیا بەرێ و پەردەی ئەو جیھانەیان بۆ ھەڵداتەوە کە چاو و ھەستی وردی دیویەتی و ناسیویەتی؛ ئەو جیھانە کە ئێمە بێ دەربەست بەلایا تێئەپەڕین و ھۆیەکانی ناتوانین شی بکەینەوە. گۆران ئەگەر لە وتارێکا بکرایە بیناسین ئیتر گۆران نەبوو. کە وەھایە ئەیھێڵینەوە بۆ وتارێکی تر و ھەڵکەوت و ھەلێکی تر. تا ئەو کاتە خواتان لەگەڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گۆران و جوانی سەلام لە گوێگری بە ھەست و بەڕێز و ھونەرپارێزی بەرنامەی تاپۆ. مامۆستا گۆران و شوێنەوارە بەنرخەکانی لەوانە نییە کە لە چەن وتارێکی چوار یەکە سەعاتییا بناسرێ. بەڵام ئەگەر ھەموو جوانییەکانی ھەست و چێشکەی مامۆستای نەمرمان بۆ ھەڵنادرێ و کاتی تەسک و تیواری بەرنامەکە ڕێگەمان نادا. خۆ ناشکرێ لەم ھەموو جوانییە چاو بپۆشین و بەلای گوڵزارێکی بۆن خۆشا تێپەڕین و پڕ بەدەروون سینەی لێ پڕ نەکەین. جا کەوایە ناچارین کارێک کە لە بەرنامەیەکا نالوێ، لە بەرنامەدا بیکەین. ھەڵبەت دیسانەوەش ناتوانین بەڵێن بدەین کە ھەموو جوانییەکانی شیعری گۆرانمان باس کردووە. مەولانا جەلالەددینی ڕۆمی، شاعیری ھەرە گەورەی فارس لێرەدا ئەگاتە فریامان و بەجوانترین شێوە دەسکورتیمان ئەشارێتەوە. مەولانا ئەڵێ: آب دریا گر کنی در کوزه‌ای چند گنجد قسمت یک روزه‌ای آب دریا را اگر نتوان چشید ھم بە قدر تشنگی باید چشید مانای ئەم دوو شیعرە بەکوردی ئەبێتە ئەمە: ئەگەر بتەوێ ئاوی دەریا بڕێژییە ناو گۆزەیەکەوە ھەر بەشی ڕۆژێک ئەبا، بەڵام ئەگەرچی ناتوانین ھەموو ئاوی دەریا ھەڵمژین، لانی کەم بەئەندازەی تینوویەتی ئەبێ بخۆینەوە. گۆران نزیکەی ٢٣ ساڵ لێرەوبەر واتە لە بەرواری ٢٥/٦/١٩٥٠دا لە ھەولێر سەرەتایەکی کورتی بۆ کۆمەڵە شیعرێک بەناوی «بەھەشت و یادگار» نووسیوە و لەو سەرەتایەدا ئەڵێ: «بەھەشت و یادگار کۆمەڵە شیعرێکە لە دیوانەکەم. سەرانسەر لەگەڵ بابەتەکانی جوانی و دڵداری خەریکە. ھەڵبەستی وای تیایە کە بیست و پێنج ساڵ، بەڵکو زیاتر، لەمەوپێش دانراوە. ھەروەکو ھی چەند مانگ لەمەوبەریشی تیایە. بەشی زۆری کۆنەکان بەوەزنی عەرووزی و کوردییەکی کۆنی تێکەڵاو بەزمانی بێگانە نووسراون. ئوسلووبیشیان کۆنە. یان وەک ھی سالم و نالی لەسەر پێ و شوێنی غەزەل ھەڵبەستراون، یان ئەو جۆرە ئوسلووبەیان تێدا کراوە بە سەرمەشق کە مامۆستا «م-نووری» و ھاوڕێکانی لە ئەدیبە تازەکانی تورکی ئوسمانییان وەرگرتووە و لە سەردەمێکی سنوودار (١٩٢٠ - ١٩٣٠) شیعری کوردی ناوچەی سلێمانییان پێ تازە کردەوە. ئەم کۆنانە زۆربەیان بەناوی «یادگاری کۆن»ەوە کراون بە بەشێکی جیاواز.» پاشان مامۆستا گۆران لە سەرەتایەکدا بۆ ناسینەوەی تازە و کۆنەکان مقیاس و تەرازوویەک ئەداتە دەست و ئەنووسێ: «ڕێگای ھەرە چاک بۆ جوێکردنەوەی تازە و کۆنیان چەند وردبوونەوە لە زمان و لۆغەتی پێ نووسینیان ڕاسپێری ئەکەم، ھەچ ھەڵبەستێک وشە و تەرکیبی عەرەبی و فارسی زۆر تیا بێ بەئەندازەی ئەو زۆرییە، کۆنە؛ پێچەوانەی ئەوەش دیارە پێچەوانەیە!» وا دەرئەکەوێ کە مامۆستا لە شێوەی غەزەلدا پەیڕەوی لە نالی شاعیری ھەرە بەرز و ناسک خەیاڵی کورد کردووە و پاشان ماوەیەک چۆتە سەر ئەو شێوە تازەیە کە مامۆستا نووری و ھاوکارەکانی لە شێوەی تازەی تورکەکانی عوسمانییان وەرگرتووە. ئەو شێوەیە لە ناوچەی سلێمانییا لە ١٩٢٠ەوە تا ١٩٣٠ واتە ماوەی دە ساڵ لە گەشەکردنا بوو. لە وێژەدا شاعیرە گەنجەکانی ئیمپڕاتۆری عوسمانی یانی ئەو ئیمپڕاتۆرییە کە ئاخر و ئۆخری ژیانی بوو، شێوەیەکی نوێیان دامەزراند کە لە چاو شێوە کۆنەکان کە لەسەر شێوەی عەرووزی عەرەبی بوو، شێوەیەکی تازە بوو. ئەو شێوەیە بەپێی پێتەویستی کات و بەگوێرەی گۆڕان و تەحەوولی بیروبڕوای گەلی تورک پەیدا بوو. شێوەیەک بوو شۆڕشگێڕانە و نەتەوایەتی. بەڵام ھەرچی بوو لەگەڵ باری گەلی کورد نەدەھاتەوە و مامۆستا نووری و ھاوڕێکانی بەھەموو کۆششیانەوە نەیانتوانی بەرگی کوردانەی لەبەر کەن و بیکەن بە خۆماڵی. چونکە لەگەڵ قۆناخێکا کە کورد ئەو کاتە پێیا تێئەپەڕی، جیاوازی ھەبوو و یەکتریان نەدەگرتەوە. مامۆستا گۆران یەکەم شاعیری کوردە کە تا ئەو ڕادەیە ئەوینداری جوانی بووە. جوانی ھەڵاتنی خۆر، ئاوابوونی خۆر، ڕەوتی جوان، ڕوانینی جوان و بەکورتی ھەر شتێ کە ئەکرێ سفەتی جوانی بۆ بھێنرێ. بەتایبەت جوانی ئافرەت. لە کۆمەڵە شیعری بەھەشت و یادگارا چاومان بەم سەردێڕانە ئەکەوێ: ئافرەت و جوانی، ڕەوتێکی جوان، ئاواتی دووری، گوڵی خوێناوی، خۆزگەم بەپار، سکاڵا، بۆ جوانی سەرەڕێ، بەستەی دڵدار، جوانی لە لادێ. ھەموو ئەم شیعرانە سەبارەت بەجوانی ئافرەتن و ئێمە لە دوایی ئەم بەرنامەدا لە کۆمەڵە شیعری بەھەشت و یادگار، پارچە شیعرێکتان بۆ ئەخوێنینەوە. شیعرەکە ناوی سکاڵایە و لام وایە پێویست ئەکا کەمێک لە کاکڵەکەی بدوێم. کوڕێکی گەنجی ئاسایی کە نە زۆر جوان چاکە و نە لە ھیچ بارێکی ترەوە زیادەبەشێکی ھەیە، تووشی کچێکی ھەرە جوان ئەبێ. کچێک کە لە ھەموو بارێکەوە لە کوڕەکە لەپێشترە. لەبەرئەمە کوڕە ھەست ئەکا سوودی نییە قسەی لەگەڵ بکا و ڕازی دڵی لا بدرکێنێ، یا تەنانەت سەیری بەژن و باڵای کچەکە بکات. لەولاشەوە کیژۆڵەی جوانی بەلەنجەولار، لەبەر خۆیەوە بیر ئەکاتەوە کە ئەم کوڕە گەنجە بۆچ وەک گەنجانی تر سەری بۆ دانانەوێنێ و پرێسکەی دڵی بۆ ناکاتەوە. لە ئاکام وا تێئەگا کە ئەو گەنجە خۆ بەگەورەزان و خۆ پارێزە و ئەبێ بەسەدان دڵبەری جوانکیلەی ھەبێ و ناپەرژێتە سەر ئەو. ھەر ئەم خۆگرتن و بێ دەنگییەی کوڕەکە کارێک ئەکا کە کیژەکە بیەوێ ئەم قەڵا پۆڵایینە بڕووخێنێ و سەر بەم گەنجە خۆ بەزل زانە داچەمێنێ. لە پێشدا بەزەردەخەندەی نادیاری، پاشان بەئیشاڕەی چاو و برۆ پەیغامی دڵداری بۆ کوڕە ڕەوانە ئەکا. کوڕیش لە خودا ئەخوازێ کە سەر و گیانی بخاتە پێناوی ئەو کیژە جوانە و ئێستە کە کچەکە خۆی ئەوینی خۆی دەربڕیوە، بەھەلێکی باشی ئەزانێ و وەڵامی پەیغامی ئەداتەوە و وێڵی ئەبێ. کەنیشکەکە لەپڕ تێئەگا شتێ کە ئەوی بۆ لای کوڕەکە ئەکێشا، غروور و قسە نەکردنەکەی بوو، ئێستە کە ئەویش چەشنی گەنجەکانی تر وێڵ و ئاوارە و ئەویندار و دڵ بریندار بووە، ھیچ جەزبە و کێشەرێکی نەماوە، لەبەرئەمە ڕووی لێ وەردەگێڕێ و نامیھرەبانی لەگەڵ ئەکا. کوڕەکەش تیری ئەوین لە دڵی سمیوە و بەم ساکارییە ناتوانێ دەس ھەڵگرێ و ناچار شین ئەگێڕێ بۆ دڵی لەدەسچووی... جا ئەمەش شیعرەکە: «سکاڵا» لە سەمای بەرزی ناوبانگی حوسنا تاقەستارە، نەبووی لە وزەی دەسکورتی منا ئاشکرا و دیارە! ھەر لەبەرئەوە ڕووم لێ وەرگێڕای یەکەم تەسادوف دڵەی حەسساس نا، بەردم پیشان دای بەڵام تەئەسسوف: واتزانی کە من موستەغنی و غەڕڕام حەریس تر بووی لێم تێھەڵچووی: بەدەم، ئیشارەت، پەیغام پەیمانت دا پێم! ھەیھات! مەلی دڵ، خوێن گەرمی شەباب تەفرەی ئاسان بوو، کەوتە شوێن قسەت، فڕی بە شیتاب، وێڵی ئاسمان بوو... کەچی نەیشتھێشت، بێ لەسەر سینەت بنیشێتەوە؛ لاتبرد لە ڕێگای ھەوای مەحەببەت دوورت خستەوە! مەلی ناو فەزای ناموتەناھیم! دڵی لاوم ڕۆ! مانووی ئینتیزار ڕێی وەعدی واھیم: نووری چاوم ڕۆ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گۆرانی ڕچەشکێن سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ. ھیوادارین بەختیار و سەرکەوتوو بن و ئەگەر ڕەخنە یاخود پرسیارێکتان سەبارەت بە مەبەستە ھونەرییەکان ھەیە، بۆمانی بنووسن، ھەروەھا ئێمە ئامادەین ئەگەر پارچە ھەڵبەستێکی جوانتان ھەبێ یا پەخشانێکی ئەدەبی بۆمانی بنێرن بەناوی خۆتانەوە بڵاوی کەینەوە بەشەرتێ بتوانین بڕوای خۆمان سەبارەت بەنووسراوە و شیعرەکانتان دەربڕین و ماوەی ئەمەمان ھەبێ کە ھەڵە بەرچاو و دیارییەکانی نووسراوەکان ڕاست کەینەوە. مامۆستای نەمر گۆران سەرەتا دامەزرێنەری شیعری نوێی کوردی بوو و یەکەم کەسێک بوو کە ڕچەی شکاند و کەوتە پێش شاعیرانی دوای خۆی. ڕێگایەک کە مامۆستای بەرزی کورد لە ھونەری شیعرا گرتیەبەر، تا ئەو ڕۆژە کەس پێیا نەڕۆیشتبوو. بەڵام دۆزینەوە و ئیبداع و خوڵقاندنی ھونەری وەک ھەموو شتێکی نوێ و بگرە پتر لە ھەموو شتێکی نوێ پێویستی بەئازادی بیروبڕوا و سەربەخۆیی و بەھێزی مێشک و ھەناوی ئەو کەسە ھەیە وا یەکەم دەسپێکەر و دۆزەرەوە و خوڵقێنەرە. مامۆستا گۆران لە ناو خەڵکا ژیا بوو، لە حوجرەی فەقێیان، لە دیوەخان و خانەقا، لە شار و لە دێ، لە ناو عێل و شاریا وەک یەک شارەزا بوو. ھەروەھا تێراوی سەرچاوەی ئەدەبی کۆنی کوردی و ئەو ئەدەبانەی تر بوو کە کاریان کردبووە سەر ئەدەبی کوردی. جا بەھۆی ئایینەوە بێ یا تێکەڵایەتی مێژوویی و ھەرێمی و شتی ترەوە. لەبەر ئەمە گۆرانی نەمر لە پێشا شیعری عەرووزی گوت و لەم شێوەیەشدا ھێز و دەسەڵات و مامۆستایی خۆی تەواو دەرخستووە. زۆر مەزموونی وا ھەیە کە مامۆستا ھەم بەشێوەی عەرووز و ھەم بەشێوەی نوێ کردوویەتی بەشیعر. وەک ئەم مەزموونەی چوونە کانی و ئاو ھێنانی ئافرەتان لە کوردستان، کە سووژە و ھەوێنێکی خۆماڵی و ناسراوە لە ناو کورد و ئەدەبەکەیا. «ڕێی کانی قوبان مونتەزیری جیلوەیی نازە» یەکێکە لە شیعرە ھەرە جوانەکانی مامۆستا. لەگەڵ ئەوەشا بەگوێرەی ناچارییەک کە شێوەی عەرووزی بۆ شاعیری ئەھێنیتە پێشەوە زۆر وشەی عەرەبی و لێکدانەوە و تەعبیری ئەدەبەکانی ھاوسێی تێدا بەرچاو ئەکەوێ و شاعیری ناچار کردووە لەباتی قوربان بۆ ھاتنەوەی شیعرەکە بڵێ «قوبان»! ھەروەھا مامۆستا ئەم مەزموونەی لە جێگایەکی ترا بەقالبی عەرووزی و ناوەڕۆکی نوێوە کردووە بەشیعر و ئەڵێ: ھەموو بەحەسرەتەوە گوڵ ئەکەن نساری ڕێت بزانین ئاخۆ گوڵی کێ بەدڵتەوە ئەلکێت. گوڵ بەدڵەوە لکان بەمانای ئەمە کە گوڵی کام گەنج کار ئەکاتە سەر ھەستی کچانەت. تەعبیرێکی تەواو نوێیە و وێنەی لە وێژەی کوردییا نییە. مامۆستا بەشێوەی نوێ، نوێ چ لەباری کاکڵ و چ لەباری تۆکڵەوە ئەم مەبەستەی کردووە بەشیعر. گۆران ھەست ئەکا بۆ شاعیرێکی پێشکەوتوو تەنیا شارەزایی بەئەدەبی کۆن و تەنیا ئەدەبی نەتەوەکەی و ھەرێمەکەی بەس نییە. ھەست ئەکا بەر لەوە ھەرێمی ڕامیاری یا یەکیەتی گشت مرۆڤ بێتە دی پێویستە لە وێژەدا بەتایبەت لە شیعرا کە لە ھەموو ھونەرێکی تر لە عاتیفە نزیکترە ئەم مەبەستە ئەبێ پێکبێ و مرۆڤ بێ ئەوە چاو لە زمان و زانیاری و نەتەوە و ھەرێمەکەی بگرێ، ئەبێ ببێتە یەک خێزان و بۆ ئەم مەبەستە شاعیر پێویستی بەڕوانین و شارەزابوون بەسەر وێژەی بێگانەدا ھەیە. باشتر وایە کە شاعیر خۆی زمانی بێگانە بزانێ و بێ ئەوە ناچار بێ وەرگێڕاوی نووسراوەکانی لاوەیی بخوێنێتەوە بتوانێ ڕاستەوخۆ لەگەڵ بیر و ھەست و عاتیفەی شاعیری لاوەیی تێکەڵ بێ تا دیوانەکەی برانس و شیلی و شکسپیر بخوێنێتەوە و پاش خوێندنەوەی دیوانی برانس، بەم جۆرە شاعیرانە بچێ بەتانی جوانییەکانیا و بڵێ: دیوانەکەی برانس کە نەغمەی شیعری ئەڵێی کچە پێئەکەنێ یان ئەگری. ڕاستی جوانتر لە گریان و پێکەنینی ئافرەت چی ھەیە؟ ھەردوو ئەم دوو حاڵەتە، واتە ئەم پەڕو ئەو پەڕی تیندرانی عاتیفە ئەبنە ھۆی دەرکەوتنی گەوھەری بەورشەی ھەناوی ئافرەت، یانی ئەو ئادەمیزادە کە تانوپۆی لە ھەست و نەرمی و خۆشەویستی پێک ھاتووە. گۆران، گەورەترین شاعیری کوردە کە کەلێن و قوژبنی گیانی ئادەمیزاد ئەپشکنێ و ڕووناکی شیعری ئەخاتە سەر تاریکایی ھەست و عاتیفەی مرۆڤ. گۆران ھەر ئەو شتانە ئەڵێ کە ھەموو ئادەمیزادێک لە دڵیا ھەستیان ئەکا. بەڵام ناتوانێ دەریانبڕێ. گەورەترین جیاوازی شاعیر لەگەڵ خەڵکی ئاسایییا ئەمەیە کە پەریزادی خنجیلانەی ناو پەردەی خەیاڵ بەتەلیسمی وشە ئەخاتە بەرچاو و ئەیھێنێتە سەر شانۆی دیدار. ھەموو کەس جاری وا ھەیە ھەست ئەکا ئەوەی لە دڵیا ئەجۆشێ، لە لایەکەوە گەورەترە لەوە کە لە پەیمانەی مێشک و دەروونیا بحەوێتەوە. بەڵام کاتێ ئەیەوێ لە پلووسکی زمانەوە ھەڵیڕێژێ و بیخاتە ناو دەفری وشەوە ئەبینێ کە لە وزەدا نییە ناوی دەریا لە گۆزەیەکا جێ بکرێتەوە. تکایە گوێ بگرن بۆ چەن شیعرێک لە پارچە شیعرێکی مامۆستای بەرز و نەمر: ھەر چەن ئەکەم، ئەو خەیاڵەی پێی مەستم، بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی ھەڵبەستم! لێکدانەوەی دەروون، قسەی زمانم بۆچی وەھا دوورن لە یەک؟ نازانم! ئەمویست دەروون بکرایەوە وەک تۆمار دەرکەوتایە دونیای جوانتر لە بەھار دەرکەوتایە ئاوات، ھیوا، خەوبینین پڕشنگدارتر لە ئەستێرەی قوبەی شین! تا بەرنامەی داھاتوو بەخواتان ئەسپێرین بەڵێنتان ئەدەین کە لە بەرنامەکانی ترا باسی ئەو شاعیرانەتان بۆ ئەکەین کە شوێنی گۆرانیان گرتووە و ھەروەھا پلەی ئەمڕۆی شێوەی نوێ لە شیعری کوردییا باس ئەکەین. تا ئەوکاتە بەختیار و سەرکەوتووییتان ئاواتە خوازین. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شێرکۆ بێکەس و گڕوگاڵ دوای «گۆران» سەلام لە گوێگری بەھەست و ھونەر پەرەستی بەرنامەی تاپۆ. لە بەرنامەی ڕابردوودا باسی مامۆستا گۆران و شێوەی شیعرییەکانی ئەو شاعیرە بەرزەمان کرد و گوتمان کە مامۆستای نەمری کورد لە پێشا لەسەر ڕێگا و شوێنی دامەزراوی وێژەی ڕۆژگارەکەی واتە شێوەی عەرووزی ئەڕۆیشت و چەن پارچە شیعرێکی ھەرە جوانی لەو شێوەدا ھەیە، بەڵام تەنانەت لە شیعرە کۆنەکانی مامۆستاشا کە بەرھەمی سەرەتای شاعیری ئەون، تەعبیر و لێکدانەوەی نوێ بەرچاو ئەکەوێ. مامۆستا گۆران ھەستی کردبوو کە بەپێی گۆڕانی ڕۆژگار و پەیدابوونی نیاز و پێداویستی تازە لە ناو کۆمەڵەکەیا شیعری عەرووزی ناتوانێ و نابێ لەمە زۆرتر بخایەنێ و بمێنێتەوە. ئەم پێتەویستی لە چەن لاوە ھەست ئەکرا؛ یەکەم ئەمە کە ئیتر وەک پێشوو شیعر مەزەی مەی ناو کۆڕی دەسەڵاتدارانی گیرفان پڕی مێشک بەتاڵ نەبوو و تەنھا بۆ لاواندنەوەی گوێچکەی پارەدار نەدەگوترا کە ھەرچی بەشکڵ و ڕواڵەت ڕازاوەتر بێ، باشتر بێ؛ شیعر ھەر وەک سەرەتای پێکھاتنی، ھەروەک فەلسەفە و ھۆی ھەبوونی ئەیگوت و ئەیویست. دیسانەوە ببوو بەچەک. چەکی تیژ و گورچک بڕ، خەوتارێن و ترسھێن، دووھەم ئەمە کە ھەر لە پێشیشا شێوەی عەرووزی، خۆماڵی نەبوو، سەرچاوەی لە زانیاری کوردەوە نەدەھاتە خوارەوە و لەگەڵ تایبەتییەکانی زمانی کوردیش باش ڕێک نەدەھات، سێھەم ئەمە کە کورد لە پێشا خۆی شێوەیەکی لە شیعرا ھەبوو و بەیتی پێ ئەگوترا و لە زۆر بارەوە نزیکە لە شێوەی نوێ، ھەم لەبەر کورت و درێژی نیوە شیعرەکان و ھەم لەباری ئاھەنگەوە و شیعری کوردی بێ ئەوە لە تاقیکردنەوە بترسێ، ئەتوانێ شێوەیەکی نوێ بگرێتەبەر. بەداخەوە مامۆستا لە کاتێکا گوڵستانی زەوقی ڕوو لە گەشە و پێشکەوتنی پتر بوو و شاگردانی ھێشتا لەم سەرچاوە ڕووناکە تێراو نەببوون کە چاوی لە ژیان پۆشی و وێژە و وێژەویستانی کوردی بەداخ و مەینەتەوە بەجێ ھێشت. بەڵام چرایەک کە مامۆستا ھەڵی کردبوو پاش مەرگی ئەویش نەکوژایەوە و بەر پێی پیاسەکارانی ڕێگای وێژەی نوێی ڕووناک کردەوە و شاگردانی مامۆستا لەم دیو و لەو دیو بە رچەی خۆش کراوی مامۆستادا ڕۆیشتن. ھەندێک لە گەنجانی شوێنگری گۆران توانییان خۆیان ببن بەخاوەنی شێوەیەکی تایبەت و ھەندێکی تر ھەر بەلاساکردنەوە قنیاتیان کرد و نەیانتوانی ڕێگایەکی سەربەخۆ و لێکدانەوەیەکی شەخسی بدۆزنەوە؛ بەداخەوە لە گەنجانی شاعیری ئەم سەردەمە کەمتریان چەشنی مامۆستا گۆران لە ناو کۆمەڵەی کورددا ژیاون و تاڵ و سوێرییان بەدرێژایی ژیانێک چێشتووە و کەمیان شارەزای زانیاری کوردن، زانیاری بەھەموو لک و پۆیەکییەوە. کاتێ شێرکۆ بێکەس لە شوێنەوارە نوێیەکەیدا باسی تفەنگ و کاروان و شوکاک و ئاوزەنگی ئەکات، ئەڵێی مناڵێکی تامەزرۆی سواری و غارکردنە کە ھەرگیز لە شار دەرنەکەوتووە و باسی شوکاک و دە ڕۆژە ساردەکەی ئەوی لە دەمی خەڵکی تر بیستووە. مەبەست ئەمە نییە کە ئەم گەنجانە سەرنەکەوتوون و یا شوێنەوارەکانیان بێ کەڵکە، بەڵام ئەگەر بتوانن زمانی شیعری خۆیان لە زمانی خەڵکی ئاسایی نزیکتر بکەنەوە و زیاتر لە لێکدانەوەی بێگانە دوور بکەونەوە و ڕوو بکەنەوە تەعبیرە تەواو کوردییەکان، باشتر سەر ئەکەون، من ناڵێم کە گەنجە شاعیرەکان خزمەتیان بێ نرخە، بەڵام لام وایە کە شاعیر دوو ڕاسپێری وێکڕا لەسەر شانە؛ یەکەمیان ڕاسپێرییەکە کە بەرامبەر بەکۆمەڵ ھەیەتی ئەبێ بەزمانی ئەوان بدوێ تا بتوانێ واتە و مەبەستی ناو شیعرەکانی بەوان حاڵی بکا، دووھەم ڕاسپێرییەکە کە سەبارەت بەھونەر ھەیەتی و نابێ تەواو خۆی تەسلیمی نزمییەک بکا کە لە قسە و باسی وتووێژیدا ھەیە، چونکە ئەگەر جوانی و بەرزی ھونەر لە شیعرا نەبێ، قسەی شاعیر ئەبێ بەئامۆژگاری ڕووت یا گێڕانەوەی داستان. شاعیر لە لایەکەوە ئەبێ خۆی لەگەڵ کۆمەڵ رێک بخا لە لایەکی ترەوە ئەبێ لە کۆمەڵ پێشکەوێ، بەڵام ئەم پێشکەوتنە نابێ چەشنێک بێ کە شاعیر ئەوەندە لە خەڵک و زمانی خەڵک دوورکەوێتەوە کە لە بەرچاو گوم بێ و تێکەڵیشی لەگەڵ خەڵک نابێ ئەوەندە بێ کە لەگەڵ ئەوان نەناسرێتەوە. ئێستا تکایە گوێ بگرن بۆ سەرەتای شوێنەوارێکی نوێی شێرکۆ بێکەس. بەھۆرەی تفەنگی کاروانی بێ بنار، لووتکەکان ئەستێرەی پشکۆیان ڕژانە ناو چاوی بەیانی بەفرەوە چەمەکان بەرزە و پێ ھەڵسان و ھەڵگیرسان ئەسپەکان لە بێشەی ئاگرا ئاو دران ھۆڕەیە وا «شوکاک» ڕەشەبا زین ئەکات بەقاچی گەردەلوول، ئاوزەنگی لافاوی باڵگرتوو... لێ ئەدات ھۆرەیە... ھۆرەیە... . ئەشکەوتی گوێی شاخی بەمسی تاریکی ئاخنراو وا بەربوو کەوتە بەر تەوژمی ڕووباری خۆرەتاو ھۆرەیە وا «شوکاک» ڕەشەبا زین ئەکات بەقاچی گەردەلوول... ئاوزەنگی لافاوی باڵگرتوو لێ ئەدات ڕەگ ئەبێ چۆغەی ژان لەبەر کات بۆ ئەوەی لەبەردا گوڵ بڕوێ ئاو ئەبێ خۆی تاڵ کات، بۆ ئەوەی پەلوپۆی تینوێتی... خۆر بگرێ! لەم شیعرەدا کە تەواو لەسەر شێوەی نوێیە، ئاھەنگ ھەیە، بەڵام وەزنی عەرووزی و قافیە بەرچاو ناکەون. کایە بەئەلفاز و تەشبیھی تا ئەمڕۆ نەکراو لە ناویا زۆرە. ئەوەندە زۆرە کە خوێنەرەوە پێش ئەوە کاکڵەکەی ھەست بکا ناچارە بپەڕژێتە سەر توێکوڵەکەی! قاچی گەردەلوول، ئاوزەنگی لافاوی باڵگرتوو، ئەشکەوتی گوێی شاخی بەمسی تاریکی ئاخنراو و زۆر تەشبیھی تر کە شیعرەکە لە بەرچاو ئەکەن بەتەلەسم و جادوو. ئەگەر کاک شێرکۆ ئەم ھەموو زۆرەی بۆ خۆی نەھێنابایە باشتر ئەبوو. تا بەرنامەی داھاتوو بەخوای گەورەتان ئەسپێرین. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: محەممەد سەددیقی مەحموودی، بەشوێن مامۆستا گۆرانەوە گۆران ھەڵکەوتەی شیعری کوردی، لە عێڕاقا چاوی کردەوە، لەوێ ژیا، لەوێ ھەڵیدا و لەوێ چاوی بەجیھان پۆشی. شیعری شێوەی نوێ ئەگەر بەگۆرانیش دەس پێ نەکرابێ، لانی کەم ئەوە قسەی تێدا نییە کە بەھۆی گۆرانەوە پتەو بوو، ڕازاوە و جێگای خۆی کردەوە. گۆران ئەوینداری ڕاستی و ڕەوانی جوانی بوو؛ چ لە سروشتا و چ لە ئافرەتا. بوێرانە گوتی: جوانی لە خواوە بەھرەیەکە پڕ بەپێست بۆ ئافرەت و گوتی: بەڵام تەبیعەت ھەرگیزاو ھەرگیز بێ ڕووناکییە بێ بزەی ئازیز خوڕەی قەڵپەزەی کەف چەرێنی چەم، شنەی سێبەری داری گوێز و توو، توولەماری ڕێیە کە دەخوشێتە ناو دارستان، گاشەبەردێ کە گەردوون تلی پێ نەداوە، کۆلکە زێڕینەی پاش بارانی زۆر، گوڵەبەڕۆژەی قژ زەردی چاوکاڵ، ھەمووی ئەمانە و گش جوانییەکی تری سروشت بۆ ئافرەت، ھۆی لێکدانەوە و ھەستی ئایینی بوون. گیانی شاد بێ کە بەساکاری و دڵپاکی لادێییەکەوە گوتی: خوای یەکەمین جوانییە لەباری ئایینەوە. گۆران ئەوتۆ بوو، ئەوینداری دڵ پڕ لە ھەستی جوانی و ئەو خەیاڵەی وا پێی مەست بوو، باش توانی بیخاتە ناو چوارچێوەی ھەڵبەستی. نە ڕمبەڕمبی بێھوودەی ناسیۆنالیزمی تەواو ویشکی نیزیک بەفاشیزمی لێوە دێ، نە بێ دەربەستی شیعری ئیندیویدوالیستیی (individualism) لە کۆمەڵ تەریک بوونی پێوە دیارە. ئەم دوو نموونەیەم بۆیە ھەڵدا کە بەداخەوە لە ھەردوو بارا تاقمی وەھامان ھەن، کە یا ھەر خۆیان ئەبینن، یا ھەر گەلی خۆیان لایان وایە شەڕ، شەڕی نێوان دوو ڕەگەزە، یا دوو ھۆز، یا دوو گەل و تەواو لە چلۆنی چینایەتی و ئابووری دوور و... . گۆران وەھا نەبوو. ئادەمیزادێکی تێگەیشتووی شاعیر بوو؛ بەڵام شێوەی لە عێڕاقدا پاش خۆی پەیڕەوی زۆر بۆ پەیدا نەبوو. لەبەر چی وەھا بوو؟ خۆتان لێکیدەنەوە. چونکە باسێکی ترە و لێرەدا جێگای نابێتەوە. بەداخەوەم کە ناچارم ئەوە بڵێم کە شاعیری کورد لە عێڕاقا نەیانتوانیوە ڕێبەر بن؛ زیاتر چاولێکەر بوون. شوێنگرتووی کۆمەڵ بوون، بێ ئەوە ھەوڵێک بدەن بۆ گۆڕینی بەرەو پێش بردن. لەبەر ئەوە شیعرەکانیان زەنازەنای بێھوودەیە و ڕمبەڕمبی ساکار. مەبەستم شاعیرانی گەنجە، نەک ئەو برایانەی ڕابردوو. یەکێک لەو ئیستعدادە بەفیڕۆ چووانە بەلای منەوە «ھەژار»ە کە بەڕاستی خەسارە. کەس نییە پێی بڵێ مامۆستا! خوێن، ئەویش خوێنی ئادەمیزاد، ئەویش بەم شێوە گشتییە کە تۆ گوتووتە چۆن پیس ئەبێ؟ و ئایا گوڕ و فیچقەی خوێن لە بان تیغی دەبان لە شیعرا ھێنانەوە، خووی سادیسمی و پیاو کوژی لە گەلا ھاندان، لە کاتێکا کابرا ھاتوو گوتی: «برالە ئادەمیزاد یەکن و ئەوەی تۆ بەڕواڵەت ئەیبینی شەڕی نێوان دوو نەتەوەیە، لە ڕاستیدا شەڕی نێوان دوو ئابوورییە» سوودی چییە؟ لێرەدا مەبەستم ڕەخنە گرتن نییە و زیاتر لەسەر ئەم باسە ناڕۆم؛ بەڵام ئەمەوێ بڵێم کە شێوەی مامۆستا گۆران پاش نەمانی خۆی لە عێڕاقا پەرەی نەگرت و لە ئێرانا زیاتر ھۆگری بۆ پەیدا بوو. یەکێک لەو پەیڕەوانەی شیعری گۆران، مامۆستایەکی گەنجە، بەناوی مامۆستا محەممەد سەددیقی مەحموودی موکریانی. ھەڵبەت ئەو مامۆستایە ھێشتا نەیتوانیوە شێوەیەکی تایبەتی و سەربەخۆ بدۆزێتەوە و نەوەک قالب و دیوی دەرەوەی شیعرەکانی لە ھی گۆران دەچێ، بەڵکو ھەر ناوەڕۆکی شیعرەکانیشی ھەمان ناوەڕۆکی شیعری گۆرانە. ئەمەش شیعرەکانی مامۆستا محەممەد سەددیقی مەحموودی: خوڕەی ھەڵدێر، شمشاڵی شوان کە بۆ ھەڵبەست ئیلھامی خوان چەند بەسۆزن، چەند سێحراوین لای لایەن بۆ کۆرپەی ئەوین دەمی بەیان شنەی شەماڵ دڵی بێ تین دێنێتە حاڵ وەنەوشەی کز لە نێو تەما ئەخاتە ناو کۆڕی سەما بەپشت پشتی قامکی سروشت وەختێ کە خۆر پڕشنگی ڕشت گیتی ھەمووی دەشت و کێو بزەی زێوینی دێتە لێو بەئاھەنگی ھەوری بەھار فرمێسکی شادی دێتە خوار لە چاوی ئاسمانەوە بەموژدەیی ژیانەوە لە کێو و تەل، دەشت و چیا لە سەر پەڕی گوڵ یا گیا چەند نەخشینە، چەند جوان ئاونگ کاتێ کە لێی ئەدا پڕشنگ ورشە و تریفەی مانگە شەو لە سووچی دڵ ئەدا پەڕتەو ئەخاتە ناو ئاگری سوور تاسە، مەیل، ھەست و شعوور ئەوانە گشت ئەدەن بە گیان ژیان، بەڵام کامیان وەک نیونیگای ھی دڵدارین ئاوا لە ناخی دڵ کارین؟ مامۆستا گۆران ئەڵێ: چەند بە ئاھەنگ، چەند سێحراوین ئەگەڕێن پۆڕن یا مراوین و کاک محەممەد سەددیق ئەڵێ: «چەند بەسۆزن، چەند سێحراوین». «وەنەوشەی خامۆش لە ژێر تووتڕکا» ھی مامۆستا «گۆران»ە کاک سەددیقیش «وەنەوشەی کز»ی ھێناوە. جگە لەمانە تەواوی شیعرەکە ناوەڕۆکی ھەر ئەمەیە کە مامۆستا گۆران گوتوویە: کام تاسە، کام مەیل، کام چاوەنواڕی تەلەسماوییە وەک ھی دڵداری من لام وایە کە ئەم شاعیرە ھەوێنی شاعیرانە لە ھەستیا زۆرە و چاوەڕوانی ئەکرێ بەزوویی ڕێگای تایبەتی سەربەخۆی، خۆی بدۆزێتەوە. ١ ١. بۆ ئاشنایەتی پتر لەگەڵ خوالێخۆشبوو «مەلا محەممەد سەدیقی مەحموودی» (١٣١٦-١٣٦٥)، بڕوانە دیوانەکەی بەناوی «وەنەوشە»، کە لە ساڵی ١٣٦٧ی ھەتاویدا لە لایەن «ئینتیشاڕاتی سەلاحەددینی ئەییووبی»یەوە چاپ کراوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زاراوەکانی زمانی کوردی سەلام لە گوێگری بەرنامەی تاپۆ. لە چەند بەرنامە لەمەوپێشەوە دەستمان کردووە بە لێکۆڵینەوەیەکی ئەوتۆ کە ھەموو لان و بارێکی ژیانی کوردەواری بگرێتەوە. ئەمڕۆ گەیشتووینە سەر زمانی کوردی. ھەڵبەت سەبارەت بە زمانی کوردی لە پێشا باسێکمان لە بەرنامەی ڕابردووا ھەبوو و لەودا بەشکردنەکەی «مەککەنزی» و «تۆفیق وەھبی»مان باس کرد و ھەروەھا باسی چەن جۆرە بەشکردنی تریشمان کرد. ئەمڕۆ ئەو بەشکردنەتان بۆ باس ئەکەم کە بەلای منەوە لە ھەمووان باشترە، بەم چەشنە: زاراوەی کرمانجی ژوورو و یا شیمال، یەکەم. زاراوەی کرمانجی خواروو یا جنووب، دووھەم. زاراوەی گۆرانی، سێھەم. زاراوەی کرماشانی، چوارەم. ھەڵبەت لە ناو لکی ئەو زاراوە ئەسڵییانەشا جیاوازی ھەیە، واتە فەرعی موکری لەگەڵ فەرعی سولەیمانییا کە ھەردووکیان لکی زاراوەی کرمانجی خواروون، جیاوازە. شێوەی دووان و مەخرەجی پیتەکان و پاڵ بە پیتەکانەوە دان، واتە تەکیە لەسەر حەرفەکان و چەشنی ئەدای پیتێکی تایبەت لە سولەیمانییا لەگەڵ مەھاباد و بەشەکانی تری موکریان جیایە. بۆ نموونە، پیتی دال لە سولەیمانییا دالی کلۆرە بەتایبەت لە دوای وشەکانەوە، ئەڵێن: سەوپەنجا. بەڵام لە موکریان بە تایبەت لەدەورووپشتی مەھاباد ئەڵێن: سەدوپەنچا دالەکە باش دەرئەبڕن. جارجار لە سولەیمانی و دەوروپشتی سولەیمانی دال چەشنی گاف تەلەففوز ئەکرێ، بەتایبەت ئەگەر پاش دالەکە کە پیتی دوای وشەیەکە، وشەیەک بێ کە پیتی یەکەمی لەگەڵ دالی کلۆرا بۆ گوتن قورس بێ، وەک ئەم شیعرەی مامۆستا گۆران: «ھەر چەن ئەو خەیاڵەی پێی مەستم»... وەھا دێتە بەر گوێ کە بڵێن: ھەر چەنگەکەم! ... جیاوازی زۆرە، ئەمەش یەکیانە کە لە سولەیمانی زۆرتر ئەو «ئەلف»انە کە لە پێش «نوون»ەوە ھەڵکەوتوون ھەر وەک خۆیان بە«ئەلف» تەلەففوز ئەکرێن، بەڵام لە موکریان بەتایبەت لە ناو عێلی دێبوکری و مامش و پیران و مەنگوڕ و گەورکی بەشی «مەھاباد» و «نەڵێن» ئەو «ئەلف»انە ئەکەن بە«ی»، وەک نێو. ئەم جیاوازییە واتە گۆڕانی «ئەلف» بە«ی» لە نێوان شێوە دووانی «مەھاباد» و «سنە»شا ھەیە. لە «سنە» ئەڵێن: «پا»، لە «مەھاباد» ئەڵێن: «پێ». ئێلاتی دەوروبەری «مەھاباد» ئەڵێن: لە شاری بووم. لە جێگاکانی تر ئەڵێن: لە شار بووم. یا بۆ نموونە «مەھاباد»ی ئەڵێن: «دەستم دا تفەنگێ» و سنەیی و سەقزی و سولەیمانی ئەڵێن: «دەستم دا تفەنگ» یا «دەسم»، لێرەدا مەبەست «ی»ی دوای تفەنگە، نەک دەس و دەست؛ کە ئەویش خۆی جۆرێکە لە جیاوازی وەک «دەس و دەست»، «ماس و ماست»، «ڕاس و ڕاست»، ئەمانە ھەموویان جیاوازین لە شێوەی دووانا و لە وشەشدا جیاوازی ھەیە. وەک «قاچ و لاق»، «خاس و باش و چاک» و زۆر وشەی تریش. بەڵام ئەم جیاوازییە بچووکانە وەھا نیین کە بۆ نموونە شێوەی دووانی سولەیمانی و سنەیی و مەھابادی ئەوەندە لە یەک دوور بکەنەوە کە نەکرێ بەتێکڕایان بگوترێ زاراوەی کرمانجی خواروو. مەبەستێکی تریش کە لێرەدا ئەشێ بگوترێ ئەمەیە کە بەپێی نزیکی ھەرێمی زاراوەکان لە یەکتر، جیاوازی لە نێوان لکی زاراوەکانا پەیدا ئەبێ، وەک ئەمە «مەھاباد» ھاوسنوورە لەگەڵ «ڕەزاییە» و کوردەکانی دەوروبەری ئەو شارە، وەک: «شکاک»، «ھەرکی» و نزیکە لە کوردەکانی دەوروبەری «خۆ» و «شاپوور». وەک «جەلالی» و «میلانی»یەکان. لەبەر ئەمە زۆر وشەی زاراوەی کوردی کرمانجی ژوورووی لەوان وەرگرتووە، وەک ئەمە لە مەھاباد و لە ناو دانیشتووانی دەوروپشتی مەھاباد زەربولمەسەلێک ھەیە، ئەڵێ: «ئەگەر زانییان ئەزم، ئەگەر نەیانزانی دزم!». لە کاتێکا ئەگوترێ کە کەسێک بۆ کارێکی خراپ چوو بێ و سوود وەرگرێ لە ناسیاوی خۆی لای ئەو کەسانە کە کارە خراپەکەیان لەگەڵ ئەکرێ. ئەز لەم زەربولمەسەلەدا وشەیەکی کرمانجی ژوورووە و بەمانای «من»ە، ئەگەر زانییان ئەڵێم منم، ئەگەر نەیانزانی دزییەکەیان لێ ئەکەم. یا ئەڵێن: «ڕۆنیشە!» وەک «ڕۆنە»ی کرمانجی ژووروو. بە«سەگ» ئەڵێن «کۆک»، ھەڵبەت «سپڵۆت» و «سەگ» و «سە»شی پێ ئەڵێن، کە«کۆک» و «سە» لە کرمانجی ژووروو وەرگیراون. سنە لەبەر ئەمە کە لە زاراوەی گۆرانی نزیکترە وشەی ئەو زاراوەی زۆر وەرگرتووە. بۆکان و سەقز کە لە نێوان مەھاباد و سنەدا ھەڵکەوتوون شێوەی دووانیان کە ھەندێکی لە مەھابادی ئەکا و ھەندێکی لە سنەیی ئەچێ، ئەمە بۆ زاراوەی کرمانجی ژوورووش ھەر دروستە. شێوەی دووانی بارزانی کە ناوبارەترە و نزیکترە لە زاری کرمانجی خواروو؛ وشەی ئەم زاراوەی زۆرتر تێدایە، بەڵام «ستڕاکتۆر زموھوذمھS» و ئەساس و پایەی زمان لە ھەموو زاراوەکانا یەکە. با بچینەوە سەر باسەکەی پێشوومان؛ گوتمان کە «کوردی» ٤ زاراوەی گەورەی ھەیە، کرمانجیی ژووروو، کرمانجی خواروو، گۆرانی، کرماشانی. ١. کرمانجیی ژووروو، زاراوەی کوردەکانی تورکیە و ئەرمەنستانی شووڕەوی و کوردەکانی سوریەیە، شیمالی کوردستانی عێڕاق و کوردەکانی غەربی زریەی بچووکی ڕەزاییە و کوردەکانی قووچان و کوردەکانی دەماوەندیش بەکرمانجی ژووروو ئەدوێن. ٢. کرمانجیی خواروو، زاراوەی کوردەکانی جنووبی کوردستانی عێڕاق و کوردەکانی غەرب و شیمالی غەربی ئێرانە، ھەڵبەت لە غەرب، کرماشان و دەوروبەری لێ جیا ئەبێتەوە کە ئەوان خۆیان ئەکەونە سەر زاراوەیەکی تر بەناوی کرماشانی و لە «شیمالی غەرب»یش دەوروپشتی ڕەزاییەی لێ جیا ئەبێتەوە کە ئەوانیش گوتمان بەزاراوەی کرمانجیی ژووروو، یا شیمال قسە ئەکەن. ٣. کرماشانی، کە خەڵکی کرماشان و سەرپێڵ زەھاو و قەسری شیرین و ئێلات و خێڵاتی دەوروپشتی ئەو شارانە بەم زاراوە قسە ئەگەن. ٤. گۆرانی، ئەم زاراوە زۆر لە فارسی کۆن نزیکە و گۆڕانی زۆر بەسەرا نەھاتووە. لەبەر ئەمە ھەندێ ئەڵێن کە ڕەنگە ئەو زاراوە کوردی نەبێ. ئەمە ھەڵەیەکی گەورەیە گۆرانی بێ گومان کوردییەکی کۆن و نزیک لە کوردی مادی. تۆفیق وەھبی لە بەشکردنەکەی خۆیا ناوێکی لە زاراوەی گۆرانی نەبردووە و بۆ من دەرنەکەوتووە کە چۆن لێکۆڵەر و کوردناسێکی وەک وەھبی بەم بێ دەربەستییە بەسەر ئەم مەبەستەدا تێپەڕیوە؟ زاراوەی گۆرانی بەزاراوەی «ھەورامی»ش ئەناسرێ، واتە زۆر کەس لە باتی زاراوەی گۆرانی ئەڵێن زاراوەی ھەورامی. لە کاتێکا ھەورامی لکێکە لە گۆرانی، بەڵام لەبەر ئەمە لە ئێران و عێڕاقا ئەو کەسانە کە بەگۆرانی ئەدوێن، زیاتریان لکی ھەورامین. ئەم ناونانە باو بووە. کەمایەتی وەک: سیامە سووری و ڕۆژبەیانی و زەنگەنەش ھەر لەسەر ھەورامی ناو ئەبرێن، ھەڵبەت ئەمە لەباری زانستی زمانناسی و تەنانەت کۆمەڵناسی کوردیشەوە ھەڵەیە؛ بەشێکی زۆر لە «سیامەسوور»ییەکان ئێستا لە ئەفغانستان ئەژین و بە گۆرانی ئەدوێن. بەرنامەی ئەم حەوتەیەمان دوایی ھات و لە بەرنامەیەکی ترا ئەچینە سەر باسی وێژەی کوردی و بەشەکانی ئەو وێژەیە، تا ئەو کاتە خواتان لەگەڵ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەرەتایەک لەسەر وێژەی کوردی سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ. ڕیزە وتارێکمان سەبارەت بەژیانی کۆمەڵایەتی کورد دەس پێ کردبوو و لە چەند بەرنامەیەکا باسی پێشینەی مێژوویی کورد و ئەوەی کە کەی و لە کوێوە ھاتوون بۆ ئەم گۆڕەپانی ئێرانە، بەکورتی کرا. ھەڵبەت پێم باشە لە پێش ھەموو شتێکا بۆ چەندەمین جار دووپاتەی کەمەوە کە من لە ھەرێمی مێژوودا دەسەڵاتم ئەوەندە نییە کە گومانێک بۆ گوێگری بە ھەست نەمێنێتەوە لەوەدا کە ئەوەی وا ئەینووسم تەواو دروستە یا ھەموو ئەو ڕاستەقینەیە کە مێژوونوسان قامکیان بۆ ڕاداشتووە و نیشانیان کردووە. بۆ باسی مێژوویی من خۆم گوێ ئەگرم بۆ نووسراوە ھێژاکانی مامۆستای بەرزی کورد جەمیل ڕۆژبەیانی و لە ڕاستی لانادەم کە زۆر کەلکیان لێ وەرئەگرم. مامۆستای دڵسۆز لە مێژووی ئێرانا دەستی داوەتە لێکۆڵینەوەیەکی ھەرە بەنرخ کە لە پێشا نە مێژوونووسێکی ئێرانی و نە مێژوونووسە بێگانەکان و نە تەنانەت مێژوونووسێکی کورد بەم چەشنە زانستییە نووسراوێکیان نییە. مامۆستا لە ناو مێژووی ئێرانا گەڕاوە و ھەموو ئەو ڕووداوانە کە بەچەشنێ پەیوەندی لەگەڵ کوردا ھەبووبێ، کۆی کردۆتەوە و خستوویەتەوە سەر یەک. ئەم کارەی مامۆستا ھەم خزمەتێکی گەورەیە بەمێژووی ئێران و ھەم تێکۆشانێکی ھێژایە لە پێناوی کورددا. مامۆستا بەڕێکخستن و کۆکردنەوە بردنەوە سەر یەکی ئەو بنەماڵە کوردانە یا ئەو عێلە کوردانە کە چەن لاپەڕەی پڕ خەبات و کۆڵ نەدانیان لە مێژووی ئێرانا پڕ کردۆتەوە، بۆ ھەموومانی دەرخستووە کە ھۆزی کورد تا چ ڕادەیەک تەئسیری لە مێژووی ئێرانا ھەبووە و چۆن بۆ پاراستنی ئاو و خاکەکەی بەرامبەر بەزۆردار و داگیرکەر وەستاوە. بنەماڵەی حەسنەویە و شوانکارە و عەیاریە ڕاپەڕین و خزمەت و کۆششیان لە مێژووی ئێرانا دیار و بەرچاوە. بەڵام کەم کەس ھەبوو بزانێ ئەمانە کورد بوون و ئێستەش کەم کەس ھەیە تەواو شارەزای خەبات و شۆڕشیان بێ؛ چونکە مێژوونووسەکان کە بناغەی کاریان لەسەر لێکۆڵینەوەی گشتی مێژووی ئێران داناوە، بەشێکی زۆر کورتیان بۆ ئەم بنەماڵانە تەرخان کردووە. ھێژایی کاری مامۆستا جەمیل ڕۆژبەیانی لەمەودایە کە ئەم ھەموو کتێبە مێژوویییە لە ئەژمار بەدەرەی ئێرانی پشکنیوە. ئەو پەڕاوانە کە بەعەرەبیش سەبارەت بەمێژووی ئیسلام و ئێران نووسراون لە چاوی تیژبین و بیری وردی شاراوە نەبوون، تەنانەت بەکۆششێکی زاڵ و ماندوونەبوون و عیشقێکی ئەوتۆوە، کە ھەر لە پیاوانی زانست ئەوەشێتەوە، پەڕاوە ئینگلیزێکانیشی خوێندۆتەوە زۆر جار مانای وشەیەکی ئینگلیزی لە خۆم پرسیوە و بەخۆ کەم زانینێکی عالمانەوە سەرەڕۆی شوێن ھەموو زانستێک بووە لەم ھەرێمی مێژووەدا، جا ئاکامی زانست و ماندوونەبوون و ئیرادەی مامۆستا بۆتە چەند پەڕاو کە ئەکرێ لە مێژووی کورددا ناوی بنرێ: «ھەنگاوی بەرزی سەرکەوتوو و کاری ھێژای کەس نەکردوو.» ھیوادارم مامۆستا بتوانێ ئەم چەند پەڕاوەی لە چاپ بدا و خوێندکارە کوردەکانمان شارەزا بن کە ھۆزەکەیان چ خزمەتێکی بەئێرانی خۆشەویست کردووە. ھیوادارم کۆسپی پارە و چەوتی پیتی قەڵایی چاپ، بەردی سارد و گەرمی نەخاتە سەر ڕێگا و من بەناوی شاگردێکی مامۆستا ھەر نزام لە دەس دێ و سپاس. پاش ئەم باسە کە پێویست بوو بکرێ، ئەگەڕێمەوە سەر باسەکەی خۆم. لە لێکۆڵینەوەکەماندا گەیشتینە سەر باسی ئەدەبی کوردی. ببوورن کە من جار جار ناچارم چەند ھەنگاوێک لابدەم و باسێکی ئاپۆرەنوێن بھێنمە گۆڕێ. بێگومان ئەم باسە بەڕوواڵەت ئاپۆرانە بۆ ڕوونکردنەوەی دەوروبەری باسەکەمان بەکەڵکن. وێژە ھەروەک ئەزانن باسێکی عەدەدی و ریازی نییە و دابڕاوی و نەگۆڕی و قەتعییەتی زانست لە ھونەرا بەرچاو ناکەوێ و ڕەنگە لە ھیچ لکێکی زانستی مرۆڤایەتی، واتە علوومی ئینسانی وەک فەلسەفە و سۆسیۆلۆژی و سایکۆلۆژیشدا حەتمییەتی زانست نەبێ. ھونەر ڕاستە لە ئەشیا و حاڵات و نەفسانیات و ھەروەھا لە باری بەرچاوی کۆمەڵایەتی کەڵک وەرئەگرێ و تۆشە ھەڵئەگرێ، بەڵام کاتێ ئەم شتانە برانە بەر دەستی زەمیری فەننان و دەروونی ئینسانەوە، ئەگۆڕێن و چەشنێکی تر دێنەوە دەرەوە و خۆیان ئەنوێنن. بۆ نموونە چیای «بێستوون» وەک بەرچاو ئەکەوێ ئەچێتە ناو بیر و زەینی شاعیرەوە، شاعیریش بۆ ڕوانین ھەروەک خەڵکی تر دوو چاوی ھەیە، بەڵام لە دەروونی شاعیرا «بێستوون» تەنیا چیایەکی بەرز و بەردەڵان نییە؛ تەنانەت شاعیرێک لە بەرامبەر ڕوانگەی بێستوونا وەک مێژوونووسێکیش بیر ناکاتەوە و ناچێتەوە سەر ڕووداوە مێژوویییەکان کە ئەمە بەردەنووسی «ھەخامەنشی»یە یا«ساسانی»، بەڵکوو بیر لە دڵی سووتاو و لەشی لە خوێن ھەڵکشاوی «فەرھاد» ئەکاتەوە. دەنگی تەشوێ و گوڵینگی «فەرھاد» لەوپەڕی سنووری ئەفسانەوە، لە چیای دەروونی شاعیرا دەنگ ئەداتەوە. شاعیر وەھا لەگەڵ «بێستوون» و «فەرھاد» و ئەفسانەی «شیرین» تێکەڵ ئەبێ کە خۆی ئەبێ بە«فەرھاد»، پێنووسەکەی ئەبێ بەکوڵینگی «فەرھاد»و دەروونی پڕ دەنگ و جۆش و خرۆشی ئەبێ بەچیای «بێستوون»و شیرەی ھەستی ئەبێ بەشیعرێک گەلێک ڕوونتر لەو کانیاوە کە لە لەشی «شیرین»ی ئەگرتە باوەش و گەلێ سپیتر لەو جۆگە شیرەی کە لە چیای «بێستوون»ەوە تا ناو گۆلی کۆشکی «خوسرەو»، بەجادووی ھونەری «فەرھاد»ی ئەندازیار سەرەولێژ ئەھاتە خوارەوە! سەبارەت بە«شیرین» و «فەرھاد» گەلێک ھەڵبەستەی جوان نووسراوە، بەڵام ھەموو باسی دڵداری و دەردو پەژارەی «فەرھاد» و «شیرین»ە، وەک ئەمەو لە بیرچووبێتەوە کە ڕووداوە مێژوویییەکە و بەردەنووسەکان شتێکی تر ئەڵێن و کاتی نووسرانی ئەو تاشەبەردانە ئەبەنەوە بۆ زۆر بەر لە کاتی خوسرەو پەروێزی ساسانی. بەم چەشنە ھەم من بەناوی نووسەری بەرنامەیەکی وێژەیی، بەتایبەت ئەمجارە کە باسەکەمان سەبارەت بەوێژەی کوردەو ھەم ئێوە بەناوی گوێگری پسپۆڕی ئەم بەرنامەیە مافمان ھەیە ھەرکام جۆرێک بیر بکەینەوە؛ چونکە دوو و دوونییە کە بکا چوار. باسی ھونەر و وێژەیە و زیاتری لەسەر لێکدانەوەی شەخسی و تاکییە. ھەڵبەت باشە ئەمەشمان لە بیر بێ کە تەنانەت لە ھونەریشا ئەسڵێک و مەنتقێک ھەیە و ھونەرمەندیش ناچارە لە بەرچاویان گرێ، جا ئەگەر ئەوەی من ئەیڵێم بەلاتانەوە دروست نەبوو و بیرێکی ترتان ھەبوو، قەیدی نییە ھونەر وەک ئاو وایە، لە ھەر دەفر و کاسەیەکا شکڵ و قالبێ ئەگرێ لە وێژەی کوردییا چوار فۆڕم و قالبی جیاوازمان ھەیە: • شیعری وتاری یا بەیت • شیعری ھیجایی • شیعری عەرووزی • شیعری نوێ. لە ئەدەبی نەسر واتە وێژەی پەخشان باس ناکەم، لەبەر ئەمە کە چەشنی تایبەتی ژیانی کوردەواری کە تا ساڵەکانی دوایی سەدەی حەڤدە دەوارنشینی بوو زۆرتر لەگەڵ وێژەی ھەڵبەستدا ئەھاتەوە، ھەڵبەت ئەمە لە زۆرتری وڵاتە خۆرھەڵاتییەکانا بەرچاو ئەکەوێ و وێژەی شیعری ھەم زووتر دەس پێکراوە و ھەم لە باری زۆر و کەمییەوە لە پەخشان زۆرترە. وێژەی ھەڵبەستە و ھۆنراوە لەبەر ئەمە کە ڕەوان و لەسەر زمان سووکە، باشتر لەبەر ئەکرێ و لە سینەی بەیت بێژانی کورد باشتر ئەتوانێ ھەڵبگیرێ و لەگەڵ گەرمێن و کوێستانی خێڵ بڕوا. لەو کاتەدا کە ئێمە قسەی لەسەر ئەکەین و مەبەستمان، ئاوایی تەنیا بەناوی خێڵ بەزێکی کورتی زستانانە کەڵکی لێ وەرئەگیرا و پاش خێڵ خێزی سەرەتای بەھار ئاوایی ئیتر ئاوەدان نەبوو و چەن ماڵێک کە پێیان ئەگوتن پاش ماڵەی خێڵ لە ئاوایییا، ئەمانەوە. ژیانی ئابووری کوردەواری لەسەر بناغەی ئاژەڵداری دامەزرابوو و کۆمەڵی ئاژەڵداری کورد لەبەر ھاتوچۆی ھەمیشەیی لە گەرمێنەوە بۆ کوێستان و گەڕانەوەی لە کوێستانەوە بۆ گەرمێن، دەرفەتی خوێندەواربوونی کەم بوون، چونکە خوێندەواربوون پێویستی بەقوتابخانە دروستکردن و نیشتەجێ بوون ھەبوو و ئەمە کاری کۆمەڵی ئاژەڵدار نەبوو، لەبەر ئەمە ئەدەبی نووسراوە نەیتوانی پەرە بگرێ. شیعر ئەکرا بە یاد بسپێررێ و لەبەر کرێ، بەڵام نەسر نەدەکرا. بەم چەشنە وێژەی وتاری کە ھەر باشترە بڵێین شیعری وتاری لە کوردییا پەیدابوو. لە بەرنامەیەکی ترا لەسەر ئەم باسە ئەڕۆین، خواتان لەگەڵ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەیت تەواو بەتانوپۆی خۆماڵی چندراوە سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ. لە بەرنامەی پێشوودا گوتمان کە شێوە وێژەیییەکانی شیعری کوردی بریتین لە چوار شێوە: ١. «شێوەی شیعری وتاری» یا «بەیتی» ٢. «شیعری ھیجایی» ٣. «شیعری عەرووزی» و ٤. «شیعری نوێ». ھەروەھا لە وتاری پێشوودا باسمان کرد کە لەبەر چی شیعر بەر لە نەسر لە ناو کوردا و ڕەنگە لە ھەموو خۆرھەڵاتیشدا پەیدابووە. «شیعری وتاری» یا «بەیت» بەلای منەوە گەنجێکی ھێژا و سامانێکی گەورەی زەوق و چێشکەی ھۆزەکەمانە. ھەر لەبەر ئەمەیە کە «باسیل نیکیتین» و «خاچاتوور ئەبوویان» شاعیری ئەرمەنی ئەڵێن: «فۆلکلۆری کوردی ئەوەندە پڕ و بەرز و خێرومەندە کە ھۆزەکانی تری ھاوسێی کوردیش کەڵکیان لێ وەرگرتووە و کەوتوونەتە ژێر تەئسیریەوە». ئەم کوردناسانە ڕاست ئەکەن؛ بۆ نموونە بەیتی «خەج و سیامەند» کە «ھۆھانس شیراز»، شاعیری ئەرمەنی کردوویە بەشیعر، تەنانەت ئەوەندە ناوەڕۆکی بەیتەکەی بە خۆماڵی زانیوە کە سیامەندی کردووە بە ئەرمەنی و بەم چەشنە بەھرەیەکی لە فۆلکلۆری کوردی کردووە بە نسیبی ھۆزی ئەرمەنی. بەیتی«مەم و زین» لەگەڵ ئەوەشا کە بەچەند ڕەوایەتی جۆربەجۆر گوتراوە بەشێکی زۆری لە ئەفسانە و ئوستوورە تێکەڵ کراوە، لە لایەک «مەم»ی «ئالان»ە و لە لایەکی تر «مەم» کوڕی میرە تەنانەت ناوی «حەڵەب» و «برایم پاشا»ش کە ڕوون نییە چۆن ھاتوونەتەوە ناو بەیتێکی کوردییەوە، لە بەیتەکەی دابڕاوە. بەڵێ پاش ئەو ھەموو گۆڕانە و لەگەڵ ئەم گشت گێڕانەوە لە یەک دوورانەش کاتێ «ئەحمەدی خانی» نەمر بەیتەکە کردووە بەشێوەی عەرووزی، لە شیرەی گیان و زەوقی خۆی زۆر مەبەستی خواناسانە و فەلسەفی ھەڵڕشتۆتە ناو بەیتەکەوە؛ بەڵام ئاکامی کارەکەی «خانی» بەھۆی پێنووسی جادووکار و بیری شاعیرانەی خۆی و ناوەڕۆکی تێر و تەیاری بەیتەکەوە، بۆتە شاکارێک کە وێژەناسێکی گەورەی شووڕەوی لە بەرزییا ئەیخاتە پاڵ «شانامەی فیردەوسی»یەوە و بە یەکێک لە سێ شوێنەواری گەورەی خۆرھەڵاتی ناو ئەبا. شیعری بەیتی زۆرتر باسی ڕووداوە مێژوویییەکانی ناو کورد ئەکا و یا خۆی بەو مەبەستانە خەریک ئەکا کە لە ناو کوردا جێی ڕێز و خۆشەویستین، وەک بەیتی «دمدم»، بەیتی «قەر و گوڵەزەر»، بەیتی «شێخی سەنعان»- کە ئەم بەیتە مەبەستی غەیرە کوردیشی تێدایە- بەیتی «زەنبیل فرۆش» -کە زۆر لەسەر گوزەشتی «بوودا» ئەچێ- بەیتی «ئاوڕەحمان پاشا»، بەیتی «شێر و کەڵ»، بەیتی «مەحمەڵ و برایمی دەشتیان» و زۆر بەیتی تر. لە بەیتی کوردییا شوێنی زانستی بێگانە و دروشمی لاوەیی بەرچاو ناکەوێ و سووژە و ناوەڕۆکەکان تەواو کوردین، لەبەر ئەمە بەیت بە ناوی فۆلکلۆر باس کراوە و بەداخەوە بێ دەربەستانە بەسەر ئەم ڕاستەقینەدا تێپەڕیون کە بەیت شێوەی تایبەتی کاتێکی دابڕاو و دیاریکراوی ژیانی کوردە؛ شێوەی ژیانی ئاژەڵداری تا ئەگاتە پەیدابوونی ئەمیران و بنەماڵە ئەشڕافە کوردەکان. بەڵام وەک ئەزانین بەیت ھەرگیز باسی ژیانی شارنشینی کورد ناکا و لە ھیچ کام لە بەیتەکاندا ئێمە تووشی باسێکی ئەوتۆ نابین کە تەرخان کرابێ بۆ دەربارە بچووکەکانی ئەمیرانی کورد، وەک «بەدرخانی» و «ئەردەڵانی» و «بابانی». بەیتی «لەشکری» و بەیتی «ئاوڕەحمان پاشا» ھی کاتێکە کە کورد ئەمیری گەورەی لێ ھەڵکەوتووە و ئەم ئەمیرانە تێکەڵن لەگەڵ ڕامیار و سیاسەتی ئێران و عوسمانی و ئیمپڕاتۆرانی ڕووس. بەڵام بەیت بێژ کاری ئەوە نییە کە ئەم پێوەندە وردە سیاسییانە لێک بداتەوە و ھەر لەسەر پێ و شوێنەکەی خۆی ئەڕوا و بە گەز و ڕبەکەی خۆی ئەیپێوێ. «لەشکری» بۆیە خراپە، چونکە لەگەڵ گەورەی خۆی خراپ جووڵاوەتەوە، نەک لەبەر ئەمە کە لەگەڵ ئیمپراتۆری عوسمانی سازاوە «ینی چەری» و سوڵتانی عوسمانیش بۆیە خراپن و بۆیە لە بەیتەکەدا بەناوی «بڵحە ڕۆمی» ناوبراون، چونکە میرێکی کوردیان بەجامێک ژاراو بێ گیان کردووە، نەک لەبەر ئەمە کە ھێرشیان ھێناوەتە سەر کورد و ھەبوونی نەتەوایەتییان لە ناو بردووە. ئەمە باسی ناوەڕۆکی بەیت بوو؛ ھەڵبەت زۆر بە کورتی، چونکە لە سەرەتای نووسینی بەرنامەی تاپۆ و بوومەلێڵدا، بە درێژە لەسەر ئەم باسە چووین و ئێستە مەبەست لە دووپاتەکردنەوەی تەنیا ئەمەیە کە کورتەیەک لە وتارەکانی پێشوو کە نزیکەی پێنج ساڵ بەسەریاندا تێپەڕیوە بێتەوە یادی گوێگرە بەڕێزەکانمان، بەڵام ڕواڵەت و قالبی کەلامیی بەیت بزانین چۆنە؟ بەیت ھەر وەک لە ناوەڕۆکا تەواو کوردییە، لە قالبیشا وەھایە. لە بەیتا کورت و درێژی میسراع یا ڕازاندنەوەی ڕواڵەتی وتار بەچەشنێ کە لە شێوەی عەرووزییا ھەیە، لە بەرچاو نییە و بە گرنگ داناندرێ. لە بەیتا مۆسیقای کەلام و ئاھەنگی وشە گرنگە و بەس. تێکەڵی و پەیوەندی بەیت لەگەڵ مۆسیقا تا ڕادەیەکە کە ھەر بەیتی بەئاھەنگێکی تایبەتی مۆسیقا لێ ئەدرێ، تەنانەت ئەگەر وشە و وتاریش نەبێ، شمشاڵ ژەنێکی کورد ئەتوانێ بەیتێک لێبدا و گوێگر خێرا بزانێ کە خەریکی لێدانی کام بەیتە. گوێگری بەڕێز باشە ئەمە بزانێ کە لەم بەرنامەدا ئێمە باسی ژیانی کوردەواری ئەکەین، ژیانی گشتی کوردەواری و کارمان بەسەر ئەمە نەداوە کە شاعیرێک و یا زانا و نووسەرێکی بە نەتەوە کورد، بە عەرەبی و یا زمانێکی تر چی نووسیوە. نووسین بە چەشنێ کە ھەموو لایەک بگرێتەوە و لە ھەوێڵی گش کەسێکا بێ، لە جامیعەی ئاژەڵداری کورددا نەبوو. لەبەر ئەمە وێژەی نەسر نووسینیش تا کاتێ کە ژیانی شارستانی کورد دامەزرا و سێڵاوی خێڵات لە ھاتوچۆی گەرمێن و کوێستان دامرکا پەرەی نەگرت. ئەڵێن بەڵگەیەک دۆزراوەتەوە کە بە زمانی کوردی نزیک بە بەشی گۆرانی نووسراوە و لەو نووسراوەدا سکاڵا کراوە لە ھێرشی عەرەب و کوژانەوەی ئاورگا و تاڵانی ئاوایییەکانی کورد؛ ھەڵبەت بۆ زانینی ئەم مەبەستە کە ئەم پارچە، یا ئەو پێستە وا شیعرەکانی لەسەر نووسراوە ھی کام دەورەیە، ئەمڕۆ کەرەسەی باش ھەیە و زوو ئەکرێ بزانرێ کە پارچەکە ھی ھەزار و چەند سەد ساڵ لێرەوبەرە، یان تازەیە و دەستی کابرایەکی ھەڵپەرەست بۆ ناو و پارە کۆنی کردووە و بەناوی بەڵگەیەک بۆ مێژینەی وێژەی کوردی خستوویەتە ڕوو. ھەرچی بێ کۆن یا تازە، ئەگەر چی لە بارەی وێژەیییەوە لە کۆن ناچێ و دیارە لەسەر شێوەی ھیجایییە، شێوەیەک کە تەنانەت ئەو کاتە لە ناو فارسە پێشینەدارەکانیشا نەبوو، بەڵام ھەروەک گوتم کۆن و تازە بوونی ئەم نووسراوە ڕێگای لێکۆڵینەوەکەی ئێمە ناگرێ و نابێتە مایەی ئەم بیرە کە لامان وابێ شێوەی ھیجایی بەر لە شێوەی بەیتی لە ناو کوردەوارییا ھەبووە. ئێمە زۆر زانا و مەلا و نووسەر و مێژوو نووسی گەورەی کورد ئەناسین کە لە زانستی ئیسلامییا ھەڵکەوتوو بوون، بەڵام ئەو کەسانە لەگەڵ ئەوەشا جێگای ڕێزن، نایەنە ناو باسەکەی ئێمەوە، چونکە بە کوردی شوێنەواریان نییە و ئاساریان سەرچاوەی لە ژیانی کوردەوارییەوە نەگرتووە. تا حەوتەی داھاتوو کە دیسانەوە پێکەوە دەچینەوە سەر ئەم باسە، بەخواتان ئەسپێرین. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەیت، بانگەوازی بلاوێنی ژێر دەوار سەلام لە گوێگری بەھەست و ھونەر پەرستی بەرنامەی تاپۆ. لە بەرنامەی پێشوودا گەیشتینە ئەم جێگایە کە بەیت یەکەمین و بێ تێکەڵاویترین شێوەی وێژەیی کوردییە. شێوەی ھیجایی بەتایبەت بیست ھیجایی کە لەگەڵ باری زمانی کوردییا باشتر ئەگونجێ، لە شێوەی کوردییا پێشینەیەکی لە مێژینەی ھەیە، تەنانەت لە بەیتیشا زۆرجار تووشی شێوەی بیست ھیجایی ئەبین؛ بەڵام شێوەی ھیجایی بەچەشنێکی سەربەخۆ پاش شێوەی بەیت ھاتۆتە ناو وێژەی کوردییەوە. وەک لە بەرنامەی پێشوودا باسمان کرد، ئەڵێن کە دەستە شیعرێک لەسەر پێستی ئاسک نووسراوەتەوە، دۆزراوەتەوە. شیعرەکە باسی ھێرشی عەرەب ئەکا بۆ سەر خاکی کوردستان و خاپوورکرانی ئاوایییەکانی کوردستان و کوژانەوەی ئاورگاکان؛ لام وایە کە ژیانی کوردەواری لەو کاتەدا نەگەیشتۆتە ئابووری زەوی کێڵگە و ئاواییش بەو چەشنە کە لە شیعرەکەدا باس کراوە زۆر نەبووە. ژیانی کوردەواری لەو کاتەدا ژیانی ژێر دەوار و ڕەشماڵ بووە و ئێلاتی کورد لە ھاتوچۆی گەرمێن و کوێستانا بوون؛ ھەر لەبەر ئەمەش بووە کە لەشکری ئیسلام بە زۆری نەیتوانیوە بەسەریانا زاڵ بێ و شێوەی ژیانیان و بڕوای ئایینی ئەوان بگۆڕێ کە مێھر پەرستی یا میترائیسم بووە یا ئەگەر زۆر پێشکەوتووتر بووبێ، گەیشتۆتە یەزدانپەرستی و ئایینی زەردەشتی. کۆمەڵی کوردەواری ئەوکاتە لەسەر ژیانی ئاژەڵداری دامەزراوە لە ژیانی ئاژەڵدارییا ناکرێ نووسراوەی شیعری بەم ھەستە کۆمەڵایەتییەوە ھەبووبێ. خاوەنی تاریخی گوزیدە نزیکەی حەوسەد ساڵ لێرەوبەر باسێکی ئەوتۆ ئەگێڕێتەوە و ھێرشی عەڕەب و ڕووخاندنی ئاورگا و کوشتاری ئێرانییەکان باس ئەکا. بابێینەوە سەر ھەڵبەستی سەر پێستەکە. مامۆستا عەلائەددین سەججادی، حوسێن حوزنی موکریانی و چەن کەسی تر باسی ئەو بەڵگە شیعرەیە ئەکەن، بەڵام ھیچ کامیان ناڵێن کە خۆیان ئەو نووسراوەیان بەچاوی خۆیان دیوە؛ ئەوانیش ھەر بەگوایە و ئەڵێن ئیشەکە ئەبڕنەوە و ھیشتا کەس نەیپرسیوە ئەی کوا ئەم بەڵگە ھێژایە لە کوێیە و دەست کام کەسەوەیە. حوسێن حوزنی ئەڵێ: «بازیل نیکیتین لە پەڕاوە بەنرخەکەیا کە ناوی «کوردەکان»ە باسی ئەم بەڵگەیەی کردووە.» من بەتەواوی بە تەرجەمە ئینگلیسییەکەی ئەم پەڕاوەیەدا گەڕام، باسێکی ئەوتۆم بەر چاو نەکەوت. بێگومان ئەگەر وێژەی کوردی لە سەدەکانی سەرەتای ئیسلاما گەیشتبایەتە ئەم پلە و پایەیە، تەنیا شوێنەوارێکی سێ چوار دێڕی لێ بەجێ نەدەما و ئەبوو ئێمە ئەمڕۆ زۆر پێستە ئاسکی وەھامان بەدەستەوە بوایە کە شیعری کوردی لەسەر نووسرابێ. نووسینی شەجەرەنامەی بێ بایەخ بۆ کورد نایگەیەنێتە ھیچ کوێ و زۆرتر ئەبێتە ھۆی سەرلێشێوانی ئەو کەسانە کە لێکدانەوەیەکی زانستییان بۆ ھەموو ڕووداو و واقعەیەکی کۆمەڵایەتی ھەیە. بەکورتی بیبڕمەوە، لەم ڕیزە وتارەدا نامانەوێ ئەمە بچەسپێنین کە کورد لە زانستی ئیسلامییا خاوەنی چ پلە و پایەیەک بووە یا گوێ نادەینە باسێکی درۆ یا ڕاستی وەک دۆزرانەوەی بەڵگەیەکی مێژوویی تاق و تەنیا بۆ وێژەی کوردی. باسی ئێمە لەسەر ژیانی گشتی خەڵکە، نەک ھەڵکەوتوو و بلیمەتی وەھا کە لە ڕادەی زانستی گەلەکەمان بەرزتر بوونەتەوە. ئێمە ئەمانەوێ باسی ئەو ھونەرە بکەین یا ئەو ڕووداوە و ئەو بارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە بخەینە بەرچاو کە بەچەشنێ تەئسیریان ھەبووە لە ژیانی گشتی کوردەوارییا و تایبەتی کۆمەڵی کوردن. بەیت بانگەوازی بەتەوژمی ژیانی کۆمەڵی ژێر دەواری کوردە. بەیت لایەنگری ژیانی ئازاد و خۆنەبەستنەوەیە بەکشتوکاڵەوە. بەیت نەوای تێکەڵایەتی لەگەڵ سروشت و تەبیعەتی ڕازاوەی کوردستانە. ھەر وەک لە بەیتی «شێر و کەڵ»دا بەرچاو ئەکەوێ. لەو بەیتەدا بەیت وێژ بەئاشکرا لایەنگری خۆی لە شێر - کە نموونە و مەزھەری ژیانی ئازادە - دەرئەبڕێ و بەسەر «کەڵا»- کە ئەویش بەنۆبەی خۆی مەزھەری ژیانی نیشتەجێیی و ئابووری کشتوکاڵ - زاڵی ئەکا. ھەڵبەت ئەبێ ئەمە بزانین کە گۆڕانی ژیان لە ئاژەڵدارییەوە بۆ کشتوکاڵ لە تەواوی ھەرێمەکانی کوردستاندا بەڕۆژ و سەعات و سەردەمێکی دابڕاو دیاریکراو دەستی پێ نەکردووە. ئێمە تەنانەت ناتوانین سەدەیەکی تایبەت ھەڵبدەین و بڵێین لەو سەدەیەدا ژیانی ژێر خێوەت و دەوار، ژیانی گەرمێن و کوێستان چوونی خێڵات گۆڕاوە بەژیانی ناو ئاوایی و خێڵات لە کۆڵ کەوتن و نیشتەجێبوون. لەبەر ئەمە ناشتوانین ھونەری تایبەتی ئەو دوو چەشنە ژیانەش لە پەرژینی سەدەیەکی تایبەتا دامەزرێنین و ئەمەیە کە ئێمە لە ژیانی کومەڵی ئاژەڵداری کوردا ئەبینین کە شیعری عەرووزی ھەیە وھی سەرای ئەمیرە کوردەکانە و ھەروەھا ئەشبینین کە لە ژیانی کشتوکاڵی کوردەوارییا بەیت ئەگوترێ. بەڵام نە شیعری عەرووزی ئەو کاتە و نە بەیتی سەردەمی ئابووری کشتوکاڵ، ئەو ھێز و توانایەیان نییە کە ئەبێ بیانبێ. لە ڕاستییا شیعری عەرووزی سەرای ئەمیرە کوردەکان چەشنێک بەپیرەوە چوون و ئیستقبالە لە گۆڕانێک کە چینی تێر و تەسەلی ئەوکاتە بەپێویستی ئەزانی. شیعری عەرووزی بێ ئەوە بتوانێ لە ناوی ھەوای کۆمەڵا بژی و لە ناو باغچەی ھەناوی گشتیا بڕوێ لە کۆشکی ئەمیران و لە گوڵدانی سەر ھێلانی خانووبەرەی چەن قاتی ئەوانا ئەپشکوێ. بێگومان ئەو گوڵە دەسنێژە لەو گوڵدانە تەنگەدا ناتوانێ بەخۆیا بێ و چرۆ دەر بکا و بۆنی خۆشی بەھەموو لایەکا بڵاو کاتەوە. بەیتبێژی لە سەردەمی زەوی کێڵگەشدا خاوەنی بارێکی ئەوتۆیە و ئەویش ناتوانێ بەھێز و پەرەگر و پتەو بێ، چونکە ئیتر لەو سەردەمەدا بەیت نیازی گشتی کۆمەڵی نیشتەجێ نییە چینی خوارەوە بەبەیت گوتن لە ڕاستییا ئەیەوێ بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێشوو؛ یا لانی کەم، یادی سەردەمی پێشوو کە بەرەنگاری چینەکان ھێندە زۆر نەبوو لە دەروونیا زیندوو کاتەوە. بەم چەشنە شیعری عەرووزی سەردەمی ئاژەڵداری ئەبێ بەلالایی بۆ کۆرپەیەک کە ھێشتا لە دایک نەبووە و شیعری بەیتی کاتی ئابووری کشتوکاڵ ئەبێتە گریان بەسەر مردوویەکا کە ئیتر زیندوو نابێتەوە. دیسانەوە باسەکەمان درێژەی ئەبێ و لە بەرنامەیەکی ترا کە پێکەوە کۆئەبینەوە، لە سەر لێکدانەوەکەمان ئەڕۆین. تا ئەو کاتە خواتان لەگەڵ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەزنی عەرووزی و وەزنی بەیتی سەبارەت: ١٩٧٣/٠٤/٠٩ سەلام لە گوێکری ھۆگری ھونەر. زۆر جار ئەم پرسیارەمان لێ کراوە کە بۆچ لە بەرنامەکەماندا ھەڵوێستێکی دژانە ئەگرین بەرامبەر بە شێوەی عەرووزی؟ ھەندێ لە گوێگرە بەڕێزەکانمان لە ڕەخنەگرتنەکەیاندا شاعیرانی بەرزی کوردیان بەنموونە ھێناوەتەوە نووسیویانە کە «نالی» و «خانی» و «بێکەس» و «پیرەمێرد» و «وەفایی» بەم شێوەیە شیعریان گوتووە و دژ بوونی ئێمە لەگەڵ شێوەی عەرووزی واتە دژ بوونمان لەگەڵ بەشی ھەرە بەرز و بەھرە و بەری داری وێژەی کوردی، جگە لەمانەش ھەندێک لە ڕەخنەگرانی تووڕەمان نووسیویانە کە بۆچ ئێمە لامان وایە شیعری کوردی ئەبێ بگەڕێتەوە سەر شێوەی بەیتی کە شێوەیەکی سەرەتایییە و ناتوانێ واتەی قووڵی شاعیرانە لە خۆیا جێ بکاتەوە؟ ئێمە پاش مووسیقایەکی کورت وەڵامی ئەم ڕەخنە و پرسیارانە بەوردی ئەدەینەوە. پێش ھەموو شت ئەبێ بڵێم کە ئەگەر چەوتی و ھەڵەیەک لە بڕواکەمانا سەبارەت بە شیعر و لێکدانەوەی ھونەری ھەیە، ھەر خۆمان ئەگرێتەوە و کاری بەسەر بیروباوەڕی ھەموو نووسەرێکی کوردییەوە نییە. عەرزتان ئەکەین کە ئێمە بەھیچ بارێ دژی شێوەی عەرووزی نین، تەنیا ئەوە نەبێ کە تایبەتییەکانی ئەو شێوەیە و چەشنی پەیدابوونی لە وێژەی کوردییا باس ئەکەین و ئەڵێین کە شێوەی عەرووزی لە پێشا نەبوو و کاتێ ھاتە ناو وێژەی کوردییەوە کە زیاتر لە ھەزار ساڵ بوو لە وێژەی ھاوسێکانی کوردا جێگیر ببوو. لەراستییا داوخوازو نیازی کۆمەڵ نەبوو کە ئەو وێژەیەی کرد بەناو، بەڵکوو پێتەویستی کەمایەتییەکی ئەشڕاف و ئاریستۆکرات وەک دەرەبەگی زل و چینەکانی تری حەساوە و تێر و تەسەل بوو کە نیازی بەوێژەیەکی دوور لە تێگەیشتنی چەوساوەکان بوو بۆ خەڵەتاندنیان و گێژکردنیان. ئەمە ئیتر وەک ڕۆژ ڕووناکە کە «بەیت» ھی خەڵک بوو و خەڵک لێی تێئەگەیشت؛ بەگوێ لێبوونی ئەگریا یا پێئەکەنی، یا ھان ئەدرا و ئەبزووت؛ لە کاتێکا کە بەشیعری مینیاتۆری و پڕپێچ و قەمچ و ڕازاوەی عەرووزی کە باسی واتەیەکی بەرزتر لە وزەی دەستکورتی فامی ئەوانی ئەکرد ھەر تەقەی سەریان ئەھات و زاریان تاک ئەبوو وەک ویردێکی جادووکارانە ببیستن. شاعیری عەرووزی ئەیگوت: بۆ لەسەر چەشمەیی چەشمم نەچکێ قەترەیی خوێن وشەکان ھەموو فارسین، جگە لە «بۆ» و «لە» کە دوو «قەید»ی بچووکن، لە کاتێکا ئەکرا بڵێ «بۆ لەسەر چاوەیی چاوم نەتکێ تککەیێ خوێن». ڕەنگە گوێگرانی بەڕێز ئەمەیان بەدڵا بێت کە قۆناغی شێوەی عەرووزی جیا بوو و کات پێتەویستی بەمە بوو کە تێکەڵییەکی زۆرتری ھەبێ لە نێوان ئەدەبی گەلانی دراوسێدا و نموونەیان ئەمە بێ کە وێژەی فارسی بە وەرگرتنی عەرووز لە عەڕەب زیانێکی تووش نەھاتووە، بەڵکوودەوڵەمەندترو بەرینتر و شکۆدارتر بووە؛ بەڵێ دروستە، بەڵام وێژەی فارسی، «بەیت»ی نەبووە... و کاتێ عەرووز ھاتووە وێژەی فارسی دەستکورت و سەرەتایی بووە، جگە لەمەش ھەزار ساڵ لە وێژەی فارسییا کار لە عەرووز کراوە، «وەزن» و «بەحر»ی تازە و گونجاو لەگەڵ چۆنیەتی زمانی فارسییا دروست کراوە. ئەگەر سەیری وێژەی شێوەی «خوراسانی» بکەین، بەتایبەت لە شوێنەواری شاعیرانی پێشووی ئەو سەبکەدا زۆرجار چاومان بەلەنگ و لۆری و خێچ و خواری ئەکەوێ و دەرئەکەوێ کە لە خۆڕایی نەبووە ئەم نیوە شیعرە لە فارسییا بۆتە نەزیلە و کەوتۆتە سەرزاری خەڵک. شاعیران ناچار بوون سەر و گوێی وشە بشکێنن و لە قالبی داڕژراوی عەرووزا جێگای بکەنەوە. لەبەر ئەمەیە کە ئەڵێن «در تنگنای قافیە خورشید خر شود»؛ ئەگونجێ ئەمەش کە ئەڵێن «یجوز للشاعیر ما لا یجوز لغیرە» ھەر لەبەر ناچاربوونی شاعیر بێ لە پەیڕەوی کردنی عەرووز؛ کە وەھا بوو کورد بۆچ وێژەی خۆی بخاتە چوار چێوەیەکی داتاشراوی دەستی گەلێکی ترەوە، کە زۆر تەسک و تەنگ و بڕست بڕە. ئایا کەس ھەیە کەمەری وەک موو و بەژنی وەک چنار و چاوی وەک ئەستێرە و برژانگی وەک شیر و برۆی وەک کەوان و زولفی وەک زرێی پێ جوان بێ؟ ئاخۆ ئەگەر ئافرەتێک بەم شکڵ و سەر و سیمایەوە بێتە خەونی کەسێک لێی ناترسێ؟ بەڵێ کاتێ عەڕەب و فارس ئەم تەشبیھانەیان کردووە کە ئەم چەشنە چەکانە لە شەڕا کەڵکیان لێ وەرگیراوە و لە ژیانی کۆمەڵا تەئسیریان ھەبووە، لە کاتێکا بۆ کورد ئەم باسە نییە؛ کورد کاتێ شیعری عەرووزی وەرگرتووە کە زرێ و شیر و تیر و کەوان تەنیا لە مووزە و عەنتیکەخانەکاندا مانەتەوە. بەم چەشنە وێژەی کوردی بەچاوێکی بەستراوەوە بۆ ماوەیەک کەوتۆتە شوێن تەقلید و لاسایی کردنەوە و سەربەخۆیی خۆی لە دەست داوە. جا ئەمە لەبەر چی؟ بێگومان ھەر لەبەر ئەمە کە چەک بێ بۆ چینی دەرەبەگ و چینە بەدەسەڵاتەکانی تر. «حاجی قادر» لە غەزەلێکا ئەڵێ: پێم خۆشە غەزەل فەڕشی قودوومی عوقەلا بێ نەک بێتوو لەبەر کەن جوھەلا لەفز و مەعانی لەگەڵ ئەوەشا کە «حاجی» بەلامەوە بەڕێزە، ناچارم بپرسم «جوھەلا» کێن؟ ئەو کەسانەی کە دەرەبەگ ڕێگای خوێندنی لێ بەستوون؟ ئەو کەسانەی کە تێناگەن لەم ھەموو پێچ و قەمچە کە شاعیران ئەیدەن بەشیعرەکانیان... ئاخۆ ئەمانەن «جوھەلا»؟ ! ئایا دانەری بەیتی «سەیدەوان» کە شان لە شانی «ئۆتیللۆ» و «ھاملێت» ئەدا جاھیلە؟ لێرەدایە کە ئەبێ دەنگ بدەمە پاڵ دەنگی «گۆران» و بڵێم: بەڵام چی بکەم لە ناو چاوی ڕەشی بەعزی زەکای گەورە، وەکو تۆوی گوڵی دەم با لەسەر بەردێکی ڕەق ئەڕوێن. ھەر لەم غەزەلەدایە کە حاجی ئەفەرمووێ: تا دەستی نەدا خەنجەر و نەیفەرموو دەسا دەی... نەمزانیبوو دڵدارم دەھان و میانی ھەیە «دەھان» و «میان» کوردی نین و ئافرەتێک کە «دەھان» و «میان»ی دیار نەبێ، یەک لەبەر بچووکی و یەک لەبەر باریکی، جوانییەکەی لە کوێدایە؟ بەلای منەوە ئەمە نەخۆشییە... «ئاھۆ»یەکە کە وێژەی کوردی گرتوویە و ئەبێ تێبکۆشین لەوە ڕزگاری کەین. گۆران ئەڵێ: ئەی قژ زەرد، ئەی بەژن و باڵا کەڵەگەت... زۆر ساکار و زۆر جوان و نزیک لە لێکدانەوەی زۆربە و قسەی ڕۆژانەی خەڵک. ھەر لەم ھەڵبەستەدا کە ناوی «بۆ قژ زەردی بەردەرگا»یە، «گۆران» ئەڵێ: ئەبینم پەپوولەی نیازی گفتوگۆ دوودڵ ڕاوەستاوە لەسەر گوڵی لێو ئاخ خۆزگە ھەڵئەفڕی، ئەمزانی ئاخۆ ڕاسپێری چی پێیە بۆ گیانی پەشێو ئەم بەرنامەیە لێرەدا تەواو نابێ لەسەر ڕۆیشتنێکی زۆررتری ئەوێ کە ئەیھێڵینەوە بۆ بەرنامەیەکی تر. تا ئەو کاتە خواتان لەگەڵ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شیعری کوردی و کێشی عەرووزی سەبارەت: ١٩٧٣/٠٤/١٨ سەلامێکی بەتین پێشکەش بەگوێگری ھونەرناس. لە بەرنامەی پیشوودا وەڵامی پرسیارێکمان داوە بەناتەواوی و ھێشتمانەوە بۆ بەرنامەیەکی تر کە لەسەری بڕۆین. ئەگەر لە بیرتان مابێ ڕەخنەیان لە ئێمە گرتبوو کە بۆچ سەبارەت بەشیعری عەرووزی باش نادوێین. ئێمە بەرنامەی ئەمڕۆشمان دیسان تەرخان ئەکەین بۆ ئەم مەبەستە و بڕێ شوێنی تاریکی مەبەستەکە ڕووناک ئەکەینەوە. بێگومان بیستووتانە کە ئەڵێن فڵانە شاعیر یا فیسارە ھونەرمەند خاوەنی مەکتەبێکی تایبەتە و ڕێگا و شوێنێکی تایبەتی خۆی لە ھونەرا دۆزیوەتەوە. دۆزینەوەی ڕێگا و شوێنی تایبەت یانی چی؟ مەگەر ھونەر بۆ نواندنی جوانی دەرخستنی دزێوی نییە؟ ھەموو ھونەرمەندێک ئەبێ کاری ئەمە بێ و ھەر کەس ئەمە کاری بوو. ھونەرمەندە و لەگەڵ ھونەرمەندی ترا جیاوازی نییە. بەڵێ وەھایە؛ ھونەرمەند پردێک ھەڵئەبەستی لە نێوان کۆمەڵ و ڕاستەقینەدا و ئەیەوێ ئەم دووانە بەیەکەوە پەیوەند بدا و بەیەکیان بگەیەنێ. واتە کاری ئەمەیە کە کۆمەڵ تێبگەیەنێ کە ڕاستەقینەی دەوروپشتی چییە؟ ژیان بە چ بارێکا کەوتووە؟ بەڵام ئاخۆ ھەموو ئەندازیارێک وەک یەک پرد دروست ئەکەن؟ کە وەھا بوو ئەبوایە پردەکانی تەواوی جیھان یەک چەشن بوایە. کەچی ئێمە ئەبینین کە پردێک لە ئاسن و بتۆنە و ئەوی تر لە قوڕ و قسڵە؛ سێھەمیان لە دار و پەردووە. یەکێک ڕاستە، یەک کەوانییە، یەک زۆر لە ڕووبارەکە بەرزترە و یەکێک نەوییە. ھەرکام لەمانە بۆ ئاکامێک لەبەر چاو گیراون. جێگای وا ھەیە ھاتوچۆی زۆر بەسەرا نییە، باری قورسی بەسەرا ناڕوا، ئەگەر لە دار و پەردووش بێ، قەیدی نییە. یەکێک لە ناو شارە و جگە لەمەی کە پردە، مەکۆی خەڵکە و جێگای گەشتی ئێوارانە، ئەبێ جوان بێ؛ با دراوێکی زۆریش بۆ ڕازاندنەوەی بدرێ. یەکێک کەوانییە، چونکە ئەندازیارەکە بەگوێرەی لێکدانەوەی ڕەق و نەرمی خاکەکە، وای باش زانیوە کە کەوانی دروست بکا و زۆری بۆ نەیەت. شاعیریش وەھایە. ھەر کام چەشنێ ئەدوێ. گاھێ بەحەماسە، کاتێ بەوشەی نەرمی دڵدارانە، دەمێ بەرازاندنەوەی تەبیعەت و ژیان تەنانەت گاھێ بەتوانج و تەوس!! ھەموو ئەم کارانەش بۆیە ئەکا خەڵک تێبگەیەنێ. لە ڕاستییا شێوەی ھونەری ھونەرمەند بۆ کورت کردنەوەی نێوانی خەڵک و ڕاستەقینەیە. ئەڵێن حافز خاوەنی شێوەیەکی تایبەتە، ھەروەھا سەعدی، شکسپێڕ، ھۆمێڕ، فردەوس، گۆران، لێئۆناردۆ دواینچی، موتزاڕت، پیکاسۆ و زۆر ھونەرمەندی تر. ئەوانە کە پاڵیان داوە بە لووتکەی بەرزی ناو و نیشانەوە لە ھونەرا لاسایی کەرەوەی خەڵکی تر نەبوون. لەتەواوی شیعری شاعیرانی کوردییا بگەڕێی، زۆرتر لە چەن شاعیرت دەس ناکەوێ کەلاسایی کەسیان نەکردبێتەوەو خەڵک کەوتبێتە شوێن شێوەی ئەوان. ئێمە لە شیعری کوردییا چەند شێوەی دیار و تایبەتمان ھەیە. شێوەی بەیتی، شێوەی ھیجایی، شێوەی عەرووزی، شێوەی نوێ. لەو ناوەدا تەنیا شێوەی عەرووزییە کە پاش پاککران و ئامادەبوون بە ھۆی گەلانی ترەوە گەیشتۆتە دەستی ئێمە و ئەگەر ماڵی خەڵک خۆر نەبین، ناتوانین بە خۆماڵی بدەینە قەڵەم. کە وەھا بێ ھەر لە پایەوە بەلای منەوە شاعیری عەرووزی شاعیر نییە، چونکە جگە لەوە کە کەوتۆتە شوێن شێوەی شاعیرێکی تر، شاعیرەکەی پێشووش کورد نەبووە. کورد نەبووە یانی چی؟ یانی لە باری ژیان و خەم و خوشی مێژوو و خوو و ڕەوشت و خواست و ویستی کورد نەشارەزا بووە. چەشنە شاعیری عەرووزی ھەرگیز نەیتوانیوە پردێک ھەڵبەستێ لە نێوان کۆمەڵ و ڕاستەقینەدا. چونکە ڕاستەقینەی وڵاتی سەر سەوزی کورد و ئابووری تایبەتی ئەم وڵاتە ئەوە نییە کە شاعیری عەرووزی باسی ئەکا. من ناڵێم بە ھیچ بارێک بەشێوەی عەرووزی ناکرێ باسی ڕاستەقینەی ژیانی کوردەواری بکرێ، ئەبینین کە شاعیری وەک پیرەمێرد و نالی ئەم کارەیان کردووە باشیش سەرکەوتوون، بەڵام شێوەی نوێ باشتری ئەکا، ھەراوترە، دەست و پێی شاعیر بەکۆت و زنجیری «مفاعلاتن و مفتعلن» نابەستێ. دێمەوە سەر سەرەتای وتارەکە کە گوتم ئەڵێن فڵان شاعیر شێوەی تایبەتی ھەیە و چونکە ڕێگای تایبەتی دۆزیوەتەوە و نەکەوتۆتە شوێن شاعیرانی پێش خۆی، شاعیرێکی بەرزە؛ ئەگەر ئەمە بۆ تاقە شاعیرێک ڕاست بێ و دۆزینەوەی ڕێگای تایبەت نیشانەی گەورەیی و سەربەخۆیی شاعیر بێ، بۆ گەلیش وەھایە. واتە ئەگەر نەتەوەیەکیش ڕێگا و شوێنی وێژەیی تایبەتی خۆی ھەبوو و دەستی بۆ ھاوسێکانی درێژ نەکرد تا وێژە و ھونەریان لێ بخوازێتەوە، ئەم گەلە لە وێژەدا سەربەخۆیە و مەزنە. ئەزانین کە شێوەی عەرووزی ھی کورد نەبووە، لەگەڵ تەبیعەتی زمانی کوردییا نایەتەوە، ناوەرۆکی کە تا ئێستا شاعیرانی کورد (ئەگەر چاو بپۆشن لە چەند شوێنەواری بچووک) خستوویانەتە ناو قالبی عەرووزەوە لەگەڵ لێکدانەوەی زۆربەی کوردا جیاوازی ھەبووە و بۆنی غەریبی لێ ھاتووە. کاتێ مەم و زین ھەن، لەیل و مەجنوون کێن؟ کاتێ چیای مەغڵووب و سەری سیپان و قەندیلی مامەکۆیان و پێرس و چیای شیرن و شاھۆ، سەریان لە سینگی ئاسمان ئەستوون، دوجەیلە و واحە چاڵاوێک و زیخی ڕەوان و دڕووی موغیلان و وشتری پێ پان، چین کە لە وێژەی ئێمەدا مۆڵ بخۆن؟ ! ئەمانە بۆ ئەوان باشن و بۆ ئێمە لێدوانیان ھەر گێژی و کاسی پێوەیە و ھیچی تر. قسەی دواییم ئەمەیە کە دڵم ئەسووتێ لەسەر کانیاوێکی خورۆشاو کە لە ژێر ڕنووی بەفری کۆن دێتە خوارەوە دانیشم و بەردەمم دەشتێکی خەمڵیوی بە شەست پەڕو شەوبۆ و شلێرە بێ و داوێنی چیای ئەوبەرم وەک نۆ بووک تارای سووری داری ئەرخەوانی بەسەردا دابێ لەم حاڵەتەدا ناچار بم بیر لە دەشتێکی قاقڕی ڕەمڵین بکەمەوە کە «قەیس»ە شێتی تێدا وێڵ بوو. ئەوە من و ئێوەش نازانم! تا بەرنامەیەکی تر خواتان لەگەڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جیاوازیی نێوان حافز و نالی سەلامی گەرم و گوڕی ئێمە پێشکەش بەگوێگری بەھەستی بەرنامەی تاپۆ. ھیوادارین سەربەرز و بەختیار بژین. ئێستا لە سەرەتای بەرنامەکەدا گوێ بگرن بۆ پارچە ھەڵبەستێکی مامۆستا نالی: قوربان مەحاڵە پێکەوە بن سەبر و ئیشتیاق خاریج لە نەسسی ئایەیە تەکلیفی «لایوتاق» مەعنایی نوور و زوڵمەت و نەشری حەیات و مەوت بوو، ڕوو و زوڵف و ڕۆژی ویسال و شەوی فیراق ئیزھاری ئیددیعاتی تەسەببور لە وەسڵی تۆ یا مەکرە، یا دەسیسەیە، یا کیزبە، یا نیفاق بۆ تۆ کە بیکر و تازە، وەکو حۆری جەننەتی قەیدی چییە عەجووزەی دونیا بدەم تەڵاق؟ ! شیرینیی و لە تاڵی و ترشی عیتابی ڕووت خاڵت لەسەر جەبین بووەتە دانەیی سماق سۆفی لە فەقر و فاقە وەکوو فاقە فاقی دا تەسبێحی دام و دانەیە، ڕیشی دوو فاقی فاق ئەی میھری میھرەبان وەرە سەربانی بامیداد با مەھڕووان ببن بە ھیلالی شەوی میحاق نالی کە سەدری مەسنەدی تەمکینی تەکیە بوو بۆ تۆ بووە بەدەرەبەدەری کووچە و سوقاق نالی، مامۆستای بەرزی ئەدەبی کورد، ڕەنگ و بەروبووی شیعرەکانی لە شوێنەوارە بەنرخەکانی حافز ئەچێ. تەنیا جیاوازیێەک لە نێوان ئەم دوو شاعیرەدا بەرچاو ئەکەوێ، تامێکی سۆفیانە و عارفانەیە کە لە شیعرەکانی خواجەی شیرازا ھەیە، لە بەرامبەرەوە نالی زیاتر خۆی داوەتە ڕازاندنەوەی ڕواڵەت و ھێنانی سەنایعی لەفزی و بەلێکدانەوەیەکی تر نالی لە باری تەعبیر و ھەڵبژاردنی ئیستعارە و تەشبیھات، لە سەبکی ھیندی نزیکە. بۆ نموونە واتەی سۆفی لە زبانی حافزا ئەم ئادەمیزادە سەر و پرچ ئاڵۆزە فێڵبازە نییە کە نالی باسی ئەکا، بەڵکو ئینسانێکە گاھێ سەرەڕۆی دۆزینەوەی ڕازی ھەستییە و زەمانێکی تر شوێنگرتووی ڕێو شوێنی قوبوولکراوی سەردەمی خۆیەتی و گوێ لە مستی شێخ و پیر، بەڵام لە ھیچ کاتێکا چەشنی ئەو سۆفییە کە نالی لەو شیعرانەی سەرەوەدا باسی ئەکا نزم نابێ و بەچاوی سووک تەماشا ناکرێ. حافز ئەڵێ: صوفی سرخوش از این دست که کج کرد کلاه به دو جام دگر آشفته شود دستارش ھەڵبەست لە سەردەمی حافزیشا خۆپارێزی بەدرۆ و خواناسی بۆ فریوی خەڵک بووە، بەڵام شاعیری گەورەی شیراز ئەم تاقمە بەسۆفی ناو نابا، گاھێک بەقازی، جارێک موحتەسیب و شەحنە و دارۆغە و زەمانێ بەناوێکی تر ئەیانگرێتە بەر تیری تانە و توانج. نالی خاوەنی ئیدئۆلۆژی و مەکتەب و فەلسەفەیەکی تایبەت نییە کە لە سەرتاسەری دیوانەکەیا شوێنی ئەم بڕوا ئاینیی و کۆمەڵایەتییەی گرتبێ. جارێک شیعرەکانی لیریک و غەنایییە، گاھێک تیپیک و حیماسی، زەمانێکیش ئەکەوێتە سەرباری شیعری گەل. لە کاتێکا حافز بەھیچ بارێ خۆی لە کاری گەلی و ناسیۆنالیستی نەگەیاندووە. لە سەردەمی حافزا ئەنتەڕناسیۆ نالیستێکی کۆمەڵایەتی و حقووقی بەسەر ھەموو وڵاتە ئیسلامییەکاندا فەرمانڕەوا بوو و لە ڕوانگەی زانیاری و ئەخلاقەوە وڵاتانی ئیسلامی زۆر بەیەکەوە بەستراو و لە یەک نزیک بوون. لە تەواوی شوێنەوارەکانی سەردەمی پێش حافز وەک دیوانی ناسر خوسرەو، ئەبولعەلای موعەرری و مەولانا دەرئەکەوێ کە مەبەستێک بەناوی گەل نەھاتۆتە ناو شیعرەوە. تەنیا زامێک کە لەشی کۆمەڵی ئیسلامی ئازار دابێ بۆتە ھۆی بزواندنی ھەستی شاعیری بارھاتووی فەرھەنگ و زانیاری ئیسلام. تەنیا خوو و رەوشت و ڕێگا و شوێنێک بەخراپ دراوەتە قەڵەم کە لەگەڵ ڕەوشتی پەسندکراوی ئیسلامییا نەھاتبێتەوە. ھەڵبەت ڕەوشتی ئیسلامی لە ڕوانگەی فەلاسەفە و فەقیھاندا جیاوازی ھەیە و ھەرکام بەلێکدانەوەی خۆیان ڕوانیویانەتە سەر ئەم ڕەوشتە. حافزی خاوەن مەشرەبی فەلسەفی، تەنیا ڕواڵەت و تێکوڵی مەبەستەکە نابینێ و بەناخیا ئەچێتە خوارەوە و لە کاتێکا تێکوڵ پەرستی ڕواڵەت بین گیرۆدەی زاھیرە. حافز ئەڵێ: در میخانه ببستند خدایا مپسند که در خانهٔ تزویر و ریا بگشایند یا ئەفەرمووێ: زاهدان کاین جلوه در محراب و منبر می‌کنند چون به خلوت می‌روند آن کار دیگر می‌کنند ئەبینین کە سکاڵای حافز لەمەیە کە ئایین و خوو و ڕەوشتی باش گۆڕاوە و ئەو کەسانە وائەبێ جێگای چاولێکەری و پەندوەرگرتنی خەڵک بن، خۆیان ھەڵەڕەوتی سەرشێوێنن. باده هیچت اگر نیست این نه بس که ترا دمی ز وسوسهٔ عقل بی خبر دارد لە جێگایەکی تریشا ئەفەرمووێ: پیاله بر کفنم بند تا سحرگه حشر به می ز دل ببرم هول روز رستاخیز شاعیرێکی تری فارسیش خەفەتی خۆی لەم ھەموو خراپە و نزمییە کە لە کۆمەڵا بەرچاو ئەکەوێ، بەم چەشنە دەرئەبڕێ و بێزاری ئەنوێنێ لە خەڵکی جیھان: مرا به روز قیامت غمی که هست این است که روی مردم دنیا دوباره باید دید ھەڵبەت بەرامبەر کردنی نالی و حافز کاتێکی ھەراوتری ئەوێ. بەڵام لە خوێندنەوەی شوێنەوارەکانی ئەو دوو شاعیرە و لە ناوەرۆکی غەنایی شوێنەوارەکانیان دەرئەکەوێ کە لە یەکچوون و لە یەک نزیکی لە نێوانیانا زۆرە. لێرەدا گوتنی مەبەستێک بەلای منەوە زۆر پێویستە و ڕەنگە بکرێ ئەسڵ و پایەیەکی کۆمەڵایەتی لەسەر دابنرێ. مەبەستەکە ئەمەیە کە پاش شێوەی عێڕاقی، شێوەی ھیندی لە ئێرانا پەیدا ئەبێ و لە ئەوروپا لە دوای شێوەی ڕۆمانتێکدا شێوەی سوورێئالیسم و سەمبۆلیسم باو ئەبێ ئەزانین کە شێوەی ھیندی بەم ھەموو پێچ و قەمچ و مینیاتۆری ڕواڵەتەوە کە ھەیەتی زۆر لە شێوەی سەمبۆلیکی ئەوروپا ئەچێ. من لام وایە ھەم ئێران و ھەم لە ئەوروپا کاتێ ھونەرمەند و شاعیر دڵسارد ئەبێ لە گێڕانەوەی ئەو شتە وا لە پێشا ھەبوو و مەئیووس ئەبێ لەوە کە ئەو شتە وا دڵخوازیەتی دایبمەزرێنێ؛ ناچار دان بە شکستی خۆیا ئەنێ و تەریق ئەبێ و پاڵ ئەدا بەتاقمی کەمایەتی بێ دەربەستەوە. لە ئەوروپا شاعیر ھەست ئەکا ئەو شتە وا بۆ دامەزراندنی تێکۆشا، واتە بورژوازی، زۆر لە ڕوانگەی دادگەرییەوە جیاوازی نییە لەگەڵ فێئۆدالیسم و لە ئێرانا کاتێ ڕێکوپێکی و برایەتی ئیسلامی ئەشێوێ و شاعیر بەچاوی خۆی نزمی و چەپەڵی پەرەگری کۆمەڵایەتی ئەبینێ و ھیچیشی لە دەس نایە ھەر دووک مەئیووس ئەبن. ئەو شوێن سەمبۆلیسم ئەکەوێ و لە توێی تارادا بووکی واتە و مەفھووم ئەشارێتەوە؛ ئەم دەس ئەکا بەڕازاندنەوەی ڕواڵەتی خانووبەرەیەک بەناوی ھونەری شیعری کە ناو ماڵ و ژوور و ھۆدەکانی ھیچیان تێدا نەماوە. تا بەرنامەی داھاتوو بەخواتان ئەسپێرین. ئەم کاتە و ھەموو کاتێکی تری ژیانتان شاد. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەی کێشەی نێوان شیعری کۆن و نوێ ئەبڕێتەوە؟ سەلام لە گوێگری ھەستیار و بیستیاری ھۆگری ھونەر. گوێگرێکی بەڕێز بەناوی وەفای عەزیزی لە سنەوە نامەیەکی گەرم و گوڕ و برایانەی بۆ نووسیوین و چەند پرسیارێکی کردووە. نامەی ئەو گوێگرە بەڕێزەمان کەوا دەرئەکەوێ خاوەنی چێشکەیەکی پاراو و بەھرە و بەرێکی ھونەرییە بۆ ئەوە ئەشێ کە بڕێکی بۆ بیستیاران لێ بخوێنینەوە. ... کاک وەفا ئەنووسێ: «جیھان و کەون لە گۆڕاندایە بەتایبەت بەپێی گۆڕانی جیھان خواست و ویستی ئادەمیزادیش ئەگۆڕێ و کاروباری کۆمەڵایەتی و ئەوەی وا پێی ئەگوترێ زانیاری کۆمەڵ و کۆمەڵناسی لەگەڵ چەرخ و خولی جیھاندا ئەگۆڕێ. واتە ئەو شتە کە ئەمڕۆ باوە و کۆمەڵ نیازی پێی ھەیە، بەیانی کۆن ئەبێ و لە ڕیزی نیاز و پێداویستەکانی گەل و کۆمەڵ ئەخرێتە کەنارەوە و شتێکی تازە جێگای ئەگرێتەوە. ئەم گۆڕانە وەنەبێ ھەر لە ھونەرا بێتە پێش، بەڵکو لە ھەموو بار و لانێکی ژیانی ئینسانیشا خۆی ئەنوێنێ. دوێنێ کابرای فەیلەسوف و فیزیک زان کاتێ ھەستی کرد کە لە گەرماوەدا سەنگایی ھەموو شت کەم ئەبێتەوە، بەلەشی ڕووت لە گەرماوەکە ھاتەدەر و سەرخۆشانە نەڕانی: «دۆزیمەوە... دۆزیمەوە!» پاش ئەو زانایەکی تر لە ژێر دارە سێوێکا دانیشتووە؛ سێوێکی گەیشتوو لە لقێکی دارەکە بووەوە و کەوتە سەرکۆشی. بیری کردەوە لە لقی دارەکەوە تا سەر زەوی فەزایەکی بەتاڵە و لە دارەکەوە بەرەو سەرووتریش بەتاڵە و جگە لە ھەوا ھیچی تری تێدا نییە. کە وەھایە بۆچ ئەو سێوە بۆ فەزای ژوور ناچێ و ئەکەوێتە سەر زەوی؟ بەبیر کردنەوە بۆی دەرکەوت کێشەرێک لەم زەوییەدا ھەبێ وا ھەر شتێک لە بەرزایییەکەوە بەری دەیەوە ئەکەوێتە سەر زەوی و لەو ڕۆژەوە کە «نیۆتۆن» ئەم ڕازەی دۆزییەوە یاسای ککککێشەری گشتی واتە قانوونی جازیبەی عموومی پەیدا بوو. ئەو ڕۆژانە بۆ ئادەمیزاد زۆر بە بایەخ بوون و پێداویستی ئادەمیزاد بوو کە سەر لەم ڕازانە دەربھێنێ. بەڵام ئەمڕۆ ھەموو مناڵێکی پۆلی ناوەندی ئەم کەشفە زانستییە گرینگانە ئەزانێ، کە وەھایە ھەموو شت لە گۆڕاندایە و ھەموو شت پاش ماوەیەک کۆن ئەبی و جێگای خۆی ئەدا بەشتێکی نوێ. ئەی لەبەرچی باسی کۆن و نوێ لە شیعردا نابڕێتەوە؟ بۆچ بەم شێوەیە کە شێوەی باوی ڕۆژگاری ئێمەیە ئەڵێن شێوەی نوێ؟ جا چ نەققاشی بێ، چ پەیکەرسازی، چ وێژە؟ ئاخۆ باشتر نییە ئەم شەڕی کۆن و نوێیە ببڕێتەوە، وەک لە زانستا بڕاوەتەوە؟ ئەمە پرسیارێکم بوو، پرسیارێکی تریشم ھەیە؛ لەبەرنامەی تاپۆدا زۆرجار وشەی ئیماژمان بەرگوێ ئەکەوێ. ئاخۆ ئیماژ ھەر ئەو سفەتە لەفزییەیە کە لە شیعری کۆنا پێی ئەگوترا ئیستعارە؟» لەپێش ھەموو شتێکا سوپاست ئەکەم پیرۆزبایی ورد بوونەوەت لە مەوزووعە ھونەرییەکان. پاشان وەڵامی پرسیارەکانت. لە زانستا تاقیکاری ھەوێنی بنەڕەتییە و ھەموو شت لە سەر ئەو بناغەیە دائەمەزرێ. واتا زانا ناچارە ئەسڵە زانستییە کۆنەکانی قوبووڵ بێ و بەپێی ئەوان بجوولێتەوە. یەکەم کەسێ کە بەرد و ئەستی دۆزییەوە بناغەی دانا بۆ دۆزینەوەی ئاگر و ئاگر بوو بەبناغەیەک بۆ زۆر شتی زانستی کە ئەمڕۆ ھەیە. چەشنی مووشەکێ کە پیاو ئەباتە سەر مانگ، جا با ئەو شتە کە گەرمایی لە مووشەکا پێکدێنێ، ئەو ئاگرە نەبێ کە لە بەرد و پووشوو پەیدا ئەبێ، لە ھەر حاڵێکا ئاگرە و گەرمایی و ھێز ئەخولقێنێ. بەڵام بناغەی ھونەر لە سەر عاتیفە دائەمەزرێ و ئەشزانین کە عاتیفەی ھەموو کەس چەشنێک نییە. چەند کەس بچنە ناو دارستانێکەوە، ئەوەی کە دارتاشە لە بەر خۆیەوە بیر ئەکاتەوە ئەم دارگوێزە چەند ڕەختە و لە بارە بۆ دەرگاو پەنجەرە لێ دروستکردن. ئەوەی کە ھونەرمەندی پەیکەرسازە ئەڵێ: ئەم دارە، باش ئەکرێ و ڕواڵەتی ژوولسێزاری لێ دروست بکەی. ئەو کەسەیان کە شاعیرە ئەڵێ: چەندە خۆشە پاش شەکەتی ڕێگا لە ژێر سێبەری ئەو دارە دانیشی و شنەیەکی فێنک ئارەقەی لەشت وشک کاتەوە. ئەگەر بازرگانێکیشیان لەگەڵ بێ، ئەڵێ بریا ئەم دارستانە ھەموو ھی من بوایە و بمفرۆشتایە بەم دارتاش و پەیکەرسازە و دراوەکەم لە تەنگەی گیرفانم بنابایە. ئەبینی کە ھەر کەسێ چەشنێ بیر ئەکاتەوە و ھونەر کە بناغەی لە سەر بیر و عاتیفەیە، زۆرتر لە زانست جیاوازی تێدا بەر چاو ئەکەوێ. زانست ناگۆڕێ. بەڵام پێش ئەکەوێ و ھەڵئەچێ. چەشنی نەمامێک کە ساڵ بەساڵ گەورەتر و ڕاکێشاوتر و ھەڵچووتر ئەبێ. بەڵام تۆ ئەزانی کە ئەم دارە گەورەیە ھەر نەمامە بچووکە دەسنێژەکەی خۆتە، لە کاتێکا ھونەر ئەگۆڕێ و لە پایەشەوە ئەگۆڕێ. دوێنێ ھونەری شیعر و وێژەوانی بۆ پێھەڵکوتنی ئەمیر و پایەبەرزان و بەدەسەڵاتان بوو تا شاعیر بەخشش و سیلەیەک کە بەگوێنی شیعرەکە وەری ئەگرێ خۆی پێ بەخێو کات؛ بەڵام ئەمڕۆ شیعر بۆتە چەکێک کە ئەکرێ سێدارەیەکی بۆ خنکاندنی دوژمن لێ ساز بکەی. ئیتر شیعری پێھەڵکوتن باوی نەماوە. لە بەر ئەمە ئەڵێن شیعری کۆن و شیعری نوێ؛ بەڵام بەلای منەوە ئەگەر شاعیرێک بتوانێ لە قالبی عەرووزیشا واتە و مەفھوومێکی ئەمڕۆیی دەربڕێ، شیعرەکەی نوێیە و کۆنی قالب نابێتە ھۆی کۆنی شیعرەکەی. کە وەھا بوو بۆ چ شیعری نوێ زۆرتر لە قالبی نوێ ئەخرێ؟ شاعیران لایان وایە خۆ بەقافیە و کورت و درێژی دوو نیوە شیعر و ڕەوی و ڕەدیفەوە خەریک کردن ڕێگایان نادا بیر لە کاکڵەی شیعرەکە بکەنەوە و لە قالبی ئازاددا باشتر سەر ئەکەون. وەڵامی پرسیاری دووھەمیشتان ئەمەیە: بەڵێ ئەتوانین بڵێین ئیماژ کە وشەیەکی بێگانەیە، لەگەڵ ئیستعارە کە ئەویش ھەر وشەیەکی بێگانەیە - بەڵام زۆرتر بیستراوە - ھەر یەک مانایان ھەیە؛ بەڵام وردەیەک جیاوازیشیان لە نێوانا بەر چاو ئەکەوێ. ئیستعارە لە شیعری قەدیما زۆر زوو ئەناسراوە، بۆ نموونە نێرگس ئیستعارە بوو بۆ چاوی کەژاڵ، سەرو - کە بەکوردی ئەبێتە سەوڵ - ئیستعارە بوو بۆ بەژن و باڵا. بەڵام ئیماژ زیاتر شەخسی و تەکییە و ھەر شاعیرە بۆ خۆی ئیماژێکی ھەیە. ھەڵبەت ئیماژی واش ھەیە کە ھەموو شاعیرێک یا زۆربەی شاعیرانی نوێ بێژ کەڵکی لێ وەرئەگرن. دوو نموونە ئەخەینە بەرچاو کە شار کراوە بەئیماژی سفەت و بێ بەزەیەتی و پارەپارێزی و نزمی خوو و ڕەوشت. شاعیرێک کاتێ قسە لەگەڵ مەعشووقەکەیا ئەکا ئەڵێ: تەواری بەسامی کەژی کوردەواری بەجوانی دلێر و بەنازی کەنیشکانە تێر و تەیاری دەسا بەشقی خوا بەس کە تاوێ بە کەولەنجە شێت و چەواشەم مەکە دەمێ لێم گەڕێ سەرنجم دەمێکە زوڵاڵی نەماوی چەپەڵگای ھەراسانکەری گەورە شارە بڵا با لە چاوی گەش و روونی دوو چاوی شینت کە ھەر وەک زرێباری بەر تاووساوی بەیانە مەلەی دەم! شاعیرێکی تریش ھەر لەو کاتەدا کە دەردەدڵی خۆی بەلای دڵبەرەکەیەوە ئەکا، ئەڵێ: گوڵم دەڵێم بڕۆم لە شارەکەت لە شاری چاو لە بەر چرای نێئۆن شەوارەکەت ھیوادارم کاک وەفا وەڵامەکانی گوێ لێ بووبێ و پەسندی کردبێ. تا حەوتەی داھاتوو بە خوای گەورەتان ئەسپێرین. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تامی تاڵی بەزین بەڵێ ھەر چی بوو ئەوەندە بوو کە ھات و وردەیەک مایەوە و تێپەڕی؛ چەشنی سێبەری شەو کە لەبەر نێزەی ئاڵتوونی شازادەی بەیان ڕا ئەکا، یا زەردەی نیوەڕەنگی ھەتاو لەسەر لووتکەی کێو کە بە بزەیەکەوە کە تۆ ھەرگیز بۆت دەرناکەوێ، بزەی بەزەیییە، قەشمەرییە، یا خۆ ماڵاوایی، ئاوا ئەبێ و تۆی بڕوانکار ھەر ئەوەندە ئەمێنێتەوە کە دانیشی و بیر بکەیەوە ئاخۆ لەودیو سنووری خۆراوا ھەتاو چی ئەکا؟ سەر لە کام گوڵ و گیا ئەدا؟ بەسەر کام دەریای کاسا پڕشنگ ئەداتەوە و لە خەو ڕایئەچڵەکێنێ؟ بەڵام داخێک و سەد مەخابن، گەلۆ، گەلی دەماجەرایە! ئەمڕۆ منم و ھەواڵی ھەمیشەییم، گەرمتر لە ھەمیشە دەستەملانم بووە و ھەر ئەڵێی لە دڵما لێدانە، لە خوێنما بزووتنە، لە سەر چاوم دوو تنۆکی قەتیس ماوی فرمێسکە، بەخەم ئەڵێم برادەر. خەمێ وەک ڕۆژێکی زەردی پاییزی بەرەو زستان لە گەڵما یەک ماڵە و بێ جیاوازی. تۆ بڵێی برای ھاوپشتم نەبێ؟ ! ئێستە بمبوورە کە گوڵ و ئەستێرەی ھەڵگرتن و توانام لە بەر چەخماخەی ھەوری بەباڕشتی خەفەت لەبەر ڕەھێڵەی گریان پاش برووسکەی ئێش و ئازار سەر ڕێژ ئەکا و وشکارۆی زەردی ڕوخسار و داوێنم ئەکا بەزۆنگ و زەل! ببوورە کە ناچارم ڕووگەم وەگوێزم و بەزاراوێکی ئاڵتر و ژاراویتر لە ژەقنەمووت بڵێم ئەوین بێھوودەیە. بێھوودەیە لەم سەردەمەدا کە خرینگەی پووڵی ورد جێگای شمشاڵی شوانی ئەوینداری گرتۆتەوە شوێن پەرییەکی سپی پۆش ئەفسانەیی کەوم کە ناوی لە پەڕاوە کۆنەکانا ئەوین نووسراوە. ڕۆژێک بوو ئەمگوت ئەوین واتەی ژیانە، ئەوین بەیانە، ئەوین ھەموو شتێکی ئینسانە. ئەمگوت با بکوژێتەوە چۆڵە چرای ڕەنگ بزڕکاوی ھەتاو، ئەگەر خول و گەڕانی خۆر بۆ نیایش و لە دەورگەڕانی خوای ئەوین نەبێ. ئەمکوت کۆیلەتم ئەوین، ھەرتۆم ھەبێ خوونکارم. تۆم ڕێنوێن بی ڕزگارم! با بڵێم ئەمڕۆ چۆنم. بمبوورە کە دێمە دەنگ وەک قامیشەڵانی دەمبای ساردی ئێوارانە. لە ھەر دەمارێکمەوە نەوایەکی خەم و ماتەم ھەڵدەستێ. کوتم ئەبم بەبەردی ژێر گۆم، بێ ھەست و خوست دائەکەوم. ئەبم بە شوورەی پۆڵا با قەڵماسکەی ئاگرینی خەم نەمڕووشێنی و نەمشەمزێنێ. با ئەگەر سەرم بێ شۆرە و دڵم بێ ھیوا، لانی کەم شاییم بەخۆم ھەبێ کە پیاوم، نەبەز و ڕاوەستاوم. ڕاستە کە لێقەوماو و داماوم؟ بەڵام نە وزەم بەرداوە و نە فەوتاوم. ئەبینی برادەر خۆ فریودان گاھێ پێویستە بۆ ئەوەی ناتەوێ پێ لە مردنی خۆت بنێی و سەر دابنەوێنی، بۆ ئەوە کە ھەنگاوێ وا ھەڵتگرت و وەستای ھەنگاوی دوایی بوو و لەمەوبەدوا ھەرچەندە ڕێ ببڕی، ھەوراز و لێژ بپێوی، خۆت شەکەت و ماندوو کەی، ھەر لە دەوری خۆت ئەسووڕێی و گێژ ئەبی. چەشنی مێروولەی ناو گۆی بلوور دەرەتانت نامێنێ. ناچاری ئەم ڕاستەقینەیە کە وەک داوی جاڵجاڵۆکە دەست و پێ و ھەست و گیانت ئەخاتە ناو کەمەندەوە وەرگری. ھاوار لە من کە ملکەچکردن بۆ دوایی ھاتن ھەر مەرگە تاڵەکەیە وا لێی ئەترساین. لە نێوان ھیوا بڕان و وەرگرتن و ھەموارکردنی ھیوابڕاوییا بەتاڵییەک، دۆڵ و شیوێک ھەیە کە پیاو کاتێ ئەیگاتێ، ھەم لە ساما لنگی ئەلەرزێ و ھەم خۆی ناچار ئەبینێ کە بۆی بڕوانێ. وەک کەسێک کە لەسەر ھەڵدێرێکی بەرز وەستابێ و بیەوێ خۆی بخاتە خوارەوە، نە ئەتوانێ بگەڕێتەوە و نە لێی ئەبڕێ بچێتە پێشەوە. بەڵام ھەرچی ھەیە ئەم سنوورە کە لە ھەودایەکی ھاوریشمین باریکترە، تەنھا جێگایەکە کە مرۆڤ دەرفەتی ھەیە بیری تیا بکاتەوە. بیری ئەوەی کە ھات و تێپەڕی، ئەوەی کە لە ناخی دۆڵەکەدا بەسەری دێ و من لەم سنوورە لە گەڵتا ئەدوێم. ئەی برادەرێ کە خۆمی یا ئاوێنەی خۆمی! و ئەمەیە کە بەدڵما دێ و دێتە سەر پێنووسم. دێتەوە بیرت کە پێت داکێشاوەتە ناو ڕووبارێکی بچووک و ڕوون و ماسی بچووکی سەر پشت ڕەشی بەر زگ زەرد لە سامی تاریکی قووڵایی ناوەڕاستی ڕووبارەکە ھاتوونە کەناری تەنک و تاو تێزاو و بەدەمی لووسیان بەرەپێت ختیلکە ئەدەن، تۆش سەرت ناوەتە سەر سەرینی سەوزەڵانی ڕوو لە ھەڵچوون و شلک و خۆرەتاو بەھەموو میھرەبانی خۆیەوە ڕوومەتت ئەلاوێنێتەوە. یادێک پێ ئەنێتە سەر گلێنەی چاوی نیوە خەوتووت. پەلکە زێڕینە بزەی بێڕەنگ و نادیار، کاروانێ کە دەنگی زەنگی وشتری پێشەنگی لە گوێتا ئەزرینگێتەوە، کیژۆڵەیەک کە لە پەناتە دائەنیشێ، تۆ لە جیھانی خەون و خەیاڵا بەرخە مامزی خنجیلانەت بەسرکی و سڵییەکا، بەڕوانینی گەرمی نیو نیگایا، بە شنەیەکی فێنک و بۆن خۆش کە بە داوێنی کراسی موونسی شاگوڵی لەشی ئەیپرژێنێتە ناخی دەماختا، ئەناسییەوە و بێ یارمەتی زمان و وشە و دەنگ پێی ئەڵێی خۆشم ئەوێی. گڵی زیندوو، تووتڕکی کێوی و عەتری ئەو با نەرم و نیانە کە مەست و سەرخۆش لە میوانی شلێرەجاڕ ئەگەڕێتەوە. ئەمەیە خەو بینینی تۆ. بەڵام داخی گرانم، تۆ بەخەو بینین قەناعەت ناکەی. ئەتەوێ ھەرچی لە خەوا ئەبینی، لە بەخەبەرییا بتبێ. دەس درێژ ئەکەی تا پەردەی تارمایی لادەی. بەھەردوو دەس چاو ئەگڵۆفی و خەون و خەیاڵ ئەتارێنی. پاشان دەس ئەگێڕی تا داوێنی ئەوینت بگری و بەری نەدەی، کەچی دەستت بێھوودە ھەوای بەتاڵ ئەپشکنێ. تۆ وەک پەپوولەی ھاوریشم ئەتەوێ لە تالاری ڕەنگاوڕەنگی تانوپۆت بێیە دەر! بەڵام لە دەرەوە جگەلە زبری و ڕەنگی خۆڵەمێشی ھیچی تر نییە. تۆ ئەو کاتە ئەزانی کە ھەی داد و بێداد چیت بەسەر ھات. ئیتر نە ھەتاو ماوە، نە دڵدار کە کەزی شۆڕی ئەتگوت پرچی گوڵەبەڕۆژەیە. ئەتەوێ بگری. لە کاولی تەنیاییتا بگری. ھەوا تەزووی ساردە و لەشت ئەتەزێنێ. بزەی بێڕەنگی ھەتاو و ماسی بچووکی کەناری ھەتاوگر لە ترسی ھەوری ڕەش تاراون. ھەور بەنەرمی و پیاوانە ئەگری و تۆ تەنانەت تنۆکێکت فرمێسک بۆ نەماوەتەوە کە بەسەر ئاگری دەروونتا بیپژێنی. وەرگرتن و ملکەچکردن ڕێگات لێ ئەگرێ. داخی گرانم کە ملکەچکردن و وەرگرتن ھەر ئەو مەرگە تاڵەیە کە لێی ئەترسای. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کام شاعیر لای کۆمەڵ ڕۆڵەیە؟ سەلام لە گوێگری بەھەست و ھونەر پەرستی بەرنامەی تاپۆ. «گەورەیی» گەورەترین شاعیر و نووسەر، یا ھەر ھونەرمەندێکی تر لەوەدایە کە ھەرچی لە دڵیا ھەیە و ھەر مەبەستێکی بەدەستەوەیە باش بینوێنێتەوە. ھەروەک ئاوێنەیەکی ڕوون کە ھەر شتێ لە بەرامبەریا بێ، لەناویا دەرئەکەوێ. ھونەری ئیلقا کردن و ڕاگەیاندن و تێگەیاندن، ھونەرێکی ھەرە مەزنە و ڕاستییەکەی ئەوەیە کە زۆربەی کەس لەدڵی خۆیا شاعیر و نووسەرە. بیری یەکجار جوان لە زۆر مێشک و دەروونا ھەیە کە خاوەنەکەی شاعیر نییە، واتە ناتوانێ بیرە جوانەکانی بخاتە چوارچێوەی وشە و عیبارەتەوە. کە وەھا بێ، جیاوازی ھونەرمەند لەگەڵ خەڵکی ئاسایییا ئەوە نییە کە باش ھەست ئەکاو باش جوانی ئەناسێ، چونکە ئەم ھێز و توانایە لە خەڵکی تریشا ھەیە. ئەوەی شاعیر لە خەڵکی ئاسایی بەرزتر ئەکاتەوە و جیای ئەکاتەوە ئەمەیە کە ھەستە دەروونییەکانی باش بە خەڵک ڕائەگەیێنێ. ڕاگەیاندنی ھەستی شاعیرانە، یانی ئەو چەشنە ھەستە کە تێکەڵ بووە لەگەڵ ھەوێنی عاتیفە و ڕواڵەت و قالب و چەشن و تەرزێکی تری پەیدا کردووە، یەکجار دژوارە، چونکە شاعیر زۆر شتی وردی وەھا ئەبینێ کە دیتنی بۆ زۆربەی کۆمەڵ ساکار نییە. جگە لەمەش شاعیر تەنیا پلانێک لە کارەساتێک یا ڕوانگەیەک ھەڵناگرێ کە بێ دەست لێدان و گۆڕین بیخاتەوە بەرچاوی سەیرانکار، شاعیر بەتایبەت شاعیری ئەمڕۆکە ناتورالیسم بەشێوەیکی دواکەوتوو ئەزانێ، وەھا نابێتە کۆیلەی تەبیعەت کە بێ دەسکاری کۆپی لێ ھەڵگرێ. شاعیر، شەیء ومەکان و حاڵات، واتە ئەو شتانە کە لە دەور و بەرین، ئەو کاتە کە تێیدا ئەژی ئەو نەفسانیات و حاڵەتانە کە ھەیەتی تێکەڵ ئەکاو ئاوێنەیێکی لێ دروست ئەکا کە تەواو ئەو شتە نییە کە لە دەرەوە ھەیە و خەڵکی تر ئەیبینن. بەکورتی کاری شاعیر ستاتیک static و وەستاو نییە، واتە زێھنی شاعیر چەشنی مەکینەی وێنەگر لەیەک حاڵەتی قەیسی یەک کاتی کورت وێنە ناگرێ. شاعیر دینامێکە dinamic، واتە بەدرێژایی زەمان و کات لە جوولانەوە دایە چەشنی فیلمی سینەما، لە سەرەتای پەیدابوونی شتێکەوە تا دوایی ھاتنی ئەو شتە لەھەموو حاڵێکا ئەیداتە بەر تیشکی رووناک کردنەوە، بۆ نموونە، بۆرەپیاوێک ئەبینی کە مناڵێکی برسی لە باوەش دایکی ترساو و سەر لێشێواودا خەوی لێکەوتووە، ھەندێک کە ئەڕوا ئەبینێ مناڵێکی خڕو خۆڵ و چاوگەش و لێو سوور لەناو باغچەی پڕگوڵ و سەوزەی حەوشی باوکی دەوڵەمەندیا خەریکی کایە کردنە. بۆ ئەو بۆرەپیاوە ئەگەر زۆر تێنەگەیشتووبێ، یا دڵی تەواو ڕەق و ڕەش بێ، دیتنی ئەو دوو ڕوانگە جیاوازە باسی ھیچ شتێک ناکا. بۆرەپیاو تێ ئەپەڕێ و نەخشێک ناکەوێتە سەر ھەستی، یا ئەگەر ھەستیشی جووڵا، ھەر بۆ ماوەیەکە پاشان ئەچێتەوە سەر باری ئاسایی خۆی، تەنانەت ئەگەر ئەگونجێ کەسێک ئەم دوو ڕوانگەیە ببینێ و کارێکی گران و شوێنێکی قووڵ بخاتە سەر ھەستی و لە بیریشی نەچێتەوە. بەڵام ئەو ھەوێنە کە لە ھەستی ئەوا مەییوە، ھەر لای خۆی ئەمێنێتەوە و ئەو بەرھەمە کە ھاتۆتە بەر ھەر لەگیانی خۆیا پاشەکەوت ئەبێ و ھەرگیز بەچەشنی شیعرێک کە خەڵکی تریش لە ڕاستەقینەی کارەسات بگەیێنێ و ئەوانیش وەک خۆی بخاتە سەر زریەی بیر و خەیاڵەوە بەرزتر لەم ڕادەیەش ئەگونجێ ڕووبدا، واتە کەسێک، کە ئەو دوو ڕوانگەیەی چاو پێبکەوێ، ڕوانگەی مناڵێکی لاواز و بێ ھێز لە باوەشی دایکێکی ھەژار و نیگەران و شڕۆڵا و مناڵێکی لەش پتەوی چاوگەش و بزۆز لە باغچەی بەگوڵ ڕەنگاوی باوکی دەوڵەمەندیا، دڵی لەم جیاوازییە سەیرە پڕ بێ لە خەم و بیەوێ خەڵکی تریش تێگەینێ کە چی دیوە. بەڵام یا ھەر باسی ئەو ڕوانگەیە ئەکاو لێکی ناداتەوە کە بۆچی وەھایە یا ئەگەر شارەزاش بێ و بیەوێ ھۆیەکانی ئەم بەرز و نزمییە دەرخا، ناتوانێ بەزمانێکی ھونەری بدوێ و ئەگەر توانی ئەمە، ھونەرمەندە و خەڵکی ئاسایی نییە. شاعیری ئەمڕۆ ئەڵێ کە لە کۆمەڵا تووشی فڵان مەبەست یا کارەسات یا ڕوانگە ھاتم، بەلێکدانەوەیەکی زانستی لێکمداوە. واتە بەرو دوای شتەکەم ھەڵسەنگاند، ھۆیەکانم لەسەرەتاوە شی کردەوە، پاشان ئەو مەودا خاوەی کە کۆمەڵ و تەبیعەت دابوویان بەمن و لەژێر تیشکی زانستا بەباشی سەرنجم لێدابوو، بردمە ناو کارگەی زێھن و عاتیفەی ھونەریمەوەو لەو کارگەیەدا ڕێک و پێکم کرد، لێک و لووسم کرد، ئەوەی وا دزێو بوو بەڕەنگی ھونەر ڕازاندمەوە و بەکورتی شتەکەم گۆڕی، بەڵام نەک گۆڕینێکی ئەوتۆ نەناسرێتەوە. پاشان ئەو دەسکردەی کارگەی خەیاڵی خۆم خستە بەر تماشای خەڵک، ئەوانیش لێی تێگەیشتن، چونکە لەگەڵ ئەوەشا کە لەگەڵ قسەی ڕۆژانەی خۆیان جیاواز بوو بەڵام بەزمان و لێکدانەوەی ئەوان بوو پێیان خۆش و گوێیان بۆ شل کرد، چونکە دەردی دڵی خۆیان بوو، لەبەر ئەمە کە شاعیرم بووم بە ساحیر و کۆمەڵ لە خۆی پرسی: چۆنە وا ئەزانێ ئێمە چیمان ناتەواوە؟ چیمان ئەوێ؟ و بەیانی ژیانمان چۆن ئەبێ؟ من کە شاعیرم و ساحیرم و ئەزانم کۆمەڵ چی نییە و چی ھەیە و چۆن ئەبێ لەوانەی کە ھەیەتی کەڵک وەربگرێ بۆ بەدەست ھێنانی ئەوانەی وا نییەتی، خۆشەویست بووم، بەگوێم کراو قسەم ڕەوا بوو، شیعرم برەوی پەیدا کرد و کۆمەڵ ناوی نام: «ڕۆڵە» تا بەرنامەیەکی تر ھەمووتان بەخوای گەورە ئەسپێرین. ھیوادارین شادمان و بەختیار و سەرکەوتووبن. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەڕە ھەر لە لای تەنکییەوە دەدڕێ! کۆڵان گەڕەکی شار لە ژێر پۆپەشمینی مانگەشەوا خەویان لێ کەوتبوو. ھەناسەی ژین جارجار بەئەسپایی ئەھاتە گوێ. دوو دڵدار لە ژێر سێبەری سەردەرانێکا قسەی شیرین و ھیوا بزوێنی ئەوینیان بەگویێ یەکترا ئەچپاند. سەرخۆشێک لە مەیخانەی سەر ڕووبار ئەگەڕایەوەو بەدەنگێکی بەسۆز خاڵەی ڕێبواری ئەکوت. وشەکانی ھەروەک ھەنگاوەکانی تێکەڵ و پێکەڵ ئەبوون، گاھێ دەستی بە دیوارێک ئەگرت و بەدەسرەسڕێکی چڵکن کە لە پێشا وا دەرئەکەوت پڕبووە لە خواردەمەنی مەزەی ئارەق و ئێستە ھیچی تێدا نەماوە ئارەقەی سەر گۆنای گڕگرتووی ئەسڕی. گاھی پۆلێک خەڵک پاش شەوباش و تۆخۆش و من خۆش لە ماڵێک ئەھاتنە دەرەوە. پرشنگی چرای ناوماڵ وەک مافوورەیەکی زەردی کاری کرمان لە داڵانی تاریکەوە ڕائەخراو ئەگەیشتە سەر تاریکایی جۆگەی سەرشەقام، پاشان بەپێوەدانی دەرگا ئەپێچراوە و تەنیا ڕەنگی نیوە ڕەنگی مانگە شەو ئەما لە بزەیەک ئەچوو نەت ئەزانی بزەی دڵتەنگییە یازەردەی دڵخۆشی. پۆلی میوان بە وتووێژیانا دیار بوو کە لە خوازبێنی ئەگەڕێنەوە. یەکیان کە گەنجتر بوو ئەیکوت جا ئەمە بوو بە چی، دە ھەزار تمەن مارەیی، گوڵ و گوارەی زێڕ، ژێر چەنەو ملوانکەو ئاینە و ئۆینەی گرانبایی، ھەیت و ھووت و جڕو جانەوەر، سەر تا پا خوار پێنج دەست جل و بەرگ، پشتێنی پەشمینەی قەدیم، کراسی زریوە و چیمەنی کوردستان، کوڵۆنجەی چاوی ئەم و ڕیشی ئەو! جەماڵ ئەگەر ھەموو ئەمانە بکڕێ، پاشان ئەبێ بۆ نانی شەو دەست بۆ ئەم و ئەو درێژ کا. کەس نییە بەحاجی بڵێ ئەمە کچ بەشودان نییە، کچ فرۆشتنە. یەکێکیان کوتی: «جا بەئێمە چی برا!!؟ لەسەرمان بوو بچین و خوازبێنی بکەین و کردمان، سازان و نەسازانەکەیان خۆیانە. جەماڵ ژن دێنێ و حاجی کچ بەمێرد ئەدا، ئێمە لەم نێوانەدا سەری سیرین یان قونچکی پیوازین؟» یەکی تریان وەدەنگ ھات و گوتی: «کەچە ڕبەیە کەس پێی ناپێوێ، لەبەر خۆیەوە دەڵێ شازدە». زەنازەنایان ھەر دەھات و کەمتر دەھاتە گوێ و خرمەی پێیان لەسەر قیلەتاوی شەقام ئەبڕایەوە. من سێ چوار ڕۆژ زووتر نەبوو ھاتبوومە ئەوشارە، بەڵام ئەتگوت ھەموو تەمەنم لەوێ ڕابردووە. لەبەر چی ھێندە ھۆگری شارێک ببووم کە بەڕواڵەت ھیچ جوانییەکی تێدا نەبوو؟ نەدار و شینایی، نەکێوی بەرز و بەفراوی، نەخانووی خۆش و مەیدانی بەگوڵ و چیمەن. خۆم نازانم کە ھی ئەوینێکی کتوپڕ بوو کە لە دڵما خەریکی چرۆ دەرکردن بوو، یا ئەوینێکی لە مێژینەترم لەو شارە لە دڵدا بوو. ئەوینێکی ئەوتۆ کە گەلێ بەڕێزترە لە کەشم و نەشمی ئەندامی کیژۆڵەیەک یا بزەی لێوێکی ئاڵ و نیونیگای دوو چاوی کاڵ. ئەوینێک کە منی دەکرد بەھاوشاری خەڵکەکە. ئادەمیزاد لە دوێنێی و ئەمڕۆ و بەیانی و شارەکە بیری دوێنێ منی شیرازە گرتبوو. ئەمڕۆش دوو چاوی مەڕی ڕازاوەی شەرمێکی کچانە بەجادووی ڕوانینێکی گەرم، ھۆگری کۆنی من بەم شارە بووژاندەوە. ئەو شەوە من لە بیری شارەکە و ڕابردووی و ئەمڕۆی نەچووبوومە دەر. لە ھەر گۆشەیەکی شارەکەدا تاپۆیەک وەستابوو و لە ڕووبەندەی ئەفسانەوە پێچرابوو. ئەتگوت پەیکەرەی مەڕمەڕینی مەزنە پیاوێکە و ھێشتا پەردەی لەسەر لانەبراوە. ئەمانە بیری مێشکم بوون و بیری دەمارم، بەڵام دڵیشم سەرەڕۆی بیرێکی تر بوو. بیری چاوکەژاڵێکی شلکەنەمام کە دەنگی ئەتکوت چپەی بەئەسپایی شەوبای شەوگەڕەو لار و لەنجەی لە ڕەوتی ئاسکێکی سڵی ترساو ئەچێ، ئەم دوو بیرە تلاوتلیان دام و بەدەردی خەوڕەوێنەوە ھەستام و چەشنی مەقەستێک بەدەست بەرگدروویەکی ناشارەزاوە لە حەریری زەردی مانگە شەو نیشتم. بێ ئەوەی بزانم بۆ کوێ! ھەنگاوم بێ ئەوە نیازی بە فەرمانی مێشکم بێ، بەرەوپێش ئەچوو. شاری میھرەبان، دەنگی پێی منی ئەکرد بەلێدانی دڵی. قانگڵەی کۆڵان لەژێر پێما ئەپێچرایەوە و ھەڵ ئەکراو من کاتێ بە دەور و پشتما ڕوانیم جگە لە چەند خانووبەرەی بەمۆرە دروستکراوی یەک نھۆمی لارو کۆم، نیشانەیێکی لە شار نەمابوو. خانووبەرەکان ھێندێکیان بەنووری بێڕەنگی مانگەشەو لە بزەیەکی بێ تەوژمی ڕەنجەڕۆیەک ئەچوون کە خۆیشی نازانێ بەخۆی پێئەکەنێ یا کۆمەڵ و ئاسمان و خوار و ژووری نێوان تاقمی ئادەمیزاد بۆتە ھۆی پێکەنینی؟ ھەندێکیشیان کە سێبەری شاخیان بەسەراکشا بوو ئەتکوت گنجی ناوجاوانی مۆنی کەسێکن کە شکاوە، بەڵام نەبەزیوە. بێدەنگی تەنھا دەنگێک بوو کە لەم ماڵانەوە ئەیلووراند. من ئەو شەوە زانیم کە بێدەنگی چەندە بەرز و گوێ کەڕکەر و زراوبەرە. ئەترسام بەڵام ئەکێشرام بەرەو خانووبەرەکان. گۆڕستانی زیندووان ئەبێ چی تێدابێ کە بێ ڕەزاترین کەڵکەڵەی من ھان ئەدا تا بچم و لە زاری زیندووی زیندە بەگۆڕ سەر دەربھێنم. ھەنگاوێک، دوو ھەنگاوی بەترس، تا کاتێ سێبەری کێو منیشی داپۆشی. بەخۆما ڕوانی، ببووم بەیەکێک لەو خانووبەرانە کە خانووبەرە نەبوون و تاپۆی خانووبەرە بوون! نە، لێکدانەوەکەم کورتی ھێنا، من ببووم بەگیانی خانووبەرەکان، گیانێکی سەرگەردان کە لەبەر دەرگای ھەموو خانووبەرەکانا ئەوێستا، گوێی ئەگرت و چپەی ئەویندارانەی بووک و زاوایەکی بەشەرمی لەناو خانووبەرەکانی لێ ئەگۆڕا لەگەڵ لێدانی دڵی خۆی و ناڵەی ساوایێکی نەخۆشی لەگەڵ ئاخێک کە دەروونی ئاگرین ئەکرد لێ تێکەڵ ئەبوو. ئافرەتێک بەگریانێکی بەرگیراوەوە ئەیکوت: «چی بکەین پیاوەکە؟» دەنگی پیاوێک لە درزی دەرگاوە خۆی بەگوێما ئەدا کە وەڵامی ئەدا: «ڕوو لە خودا بکەین!» بەڵام وادیار بوو زۆری ئەم وتەیە بەژنەکەی کوتبوو، کاتێ کە چەند ساڵ لێرەوەبەر زەماوەندی کردبوو و بۆ شەوی یەکەمی ژیانی خێزانداری ھەر ئەوەندەی بەدەستەوە بوو کە ئەو ڕۆژە بەقوڕکاری پەیدای کردبوو و پاشانیش زۆر جار کوتبووی: «ئافرەت! کار نییە خودا چاکی نەکا.» ئەمشەو کە کۆرپە ساواکەیان بێ سەرو زمان کەوتبوو دەستیان بەھیچ لایەک ڕانەدەگەیشت، لە خۆی ڕانەدی ئەم وتەیە دووپات کاتەوە، بەڵام ئەو پیاوی ماڵەکە بوو، ئەبوو قسەیەک بکا. بایەکی سەرشێت، کەلێنێکی دابووە دەرگاکە! من ئەمدی ئافرەتەکە بەچاوێک سەیری مناڵەکەی ئەکاو چاوەڕوانی ڕووداوێکی تاڵە، بەچاوێکی تریش ئەڕوانێ بۆ شووەکەی لای وایە ئەتوانێ دەروویەکی ڕوون لەم شەوە ڕەشە بکاتەوە. ئەمدی کە ساوای بێ تاوان، کوڵمی بەئاگری تاو و یاو بۆتە پۆلووی ئاگری سوور و ئەمدی کە پیاوی لێقەوماو کە لەلایەک شوو بوو و لە لایێکی ترەوە باوک، ھەر لە وشەیەک ئەگەڕا کە ھەندێ ھیوادارتر بێ لەوەی تا ئێستا گوتوویەتی. من خۆم پێ نەگیراو لەبەر خۆمەوە کوتم: «بەڕە ھەر لەلای تەنکییەوە ئەدڕێ!» شووی سەر لێشێواو بێ ئەوەی بزانێ دەنگەکە لە کوێوە ھات، بەشوێن مندا دووپاتی کردەوە: «بەڕە ھەر لەلای تەنکییەوە ئەدڕێ». بای ئارامی سەری شەو، ئەیلووراند و چەشنی چنجڕووکی ئافرەتێکی ئازیەتبار ڕوومەتی کێودار و دەوەنی ئەڕنی. ئیتر شار جوان نەبوو. بیری کیژە بەلەنجە و لارەکە لەدڵما نەمابوو. دڵ بەخەم و ئاڵۆز، بەرەو شار دەگەڕامەوە تا پەنا بەرم بۆ خەو. لە دوورەوە دەنگی سەرخۆشێک ئەھات و با، سەر بەندەکەی بەھەموو شارا بڵاو ئەکردەوە: ڕێگاکەم دوورە مەنزڵم کوێستانە شەوم لێ دادێ، خەم لێم میوانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تراویلکە سەلام لەگوێگری بەھەست و ھونەر پەرستی بەرنامەی تاپۆ. تکایە گوێ بگرن بۆ پارچە پەخشانێک. لە ھۆدەیەکی بەرەو ھەتاودا ھەر دانیشتن و چاو لە دەرگا بڕین، تا کەی زاری بەستراو و تەوێڵی گەنج و مۆنی دەرگا بەزەردەیەک بکرێتەوە و بەژنێکی کچانەی کەڵەگەت لەناو دوو تای دەرگاکەوە، دەرکەوێ، لەبەر دەرگاوە بەدەمتەوە پێبکەنێ و پاشان بەڕەوتێک کە پیاو ئەکەوێتە گوێمانەوە کە ئەم دووپێ بچووکە بەسەر زەوییا ئەڕۆن یاوەک مژی بەھاری بەسەر زەوییا نەرم و نیان خشکە ئەکەن، بەرەو لات بێ و بەدەنگێکی ئاشنا پێت بڵێ، دەی چۆنی و پاش ئەوە وەڵامت دایەوە، دەس پێ بکا بەباسێکی کە ھەزارەھا جارت بیستووە، بەڵام ھەرگیز بیرت نەکردۆتەوە کە وشەو وتەو واتاکان بۆژۆ و کۆنن، لە پێشا کەمێک خۆگرتن کە ئەمە چ ژیانێکە؟ بیستنی ھەزاران ناڵە و نیوەنووزە، بەبیر ھاتنی ھەزاران دەستی بێ گۆشت و ھەیکەلی بەئێسقان جارێک لە بیافرا ئەو جارەکەی تری... و لەوێوە بیرت بچێ بۆ ئەو ھەموو گەنمە کە لە ئاوی ئۆقیانووس ئەکرێ تا نرخی بازاڕی بژێو نەشکێ، گوایە نرخی بازاڕ دڵی ئادەمیزادە، ئەگەر شک... ڕاستی من کارم چییە بەسەر ئەم قسانەوە؟ خەریک بووم بڵێم تۆ لە ھۆدەیەکا کە ھەموو جیھانی تۆیە دانیشتووی بەھیوای کەشم و نەشم و لە نجەولاری بەژن و بارێک. ڕاستی دەردمان چییە؟ ئەو ئاورەی کە بەواتەی عەلی بەردەشانی: بەر بۆتە دەروونی دەروونخانێ نە بە بای دەکوژێتەوە نە بە بارانێ نە بە پاچ و پێمەڕە و گڵ وەسەردانێ داخوا بڵێسەی کام کڵی دانەمرکاوە؟ دوێنێ شەو ھەنگی سەرشێتی بیر و خەیاڵ لە پلوورەی سەرما پوورەی دابوو، ئیتر خەوی چی؟ با ھەستم بڕۆم لەو سێباری شەوەدا کە ھەوای دەرەوە زرنگاوە بەتاسەی بۆنی دوورترین کۆیستانی سەر بەتەمی پڕ لە ھەڵاڵە و بەیبوونەوە سەرم ھەڵگرم و کەمێک پیاسە بکەم. کۆڵانی چۆڵ لە ئێشی ھەزاران قۆندەرە و پێڵاوی کینە لە دڵی ڕۆژانە ڕزگاری ببوو، ئەحەسایەوە و من لە ژێر پێما لەوانە بوو ھەناسەی ھێدی و لەسەر خۆی خەوی خۆشی پاش شەکەتی زەوی ببیستم. بۆ وەھاین ئێمە؟ بۆ بێ ئەمەک و ناپاک و سپڵەین لەگەڵ یەک، تەنانەت لەگەڵ سەر زەویش؟ لەگەڵ ھەوا و دەریاش. ھەر بەچەند مانگ جارێک کارگێکی ژاراوی لە نێوادا و سیبیری و ئۆقیانووسی گەورەدا ئەڕوێنین، دێوێک لەناو تەلەسمی زەڕڕە بەڕەڵا ئەکەین. جا ھەزار ھاوار بەپوولێک چونکە ئێمە بەھێزترین، ڕەگی ملمان ئەستوورە، با ھەر لە شەقام دانیشێ ئەو پیرە ژیرەی کە ناوی «ڕاسێل»ە؟ مەگەر ئاکامی چییە جگە لە شەکەت بوون و خنکانی گوێی بەگرمەی بێ وچانی شەقامی پڕ لە ڕەوڕەوەی ئاسن؟ ھەر کەس گیرۆدەی شتێکە و داخی گران ئەمەیە کە ھیچ شتێک تا سەر نییە. نە! مەبەستم ئەمە نییە کە ئادەمیزاد پیر دەبێ و دەمرێ، یا وەک ئەو شاعیرە خۆشەویستە خەفەت بخۆم کە جوانی دەم و چاو تا سەر نامێنێ بۆ پیاو. مەبەستم ئەو بوتانەیە کە ئەیانتاشین بەدەستی خۆمان تا نەزانینمان زاخاو کا، تا ھیوامان ببزوێنێ. پاش ماوەیەکی تر لە بیرمان ئەچێ کە لەپێشا چێو و چیلکە بوون ئەیانپەرستین. تا ئێرە ھەر نەزانییە بەڵام بەکێ بڵێم کە دەردی زانین گاھێ لە ئێشی نەزانین تاڵترە، بوت تاشین دەردی نەزانییە، بەڵگەی بێ ھێزییە، بەڵام ھەرچی بێ، ھیوایە بۆ زیندوو مان. دەردی گەورە کاتێ دڵ پڕ ئەکا مێشک تێ ئەگا بۆت ھیچی لە دەست نایە. ڕووخانی بوت، یانی ڕووخانی ھیوا. جا ھەر بوت تاشینەو بوت شکاندن. ھەر ھیوایە و بێ ھیوایی. ڕاستی کامەیە ڕێگا؟ کوانێ خاڵی ڕێبوار؟ من چی ئەڵێم خاڵی ڕێبواریش بوتێکی ترە. ژیان یانی ئەوەندەی ئەو ماوەیە کە تینوویەک بەردەتراوکەیەک چاو ئەکا لە یەکەم ھەنگاوەوە تا ھەنگاوی دوایی، تا ئەو کاتە تێئەگا ئاوەکەی بۆتە بەردی داگیرساوی بەر ھەتاوی گەرم. تینوەتی ناخۆشە. بەشوێن ئاو گەڕان ناخۆشە. دیتنی بەردەتراوکە خۆشە، بەڵام لە ھەمووان ناخۆشتر ئەمەیە کە تێبگەی ھەر چی بەئاوت زانی تراویلکە بوو، نەک ھەر تۆ، ھەر چی ئادەمیزاد دۆزیویەتەوە و ئەیدۆزێتەوە تراویلکەیە... ئەمە پارچە پەخشانێکی سەمبولیک بوو پێشکەشمان کرد بەو گوێگرە بەڕێزانە کە زۆر جار بەنامە لە ئێمەیان پرسیوە بۆچ لە بەرنامەکەتاندا پەخشانی کوردی ناناسێنن و نموونەیان ناخوێننەوە؟ بۆچ لە بەرنامەی تاپۆدا کە گوایە بەرنامەیەکی ھونەرییە و ئەبێ بەھەموو لایەکی ھونەرا ڕابگا زیاتر باسی شیعری کوردی ئەکەن؟ ئێمە لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا ئەڵێین کە بەرنامەی تاپۆ باسی ھەموو چەشنە ھونەرێکی بەگشتی کردووە و زۆرجاریش پەخشانی کوردیمان لەم بەرنامەیەدا بڵاوکردۆتەوە، بەڵام باشترین وەڵام بەجێھێنانی ویستی گوێگرەکانە بەکردەوەو ئەم پارچە پەخشانەش نیشانەی ڕێز دانانە بۆ ویستی ئەوان. جا ئێمەش تکایەکمان لەگوێگرە بەڕێزەکان ھەیە، ئەویش ئەمەیە کە لە شوێنەواری نووسەرانی کورد ھەرچی دەستیان کەوت بۆمانی بنێرن، تەنانەت ئەگەر خۆشیان لێھاتوویی جەوھەری نووسەریان ھەیە لە شوێنەواری خۆیانمان بۆ بنێرن تا پاش لێکۆڵینەوە بەناوی خۆیان بڵاوی کەینەوە. تا بەرنامەیەکی دیکە خواتان لەگەڵ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ژیان و ئەوین سەبارەت: ١٩٧٣/٠٩/٠٢ بەڵێ ھەرچی بوو ئەوەندە بوو و ئێستە ھەتاوی ڕاستەقینە لە چاوم چەقیوە، وەک خوێ بەسەر برینی تازەیا کەی ئەیکزێنێتەوە. ئاخۆ ئەوین پووچ و بێھوودەیە؟ ! نە، لێم گەڕێ با ناوی بێنم تاقیکارییەکی تاڵ و بێ سەرکەوتن، چونکە ئەوین خۆی ڕاستەقینەیە؛ بەیانییە؛ ھەمیشەیە. با بکوژێتەوە کوانووی گەرمی خۆرەتاو، ئەگەر نەپژێتە ناو بێشکەی ئەوین و بەسەر گۆڕی ئەوینا بدرەوشێتەوە. بێ دەنگ بوون و لە بێ دەنگیدا شوورەیەکی پۆڵایی دروستکردن کە توانای ھەبێ خۆی ڕاگڕێ لەبەر مەنجەنیقی غەم و تیری ئاگرینی ناھومێدی، ئەگەر چی نابێتە ھۆی شادی، لانی کەم غروورێکی پیاوانەی تێدایە. داخێک و سەد مەخابن. چەند بەساکاری، چەند بەئاسانی ناچارین ملکەچی بەسەرھات بین! مردنیش خۆی ملکەچییە بۆ دوایی ھاتنی ھەموو شتێک بێ ئەوەی جێگایەک بێ خۆی لێ شارێتەوە، یا ڕێگایەک کە دەستی مردن نەیگاتێ. کاتی نەھاتنی ھاتووە و ئێمە بەدەستی پڕ چەپک گوڵی سوورەوە لەسەر ڕێبازی دانیشتووین. ھاکە ھات. ھات و بەبزەیەک موژدەی بەھاری پێ ڕاگەیاندین. ڕۆژاوا بەئاسۆی زەردییەوە لەبەر چاومان ئەبێتە ڕۆژھەڵات و ھەزار خۆرەتاو ھەڵدێ، بێ ئەوە تاقە یەکێکیشیان تینێ بدا بە لەش. دێتەوە بیرت کە پێت شۆڕکردبۆوە بۆ ناو چۆمیلکەیەک و ماسی بچووک کە لە ترسی قووڵی و ڕەشی گۆم ھاتبوونەبەر خۆرەتاوی کەناری چۆم، دەمی لووسیان بەژێر پێتا ئەھێنا و ختیلکەیان ئەدای. سەرت کردۆتە سەر سەرینی سەوزەی تازە و تازە ھەڵچوو و خۆرەتاو ھەموو میھرەبانی خۆی کردۆتە پێشکەشی لەشی گەرما خوازت یاوێک لە چاوی بەستراوەتەوە ئەبێتە میوانی دڵی دڵاوات. زەردەخەنەی وەک کۆڵکە زێڕینە تێتەوە ئەپێچرێ. دەنگی زەنگی دوورە دەستی ھەزار کاروانی ڕۆشتوو بۆت ئەبێتە لایەلایە و تاسەی خەوێکی خۆش دەماری لەشت شل ئەکا. لە جیھانێکا کە نە خەوە، نە بێداری خشپەی کراسێکی کچانە ئەبیستێ و بۆنی مێخەکی بەرۆک و عەتری لەشی زیندووی خۆشەویستەکەت موچڕکێکی ئۆخەی ئەخاتە سەر ھەستت. بێ ئەوە نیازت بە وشەو لێو و دەنگ ھەبێ، بەلێدانی دڵ پێی ئەڵێی خۆشم ئەوێی. خاکی ژیاناوی، تووتڕکی کێوی، بۆنی خۆشی شنەبایەک کە دوێنێ شەو میوانی شلێرەجاڕی کوێستان بووە، پڕت ئەکەن لە گیان، لە ھیوا، لە ژیان. خەوبینین لە بێدارییا! ئاخۆ گەلی دە برادەران، ژیان ھەر خەوبینینێکی دوور و درێژ نییە کە شەقژنی تاڵی مردن لەو خەونە ڕامان ئەچڵەکێنێ. بەداخەوە تەنانەت خەوبینینیش قنیاتی ھەتا سەر ناکا. ئەتەوێ بەخەبەربی. بەچاوی واڵاوە سەیری دەوروپشتت بکەی. ئەتەوێ بەھەموو لەش دڵنیابی کە خەونەکەت ڕاستە. ھاوار بۆ تۆ. ئەو دەستەی وا درێژی ئەکەی، تارای خەیاڵی و خەو لەسەر ڕواڵەتی بووکی ھیوا لابدەی، لێت ئەبێتە بیورێک کە ڕیشەی ئاواتت ئەبڕێ. ئیتر نە ناو ئەمێنێ نە سەوزە و پەلکەزێڕینە. ماسییە وردیلەکان لە ترسی ھەوری رەش پەنایان بردۆتەوە بەرقووڵایی. تەزوویەکی سارد. مێروولە بەپێستی ھۆگری گەرمات ئەکا. «دونیات لێ ئەبێتە چەرمی چۆلەکە.» تۆی و تەنیایی. تۆی و خەم و تەم لەبەر خۆتەوە ئەڵێی بڕایەوە. ھەموو شت تەواو بوو. بریا وا بوایە وەک تۆ ئەڵێی، بریا دوایی ھەموو شت بوایە. بەڵام بەھەڵە چووی. تەنیا خۆشییە بڕاوەتەوە. ناخۆشی و تاڵی و زبری سەرەتایەتی. ئەبی بەمەلێکی پەڕەوازەی ھێلانە لێشێواو. سەر ھەموو لکی دارێک لێت ئەبێتە تەلەسمێک. ھەموو باز و شمقاڕ و کۆلارەیەک لە ڕاو کردنت ئەگەڕێن. تۆلە تەنیایی و تاریکی بێ بڕانەوەتا وشەی باڵ و سێبەری ترسێنەریان ئەبیستی و ئەبینی. تا کاتێ دێیە سەر ئەم بڕوایە کە مردن وەک ئەڵێن دزێو نییە. بیری مردن، بیری پەنابردن بۆ سنوورێک کە ئارامی و حەسانەوەی ھەتا ھەتایە، بێ دەنگی و بێ ڕەنگی ڕووتە، بۆت ئەبێتە ئامانج. تۆ مل کەچ ئەکەی بۆ مردن جگە لە وەرگرتنی ڕاستەقینە و دواییترین ڕاستەقینەی ژیان ھیچی تر نییە. لەگەڵ ئەوەشا، با نەڵێم ئەوین بێھوودەیە، با ناوی بێنم شیرینترین بەری داری ژیان. دارێک کە ئەگەر تۆوی بکەوێتە دەم بایەکی سەرشێت و لە شۆرەکاتا بڕوێ، ئەبێتە ژەقنەمووت و ئەگەر لە زەوییەکی بەپێز و پیتا شین بێ، بەری سێوە لاسوورە دێنێ. بەڵام ئەوین زۆرتر لەو دڵانەدا ئارام ئەگرێ کە تان و پۆیان لە خەو و خەیاڵ پێکھاتووە، زرمە و خرمەی پێ و چەک لە کوێ و جیھانی نەرم و نیانی ئەوین لە کوێ؟ لە دوایی بەرنامەکەدا وەڵامی گوێگرێکی بەڕێز ئەدەمەوە کە نووسیویەتی: «وێژەری بەشی وێژەیی ڕادیۆ مەھاباد بەباشی شیعر ناخوێنێتەوە». بۆ نموونە نووسیویەتی ئەڵێ: «لە خوێندنەوەی پارچە شیعرێکی گۆرانی نەمرا تووشی چەند ھەڵەیەک ھاتووە و خوێندوویەتەوە»: کوردستان گەڕام دۆڵاو دۆڵ پێوام نە لە شار و نە لە دێ نەمدی کەس وەک تۆ جوان بێ تۆیت و بەس پاشان مووسیقای نێوان دوو پشوو ھاتووە و پاش مووسیقایەکە، وێژەر دەستی کردۆتەوە بەخوێندنەوەی پاشماوەی شیعرەکە: کچە کوردێ وەک گوڵ وا بێ کوردستانی پێ ئاوا بێ ......... .» بەڵێ گوێگری بەڕێز، ئەم چەشنە خوێندنەوەیە ھەڵەیە. ئەبوو پاش «تۆیت و بەس» ڕانەوەستێ و دوایییەکەی بخوێنێتەوە، چونکو ئەگەر وەھای نەخوێندبێتەوە شیعرەکەی مامۆستای تێکداوە، بێ مانای کردووە. ھیوادارین وێژەری بەشی وێژەیی زۆرتر ورد بێتەوە. ھەروەھا لە جیلوەی شانۆشا وێژەر وەک گوێگری بەڕێزمان نووسیویە تووشی ھەڵە بووە و خوێندوویەتەوە: «بەسۆزی تەشویقی مەتاعیبی گوزەران»و چەشنێکی ئەدا کردووە کە مانای شیعرەکە بەم چەشنە بەرچاو بکەوێت کە بەسۆزی تەشویقی مووسیقا ناخۆشی و تەعب ڕابوردن و لاچوون... لە کاتێکا ماناکەی ئەمە نییە و بەم جۆرەیە: بەسۆزی تەشویقی مەتاعیبی گوزەران ھێواش ھێواش ئەتکێتەوە دەروونی نیسیانێک کە رەمزی لەززەتە میفتاحە بۆ تەلسیمی ژیان ژیانی ئینسانێک... ! واتە بەسۆزی تەشویقی مووسیقاکە، تەعەبێ کە لە پێشا بەسەر پیاوا ھاتووە لەبیر ئەچێتەوە. تکام لەم گوێگرە ئەمەیە ئەگەر ھەڵەیەک لەبەرنامە کوردییەکانی ڕادیۆ مەھابادا بەدی ئەکەن، یا بۆ کاربەدەستانی ڕادیۆی مەھاباد بنووسن، یا بۆ تاران بەناونیشانی: «جادە پھلوی - بلوار جانسپار- برنامەی خارجی - شورای نویسندگان کردی» بنووسن. دڵنیا بن ئێمە ئاواتمان ئەمەیە بەرنامەکەمان کەمایەتی و ھەڵەی تێدا نەبێ و بەسپاسەوە گوێ ئەگرین بۆ گشت ڕەخنە و ڕێنوێنییەک کە لەلایەن گوێگرەکانمانەوە بێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاپۆ و بوومەلێڵ یانی چی؟ سەبارەت: ١٩٧٣/١٠ سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ و بوومەلێڵ. پێش ھەموو شت ئەبێ عەرزتان بکەم کە بەڕاستی ناوی بەرنامەکە بۆتە ھۆی ھەزاران پرسیار. کەم گوێگری وامان ھەیە کە نامەیان نەنووسیبێ و نەیان پرسیبێ تاپۆ و بوومەلێڵ یانی چی؟ گوێگرانی واشمان ھەبووە، کە بێ ئەوە تەنانەت پرسیارێکی وێژەیی بکەن یا دیاریەکمان بۆ بنێرن، تەنھا ئەم پرسیارەیان کردووە. ئێمە زۆر جار وەڵاممان داوەتەوە و ئێستە لەمە ئەترسن ئەگەر دیسانەوە ئەم دوو وشەیە مانا بکەینەوەو پەیوەندییان لەگەڵ یەکا ھەڵدەین. لە لایەکەوە ئێمە تاوانبار بکرێین بەمە کە باش سەردێڕی وتارەکانمان مانا نەکردۆتەوە و لە لایەکی ترەوە گوێگرەکانمان وەھا بدرێنە قەڵەم کە گوایە باش گوێ بۆ وتارەکان ناگرن، بەڵام لەگەڵ ئەوانەشا، جارێکی تر ئەڵێین: تاپۆ بەتارمایی و ھەیکەلێ کەم دیار و نا ئاشکرا ئەگوترێ؛ وەک ئەمە کە ئەڵێن تاپۆی کەسێک لە تاریکی شەوا دیار بوو، واتە ھەر ئەوەندە بوو کە ئەزانرا ئەم ھەیکەلە لە ئادەمیزادە، بەڵام ڕوون نەبوو کێیە و ڕواڵەتی چۆنە ئەمە مانای تاپۆ. بوومەلێڵیش، تێکەڵە لە دوو وشەی بووم و لێڵ. بووم ھەر ئەو وشەیە کە لە نێوان کوردی و فارسییا ھاوبەشە ھەر دووک زمان بەوڵات و ھەرێم و سەرزەوی ئەڵێن بووم. لە فارسییا ئەگوترێ: «بوومی» یا «مەرز و بووم». بوومی واتە خەڵکی ھەرێمێکی تایبەت. پیتی «ی»ی دوایی وشەی بووم، «یا»ی نسبەتە مەرز و بوومیش واتە سنوور و وڵات. لە کوردییا ئەگوترێ بوومەلەرزە کە بەفارسی زەمین لەرزەی پێ ئەگوترێ. واتە لەرزینەوەی زەوی. ھەڵبەت لە کوردییا بوولەرزەش ئەڵێن کە ھەر بەمانای بوومەلەرزەیە. دەچینە سەر وشەی لێڵ و لام وایە پێویست بەگوتن ناکا کە لێڵ بەمانای کەدیرە، واتە ناسافی و تەمگرتوویی. بەڵام ڕابیتە و پێوەندی ئەم دوو وشەیە بەیەکەوە چییە؟ ئەمە شتێکە کە حاڵەتێکی تەجەڕڕودی و ئینتیزاعی ھەیە. واتە مەفھومێکە کە نووسەری بەرنامەکە لەبەر چاوی گرتووە و پێویست ناکا لەگەڵ لێکدانەوەی تاکە تاکەی گوێگرەکاندا یەک بگرێتەوە. نووسەری بەرنامەکە ھەیکەلێکی تەمگرتووی نیوە دیار لە تاریک و ڕوونی بەیانییا ڕاگرتووە و لە کارگای زێھنی خۆیا مەبەست و واتا و مەفھومێکی داوە بەم ھەیکەلە. ڕەنگە مەبەستی ئەمە بووبێ کە ئەم ھەیکەلە موناسبەت و لە یەکچوونی ھەیە لەگەڵ وێژەر و ھونەری جادووکارانە و غەیرە سەریحی وێژەوانییا. ھەردووکیان لە وزووح و ئاشکرایی دوورن. ھەردووکیان وێنەی خەیاڵ ئەدەن و بیری مرۆڤ ئەبزوێنن. ئاخۆ ئەم ھەیکەلە لە نیوە دیار و دوورە لە دەسەڵاتی ھەرێمی پڕشنگ و نوورە، کێیە و چییە کە لەناو تەم و مژی بەربەیانێکی نیوە تاریکا وەستا؟ ئەمە ھەیکەلی وێژەوان و شاعیرە؟ ئەم بوومەلێڵە جیھانی پڕ لە ئیما و ئیشاڕە و ئیستعارەی شیعر و ئەدەبە؟ گوتم ڕەنگە نووسەری بەرنامەکە وەھای لێکدابێتەوە، ئێوەش بەناوی گوێگری بەرنامە کەیفی خۆتانە ئەم لێکدانەوەیە وەربگرن، یا لە سەردێڕی بەرنامەکە بەگوێرەی بەراورد و لێکدانەوە خۆتان شتێکی تر ساز بکەن. لە مھابادەوە گوێگرێکی خۆشەویست کە ناوی خۆی بەتەواوی نەنووسیوە، نامەیەکی بۆ نووسیوین و پرسیاری کردووە: «ئاخۆ کاتی وێژەی ژنانە تەواو نەبووە و لەسەر نووسەر پێویست نییە لە سەردەمێکا کە مرۆڤایەتی کەوتۆتە بەر ھێرشی ھەزاران مەترسی لە نووکی خامەکەی وەک شمشێریکی تیژ، نەک چەشی ھودھودی سولەیمان، کەڵک وەرگرێ؟» ئەم گوێگرە بەڕێزەمان کە لە ژێر نامەکەیا دوو پیتی «م. ع» بەرچاو ئەکەوێ و ھیچی تر، لەناو دوو پەڕانتێزا نووسیویە: «مەبەست لە ھودھودی سولەیمان، مەزھەری دڵداری و حەزلێکارییە و ئەم باڵدارە وەک ئەڵێن نامەی سولەیمانی بردووە بۆ بەڵقیس و ئەگەر نووسەرەکەیش بەخامە و نامە ھەر کارەکەی ھودھود بکا ئیتر نووسەر نییە، دەڵاڵە». لە وەڵامی ئەم گوێگرەدا ئەبێ بڵێین کە ئێمەش لامان وایە دەوری ئەو جۆرە وێژەیە کە تەنیا ھاندەری حەزلێکاری و دڵداری بێ، بەسەرچوو. بەڵام لامان وایە ناونانی وێژەی دڵدارییانەی ڕووت بەوێژەی ژنانە، نە جوانە نە پڕ بەپێست. چونکە ئێمە ئەمڕۆ لە ئێرانا ئافرەتی زۆر گەورەمان ھەیە کە لەگەڵ ئەوەشا گیانی ناسکی ژنانە لە نووسراوەکانیاندا خۆی ئەنوێنێ، نووسراوەکانیان لایەنی کۆمەڵایەتییەکی ھەرە بەھێزیان ھەیە، وەک «فرووغی فەڕڕوخ زاد»ی خوالێخۆشبوو. جگە لەمەش کاتێ کە ئەڵێن ئەمڕۆ قەڵەمی نووسەر شمشێرە، مەبەستیان ئەمە نییە کە خامە ئەکرێ بیکەی بەچاوی دوژمنا، دوژمنێ کە بێگومان بەکەرەسەی قورسی شەڕەوە دێتە مەیدان. مەبەست ئەمەیە کە ئەم شمشێرە ئەتوانێ سەری دوژمنێ کە بریتییە لە ناحەزی و دزێوی ناو کۆمەڵی ئینسانی بپەڕێنێ و سپای بێداد و تاوان تێکبشکێنێ. ئاخۆ کاک «م. ع» لایان وا نییە کە بەشەڕی سەردەمی ئێمە لەم بارەشەوە زۆر ئازار و ئێشی پێئەگا کە ئیتر ناتوانێ وەک پێشوو لە مانای وشەی بەرزی خۆشەویستی تێ بگا، ناتوانێ کەسێکی پر بەدڵ خۆش بوێ؟ ! ئاخۆ ئەگەر ئادەمیزاد نەتوانێ ئاسایی ترین و لە دڵ نزیکترین خۆشەویستی کە بریتییە لە خۆشەویستی دوو کوڕ و کچی لاو تێ بگا، ڕوونتر بڵێین نەتوانێ کەسێکی خۆش بوێ چۆن ئەتوانێ ھەموو کەسێکی خۆش بوێ؟ ! حەزلێکردن و دڵداری خۆشەویستی نێوان دوو ئینسانی ژن و پیاو ئەگەر تێکەڵ نەبێ لەگەڵ نزمی، تاقیکارییەکە بۆ خۆشەویستییەکی گەورەتر بەناوی خۆشەویستی بەشەرییەت. کاک «م. ع» دڵنیا بێ ئەگەر نووسەر بتوانێ خۆشەویستی بەرەو مەرگ زیندوو کاتەوە، ئەو کارەی کردووە کە «عیسا» لەگەڵ «لازار»ی مردووی کرد. واتە کاری نووسەر ئەبێتە بووژاندنەوەی بەھار و گوڵ و سەوزایی و ھیوا، نەک دەڵاڵی، وەک گوێگری بەڕێزمان نووسیویەتی و با برای خۆشەویستمان لەمەش دڵنیا بێ ئەگەر کەسێک نەتوانێ مووسیقای دەنگی ئافرەتێک و لار و لەنجە و نیو نیگای چاوێکی کەژاڵی پێ خۆش و جوان بێ، بێ گومان ناشتوانێ لە ھەرێمێکی گەورەترا ئەوینداری جوانی و مرۆڤایەتی بێ. تا بەرنامەیەکی تر ھەمووتان بەخوای گەورە ئەسپێرین. ئەم کاتەو ھەموو کاتێکی ژیانتان خۆش. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕوودەکی مامۆستای مەزنی شیعری فارسی سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ. ئەبووعەبدوڵڵا جەعفەر کوڕی محەممەد کە نازناوی ڕوودەکی بووە، یەکێکە لە شاعیرانی پایەبەرزی ئێران و بێگومان ھەوەڵ کەسێکە کە شیعری فارسی پتەو کرد و توانی لەناو وێژە دۆستانا پەرەی پێ بدا. ڕوودەکی مامۆستای گەورەی شێعری فارسی لە ساڵەکانی ناوەڕاستی سەدەی سێدا لە ئاوایییەک بەناوی ڕوودەک کە لە ھەرێمی سەمەرقەندا ھەڵکەوتبوو، لە دایک بوو. ھەر بەناوی ئەو ئاوایییەوە پێیان کوتووە: ڕوودەکی، واتە خەڵکی روودەک. ھەموو تەزکەرەنووسانی ئێرانی لەم بڕوایەدان کە ھەر بەمناڵی وریا و زرەنگ بووە. عەوفی، نووسەری پەڕاوەی «لباب الالباب» لە پەڕاوەیەکا ئەنووسێ: «کە ڕوودەکی لە تەمەنی ھەشت ساڵییا بەتەواوی قورئانی پیرۆزی لەبەر بووە و شیعری باشیشی ھەڵبەستووە.» نووسەری «لباب الالباب» ھەروەھا ئەڵێ: «کە ڕوودەکی خاوەنی دیمەنێکی جوان و دەنگێکی خۆش بووە و لای «ابو العبک» کە مووسیقارێکی بەناوبانگی ئەو سەردەمە بووە، لێدانی چەنگ فێربووە.» رودکی چنگ برگرفت و نواخت باده پیش آر که سرود انداخت ئەمیر نەسری سامانی، ئەمیر ئەدەب پەروەر و ھونەرناس و نیشتیمان خۆشەویست، کاتێ ناوبانگی ڕوودەکی بەگوێ ئەگا، ئەنێرێ بە شوێنیا و ئەیباتە دەرباری خۆی و لە دەرباری ئەوا ڕوودەکی بەڕێز ئەگیرێ و ئەبێتە گەورەی شاعیرانی ئەمیر نەسر. سەبارەت بەم مەبەستە کە ڕوودەکی بەکوێری لە دایک بووە یا پاش ماوەیەک ژیان، کوێر بووە، بیر و بڕوای جۆربەجۆر لەناو وێژە ناساندا ھەیە، ھەندێک ئەڵێن کە ڕوودەکی زگماک کوێر بووە و بڕێکی تریش لایان وایە کە پاش ماوەیەک ئەو شاعیرە گەورەیە، چاوی نابینا بووە، عەوفی لەو کەسانەیە کەلای وایە ڕوودەکی کوێری زگماکی بووە و ئەڵێ: «ڕوودەکی شاعیری دڵ ڕووناک، ئەوەندەی ھەناوی ڕۆشن بووە چاوی تاریک بووە و ھەرگیز چاوی بەھەڵاتنی مانگە شەو و پشکووتنی گوڵ نەکەوت، لە کاتێکا لە ھەزار شاعیری چاو ڕووناک باشتر بەتان و پۆی جوانی سروشتا چووە.» نووسەری مێژووی سیستان، سەمعانی و نیزامی و عەرووزی ھیچکامیان ئیشاڕەیەکیان بەم مەبەستە نەکردووە کە ڕوودەکی کوێرە بووە یان نە. ھەڵبەت ئەمەی کە ڕوودەکی چاوی بەسترابێ و نەیتوانیبێ جیھانی ڕۆشن ببینێ لە ڕێز و ھێژایی ئەو شاعیرە گەورەیە کەم ناکاتەوە. چونکە ئێمە ئەمڕۆ کاتێ باسی ھونەرمەندێکی ڕابردوو ئەکەین کارمان بەسەر ڕواڵەت و ئەندامی نییە، کەلەپووری ھونەرمەند بۆ گەلەکەی و بۆ ئەو کەسانەی کە پاش مەرگی ئەو دێنە جیھانەوە، شوێنەوارە؛ کە لە توێی پەڕاوەکانیدا و لەناو خولقاوەکانی مێشک و بیریا ئەبێ بۆ دۆزینەوەی بگەڕێین. شاعیرێکی ئێرانی ئەڵێ: درسخن مخفی شدم مانند بو در برگ گل هر که دارد میل دیدن در سخن بیند مرا واتە لەناو وتاری خۆما شاراومەوە، ھەروەک بۆنی گوڵ لەناو پەڕەی گوڵا. کەسێک کە ئەیەوێ من ببینێ لەناو قسەکانما ئەمدۆزێتەوە. ڕوودەکی لە دەرباری ئەمیر نەسرا جگە لە شاعیری، موونس و ھاودەمی ئەمیریش بوو. بەپەنجەی سیحراوی کاتێ تەلی چەنگی ئەھێنا لەرین و ھەزار ئاھەنگی خەیاڵاوی لێ ھەڵئەساندو بەدەنگی وەک خوڕەی ئاوی جۆبار، شەپۆڵی ئەخستە سەر ھەوای کپی زەوقی دانیشتوانی کۆڕی بەزم و ئاھەنگ، ئەمیر نەسر فەرمانی ئەدا کۆشی پڕ کەن لە زێڕ. ئەم مەبەستە شیاوی سەرنجدانە کە لە ئێراندا شاعیرانی دەربارەکان زۆر خزمەتی گەورەیان بەخەڵک کردووە و بەشیعری جوان، ناحەزی ڕق و تووڕەیی دەسەڵاتدارانیان لابردووە. لەو دەربارانەدا کە شاعیر و ھونەرمەند و زانا زۆرتر ھەبوون زەوقی ئەمیران نەرمتر و ئاگری تووڕەیییان دامرکاوتر بووە. تەنانەت زۆر شاھ و ئەمیری وا لە ئێرانا ھەبووە کە خۆی شاعیر و وێژەوان و ھونەرمەند بووە؛ بەڵگەی ھەرە گەورە بۆ ئەمە کە شاعیران و زانایان کاریان کردۆتە سەر ھەستی شایان و بەدەسەڵاتان، بنەماڵەی مەغوولە. ئەزانین کە ئەو بنەماڵەیە لە سەردەمی چەنگیزا چ کوشتارێکی بێ بەزەیییانەیان لەگەڵ ئێران کرد. پاشان بەھۆی تەئسیری زانایان و شاعیرانی ئێرانییەوە چۆن بەواتەی سەعدی خووی پڵنگانەیان وەلا ناو پیاوی وەک «بایسونقوڕ» و «خودابەندە» و «خازان خان» یان لێ ھەڵکەوت کە ھەرکام لە بارێکەوە خزمەتیان کرد بنەماڵەی سامانی ڕەگەز ئێرانی بوون و یەکەم بنەماڵە بوون کە گەلی ئێران پاش دووسەد و پەنجا ساڵ دیلی، ھیوای خۆی بەوانەوە بەستبوو و چاوەڕوان بوو لە ژێر ئاڵای ئەو بنەماڵەدا سەربەخۆیی دۆڕاوی بێنێتەوە دەست. لە سەردەمی ئەو بنەماڵەیەدا بوو کە شیعری فارسی بەچەشنێکی پتەو سەرەتای دامەزرا و ھونەر و ھەموو نیشانەیەکی تری شارستانیگەری تایبەتی ئێران بووژایەوە. شێوەی خوراسانی لەو سەردەمەدا لە وجوودی شاعیری وەک ڕوودەکی بەھرەمەند بوو. ھەندێ لە مێژوونووسانی ئەدەبی ئەڵێن کە ھیچ کام لە شاعیرانی پێش ئەو و پاش ئەو بەئەندازەی ئەو شیعری نەگوتووە. یەکێ لە شاعیرانی ھاوسەدەی ڕوودەکی ئەڵێ: شعر او را برشمردم سیزده ره صدهزار هم فزون آید اگر چونانکه باید بشمری واتە شیعری ئەوم ژمارد، کردی سێزدەجاری سەدھەزار و ئەگەر باشی بژمێری لەوەش زۆرتر ئەکا. سێزدە جار سەدھەزار ئەکا ملیۆنێک و سێسەد ھەزار. ئەگونجێ ئەم ئەندازەیە کەمێک لە بڕواکردن دوور بێ، بەڵام بەڵگەی ئەمەیە کە ڕوودەکی بەرھەمی گوڵزاری زەوقی زۆر بووە و دەریای دەروونی پڕ بووە لە گەوھەری ھێژای شیعر و وتاری ئاھەنگداری جوان. وەک لە شیعرەکانی ڕوودەکی دەرئەکەوێ تەمەنێکی درێژی ھەبووە. تەمەنێکی درێژی بە بەھرە و بار کە لەوا خزمەتێکی زۆری بەوێژە و ئەدەبی ئێرانی کردووە. ھەر ئەو ژمارەش کە ئەمڕۆ لە شیعرەکانی ماوەتەوە، ئەندازەی خزمەتی ڕوودەکی دەرئەخا. خۆی سەبارەت بەپیری خۆی لە غەزەلێکا ئەڵێ: مرا بسود و فروریخت هر چه دندان بود نبود دندان، لا، بل، چراغ تابان بود سپید سیم زده بود و دُرّ مرجان بود ستارهٔ سحری بود و قطره باران بود تو رودکی را ای ماهرو کنون بینی بدان زمانه ندیدی که این چنینیان بود بەم شیعرەدا دەرئەکەوێ کە ڕوودەکی بە لاوەتی ڕواڵەتێکی جوانی ھەبووە و ئەوەی وا عەوفی سەبارەت بەم باسە کوتوویە، ڕاستە. لەم بارەدا کە وتاری ڕوودەکی لە گیانی ئەمیری سامانییا تەئسیری زۆر بووە، داستانێک ئەگێڕنەوە و ئەڵێن: ئەمیر ماوەیەکی زۆر لە بوخارا دوور بوو. سپاکەی ھەموو بیری ژن و ماڵ و مناڵیان کەوتبووە سەر، بەڵام ھیچ کەس نەیئەوێرا بەلای ئەمیرەوە باسی گەڕانەوە بکا تاکو ناچار پەنا ئەبەن بۆ ڕوودەکی و ئەویش پارچە ھەڵبەستێک لە تاریفی بوخارا دا ئەڵێ و لە کاتێکا ئەمیر سەرخۆشە بۆی ئەخوێنێتەوە. پارچە شیعرەکە بەم شێوەیە دەس پێئەکا: بوی جوی مولیان آید همی یاد یار مهربان آید همی شاه سرو است و بخارا بوستان سرو سوی بوستان آید همی شاه ماهست و بخارا آ سمان ماه سوی آسمان آید همی ئەڵێن پاش خوێندنەوەی ئەم شیعرە، ئەمیری سامانی بە ئەندازەیەک ھەوای بوخارای ئەکەوێتە سەر کە دەستبەجێ دەستوور ئەدا سپا بەرەو بوخارا بکەوێتە ڕێ. لێرەدا بەرنامەکەمان دوایی ھات. تا بەرنامەی داھاتوو خواتان لەگەڵ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: داخوا ڕوودەکی یەکەم شاعیری فارسە؟ سەلام لە گوێگری بە ھەست و ھونەرپەرستی بەرنامەی تاپۆ. گوێگرێکی بەڕێز پرسیاری کردووە کە باشتر نییە لەباتی ئەو ھەموو جیاوازی بیر و بڕوایە کە لە نێوان مێژوونووسانی وێژەدا پەیدا بووە و ھەر کام سەبارەت بە ھەوەڵ شاعیری ئێران شتێکیان نووسیوە و کەسێکیان ھەڵداوە، ڕاست و ڕەوان ڕوودەکی بە ھەوەڵ شاعیر دابنێن و خۆمان لەم ھەرایە ڕزگار کەین. ئەو گوێگرە پاشان داوای کردووە کە ئێمە بۆی ڕوون کەینەوە کە ئایا ڕوودەکی ھەر لە مناڵییەوە چاوی نەیدیوە یا پاشان چاوی بەستراوە. نووسەری بەرنامەکە بەم چەشنە وەڵامی ئەداتەوە و ھاوکارییەکی ترمان پێشکەشی ئەکا. ڕاستە کە ئەمە ھەڵەیە ھەوەڵ کەسێک کە تەنیا شیعرێک یا تەنانەت نیوە شیعرێک ھەڵبەستێ لە مێژووی وێژەدا بەھەوەڵ شاعیر بدرێتە قەڵەم، وەک بەھرامی گۆڕ کە ئەڵێن کوتوویەتی: منم آن شیر دمان و منم آن پیل یلە نام من بھرام گور و کنیتم بوجبلە کە ھەڵبەت کەمێک جێگای گومانیشە کە ئەم ھەڵبەستە ھی بەھرام بێت. یاوەک کوڕی یەعقووبی لەیس کە لە یاری مناڵانەدا کوتی: «غلطان غلطان ھمی رود تالب گور». ئەمانە و کەسی تری وەک ئەمانە ناتوانن ھەوەڵ شاعیر بن. جگە لەمەش ئەگەر بچینەوە بناوانی کارەکە بۆمان دەرئەکەوێ کە ھەوەڵ شاعیر، ھەوەڵ ئادەمیزادێک بوو کە توانی وشە بەزمانا بھێنێ. ئەوەی کە کێ ھەوەڵ شاعیر بوو و کام ھەڵبەست یەکەم ھەڵبەست بوو با بمێنێتەوە بۆ ئەو کەسانە کە مامۆستای ئەو کارەن و لە ڕاستییا بێکارن! بەڵام ئەوەی کە فەرموویانە ڕاست و ڕەوان ڕوودەکی بەھەوەڵ شاعیر دابنێین، ئەمەش ھەڵەیە. چۆن پێش ئەو ئەبوو شەھید و حەنزەلەمان بووە و شاعیری باشیش بوون. ڕاستە کە حەنزەلە تەنیا دوو شیعری لە تەزکەرەکانا ماوەتەوەو دیوانی نییە، بەڵام ھەر ئەو دوو شیعرە نیشانەی دەسەڵاتی ئەوە لە ھەرێمی شاعیریدا، بەچەشنێ کە خەربەندەیەک بەخوێندنەوەی ئەو دوو شیعرە وا ھان ئەدرێ کە تیئەکۆشێ و ناوەستێ تا ئەگا بەپلەی ئەمیری. ئەم دوو شیعرە کە بۆتان ئەخوێنینەوە تەنانەت ئەمڕۆش نوێ و نەشەمزاون و ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی باشیان لێ دەرئەکەوێ. حەنزەلە ئەڵێ: مهتری گر به کام شیر دراست شو خطر کن ز کام شیر بجوی یا بزرگی و عزو نعمت و جاه یا چو مردانت مرگ رویاروی بەڵام سەبارەت بە ڕوودەکی، ئەبوو عەبدوڵڵا جەعفەر کوڕی محەممەد کە نازناوی ڕوودەکی بووە یەکێکە لەشاعیرانی پایە بەرزی ئێران و بێگومان ھەوەڵ کەسێکە کە شیعری فارسی پتەو کردووە و لەناو وێژە ویستانا پەرەی پێداوە. ڕوودەکی مامۆستای گەورەی شیعری فارسی لە ساڵەکانی ناوەڕاستی سەدەی سێ لە ئاوایییەک بەناوی «ڕوودەک»ی سەمەرقەندا لە دایک بووە و بەم بۆنەشەوە پێی گوتراوە ڕوودەکی. ئەو شاعیرە بەواتای عەوفی، نووسەری پاراوی «لباب الالباب» ئەوەندە ھۆشیار بووە کە لە تەمەنی ھەشت ساڵییا تەواو قورئانی لەبەربووەو شیعری باشی گوتووە. ھەر «عەوفی»یە کە ئەنووسێ دیمەنێکی جوان و دەنگێکی خۆشی ھەبووە و لای «ابوالعبک» کە مووسیقارێکی ناسراوی ئەو سەردەمە بووە لێدانی بەربەت فێربووە و ئاوازەی ناوبانگی بەھەموو وڵاتا بڵاوبۆتەوە و «ئەمیر نەسری سامانی» کە ئەمیری خوراسان بووە بردوویەتە لای خۆی. سەبارەت بەم باسە کە ڕوودەکی بەکوێری لەدایک بووە یا پاش ماوەیەک بینایی لەدەست داوە، بڕوای جۆربەجۆر ھەیە. «عەوفی» لای وایە کە ھەر بەمناڵی و کاتی لەدایک بوون بەچاوی بەستراوەوە ھاتۆتە دونیا، بەڵام سەمعانی و نیزامی عەرووزی و نووسەری مێژووی سیستان، ھیچکام ئیشارەیەکیان بەم مەبەستە نەکردووە. لە ڕوانگەی ئاوازیشەوە سەلماندی ئەمە کە ڕوودەکی کوێری زگماک بووبێ کەمێک دژوارە. عەوفی لە پێش ئەوەدا کە بنووسێ ڕوودەکی چاوی نەیدیوە، ئیشارەی بەدیمەنی جوانی ئەو شیعرە کردووە و ئەمە کەمێک سەیر دێتە پێش چاو عەوفی بەتان و پۆی جوانی ڕواڵەتی شاعیرێدا چووبێ کە جوانترین ئەندامی دەم و چاو و ڕوخساری ناقیس بووە. جگە لەمەش ئەو ھەوڵدان و پێھەڵگوتنەی تەبیعەت و جوانی ئافرەت و دیمەنە، کە لە شوێنەواری «ڕوودەکی»دا ھەیە، نابێ ھی کەسێک بێ کە ھەرگیز بە چاو ئەو جوانییانەی نەدیبێ، لەباسی پیری خۆیا ئەڵێ: مرا بسود و فرو ریخت هر چه دندان بود نبود دندان، لابل چراغ تابان بود سپید سیم زده بود و در و مرجان بود ستارهٔ سحری بود و قطره باران بود تو رودکی را -ای ماهرو! - کنون بینی بدان زمانه ندیدی که این چنینان بود کەسێک کە بەم مامۆستایی و ناسکییە باسی سەدەفی ددان و دوڕو مەرجان و ئەستێرەی بەیان و دڵۆپەی باران بکا، ناکرێ جوانی تەبیعەتی بەچاو نەدیبێ. ڕوودەکی مووسیقارێکی باش بووە و دەنگێکی خۆشیشی ھەبووە و چەنگی باش لێداوە. چەنگ کەرەسەیەکی مووسیقای تایبەتی ئێرانییە و لەبەر ئەمە کە خوار بووە و بەمزراب لێدراوە پێیان گوتووە چنگ. ئێستەش لە بڕێ شوێنی کوردستان بە شتێک کە خوار بێ ئەڵێن چەنگە، لە شوێنەواری شاعیرانی سەردەمی ڕوودەکی دەرئەکەوێ کە ئەو شاعیرە چەنگی باش لێداوە. شاعیرێک ئەڵێ: رودکی چنگ برگرفت و نواخت باده پیش آر کو سرود انداخت لەم شیعرە ھەم چەنگ لێدان و ھەم دەنگ خۆشبوونی ڕوودەکی دەرئەکەوێ. جگە لەم ھونەرانە لە شاعیریشا، ڕوودەکی لە سەردەمی خۆیا بێ ھاوتابووە. عونسوری، شاعیری گەورەی دەرباری غەزنەوی ئەڵێ: غزل رودکی وار نیکو بود غزل‌های من رودکی وار نیست ڕوودەکی زەوقێکی بەجۆشی ھەبووە و دیوانەکەی یەکجار زۆر بووە و وا دەرئەکەوێ کە دیوانەکەی لە سەردەمی خۆیا بەدەستەوە بووە. یەکێ لە شاعیرانی تری شێوەی خوراسانی سەبارەت بەژمارەی شیعرەکانی ڕوودەکی لە پارچە شیعرێکی ئەڵێ: شعر او را بر شمردم سیزده ره صد هزار هم فزون آید اگر چونانکه باید بشمری سێزدە جار سەد ھەزاری ئەکا یەک ملیۆن و سێسەد ھەزار. ھەڵبەت ئەم ژمارەیە یەکجار زۆرە و لە بڕوا بە دوورە کە شاعیرێک بتوانێ ئەم ھەموو شیعرە ھەڵبەستێ ئەویش شیعری وەھا مامۆستایانە. ئەمڕۆ دیوانەکەی لە سێ چوار ھەزار شیعر، تێناپەڕێ و ئەمەش بەڵگەیەکی ترە بۆ ئەمە کە ناکرێ لەیەک ملیۆن و سێسەد ھەزار شیعر، تەنیا سێ ھەزار شیعر مابێتەوە. ھەرچی بێ بەلای منەوە چەندایەتی شوێنەواری ھونەرمەند زۆر گرینگ نییە، ئەوەی وا گرینگە چۆنییەتی شوێنەواریەتی. تا بەرنامەی داھاتوو ھەمووتان بەخوای گەورە ئەسپێرین. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەھاری دڵداری ئەم پەخشانەی خوارەوە باسی بەھاری دڵداری و جیھانی ڕەنگاوی ئەکا، ئەو جیھانە کە لە ھەرێمی دەستەڵاتیا ھەرگیز شەو دانایە و گوڵی گەشی ھەرگیز بەگەڵاڕێزانی پاییزی ناژاکێ و سیس نابێ؛ سکاڵای ئەوینی لاوێک، سکاڵایەک کە چەشنی زایەڵەی دوورە دەستی دەنگی شمشاڵێکە لە بەرەبەیانییەکی زرنگاوەدا، یا چپەی پۆلی پەرییانە لە کۆڕی جێگا کۆنەکانا. چی بڵێم بەم دڵە کڵۆڵەم کە چەشنی کۆتری گیراو خۆی بەقەفەسی سینەمدا ئەدا... چۆن ئەو ڕازە کە سێ ساڵ وەک گەنجێکی ھێژا لە کەلاوەی خاپوور و چۆڵی دڵما ڕامگرتووە، بەلاتەوە بیدرکێنم، ئاخۆ وشەو دەم و لێو مەحرەمی دڵن؟ ئایا ئەم ھەوایە لە نێوان دەمی منەوە تاگوێی تۆ ئەوەندە ڕازدارە کە من وەک ماری سەرگەنج پاسەوانی ئەم نیازە بەتین و خۆشەویستییەی پێ بسپێرم. بریا و سەت بریا دڵ ئەبوو بە ڕشتێکی بێڕەنگی بێ سنوور، سەرێکی لە ھەرێمی خونکاری شەوەوە دەستی پێ ئەکرد و ئەو سەرەکەی لە سنووری ڕۆژا ئەبڕایەوە تا من بتوانم ئەو ھەموو تاسەیە لە دڵما جێ بکەمەوە و ھەرگیز ناچار نەبم بە دەربڕینی ئەوینم، ھێمنی و مەندی گۆمیلکەی چاوە جوانەکانت بشڵەژێنم و خەوی خۆشی پڕشنگی چاوت کە ئەڵێی ماسی زەرد و سووری دەریای ئارامە بشێوێنم. جارێک ئەمەیە ئاواتم، جارێکی تریش ئەڵێم بریا دڵ لەمەش کە ھەیە کەمتر ئەبوو تا گەرمتر وێنەی ڕوخساری شکۆداری پاکت تاسەی ھەرگیز نەشکاوی بیرەوەری لە باوەشی دڵ بنێ. ئەمە شێتییە، بەڵام باوەڕکە با ئەو ھەڵۆ بەرزە کە ئەوینی پیاوانەی منە، شوێن باوێ و دەتیشکی خۆرەتاو کەوێ. ھەڵۆی بەرەو بەرزی تا ئەو جێگایەی پەڕو باڵی بەتینی خۆرەتاو ئەسووتێ و ھەوری سپی وەک کفن و خەڵات لە دەرەوەی لەشیەوە ئەپچڕێن. کوتم نا! با ئەو بێدەنگییە نەشکێنم، با ھەرێمی سپی و بێگەردی خامۆشی بەتیخی تیژی وشە ھەڵنەبڕم، بابسووتێم، ئەڵێم دەردار و ئەویندارم، بەڵام تاکەی... ؟ دەرد و دڵ داستانی شووشەو بەردە... تاکەی بەیەکەوە ئەسازێن... ؟ جەرگی کون کونی خوێندەڵێن بە چ زمانێک تێگەیێنم کە چەشنی بلوێر بلۆرێتەوە... ؟ پیاڵەیەک بوو لیوانی شەڕابی خەم لەدەستم کەوتە سەر زەوی و بوو بەھەزار کوت... ئەمە ناڵە بوو، ناڵەی دەردەدارێک بوو کە ناچارە بناڵێنێ تا دەردی سووک کا... ببوورە خۆشەویستەکەم! نەمتوانی خۆم بگرم، دڵم گوڵێک بوو پەنگی خواردەوە پەژارە و سەرڕێژی کرد، ئەمە ھەوەڵ دڵۆپی ئەم سێڵاوە بوو کە لە دڵم ھەڵقوڵای و بە کۆنگەی لێوما ھاتە خوار؛ بەخۆم نەبوو کە نووسیم، خۆشم ئەوێی! لەمە شەرمەزار و پەشیمان نیم کە پرسێکە دڵم لای تۆ کردەوە، ئەترسم ھیوایەکی نادیاری بێڕەنگ کە ڕەنگ و واتەی ئەدا بەژیانم وەک چرای شەوبێدارێکی ھەژار لە تاقچەی سینەما بکوژێتەوە؛ ئەترسم نەکا چەپکە گوڵی ھەستی ئاڵم کە بە خەیاتە خاوی شیعر و خەیاڵم ھۆنراوەتەوە بەدیار وەرنەگری؛ سێ ساڵ، سێ ساڵ لێدانی بێ وچانی دڵ؛ شەوانی تا بەیانی لەبیرا بەسەر چوو، ڕۆژانی تا شەو بە ھیواوە تێپەڕیو، بڕستی منیان بڕی، وەک گەنجێکی کەم تەمەن شەرم و شکۆ دایگرتم و کوتم: خۆشم ئەوێی... بێدەنگ بوو. چۆن بڵێم ئەم بێدەنگییە کەم خایەنەت چی بەسەر من ھێنا؟ لایەکم بەھار بوو بەھەزار گوڵی ئاڵ و واڵاوە، بەھەزار مەلی دەنگ خۆش بەجیلوەوە، لەلایەکی ترم زستان زەمھەریر بوو بەسۆزی لەش ترسێنی، تین فڕێنی ھەزار لوورەی با و کڕێوەوە، ئەترسام زیاتر لەم بێدەنگییەدا ئازارم بدەی، خەریک بوو ھاوار بکەم و بڵێم دەرگای گوڵزاری دەمت بکەوە تا ھەناسەی زیندووکەرەوەی مەسیحایی بھاژێتە گیانم، بەڵام دەخیلت بم ھیوای سێ ساڵەی دڵێکی گەنج بە با مەدە، تۆ کە گیانی نەرم و ھێمنی دڵی ناسکت نەھات ئەم پەپوولە ئەویندارە کە بەھەزار ھیواوە بەسەر پای گوڵی دڵتەوە نیشتبوو بتارێنی؛ ئێستێ ئەی ڕەمزی ھەستی وا بەھار و ئەوین و جوانییە. ھەر وەک لە پاڕانەوەکەما کوتم ئەتوانی بمخەیە بەر سێڵاوی ڕەشی شەوگاری دڕو کڕو ئەشتوانی دەستم بگری و بمبەیە مەڵبەندی بەگوڵ خەمڵیوی پڕشنگ و شادی. ئەمەش بزانە کە ئەگەر وەڵامت ھەرچی بێ، ئەگەر موژدەی بەختەوەری بێ یا شەقڵبوونی ھیوا بڕاوی، پەرژینت بەگوڵی ئەوینی من تێکناچێ، من ھەر ئەو شەیدایەم کە بووم، شەیدایەکی بەختەوەر، ئەگەر بڵێی ئەرێ بەشەیدایەکی چاورە ڕەش، ئەگەر بڵێی نا، لێم گەڕێ، بەڵام سوێندت ئەدەم بەو چاوە جوانانەت لە ئاگری دوودڵییا مەمھێڵەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دیمەنی بەفر و زستان سروشت لەم زستانەدا بەبەرگی سپی ئاو داوێنی بەفر خۆی ڕازاندۆتەوە بۆ ھەر لایەک ئەڕوانی خێوەتی سپی ھەڵدراوە. بەفر پیتە، بەھرەیە بۆ کانیاوی مووچە و مەزاری جووتیاران، دابینکەری نیازی کشتوکاڵە و لە ڕاستییا بەفر ھۆی شینایی و شیناوەردە. کلووی بەفر کاتێ لەسەر سەکۆ و کورسی گەرم لە پشت پەنجەرەوە سەیری کەی، ڕوانگەو دیمەنێکی جوان دەخوڵقێنێ، بەڵام کڕێوەیەک کە سەر لە ڕێبوار ئەشێوێنێ و تەنانەت بەر پێی خۆشی نابینێ، ناتوانێ بۆ ئەو ڕێبوارە، ڕێ ھەڵەکردووە شتێکی باش بێ و ئەو سەرمایە کە ھەرگیز ڕووناکاتە کەناری دەوڵەمەندان، بەلای ئەو مناڵە بێ بەرگ و ڕەش و ڕووتانەوە کە لە ناو ماڵێکی سارد و سڕ و بێ تینا ژیان ئەبەنە سەر، ناتوانێ خۆش و خۆشەویست بێ. باوکێکی ھەژاری دێ نشین لە ھەموو جیھانا جگە لە کچۆڵەیەک شک نابا، کچۆڵەیەکی تازە پێگەیشتوو، ھەموو ئاواتی ئەو باوکە پیرە ئەوەیە کە نازداری کچی بە شووبدا و نەوەکانی لە باوەش گرێ و بڕوانێتە بزەی بێ تاوانانەی سەر لێوی سوور و ناسکیان. زستان ھاتووە و کار و کاسبی لە ئاوایی خەوتووە؛ دێ لە ژێر پێخەفی سپی بەفردا خەریکی خەوی زستانە. ھەرچی داھاتە لە کشتوکاڵ ھاتۆتە دەست، ئیتر کاتی ئەوەیە باوکی پیریش لە داھاتی کەم و کورتی خێزانەکەی، ئەندامی شلک و جوانی نازدار کە بەرگەی سەرمای تووڕە و لەش تەزێنی زستان ناگرێ، پۆشتە کاتەوە. باوک ئەچێ بۆ شار و چاوی چاوەڕوان و جوانی نازدار لە ڕێگایە و ھەزار ئاواتی ڕەنگا و ڕەنگی کیژانە لە دڵیا شەپۆڵ ئەبەستێ. سێ چوار ڕۆژێک بەبێ وچان کلووکلوو بەفر ئەبارێ ھەموو وڵات ساماڵسا بوو بە یەگجاری ئاسمانی ڕەش تاوێک نەیئەترووکاند چاوێک بەفر ئەباری... بەفر ئەباری بستێک، ئەژنۆیەک، ناوقەدێک، باڵاپیاوێک، لەم لاو ئەم لای دێیەکەوە پەسا پەسا ماڵ ئەڕووخا ھێلانەی ھەژار ئەشووخا نا! نا! ئیتر چ ناڵێم ماڵ گۆڕی گشتی ژن و مناڵ سێ چوار ڕۆژ بوو باوکی نازدار چووبوو بۆ شار چووبوو جلی بۆ بسێنێ کراسی جاو سەڵتەی بەروپش بەلاشە نازداری خۆی پێی داپۆشێ ڕووتی لاشە ئێوارەیەک چەن تارمایی تەرمێک لە کۆڵ ئەیانشکاند بەفر و سەھۆڵ ملیان ئەنا بۆ ئاوایی تەرمی کێ بوو؟ تەرمی کێ بوو؟ تەرمی ڕەق بووی باوکی نازدار ھەی قوڕ بەسەر خەڵکی ھەژار ماڵێک داڕووخاو دڵێک پڕ زووخاو ژنێکی فەڕتووت نازدارێکی ڕووت بەمیرات مابوو بۆ دایکی نازدار! مەگری مەگری نازداری خۆم مەگری بەسە. ھەر ئێمە نین خەڵکی ھەژار، گش بێ کەسە مەگری! مەگری! چاوەکانم بخەوی باشە. فریشتەی خەو بۆی دووری سەڵتەی بەلاشە. زستان تەواو بوو، خیوەتی سپی بەفر پێچرایەوە، بەڵام ئەو زووخاوە کە زستان و سەرما لەدڵی دایکی نازدار و نازداری خستبوو ھەرگیز بە ھاتنی بەھار و سروەی بۆنخۆش لای گوڵزار تیمار نەئەکرا. زستان ئەبڕێتەوە، پاش سەرماو سۆڵی لەش ترسێن، بۆنی خۆشی گوڵزار ئەھاژێتە دەمار تەبیعەتەوە، ئەوە ڕێ و شوێنی دابڕوا و دیاریکراوی ژیانی ئادەمیزادە. گاھێ لە دڵیا بەھارە و گاھێ لە دەروونیا زەمھەریرە، بەڵام ئەو دڵانە وا بەگەرمای خۆرەتاوی ئەوین و ھەستی نەوعدۆستی داگەشاون، ھەرگیز بەسەرمای زستان و بەگەڵاڕێزانی پایز ناژاکێن، کام دڵ ئەویندارە ئەو دڵە ئەبێتە، کوانووی دانەمرکاوی ئینسانییەت. ئەوین یا ھەستی ڕاسپێری ئینسانی، ئاخۆ لەم زستانەدا بێ دەربەست لە ھۆدەی گەرما سەر ئەنێتەوە سەر سەرین لە کاتێکدا ئەزانێ کە دراوسێکەیان تەنیا بەدووکەڵی ھەناسەو بڕینی دڵ گەرمی ئەبێتەوە؟ ! لام وانییە، چونکە ھێشتا کاتی ئەوە نەھاتوو، بەسەر تەرمی ئینسانییەتا بگرین، خۆزگا ھەموو دڵێک ڕووگەیەک ئەبوو و ئەکرا نیازی لێ بخوازی و پەنای بۆ بەری. لە کاتێکا مەبەست و واتەی بەرزی ئینسانی ئەکەوێتە ناو، خۆزگا گوڵی ئینسانییەت لە بەھاری ئەمساڵا لەم مەزرای دڵمانا چرۆی دەرئەکرد. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەڵکی شاری ئەوینم ھەوا تاریک بوو، ھەوەڵ جار بوو کە من بەنوێژی نیوەڕۆ بیرم لەوە دەکردەوە، ئەگەر خۆرەتاو تینی نەمێنێ ئەم سەرزەوییە کە ھەزاران ساڵە ئێمەی لە سەر پشتی خۆی سوار کردووە چی بەسەر دێ؟ وڵات یەکپارچە ئەبێتە سەھۆڵ، دار و بەرد و ئاو ھەمووی ئەیبەستێ و گەرمای ژیان ساردوسڕ دادەمرکێ. نازانم لەو بیرە ئاڵۆزانەدا گەیشتبوومە کوێ کە بەژنێکی بەرز و کەڵەگەت بە کراسێکی زەردەوە بەلای منەوە دانیشت. ئەھات وا تاریک ئەبوو، پڕشنگێ کە لە خۆرەتاوەوە ئەھات و ئەکەوتە سەر خارای کراسی ئەو کچە وا لەلام دانیشتبوو، لە سەر کراسەکەی ئەبوو بە ھەزار ڕەنگی بە ورشە، تێی گەیاندم کە تاو و ساوێکی خۆش خێوەتی ھەڵداوە... چاوم لە جووتێ کەوشی ژنانە ھەڵگەڕا بەرەو ژوور، وەک مارێکی ڕەش بەڵەک و تینوو کە بەدارێکی شلک ھەڵگەڕێ و بیەوێ لە ناو تورت و تەڕی لکی ھەرە بەرزی دارەکە ماندوویی بحەسێنێتەوە، نیگام کەوتە سەر داوێنێکی خاوێن و لەوێ گەیشتە بەر پشتێنێکی کەم و شل و مل و لەسەر سینەی دوو گۆی زێڕین، دوو مەمکی قوت کە لە ژێر کراسە زەردەکەوە چرۆی دەرکردبوو وەستا! تاسەی گوشین دڵمی پڕ کرد و پاشان نیگای نەسرەوتووی برسیم ڕاخوشی بۆ گەردنێکی بەرز کە چەنەیەکی خڕ و پڕ سێبەری لێ کردبوو، وەک سێبەری شەکەت لابەری دارەتوویەکی بەبەرگ و بەر. ئاسکێک، ئاسکێکی ماندووی ڕەوەک و سڵ، ھێندە بەرچاوە، کە لە گەرمای ھاوین ڕائەکا بەرەو شنەیەکی چیای بژوێن و ئەگاتە پۆلە دودڕکێک کە سێبەری ڕەوەزێک لە باوەشی گرتووە. نیگای من ئەو ئاسکە بوو کە لە ژێر تووتڕکێک و مووی تازەھاتووی ھەڵنەگیراوی لاجانگی کچەکەدا ئارامی گرت؛ دیسانە ئەوا بیرم ڕۆیشت، بەڵام نەک بۆ دوورودەر، وەک تیرێک کە کەوانە بکات بەرەو خۆم گەڕاوە و لە جەرگم ھەڵچەقی؛ چوومە ناو خۆمەوە و بیرم کردەوە ئەگەر ھەموو جیھان بەبەرگ و دارەوە، دەریا و چیا و جەنگەڵ و شار و ئاوایی و چۆڵ و دەشتەوە گیانیان ھەبوایە چۆن ئەبوو؟ ئەم کاتە بەیان بزەی خۆی زیاتر ئەڕازاندەوە، گوڵ گەشتر خۆی ئەنواند و کۆلکە زێڕینە وەک ئەو بەرموورە ڕەنگاوڕەنگەی لێ ئەھات کە بەسەر پێستی لووس و بێگەردی گەردنی ئەم کچەوە ئەدرەوشێتەوە. دوو چاوی گەش و ڕەش گرتیانمە بەر ڕوانینێ، تا ئەم کاتە نەمدیبوو، ڕوانینێک ئەوەندە بڕست بەزێن و گەرم و تاسە شکێن، ئەتگوت تەمەنێکی درێژە من ھەر لەم جێگایەدا دانیشتووم و ئەو نیگا بەتینە ئاژواوەتە دەماری لەشم؛ ئەتکوت بێ ئەو نیگایە من ھیچم، سارد و سڕم، وەک زەوییەک ھەرگیز ھەتاوی لێ ھەڵنەھاتبێ، سەیرە بەڕاستی سەیرە، یارییەک کە گاھێ بزەیەک یا نیونیگایەک یا لەنجەولارێک بەدڵی پیاوی ئەکا، ھەر بەم زووە بێ ئەوە بتوانم ھۆگری وەک بۆنی گوڵزارێک کە لە پێچگەی بای شەماڵەوە ئەپێچرێ و لەبەر لووتی ڕێبوار ئەکرێتەوە ھەموو دڵمی تەنێوە، ھۆگری ئەو شتە کەس نەبێ با شەو ھەبێ خۆشە. نیگامان وەک دوو ماری عاشقە و ماشقە تێکھاڵا، دڵم بەلێدانی بێ وچان پەردەی شوورەیی و خۆڕاگرتنی دڕی، گوتم لەو ئاوایییە غەریبم، بۆ غەریب؟ ھیچ شتێ لە تەبیعەتی بێدەنگ و خامۆش ئاشناتر نییە، ئادەمیزاد نامۆیی ئەکەن، بەڵام سروشت دڵ ئاوایە و بەخشندە، بێ پرتە و بۆڵە. پێکەنی و ورشەی ددانی وردی کەوتە سەر لێوی سوور و کچانەی، بەشوێن زەردەکەیا کوتی: «تێنەگەیشتم چیت کوت؟ ئەوەندە دەزانم کە تەنیا و غەریبی، ئەوەش ئەزانم کە لاوێکی جوانی.» ترسام. بەڵام نەک لەبەر ئەمە کەمێکی گاڵتە تێدابوو، نا... لەبەر ئەمە من ھەستم کرد لە بەرامبەر کچێکەوە دانیشتووم کە بە ساکاری و لەباری و بێدەربەستی وەک شانازی کردن بەپەیکەری ڤینۆس و من وەک دێرینە ناسێکی تامەزرۆ کە لە کەلاوەی خاپووری شارە کۆنەکانا لە شوێن عەنتیکەی ھونەرییا وێڵە، ناچارم لە بەرانبەر ئەو کچەدا دەست بەسینە بوەستم. لەو تاسان و سەرسوڕمانەدا بووم کە لەپڕ لە زمانم ھاتەدەر: «تۆ... تۆ ڤینۆسی... تۆ پەیکەرەی خوای ئەوین و جوانی...» بە سیلای چاو سەیری کردم و کوتی: «تۆ لە ڕادەبەدەر شەرم ئەکەی وا دیارە کوردیش نازانی؛ لام وایە خەڵکی ئەم شارە دوورانەی کە ئەڵێن، سەریان لەبەر دووکەڵ بە تەمە.» وتم: «نا، نا، خەڵکی ھەرێمی دڵداری و دانیشتووی شاری ئەوینم.» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕووناک ھەر دەبوو بێدەنگ بم، دەبوو نەنووسم، بەڵام لەو کاتەوە کە دڵم بەدڵی تۆوە پەیوەندکردووە، خۆپەرستی و غروورم نەماوە، خۆت ئاگات لێیە کە تا ئێستە زۆرم ھەوڵ داوە بۆ خۆمت ڕاگرم، ھەر کات قسەیەک ھاتۆتە پێشەوە و سەرچاوەی ڕوونی ئەوینمان لێڵ کردووە؛ لەگەڵ ئەوەشا من تاوانێکم لە پێکھێنانی ئەم نێوان ناخۆشییەدا نەبووە دیسان ھەر من دەستی ئاشتیم بۆ لات ڕاداشتووە. بە گیان و دڵ کڕیاری نازت بووم، گوێم نەداوەتە گرمەی ترسێنەری دێوی غروورێک کە لە دەروونمدا وەخەبەر ھاتووە، لەبەرچی؟ چونکە خۆشم ویستووی، تۆش پاش ئەوەی ھەستی ناسکی کچانەت دامرکاوە، داوای ئاشتی منت وەرگرتەوە و بەپێکەنینێکت ھەموو لای ڕەشبینی و ناھومێدییەکت لە دڵم ڕاماڵیوە. ھەموو کچێک خاوەنی ھەستێکی ئەوتۆیە، ئەیەوێ بۆ دڵدارەکەی ناز بکا، بتۆرێ و چاوەڕوانە کە پیاو ھەنگاوی ھەوەڵ بۆ ئاشتبوونەوە ھەڵگرێ. ئەم ڕاستەقینەیە کە من باشی تێئەگەم، ئەزانی کە ھەمیشە ھەر من پێشەنگی ئاشتبوونەوە بووم. چ پەیمانێکمان بەست؟ چەندەمان زەمزەمەی بەھار و ئەوین و دڵداری بە گوێی یەکا چپاند؟ چەند سەعاتی بە شۆر و ھەرگیز لە بیر نەچۆوەمان لەلای یەک بەسەر برد؟ لە بیرتە کە من ئەترسام بە جارێ خۆم بسپێرمە دەس گەردەلوولی ئەوین؟ چونکە تاڵترین تاقیکاریم لەم بارەوە ھەبوو، بەڵام تۆی باش، تۆی خاوێن ناچارت کردم تەسلیم بم، دەروونی من ئامادەبوو، بۆ بانگھێشتنی میوانی ئەوین، ئەمزانی کە ھەستی من تەنیا لە دوڕگەی بەرین و سەوزەڵانی دڵدارییا تێئەگا و پتەو ئەبێ؛ بەڵام ئەترسام ئەو دوڕگەیە کە من لە دڵما سازم کردووە بەو ھەموو مەلە جوانانەیەوە کە جریوەیان وەک مووسیقای بێ وچانی ژیان دێتە گوێ لەپڕ ببێتە وشکارۆیەکی چڕ. ئەترسام ئەو ھەنگاوانە کە من بەتاسەی ھەرێمی ئەوینەوە ھەڵیانئەگرم بمگەیەنێتە وڵاتی درۆو دەلەسە و فریوکاری. لە بیرت چۆتەوە ئەو رۆژە پاش ساڵێک کە بەچاو، بە ڕوانین، بە ھەناسەی ساردوگاھێ بە بزەی شەرمێونی لێو تێمگەیاندبووی کە گرفتاری تۆم؟ لە کۆمەڵانێکا تووشی یەک ھاتین، ئێوارەیەکی بەھار بوو تۆ کتێبەکانت بە سەر سینگی پڕ لە رازی کچانەتەوە گرتبوو، شەکەتی چەند سات گوێگرتن بۆ دەرس کوتنەوەی مامۆستای خوێندگەکە کەمێک چاوی لێڵ کردبووی، دەتکوت گۆلاوێکی مەندە بە پەلکی شلک و تەڕی شۆڕەبی سێبەری لێ کراوە. لەمێژ بوو ئەمویست پرێسکەی دڵم لەلات بکەمەوە بەڵام نازانم چ سامێکی یەزدانم لە چاوتدا بەدی ئەکرد؟ کە ھەر لەگەڵ ئەمدیتی زمانم دەچووە بەست. بەڵام ئەو ڕۆژە شەپۆڵی پەنگاو بەستووی ھەستی من لەمپەڕی زمان و پەرژینی مژۆڵی ڕووخاند، گوتم: «ڕووناک!» ڕاوەستای، بزەیەکی ھیوابزوێن کەوتە سەر لێوت و ڕەنگت کە لە پێشا وەک پۆلووی ئاگر سوور بوو گۆڕا، وەک ڕۆژی سەرکەل پەڕی، پاش ئیستێکی کورت بووی بەئاسکێکی سڵ و ھەڵاتی. وەک دوێردێکی تیژ ھەریری ھەوای کۆڵانت لەت کرد، کۆڵان پڕ بوو لە بۆنی خۆشی ئەوینت. من مامەوە بەدڵێکی لەدەست دەرچوو. گیانەکە ڕەنگە لەبیرت نەمابێ چونکە ئەمڕۆ بۆم دەرکەوتووە ئەم ماوەیە ھەر نەخشت گێڕاوە، رووبەندی دڵداریت بەسەر خۆتا کێشاوە و لە ژێرەوە گاڵتەت بە من کردووە. لێت ئەپرسم، کاری ئەو باخەوانەت پێ چۆنە کە تۆوی گوڵ ئەچێنێ؟ شەو ئاوی لێ ئەنێ، بژاری ئەکا، لەشی نەرم و نیانی گوڵەکە لە دەسدرێژی دڕک و داڵ ئەپارێزێ تا غونچە ئەکا، ئەپشکوێ و بەدەم بەیانەوە پێ ئەکەنێ، پاشان باغەوان پێشێلی کا، بیژاکێنێ و لە ڕیشەوە دەریبھێنێ، بیخاتە بەر سوورەتاوی بێ بەزەیی نیوەڕۆی ھاوین؟ پێم بڵێ کاری ئەو باغەوانە بێ ھەستە، دەروون زبرەت پێ چۆنە؟ کارم بەسەر وەڵامی تۆوە نییە، بەڵام تۆ خۆت وەک ئەو باغەوانە باخچەی دەروونی منت بەجوانترین گوڵی ھەست و دڵداری ڕازاندەوە، ئەو گوڵانەت بەئاوی ھیوا پەروەردە کرد تا شەپۆڵی بۆنی خۆشیان دەماغی لاویمی پڕ کرد. لە پڕ بێ ئەوە تەنانەت خۆشت بزانی بۆ چ وات کرد، لێت ناپاڕێمەوە کە ئەو بەھارە کە خۆت کردت خەڵاتم بۆچی لێم وەرئەگریەوە؟ ! تەنیا ئەمەوێ جارێکی تریش بتبینمەوە، سۆنەی نیگام کە ھۆگری زرێباری چاوتە، جارێکی تر لەم دەریا شین و مەندەدا مەلە بکا. ئەمەوێ بزانم دیسانەوە لەبەر چاوم ھەر ئەو کەلە ھەتاوگرەی بەربەیانی، یا بووی بەئاسۆی زەردی ڕۆژپەڕ. زۆر سەیرە چۆن ئەبێ دڵێکی وەک دڵی من بێ تاوان لە پڕ لەوپەڕی بەختیارییەوە بێتە ئەم پەڕی چارەڕەشی؟ بەیانی کە چاوم کردەوە تۆم ھەبوو، بزەی ھەتاوم ھەبوو، ژیان و ھیوام ھەبوو، کە شەو داھات نە تۆمای، نە پڕشنگی خۆرەتاو و نە ژیان و ھیوا. نازانم بیرەوەری ئەوینی مردوومان ئەوەندە بێ ھێزە کە بتکێشێ بۆ جێژوانی چۆڵی خاپوورمان یا نا، بەڵام ئەگەر ھاتی چاوت بەمن یا باشتر بڵێم تاپۆی من ئەکەوێ و ئەو تاپۆیە پێت ئەڵێ بۆ چ وات کرد؟ ئەم نووسراوە کورت و ساکارە کە پێشکەشتان کرا تەنیا لە ڕوانگەی دڵدارییەوە سەیری دەوروبەری خۆی ئەکا و ناتوانێ بۆ کۆمەڵ کەڵکێکی ھەبێ بەتایبەت ئەمڕۆ کە شێوەی ڕۆمانتیک کۆن بووە و دەرکەوتووە کە ناڵە و ھاواری ئەویندارانە ھیچ دەردێکی کۆمەڵ دەوا ناکا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشا ئێمە ھێندە وشک و بێ ھەست نین کە بەجارێ ئەوینمان پێ بێھوودە بێ، ئەوین لە نووسراوەی «رئالیستی»یا ئەبێ کەرەسەیەک بێ بۆ ھاندان و پتەوکردن و لابردنی شەکەتی، نەک خۆی ببێتە ناوەڕۆکی مەبەست؛ واتە ئەوین بۆ ژیانی بەختەوەرانە لەگەڵ ھەموو کەس، «نەک ئەوین بۆ ئەوین». ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نووری شاعیری خەم سەلام لە گوێگری ھەستیار و بیستیاری ھونەرناسی بەرنامەی تاپۆ. لە سەرەتای بەرنامەی تاپۆدا ڕامانگەیاند کە ئەم بەرنامە جگە لەمەی وەڵامی پرسیارە وێژەیییەکانتان ئەداتەوە، ئامادەیە بۆ ئەوە شیعر و نەسرەکانیشتان لە بەرنامەکەدا بنووسێ و بەناوی خۆتانەوە بڵاوی کاتەوە. لەم بەرنامەیەدا پارچە شیعرێکتان پێشکەش ئەکەین لە شوێنەوارەکانی کاک محەممەدی نووری. کاک محەممەدی نووری بەداخەوە کەم کارە و چەوتی ژیان ماوەی نادا زۆرتر بەھونەرەکەیەوە خەریک بێ؛ ئەگەر وا نەبوایە ئێمە ئێستە بینەری دیوانێکی جوان و ڕازاوەی شیعری ئەبووین. کاک نووری ھەرچی شیعری ھەیە ھەموویان ھیوا بڕاوانەن. ئەمەش ئەگونجێ ھەر لە بەر ژیانی ناساز و نەھاتی بێ. وا دەرئەکەوێ کە ھەرگیز تینی ھومێدێک لە دڵی کاک نوورییا نەبووبێ، بەڵام نە من و نە گوێگرەکان ئەم دەلیلەمان قبوڵ نییە کە کاک نووری نەھاتی و چەوسانەوە و کەسەری خۆی بکا بە بەھانەی بەستنی سەرچاوەی زەوقی و ئێمە بێ بەش بکا لەو ئاوە زوڵاڵە. با ئەمەش بڵێم کە ئەم چوار شێعرانە بەزاراوەی موکریانین و ئەگەر وشەیەک یا شێوە دوانێک و تەعبیرێکی موکریانیتان تێدا بەر چاو کەوت لاتان سەیر نەبێ. کاک محەممەدی نووری بەر لەوە شێعرەکەی دەست پێ بکا ئەڵێ: شێعرێکی «گۆران»ی- لە سەرەمەرگی ھیوادا- خوێندۆتەوە و نووسیویەتی: «ھەموو کەس بۆ مردووی خۆی دەگری، بەڵام گریانی گۆران بۆ ھیوا و بێکەس ھەموو کەسێکی خاوەن دڵ بانگ ئەکاتە سەر شیوەنگا. من لەو کۆڕە گەرمە شینەدا بەخوێندنەوەی ئەو ھۆنراوەیەی مامۆستا گۆران بۆ چەند ڕۆژێک دڵم گەرم بوو. دەردی خۆم لە بیر چۆوە و سەرم دانەواند لە بەر دەرگای ھونەر. ھونەر فەرق ناکا کوردە، عەرەبە، یا تورک. کۆنە یا تازە، «حافز»ە یا «لاماڕتین»، ڕەشە یا سپی. ھەرچی ھەیە، ھی ھەر خەڵکێکە بەجوانی دەچزێتە گیان و دەکشێتە ناو ژیان، ھەم پێکەنینی جوانە و ھەم گریانی شکۆدارە. لێرەدا کاک نووری خۆی بەکەم داناوە و ئەنووسێ: «من نە نووسەرێکی زەبرم و نە شاعیرێکی زرنگ. تەنھا ویستم بەزمانی بێ زمانی کڕنۆشێک بەرمە بەر بارەگای شێعر و شاعیر و بڵێم: ئەمن چی بڵێم بە جوانی، ڕێک و ڕەوان و ڕوون بێ وەک گۆرانی «گۆران»ی ھۆی ئارامی دەروون بێ بزەی لێو و کزەی دڵ ئینسانی بێ و یەزدانی دەمی تیغ و پەڕی گوڵ، سێحرێکی جاویدانی «حافز» بەنیوەی شەوێ، بەسرودێکی عاسمانی «گۆران» بەچریکەی کەوێ بەقاسپەیەک گۆرانی فرشتەی بێتە دەرکێ پەری بێنە ھەڵپەڕکێ زەوی بچتە سەمایە ئەمن چی بڵێم لە دوایە؟ ھونەرمەند بەسەرسووڕماوی پەنا ئەباتە بەر ئیلھام و ئەپرسێ: ئەی ھەوێنی دڵی ھۆنەر ئەی ھۆی زانست و ڕووناکی لە پێش دەرگات دادەنێم سەر باوێژە زەینم بە چاکی چیت پێشان دا، چیت خستە دڵ وا جوان ھاتە دەرێ لە کڵ چیت لێ ستاند و چیت دایە وا جوان ھێناتە کایە؟ ھۆنەر! ئەتۆ ئینسانی پاک نموونەی باش! ڕەوشتی چاک بۆ کێ دەگری؟ بۆ کێ دەژی؟ دەبیە پۆلوو، دەبیە ڕەژی؟ ! چۆن سووتاوی؟ چۆن چۆقیوی؟ جارێ شەمی، جارێ پیوی؟ ھەڵدایسێی بۆ دنیای ڕوون دادەمرێنی کوڵی دەروون تۆ «فیردەوسی» و «ویکتۆر ھۆگۆ»ی تۆ لاماڕتین، یاخۆ «خواجۆ»ی تۆ «گۆران»ی، ئەستێرەی کۆی زەمان دەڕوا، کوا تۆ دەڕۆی؟ دنیای پڕ ئاوازەی تۆ واتەی کۆن و تازەی تۆ لە ھەر کوێ خۆی بنوێنێ خۆری و پڕشنگ دەپژێنێ ھۆنەر بڵێ ئەتۆ لە کوێی نە ئاوا بووی، نە لەدەم سوێی نە نزیکی نە لێم دووری تۆ بڵێسەی کۆگای نووری برۆی، چاوی، برژانگی لەڕووی زەرد و رەشانگی خوێنی لە نێو پێستی سوور سپی پێستی وەک بلوور گیانی لە نێو ھەمووانی ڕەنگ و زمان نازانی تۆ برووسکەی یەزدانی ئەمما کوڕی ئینسانی ھۆنەر جێگات دیارە گەنجی کونجی وێرانێک ئاواڵ و ھاوڕێ و یارە شەمێک، شەوێک پەروانێک لەو خێزانە بچکۆلە لەو وێرانە، لەو چۆلە جیھانێک ئەخەیتە ڕوو پڕ بەتاسە و ئارەزوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەوە سەلامێکی خاوێن وەک شنەی شەماڵی دوورەشار پێشکەش بەگوێگری ھۆگری ھونەر. لە بەرنامەی ئەم جارەماندا یەکێ لە جوانترین و بەنرخترێن شوێنەوارەکانی شیعری نوێی کوردی بۆ ئێوە ھەڵبژاردوومانە کە لەگەڵ شیکردنەوەیەکا بۆتانی دەخوێنینەوە. ئەم پارچە شێعرە ھی شاعیرێکی گەنجی کوردە و ناوی شیعرەکە «شەوە»یە. ئادەمیزادێکی سەر لێشێواو و کڵۆڵ بھێننە بەر چاو لە شەوێکا، شەوێکی کپ و کەڕ و کڕ ھەتا چاو بڕشتی ھەبێ و بیر بڕستی، تاریکییە و بێدەنگی، وەھا کە ئادەمیزاد ئەسیری شەوە و تەنانەت لە بوونی خۆشی ئەکەویتە دوودڵییەوە. تەنانەت ھەناسەکێشان و ڕوانینی چاو و ھەستکردنی سامی شەویش ناتوانن ئەو دڵنیاکەن کە ھێشتا زیندووە. «ھەبوو، نەبوو» وەھا سنووریان تێکەڵ دەبی کە لەیەک ناناسرێنەوە. لەم حاڵەدا کە نە «تەواو نەبوون»ەو نە «تەواو ھەبوون»، دەنگێک لەدوورترین سووچی شەوەوە دێتە گوێ. ئادەمیزادی بەندی زیندانی شەوگار ھەست دەکا کە زیندووەو بەواتای شاعیر: «شعووری گەرمی ھەبوون بەگیانیا ئەگەڕێ. دەنگەکە پەرەگر ئەبێ. بەرزتر و نزیکتر دێتە گوێ. ئادەمیزادی تاسەبار تەواوی ھەستی خۆی لە گوێدا کۆئەکاتەوە تا بزانێ ئەم دەنگە خۆشە کە مزگێنی ژیان و ھەبوونی پێوەیە چییە؟ بەڵام دەنگەکە ھێشتا دوورە. ناچار ئادەمیزادی بەسوێ و تامەزرۆی دەنگ و بزوێن و ژیان بیرئەکاتەوە. جارێ بەدڵیا دێ ئەمە دەنگی «نووح»ە؛ جارێ لەبەر خۆیەوە ئەڵێ نە، ئەمە دەنگی نرکەی تەور بەدەستێکە کە خەریکی ھەڵپەرتاوتن و بڕینی لک و پۆی دارستانە تا ڕێگایەک بەرەو شاری ڕووناکی بکاتەوە. جارێکیش ئەڵێ ئەمە دەنگی دەنووکی مەلی بەیانە کە پەرژینی سەختی شەو کون ئەکا تا دەروویەک لە سەر پڕشنگی ھەتاو بکاتەوە. دەنگ ھەر دێ و نزیکتر ئەبێتەوە، تاکوو ئەبێتە شەقژنێکی تاڵ و مەرگھێن. لە پێشا ئادەمیزاد لە بێ دەنگی و خامۆشی شەو ئەترسا، ئەمجا دەروونی پڕ ئەبێ لە سامی دەنگەکە و تێئەگا ئەو زمزەمە نەرمە کە لەدوورەوە وەک پتەی سەرئاو وەھا بوو و زایەڵەی ئەتگوت ھەڵقوڵینی کانییە، کاتێ نزیک بۆوە، بوو بەدەنگێکی ترسێنەری مەرگاوی کە چەشنی شەوی گەرووی ئادەمیزادی تەنیا و بەھەڵەچوو ئەکوشێ... وە ئێستە گوێ بگرن بۆ شیعرەکە: پەسا پەسا پەرەگر بوو شەوی کڕی لاسار نەما شنەی شەوبا، نەوی بوو چەسپی زەوی بوو لەسامی شەوپاسار! بەسێحری تاریکی «ھەبوو، نەبوو»یەک بوو نەما نیشانەی بوون نەما نیشانەی من لەشم تووایە دەروونی شەوێکی بێ ڕۆچن! پەسا پەساپەرەگربوو بەرەو فەزای بێ بن! بەرەو فەزای بێ بن! بەچاو و گوێ پەلەقاژەی شعوری بوونم بوو سەرنجی چاوی بە ھەڵپەم، شەوی سمی لە ھەموو لاوە بۆ ترووسکایی! بە لەز بوو گیانی بە سوێ دڵی بەخورپە لە بن گوێ وە گوێ بە وریایی بەکوڵ مڵاسی جریوەی ژیان بەڵام ھەیھات... مەلوولی کردم شەو مەلوولی کردم شەوگار عەزابی دامێ شەوی بێ ڕەزا بە گۆڕەوشار کەچی لەدوورترین سووچی ئەم شەوا ناکاو، بەنەرمە ئاھەنگێ درنگ، درنگ، دەنگێ وەکوو پتەی سەرئاو شەپۆلی خستە دەروون لەگوێم تەنینی لەوین ھەڵقوڵینی کانی بوو تەنینەوەی وەکوو بۆنی گوڵاڵە، ئانی بوو شنەی بلاوێنی، دنەی ئەدا بە خەیاڵ ھەرا ھەرای نووحە «نووح»ە گەمی ئەخولقێنێ، کە دێوی زاڵمی شەو ھەواڵەکانی بەلافاوی ڕەش نەخنکێنێ؟ بەیاخی کاوەیە ئاخۆ بەرەمزی فەتحی بەیانی لەجەرگی شەو ئەچەقێ؟ مەلی بەیانە لە شەو زیزە بێ وچان و ھەدا دەنووکی سەختی لە پەرژینی قایمی شەودا ئەدا؟ وە یا تەور بەدەسێکە لە دارسانی چڕی شەو خەریکە تیئەپەڕێ ڕوو لە شاری ڕووناکی؟ ! ئەھات... ئەھات... ئەھات... ئەھات و شەو شەق ئەبوو شعووری گەرمی ھەبوون بەگیانما ئەگەڕا جێ بە سامی شەو لەق ئەبوو! ئەھات... ئەھات... ئەھات... ئەھات و گەورە ئەبوو، گەورەتر ئەبوو، ھەیھات!! لە سامی شەو کڕبووم لە سامی دەنگ پڕ بووم دڵم کولاوە بە زرمەی ھەناسەتاسێنی! ئەھات و گەورە ئەبوو، گەورەتر ئەبوو، ھەیھات!! شەقژنی تاڵی وەکوو مەرگی ناگەھانی بوو تەنینەوەی وەکوو «ژھری ھەلاھەل» ئانی بوونی ھەرای دەروون ئاخن پەسا پەسا پەرەگر بوو وەکوو شەوی لاسار پەسا پەسا پشووبڕ بوو عەزابی گۆڕەوشار وەرن، وەرن شەوە گرتوومی بمگەنێ ھاوار، ھاوار! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سێحری نیگا من بووم و دوو سێ گەز ھەوای ھۆدەکەم. ئەوەندە تەنیا بووم کە ئەتگوت ئادەمم لە یەکەم ڕۆژی خوڵقانیا. بێدەنگی ھێندە پڕ و چڕ بوو کە دەنگی لێدانی دڵ و نەبزی دەستم ئەتکوت گرمەی ھەورە تریشقە و ڕژانی ئاوھەڵدێرێکی گەورەیە لە ھەزار بەھەزاری شاخێکی سەختەوە. لە سەر ھەودای نەدیاری بیرەوەری، چەرخ و خولم ئەخوارد و بەرەوپاش ئەگەڕامەوە. ژیانی سی ساڵەم لە پەڕاوێک ئەچوو کە شنەیەکی نەرم و نیان لاپەڕەکانی ھەڵداتەوە. لە مناڵیمەوە پێیا دەھاتمەوە. وەک فەقێیەک کە لەبەر ھەیوانی مزگەوت دەرسەکانی رابردووی دەور بکاتەوە. مناڵیم زۆر تیژ تێپەڕی. جگە لە بزەی لێوێک کە ھی ڕواڵەتێکی خەمبار بوو، چی ترم نەدەھاتە بەرچاو. بزەی دایکم بوو کە زوو بەجیێ ھێشتتم و بەناوی یادگار ھەر ئەو بزەی بۆ دانام کە ھەمیشە لێوی ئەڕازاندەوە، بەڵام ھەمیشەش ئەو بزەیە بەڕواڵەتێکی خەمبارەوە ئەنیشت. چەشنی قورینگێکی تەنیا کە چلەبڕی کردبێ و لە کەناری شەتاوێکی بەبەفر و سەھۆڵ گەمارۆدراو ھەڵنیشتبێ. لەوساتەوە فێر بووم کە بزانم کام بزە ھی دڵخۆشییە و کام زەردە ھی پەرۆشی و پەشێوی و ھەر لەو کاتەوە خەم بوو بە ھەوێنی بیرەوەریم. ئۆھ چەندە تاڵە خەمنامەی ژیان خوێندنەوە، خوێندنەوەی پەڕاوێک کە ئەزانی ھەموو تڕاژێدییە و لە ھیچ دێڕێک تووشی خۆشییەک نابی. بەبا کردنی کای کۆن! لە ھەموو کەلاوەیەکا بەشوێن گەنجا گەڕان؛ ئەمەیە تەقەلای من لە پێداچوونەوەی ئەوەی بەسەرم ھاتووە و ئەو ڕۆژانەی کە بناغەی خانووبەرەی تەمەنی منیان دامەزراندووە. دێتەوەبیرم لە ھۆدەیەکا کە بەرەو ڕۆژ پەنجەرەکانی ئەکرانەوە دادەنیشتم. زەردەی خۆرەتاو تا نیوەی مافوورەی ھۆدەکەمی بەپۆی زەرد ئەتەنی و شەبەقی ئەکەوتە سەر ئاوێنەیەک کە بەدیوارەوە ھەڵواسرابوو. پۆل پۆل پەڕەسێلکەی تیژباڵ بەقاژوقیژ بەبەر پەنجەرەی ھۆدەکەمەوە تێئەپەڕین. قووقەی کەڵەشێرێک لە دەرەوە ئەھات و بالۆرەی سەگێکی برسی بەرز ئەبۆوە. کارەکەرە پیرەکەمان تا گوێی لە لوورەی سەگ ئەبوو لە ژێر لێویەوە نزایەکی ئەکرد و خێرا پەنجەرەی ھۆدەکەی ئەبەست و بەدەم کارەوە ئەیگوت: «پەنا بەخوا ئەم جارە نۆرەی کێیە؟» ناوی پورە خاتوون بوو. بەھەزاران داستانی دێو و جنۆکە و پەری ئەزانی. جنۆکەیەک کە ئەبوو بەپشیلە و شەوانە ئەچوو لە کۆڕی زەماوەندی جنۆکەکانا زوڕنای لێ ئەدا، «گەسکەکۆڵە»و«شەولەبان»و ناوی تر. من لەگەڵ ئەوەشا کەزۆر لەو داستانانە ئەترسام و کاتی خەوتن سەرم ئەبردە ژێر لێفەکەمەوە، ھەموو شەوێ گوڕووم ئەگرت و تا پوورە خاتوون داستانێکی بۆ نەگێڕابامەوە خەوم لێ نەدەکەوت. ھەر لەمناڵییەوە فێر بووم کە ئادەمیزاد ئەسیری چارەنووسە و ھەر ھەوڵێ بدا لە دوای چارەنووس ڕزگاری نابێ! تەمەن لە شازدە و حەڤدە تێپەڕی و من ھەستم کرد لەگەڵ لاوانی ترا جیاوازم. شەرمن و کەمڕوو بووم؛ بەتایبەت کاتێ لەگەڵ کیژێکا ڕووبەڕوو ئەبووم، زمانم ئەبەسترا و قسەم بۆ نەدەھات. ھەروەک کاتی مناڵی، خۆم نوقمی خەیاڵ کرد. سەرم بردە ناو کتێبەوە. لەگەڵ جیھانی بێدەنگ و ڕەنگاوڕەنگی ئەوین و خەیاڵدا بووم بەھاودەمی شەو و ڕۆژ. ھەروەھا بووم تا ڕۆژێک ڕوانینی چاوێکی گەش و ڕەش دڵی لەرزاندم! نە... نە... تۆ نابێ پابەندی ئەوینی خاکی بی. ئادەمیزاد بێ بەینەت و بەقان؛ چارەت ئەوەیە ڕاکەی، ھەر تا ئەتوانی خۆت دوورخەیەوە. ئەوین جوانە، بەڵام ئەوینی ناو ھۆنراوە و پەڕاو نەک ھی ناو کووچە و شەقام... ئەم چاوە گەشانە داوێکە ئەتکا بە ئەسیرێکی دەست و پێ بەستراو. کاتێ خۆت و دڵت پێ سپارد جێت ئەھێڵێ. ھەموو ئەمانە ھاتنە سەر لاپەڕەی بیرم؛ بەڵام سوودی نەبوو؛ ئەو دووچاوە گەورە و گەورەتر بوونەوە. ھەموو دەوروبەری منیان داگرت، وەک شەوێک کە بەسەرتا بکێشێ و بەرچاوت تاریک کا، یا وەک ئەمە لە پڕ ڕۆژ بگیرێ و نیوەڕۆت لێ ببێ بە نیوەشەوو نەتوانی ھەنگاو ھەڵبڕی. ئەم دووچاوە گەشە، بەڕوانینی گەرم و ئەویندارانەیانەوە تەنانەت بۆ وردەیەکیش وازیان لێم نەدەھێنا. بێ وازی یەخەی گرتم. بیر و خەیاڵێکی تازە مێشکمی ئاڵۆز کرد، تا لەناکاو دیسانەوە لە کۆڵانێکی تەسکا کەوتمە بەر سێحری ئەو دووچاوە گەشە. نەمزانی چ ھێزێک پاڵی پێوەنام کە بۆلای بکێشم و چ جادوویەکی زمانمی خستە کار. لەبەر خۆمەوە کوتم: «لام وا نەبوو ئیتر چاوم پێت بکەوێتەوە.» شەرمێکی کچانە روومەتی کرد بەدوو پۆلووی سووری ئاگر. پێکەنینی نادیاری لە دوو لێوی سوور و دووچاوی ڕەشیا دیاریدا. ئەو دوو گۆمە قووڵە بەشەپۆلی وردی یەک لەدوای یەک شڵەژان و بەنەرمی نەسیمێکی ئێوارانەی ھاوین کوتی: «منیش لام وا نەبوو!» - «لەو ڕۆژەوە من ئەوینم ناسی وژیانم ناسی. ئەگەر تۆ نەبوایەی و ئەگەر تۆ بەم نیگا گەرمە نەتگرتبایەمە بەر سەرنج، من چ بووم جگەلە کرمێک لەناو لاپەڕەی کتێبی زانکۆی مافا؟ ئاخۆ، جێگایەتی بڵێم سپاس کە ژیانت پێ ناساندم!» تا حەوتەی داھاتوو، خواتان لەگەڵ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شانۆگەری چۆن و کەی سەری ھەڵداوە؟ سەلامێکی گەرم و گوڕ پێشکەش بەگوێگری ھۆگری ھەوای بژوێنی ھونەر. باسی ئەمڕۆ تەرخان ئەکەین بۆ ئەم مەبەستە کە تئاتر یا شانۆگەری چۆن و لە کەیەوە لەناو کۆمەڵا پەیدا بووە و بەکوێ گەیشتووە و لەناو کۆمەڵی کوردا ئەم ھونەرە پێشینەی چییە و ئەمڕۆ لە چ پلەیەکدایە؟ شانۆگەری لەگەڵ نووسینی نومایشنامە جیاوازییەکیان لە بارەی زەمانەوە ھەیە، واتا پێش ئەوە کە نووسین و خەت ھەبێ شانۆگەری و نیشاندانی مەبەستێکی کۆمەڵایەتی یا ئایینی بەچەشنێکی نزیک لە تئاتری ئەمڕۆ ھەبووە و ئەم نیشاندانە ئەگەڕێتەوە بۆ ھونەری جادووکارانە کە کوتمان دایکی ھەموو ھونەرێکی تری ئەمڕۆ بووە و ھەر بەشێکی ھونەر کە بیگری لە ئاکامی پەرەگرتنی ئەو شێوە جادووکارانەی ھونەری پێشوودا پەیدا بووە. تەنانەت پەیکەرە دروست کردن و ئاڕشیتێکتی و تئاتری ئەمڕۆ. بێگومان ئادەمیزادی بەڕوو، پێش ئەوە زمانی کەوێتە کارو بۆ ھەموو شتێکی دەوروبەری ناوێک دابنێ و کۆمەڵ ئەو ناوە بگرێ و بەکاری بھێنێ، دەستی لەکارا بووە. جا بیری لێ بکەنەوە کە ئەو ئادەمیزادە کاتێ ویستبێتی بەخێڵەکەی حاڵی بکا کە لە بێشەیەکا شێر یا ماری دیوە بەئیشاڕە و زیل و بەمی دەنگ ئەو کارەی پێ نەکرابێ چی کردووە؟ بێگومان شکڵی ئەو دڕندەیا ماری لە قوڕ و بەوێنەیەکی سەرەتایی دروست کردووە. ئەمە پەیکەرسازکردن. ھەر ئەو ئادەمیزادە ناو غارەکەی خۆی بەش کردووە و ھەر بەشەی کردۆتە جێگای تایبەتی شتێک. وەک شوێنی خەوتن، شوێنی ھەمارکردنی خواردەمەنی و ئازۆخە و پێتەویستی تر و ئارشیتێکتی ھەر ئەم لەبەر چاوگرتنەی پێتەویستەکانی جێگای حەسانەوە و یا کارکردنە کە جوانی و تەفەننونیشی تێکەڵ بووە. ئەمێنێتەوە تئاتر یا شانۆگەری کە ئەمڕۆ وا دێتە بەرچاو کە گوایە تئاتر ناچارە نومایشنامەیەکی نووسراوی ھەبێ و دەورگێڕەکان بکەونە شوێن پییەس و سووژەیەکی نووسراو. ئەپرسین تئاتر چییە؟ ئاخۆ تەنیا بۆ تەفەننون و سەرگەرم کردن پەیدا بووە و بەھرەیەکی کۆمەڵایەتی نییە و بەناوی پێتەویستێکی ژیان خۆی نەنواندووە؟ وەڵام ئەمەیە تئاتر یانی نواندنەوەی ئەو ڕاستەقینە کۆمەڵایەتییانە کە ئامبازی ژیانی مرۆڤن بەچەشنێکی ھونەرمەندانە واتە بەھێزی عاتفە و بەھۆی جووڵە و قسە و حاڵەتەوە و بەکەڵک وەرگرتن لە وێنەسازی بۆ تەبیعەتێ کە داستانی ڕووداوە تئاترییەکەی تێدا ھەڵکەوتووە. ئەم قەیدی دوایی، یانی کەڵک وەرگرتن لە وێنەسازی- دێکۆڕ- لەپێشدا پێتەویست نەبووە، چونکە ئادەمیزاد خۆی لە تەبیعەتا ژیاوە و دێکۆڕی ئامادە و سروشتی ھەبووە. تئاتر بۆ ئادەمیزادی بەروو، شتێکی خەریککەری تەفەننونی نەبووە، بەڵکوو بەشێکی پێتەویستی ژیانی ئەوبووە، کە وەھا بوو بەھرەی کۆمەڵایەتی نەبووە. ئادەمیزاد ئەگەر ویستبێتی خۆی ساز بکا لە پێشا بۆ ئەو کارە تەمرینی کردووە. تاقمێ لە خێڵەکە بوون بەدوژمن و تاقمێکی تر ویستوویانە ئەو دوژمنانە کە بەڕواڵەت کراون بەدوژمن بشکێنێ و لەناویان بەرێ. ئەمە خۆی بۆتە مایەیەک بۆ شانۆگەری بێ ئەوە پییەسێک (نومایشنامە) لە کارا بێ. لە سەرەتای سەدەی شەشەمی پێش لە دایک بوونی عیسادا، نومایشنامەی نووسراو لەناو یۆنانییەکانا پەیدا بوو. لە سەرەتاوە تڕاژیدی ئایینی بە چەشنی سروود، ھەر وەک لە ئێرانی کۆنا سروودی ئاگر (نیایشی ئەھوورامەزدا) ھەبوو، لە یۆنانی سەدەی شەشی پێش لە دایک بوونا دەستی پێکرد. بۆ نموونە سروودێ کە بۆ ڕێزگرتنی خوای شەڕاب دیونسووس لە جەژنە ئایینییەکانا لە لایەن تیپێکی تایبەتەوە ئەخوێنرایەوە. سروودی قوربانی کردنی ئاسک، یەکێکی ترە لەو سروودە تڕاژدیکە ئایینییانە. گەورەترین تڕاژێدی نووسی ئاینی ناوەڕاستی سەدەی شەشەمی بەر لەمیلاد «ئی بیس»ە کە ئاڵ و گۆڕێکی لەو چەشنەنومایشنامە ئایینیییانەدا پێکھێنا و دیالۆگی ھێنا ناو سروودەکانەوە. ئاکتۆر ACTOR واتە نەخشیاری شانۆ ئەکەوتە دەمە تەقە و گوفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکی تیپەکە و بەم چەشنە تڕاژدێدی لە سروودێکی رووتەوە گۆڕا بەوتووێژ و سروود، تێکەڵ. ئاخۆ ئەم چەشنە شانۆگەرییە زۆر لە بەیتە کوردییەکان ناچێ کە ھەندێکیان بەقسەو پەخشان بوو و بڕێکیان بەشێعر و ھەڵبەست؟ بەیتخوان لە کاتی خوێندنەوەی پەخشانەکەدا ھەوڵی ئەدا بیری گوێگر ئامادە بکا بۆ پەردەیەکی تر لە بەیتە نومایشنامەکە و ئەمجار دەستی ئەکرد بەخوێندنەوەی بەشە ھەڵبەستەکە. پاش تڕاژیدی ئایینی، دڕام یا دڕاما DRAMA لە یۆنان پەیدا بوو. ئی سی خۆلۆس گەورەترین دڕام نووسی یۆنان بوو- ئی سی خۆلۆس لە ژمارەی سروودخوێنانی ساکاری نومایشنامەی کەم کردەوە، لە جیاتی ئەوە دیالۆگی دڕامی زۆر کرد و جموجۆڵ واتە نواندنی بەحەڕەکەی باو کرد. پڕۆمیووس ماگیدا بەنووسینی نومایشنامەی ئاگامێ مو نون و سۆفۆکل یا سۆفۆکلێس بەنووسینی ئۆدیپ گەورەترین تەئسیریان کردە سەر دڕام نووسینی یۆنان. یورپیدیس لە نومایشنامە نووسەکانی پێش خۆی زۆرتر، بەلای ڕاستەقینەوە چوو. ھیپبو لیتووس و میریا و ئەیوون چەن نومایشنامەی ئەو نومایشنامە بەرزەی یۆنانی کۆنن کە تەنانەت لە سەردەمی ئێمەشدا سەرنج رائەکێشێ. شتڕاوس مووسیقاری بەناوبانگ، نومایشنامەی ئەلکترای کردووە بە ئۆپێڕا OPERRA. بەداخەوە لە ناو کوردان تا ئەم دوایییانە نومایشنامە نەنووسراوە، بەڵام شانۆگەری ھەبووە، زۆرتری یارییەکانی کوردستان کە بە گەل ئەکرێن، چەشنە نومایشنامەیەکن. یەکێک لەوانە «میر میرێن»ە کە نومایشنامەیەکی کۆمێدییە و بۆ ڕەخنەگرتن و قەشمەری کردن بەزۆردار ساز ئەکرێ. ھۆی ئەمە کە بۆچ لەناو کوردا نومایشنامە نەنووسراوە ئاشکرایە و لێدوانی ناوێ. تا بەرنامەیەکی تر خواتان لەگەڵ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕاسپێری ھونەر سەلام لە گوێگری بەزەوق و چێشکە پاراوی بەرنامەی تاپۆ. زۆر کەس لە خۆی ئەپرسێ کە ئایا ھونەر وێنەی زانست، پێتەویستی ژیانی ئادەمیزادە، یان نە؛ ھونەر لە کۆمەڵا چ نەخشێکی بەدەستە و ڕاسپێری چییە؟ ئاخۆ ھونەر بۆ ئادەمیزاد لەو شتانەیە کە ئەگەر نەبێ زیان ئەگەیەنێ بە مرۆڤایەتی؟ لە زۆر کەسمان بیستووە کە بۆ نموونە «ھونەری شاعیری» بێ بایەخ ئەدەنە قەڵەم و تەنانەت تاقمێکیش ھەن کە شێعر و شاعیری بە ڕاگر و گنخێنەر و خنکێنەری کۆمەڵ ئەزانن. ئەوانە بێ ئەوە بیر بکەنەوە کە ھونەر و زانست دوو لفەدوانەی کۆششی مێشک و ئاوەزی ئادەمیزادن، لانی لایەنگری زانست ئەگرن و ئەڵێن زۆر خوو بەھونەر گرتن و زۆر پەرژانە سەر ھونەر ڕێگای بەرەوپێش چوونی زانست ئەگرێ، لەکاتێکا ئەگەر مێژووی خەباتی ئادەمیزاد لە ھەوەڵی پەیدابوونی کۆمەڵی کلانییەوە (CLAN) تا ئەمڕۆ بزانن ھەرگیز بڕوایان وەھا نابێ کە ھەیە. ئادەمیزاد جیاوازی ھەرە گەورەی لەگەڵ گیاندارانی ترا ئەوەیە کە بەدیھێنەری ھونەرە، بەشێکی کەم و کووڕ لە زانست تەنانەت لەناو گیانداریشا ھەیە، بەڵام ھونەر تایبەتی ئادەمیزادە؛ لەو کاتەوە ئادەمیزاد دابەش بووە بەدەستە و تاقم و بەیەکەوە ژیاوە، واتە لەو ڕۆژگارەوە کە ژیانی خێزانی و بنەماڵەیی واتە کلان دامەزراوە، ئادەمیزاد ھونەری ناسیوە و گرنگترین ڕاسپێری خراوەتە ئەستۆی ئەو بەشەی مەعریفەتی ئینسانی. وشە و دەنگ و بزووتن، بەریز وێژە و مووسیقا و وێنەگری و سەمایان پێکھێناوە، تەنانەت ئایین و ئوستوورەی «ماوراء الطبیعە» بەرھەمی پەنجەی یەزدانی و خوڵقێنەری ھونەرن؛ ھونەر ھەمیشە لە درێژایی مێژووی ژیانی ئادەمیزادا چرایەک بووە بۆ ڕۆشنکردنەوەی بەرپێی زانست. ھەر کات ئادەمیزاد بەھۆی ئاوەزی کەم وکورتیەوە دامابێ لە گەیشتنی بەئاواتێک، پەنای بردۆتە بەر جیھانی پان و بەرین و بێ پەرژین و لەمپەری ھونەر؛ ئەو جیھانە وا ڕاستەقینەی وشک و زبری دەوروبەری ژیانی ئادەمیزاد ناتوانێ گەمارۆی بدا و تەنگی پێ ھەڵچنێ؛ زانست ناچارە ھەر لەو شتانەی وەرگرێ کە لە دەوروپشتی ھەن و خاوەنی مادە و جسمن، بەڵام ھونەر لە دەریای بێ بنی عاتیفە و خەیاڵ سەرچاوە ئەگرێ؛ لە ھونەرا ھیچ بەرگێگ نییە کە پێش بەئاواتی ئادەمیزاد بگرێ. لەو جیھانەی ھەڵفڕین ھەیە، خەوبینین ھەیە، جوانی بێ خەوش و خاڵە. ھونەر تا ڕادەیەکە ئاوات بڕوا ئەتوانێ ھەڵفڕێ. بێ ئەوە جیھانی ڕاستەقینەش لەبیر بەرێتەوە. ھونەر پردێکە لە واقعیەتەوە ھەڵبەستراوە بۆ حەقیقەت. ماکسیم گۆرکی نووسەری بەرزی رووس ئەڵێ ھیچ بەرھەم و داھاتێکی زەوقی ئادەمیزاد نییە کە بەھرەیەکی لە ڕاستەقینە نەبێ. زیھنی ئادەمیزاد ئاوێتەیەکە لە ئاوات و ڕاستەقینە. «قالیچەی باڵدار»، «چەکمەی خۆش ئاژۆ»، «دراکۆڤلان» (DRACOVLAN)، «کڵاوی سەخری جن»، «ھەڵفڕین و تەنوورەی دێو»، «چەرخ و فەلەکی پیرەژن»، ھەموو نوێنەری ھەڵپەی بێ وچانی ھونەرن بۆ دۆزینەوەی ڕێگای زاڵبوون بەسەر فەزا و ئاسمانا و دەرچوون لە کێشەر و پێوەندی خاک، بەتایبەت «چەرخ و فەلەکی پیرەژن» تەواو باری سەنعات و زانستی تیا بەھێزە؛ ئێستە واباشە ھەرکام لە سێ وشەی «چەرخ» و «فەلەک» و «پیرەژن» وردبینەوە، تادەرکەوێ کە ئیستعارە و سەمبول سازی چ کارێکی کردووە. چەرخ لەمێژە بەنیشانەی بزووتن و حەڕەکە ئیستعارەیە کە بۆ زانستی میکانیکی و فیزیکی چەرخی چاڵاو کە بەکوردی پێی ئەڵێن کۆل و بیر، ھەڵبەت کۆلی تەنیا بەکەرەسەی بووزووتەنینیش ئەڵێن، چەرخی چاڵاو ڕەنگە یەکەم دەزگایەکی سنعاتی بووبێ کە بەشەر کردوویە بە خزمەتکاری خۆی، تەنانەت ئێستەش لە ھونەری نەقاشییا لە سەبکی «ئەمپر سیۆنیسم»ەوە تاشێوە نوێیەکان «چەرخ» واتە و مەفھوومێکی ئیستیعارەیییە بۆ زانستی میکانیکی، «فەلەک» واتە ئاسمان ئەو فەزا بەرینەیە کە ئادەمیزادی سەرزەوی ئەلکێنێ بەئەستێرە گەشەکانەوە و بیری ھەستیارانەی بەشەر ھان ئەدا بۆ پشکنین و سەردەرھێنان و زانستی کورتە و وزەی فڕینی بیر و خەیاڵی زۆر و بەربڵاوە، بیر ئەکاتەوە کە چەند سەیر ئەبوو بیتوانیایە بەچەرخێک واتە کەرەسەیەکی میکانیکی بەسەر ئەم ڕێبازە بێ گرێ و گۆڵەی فەلەکە دا باڵ بگرێتەوە، چونکە ھەروەک شاعیری ئێرانی ئەڵێ: شنیدستم که هر کوکب جهانی است جداگانه زمین و آسمانی است بەڵام بزانین «پیرەژن» لەم کارەساتەدا نەخشی چییە؟ پیرەژن ڕەمزی ئادەمیزادی پڕ تاقیکاری و ساردوگەرم چێشتووە و ئەم ئادەمیزادە ئەشێ کە ڕێبواری سەفەرێکی پڕ مەترسی بێ. ھۆیەکی تریش کە پیرەژن بۆ ئەم گەشتی فەزایە لە بەر چاو گیراوە کە پیرەژن لە ئابووری کۆمەڵا پێکھێنەری بەرھەم و داھاتێک نییە و ئەگەریش لەناو بچێ و بێ سەرو شوێن بڕوا زیانێک لە کۆمەڵ ناکەوێ، ھەر ئەو ئاواتەیە کە لەپێشا ھونەر نوێنەری بوو ئێستە لەم چەرخەدا کە ئێمە تیا ئەژین لە چەشنی ئاواتێکی ئەفسانەیی دەرچووە و بووەتە کارێکی زانستی. فەزا بەھەموو ڕەمز و ڕازێکییەوە کەوتۆتە بەر تیشکی زانست، بەڵێ ھەروەک لە ھەوەڵەوە گوتمان زانست و ھونەر دوو لفەدوانەی تێکۆشانی گیان و ئاوەزی ئادەمیزادن و نە وەک ھونەر ھەر تەنیا ڕێگای بەرەو پێش چوونی زانست ناگرێ، بەڵکو ئەو ڕێگایە کە بەتەم ومژ و تۆز و خۆڵ داپۆشراوە ڕوون ئەکاتەوە. تا حەوتەی داھاتوو بەخوای گەورەتان ئەسپێرین. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەوەرە شێت سەبارەت: ١٩٧٤/١٢/١٥ ھەموو ھاوینێک ئاوایییەکەی ئێمە چەند ڕۆژی سەرەتایی جموجووڵێکی تێ دەکەوت؛ ھەر دووکەس کە ئەکەوتنە یەک، باس ئەبوو بە باسی «گەوەرە شێت». لە کانی ژنان، لەسەر خرمانان، لە مزگەوت و حوجرەی فەقێیان، لە ھەموو شوێنێک باسی گەوەرەشێتیان دەکرد. گەوەر ئافرەتێکی شێت و سەرگەردان بوو کەس نەیدەزانی سێ وەرزی دیکە بۆ کوێ ئەچێ و چۆن ئەژی؛ تەنیا ئەوە ئاشکرا بوو کە ئەو یەکەم ڕۆژی ھاوین لەگەڵ یەکەم گزنگی خۆر لەسەر ئاسۆ دەردەکەوت، کەمێک لەبەرزایی سەر گۆڕستانی ئاوایی رائەوەستا و چاوی ماندوو و شڵەژاوی بەھەر چوار لای گۆڕستانەکەدا ئەگێرا. بای بەیان شڕۆڵی جلوبەرگەکەی رائەشەکاند، لەو کاتەدا لە خودای کوڵوڵی یۆنانی کۆن ئەچوو، پاشان وەک خەونێکی پڕ ماتەم ئەھات بۆ ناو جەرگی ئاوایی و لەگەڵ خۆیا ھەزار ئەفسانە و راز و خەیاڵی لە دڵی دانیشتووانی دێدا ئەبووژاندەوە. ئەوانەی وا تەمەنیان زۆرتر بوو ئەیانگوت گەوەر تەمەنی لە سی تێناپەڕێ، بەڵام زۆر حەستەم بوو کەسێ ڕواڵەتی تێکشکاوی گەوەر ببینێ و بڕوابەم قسەیە بکا، ئەتکوت بە نووکی گاسنی ڕۆژگار، چیمەنی سەرسەوزی تەوێل و گۆنای ھەزار کووزی خوار و چەوتی تێکراوە، بەتایبەت نیگای بێ گیان و بێ دەربەستی کە نەتئەزانی تەوس و توانجی پتر تێدایە یا رق و تووڕەیی. ھەرگیز نەبوو کە تۆ گەوەر ببینی و ترووسکەی بێتین و تیژ تێپەڕی زەردەخەندەیەک لە سەر لێوی نەبێ، بەڵام ئەو زەردەیە زوو ھێلانەی وشک و چۆڵی لێوی بەجێ ئەھێشت و ئەبوەوە بە پەیکەرەی خەم و دەرد. ھەموو مێژووی ژیانی ئادەمیزاد، ھەموو سەرکەوت و تێشکانێک لەیەک کاتی کورتا ئەوەندە مەلی نیگای تۆ لە چاوتەوە ھەڵفڕێ و بگاتە سەر وشکارۆی روخساری ئەو، وەک برووسکەی شەوێکی بە ھەوری بەھار، ڕۆشن ئەبوو و ئەگوژاوە. من ھەمیشە بەتاسەوە بووم، وەک مەراقێکی وەدی نەھاتوو ئەم ویست بتوانم قسەی لەگەڵ بکەم، چونکە زۆرم ئەفسانە و داستان سەبارەت بەم ئافرەتە بیستبوو، یەکێک ئەیکوت جنۆکە دەستیان لێ وەشاندووە، یەکی تر ئەیکوت حەزی لە گەنجێک کردووە و پێی نەگەیشتووە، لەبەر ئەمە شێت بووە، بەڵام ھیچکام لەم داستانانە بۆ من جێگای بڕوا نەبوو. ڕۆژێک ئاواتم وەدی ھات؛ کاتێ کە بەیانی زوو وەک ھەمیشە ئەچووم تا لە بێدەنگی بەیانییا کەمێک لە کەناری رووباری بچووکی قەراخی ئاواییا دابنیشم و ھەندێ بیر لە ھەڵپەی بێوچانی ئادەمیزاد بکەمەوە، نەرمە ئاھەنگی ئاوی رووبار کە دەنگی ئەو پەڕی دیواری پۆڵایینی تەمەن بە گوێی مڕۆڤا ئەچێنێ و سەری بەرزی چیا کە لەگەڵ چەن پەڵە ھەوری سپی و نەزۆکا راز و نیازیەتی و ھەرگیز ئادەمیزاد نازانێ کە سروشت چی لە دڵایەو بەم بێ دەنگییە کە لە ھەموو ھاوارێک، لە ھەموو بانگەوازێک بەرزترە، ئەیەوێ چی بە ئادەمیزادی سەرلێشێواو بڵێ؟ ! کێشێکی بەھێز کێشامی و لە پاڵ دەستیا دایمەزراندم، بێ ئەوە رووی وەربگێڕێ و بزانێ من کێم، کوتی: -«تۆش لە تەنیایی وەڕەز بووی؟» ھیچ دەنگم نەکرد. درێژەی دا: -«بەڵێ ئادەمیزاد زۆربەیان تەنیان، لەگەڵ ئەوەشا کە بەڕواڵەت ھەزار ھەڤاڵ و خزم و کەس و کاریان ھەیە.» لام سەیر بوو کە ئافرەتێکی شێت ئەم قسانە بکا. بە ئەسپایی و بە چەشنێ کە نەیسڵەمێنمەوە پرسیم: -«تۆش تەنیای؟» بە تەوسەوە روانی بۆم و دیتم کە لە نزیکەوە ئەکرێ جاڕی جوانییەکی نەماو لە زەوی پڕ لە خاڵ و خەوشی دەم وچاویا بەدی کەی. کوتی: -«ئەوساڵەش ھەر ئەم وەرزە بوو کە ئەو ڕۆیشت و من تەنیا کەوتمەوە.» بەدوودڵیەوە پرسیم: -«ئەو کێ بوو؟» دیار بوو بیرەوەری تاڵی ھاتۆتە خورۆش و سەر ڕێژ ئەکا. کەمێک چاوی بە دەوروپشتا گێڕا و کاتی دڵنیا بوو کەسێ بە دەورو پشتمانەوە نییە، کوتی: -«کۆڕپەکەم، کۆرپەی نازار و خۆشەویستم!» دەنگی ئەتکوت لە ژێڕ چاڵێکی بێ بنەوە دێتەدەر؛ کپ و خەماوی بوو. لەسەر قسەکەی ڕۆیشت: -«باوکم زۆر دەوڵەمەند بوو؛ زیاتر لە دیوەخانی ئاغابوو، بەھارێکی سەوزی خەیاڵاوی کە یەکەم بەھاری گەنجی من بوو، فەقێ مارف ھاتە ئاواییەکەمان و ھێندەی پێ نەچوو کە من و ئەو دڵمان دا بەیەک. ھاوین ھات و گەرمای ئەوینی ئێمەش لەگەڵ گەرمای ھەوا ھەر ھات و زۆرتر بوو؛ بەڵام باوکم ئامادە نەبوو من بدا بە فەقێیەک کەبە واتەی ئەو نەیدەزانی کوڕی کێیەو لە کوێوە ھاتووە. لایەکم ئەوین بوو کە بانگی ئەکردم بۆ بەھەشتی خەیاڵاوی ھەمیشە بەھار، ئەو لای ترم باوکم بوو کە لەبەر چاوم ببوو بەڕواڵەتێکی دزێو و ھەڕەشەی لێئەکردم کە ھەنگاو نەنێم بۆ لای ئەو گوڵزار و بەھارە کە ناوی ئەوین بوو. کوتم کەمن گەنج بووم، گەنجێکی تازەساڵ و نەمدەزانی لەم ناوەدا چی بکەم. با سەرت نەھێنمە ئێش؛ من پاش دوو ساڵ ببووم بە دایکی کوڕێک کە لەگەڵ فەقێ مارفا ئەتکوت سێوێکن و کراون بەدوو کوتەوە، بەڵام فەقێ مارف ھەر ئەوەندە مێردی من بوو؛ پاشان ڕۆیشت و منی تەنیا بەجێ ھێشت. کاتێ کۆرپەکەم ببوو بە ھەشت ساڵە، لەپڕ نەخۆش کەوت؛ من پارەم نەبوو کە بیبەمە لای دوکتۆر، باوکیشم لێم بەرقدا کەوتبوو و ماوەی ئەو دە ساڵە قسەی لەگەڵ نەکردبووم، تەنانەت ئەو ڕۆژەش کە چوومە لای داوام کرد پارەیەکم بداتێ، بە توانجەوە کوتی ئەم کوڕە باوکی ھەیە، بۆ داوا لە فەقێ مارف ناکەی پارەی دوکتۆر و دەرمانی بۆبدا؟ پاڕانەوە و گریانی من دڵی وەک بەردی باوکمی نەرم نەکرد، کاتێ گەڕامەوە، گۆشەجەرگم، سۆمای چاوم لە جێگاکەیا...». وا دیار بوو نایەوێ لەمە زیاتر قسە بکا، چونکە بێدەنگ بوو و چاوی بڕییە گۆڕستانی ئەوپەڕی. رووبارەکە تاوی بەسەر کشابوو و لەپێکەنینی توانجاوی ئافرەتێکی کوڕمردوو ئەچوو. تا حەوتەی داھاتوو خواتان لەگەڵ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەخنەیەکی ئەدیبانە سەلام لە گوێگری بەھەست و ھونەر پەرەستی بەرنامەی تاپۆ، ھیوادارین کامەران و بەختیار بن و پێوەندی خۆتان لەگەڵ ئێمەدا بەھێزتر کەن و ھەر وەک لە بەرنامە پێشووەکاندا کوتوومانە، شەکەتیمان بە رەزامەندی ئێوەی بەڕێز لەم کارە کۆمەڵایەتییە کە بە ئەستۆمانەوەیە لائەچێ و پاداشی خۆمان وەرئەگرین. گوێگرێکی بەڕێز لە سنەوە پرسیاری کردووە، بۆ چ ئێمە ئەم بەرنامەیەچەشنێک لێ ناکەین کە وەک ماڵی گشتی یا پارک و باغی نەتەوایەتی، ھەموو کەس بتوانێ بچێتە ناویەوە و بڕوای ھەرچی ھەیە سەبارەت بە ھونەر دەربڕێ؟ کاک مرادی بەختیاری کە وەک خۆی نووسیویەتی ساڵی شەشی ناوەندییە و بەم چەشنە درێژەی بە باسەکەی داوە: «ئایا ئێوە لاتان وانییە کە بڕوای ھونەری وەک بڕوای زانستی نییە کە ناچار ھەموو وەک یەک بن؟ ئایا لاتان وا نییە کە ھونەر پێوەندی بە عاتیفەو چێشکەوە ھەیە و قەتعیەتی بەشی زانست لە ھونەرا نییە؟ کە وەھایە ئەبێ ئەمەش بزانن کە بڕوای تاکێک با زۆریش مامۆستا و لێزان بێ، ناتوانێ بۆ ھەموو کەس ببێتە جێگای چاو لێکردن و سەرمەشق. ھونەر ھەزار رێگای لێ ئەبێتەوە کە گشتیان ئەگەنە ئاکام. لە زانستا شوێنی زانایەکی پێشوو کەوتن و بەکەڵک ھێنانی تاقیکاری زانستی ئەو، تەقلید نییە. ئێستە کەس ناڵێ نابێ شوێن ئەو کەسە کەوم کە لە پێشا کەشفی کرد زەوی خڕە، یا مانگ بە دەورییا ئەسووڕێ یا ھەموو جەغزێک خاوەنی ٣٦٠ دەرەجەیە، بەڵام لە ھونەرا تەقلید و شوێن گرتن بێ ئەوەی ھونەرمەند خۆی چێشکەیەکی تایبەت لە کار بێنێ و ڕێگایەکی سەربەخۆ بدۆزێتەوە، شتێکی نا پەسندە. ئەڵێن سەعدی غەزەلی باو کردووە. ئەمە خۆی ھونەرێکە، بەڵام حافزیش ھونەرمەندە چونکە نەیویستووە ڕاستە و ڕاست پێ لەجێگای پێی سەعدی بنێ، لەگەڵ ئەوەشا غەزەلی کوتووە و تام و بۆنێکی چێشکە و لێکدانەوەی تایبەتی خۆی ئاوێتە کردووە. زۆر شاعیری وامان ھەبووە و ھەیە کە نوسخەی بەدەڵی شاعیرێکی گەورەن و ڕەنگە لە تەقلیدکردنی شاعیرە گەورەکەشا زۆر ھونەریان نواندبێ، بەڵام ھەرگیز نەبوون بە شاعیرێکی ناسراو و ئەگەر کەسێک بیەوێ تاریفی شاعیرێکی ئەوتۆ بکا ھەر ئەوەندە ئەڵێ کە بەڕاستی جوان توانیویەتی شوێن فڵان شاعیری گەورە بکەوێ. لە راستییا ھونەرمەندی ئەوتۆ، شەخسیەتێکی جەنبی و ھەڵپەسێراوی ھەیە. خۆی نییە بەڵکو دەنگدەرەوەی شەخسیەتی کەسێکی ترە؛ جا ئەمەش ئاشکرایە تا نوسخەی ئەسڵی ھەبێ، کەس مەیلی گوێگرتن و خوێندنەوەی نوسخەی بە دەڵی ناکا. کەوابوو ماوە بدەن کە چێشکە پاراوەکان و زەوقی لاوانی گوێگر بکەونە ھەوڵ. با خۆیان رێگایەک لە ھونەرا بدۆزنەوە. من لام وایە ئەم بەرنامەیە دەسەڵاتێکی ئەوتۆی لەسەر ھونەرمەندانی لاو ھەیە کە ئەیانگرێتە ژێردەست. ھەروەک ئەگونجێ ئەو سێبەرە کە لەسەر سەریانی ئەکا لە گەرمای ھاوین بیانپارێزێ، ئەگونجێ بەری رۆژی گەرمیشیان لە چلەی زستانا لێ بگرێ». کاک مراد پاشان نووسیویەتی: «باشتر ئەوەیە کە نووسەری بەرنامەکە تەنیا ڕێگا پێشان بدا و ئەو شتانە کە ئەیزانی و پاش ھەوڵێکی زۆر بە دەستی ھێناوە لە بەرنامەکەدا بۆ گوێگران روون کاتەوە، ئیتر کاری بەسەر ئەمەوە نەبێ کە کامە رێگا باشە و کامیان ھەڵەیە. بە واتەی خۆی تەرازوویەک ھەڵنەگری کە بەرد و وەزنەکانی و سووک و قورس کردنی تای تەرازووەکە ھەر خۆی بیزانێ و کەسی تر. بۆ نموونە کاتێ باسی شێوەیەکی ھونەری ئەکا، بڵێ کە چۆن پەیدا بوو و ھۆی پەیدا بوونی چ بوو، گەورەیانی ئەو شێوەیە کێ بوون، تایبەتییەکانی شێوەکە چین، کەی دوایی ھات و لەبەر چی. نەک پێشداوەری بکا و لە ھێزی زانستی ھونەری خۆی کەڵک وەرگرێ بۆ ئەوە شێوەیەک بکوتێ و لەبەر چاوی خەڵکی بخا و شێوەیەکی تر کە خۆی لەبەر ھەر ویستێک کە ھەیەتی پەسەندی کردووە بەرز کاتەوە و ماوەی بیر کردنەوە و ھەڵسەنگاندن لە گوێگر ببڕێ و وزەی وەکار کەوتنی چێشکە و لێکدانەوەی نەداتێ. ڕەنگە کەمێک دوور لە ئەدەب بێ، بەڵام یارییەک ھەیە لە کوردەواری کە باشە لێرەدا باسی بکەم. یارییەکە بەم چەشنەیە: چەن کەس دائەبن و چەن کەسی تر بە سەریانا باز ئەدەن. ئەو کەسە وا ناتوانێ باز بدات تەنیا دەس ئەنێتە سەر پشتی ھەواڵی دابوو و ئەڵێ: «بە گوێی ماموەستام». ئاخۆ باشە لاوەکانمان ھەموو بڵێن بە گوێی ماموەستا سوارە؟ من ئەو نووسەرەم زۆر پێ ھونەرمەندە، بەڵام لەگەڵ ئەو کارەشیا موافق نیم کە ئەیەوێ چێشکەی ئیستاندارد و یەک چەشن ساز بکا. من خۆم ڕەنگە بزانم ئەم موشکلەیە چۆن پەیدا بووە. لام وایە نووسەری بەرنامەکە وابیر ئەکاتەوە ئەتوانی ھەرچی وا خۆی خوێندوویەتی و کردوویەتی و دیویەتی و بەھەموویانەوە بەواتەی فارسی دیدی ھونەری و لێکدانەوەی زانستی و فەرھەنگی ئەویان پێکھێناوە لە چەند بەرنامەی کەم ماوەدا، ئەویش لە پشت میکرۆفۆنی رادیۆوە کە تەنیا یەکجار وزەی گوێگرتن ئەدا بە بیستیار، فێری گوێگرانی خۆی بکا. من خۆم خوێندکارم و لە ماوەی خوێندنمدا زۆر ماموەستای وەھام دیوە کە ئەوانەی خۆی ئەیانزانێ و بەدیھییاتی ئەوەڵییەیان دائەنێ، لای وایە کە خوێندکارەکەشی ئەبێ بێگومان بیانزانێ و لەسەر ئەم بڕوا ھەڵەیە دەرس ئەڵێتەوە. بۆ نموونە، ئەڵێ فڵانە شاعیرە پێڕەوی فڵانە شاعیری تر بووە و بێ ئەوە ھیچی لێ زیاد بکا تێئەپەڕێ، لە کاتێکا بۆ خوێندکار، ھەر وەک شاعیری دوایی نەناسراوە، شاعیری پێشووش کە پێڕەوی لێوە کراوە نەناسراوە و لەراستییا دژواری و موشکلە ئەبێتە دووان. ماموەستا سوارەش ئەڵێ ئەزانین کە شێوەی دادائیسمی ئورووپا شێوەیەکی پاشەرۆک و بێ ناوەرۆکە و ھەر شێوەیەکی تریش کە باری کۆمەڵایەتی تێدا بەھێز نەبێ ھەر وەھایە. کەس نییە و ڕەنگە من ھەوەڵ کەس بم کە وێراومە بەم برا نووسەرەمان بڵێم ماموەستا دادائیسم کامەیە؟ بازی کۆمەڵایەتی بەچی ئەڵێی؟ ئاخۆ لات وایە بۆ تاقمێ خوێندەواری زانای وەک خۆت قسە ئەکەی یا بۆ من و ھاوتای من؟ ! ئەگەر بۆ خۆت و وەک خۆتە ئەمە ئیتر کوتنی ناوێ. مەگەر بڵێی سەرتاشی بێکارم، سەری ھەواڵانی سەرتاشی ترم ئەتاشم! ئەگەر بۆ ئێمەشە تکایە بەپێی زانستمان بدوێ و بەرەبەرە بچۆ پێشەوە. بەرنامەکانت کورتە، مەبەستەکانت دژوارن و گوێگرەکانت ھەموویان شارەزا نین. ببوورن کە ماوەتم گرت و ھەرچی لە دڵما بوو کوتم. ئەوە بزانن کە مەبەست باشتربوونە نەک ڕەخنەگرتن». لێرەدا نامە جوان و رێک و پێکەکەی کاک مراد تەواو ئەبێ و ئێمە چونکە پێمان حەیف بوو ھەموو نامەکەتان بۆ نەخوێنینەوە ماوەمان نەماوە وەڵامی بدەینەوە، بەڵام گوێگرانی خۆشەویست ئەوە بزانن کە ئێمە ھەرگیز خۆمان بێ نیاز نازانین لە رێنوماییتان و ھەرگیز بە رەخنەتان دڵمەند نابین و ھەمیشە ئامادەی بیستن و کەڵک وەرگرتنی رێ بەدیکاریتانین. تا بەرنامەی داھاتوو کە وەڵامی ئەم گوێگرە بەڕێزە ئەدەینەوە خواتان لەگەڵ. شەوتان خۆش. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەڵامی ڕەخنەیەکی ئەدیبانە ژن: سەلامێکی گەرموگوڕ پێشکەش بەگوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ. لە بەرنامەکانی پێشوودا نامەی کاک «مرادی بەختیاری»مان بۆ خوێندنەوە و بەڵێنمان دا لە بەرنامەکانی داھاتوودا وەڵامی بدەینەوە، بەڵام باشترە کورتە و کاکڵێک لە نامەی ئەو گوێگرە خوێندەوارە بەڕێزەمان دووپاتەکەینەوە تا باسەکەمان لەیەک نەپچڕێ و ھەر وەڵامێک لەبەرانبەر پرسیارێکا بێ و ھەر ڕەخنەیەک کە ئەو برا بەنرخەمان لە نووسەری بەرنامەکەی گرتووە لە جێگای خۆیا وەڵام بدرێتەوە. کاک مرادی بەختیاری نووسیویەتی کە بۆ چ بەرنامەکە چەشنێک لێناکەن کە ھەرکەس خاوەنی چێشکەیەکی ھونەرییە، بتوانێ لەو بەرنامەیەدا خۆی بنوێنێ؟ بۆ وەڵامی ئەم وتەیە ئەڵێین ئێمە لە مێژە لەم بەرنامەیەدا رامانگەیاندووە کە بەرنامەکەمان دەرگایەکی ئاواڵەیە بۆ ھەموو ئەو کەسانە کە بە بەرگ و بارێکی ھونەرییەوە دێن. من ڕەنگە لە ھەموو بەرنامەیەکا جارێکم ئەم مەبەستە راگەیاندبێ کە تاک ھەر چەندە شارەزا بێ - کە من بێگومان نیم - ئاوەزی بە ھەموو لایەک راناگا و ھەرچەندە ھونەرمەند بێ - کە من دیسانەوە نیم - ناتوانێ مەکۆی ھەموو ھونەرێک بێ، تەنانەت تاک لەیەک بەشی ھونەریشا ناتوانێ بیرورای لەسەدا سەد دروست بێ. ئێمەش ھەروەک کاک مراد نووسیویەتی لامان وایە بڕوای ھونەری و لێکدانەوەی عاتیفی ھەموو کەس لەیەک جیاوازی ھەیە، بەڵام من ناچارم لە راگەیاندنی ئەو شتانە کە بەلای منەوە باش و راستن ھەروەھاش ناچارم بێ بەزەیی ھەموو دەوروپشتی ئەو شتانە کە لە ھونەرا بەلامەوە دواکەوتوو و دزێون روون بکەمەوە، بێگومان ھەر کەسێ بۆ خۆی رێگا و شوێنێکی ھەڵبژاردووە کە پاش ھەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوەی پێی گەیشتووە و ئەو بیر و بڕوایە کە ھەیەتی ئەیکاتە تەرازووی ھەڵسەنگاندن و دیاریکردنی بەر جەوەند و نرخی شێوەیەکی ھونەری. ئێمە ھەزار جارمان کوتووە و دیسانەوە ئەیڵێمەوە کە ئەو ھونەرە بێ دەربەستانە کە جەنبەی دینامیکی و لافی بزووتن و ژیان و بەرەوپێش بردنی قافڵەی کۆمەڵیان تێدا نییە، بەلامانەوە بێ نرخ و بەتاڵن، لامان وایە ھونەرێ کە تەنیا فۆڕم و قالبێکی مینیاتۆڕییەو ھیچی تر و چەشنی دەھۆڵی دەنگ زلی بێ ناوەڕۆک مێشکی کۆمەڵ دێنێتە ئیش، دژی ھونەری راستەقینەن. ئەگەر بێ ئینسافی نەکەن ئێمە لەسەرەتای پەیدابوونی ھونەرەوە پێداھاتووین و بە چەشنێکی گشتی ئەم باسەمان شی کردۆتەوە کە ھونەر چۆن پەیدا بووە و بەڵگەی بە نرخمان لە مێژووی کۆمەڵایەتی بەرەی ئادەمیزادی بە دەستەوە داوە و ھەروەھاش قسەی مامۆستایانی ھونەر و کۆمەڵ ناسیمان کردۆتە شاھید میسال. ھەڵبەت لە پێش ھەموو شتێکا تایبەتییەکانی شێوەیەکی وێژەییمان ھەڵداوە و تا ئەو جێگایە لە وزەی دەسکورتی زانست و ماوەماندا بووبێ ھەوڵمان داوە ھۆی گەشانەوە و پەرگرتن و کزبوون و لەناوچوونی شێوەکە لە باری ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە دیاری کەین. وەک ئەزانێ، ئەگەر دیسانەوە بە تەوازوع و خۆ بەکەم زانییەوە نەفەرمووی نازانم، ھونەر و ھەموو کاروبارێکی تری کۆمەڵایەتی وەک لیزگەی زنجیر بەیەکەوە بەستراون و ھەموویان تەئسیری موتەقابیل و کاری دوولایەنیان لەسەر یەک ھەیە. ھەڵبەت من بە پێچەوانەی «برتراندراسل» لام وا نییە ئەگەر لووتی «کلئۆپاتڕا» کەمێک کورتتر بوایە، جیھان ئەمڕۆ بە قۆناخێکی ترا تێئەپەڕی، چونکە نەخش و تەئسیری تاک ھەر وەک «پلێخانۆف» بەکەم ئەزانێ لەسەر ناچاری مێژوویی و لەسەر کاری کۆمەڵایەتی؛ بەڵام ئەمەی کە ئەمڕۆ ئێمە قسەی لێ ئەکەین ھونەرەو ھونەر کاری تاکی نییە. راستە کە تاک ئەیخوڵقێنێ، بەڵام کارێکی گشتی و کۆمەڵییە. ئەمەش تایبەتی بێ کەم و زیادی کاری کۆمەڵایەتییە کە کار ئەکاتە سەر کۆمەڵ و لە کۆمەڵەوە کاری ئەکرێتە سەر. بەم چەشنە دەرئەکەوێ ماشەرەبەنی وەھا ئاڵۆز کە ھەر سەرەی بە شوێنێکەوە بەستراوە، دۆزینەوەی جەمسەری کارێکی دژوارە و من کە خۆم لەگەڵ ئەو پشێوەو ئاڵۆزییە وا خەریک ئەکەم، ھەڵبەت ھەروەک یەکێک لە ئێوە مافی ئەوەم ھەیە کە شێوەیەکم بە لاوە پێ باش بێ. کاکی من بێگومان تۆ ئەوەت بەگوێ گەیشتووە کە ئەڵێن نووسەر پێویست نییە بتوانێ ئاکام لە نووسراوەکەی خۆی وەربگرێ، ئەو راسپێری ھەر ئەمەیە کە باش و خراپ ڕوون بکاتەوە. بەلای منەوە نووسەر و ھەموو ھونەرمەندێکی تر لە پێش ھەموو شتێکا ئادەمیزادێکە کە ھەموو تایبەتییەکی ئەندامانی تری کۆمەڵی تێدایە و ھەر ڕوونکردنەوەو دەرخستنی باش و خراپ خۆی چەشنە ئاکام وەرگرتنێکە. ئەوەی کە ئەڵێن ئاکام وەرنەگرێ مەبەست ئەمەیە کە نووسراوەکەی نەکاتە مەیدانی شیعار و رمبەرمب، دەنا ئەوەی کە «داستایووسکی» ئەنووسێ پەیکەرەی سی ساڵ چەوسانەوە لەبەرامبەر دەرەبەگی بەرچاو بەچلچرا روونەوە راوەستابوو، مەبەستی کابرای فەلایە؛ خۆی ئەتوانێ ھاندەرانەترین ئاکام بێ. دیارە کە داستایووسکی لایەنی فەلای چەوساوەی گرتووە و بەسیحری وشە ھەژاری و زۆرلێکراوی ئەوی لە بەرامبەر دەرەبەگی تێروتەسەل و زۆردار دەربڕیوە. ئادەمیزاد ئەویش کەسێک کە کاری ھونەری ئەکا، چ نووسین بێ، چ شێعر، چ نەقاشی، چ پەیکەرەسازی و ئەو کەسانە کە ڕەخنەگر و ھەڵسەنگێنەری شوێنەواری ھونەرین، وەک ھەموو کەسێکی تر خاوەنی ھەستی خۆش ویستن و ناخۆش ویستنن و ناتوانن کەنار بن لە کێشەری ویست و ئاواتیان. جگە لەمانە تکایە «کاک مراد» ئادەمیزادێکی لایەن نەگرم نیشان بدا و بەواتەی کوردی سەرم بشکێنێ. بەڵام ئەوەی کە من لە ھونەرا خەریکی دروستکردنی چێشکەی ئیستاندارد و یەک چەشنم. برای خۆشەویست وای دائەنێن کە بڕوای من لە ھونەرا بڕوایەکی باش بێ، جا لەو حاڵەدا لاوەکانمان زیانێک نابینن لە شوێن گرتنی بڕوای من و ئەگەر دروست نەبێ لەسەر ئێوە و ھەڤاڵانی تری وەک ئێوەیە کە ھەڵەکانم راست بکەنەوە تا گوێگرەکان تووشی ھەڵە نەبن. ئەمانە لە کاتێکدا ئەگونجێ کە من کارەکەم کاری ھونەری رووت بێ. من لەم بەرنامەیەدا زیاتری کارم لەسەر نەقد و ھەڵسەنگاندن ساغ بووەتەوەو ئەگەر لاوێک بڕوای منی بە لاوە دروست بێ، ئەمە ئیتر دروستکردنی چەشکەی ئیستاندارد نییە. خۆتان ئەزانن کە من ئامادەم بۆبیستن و وەرگرتنی ئینتقاد و بەئاوات ئەخوازم گوێگرانی بەڕێز ھەموویان چەشنی ئێوە گوێ بگرن بۆ بەرنامەکە و ئەگەر تووشی ھەڵەیەک ھاتن کە بێگومان بیری ورد و ئاوەزی بەکار و چەشکەی پاراوتان زۆر لە بەرنامەکەدا تووش دێ، بۆمی بنووسن و منەتبارم کەن. ئەوا ئێوە و ئەوەش بەرنامەکە، دەیجا فەرموون بەخێر ھاتن. تا حەوتەی داھاتوو بەخواتان ئەسپێرم. شەوتان باش. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یەکەم و دووھەم قۆناخی نەسری کوردی سەلامێکی گەرم وگوڕ و پڕ بەدڵ پێشکەش بە گوێکرانی ھۆگری ھونەر و بیستیاری ھەستیاری بەرنامەی تاپۆ. بڕێ لە گوێکرە بەڕێزەکان پرسیاریان کردووە کە بۆ چ لە بەشی وێژەیی ئێران و کوردەواری و بەگشتی لە وێژەی ڕۆژھەڵاتا ھەر باسی شێعر ھەیە و لە بەرنامەکەتاندا ناوێک لە نەسر نابەن. ئەو گوێگرە بەڕێزانە پێیان خۆش بووە بزانن کە نەسر لە کوردەوارییا چ بارێکی ھەبووە و ھەیە. بەڵێ ئەمە راستە کە لە شەرقا زیاتر باوی شێعر و وتەی رێک و ئاھەنگداربووە تا نەسر و ئەم باسە چەن ھۆی ھەیە کە ئێمە لامان وایە لەبەرنامە پێشووەکاندا باسمان کردبێ، بەڵام وەڵامی پرسیارەکە: پەخشان یا نەسر لە ئەدەبی کوردییا لکێکی ساوایە، لەبەر ئەمە سەردەمانی پێشوو باری تایبەتی ژیانی کورد نیازێکی زۆری پێی نەبووە. ئەزانین کە ژیانی کورد بەدوو قۆناخی ئابوورییا تێپەڕیوە: یەکیان ئابووری خێڵاتی و عێڵاتی کە بە ئاژەڵداری و بەخێوکردنی ماڵاتەوە بەستراوە، دووھەمیان ئابووری فێئۆداڵی یا دەرەبەگی نیشتەجێ کە لە سەر زەوی وزار دامەزراوە ھیچ کام لەو دوو ژیانە ئابوورییانە نیازیان بە نەسر نەبووە، چونکە نە واقعە نووسین نە شیکردنەوەی بەوردی ژیان بەچەشنی نەسر پێویست نەبووە و لەگەڵ گیانی ئابوورییەکە نەھاتۆتەوە، تا کاتێ کە شارنشینی و لانی کەم ئابووری سەودا گەری و بازرگانی لە شار پەرە ئەگرێ. بەپێی ئەو پەرەگرتنە گۆڤار و ڕۆژنامەی کوردیش پەیدا ئەبن و نیاز بەنووسینی نەسر لە ئەدەبی کوردییا خۆی ئەنوێنێ. ئەم نیازە و ھەروەھاش پەیدابوونی نەسر بەناوی لکێکی تایبەت لە وێژەی کوردییا لە بەرامبەر مێژینەی شێعرەوە ساوا و کەم تەمەنە، لەم تەمەنە کورتەی پەخشانی کوردیشا دوو بەشی جیاواز بەر چاو ئەکەوێ: بەشی ھەوەڵ زیاتر تەرخانی راگەیاندنی مەبەستی رامیارییەو ھێشتا تاشراو و رێکوپێک و لێک و لووس نەکراوە. نەسرێکی پڕ لە زەنازەنا و رمبەرمبە کە زیاتر لە نوتق و خەتابەیەکی ساکار ئەچێ کە جگە لە ڕواڵەتی دەرەوە مانایەکی جوانی لە ناوەڕۆکیا نەشاردۆتەوە؛ بە جۆرێکی تر بڵێم ھێشتا نەسر راسپێری تایبەتی وێژەیی دەس نەکەوتووە و لەگەڵ خەتابە و وتاری ھاندەرانەی دروشمداری رامیاری جیاوازی نییە، نووسەری لەو کاتەدا شارەزایی و پسپۆری گەرەک نییە، ھەرکەس خاوەنی- ھەرچەند کەم و کەم قووڵایی و بێ تێبینی- دەس ئەداتە پێنووس و رووپەرەی ڕۆژنایەک رەش ئەکاتەوە. گاھێ نووسەر ماوە بەخۆی کە مەبەستی تەواو شەخسی وەک سکاڵا لە دەس خزمێکی خۆی یا گلە لە کابرایەکی ئاپۆرەی نەناسراو لە ڕۆژنامەدا بنووسێ. نەسری ئەو کاتە پڕە لە مەبەستی ئەفسانەیی و مێتافیزیکی کە مەزھەب و ڕەوشتی کۆنی ئەفسانەیی ئەخاتە ڕوو، وەک خەو دیتن و ئاوات خواستن، ئەڵێی ھەموو کەس لە دەروونیا دەریایەکە کە سەر ڕێژ ئەکاو پەلەیەتی لە نووکی پلووسکی پێنووسەوە بیڕێژێتە سەر کاغەز. دوایی ئەم بەشە کەمێک باشترە، ئەگەرچی ھێشتا نەسر نووسین ھەروەک مناڵێک کە خەریکی پێ گرتنە، ھەڵدەستێ و دەکەوێتەوە، بەڵام فێربوونی زمانی بێگانەو کرانەوەی ڕوانگەی ھەراوی وێژەی بێگانە بەتایبەت ڕۆژاوا ماوە ئەدا کە وەرگێڕانەی شوێنەوارە لاوییەکان باو بێ، وەرگێڕراوەکان ناوەرۆکێکی پتەو و بەکەڵکیان ھەیە، بەڵام لەبەر نەبوونی دەسەڵاتی وەرگێڕەکان، وشە ھێشتا ناقۆڵاو نەسازاوە؛ باشە ئەمە بڵێم کە لەو کاتەدا مەیدانی نووسراو ھەر سەر لاپەڕەی گۆڤارەکانەو داستانێ لە زمانی بێگانەوە ئەبێ تەرجەمە بکرێ کە لە لاپەڕەی تەنگ و تەسکی گۆڤارا بگونجێ، بەم چەشنە زیاتری تەرجەمەکان داستانی کورت و نۆوێلن. نەسری تەحقیقی لە بارەی ھۆز و رەگەزی کوردەوە ھەروەھاش وەرگێڕانی شوێنەواری کوردناس و ئۆریانتالیستەکانیش بەرھەمی ئەو کاتە. کارم بەسەر ئەمەوە نییە کە زۆر جار بڕوای سەیر و شیاوی پێکەنین لەم نووسراوانە دەرئەکەوێ، یەکێک ساسانی بەکورد ئەداتە قەڵەم و کەسێکی تر کە یانی بەکورد ئەزانێ و سێھەمی پارتەکان ئەباتەوە سەر رەگەزی مادی؛ بێ ئەوە شارەزای دێرینەناسی و عیلمی تاریخ بن، ئەبینین کە تەنانەت لە مەبەستی تەحقیقیشا ھەستی بە لەز و خورۆشانی گەلی کار ئەکا. لەبەرنامەیەکی ترا لەسەر ئەم مەبەستە ئەڕۆین و ئەگەینە قۆناخی سێھەم کە لەراستییا قۆناخی دوایی و ئەمڕۆیی نەسری کوردییە. تا حەوتەی داھاتوو خواتان لەگەڵ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوایین قۆناخی نەسری کوردی سەلام لە گوێگری بەھەست و ھونەر پەرستی بەرنامەی تاپۆ. لە بەرنامەی پێشوودا باسی نەسری کوردیمان کرد و قۆناخی ھەوەڵ دووھەمی نەسری کوردیمان ھەڵدا و بەڵێنماندا کە ئەمجار باسی نەسری وێژەیی بکەین کە دوایین قۆناخی پەخشانی کوردییە. لە سەرەتای مەرحەلەی سێھەما، نەسری کوردی ئەکەوێتە سەر بارێکی تر و خۆی لە دەس ھەراھەرای بێ سوود و بێ کاکڵ رزگار ئەکات. ئەو نووسەرانە کە خەشی دڵیان رشتووە و جانتایان ھیچی تێدا نەماوە، ماڵاوایی لەگەڵ پێنووس ئەکەن و ڕوو ئەکەنە ھەرێمێکی تر. نووسەریەتی ئەبێتە بەھرەیەک کەھی ھەموو کەس نییە. ھەروەک شاعیری، نووسەریەتی وێژەیی لە نووسەریەتی تەحقیقی جیا ئەبێتەوە، واتە لێکۆڵینەوەی زانستی ئەدرێتە زانایان و وێژەی ڕووت ئەگەڕێتەوە بۆ لای ھونەرمەندان و عاتفەداران، دیسانەوە ھەر چەن شێعر- لێرەدا نەسر و شێعر- واتە پەخشان و وتاری ئاھەنگدار و ھەڵبەست لەیەک نزیک ئەبنەوە، ھەردووک راسپێریداری شیکردنەوەی بەر و پشتی ژیانی کۆمەڵایەتین؛ ھەر کام بەڕوالەتی تایبەتییانەوە، بەڵام ھێشتا پەخشان ڕێگای رێئالیسمی بەتەواوی نەدۆزیوەتەوە. ئەمە سەرەتای قۆناخی سێھەمە و لە ئەنجامی ئەم قۆناخەدا دیسانەوە گۆڕانێکی بەرەو باشی دێتە پێش. نووسەرانی کوردی ئێرانی ھەوڵ ئەدەن رێبازێک کە نووسەری کوردی عێڕاقی پیاسەی بەسەرا کردووە، بێ گرێ وگۆڵتر کەن و ناوەرۆکێک کە لە عێراقا پێکھاتووە پتەوتر و بەھێزتر کەن و نەک ھەر لە باری ناوەرۆکەوە، بەڵکو لە ڕوانگەی دیوی دەرەوە واتە لەباری قالب و «فۆڕم»یشەوە بیڕازێننەوە؛ ھەروەک شێعری نوێ لە عێراقا بە مامۆستا گۆران دەس پێ ئەکا و لە ئێران بەرز ئەکرێتەوە و شوێن ئەگێڕێ، ھەروەھاش پەخشانی کوردی لە ئێران گاھێ شان لەشانی شوێنەوارە بەرزە رێئالیستەکانی جیھان ئەدا، ھەڵبەت لە بیرمان نەچێ کە وزە و ئیمکان و بۆ لوان بۆ نووسەر زۆر شەرتە. بەداخەوە گاھێ لە ئێرانیش پەخشان کەمی ئەکەوێتە ناو تەم ومژی سوررئالیسم و سەمبولیسمەوە و لە ھەرێمی فام و تێگەیشتنی خەڵکی ئاسایی دوور ئەکەوێتەوە. ھەرچی بێ ئەمە ڕەخنەیەکە لەسەر نووسین، لەگەڵ ئەوەشا ئەزانین سەمبولیسم پێتەویستێکی کۆمەڵایەتییە و ئەمڕۆ لانی کەم ناکرێ نەبێ؛ ئەم خۆشاردنەوەی «بووکی مانا»یە لەناو تارای وشە و لە توێی «حەریری تەعبیر»دا بۆ شیعریش ھەر ھەیە. ڕەنگە ھەندێ بپرسن کە ئاخۆ ئەگەر پەخشانێک زۆر ساکار و بێ گرێ وگۆڵ نووسرابێ، یا پارچە شیعرێک کە ئیماژ و ئیستعارەی تێدا نەبێ جیاوازی چییە لەگەڵ وتاری ئاسایی و ڕۆژانە؟ من لام وایە کە ڕاستەقینەی دەرەوە ھەر وەک ھەن پاش ئەوە لە دەروون و ھەستی ھونەرمەندا جێگر بوون دەرناخرێتەوە. عاتفە ڕەنگی تایبەتی خۆی لە ڕاستەقینە و ڕووداوی ناو کۆمەڵ ئەدا. پێوەندێکی زەریف و نادیاری لە نێوان ڕووداوەکانا دروست ئەکا. دوێنێ و ئەمڕۆ و بەیانی بە یەکەوە ئەلکێنێ و ئاکامیان بە چەشنی ھونەرەکەی جا چ نووسینی نەسری، چ شێعری و چ بەشەکانی تری ھونەری پێ دەرئەخا و ئەزانین کە بۆ ئەم دەرخستنە ورد و عاستەمە زمان و وشە و لێکدانەوەیەکی وردیش پێویستە کە ناچارە بەرزتر بێ لە ریزی ئاسایی، بەڵام داپۆشراوی و تەعقید و ئیماژە و ئیستعارەی دوور لە دەسکەوتی دەسکورتی خەڵکی گەڕەک و کۆڵان نابێ ئەوەندە زۆر بێ کە بەتەواوی ھونەرەکە بکاتە شتێکی مینیاتۆری و رواڵەت جوان، بەڵام بێ کەڵک و سوودی کۆمەڵایەتی. ئێستە تکایە گوێ بگرن بۆ پارچە پەخشانێک کە لە سەرەتای نۆوێلێک وەرگیراوە و شوێنەواری نووسەرێکی نەناسراوی ئێرانییە. ھەتاوی ڕۆژپەڕی پاییز بزەی ئەڵێی نا بەدڵی ماڵاواییە. خوایە ئەمڕۆ چەن زوو تێپەڕی؛ دیسانەوە یاوی گەرمی ئەم مناڵە بێگوناھە. عەزیز لە بەربەرۆچکی مزگەوت ھەستا، خۆی تەکاند و کەمێ چاوی گێڕا کە خوا حافیزی بکا و بەرەو ماڵ بێتەوە. کەسی نەدی، پێکەنینێک وەک بزەی نا بەدڵی ھەتاوی رۆژپەڕی پاییز کەوتە سەر لێوی... «وا دیارە من لە مێژە سەرم بەرداوەتەوە و خەریکی بیرکردنەوەم، ھەموو ڕۆیشتوون و من بە تەنیا ماومەتەوە». ھاتەوە بیری کە ھەمیشە تەنیا بووە، کەس نییە ھەواڵی تێشکاو بێ. راستی ھەژار بۆ مردن باشە؟ ! سەری ھەڵێنا لەسەر ئاسۆ چاوی بەداری وشکی چاک کەوت، بایەکی نەرم پەڕۆی شینی دارەکەی ئەشەکاندەوە. ئەو پەڕۆیە خۆی دوێنێ لە دارەکەی ھاڵاندبوو، ئەیزانی ھیچ ناکا، بەڵام باش بوو بۆڵەی لە خێزانی ئەبڕی. -«تۆ ھیچ ناکەی، نابزوویەوە. ھیوا لەشی وەک پۆلوو ئەگڕێ، تۆش ھەر دەستەو ئەژنۆ دانیشتووی. ئاخر نووشتەیەک، شەخس و پیرێک». -«کچێ ئافرەت نەخۆش چی داوە بەسەر نووشتە و دۆعاوە؟ ! ھیوا سەرمای بووە، گیانی رووتە ئەبێ بیبەینە لای دوکتۆر». کاتێ بیرەکەی بەم جێگایە گەیشت پێکەنین گرتی: «کام دوکتۆر؟ بە کام دراو؟ !» ھەناسەیەکی ساردی ھەڵکێشا، وەک بیەوێ لە دەس ئەم بیرە ئاڵۆزانە راکا، ھەنگاوی ھەڵبڕی بەرەو ماڵ. -«ھیوا چۆنە، ئافرەت؟» زۆر بۆ وەڵامەکەی ماتڵ نەبوو. لە بەیانییەوە چو بووە دەرەوە کە پارەیەک پەیدا کا، بەڵام ھیچی بۆ نەکرابوو. چووە سەر سەری ھیوا. لێفەیەکی شڕی بەسەرا درابوو، ھەڵی داوە. ئارەق زەنگۆڵ زەنگۆڵ لەسەر گۆنای گەرمی ھەڵنیشتبوو، ھەناسەی باشتر ئەھات و ئەچوو. خێزانی پرسی: -«کارێکت بۆ کرا؟» عەزیز سەری بەرداوە و بەئەسپایی کوتی: -«نە، ئەمڕۆ گزیری ئاغا ھاتە دەرکی مزگەوت و دەنگی دام بۆ بێگار، بەیانی جۆماڵە». خێزانی بە ناڵینەوە کوتی: -«خوا ھەڵی نەگرێ» عەزیز وەک کەسێک لەبەر خۆیەوە قسە بکا کوتی: «ئەمە راسپێری سەرشانی خۆمانە!» تا حەوتەی داھاتوو بە خواتان ئەسپێرین، شەوتان باش. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەڵامی گوێگرێکی خۆشەویست سەبارەت: ١٩٧٤/١٢/٢٢ سەلام لە گوێگری بەڕێز و ھونەر پارێزی بەرنامەی تاپۆ. کاک ڕەحیمی بەھرامزادە لە بۆکانەوە نامەیەکی بۆ نووسیوین و پاش ئەوە کە نزای بۆ سەرکەوتنمان کردووە لە خزمەتی گەلا، چەن ڕەخنەیەکی لێ گرتووین و ئێمە لەم بەرنامەیەدا وەڵامی ئەدەینەوە. کاک ڕەحیم وا دیارە گەنجێکی بەشۆر و ھونەرناسە و دەردەکەوێ بەرنامەی تاپۆی چەن حەوتە بەر لە ئێستەی گوێ لێ بووە کە لەودا کوتبوومان نابێ ماوە بدرێ ئەو شتە نزمانە کە ئەمڕۆ بەناوی گۆرانی کوردی لە ناو خەڵکا باوە پەرە بگرێ. لە نامەکەیا نووسیویە کە ئێوە خۆتان زۆر کاری وا ئەکەن کە خەیانەتە بە ھونەری کوردی. کاک ڕەحیم مەبەستی ئێمەی کاربەدەستی ڕادیۆی کوردی بووەو نووسیویە کاتێ شێعرێکی کوردی ئەخوێندرێتەوە، پێتەویستی چییە کە لەناوی ھونەرمەندێکی کە کورد نییە لە مووسیقای ئەوان لەگەڵ شێعرە کوردییەکەدا کەڵک وەربگیرێ. ئەمە ڕەخنەی یەکەمییەتی. ڕەخنەی دووھەمی ئەمەیە کە بۆچ ئێمە ھەر باسی ھونەرمەندانی ڕابوردوو ئەکەین و لانی ھونەرمەندانی گەنج و ئەمڕۆییمان بەرداوە. ئەو گوێگرە ھوشیارەمان نووسیویەتی کە بەڵێ باسی خزمەت و تێکۆشانی ڕابردووان بەکەڵکە، بەڵام ئەبێ بۆ گەنجەکانیش کە تامەزرۆی ھونەرن ھەنگاوێک بنرێ و ڕێنوێنی بکرێن و ھان بدرێن. ڕەخنەی سێھەمی ئەمەیە کە بۆچی بەستە فارسی و تورکییەکان وەرئەگێڕنەوە بە کوردی؟ ئەمانە ئەبنە مایەی لەناو چوونی ڕەسەنی ئاھەنگی کوردی. دانەری ئاھەنگ کە لە خەڵکی کورد دوورە و لەناویاندا نەژیاوە ئاگای لە چڵۆنیەتی ئاھەنگە بەرووەکان نییە، کاتێ کە پێی ئەکوترێ ئاھەنگێکی کوردی بۆ بڵاوبوونەوە لەسەر ڕادیۆ دابنێ، ناچار پەنا بۆ ئەو ئاھەنگانە کە یا تورکین، یا فارسی و خۆی لە دانانی ئاھەنگێکی تازە ڕزگار ئەکا. پاشان ئەو ئاھەنگە کە بێگومان پڕ بە پێستی چێشکە و ھەستی کورد نییە، شێعرێکی بێ تام و بۆنی کوردی ئەخرێتە سەر کە تەنانەت شێعرەکەش پێناسی کوردی نییە. جا بیری لێ بکەنەوە کە لەم ناوەدا تەنیا وشەی ئاھەنگەکە کوردییە، نەگیانی شێعرەکان، نە ھەناوی ئاھەنگەکە کوردی نیین. کاک ڕەحیم پاشان پرسیار ئەکا ئاخۆ ئەم کارەی ئێوە باشترە لە کاری گۆرانیبێژێکی کەم زان کە وشەی نزمی دوور لە خوو و ڕەوشتی جوانی بەسەر زمانا دێ و بەواتەی نووسەری تاپۆ ئەڵێ: «دایکی حەوت کوڕبی پێت دەکەم حاشا»؟ ! برای گەنج و ھێژامان کاک ڕەحیمی بەھرامزادە! ئێمە ھەرگیز نەمانکوتووە کە کارمان بێ کەم و کووڕی و کەمایەتییە. ڕەنگە زۆر کەمایەتی وا لە کارمانا ھەبێ کە گوێگرەکان وەک خۆمان شارەزای نەبن؛ بەھیواین وردەوردە بەسەر ئەو کەمایەتییانەدا زاڵ بین، بەڵام ئەوە کە ئێوە نووسیوتانە باسی ھونەرمەندە گەنجەکانیش بکەین، لامان وایە کە ئێمە لە ناساندنی ئەو برا بەھەست و ھونەرمەندانەدا، چ مووسیقار، چ شاعیر، چ نووسەر و یا دەنگ خۆش کۆتاییمان نەکردووە، مەگەر لە ھەبوونی ئەوان ئاگامان نەبووبێ، کە ئەویش تاوانی ئێمە نییە. ڕەنگە ئەوە کەمتەرخەمی ئێوە بێ کە ئاگاتان لە بوونی شاعیرێکی گەنج یا ھەر ھونەرمەندێکی تر ھەبێ و بەئێمەی نەناسێنن. ئێمە لە ھەموو بەرنامەیەکدا دووپاتەی ئەکەینەوە کە بەدەستێک چەپڵە لێنادرێ. ئێمە و ئێوە بەیەکەوە ئەتوانین ڕاسپێریمان بەباشی بەڕێوە بەرین، چونکە ئێمە ناتوانین و لە وزەماندا نییە ھەموو ھونەرمەندێک لە ھەموو شوێنێک بناسین، کە وەھا بوو ھەموو گوێگرێک لە سەریەتی کە ھونەرمەندانی شار و ئاوایی خۆی بەئێمەی بناسێنێ، شوێنەوار و کاریان بۆ ئێمە بنووسێ و بنێرێ و ئێمەش ڕاسپێریمانە کە ئەگەر شوێنەوارەکانیان کەڵکی بڵاوکردنەوەی ھەبێ بەناوی خۆیانەوە بڵاویان کەینەوە و کارێک بکەین کە لەھەموو شوێنێک بیناسن، بەڵام یەک شت ھەیە کە نابێ لە یاد بکرێ و ئەویش ئەمەیە کە ئێمە کۆڕی نووسەرانمان ھەیە و ھەر نووسراوێک چ ھی نووسەرانی خۆمان بێ و چ لە لایەن گوێگرەکانەوە بێت ئەو کۆڕە بەوردی ئەیخوێنێتەوە و بڕوای لەسەر ئەدا، تەنانەت ئەتوانێ ئەگەر لەنگ و لۆرییەک لە نووسراوەکەدا ھەبێ دەستی تێبەرێ و چەوتییەکان ڕاست کاتەوە. ئێمە زۆرمان پێ خۆشە کە پەیوەندێکی پتەومان لەگەڵ ئێوە ھەبێ، گەشەی کاری ئێمە بەمەوە بەستراوە کە ئێوە لە کارمان ڕازی بن؛ ھەڵبەت ئەمە کە ئێوە لە سەدا سەد ڕازی بن، نە بۆ ئێوەش ئەلوێ، چونکە لەو حاڵەدا ئیتر ئێمە خۆمان بەراسپێریدار نازانین بۆ بەرەوپێش چوون و باشترکردنی بەرنامەکانمان و ئێوەش ھەوڵ نادەن بۆ دۆزینەوی ھەڵەکانی ئێمە و ڕێنوێنی کردنمان. با ئەمەش لە دوایی ئەم باسەدا بڵێم کە ئەم بەرنامانە گشتیان بۆ ئێوەن و ھی ئێوەن و باشتر بوو کە لەکاتی ڕەخنە گرتنا ئەمەتان لەبەر چاو بێ کە بەشێک لەبەرزکردنەوەی بەرنامەکە ھی ئێوەیە. کاک حەسەنی ڕەسووڵی خوێندکاری زانکۆی وێژەی زانسگەی تاران پرسیاری کردووە ئایا بەلای ئێوەوە ھونەرمەند ھەر بەشاعیر و نووسەر ئەکوترێ؟ ئەگەر لاتان وا نییە بۆ چ باسی گۆرانیبێژێک، نەقاشێک یا مووسیقارێکی کورد ناکەن؟ وەڵامی کاک حەسەن ئەمەیە کە نەخێر ھونەرمەند بەلای ئێمەوە ھەر تەنیا بە شاعیر و نووسەر ناکوترێ مووسیقار و نەقاش و دەنگخۆشیش ھونەرمەندن، بەڵام شاعیر و نووسەر لەناو کوردا زۆرترن لە مووسیقار و نەقاش و ھونەری دەنگ خۆشیش لەو چەشنە ھونەرانە نییە کە بەرنامەی لەسەر بنووسرێ؛ ھەر ئەوەندە کە دەنگیان لە ڕادیۆوە بڵاو ئەکرێتەوە خۆی چەشنێک ناساندنە. ئەگەر نەقاش یا مووسیقارێکی کورد ھەبێ و بە ئێمەی بناسێنن، زۆر سپاستان ئەکەین. لێرەدا بەرنامەکەمان دوایی ھات؛ تا حەوتەی داھاتوو خواتان لەگەڵ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جیاوازیی نێوان شێوە وێژەیییەکانی فارسی سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ. لە لێکۆڵینەوەی وێژەی ئێرانا گەیشتینە ئەم ئاکامە کە جیاوازییەکی بنەڕەتی وا کە لەنێوان شێوە وێژەیییەکانی ئورووپادا ھەیە لە ناو سەبک و شێوەکانی فارسییا نییە، واتە شێوەی کلاسیک و ڕۆمانتیک و ڕیئالیستیک لە بناغەوە جیاوازن و ھەرکام ڕاگەیێنەری مەبەستێکی تایبەت و فەلسەفەیێکی سەربەخۆن. لە کاتێکا لەنێوان سەبکی «خوراسانی» و «عێراقی» و «ھیندی» ئێرانا جیاوازی بەم ئاشکرایییە بەرچاو ناکەوێ، تەنیا جیاوازییەکی ئەوتۆ کە ئەبێتە ھۆی ناسینەوەی شێوەیەک و ھەڵاواردنی لە شێوەکانی تر جیاوازی ڕواڵەتییە، واتە دیوی دەرەوەی وتار. ئەم پرسیارە دێتە پێش کە بۆ چ وەھایە و چۆنە لە ماوەی کورتی کەمتر لە چوارسەد ساڵا چەن شێوەی تەواو جیاواز کە جیاوازییان لە ناوەڕۆک و کاکڵدا بەیەکەوە ھەیە، لە ئورووپا پەیدا ئەبن و لە ئێران لە ماوەیەکی ھەزار ساڵییا واتە لە ھەوەڵی پەیدا بوونی شێوەی «خوراسانی»یەوە تا دوایی شێوەی «ھیندی» جیاوزاییەکی ئەوتۆ ناکەوێتە ناو شێوە شێعرەکانەوە؟ ! لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا ئەبێ بڵێین ئابووری فێئۆداڵی گۆڕا بە ئابووری بازرگانی و بەشوێن ئەم گۆڕانەدا شێوەی کلاسیک کە بەرھەمی ئابووری فێئۆداڵی و ئاریستۆکراسی بوو، بوو بە شێوەی ڕۆمانتیک کە نیازی کۆمەڵی سەودا گەری ئورووپا بوو. ئێمە زۆرجار کوتوومانە کە ھونەر و زانیاری و خوو و ڕەوشت و ھەموو ئەو شتانە ڕووکاری ژیانن و لەسەر بناغە و پایەی ئابووری دامەزراون، ئەگەر بناغە بڕووخێ بێگومان ڕووکاریش خۆی پێ ناگیرێ و ناچارە بەرەو نەمان و فەوتان بڕوا. شێوەی ڕۆمانتیک وردەوردە گۆڕا بە شێوەی ڕێئالیسم، چونکە ئابوورییەکی نوێتر ھاتبوو. لانی کەم ئەگەر وڵاتانی ئورووپا ھەر لەسەر ئابووری بازرگانی مانەوە، بەڵام پێشکەوتی سنعەت و تێکنیک و پەیدابوونی چەن تاقیکاری لە ئابووری گشتییا و دەرکەوتنی بێدادی، شێوەی ئابووری بێ دەربەستی تاکی بۆ ڕووناکبیران و خاوەن پێنووسانی ئورووپایی ڕوون کردەوە کە ھەرێمێکی بژوێنتر و ئینسانیتر ھەیە لە تاک پەرستی و بڕوا بە کۆللێکتیڤ (Collective)، چ لە ئابوورییا و چ لە ھونەرا پەرەی گرت. مەبەست ئەمەیە کە لە ئورووپا بناغە گۆڕا و بە گۆڕانی بناغەی ئابووری ڕووکاریش کە ھونەر بەشێکیەتی گۆڕا، بەڵام لە ئێرانا بۆ ماوەی دوو ھەزار ساڵ ئابووری فێئوداڵی مایەوە، گاھێک بێ ھێز بوو، بەڵام لەناو نەچوو و توانی ھەڵداتەوە، ھەروەک لە «چین»یشا وەھا بوو و ئابووری دەرەبەگی زیاتر لە دوو ھەزار ساڵ بەحەوسەڵە و گیان سەختییەوە خۆی ڕاگرت، بەڵام ئەمەش خۆی پرسیارێکە و شیاوی وەڵامێکی ترە کە بۆچی لە ئورووپا ئابووری گۆڕا و لە ئێرانا نەگۆڕرا. ئەزانین کە ھەموو گۆڕانێک لە بەرەنگاری «تێز» و «ئانتی تێز» دێتە بەرھەم و ھیچ مەبەستێک لەم ھەرێمە تێناپەڕێ و ئەم دەسەڵاتی تێز و ئانتی تێز بەسەر ھەموو مەبەستێکا ڕەوایە و لێرەدا پێویستە بزانین چ ھۆیەک یارمەتی مانەوەی تێزەکە ئەدا کە ئانتی تێز ناتوانێ بەسەریا زاڵ بێ و«سەنتێز» بێتە ڕوو؟ بە چەشنێکی تر چ بارێکی تایبەت دێتە فریای فێئۆدالیسم کە ماوە نادا لە ژێر ھێرشی بازرگانییا لەناو بچێ؟ شاڵاوی ھۆزە بیابان گەڕە کۆچەرەکان بۆسەر «بانوو» واتە فەلاتی ئێران، ھۆی ھەرە گرنگی دواکەوتنی ئابووری ئێرانە. ئەو ھێرشانە وڵاتیان شڵەژاند و باری بەرەو پێشکەوتی ئابوورییان تێکدا و نەوەک تەنیا بوونە ھۆی ڕاوەستانی بەلەزی پێشکەوت، بەڵکو بەرەو پاشیش ئابوورییان گێڕاوە. ئەزانین پاش پەیدابوونی ئایینی ئیسلام جگە لە دوو سێ خانەدانی وەک «ئالی زیار» و «ئالی بوویە» و «سامانی» ھەر ئەمیر و سوڵتانێک کە ھات و لە ئێرانا فەرمانڕەوایی کرد تا دامەزرانی «سەفەوییە» ڕەگەز ئێرانی و ڕاھاتووی ژیانی کۆمەڵی ئێران و ھۆگری خوو و ڕەوشتی ئێمە نەبوو، زیاتریان لەو ھۆزانە بوون کە بۆ لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات لەوپەڕی «ماوراء النھر» و لە «تورکستان»ەوە ھاتبوون و بە چەن شەڕ و پشێوە دروستکردن توانییان ھەرکام حکوومەتێک پێکبھێنن وەک «سەلجووقی» و «غەزنەوی» و «ئاق قۆینڵوو»؛ ھیچ کام لەو حکوومەتانە جگە لەوە کە ئێرانی نەبوون ئەوەندەش دەسەڵاتیان پەرەدار نەبوو کە تەواوی ئێران بگرێتەوە و ماوەی حکوومەتی بنەماڵەشیان زۆر نەبوو. ھێرشی مەغوولەکان کە گەورەترین بەڵای پێشکەوتی ئێران بوو لەوەی کە بووش ئابووری زیاتر وە دواخست. ئەو ئەمیرە دەسەڵاتدارانە خۆیان لە پێشا بە مەڕداری و شوانی ئەژیان و ئابوورییەکەیان دواکەوتوو بوو. ئەزانین کە لەسەردەمی ئەشکانیش «اقطاع» و «فئێۆدالیسم» - کە خاوەنی ئابوورییەکی پێشکەوتووترە لە ئابووری ئاژەڵداری - لە ئێرانا دامەزرابوو، تەنانەت لە دوایی سەردەمی ساسانییا بەرەو بۆرژوازی بازرگانیش چووبوو. سنعەتکار لە شارەکان پەیدا ببوون و بەپێی کتێبە داستانییە ئێرانییەکان بازرگان لە کۆمەڵا ڕێزێکی زۆری ھەبوو؛ ڕێگای تیجاڕەتی ھاوریشم کە ئورووپای بە ھیند و چین و شەڕقی ئێستاوە پێوەند ئەدا بە ئێرانا تێپەڕی؛ لەبەر ئەمە ئابووری ئێران کاتێ بە ھۆی فەرمانڕەوایی ئەو ھۆزە ماڵاتدار و کۆچەرانەوە ڕەنگی ئابووری شوانی گرت لە ڕاستییا دواکەوتی بەسەراھات. شارنشینی وەک لە ئورووپا ھەبوو پاش تێکڕووخانی «چاچ» و «سەمەرقەند» و «قەرغانە» و «ھەرات» و «ئۆرگەنج» و «خوجەند» لە ئێرانا پەیدا نەبوو؛ ئەمە ھۆیەکی ھەرە گەورە بوو کە لە ئاکامیا ئەشرافە فێئۆدالەکان وەک لە ئورووپا جێ گرتوو و بە دەسەڵات بوون، لە ئێرانا نەیانتوانی تەئسیریان لە حکوومەتا ھەبێ. ھێرش و شەڕ و کوشتار ھێمنی نەھێشت کە ئەزانین ھێمنی بۆ پێشکەوتی ئابووری گەلێک پێویستە. تا حەوتەی داھاتوو بە خواتان ئەسپێرین. ھیوامان بەختەوەری ئێوەیە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گۆران و ھەژار کامیان بەرزترن؟ سەبارەت: ١٩٧٥/٠١/٠٥ سەلام لە گوێگری بەھەست و ھونەر پەرەستی بەرنامەی تاپۆ. کەمێک بە بۆنەی کارەکەمەوە و بڕێکیش لەبەر ئەمە کە ھەڤاڵ و ئاشنا و ڕۆشنای ھونەر دۆستم زۆرە، دووچاری ھەندێ کۆڕی وا ئەبم کە تیا دائەمێنم و گاھێ پرسیاری وەھام لێ ئەکرێ کە وەڵامەکەی نازانم، یا وا ئەبێ کە لەنێوان شیکردنەوەی و لێدوانی مەبەستێکی ھونەرییا مەبەستی وا دێتە پێشەوە کە لە پێشا بیرم لێ نەکردبۆوە. ئەم کۆڕو ئەنجوومەنە بچووک و دۆستانەیە بۆمن جێگای شەوی شێعر و کۆری وێژەیی و ھەڵسەنگاندنی ھونەری ئەگرێتەوەو لام وایە ئەو بڕوایانە کە لەو دانیشتنە گەرم و برایانەدا دەرئەبڕڕێ، کەڵکی ئەوەی ھەبێ کە ئێوەش گوێتان لێ بێ و لێی ئاگادار بن. ھەڵبەت ئەگەر بڕوایەکی ترتان ھەبێ و بەڵگەی باشتان بۆ بڕواکەتان لەدەستدا بێ، ئێمە بڕواکەی ئێوەش بەناوی خۆتانەوە بڵاو ئەکەینەوە. بەم چەشنە ڕایەڵکەیەکی لەیەک گەیشتن و ھەڵسەنگاندن لە نێوان ئێمە و ئێوەدا بەدی دێ کە زۆر جێگای کەڵکە و ئەگونجێ زۆر شت لەم ئاڵوگۆڕی بڕوایەدا ڕوون بێتەوە. شەوێک لە کۆڕێکی بچووکی دۆستانەدا ئەم باسە وێژەیییە لە گۆڕێ بوو کە «پلە و پایەی دەسەڵات و سامانی شاعیری «گۆران» و «ھەژار» کامیان بەرزتر و زۆرترە؟» بۆ ڕوونبوونەوەی باسەکە لە پێشا باس لەوە کرا کە شاعیر ئەبێ چ ئیمتیازێکی ھەبێ بۆ ئەوە بچێتە ڕیزی شاعیری باشەوەو ھەموو پێکھاتین کە شاعیر ئەبێ جگە لە دەسەڵاتێکی مەعنەوی کە «ھەوێنی شاعیرانەی دەروونی» ئەتوانین پێ بڵێین، واتە جگە لەوە کە ئەبێ زەوق و لێھاتوویی سروشتی ھەبێ بۆ شێعرکوتن، ئەبێ چەند شتی تریشی ھەبێ کە بریتین لە شارەزایی بە مێژووی ھونەری وڵاتەکەی خۆی و وڵاتانی تری جیھان، بۆ ئەوە کە بتوانێ لە سەرچاوەی ھونەری گەلانی تر خۆی تێراو کا. وا باشترە کە زمانێکی زیندووی بێگانە بزانێ، چونکە بەو زمانانە کتێبی زۆر سەبارەت بە ھونەر و وێژە نووسراوە کە ئەگونجێ وەرنەگێڕڕابێتەوە بۆ زمانەکەی خۆی. تەنانەت ئەگەر شاعیر وەرگێڕڕاوی دیوانێکی شێعریشی لەبەردەست بێ، ناتوانێ بەھرە لە ھەموو ئەو جوانییانە کە لە ئەسڵی کتێبەکەدا ھەن وەربگرێ، چونکە ھەر زمانێک شتی وەھا تایبەتی تێدایە کە بەوەرگێڕاندن لەناو ئەچێ. کە وەھا بوو شاعیر ئەبێ ھەم زەوقی شاعیرانەی ھەبێ، ھەم لە وێژەی جیھان ئاگادار بێ. ھەواڵێک پرسیاری کرد سەبارەت بەم ڕاستەقینە ئەڵێن چی کە بەیتبێژ لەگەڵ ئەوەشا شوێنەواری زۆر گەورەی خوڵقاندووە جگە لە زمانی گەلەکەی خۆی زمانێکی تری نەزانیوە. وەڵام ئەمە بوو لەو کاتەدا ئەکرا شاعیری کورد خۆی بێ نیاز بزانێ لە زانیاری و وێژەی گەلانی تر، چونکە ژیانی کورد ساکار بوو. ئابوورییەکی ساکار و کۆمەڵێکی ساکار، بەڵام ئەمڕۆ لەو ساکاریییە، نە لە ئابووریدا و نە لە کۆمەڵ و ویستی کۆمەڵایەتیدا نیشانەیەک نەماوە. ژیانی کورد پێچ و قەمچی پەیدا کردووە و چارەنووسی تێکەڵ بووە لەگەڵ چارەنووسی جیھان. ئابوورییەکەی گۆڕاوە. شارنشینی و بازرگانی و سنعەت پەرەی سەندووە و شاعیری کورد ناتوانێ خۆی بپارێزێ لەو ھەموو گۆڕانە و ناچارە بۆ ئەمڕۆ و کۆمەڵی ئەمڕۆ شێعر بڵێ. «ھەژار» و «گۆران» ھەردووکیان فارسی و عەرەبی تورکی و کوردی ئەزانن و ھەردووکیان زمانێکی ئورووپایی تا ڕادەیەک کە بتوانن نووسراوی ئەو زمانە بە بێ یارمەتی وەرگێڕ بخوێننەوە شارەزان کە وەھایە لەم بارەوە بەرامبەر دێنەوە، بەڵام ئەگونجێ کە «ھەژار» بەسەر زاراوە جۆربەجۆرەکانی کوردییا شارەزاتر بێ، چونکە «کرمانجی ژووروو» کە لە ئێران پێی ئەگوترێ «بادینی»، باش ئەزانێ و لە شێعرەکانیا کە بەزاراوەی کرمانجی خواروون، وشەی کرمانجی ژووروو زۆر ئەھێنێ، وەک «بیرکم»، «ھەیڤ»، «شەپاڵ»، «چەلەنگ»و زۆر وشەی تر؛ تەنانەت «ھەژار» لە شێوەکانی زاراوەی کرمانجی خواروو کە لەئێران «سۆرانی» پێ ئەڵێن چەشنی «سنەیی»، «موکریانی»، «ھەولێری»، بە تایبەت شێوەی «دەشتی دزەیی» و «سلێمانەیی» کەڵک وەرئەگرێ و بەلایەوە زاراوە و شێوەکانی کوردی بەیەکەوە جیاوازییان نییە و شاعیری کورد ئەتوانێ لە وشەی ھەموویان کەڵک وەربگرێ، ئەم کارە لە شوێنەوارەکانی مامۆستا «گۆران»دا بەرچاو ناکەوێ. جا یا لەبەر کەم دەسەڵاتی بەسەر شێوەکانی کوردییا، یا لەبەر ئەمە کە پێی باش نەبووە لە شێعری سۆرانییا وشەی کرمانجی ژووروو بەکار بێنێ. کۆڕەکەی ئێمە لە دوای لێکۆڵینەوەیەکی زۆر بەم ئاکامە گەیشت کە لەناو کوردا شاعیرێک کە لە ناسکی زەوق و جوانی تەعبیرا بگاتە «گۆران» زۆر کەمە، بە تایبەت لە پێھەڵگوتن و پەسندی جوانی تەبیعەتا، لە باسی ئەوین و جوانی ئافرەتا کەس ناگا بە«گۆران». ھەڵبەت ئەوە کە ئەڵێین لەم ڕێبازەدا گۆران ڕێبواری تاقانە و چالاکە، مەبەستمان ئەمە نییە کە لە ڕێبازەکانی ترا دواکەوتووە. شێعری بەرزی «جیلوەی شانۆ» یا «تاقە ستارە» یا «دەروێش عەبدوڵڵا» یا «بۆ ھاوڕێم بێکەس» لەو شێعرە بێ وێنانەن کە بەراستی سامانی وێژەی کوردی دەوڵەمەندتر کردووە و گوڵزاری زەوقی شێعرناسانی بەھاراوی کردووە. کێ ئەتوانێ لە چەند دێڕی کورتا باسێکی ڕەوان ناسی وەھا باریک کە لە پارچە شێعری «تاقەستارە»دا ھاتۆتە گۆڕێ بەیان بکا؟ ئەمە سەبارەت بە «گۆران»؛ ھەژاریش لە ھەرێمی شێعری حەماسیدا بێ وێنەیە. لە ڕۆشنایی ئەم ڕاستەقینەدا کە باسمان کرد بەم ئاکامە گەیشتین کە «گۆران» شاعیرێکی لیریک (غەنایی)یە و «ھەژار» ئێپیک (حەماسی)یە. ھەرکام لە ھەرێمی خۆیانا دەسەڵاتدارن؛ بەڵام کاتێ «ھەژار» لا ئەدا بۆ شێوەی «غەنایی»، یا «گۆران» ڕوو ئەکاتە مەڵبەندی «حەماسی»، کەمێک لە بەرزایییەکەیان کەم ئەبێتەوە. ڕەنگە «گۆران» لە شێعری حەماسییا کەم دەسەڵاتتر بێ تا «ھەژار» لە شێعری غەناییدا. شتێکی تریش ئەبێ بکوترێ، ئەویش ئەمەیە کە «ھەژار» لە «شێوەی نوێ»دا تەواو کەم دەسەڵاتی خۆی نیشان ئەدا و «گۆران» لەم شێوەیەدا لەپێشترە تا شێوەی عەرووزی بەڵام لە شێوەی عەرووزیشا شێعری گەورەی خوڵقاندووە. بە ھیوای ئەوە کە بڕوای خۆتانمان بە بەڵگەوە بۆ بنووسن. تا حەوتەی داھاتوو خواتان لەگەڵ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تڕاژێدی سەیدەوان کۆمەڵ لەسەر ڕێگای راستە و ھەرچی لە ناو کۆمەڵەوە ھەستێ و باسی خواس و ویستی کۆمەڵ بکا، جوانە؛ چونکە ئەوەی وا بە ھەڵە دەچێ تاکە و کۆمەڵ کەم وا ھەیە رێگای چەوت بگرێتە بەر. کۆمەڵ بە لای منەوە بەم کەمایەتییە ناڵێن کە سوودێکیان ھەیە جیا لە سوودی گشتی و ھونەرێکیان ھەیە بەپێچەوانەی ھونەری کۆمەڵ. چینی پێکھێنەری، واتە ئەو کەسانە کە زۆربەن و ھەمیشە روویان لە ژیانی مرۆڤایەتی و بەرزکردنەوەی پلە و پایەی ژیانی ئینسانییە، بە لێکدانەوەی من کۆمەڵ بەوان ئەکوترێ؛ ئەوانن کە خەمیان وەک تەم ومژی سەر چیا وایە و شادییان چەشنی پێکەنینی ھەوەڵ زەردەی خۆرەتاوە؛ ئەوانن کە ھونەریان ئێسک سووک و لە دڵ نزیک و خوێن شیرینە؛ ھونەرێک کە بەخشڵی خۆماڵی رازاوەتەوە و ڕەنگ و بۆن و تامی بێگانەی پێوە نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشا لە ھەموو شوێنێک چ لە ناوخۆو چ لەدەرەوە ھەر جوانە، چونکە مانای بەرزی جوانی ئەو جوانییەیە کە پێوەندی بە ھەرێمی بەر پانی جوانەوە ھەیە و لەگەڵ باسی خاوەنیی یەک مانان؛ لە ھەموو لایەک و بەلای ھەموو کەسەوە بەرزە. ژیانی خێڵاتی ھێندێ خوو و رەوشتی تایبەتی خۆی ھەیە، کە یەکیان دڵاوایی و بەخشین و ماڵی دنیا بەلاوە کەم بوونە، چونکە لەو چەشنە ژیانەدا ئاسان بژیوی و کەم بەڕێ چوون ھەیە و باری ژیانەکە چەشنێکە کە ئادەمیزاد بەرامبەر بە پاشەکەوت کردن و بیر لە بەیانی ژیان کردنەوە بێ دەربەست دەبێ. لەبەر ئەوەیە کە کورد سەربەرزی و ئازایەتی ومیوانگری زۆرە و بەیتی «سەیدەوان» داستانی ئەم چەشنە ژیانە ئەگێڕێتەوە. بەداخەوەم کە وێژەی ئێمە لە ناو گەلانی جیھاندا بڵاونەبۆتەوە، دەنا خوا عالم کە بەیتی «سەیدەوان» زۆر لە «ھاملێت»ی «شکسپێر» بەرزترە. شکسپێر لای وایە «ھەبوون» یا «نەبوون»، مەبەست یەکێ لەو دوانەن؛ بەیتبێژی «سەیدەوان» ئەڵێ: «دیلان یا ماتەم.» کامیان مەبەستی ژیانە؟ ! قارەمانی شکسپێر «ھاملێت»ی باوک کوژراو؛ دایکی خەیانەتکار و مامی پیاوکوژ بوونە ھۆی پەژارەی «ھاملێت»؛ بەڵام لە بەیتی «سەیدەوان»دا باوکێک سێ کوڕی گەنجی ئەمرن، کە یەکێک بە دەستی باوکەکە ئەکوژرێ. خەمی «ھاملێت» بەئەندازەی پەژارەی «عەبدولعەزیز»ی ڕۆڵە کوژراو گران نییە. جا با بچینەوە سەر داستانی «سەیدەوان». «رەبی خودایە ئەتۆ ھەوری رەحمەتی بێنی لە لای قیبلەی موبارەک. لە داوێنی فەڕەنگییان. لەسەر قەبری پیر خدری ھەڵبڕێژی. کێ دیویەتی لەسەر سێ کوڕان ڕا بووک بچنەوە ماڵی بابیان بە کیژی؟» «عەبدولعەزیز»ی داسنی، سێ کوڕی ئەبێ بە ناوی «سەیدەوان» و «نێچیروان» و «مەلکەوان». سێ کوڕی گەنج کە کاتی ژن ھێنانیانەو سێ بووکیان بە ڕۆژێک بۆ دێنن. عەشیرەتی داسنی ھەموو لە شایی و زەماوەندا بەشدارن، «مەلکەوان» شەوی ھەوەڵ «پەردووگیر» ئەبێ و ئەمرێ خەفەتێکی گەورە ئەخاتە سەر دڵی باوکی، بەڵام «عەبدولعەزیز» کوردە، سەرۆکی خێڵی «داسنی»یانە، چۆن ڕووی ھەیە بە عەشیرەتەکەی بڵێ: «دەستی دیلان بەردەن و بڵاوی کەن!» راستە کە کوڕ مردن پشت شکێن و بڕست بڕە، بەڵام ئەی سەرۆکی چی؟ ئەی پیاوەتی و میوان خۆشەویستی چی لێ بکا؟ «عەبدولعەزیز» دەنگ ناکا و ھەڵپەڕکێ و زەماوەند ھەر دەمێنێ. تا شەوی دووھەم دەشتەوانان ھەڵی دەدەنێ کە «نێچیروان» لە رەوەز، تووش و چڕە ھەڵدێراوە و مردووە. دیسانەوە باوکی کۆس کەوتوو برینی ئەکولێتەوەو خەم و بەھەموو گرانییەکەوە ئەکەوێتە سەر دڵی و بیر ئەکاتەوە دوو کوڕی جوانەمەرگ بوون، ئەم زەماوەندە شوومە، ئەم بەھارە بێ فەڕە، بێ فەڕە دزێوە، چی بکا؟ ئایا لەگەڵ ئەوەشا کە تەرمی دوو کوڕی لەبەر دەستییەتی، زەماوەند ھەر بمێنێ؟ ئەگەر بە داسنییان بڵێ: من زەماوەند ناگێڕم و ئێوە ھەڵپەڕکێ بوەستێنن، چی پێ ئەڵێن؟ ! ئاخۆ ناڵێن: «عەبدولعەزیز، پیرە، خەرفاوە و پیاوێکی ئاخر شەڕە؟» ئەمانە ژێردەستی خۆی؛ بێ جیاوازی کوڕە داسنی کوڕی ئەون و ھەموو ئەوڕۆ لە شادی ئەوا بەشدارن. میوانن گەڕی ھەڵپەڕکێ گەرمە، کیژ و کوڕی داسنی خەریکی «رۆینە» و «سوێچکەیی» و «چۆپی» و «سێ جارە»ن. ئاخۆ بچێتە ناویان و بەپڕمەی گریانەوە بڵێ: «ئەی کوڕ و کیژی داسنی دیلانەکەتان بەردەن، لە باتی شایی، شین بگێڕن، «مەلکەوان» و «نێچیروان» مردن و ئێوە بۆ دوو زاوای نەماو شایی ئەکەن! ؟» بەڵام نا، عەبدولعەزیز کوردە، ئەوانەش میوانن. رەوا نییە زەماوەنەکەیان بشێوێ. ئەی دڵی پەژارەداری چی لێ بکا؟ ئەم ھەموو خەم و دەردە بۆ کوێ بەرێ؟ وا باشە لە ئاوایی دەرکەوێ، پەنا بەرێتە بەر داوێنی چیا، خەفەتی بدا بە دەم شەماڵی سەرشێتی شیو و دۆڵا. با لە ھەرای ھەڵپەڕکێ رزگار بێ، ئاگری بەجۆشی دەروون ئەیبا، ئەیبا تا ئەو جێگایە وا رێبازی مەڕو بزنە کێوییە. لە ژێر بەردێکا ئارام ئەگرێ، بەڵام دڵی وەک ئاوی سەر ئاگری بەتین ئەجۆشێ و ھەڵئەچێ. فرمێسکی گەرمی بەسەر گۆنای پڕ چینیا دێتە خوارەوە! دەوروبەری بەھارە، بەڵام چ بەھارێک، بەھارێکی رەش و ناحەز، ناحەزتر لە ھەموو زستانێک. چاوی تیژی وەک ھەڵۆی پیری چیا ئەڕوانێتە ئەو بەری دۆڵەکە؛ بەھانەی لە ماڵ دەرکەوتن و کۆڕی زەماوەند جێھێشتنی ئەمەیە، کە دەچێ گۆشتی راوێک بێنێتەوە. لێرەدایە کە تڕاژێدی دەگاتە ئەوپەڕی خۆی، دەستێکی بەھێز لە کاردایە بۆ پەروەراندنی دڵتەزێنترین بەسەرھات. دەوروبەر بەھارە، گیا شینە لاسکی ناسکی گوڵی کێوی بە دەم بای نەرم و نیانەوە ئەلەرێتەوە. دڵی باوکێک پڕ لە مەینەت، پەردووی زاوای دوو کوڕی گەنج بە تاڵە، دوو بووک چاوەڕوانە، داسنی لە شایی و خۆشییا نوقم بوون. «عەبدولعەزیز» گاھێ بە دڵیا دێ: «دووانم مردن، «سەیدەوان»م ماوە! ژیان شایییە یا شینە؟ !» دەنگی گۆرانی بێژ و دەھۆڵ و زوڕنای ناو دێ کە زۆر دوور لە دەرەوە دێتە بەر گوێ، ئەو جارانە وا شەماڵ ئەیھێنێ، ئەڵێ: «ژیان شایییە!» دوای مردن، ھەموو دەمرن، چونکە لە ھەوەڵەوە نەبوون، ھاتن و پاشان ڕۆیشتن، کە وەھایە ژیان قۆناخێکی کەم خایەن و کورتە لە نێوان دوو نەبوونی درێژ و بێ بەستێنا. ھەرا و بگرتنێکە لە بەینی دوو بێدەنگی و ھەدادان، کە وەھایە ژیان شایییە و بۆ نەمانی بێدەنگی ماوە زۆرە، بەڵام دۆڵی کپ و خامۆش کە ئەڵێی گریانێکی بە کوڵی پیاوانەی لە گەروودا بەستراوەتەوە، ئەڵێ: «نا، نا، ژیان ماتەمە، ژیان کۆس کەوتنە، ژیان لە گۆ کەوتنی دوو لێوی پڕ بزەیە!» با، لەوبەری دۆڵەکەوە یاری بە مووی زەردی ریشی بزنە کێوییەک ئەکا و لێکی ئەدا و ئەیھۆنێتەوەو «عەبدولعەزیزی» بە چاوێکەوە کە فرمێسکی مەینەتی تێزاوە، ئەڕوانێتە ئەو مووە زەردانە کە ئەڵێی پرچی «گوڵە بەڕۆژە» یا قژی «گەنمەکابە»یە و با ئەیشەکێنێ. وا ئەزانێ بەڕاستی مووی ریشی بزنە کێوییە. تەقەی تفەنگ ھەڵدەستێ، وەک پڕمەی گریانێکی بە کۆڵ ئەچێ، نا ئەڵێی قاقای پڕ لە تەوسی ئینسانە بەژیان! شتێکی زیندوو لە پشت بەردێکەوە ئەکەوێتە خوارەوە، وا دیارە پێکراوە. «عەبدولعەزیز» دەگاتە سەری، ئەبینێ «سەیدەوان»ە، مووی زەرد و خوێنی سوور دەم و چاوی سپی لە سەرگیای سەوز تێکەڵ بوون؛ ھەناسە لە سینگی چیادا قەتیس ماوە، کەو لە قاسپە کەوتووە، ڕۆژ خۆی لە ژێر ھەورێکی چڵکنا شاردۆتەوە! «عەبدولعەزیز» چی بۆ ماوەتەوە؟ ! دانیشێ، چونکە ئەژنۆی ھێزی نییە؟ لە بێدەنگی ئەترسی و ناشتوانێ بگری، چونکە پەشۆکاوە، ھەموو دنیا لەبەر چاوی دەبێتە یەک پرسیار: ژیان شینە یا شایییە؟ ! خەم لەوە گەورەترە کە لە دڵی پیر و ناسکی «عەبدولعزیز»ا جێگای ببێتەوە، ئەپاڕێتەوە، لەبەر خوا ئەپاڕێتەوە: «رەبی خودایە بای ڕەحمەتێ بێنێ لە لای قیبلەی مومبارەک لە داوێنی فەڕەنگیان. بیدەی لە خەمی «عەبدولعەزیز»ی و لەبەحری خوێیەی تێپەڕێنی!» چەند خەمێکی گەورەیە، خەمی «عەبدولعەزیز»ی داسنی کە دوو کوڕی ئەمرن و یەکێکی بە دەستی خۆی ئەکوژێ؛ لە کاتێکا بەھارە و کاتی بووژانەوە و ژیانە. بەیت بێژ چ تڕاژیدییەکی بەرزی پێکھێناوە، گیانی نەمری شادبێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نومایشنامەی سەیدەوان [دەنگی دەھۆڵ و زوڕنا، لە دوورەوە، لە مەتندا] وێژەر: دەواری ڕەش وەک خاڵی سەر گۆنای کیژێکی جوان و لە داوێنی دەشتی سەوزی بەگوڵ خەمڵیو بۆتە نەخش. بەھار ئەڵێی گیانی ئەوینە ئەھەژێتە ناو ھەناوی سروشت. زەردەی خۆرەتاو کراسی خارای کردۆتە بەر چیا بەرزەکان. ڕووباری کەف چەرێن وەک کەحلانی تازەگیراوە حیلەی دێ و بەرەو نشێو پەل ئەکوتی. لکی بەرزی ھەموو دارێک بەتیشکی خۆر، زەردەی تێ زاوە ئەڵێی دار ھەموو لەشی بۆتە چاو و ئەڕوانێتە ئەو مەلە ئەویندارانە کە بە جریوەی خۆیان بەستەی بەھار و ژیان بە گوێی گۆلاوی مەندی چاو بە خەوا ئەخوێنن. دەھۆڵ کوت و زوڕناژەن لە مەیدانێکا کە بە دەواری ڕەش دەورە دراوە، خەریکی لێدانی ئاھەنگی «سەحەری»ن. خەوی خۆشی پاش شەکەتی، وەک دڵدارێ کە تازە ھاتبێتە جێژوان و بەپەرژینی دەستەملان و داوی لەسەر لێودانان ڕێگای سڵی و ڕاکردنی لە دڵبەر تەنیبێ، ماوەی نەدەدا دوو پێڵووی چاوی گەنجان دەس لەیەک بەردەن، بەڵام دەنگی نرکەی دەھۆڵ و زوڕنا بە ئاھەنگی دڵبزوێنی «سەحەری» وەک شەپۆلی بۆنی گوڵاڵە خۆی ئەکرد بە دەلاقەی گوێی لاواندا و لەگەڵ خۆیا چەپکێ ھەستی سووری دڵدارانەی ئەخستەسەر سینەی دڵ. ھەر چاو بوو وەک پەنجەرەی بەرەو خۆر ئەکرایەوەو ھەر لاوی تاسەباری ھەڵپەڕکێ بوو ڕائەپەڕی و ڕووی ئەکردە گۆڕەپانی جێگای ھەڵپەڕکێ و زەماوەند. پاش ماوەیەک دەوار چۆڵ ببوون و مەیدان لەبەر حەشیمەت جمەی دەھات. میری عەزیزی سەرۆکی عێلی داسنی لە خێوەتی سپی خۆیدا کە ئەتکوت تاکە چڵی سپی ناو ڕیشی ڕەشە، دانیشتووە. چەن ڕیش سپی و کەیخودای داسنی لەلای دانیشتوون و چەند نۆکەر دەس لەسەر دەسکی خەنجەر چەشنی پەیکەرەی بەردین، بێدەنگ وەستاون. عەزیزی داسنی ڕوو ئەکاتە ڕیش سپی و مەزنە پیاوەکان و ئەڵێ: -«ئەمڕۆ ئەڵێی ڕۆژ بۆیە ھەڵاتووە تا لە شادی منا ھاوبەش بێ. حەفتا بەھارم بەڕێ کردووە، بەڵام بەھاری ئەم ساڵ پێش ئەوەی سەری «سیپانی» بڕازێنێتەوەو چیای مەغڵووبی بخەمڵێنێ، لە دڵی منا خێوەتی ھەڵداوە. لەدارایی و سامانی جیھان سێ کوڕم ھەیە کە ئەمڕۆ زەماوەنی ھەرسیانیانە. ئەمە بۆ باوکێکی پیر، نیشانی ئاخر بەخێرییە. کوڕە جەحێڵی داسنی ھەر وەک لە ڕۆژانی سەختی شەڕ و کوشتارا شان بە شانم وەستاون لە شایییەکەشما بە ھاوبەشی پڕ بە دڵیان، دڵمیان گەشاندۆتەوە. ھەزار و ھەزار بار شوکر خوای مەزن؛ من گەنجی خۆم لەم سێ کوڕەدا بەدی ئەکەم. نێچیروانم کوڕی شەڕو گۆوەند و مەیدانە، مەلکەوانم گەورەی خێڵ و سەپان و شوانە، سەیدەوانم خانی خانان، قسە لە پێشی دەرک و دیوانە.» [مووسیقای کورت. ورتە ورت و پچەی چەند کەسێک] میر عەزیز [بەحەسرەتەوە]: «نە؛ لە کاری گەورەی خێڵی داسنی ناچێ. لێم دەکەن بە پەڕۆی شین و بەسەر شانما ئەیدوورن. بەیانی لەناو ھەموو دەوارێکا لە دیوانان، لە گەڕەک و کۆڵانان ئەیکەن بە بەند و باڵۆرە و ئەڵێن عەزیز زەماوەندی تێکدا. دڵی گەنجانی داسنی شکان. نە. دەنگ ناکەم. با لە دڵی منا کوندەبووی مەرگ بخوێنێ. با لەگەڵ ھەر پێیەک کە کۆڕی ھەڵپەڕکێ بەسەر زەوییا ئەدا، بەندێک لە دڵی من بپسێ و با خرمانەی خەم لە دەوری سەرم بھاڵێ، بەڵام نەڵێن عەزیز میوانی لە ماڵی خۆی دەرکرد. با نەڵێن جیاوازی دانا لە نێوان کوڕی خۆی و کوڕی عەشیرەتەکەیا. خوایە بریا شوانێک بوایەم و بمتوانیایە پەژارەی مەرگی «مەلکەوان»م لە گەرووی شین گێڕی شمشاڵەوە بڕژاندبایەتە ناو دۆڵی چیای سیپان تا ئاگرێکی وەھای تێ بەربوایە کە ھەتا ھەتایە نە چڵە گیایەکی لێ شین بوایە و نە ئاسک و مەڕەکێوی بە ھیوای بەفراوی ژێر بەفری چەند ساڵە لێی ببوایەن بەمیوان؛ نە قەت جارێکی تر شەنگەبێری و شۆڕەسواری خێڵاتی کوردەواری بیکەن بە جێژوان. بەڵام من مەزنی عێلی داسنیم. شین گێڕانم شوورەییەو دەستی ھەڵپەڕکێ بەردانم لێ ناوەشێتەوە. خودایە سەبرێکم دەوێ و بەئەندازەی دڵۆپی زەریای وان و زێیە بادینان، بە قەدەرایی گەڵای داری جەنگەڵی سەردەشت و مەریوان». وێژەر: میر عەزیزە کۆرەی داسنی سێ بووکی بە ڕۆژێک بۆ سێ کوڕی گەنجی ھێناوە. سەرۆکی پیری عێلی داسنی لە ھەموو تیرەو خێڵەکانی عەشیرەتەکەی خۆی گێڕاوەتەوە و کۆڕی زەماوەند و ھەڵپەڕکێ گەرمە. خۆشخوان و بەیت بێژ، لاوک و حەیران ئەڵێن. لەم کاتەدا سەیدەوان دێتە ژوورەوە و بە چاو باوکی تێئەگەیەنێ کە کاری پێیەتی. سەیدەوان ھەواڵێکی پێیە کە ئەترسێ ئەگەر بۆ باوکی بگێڕێتەوە، داری پیر و بە سێبەری عێلی داسنی، واتە میر عەزیز بە گەردەلوولی ژاراوی ھەواڵەکە لە پێ بکەوێ و ڕیشەی وشک بێ. دڵی باوک لە پەنچەرەی تەم گرتووی چاوی سەیدەوانەوە ئەڕوانێ و ھەورێکی ڕەش بەدی ئەکا. لەبەر خۆیەوە ئەڵێ «چی بووە سەیدەوان؟ !» زۆر جار ھەیە ئادەمیزاد پێی خۆشە بزانێ و ناوێرێ بزانێ. ئەیەوێ دەستی بەو پووشە بێ ھێزەوە بەند بێ کە پێی ئەکوترێ ھیوا. ئیتر بیر ناکاتەوە، دەریا دەمی شەپۆڵی کردۆتەوە بۆ ھەڵلووشینی! میر عەزیز داسنیش ئەیزانی کە کۆسپێکی گەورە یا کۆستێکی کەوتوو ئەم ھەموو خەم و تەمەی باراندۆتە سەر چیمەنی تێراوی تازە شین بووی ڕوخساری سەیدەوان. لەبەر ئەمە تەنیا توانی دیسانەوە ھەر ئەمە دووپاتە بکاتەوە: «چی بووە سەیدەوان؟ !» سەیدەوان و میر عەزیز لە ڕەشماڵ و خێوەت و دەوار دوور کەوتبوونەوە. دەنگی دەھۆڵ لە دوورەوە لەگەڵ ھەرای کوڕە داسنی و ھەوھەوی سواری تەقڵەباز تێکەڵ ئەبوو. لەبەردەم ئەم باوک و کوڕەش جارجار جوڕڕەیەک ئەیجریواند و کۆڕکۆڕەیەک دەرئەپەڕی. ئەتکوت گیانێکی پاکە و پەلەیەتی بۆ گەیشتن بە بەھەشت. چاوی پرسیاری میر عەزیز وەک ھەناسەی گەرمی دەشتی گەرمێن؛ لێوی وەک سوورەگوڵی سەیدەوانی شەقارشەقار ئەکرد. بەڵام ئەو دوو لێوە، ئەو دەمە کە ھەمیشە ھەواڵی ھاتنەوەی قاز و قورینگیان دابوو بە میر عەزیز و موژدەی بەھار و ژیانیان ھینابوو، چۆن ئەیانتوانی بە باوکێکی بە ھیوا بڵێن ماڵی دڵت کە لەسەر سێ کۆڵەکە ڕاوەستابوو بە ترازانی کۆڵەکەیەکیان خەریکی ڕووخانە؟ ! سەیدەوان لە پڕ بە سۆزەوە دەستی کرد بە زەمزەمەی ئاھەنگی «گوڵە جوان»و گەیشتە سەر ئەو بەندە -«وەرە ئەمن تۆ دەستان تێکەڵ کەین/ چونکە مردن داعبایەکی زەڕەندەیە/ نە لە کەسمان خۆش دەبێ و نەلە کەسمان دەبوورێ». سەیدەوان بێدەنگ بوو. دەنگی دەھۆڵ و ھەرای ڕەشماڵ و جریوەی مەلی بەھار بڕا، بۆ کورتەیەک سروشت مرد، ژیان کاس بوو. میر عەزیز پرسی: «کامەیان؟ !» سەیدەوان کوتی: «مەلکەوان!» [مووسیقا] وێژەر: مەلکەوان پەردەگیر بوو، بەڵام ئەمە دوایین خەمی عەزیزی داسنی نییە، لە بەرنامەیەکی ترا لەسەر ئەم تڕاژێدییە دڕاماتیکە ئەڕۆین. خواتان لەگەڵ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: درێژەی نومایشنامەی سەیدەوان سەلام لە گوێگری بەڕێز. بێگومان ماوەکەوتنی نێوان دوو یا چەند بەشی داستانێک بەیەک حەوتوو، ئەتوانێ زیانێکی زۆر، بەھێژایی نووسراوەکە لە لایەکەوە و لەلایەکی تریشەوە بە تێگەیشتن و پێخۆشبوونی گوێگر یا خوێنەرەوە بگەیەنێ. من لە ڕیزی ئەو کەسانە نیم کە ئەڵێن وا باشە بۆ ئەوە داستانێک تەئسیری ھەبێ، بەتایبەت ئەگەر نووسراوەیەک بێ بۆ ڕادیۆ و تەلەفزیۆن، لە جێگایەکی حەستەم و گرنگا ببڕێتەوە تا گوێگر چاوەڕوانی بەشی دووەمی بکا، چونکە لام وایە نووسراو ئەبێ گیرایی و کێشەری ئەوەندە ھەبێ کە خوێنەرەوە یا گوێگر نەتوانێ دەستی لێ ھەڵگرێ و گوێی لێ کلا کات. نەک لەبەر ئەمە کە بزانێ پایانەکەی بە کوێ ئەگا. کەسێ کە لەبەر ئانتریگ و ڕووداو گوێ لە داستان ئەگرێ و چەشنی نووسینەکەی لا گرنگ نییە، لەباری ھەستی ھونەرییەوە چەشنی مناڵێکە کە گوێ لە ئەفسانە و جنۆکە و دێوو پەری ئەگرێ. پاش ئەم سەرەتایە، لە بەرنامەی پێشوودا کوتمان کە میر عەزیز سەرۆکی عێلی داسنی لە ڕۆژێکا سێ کچی بۆ سێ کوڕەکەی ھێنا و تەواوی عەشیرەتی داسنی بانگ کرد بۆ زەماوەند؛ بەڵام چارەنووس شتێکی تری لە ناوچاوانی میر عەزیزی پیر نووسیبوو. ئەبوو لێوی لە جیاتی زەردەی پێکەنین لەرزەی گریان لێی بێتە میوان. مەلکەوان پەردەگیر بووە. میر عەزیز: -«بەھارە، بەھارە، بەھارێکی سەر بە زستانە لەلایەکەوە مەیتی مەلکەوان ھێزی ئەژنۆ و سۆمای چاوانم لەبەر دەستانە لەلایەکی دیکەوە سەمایە، ھەڵپەڕکێیە، جلیت و تەقڵە و دیلانە! بڕوانە ھەوری دە عاسمانێ، لە من وایە چاوی عەزیزی داسنییە و پڕ لە گریانە بەڵام ئەگەر بڵێم ھۆ خێڵی داسنی دیلانی بەردەن سۆرانییان دە خمێ گرن دەڵێن عەزیزە کۆرە پیرێکی ئاخر شەڕە، میوانی دەردەکا لە دەرک و دیوانێ خودایە ئەگەر عومری نووحم ھەبێ لەگەڵ سەبری ئەییووب، لەگەڵ دەوڵەتی جومجومە سوڵتانێ قەتم سوکنایی ناکاتە ئەو دڵەی قەلەندەری بابان وێرانێ. بەھارە، بەھارە، چەند بەھارێکی لە من شین دەنوێنێ. تۆ خودا گەلی داسنییان کێ دیویەتی لە دەورەتی زەماناندا لەسەر مەیتی شۆڕەسواری ڕەنج بەخەسار، لەباتی قورعان و کەلامێ، خۆشخوان و گۆرانیبێژ، ئایشە گوڵ و ھەوای سوێسکەیی بخوێنێ؟» وێژەر: پیری دڵ شکاوی کوڕمردوو لەگەڵ ھەستی خورۆشانی خۆیا شەڕیەتی؛ ھەناوی گڕگرتوو ھانی ئەدا بچێتە ناو کۆڕی ھەڵپەڕکێوە بڵێ: «بەسیەتی! ئێوە لەسەر لەشی ساردەوەبووی لاوێکی ڕەنجەڕۆ ھەڵئەپەڕن. بەڵێ! مەلکەوان مرد و دیلان دوایی ھات؛ بەڵام ھێزێکی تریش لە دەروونیا ھەیە بەرەنگاری وەستاوە و بە تانەوە پێی ئەڵێ: نا پیرە پیاو! تۆ کوڕێکت مردووە، دوو کوڕی ترت ماون، تۆ کاتێ بووی بە گەورەی داسنییان، لەسەرت نووسرا ھەموو لاوانی خێڵەکەت بێ جیاوازی بە کوڕی خۆت بزانی. نە، میر عەزیز! بۆ کارێکی تێپەڕیو شوورەیی مەھێنە سەر خۆت. بەتەنیا باری گرانی ئەو ماتەمە ھەڵگرە و لێیان گەڕێ با لاوان لە خۆشی و شادییا نوقم بن.» میر عەزیز کوردەو ئیتر نایەوێ بڵێم سەر بۆ کامە ھێزی دەروون دائەنەوێنێ. بەڵام زەماوەند ھەر وا گەرمە، تەنیا دڵی باوکی پیر و کوڕێکی تازەی ژێر لووتکەیەکی بەفرین لەسەری سیپانێ ئەزانن چ کۆستێکی گەورە کەوتووە. عەزیزی داسنی ناچارە ھەروەک جاران بەدەم میوانەکانیەوە پێبکەنێ. سەر لە خێوەتی پیاوماقووڵان بدا و بچێتە ناو ڕەشماڵی گەنجانەوە تەنانەت ناچارە گەڕێک لەگەڵ گەنجەکانا ھەڵپەڕێ و شانازی بدا بەو گەنجانە کە پاشان بۆ دەزگیرانەکانی خۆیان بگێڕنەوە بڵێن ئێمە لەگەڵ گەورەی داسنییان لە کۆڕی ھەڵپەڕکێدا دەستمان گرتووە. تڕاژێدی لێرەدایە، دڵێکی بریندار ناچارە بە دەستی خاوەنەکەی خوێ بکاتە سەر برینیا. ناچارە، چونکە گەورەی خێڵەکەیەتی. چونکە کوردە و میوانی ھەیە؛ بەڵام ئاخۆ ھەر بەمە دوایی دێ، یا تەبیعەت ئەیەوێ گەورەترین تاقیکاری لەسەر عەزیزی داسنی بکا بۆ ئەوەی بزانێ ئەم قەڵا لە پۆڵا داڕژراوە کەی تێک ئەشکێ و کام بەڵا دەستی ئەگاتە ئەو لووتکە بەرزە، کە ناوی ئادەمیزادە؟ ! [مووسیقای کۆتا] [دەنگی شەو] میر عەزیز [حاڵەتی دۆعا و پاڕانەوە]: -«ئەی شەو! ئەی قەڵای مێردان! ھەمیشە لە لام خۆشەویست بووی. لە کاتێکەوە بە گەنجی دەوارەودەوار لە ژێر باڵی ڕەشتا ئەگەڕام و کێشکی خێڵاتم ئەکێشا، لەو کاتەوە کە تۆ یارمەتیت ئەدام و گرانی خەوت ئەخستە سەر پێڵووی چاوی خاو و خێزانی یارەکەم و من تاریکایی تۆم ئەکرد بە جێژوان. خودایە گەنجی چەند خۆشەو مردنی گەنجان چەند تاڵە؛ بەڵام ئەی شەو! ئێستە من پڕ بەدڵ لێت ئەترسم؛ لە ناوچاوانی گرژ و مۆنت لە تاریکی و تەنیاییت ئەترسم. خەو لە چاوم تۆراوە. چاوەڕوانم ئەستێرەی بەیان لەسەر ھەوار ھەڵێ و دەروازەی بەیانی بکرێتەوە. چەند دوور و درێژ و بێ سنووری ئەی شەوی ڕەش!» [دەنگی چەند کەسێک، تێکەڵ و پێکەڵ و ورتەورتی ئەسپایی] شوان: «داخی گرانم، میرم! کاتێ ئێمە گەیشتن ھەناسەی دوایی بوو!» [مووسیقای توند و بەتەوژم -زەربەیی-] میرعەزیز: «کامەیان؟ ! نێچیروان یا سەیدەوان؟ !» [بەسەرسوڕمانەوە دەیڵێت و دەنگی دەلەرزێ] شوان: «نێچیروان گەورەم! لە ڕەوەزێکی بەرز کەوتۆتە خوارەوە!» میر عەزیز: «بیبەن لە پەنا گۆڕی مەلکەوان بینێژن؛ ھەواڵ بدەن بە سەیدەوان. منیش ھەر ئێستا ئەتانگرمەوە. بەڵام نابێ کەس بەم باسە بزانێ!» وێژەر: کۆڵەکەیەکی تریش ڕووخا. ئەستێرەیەکی تریش ڕاخوشی و توایەوە. بەسەرھات چی لە گیانی عەزیزی داسنی دەوێ؛ لە زەماوەندەوە تا مردن، لە ھیواوە تا ھومێدبڕان، لە بەھارەوە تا زستان؛ ڕێگایەکی دوورە، بەڵام تەبیعەت ئەیەوێ لەیەک چاوترووکاندنا میرعەزیز داسنی بەم ھەموو ڕێگایەدا ڕابکێشێ؛ چۆن ئەبێ؟ ! با بمێنێتەوە بۆ بەرنامەیەکی تر. خواتان لەگەڵ. ++++++++++++++++++++++