شاعیر: سوارە کتێب: تاپۆ و بوومەلێڵ سەرناو: درێژەی نومایشنامەی سەیدەوان سەلام لە گوێگری بەڕێز. بێگومان ماوەکەوتنی نێوان دوو یا چەند بەشی داستانێک بەیەک حەوتوو، ئەتوانێ زیانێکی زۆر، بەھێژایی نووسراوەکە لە لایەکەوە و لەلایەکی تریشەوە بە تێگەیشتن و پێخۆشبوونی گوێگر یا خوێنەرەوە بگەیەنێ. من لە ڕیزی ئەو کەسانە نیم کە ئەڵێن وا باشە بۆ ئەوە داستانێک تەئسیری ھەبێ، بەتایبەت ئەگەر نووسراوەیەک بێ بۆ ڕادیۆ و تەلەفزیۆن، لە جێگایەکی حەستەم و گرنگا ببڕێتەوە تا گوێگر چاوەڕوانی بەشی دووەمی بکا، چونکە لام وایە نووسراو ئەبێ گیرایی و کێشەری ئەوەندە ھەبێ کە خوێنەرەوە یا گوێگر نەتوانێ دەستی لێ ھەڵگرێ و گوێی لێ کلا کات. نەک لەبەر ئەمە کە بزانێ پایانەکەی بە کوێ ئەگا. کەسێ کە لەبەر ئانتریگ و ڕووداو گوێ لە داستان ئەگرێ و چەشنی نووسینەکەی لا گرنگ نییە، لەباری ھەستی ھونەرییەوە چەشنی مناڵێکە کە گوێ لە ئەفسانە و جنۆکە و دێوو پەری ئەگرێ. پاش ئەم سەرەتایە، لە بەرنامەی پێشوودا کوتمان کە میر عەزیز سەرۆکی عێلی داسنی لە ڕۆژێکا سێ کچی بۆ سێ کوڕەکەی ھێنا و تەواوی عەشیرەتی داسنی بانگ کرد بۆ زەماوەند؛ بەڵام چارەنووس شتێکی تری لە ناوچاوانی میر عەزیزی پیر نووسیبوو. ئەبوو لێوی لە جیاتی زەردەی پێکەنین لەرزەی گریان لێی بێتە میوان. مەلکەوان پەردەگیر بووە. میر عەزیز: -«بەھارە، بەھارە، بەھارێکی سەر بە زستانە لەلایەکەوە مەیتی مەلکەوان ھێزی ئەژنۆ و سۆمای چاوانم لەبەر دەستانە لەلایەکی دیکەوە سەمایە، ھەڵپەڕکێیە، جلیت و تەقڵە و دیلانە! بڕوانە ھەوری دە عاسمانێ، لە من وایە چاوی عەزیزی داسنییە و پڕ لە گریانە بەڵام ئەگەر بڵێم ھۆ خێڵی داسنی دیلانی بەردەن سۆرانییان دە خمێ گرن دەڵێن عەزیزە کۆرە پیرێکی ئاخر شەڕە، میوانی دەردەکا لە دەرک و دیوانێ خودایە ئەگەر عومری نووحم ھەبێ لەگەڵ سەبری ئەییووب، لەگەڵ دەوڵەتی جومجومە سوڵتانێ قەتم سوکنایی ناکاتە ئەو دڵەی قەلەندەری بابان وێرانێ. بەھارە، بەھارە، چەند بەھارێکی لە من شین دەنوێنێ. تۆ خودا گەلی داسنییان کێ دیویەتی لە دەورەتی زەماناندا لەسەر مەیتی شۆڕەسواری ڕەنج بەخەسار، لەباتی قورعان و کەلامێ، خۆشخوان و گۆرانیبێژ، ئایشە گوڵ و ھەوای سوێسکەیی بخوێنێ؟» وێژەر: پیری دڵ شکاوی کوڕمردوو لەگەڵ ھەستی خورۆشانی خۆیا شەڕیەتی؛ ھەناوی گڕگرتوو ھانی ئەدا بچێتە ناو کۆڕی ھەڵپەڕکێوە بڵێ: «بەسیەتی! ئێوە لەسەر لەشی ساردەوەبووی لاوێکی ڕەنجەڕۆ ھەڵئەپەڕن. بەڵێ! مەلکەوان مرد و دیلان دوایی ھات؛ بەڵام ھێزێکی تریش لە دەروونیا ھەیە بەرەنگاری وەستاوە و بە تانەوە پێی ئەڵێ: نا پیرە پیاو! تۆ کوڕێکت مردووە، دوو کوڕی ترت ماون، تۆ کاتێ بووی بە گەورەی داسنییان، لەسەرت نووسرا ھەموو لاوانی خێڵەکەت بێ جیاوازی بە کوڕی خۆت بزانی. نە، میر عەزیز! بۆ کارێکی تێپەڕیو شوورەیی مەھێنە سەر خۆت. بەتەنیا باری گرانی ئەو ماتەمە ھەڵگرە و لێیان گەڕێ با لاوان لە خۆشی و شادییا نوقم بن.» میر عەزیز کوردەو ئیتر نایەوێ بڵێم سەر بۆ کامە ھێزی دەروون دائەنەوێنێ. بەڵام زەماوەند ھەر وا گەرمە، تەنیا دڵی باوکی پیر و کوڕێکی تازەی ژێر لووتکەیەکی بەفرین لەسەری سیپانێ ئەزانن چ کۆستێکی گەورە کەوتووە. عەزیزی داسنی ناچارە ھەروەک جاران بەدەم میوانەکانیەوە پێبکەنێ. سەر لە خێوەتی پیاوماقووڵان بدا و بچێتە ناو ڕەشماڵی گەنجانەوە تەنانەت ناچارە گەڕێک لەگەڵ گەنجەکانا ھەڵپەڕێ و شانازی بدا بەو گەنجانە کە پاشان بۆ دەزگیرانەکانی خۆیان بگێڕنەوە بڵێن ئێمە لەگەڵ گەورەی داسنییان لە کۆڕی ھەڵپەڕکێدا دەستمان گرتووە. تڕاژێدی لێرەدایە، دڵێکی بریندار ناچارە بە دەستی خاوەنەکەی خوێ بکاتە سەر برینیا. ناچارە، چونکە گەورەی خێڵەکەیەتی. چونکە کوردە و میوانی ھەیە؛ بەڵام ئاخۆ ھەر بەمە دوایی دێ، یا تەبیعەت ئەیەوێ گەورەترین تاقیکاری لەسەر عەزیزی داسنی بکا بۆ ئەوەی بزانێ ئەم قەڵا لە پۆڵا داڕژراوە کەی تێک ئەشکێ و کام بەڵا دەستی ئەگاتە ئەو لووتکە بەرزە، کە ناوی ئادەمیزادە؟ ! [مووسیقای کۆتا] [دەنگی شەو] میر عەزیز [حاڵەتی دۆعا و پاڕانەوە]: -«ئەی شەو! ئەی قەڵای مێردان! ھەمیشە لە لام خۆشەویست بووی. لە کاتێکەوە بە گەنجی دەوارەودەوار لە ژێر باڵی ڕەشتا ئەگەڕام و کێشکی خێڵاتم ئەکێشا، لەو کاتەوە کە تۆ یارمەتیت ئەدام و گرانی خەوت ئەخستە سەر پێڵووی چاوی خاو و خێزانی یارەکەم و من تاریکایی تۆم ئەکرد بە جێژوان. خودایە گەنجی چەند خۆشەو مردنی گەنجان چەند تاڵە؛ بەڵام ئەی شەو! ئێستە من پڕ بەدڵ لێت ئەترسم؛ لە ناوچاوانی گرژ و مۆنت لە تاریکی و تەنیاییت ئەترسم. خەو لە چاوم تۆراوە. چاوەڕوانم ئەستێرەی بەیان لەسەر ھەوار ھەڵێ و دەروازەی بەیانی بکرێتەوە. چەند دوور و درێژ و بێ سنووری ئەی شەوی ڕەش!» [دەنگی چەند کەسێک، تێکەڵ و پێکەڵ و ورتەورتی ئەسپایی] شوان: «داخی گرانم، میرم! کاتێ ئێمە گەیشتن ھەناسەی دوایی بوو!» [مووسیقای توند و بەتەوژم -زەربەیی-] میرعەزیز: «کامەیان؟ ! نێچیروان یا سەیدەوان؟ !» [بەسەرسوڕمانەوە دەیڵێت و دەنگی دەلەرزێ] شوان: «نێچیروان گەورەم! لە ڕەوەزێکی بەرز کەوتۆتە خوارەوە!» میر عەزیز: «بیبەن لە پەنا گۆڕی مەلکەوان بینێژن؛ ھەواڵ بدەن بە سەیدەوان. منیش ھەر ئێستا ئەتانگرمەوە. بەڵام نابێ کەس بەم باسە بزانێ!» وێژەر: کۆڵەکەیەکی تریش ڕووخا. ئەستێرەیەکی تریش ڕاخوشی و توایەوە. بەسەرھات چی لە گیانی عەزیزی داسنی دەوێ؛ لە زەماوەندەوە تا مردن، لە ھیواوە تا ھومێدبڕان، لە بەھارەوە تا زستان؛ ڕێگایەکی دوورە، بەڵام تەبیعەت ئەیەوێ لەیەک چاوترووکاندنا میرعەزیز داسنی بەم ھەموو ڕێگایەدا ڕابکێشێ؛ چۆن ئەبێ؟ ! با بمێنێتەوە بۆ بەرنامەیەکی تر. خواتان لەگەڵ. ++++++++++++++++++++++