شاعیر: سوارە کتێب: تاپۆ و بوومەلێڵ سەرناو: تڕاژێدی سەیدەوان کۆمەڵ لەسەر ڕێگای راستە و ھەرچی لە ناو کۆمەڵەوە ھەستێ و باسی خواس و ویستی کۆمەڵ بکا، جوانە؛ چونکە ئەوەی وا بە ھەڵە دەچێ تاکە و کۆمەڵ کەم وا ھەیە رێگای چەوت بگرێتە بەر. کۆمەڵ بە لای منەوە بەم کەمایەتییە ناڵێن کە سوودێکیان ھەیە جیا لە سوودی گشتی و ھونەرێکیان ھەیە بەپێچەوانەی ھونەری کۆمەڵ. چینی پێکھێنەری، واتە ئەو کەسانە کە زۆربەن و ھەمیشە روویان لە ژیانی مرۆڤایەتی و بەرزکردنەوەی پلە و پایەی ژیانی ئینسانییە، بە لێکدانەوەی من کۆمەڵ بەوان ئەکوترێ؛ ئەوانن کە خەمیان وەک تەم ومژی سەر چیا وایە و شادییان چەشنی پێکەنینی ھەوەڵ زەردەی خۆرەتاوە؛ ئەوانن کە ھونەریان ئێسک سووک و لە دڵ نزیک و خوێن شیرینە؛ ھونەرێک کە بەخشڵی خۆماڵی رازاوەتەوە و ڕەنگ و بۆن و تامی بێگانەی پێوە نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشا لە ھەموو شوێنێک چ لە ناوخۆو چ لەدەرەوە ھەر جوانە، چونکە مانای بەرزی جوانی ئەو جوانییەیە کە پێوەندی بە ھەرێمی بەر پانی جوانەوە ھەیە و لەگەڵ باسی خاوەنیی یەک مانان؛ لە ھەموو لایەک و بەلای ھەموو کەسەوە بەرزە. ژیانی خێڵاتی ھێندێ خوو و رەوشتی تایبەتی خۆی ھەیە، کە یەکیان دڵاوایی و بەخشین و ماڵی دنیا بەلاوە کەم بوونە، چونکە لەو چەشنە ژیانەدا ئاسان بژیوی و کەم بەڕێ چوون ھەیە و باری ژیانەکە چەشنێکە کە ئادەمیزاد بەرامبەر بە پاشەکەوت کردن و بیر لە بەیانی ژیان کردنەوە بێ دەربەست دەبێ. لەبەر ئەوەیە کە کورد سەربەرزی و ئازایەتی ومیوانگری زۆرە و بەیتی «سەیدەوان» داستانی ئەم چەشنە ژیانە ئەگێڕێتەوە. بەداخەوەم کە وێژەی ئێمە لە ناو گەلانی جیھاندا بڵاونەبۆتەوە، دەنا خوا عالم کە بەیتی «سەیدەوان» زۆر لە «ھاملێت»ی «شکسپێر» بەرزترە. شکسپێر لای وایە «ھەبوون» یا «نەبوون»، مەبەست یەکێ لەو دوانەن؛ بەیتبێژی «سەیدەوان» ئەڵێ: «دیلان یا ماتەم.» کامیان مەبەستی ژیانە؟ ! قارەمانی شکسپێر «ھاملێت»ی باوک کوژراو؛ دایکی خەیانەتکار و مامی پیاوکوژ بوونە ھۆی پەژارەی «ھاملێت»؛ بەڵام لە بەیتی «سەیدەوان»دا باوکێک سێ کوڕی گەنجی ئەمرن، کە یەکێک بە دەستی باوکەکە ئەکوژرێ. خەمی «ھاملێت» بەئەندازەی پەژارەی «عەبدولعەزیز»ی ڕۆڵە کوژراو گران نییە. جا با بچینەوە سەر داستانی «سەیدەوان». «رەبی خودایە ئەتۆ ھەوری رەحمەتی بێنی لە لای قیبلەی موبارەک. لە داوێنی فەڕەنگییان. لەسەر قەبری پیر خدری ھەڵبڕێژی. کێ دیویەتی لەسەر سێ کوڕان ڕا بووک بچنەوە ماڵی بابیان بە کیژی؟» «عەبدولعەزیز»ی داسنی، سێ کوڕی ئەبێ بە ناوی «سەیدەوان» و «نێچیروان» و «مەلکەوان». سێ کوڕی گەنج کە کاتی ژن ھێنانیانەو سێ بووکیان بە ڕۆژێک بۆ دێنن. عەشیرەتی داسنی ھەموو لە شایی و زەماوەندا بەشدارن، «مەلکەوان» شەوی ھەوەڵ «پەردووگیر» ئەبێ و ئەمرێ خەفەتێکی گەورە ئەخاتە سەر دڵی باوکی، بەڵام «عەبدولعەزیز» کوردە، سەرۆکی خێڵی «داسنی»یانە، چۆن ڕووی ھەیە بە عەشیرەتەکەی بڵێ: «دەستی دیلان بەردەن و بڵاوی کەن!» راستە کە کوڕ مردن پشت شکێن و بڕست بڕە، بەڵام ئەی سەرۆکی چی؟ ئەی پیاوەتی و میوان خۆشەویستی چی لێ بکا؟ «عەبدولعەزیز» دەنگ ناکا و ھەڵپەڕکێ و زەماوەند ھەر دەمێنێ. تا شەوی دووھەم دەشتەوانان ھەڵی دەدەنێ کە «نێچیروان» لە رەوەز، تووش و چڕە ھەڵدێراوە و مردووە. دیسانەوە باوکی کۆس کەوتوو برینی ئەکولێتەوەو خەم و بەھەموو گرانییەکەوە ئەکەوێتە سەر دڵی و بیر ئەکاتەوە دوو کوڕی جوانەمەرگ بوون، ئەم زەماوەندە شوومە، ئەم بەھارە بێ فەڕە، بێ فەڕە دزێوە، چی بکا؟ ئایا لەگەڵ ئەوەشا کە تەرمی دوو کوڕی لەبەر دەستییەتی، زەماوەند ھەر بمێنێ؟ ئەگەر بە داسنییان بڵێ: من زەماوەند ناگێڕم و ئێوە ھەڵپەڕکێ بوەستێنن، چی پێ ئەڵێن؟ ! ئاخۆ ناڵێن: «عەبدولعەزیز، پیرە، خەرفاوە و پیاوێکی ئاخر شەڕە؟» ئەمانە ژێردەستی خۆی؛ بێ جیاوازی کوڕە داسنی کوڕی ئەون و ھەموو ئەوڕۆ لە شادی ئەوا بەشدارن. میوانن گەڕی ھەڵپەڕکێ گەرمە، کیژ و کوڕی داسنی خەریکی «رۆینە» و «سوێچکەیی» و «چۆپی» و «سێ جارە»ن. ئاخۆ بچێتە ناویان و بەپڕمەی گریانەوە بڵێ: «ئەی کوڕ و کیژی داسنی دیلانەکەتان بەردەن، لە باتی شایی، شین بگێڕن، «مەلکەوان» و «نێچیروان» مردن و ئێوە بۆ دوو زاوای نەماو شایی ئەکەن! ؟» بەڵام نا، عەبدولعەزیز کوردە، ئەوانەش میوانن. رەوا نییە زەماوەنەکەیان بشێوێ. ئەی دڵی پەژارەداری چی لێ بکا؟ ئەم ھەموو خەم و دەردە بۆ کوێ بەرێ؟ وا باشە لە ئاوایی دەرکەوێ، پەنا بەرێتە بەر داوێنی چیا، خەفەتی بدا بە دەم شەماڵی سەرشێتی شیو و دۆڵا. با لە ھەرای ھەڵپەڕکێ رزگار بێ، ئاگری بەجۆشی دەروون ئەیبا، ئەیبا تا ئەو جێگایە وا رێبازی مەڕو بزنە کێوییە. لە ژێر بەردێکا ئارام ئەگرێ، بەڵام دڵی وەک ئاوی سەر ئاگری بەتین ئەجۆشێ و ھەڵئەچێ. فرمێسکی گەرمی بەسەر گۆنای پڕ چینیا دێتە خوارەوە! دەوروبەری بەھارە، بەڵام چ بەھارێک، بەھارێکی رەش و ناحەز، ناحەزتر لە ھەموو زستانێک. چاوی تیژی وەک ھەڵۆی پیری چیا ئەڕوانێتە ئەو بەری دۆڵەکە؛ بەھانەی لە ماڵ دەرکەوتن و کۆڕی زەماوەند جێھێشتنی ئەمەیە، کە دەچێ گۆشتی راوێک بێنێتەوە. لێرەدایە کە تڕاژێدی دەگاتە ئەوپەڕی خۆی، دەستێکی بەھێز لە کاردایە بۆ پەروەراندنی دڵتەزێنترین بەسەرھات. دەوروبەر بەھارە، گیا شینە لاسکی ناسکی گوڵی کێوی بە دەم بای نەرم و نیانەوە ئەلەرێتەوە. دڵی باوکێک پڕ لە مەینەت، پەردووی زاوای دوو کوڕی گەنج بە تاڵە، دوو بووک چاوەڕوانە، داسنی لە شایی و خۆشییا نوقم بوون. «عەبدولعەزیز» گاھێ بە دڵیا دێ: «دووانم مردن، «سەیدەوان»م ماوە! ژیان شایییە یا شینە؟ !» دەنگی گۆرانی بێژ و دەھۆڵ و زوڕنای ناو دێ کە زۆر دوور لە دەرەوە دێتە بەر گوێ، ئەو جارانە وا شەماڵ ئەیھێنێ، ئەڵێ: «ژیان شایییە!» دوای مردن، ھەموو دەمرن، چونکە لە ھەوەڵەوە نەبوون، ھاتن و پاشان ڕۆیشتن، کە وەھایە ژیان قۆناخێکی کەم خایەن و کورتە لە نێوان دوو نەبوونی درێژ و بێ بەستێنا. ھەرا و بگرتنێکە لە بەینی دوو بێدەنگی و ھەدادان، کە وەھایە ژیان شایییە و بۆ نەمانی بێدەنگی ماوە زۆرە، بەڵام دۆڵی کپ و خامۆش کە ئەڵێی گریانێکی بە کوڵی پیاوانەی لە گەروودا بەستراوەتەوە، ئەڵێ: «نا، نا، ژیان ماتەمە، ژیان کۆس کەوتنە، ژیان لە گۆ کەوتنی دوو لێوی پڕ بزەیە!» با، لەوبەری دۆڵەکەوە یاری بە مووی زەردی ریشی بزنە کێوییەک ئەکا و لێکی ئەدا و ئەیھۆنێتەوەو «عەبدولعەزیزی» بە چاوێکەوە کە فرمێسکی مەینەتی تێزاوە، ئەڕوانێتە ئەو مووە زەردانە کە ئەڵێی پرچی «گوڵە بەڕۆژە» یا قژی «گەنمەکابە»یە و با ئەیشەکێنێ. وا ئەزانێ بەڕاستی مووی ریشی بزنە کێوییە. تەقەی تفەنگ ھەڵدەستێ، وەک پڕمەی گریانێکی بە کۆڵ ئەچێ، نا ئەڵێی قاقای پڕ لە تەوسی ئینسانە بەژیان! شتێکی زیندوو لە پشت بەردێکەوە ئەکەوێتە خوارەوە، وا دیارە پێکراوە. «عەبدولعەزیز» دەگاتە سەری، ئەبینێ «سەیدەوان»ە، مووی زەرد و خوێنی سوور دەم و چاوی سپی لە سەرگیای سەوز تێکەڵ بوون؛ ھەناسە لە سینگی چیادا قەتیس ماوە، کەو لە قاسپە کەوتووە، ڕۆژ خۆی لە ژێر ھەورێکی چڵکنا شاردۆتەوە! «عەبدولعەزیز» چی بۆ ماوەتەوە؟ ! دانیشێ، چونکە ئەژنۆی ھێزی نییە؟ لە بێدەنگی ئەترسی و ناشتوانێ بگری، چونکە پەشۆکاوە، ھەموو دنیا لەبەر چاوی دەبێتە یەک پرسیار: ژیان شینە یا شایییە؟ ! خەم لەوە گەورەترە کە لە دڵی پیر و ناسکی «عەبدولعزیز»ا جێگای ببێتەوە، ئەپاڕێتەوە، لەبەر خوا ئەپاڕێتەوە: «رەبی خودایە بای ڕەحمەتێ بێنێ لە لای قیبلەی مومبارەک لە داوێنی فەڕەنگیان. بیدەی لە خەمی «عەبدولعەزیز»ی و لەبەحری خوێیەی تێپەڕێنی!» چەند خەمێکی گەورەیە، خەمی «عەبدولعەزیز»ی داسنی کە دوو کوڕی ئەمرن و یەکێکی بە دەستی خۆی ئەکوژێ؛ لە کاتێکا بەھارە و کاتی بووژانەوە و ژیانە. بەیت بێژ چ تڕاژیدییەکی بەرزی پێکھێناوە، گیانی نەمری شادبێ. ++++++++++++++++++++++