شاعیر: سوارە کتێب: تاپۆ و بوومەلێڵ سەرناو: گۆران و ھەژار کامیان بەرزترن؟ سەبارەت: ١٩٧٥/٠١/٠٥ سەلام لە گوێگری بەھەست و ھونەر پەرەستی بەرنامەی تاپۆ. کەمێک بە بۆنەی کارەکەمەوە و بڕێکیش لەبەر ئەمە کە ھەڤاڵ و ئاشنا و ڕۆشنای ھونەر دۆستم زۆرە، دووچاری ھەندێ کۆڕی وا ئەبم کە تیا دائەمێنم و گاھێ پرسیاری وەھام لێ ئەکرێ کە وەڵامەکەی نازانم، یا وا ئەبێ کە لەنێوان شیکردنەوەی و لێدوانی مەبەستێکی ھونەرییا مەبەستی وا دێتە پێشەوە کە لە پێشا بیرم لێ نەکردبۆوە. ئەم کۆڕو ئەنجوومەنە بچووک و دۆستانەیە بۆمن جێگای شەوی شێعر و کۆری وێژەیی و ھەڵسەنگاندنی ھونەری ئەگرێتەوەو لام وایە ئەو بڕوایانە کە لەو دانیشتنە گەرم و برایانەدا دەرئەبڕڕێ، کەڵکی ئەوەی ھەبێ کە ئێوەش گوێتان لێ بێ و لێی ئاگادار بن. ھەڵبەت ئەگەر بڕوایەکی ترتان ھەبێ و بەڵگەی باشتان بۆ بڕواکەتان لەدەستدا بێ، ئێمە بڕواکەی ئێوەش بەناوی خۆتانەوە بڵاو ئەکەینەوە. بەم چەشنە ڕایەڵکەیەکی لەیەک گەیشتن و ھەڵسەنگاندن لە نێوان ئێمە و ئێوەدا بەدی دێ کە زۆر جێگای کەڵکە و ئەگونجێ زۆر شت لەم ئاڵوگۆڕی بڕوایەدا ڕوون بێتەوە. شەوێک لە کۆڕێکی بچووکی دۆستانەدا ئەم باسە وێژەیییە لە گۆڕێ بوو کە «پلە و پایەی دەسەڵات و سامانی شاعیری «گۆران» و «ھەژار» کامیان بەرزتر و زۆرترە؟» بۆ ڕوونبوونەوەی باسەکە لە پێشا باس لەوە کرا کە شاعیر ئەبێ چ ئیمتیازێکی ھەبێ بۆ ئەوە بچێتە ڕیزی شاعیری باشەوەو ھەموو پێکھاتین کە شاعیر ئەبێ جگە لە دەسەڵاتێکی مەعنەوی کە «ھەوێنی شاعیرانەی دەروونی» ئەتوانین پێ بڵێین، واتە جگە لەوە کە ئەبێ زەوق و لێھاتوویی سروشتی ھەبێ بۆ شێعرکوتن، ئەبێ چەند شتی تریشی ھەبێ کە بریتین لە شارەزایی بە مێژووی ھونەری وڵاتەکەی خۆی و وڵاتانی تری جیھان، بۆ ئەوە کە بتوانێ لە سەرچاوەی ھونەری گەلانی تر خۆی تێراو کا. وا باشترە کە زمانێکی زیندووی بێگانە بزانێ، چونکە بەو زمانانە کتێبی زۆر سەبارەت بە ھونەر و وێژە نووسراوە کە ئەگونجێ وەرنەگێڕڕابێتەوە بۆ زمانەکەی خۆی. تەنانەت ئەگەر شاعیر وەرگێڕڕاوی دیوانێکی شێعریشی لەبەردەست بێ، ناتوانێ بەھرە لە ھەموو ئەو جوانییانە کە لە ئەسڵی کتێبەکەدا ھەن وەربگرێ، چونکە ھەر زمانێک شتی وەھا تایبەتی تێدایە کە بەوەرگێڕاندن لەناو ئەچێ. کە وەھا بوو شاعیر ئەبێ ھەم زەوقی شاعیرانەی ھەبێ، ھەم لە وێژەی جیھان ئاگادار بێ. ھەواڵێک پرسیاری کرد سەبارەت بەم ڕاستەقینە ئەڵێن چی کە بەیتبێژ لەگەڵ ئەوەشا شوێنەواری زۆر گەورەی خوڵقاندووە جگە لە زمانی گەلەکەی خۆی زمانێکی تری نەزانیوە. وەڵام ئەمە بوو لەو کاتەدا ئەکرا شاعیری کورد خۆی بێ نیاز بزانێ لە زانیاری و وێژەی گەلانی تر، چونکە ژیانی کورد ساکار بوو. ئابوورییەکی ساکار و کۆمەڵێکی ساکار، بەڵام ئەمڕۆ لەو ساکاریییە، نە لە ئابووریدا و نە لە کۆمەڵ و ویستی کۆمەڵایەتیدا نیشانەیەک نەماوە. ژیانی کورد پێچ و قەمچی پەیدا کردووە و چارەنووسی تێکەڵ بووە لەگەڵ چارەنووسی جیھان. ئابوورییەکەی گۆڕاوە. شارنشینی و بازرگانی و سنعەت پەرەی سەندووە و شاعیری کورد ناتوانێ خۆی بپارێزێ لەو ھەموو گۆڕانە و ناچارە بۆ ئەمڕۆ و کۆمەڵی ئەمڕۆ شێعر بڵێ. «ھەژار» و «گۆران» ھەردووکیان فارسی و عەرەبی تورکی و کوردی ئەزانن و ھەردووکیان زمانێکی ئورووپایی تا ڕادەیەک کە بتوانن نووسراوی ئەو زمانە بە بێ یارمەتی وەرگێڕ بخوێننەوە شارەزان کە وەھایە لەم بارەوە بەرامبەر دێنەوە، بەڵام ئەگونجێ کە «ھەژار» بەسەر زاراوە جۆربەجۆرەکانی کوردییا شارەزاتر بێ، چونکە «کرمانجی ژووروو» کە لە ئێران پێی ئەگوترێ «بادینی»، باش ئەزانێ و لە شێعرەکانیا کە بەزاراوەی کرمانجی خواروون، وشەی کرمانجی ژووروو زۆر ئەھێنێ، وەک «بیرکم»، «ھەیڤ»، «شەپاڵ»، «چەلەنگ»و زۆر وشەی تر؛ تەنانەت «ھەژار» لە شێوەکانی زاراوەی کرمانجی خواروو کە لەئێران «سۆرانی» پێ ئەڵێن چەشنی «سنەیی»، «موکریانی»، «ھەولێری»، بە تایبەت شێوەی «دەشتی دزەیی» و «سلێمانەیی» کەڵک وەرئەگرێ و بەلایەوە زاراوە و شێوەکانی کوردی بەیەکەوە جیاوازییان نییە و شاعیری کورد ئەتوانێ لە وشەی ھەموویان کەڵک وەربگرێ، ئەم کارە لە شوێنەوارەکانی مامۆستا «گۆران»دا بەرچاو ناکەوێ. جا یا لەبەر کەم دەسەڵاتی بەسەر شێوەکانی کوردییا، یا لەبەر ئەمە کە پێی باش نەبووە لە شێعری سۆرانییا وشەی کرمانجی ژووروو بەکار بێنێ. کۆڕەکەی ئێمە لە دوای لێکۆڵینەوەیەکی زۆر بەم ئاکامە گەیشت کە لەناو کوردا شاعیرێک کە لە ناسکی زەوق و جوانی تەعبیرا بگاتە «گۆران» زۆر کەمە، بە تایبەت لە پێھەڵگوتن و پەسندی جوانی تەبیعەتا، لە باسی ئەوین و جوانی ئافرەتا کەس ناگا بە«گۆران». ھەڵبەت ئەوە کە ئەڵێین لەم ڕێبازەدا گۆران ڕێبواری تاقانە و چالاکە، مەبەستمان ئەمە نییە کە لە ڕێبازەکانی ترا دواکەوتووە. شێعری بەرزی «جیلوەی شانۆ» یا «تاقە ستارە» یا «دەروێش عەبدوڵڵا» یا «بۆ ھاوڕێم بێکەس» لەو شێعرە بێ وێنانەن کە بەراستی سامانی وێژەی کوردی دەوڵەمەندتر کردووە و گوڵزاری زەوقی شێعرناسانی بەھاراوی کردووە. کێ ئەتوانێ لە چەند دێڕی کورتا باسێکی ڕەوان ناسی وەھا باریک کە لە پارچە شێعری «تاقەستارە»دا ھاتۆتە گۆڕێ بەیان بکا؟ ئەمە سەبارەت بە «گۆران»؛ ھەژاریش لە ھەرێمی شێعری حەماسیدا بێ وێنەیە. لە ڕۆشنایی ئەم ڕاستەقینەدا کە باسمان کرد بەم ئاکامە گەیشتین کە «گۆران» شاعیرێکی لیریک (غەنایی)یە و «ھەژار» ئێپیک (حەماسی)یە. ھەرکام لە ھەرێمی خۆیانا دەسەڵاتدارن؛ بەڵام کاتێ «ھەژار» لا ئەدا بۆ شێوەی «غەنایی»، یا «گۆران» ڕوو ئەکاتە مەڵبەندی «حەماسی»، کەمێک لە بەرزایییەکەیان کەم ئەبێتەوە. ڕەنگە «گۆران» لە شێعری حەماسییا کەم دەسەڵاتتر بێ تا «ھەژار» لە شێعری غەناییدا. شتێکی تریش ئەبێ بکوترێ، ئەویش ئەمەیە کە «ھەژار» لە «شێوەی نوێ»دا تەواو کەم دەسەڵاتی خۆی نیشان ئەدا و «گۆران» لەم شێوەیەدا لەپێشترە تا شێوەی عەرووزی بەڵام لە شێوەی عەرووزیشا شێعری گەورەی خوڵقاندووە. بە ھیوای ئەوە کە بڕوای خۆتانمان بە بەڵگەوە بۆ بنووسن. تا حەوتەی داھاتوو خواتان لەگەڵ. ++++++++++++++++++++++