شاعیر: سوارە کتێب: تاپۆ و بوومەلێڵ سەرناو: جیاوازیی نێوان شێوە وێژەیییەکانی فارسی سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ. لە لێکۆڵینەوەی وێژەی ئێرانا گەیشتینە ئەم ئاکامە کە جیاوازییەکی بنەڕەتی وا کە لەنێوان شێوە وێژەیییەکانی ئورووپادا ھەیە لە ناو سەبک و شێوەکانی فارسییا نییە، واتە شێوەی کلاسیک و ڕۆمانتیک و ڕیئالیستیک لە بناغەوە جیاوازن و ھەرکام ڕاگەیێنەری مەبەستێکی تایبەت و فەلسەفەیێکی سەربەخۆن. لە کاتێکا لەنێوان سەبکی «خوراسانی» و «عێراقی» و «ھیندی» ئێرانا جیاوازی بەم ئاشکرایییە بەرچاو ناکەوێ، تەنیا جیاوازییەکی ئەوتۆ کە ئەبێتە ھۆی ناسینەوەی شێوەیەک و ھەڵاواردنی لە شێوەکانی تر جیاوازی ڕواڵەتییە، واتە دیوی دەرەوەی وتار. ئەم پرسیارە دێتە پێش کە بۆ چ وەھایە و چۆنە لە ماوەی کورتی کەمتر لە چوارسەد ساڵا چەن شێوەی تەواو جیاواز کە جیاوازییان لە ناوەڕۆک و کاکڵدا بەیەکەوە ھەیە، لە ئورووپا پەیدا ئەبن و لە ئێران لە ماوەیەکی ھەزار ساڵییا واتە لە ھەوەڵی پەیدا بوونی شێوەی «خوراسانی»یەوە تا دوایی شێوەی «ھیندی» جیاوزاییەکی ئەوتۆ ناکەوێتە ناو شێوە شێعرەکانەوە؟ ! لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا ئەبێ بڵێین ئابووری فێئۆداڵی گۆڕا بە ئابووری بازرگانی و بەشوێن ئەم گۆڕانەدا شێوەی کلاسیک کە بەرھەمی ئابووری فێئۆداڵی و ئاریستۆکراسی بوو، بوو بە شێوەی ڕۆمانتیک کە نیازی کۆمەڵی سەودا گەری ئورووپا بوو. ئێمە زۆرجار کوتوومانە کە ھونەر و زانیاری و خوو و ڕەوشت و ھەموو ئەو شتانە ڕووکاری ژیانن و لەسەر بناغە و پایەی ئابووری دامەزراون، ئەگەر بناغە بڕووخێ بێگومان ڕووکاریش خۆی پێ ناگیرێ و ناچارە بەرەو نەمان و فەوتان بڕوا. شێوەی ڕۆمانتیک وردەوردە گۆڕا بە شێوەی ڕێئالیسم، چونکە ئابوورییەکی نوێتر ھاتبوو. لانی کەم ئەگەر وڵاتانی ئورووپا ھەر لەسەر ئابووری بازرگانی مانەوە، بەڵام پێشکەوتی سنعەت و تێکنیک و پەیدابوونی چەن تاقیکاری لە ئابووری گشتییا و دەرکەوتنی بێدادی، شێوەی ئابووری بێ دەربەستی تاکی بۆ ڕووناکبیران و خاوەن پێنووسانی ئورووپایی ڕوون کردەوە کە ھەرێمێکی بژوێنتر و ئینسانیتر ھەیە لە تاک پەرستی و بڕوا بە کۆللێکتیڤ (Collective)، چ لە ئابوورییا و چ لە ھونەرا پەرەی گرت. مەبەست ئەمەیە کە لە ئورووپا بناغە گۆڕا و بە گۆڕانی بناغەی ئابووری ڕووکاریش کە ھونەر بەشێکیەتی گۆڕا، بەڵام لە ئێرانا بۆ ماوەی دوو ھەزار ساڵ ئابووری فێئوداڵی مایەوە، گاھێک بێ ھێز بوو، بەڵام لەناو نەچوو و توانی ھەڵداتەوە، ھەروەک لە «چین»یشا وەھا بوو و ئابووری دەرەبەگی زیاتر لە دوو ھەزار ساڵ بەحەوسەڵە و گیان سەختییەوە خۆی ڕاگرت، بەڵام ئەمەش خۆی پرسیارێکە و شیاوی وەڵامێکی ترە کە بۆچی لە ئورووپا ئابووری گۆڕا و لە ئێرانا نەگۆڕرا. ئەزانین کە ھەموو گۆڕانێک لە بەرەنگاری «تێز» و «ئانتی تێز» دێتە بەرھەم و ھیچ مەبەستێک لەم ھەرێمە تێناپەڕێ و ئەم دەسەڵاتی تێز و ئانتی تێز بەسەر ھەموو مەبەستێکا ڕەوایە و لێرەدا پێویستە بزانین چ ھۆیەک یارمەتی مانەوەی تێزەکە ئەدا کە ئانتی تێز ناتوانێ بەسەریا زاڵ بێ و«سەنتێز» بێتە ڕوو؟ بە چەشنێکی تر چ بارێکی تایبەت دێتە فریای فێئۆدالیسم کە ماوە نادا لە ژێر ھێرشی بازرگانییا لەناو بچێ؟ شاڵاوی ھۆزە بیابان گەڕە کۆچەرەکان بۆسەر «بانوو» واتە فەلاتی ئێران، ھۆی ھەرە گرنگی دواکەوتنی ئابووری ئێرانە. ئەو ھێرشانە وڵاتیان شڵەژاند و باری بەرەو پێشکەوتی ئابوورییان تێکدا و نەوەک تەنیا بوونە ھۆی ڕاوەستانی بەلەزی پێشکەوت، بەڵکو بەرەو پاشیش ئابوورییان گێڕاوە. ئەزانین پاش پەیدابوونی ئایینی ئیسلام جگە لە دوو سێ خانەدانی وەک «ئالی زیار» و «ئالی بوویە» و «سامانی» ھەر ئەمیر و سوڵتانێک کە ھات و لە ئێرانا فەرمانڕەوایی کرد تا دامەزرانی «سەفەوییە» ڕەگەز ئێرانی و ڕاھاتووی ژیانی کۆمەڵی ئێران و ھۆگری خوو و ڕەوشتی ئێمە نەبوو، زیاتریان لەو ھۆزانە بوون کە بۆ لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات لەوپەڕی «ماوراء النھر» و لە «تورکستان»ەوە ھاتبوون و بە چەن شەڕ و پشێوە دروستکردن توانییان ھەرکام حکوومەتێک پێکبھێنن وەک «سەلجووقی» و «غەزنەوی» و «ئاق قۆینڵوو»؛ ھیچ کام لەو حکوومەتانە جگە لەوە کە ئێرانی نەبوون ئەوەندەش دەسەڵاتیان پەرەدار نەبوو کە تەواوی ئێران بگرێتەوە و ماوەی حکوومەتی بنەماڵەشیان زۆر نەبوو. ھێرشی مەغوولەکان کە گەورەترین بەڵای پێشکەوتی ئێران بوو لەوەی کە بووش ئابووری زیاتر وە دواخست. ئەو ئەمیرە دەسەڵاتدارانە خۆیان لە پێشا بە مەڕداری و شوانی ئەژیان و ئابوورییەکەیان دواکەوتوو بوو. ئەزانین کە لەسەردەمی ئەشکانیش «اقطاع» و «فئێۆدالیسم» - کە خاوەنی ئابوورییەکی پێشکەوتووترە لە ئابووری ئاژەڵداری - لە ئێرانا دامەزرابوو، تەنانەت لە دوایی سەردەمی ساسانییا بەرەو بۆرژوازی بازرگانیش چووبوو. سنعەتکار لە شارەکان پەیدا ببوون و بەپێی کتێبە داستانییە ئێرانییەکان بازرگان لە کۆمەڵا ڕێزێکی زۆری ھەبوو؛ ڕێگای تیجاڕەتی ھاوریشم کە ئورووپای بە ھیند و چین و شەڕقی ئێستاوە پێوەند ئەدا بە ئێرانا تێپەڕی؛ لەبەر ئەمە ئابووری ئێران کاتێ بە ھۆی فەرمانڕەوایی ئەو ھۆزە ماڵاتدار و کۆچەرانەوە ڕەنگی ئابووری شوانی گرت لە ڕاستییا دواکەوتی بەسەراھات. شارنشینی وەک لە ئورووپا ھەبوو پاش تێکڕووخانی «چاچ» و «سەمەرقەند» و «قەرغانە» و «ھەرات» و «ئۆرگەنج» و «خوجەند» لە ئێرانا پەیدا نەبوو؛ ئەمە ھۆیەکی ھەرە گەورە بوو کە لە ئاکامیا ئەشرافە فێئۆدالەکان وەک لە ئورووپا جێ گرتوو و بە دەسەڵات بوون، لە ئێرانا نەیانتوانی تەئسیریان لە حکوومەتا ھەبێ. ھێرش و شەڕ و کوشتار ھێمنی نەھێشت کە ئەزانین ھێمنی بۆ پێشکەوتی ئابووری گەلێک پێویستە. تا حەوتەی داھاتوو بە خواتان ئەسپێرین. ھیوامان بەختەوەری ئێوەیە. ++++++++++++++++++++++