شاعیر: سوارە کتێب: تاپۆ و بوومەلێڵ سەرناو: وەڵامی گوێگرێکی خۆشەویست سەبارەت: ١٩٧٤/١٢/٢٢ سەلام لە گوێگری بەڕێز و ھونەر پارێزی بەرنامەی تاپۆ. کاک ڕەحیمی بەھرامزادە لە بۆکانەوە نامەیەکی بۆ نووسیوین و پاش ئەوە کە نزای بۆ سەرکەوتنمان کردووە لە خزمەتی گەلا، چەن ڕەخنەیەکی لێ گرتووین و ئێمە لەم بەرنامەیەدا وەڵامی ئەدەینەوە. کاک ڕەحیم وا دیارە گەنجێکی بەشۆر و ھونەرناسە و دەردەکەوێ بەرنامەی تاپۆی چەن حەوتە بەر لە ئێستەی گوێ لێ بووە کە لەودا کوتبوومان نابێ ماوە بدرێ ئەو شتە نزمانە کە ئەمڕۆ بەناوی گۆرانی کوردی لە ناو خەڵکا باوە پەرە بگرێ. لە نامەکەیا نووسیویە کە ئێوە خۆتان زۆر کاری وا ئەکەن کە خەیانەتە بە ھونەری کوردی. کاک ڕەحیم مەبەستی ئێمەی کاربەدەستی ڕادیۆی کوردی بووەو نووسیویە کاتێ شێعرێکی کوردی ئەخوێندرێتەوە، پێتەویستی چییە کە لەناوی ھونەرمەندێکی کە کورد نییە لە مووسیقای ئەوان لەگەڵ شێعرە کوردییەکەدا کەڵک وەربگیرێ. ئەمە ڕەخنەی یەکەمییەتی. ڕەخنەی دووھەمی ئەمەیە کە بۆچ ئێمە ھەر باسی ھونەرمەندانی ڕابوردوو ئەکەین و لانی ھونەرمەندانی گەنج و ئەمڕۆییمان بەرداوە. ئەو گوێگرە ھوشیارەمان نووسیویەتی کە بەڵێ باسی خزمەت و تێکۆشانی ڕابردووان بەکەڵکە، بەڵام ئەبێ بۆ گەنجەکانیش کە تامەزرۆی ھونەرن ھەنگاوێک بنرێ و ڕێنوێنی بکرێن و ھان بدرێن. ڕەخنەی سێھەمی ئەمەیە کە بۆچی بەستە فارسی و تورکییەکان وەرئەگێڕنەوە بە کوردی؟ ئەمانە ئەبنە مایەی لەناو چوونی ڕەسەنی ئاھەنگی کوردی. دانەری ئاھەنگ کە لە خەڵکی کورد دوورە و لەناویاندا نەژیاوە ئاگای لە چڵۆنیەتی ئاھەنگە بەرووەکان نییە، کاتێ کە پێی ئەکوترێ ئاھەنگێکی کوردی بۆ بڵاوبوونەوە لەسەر ڕادیۆ دابنێ، ناچار پەنا بۆ ئەو ئاھەنگانە کە یا تورکین، یا فارسی و خۆی لە دانانی ئاھەنگێکی تازە ڕزگار ئەکا. پاشان ئەو ئاھەنگە کە بێگومان پڕ بە پێستی چێشکە و ھەستی کورد نییە، شێعرێکی بێ تام و بۆنی کوردی ئەخرێتە سەر کە تەنانەت شێعرەکەش پێناسی کوردی نییە. جا بیری لێ بکەنەوە کە لەم ناوەدا تەنیا وشەی ئاھەنگەکە کوردییە، نەگیانی شێعرەکان، نە ھەناوی ئاھەنگەکە کوردی نیین. کاک ڕەحیم پاشان پرسیار ئەکا ئاخۆ ئەم کارەی ئێوە باشترە لە کاری گۆرانیبێژێکی کەم زان کە وشەی نزمی دوور لە خوو و ڕەوشتی جوانی بەسەر زمانا دێ و بەواتەی نووسەری تاپۆ ئەڵێ: «دایکی حەوت کوڕبی پێت دەکەم حاشا»؟ ! برای گەنج و ھێژامان کاک ڕەحیمی بەھرامزادە! ئێمە ھەرگیز نەمانکوتووە کە کارمان بێ کەم و کووڕی و کەمایەتییە. ڕەنگە زۆر کەمایەتی وا لە کارمانا ھەبێ کە گوێگرەکان وەک خۆمان شارەزای نەبن؛ بەھیواین وردەوردە بەسەر ئەو کەمایەتییانەدا زاڵ بین، بەڵام ئەوە کە ئێوە نووسیوتانە باسی ھونەرمەندە گەنجەکانیش بکەین، لامان وایە کە ئێمە لە ناساندنی ئەو برا بەھەست و ھونەرمەندانەدا، چ مووسیقار، چ شاعیر، چ نووسەر و یا دەنگ خۆش کۆتاییمان نەکردووە، مەگەر لە ھەبوونی ئەوان ئاگامان نەبووبێ، کە ئەویش تاوانی ئێمە نییە. ڕەنگە ئەوە کەمتەرخەمی ئێوە بێ کە ئاگاتان لە بوونی شاعیرێکی گەنج یا ھەر ھونەرمەندێکی تر ھەبێ و بەئێمەی نەناسێنن. ئێمە لە ھەموو بەرنامەیەکدا دووپاتەی ئەکەینەوە کە بەدەستێک چەپڵە لێنادرێ. ئێمە و ئێوە بەیەکەوە ئەتوانین ڕاسپێریمان بەباشی بەڕێوە بەرین، چونکە ئێمە ناتوانین و لە وزەماندا نییە ھەموو ھونەرمەندێک لە ھەموو شوێنێک بناسین، کە وەھا بوو ھەموو گوێگرێک لە سەریەتی کە ھونەرمەندانی شار و ئاوایی خۆی بەئێمەی بناسێنێ، شوێنەوار و کاریان بۆ ئێمە بنووسێ و بنێرێ و ئێمەش ڕاسپێریمانە کە ئەگەر شوێنەوارەکانیان کەڵکی بڵاوکردنەوەی ھەبێ بەناوی خۆیانەوە بڵاویان کەینەوە و کارێک بکەین کە لەھەموو شوێنێک بیناسن، بەڵام یەک شت ھەیە کە نابێ لە یاد بکرێ و ئەویش ئەمەیە کە ئێمە کۆڕی نووسەرانمان ھەیە و ھەر نووسراوێک چ ھی نووسەرانی خۆمان بێ و چ لە لایەن گوێگرەکانەوە بێت ئەو کۆڕە بەوردی ئەیخوێنێتەوە و بڕوای لەسەر ئەدا، تەنانەت ئەتوانێ ئەگەر لەنگ و لۆرییەک لە نووسراوەکەدا ھەبێ دەستی تێبەرێ و چەوتییەکان ڕاست کاتەوە. ئێمە زۆرمان پێ خۆشە کە پەیوەندێکی پتەومان لەگەڵ ئێوە ھەبێ، گەشەی کاری ئێمە بەمەوە بەستراوە کە ئێوە لە کارمان ڕازی بن؛ ھەڵبەت ئەمە کە ئێوە لە سەدا سەد ڕازی بن، نە بۆ ئێوەش ئەلوێ، چونکە لەو حاڵەدا ئیتر ئێمە خۆمان بەراسپێریدار نازانین بۆ بەرەوپێش چوون و باشترکردنی بەرنامەکانمان و ئێوەش ھەوڵ نادەن بۆ دۆزینەوی ھەڵەکانی ئێمە و ڕێنوێنی کردنمان. با ئەمەش لە دوایی ئەم باسەدا بڵێم کە ئەم بەرنامانە گشتیان بۆ ئێوەن و ھی ئێوەن و باشتر بوو کە لەکاتی ڕەخنە گرتنا ئەمەتان لەبەر چاو بێ کە بەشێک لەبەرزکردنەوەی بەرنامەکە ھی ئێوەیە. کاک حەسەنی ڕەسووڵی خوێندکاری زانکۆی وێژەی زانسگەی تاران پرسیاری کردووە ئایا بەلای ئێوەوە ھونەرمەند ھەر بەشاعیر و نووسەر ئەکوترێ؟ ئەگەر لاتان وا نییە بۆ چ باسی گۆرانیبێژێک، نەقاشێک یا مووسیقارێکی کورد ناکەن؟ وەڵامی کاک حەسەن ئەمەیە کە نەخێر ھونەرمەند بەلای ئێمەوە ھەر تەنیا بە شاعیر و نووسەر ناکوترێ مووسیقار و نەقاش و دەنگخۆشیش ھونەرمەندن، بەڵام شاعیر و نووسەر لەناو کوردا زۆرترن لە مووسیقار و نەقاش و ھونەری دەنگ خۆشیش لەو چەشنە ھونەرانە نییە کە بەرنامەی لەسەر بنووسرێ؛ ھەر ئەوەندە کە دەنگیان لە ڕادیۆوە بڵاو ئەکرێتەوە خۆی چەشنێک ناساندنە. ئەگەر نەقاش یا مووسیقارێکی کورد ھەبێ و بە ئێمەی بناسێنن، زۆر سپاستان ئەکەین. لێرەدا بەرنامەکەمان دوایی ھات؛ تا حەوتەی داھاتوو خواتان لەگەڵ. ++++++++++++++++++++++