شاعیر: سوارە کتێب: تاپۆ و بوومەلێڵ سەرناو: شانۆگەری چۆن و کەی سەری ھەڵداوە؟ سەلامێکی گەرم و گوڕ پێشکەش بەگوێگری ھۆگری ھەوای بژوێنی ھونەر. باسی ئەمڕۆ تەرخان ئەکەین بۆ ئەم مەبەستە کە تئاتر یا شانۆگەری چۆن و لە کەیەوە لەناو کۆمەڵا پەیدا بووە و بەکوێ گەیشتووە و لەناو کۆمەڵی کوردا ئەم ھونەرە پێشینەی چییە و ئەمڕۆ لە چ پلەیەکدایە؟ شانۆگەری لەگەڵ نووسینی نومایشنامە جیاوازییەکیان لە بارەی زەمانەوە ھەیە، واتا پێش ئەوە کە نووسین و خەت ھەبێ شانۆگەری و نیشاندانی مەبەستێکی کۆمەڵایەتی یا ئایینی بەچەشنێکی نزیک لە تئاتری ئەمڕۆ ھەبووە و ئەم نیشاندانە ئەگەڕێتەوە بۆ ھونەری جادووکارانە کە کوتمان دایکی ھەموو ھونەرێکی تری ئەمڕۆ بووە و ھەر بەشێکی ھونەر کە بیگری لە ئاکامی پەرەگرتنی ئەو شێوە جادووکارانەی ھونەری پێشوودا پەیدا بووە. تەنانەت پەیکەرە دروست کردن و ئاڕشیتێکتی و تئاتری ئەمڕۆ. بێگومان ئادەمیزادی بەڕوو، پێش ئەوە زمانی کەوێتە کارو بۆ ھەموو شتێکی دەوروبەری ناوێک دابنێ و کۆمەڵ ئەو ناوە بگرێ و بەکاری بھێنێ، دەستی لەکارا بووە. جا بیری لێ بکەنەوە کە ئەو ئادەمیزادە کاتێ ویستبێتی بەخێڵەکەی حاڵی بکا کە لە بێشەیەکا شێر یا ماری دیوە بەئیشاڕە و زیل و بەمی دەنگ ئەو کارەی پێ نەکرابێ چی کردووە؟ بێگومان شکڵی ئەو دڕندەیا ماری لە قوڕ و بەوێنەیەکی سەرەتایی دروست کردووە. ئەمە پەیکەرسازکردن. ھەر ئەو ئادەمیزادە ناو غارەکەی خۆی بەش کردووە و ھەر بەشەی کردۆتە جێگای تایبەتی شتێک. وەک شوێنی خەوتن، شوێنی ھەمارکردنی خواردەمەنی و ئازۆخە و پێتەویستی تر و ئارشیتێکتی ھەر ئەم لەبەر چاوگرتنەی پێتەویستەکانی جێگای حەسانەوە و یا کارکردنە کە جوانی و تەفەننونیشی تێکەڵ بووە. ئەمێنێتەوە تئاتر یا شانۆگەری کە ئەمڕۆ وا دێتە بەرچاو کە گوایە تئاتر ناچارە نومایشنامەیەکی نووسراوی ھەبێ و دەورگێڕەکان بکەونە شوێن پییەس و سووژەیەکی نووسراو. ئەپرسین تئاتر چییە؟ ئاخۆ تەنیا بۆ تەفەننون و سەرگەرم کردن پەیدا بووە و بەھرەیەکی کۆمەڵایەتی نییە و بەناوی پێتەویستێکی ژیان خۆی نەنواندووە؟ وەڵام ئەمەیە تئاتر یانی نواندنەوەی ئەو ڕاستەقینە کۆمەڵایەتییانە کە ئامبازی ژیانی مرۆڤن بەچەشنێکی ھونەرمەندانە واتە بەھێزی عاتفە و بەھۆی جووڵە و قسە و حاڵەتەوە و بەکەڵک وەرگرتن لە وێنەسازی بۆ تەبیعەتێ کە داستانی ڕووداوە تئاترییەکەی تێدا ھەڵکەوتووە. ئەم قەیدی دوایی، یانی کەڵک وەرگرتن لە وێنەسازی- دێکۆڕ- لەپێشدا پێتەویست نەبووە، چونکە ئادەمیزاد خۆی لە تەبیعەتا ژیاوە و دێکۆڕی ئامادە و سروشتی ھەبووە. تئاتر بۆ ئادەمیزادی بەروو، شتێکی خەریککەری تەفەننونی نەبووە، بەڵکوو بەشێکی پێتەویستی ژیانی ئەوبووە، کە وەھا بوو بەھرەی کۆمەڵایەتی نەبووە. ئادەمیزاد ئەگەر ویستبێتی خۆی ساز بکا لە پێشا بۆ ئەو کارە تەمرینی کردووە. تاقمێ لە خێڵەکە بوون بەدوژمن و تاقمێکی تر ویستوویانە ئەو دوژمنانە کە بەڕواڵەت کراون بەدوژمن بشکێنێ و لەناویان بەرێ. ئەمە خۆی بۆتە مایەیەک بۆ شانۆگەری بێ ئەوە پییەسێک (نومایشنامە) لە کارا بێ. لە سەرەتای سەدەی شەشەمی پێش لە دایک بوونی عیسادا، نومایشنامەی نووسراو لەناو یۆنانییەکانا پەیدا بوو. لە سەرەتاوە تڕاژیدی ئایینی بە چەشنی سروود، ھەر وەک لە ئێرانی کۆنا سروودی ئاگر (نیایشی ئەھوورامەزدا) ھەبوو، لە یۆنانی سەدەی شەشی پێش لە دایک بوونا دەستی پێکرد. بۆ نموونە سروودێ کە بۆ ڕێزگرتنی خوای شەڕاب دیونسووس لە جەژنە ئایینییەکانا لە لایەن تیپێکی تایبەتەوە ئەخوێنرایەوە. سروودی قوربانی کردنی ئاسک، یەکێکی ترە لەو سروودە تڕاژدیکە ئایینییانە. گەورەترین تڕاژێدی نووسی ئاینی ناوەڕاستی سەدەی شەشەمی بەر لەمیلاد «ئی بیس»ە کە ئاڵ و گۆڕێکی لەو چەشنەنومایشنامە ئایینیییانەدا پێکھێنا و دیالۆگی ھێنا ناو سروودەکانەوە. ئاکتۆر ACTOR واتە نەخشیاری شانۆ ئەکەوتە دەمە تەقە و گوفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکی تیپەکە و بەم چەشنە تڕاژدێدی لە سروودێکی رووتەوە گۆڕا بەوتووێژ و سروود، تێکەڵ. ئاخۆ ئەم چەشنە شانۆگەرییە زۆر لە بەیتە کوردییەکان ناچێ کە ھەندێکیان بەقسەو پەخشان بوو و بڕێکیان بەشێعر و ھەڵبەست؟ بەیتخوان لە کاتی خوێندنەوەی پەخشانەکەدا ھەوڵی ئەدا بیری گوێگر ئامادە بکا بۆ پەردەیەکی تر لە بەیتە نومایشنامەکە و ئەمجار دەستی ئەکرد بەخوێندنەوەی بەشە ھەڵبەستەکە. پاش تڕاژیدی ئایینی، دڕام یا دڕاما DRAMA لە یۆنان پەیدا بوو. ئی سی خۆلۆس گەورەترین دڕام نووسی یۆنان بوو- ئی سی خۆلۆس لە ژمارەی سروودخوێنانی ساکاری نومایشنامەی کەم کردەوە، لە جیاتی ئەوە دیالۆگی دڕامی زۆر کرد و جموجۆڵ واتە نواندنی بەحەڕەکەی باو کرد. پڕۆمیووس ماگیدا بەنووسینی نومایشنامەی ئاگامێ مو نون و سۆفۆکل یا سۆفۆکلێس بەنووسینی ئۆدیپ گەورەترین تەئسیریان کردە سەر دڕام نووسینی یۆنان. یورپیدیس لە نومایشنامە نووسەکانی پێش خۆی زۆرتر، بەلای ڕاستەقینەوە چوو. ھیپبو لیتووس و میریا و ئەیوون چەن نومایشنامەی ئەو نومایشنامە بەرزەی یۆنانی کۆنن کە تەنانەت لە سەردەمی ئێمەشدا سەرنج رائەکێشێ. شتڕاوس مووسیقاری بەناوبانگ، نومایشنامەی ئەلکترای کردووە بە ئۆپێڕا OPERRA. بەداخەوە لە ناو کوردان تا ئەم دوایییانە نومایشنامە نەنووسراوە، بەڵام شانۆگەری ھەبووە، زۆرتری یارییەکانی کوردستان کە بە گەل ئەکرێن، چەشنە نومایشنامەیەکن. یەکێک لەوانە «میر میرێن»ە کە نومایشنامەیەکی کۆمێدییە و بۆ ڕەخنەگرتن و قەشمەری کردن بەزۆردار ساز ئەکرێ. ھۆی ئەمە کە بۆچ لەناو کوردا نومایشنامە نەنووسراوە ئاشکرایە و لێدوانی ناوێ. تا بەرنامەیەکی تر خواتان لەگەڵ. ++++++++++++++++++++++