شاعیر: سوارە کتێب: تاپۆ و بوومەلێڵ سەرناو: ڕووناک ھەر دەبوو بێدەنگ بم، دەبوو نەنووسم، بەڵام لەو کاتەوە کە دڵم بەدڵی تۆوە پەیوەندکردووە، خۆپەرستی و غروورم نەماوە، خۆت ئاگات لێیە کە تا ئێستە زۆرم ھەوڵ داوە بۆ خۆمت ڕاگرم، ھەر کات قسەیەک ھاتۆتە پێشەوە و سەرچاوەی ڕوونی ئەوینمان لێڵ کردووە؛ لەگەڵ ئەوەشا من تاوانێکم لە پێکھێنانی ئەم نێوان ناخۆشییەدا نەبووە دیسان ھەر من دەستی ئاشتیم بۆ لات ڕاداشتووە. بە گیان و دڵ کڕیاری نازت بووم، گوێم نەداوەتە گرمەی ترسێنەری دێوی غروورێک کە لە دەروونمدا وەخەبەر ھاتووە، لەبەرچی؟ چونکە خۆشم ویستووی، تۆش پاش ئەوەی ھەستی ناسکی کچانەت دامرکاوە، داوای ئاشتی منت وەرگرتەوە و بەپێکەنینێکت ھەموو لای ڕەشبینی و ناھومێدییەکت لە دڵم ڕاماڵیوە. ھەموو کچێک خاوەنی ھەستێکی ئەوتۆیە، ئەیەوێ بۆ دڵدارەکەی ناز بکا، بتۆرێ و چاوەڕوانە کە پیاو ھەنگاوی ھەوەڵ بۆ ئاشتبوونەوە ھەڵگرێ. ئەم ڕاستەقینەیە کە من باشی تێئەگەم، ئەزانی کە ھەمیشە ھەر من پێشەنگی ئاشتبوونەوە بووم. چ پەیمانێکمان بەست؟ چەندەمان زەمزەمەی بەھار و ئەوین و دڵداری بە گوێی یەکا چپاند؟ چەند سەعاتی بە شۆر و ھەرگیز لە بیر نەچۆوەمان لەلای یەک بەسەر برد؟ لە بیرتە کە من ئەترسام بە جارێ خۆم بسپێرمە دەس گەردەلوولی ئەوین؟ چونکە تاڵترین تاقیکاریم لەم بارەوە ھەبوو، بەڵام تۆی باش، تۆی خاوێن ناچارت کردم تەسلیم بم، دەروونی من ئامادەبوو، بۆ بانگھێشتنی میوانی ئەوین، ئەمزانی کە ھەستی من تەنیا لە دوڕگەی بەرین و سەوزەڵانی دڵدارییا تێئەگا و پتەو ئەبێ؛ بەڵام ئەترسام ئەو دوڕگەیە کە من لە دڵما سازم کردووە بەو ھەموو مەلە جوانانەیەوە کە جریوەیان وەک مووسیقای بێ وچانی ژیان دێتە گوێ لەپڕ ببێتە وشکارۆیەکی چڕ. ئەترسام ئەو ھەنگاوانە کە من بەتاسەی ھەرێمی ئەوینەوە ھەڵیانئەگرم بمگەیەنێتە وڵاتی درۆو دەلەسە و فریوکاری. لە بیرت چۆتەوە ئەو رۆژە پاش ساڵێک کە بەچاو، بە ڕوانین، بە ھەناسەی ساردوگاھێ بە بزەی شەرمێونی لێو تێمگەیاندبووی کە گرفتاری تۆم؟ لە کۆمەڵانێکا تووشی یەک ھاتین، ئێوارەیەکی بەھار بوو تۆ کتێبەکانت بە سەر سینگی پڕ لە رازی کچانەتەوە گرتبوو، شەکەتی چەند سات گوێگرتن بۆ دەرس کوتنەوەی مامۆستای خوێندگەکە کەمێک چاوی لێڵ کردبووی، دەتکوت گۆلاوێکی مەندە بە پەلکی شلک و تەڕی شۆڕەبی سێبەری لێ کراوە. لەمێژ بوو ئەمویست پرێسکەی دڵم لەلات بکەمەوە بەڵام نازانم چ سامێکی یەزدانم لە چاوتدا بەدی ئەکرد؟ کە ھەر لەگەڵ ئەمدیتی زمانم دەچووە بەست. بەڵام ئەو ڕۆژە شەپۆڵی پەنگاو بەستووی ھەستی من لەمپەڕی زمان و پەرژینی مژۆڵی ڕووخاند، گوتم: «ڕووناک!» ڕاوەستای، بزەیەکی ھیوابزوێن کەوتە سەر لێوت و ڕەنگت کە لە پێشا وەک پۆلووی ئاگر سوور بوو گۆڕا، وەک ڕۆژی سەرکەل پەڕی، پاش ئیستێکی کورت بووی بەئاسکێکی سڵ و ھەڵاتی. وەک دوێردێکی تیژ ھەریری ھەوای کۆڵانت لەت کرد، کۆڵان پڕ بوو لە بۆنی خۆشی ئەوینت. من مامەوە بەدڵێکی لەدەست دەرچوو. گیانەکە ڕەنگە لەبیرت نەمابێ چونکە ئەمڕۆ بۆم دەرکەوتووە ئەم ماوەیە ھەر نەخشت گێڕاوە، رووبەندی دڵداریت بەسەر خۆتا کێشاوە و لە ژێرەوە گاڵتەت بە من کردووە. لێت ئەپرسم، کاری ئەو باخەوانەت پێ چۆنە کە تۆوی گوڵ ئەچێنێ؟ شەو ئاوی لێ ئەنێ، بژاری ئەکا، لەشی نەرم و نیانی گوڵەکە لە دەسدرێژی دڕک و داڵ ئەپارێزێ تا غونچە ئەکا، ئەپشکوێ و بەدەم بەیانەوە پێ ئەکەنێ، پاشان باغەوان پێشێلی کا، بیژاکێنێ و لە ڕیشەوە دەریبھێنێ، بیخاتە بەر سوورەتاوی بێ بەزەیی نیوەڕۆی ھاوین؟ پێم بڵێ کاری ئەو باغەوانە بێ ھەستە، دەروون زبرەت پێ چۆنە؟ کارم بەسەر وەڵامی تۆوە نییە، بەڵام تۆ خۆت وەک ئەو باغەوانە باخچەی دەروونی منت بەجوانترین گوڵی ھەست و دڵداری ڕازاندەوە، ئەو گوڵانەت بەئاوی ھیوا پەروەردە کرد تا شەپۆڵی بۆنی خۆشیان دەماغی لاویمی پڕ کرد. لە پڕ بێ ئەوە تەنانەت خۆشت بزانی بۆ چ وات کرد، لێت ناپاڕێمەوە کە ئەو بەھارە کە خۆت کردت خەڵاتم بۆچی لێم وەرئەگریەوە؟ ! تەنیا ئەمەوێ جارێکی تریش بتبینمەوە، سۆنەی نیگام کە ھۆگری زرێباری چاوتە، جارێکی تر لەم دەریا شین و مەندەدا مەلە بکا. ئەمەوێ بزانم دیسانەوە لەبەر چاوم ھەر ئەو کەلە ھەتاوگرەی بەربەیانی، یا بووی بەئاسۆی زەردی ڕۆژپەڕ. زۆر سەیرە چۆن ئەبێ دڵێکی وەک دڵی من بێ تاوان لە پڕ لەوپەڕی بەختیارییەوە بێتە ئەم پەڕی چارەڕەشی؟ بەیانی کە چاوم کردەوە تۆم ھەبوو، بزەی ھەتاوم ھەبوو، ژیان و ھیوام ھەبوو، کە شەو داھات نە تۆمای، نە پڕشنگی خۆرەتاو و نە ژیان و ھیوا. نازانم بیرەوەری ئەوینی مردوومان ئەوەندە بێ ھێزە کە بتکێشێ بۆ جێژوانی چۆڵی خاپوورمان یا نا، بەڵام ئەگەر ھاتی چاوت بەمن یا باشتر بڵێم تاپۆی من ئەکەوێ و ئەو تاپۆیە پێت ئەڵێ بۆ چ وات کرد؟ ئەم نووسراوە کورت و ساکارە کە پێشکەشتان کرا تەنیا لە ڕوانگەی دڵدارییەوە سەیری دەوروبەری خۆی ئەکا و ناتوانێ بۆ کۆمەڵ کەڵکێکی ھەبێ بەتایبەت ئەمڕۆ کە شێوەی ڕۆمانتیک کۆن بووە و دەرکەوتووە کە ناڵە و ھاواری ئەویندارانە ھیچ دەردێکی کۆمەڵ دەوا ناکا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشا ئێمە ھێندە وشک و بێ ھەست نین کە بەجارێ ئەوینمان پێ بێھوودە بێ، ئەوین لە نووسراوەی «رئالیستی»یا ئەبێ کەرەسەیەک بێ بۆ ھاندان و پتەوکردن و لابردنی شەکەتی، نەک خۆی ببێتە ناوەڕۆکی مەبەست؛ واتە ئەوین بۆ ژیانی بەختەوەرانە لەگەڵ ھەموو کەس، «نەک ئەوین بۆ ئەوین». ++++++++++++++++++++++