شاعیر: سوارە کتێب: تاپۆ و بوومەلێڵ سەرناو: خەڵکی شاری ئەوینم ھەوا تاریک بوو، ھەوەڵ جار بوو کە من بەنوێژی نیوەڕۆ بیرم لەوە دەکردەوە، ئەگەر خۆرەتاو تینی نەمێنێ ئەم سەرزەوییە کە ھەزاران ساڵە ئێمەی لە سەر پشتی خۆی سوار کردووە چی بەسەر دێ؟ وڵات یەکپارچە ئەبێتە سەھۆڵ، دار و بەرد و ئاو ھەمووی ئەیبەستێ و گەرمای ژیان ساردوسڕ دادەمرکێ. نازانم لەو بیرە ئاڵۆزانەدا گەیشتبوومە کوێ کە بەژنێکی بەرز و کەڵەگەت بە کراسێکی زەردەوە بەلای منەوە دانیشت. ئەھات وا تاریک ئەبوو، پڕشنگێ کە لە خۆرەتاوەوە ئەھات و ئەکەوتە سەر خارای کراسی ئەو کچە وا لەلام دانیشتبوو، لە سەر کراسەکەی ئەبوو بە ھەزار ڕەنگی بە ورشە، تێی گەیاندم کە تاو و ساوێکی خۆش خێوەتی ھەڵداوە... چاوم لە جووتێ کەوشی ژنانە ھەڵگەڕا بەرەو ژوور، وەک مارێکی ڕەش بەڵەک و تینوو کە بەدارێکی شلک ھەڵگەڕێ و بیەوێ لە ناو تورت و تەڕی لکی ھەرە بەرزی دارەکە ماندوویی بحەسێنێتەوە، نیگام کەوتە سەر داوێنێکی خاوێن و لەوێ گەیشتە بەر پشتێنێکی کەم و شل و مل و لەسەر سینەی دوو گۆی زێڕین، دوو مەمکی قوت کە لە ژێر کراسە زەردەکەوە چرۆی دەرکردبوو وەستا! تاسەی گوشین دڵمی پڕ کرد و پاشان نیگای نەسرەوتووی برسیم ڕاخوشی بۆ گەردنێکی بەرز کە چەنەیەکی خڕ و پڕ سێبەری لێ کردبوو، وەک سێبەری شەکەت لابەری دارەتوویەکی بەبەرگ و بەر. ئاسکێک، ئاسکێکی ماندووی ڕەوەک و سڵ، ھێندە بەرچاوە، کە لە گەرمای ھاوین ڕائەکا بەرەو شنەیەکی چیای بژوێن و ئەگاتە پۆلە دودڕکێک کە سێبەری ڕەوەزێک لە باوەشی گرتووە. نیگای من ئەو ئاسکە بوو کە لە ژێر تووتڕکێک و مووی تازەھاتووی ھەڵنەگیراوی لاجانگی کچەکەدا ئارامی گرت؛ دیسانە ئەوا بیرم ڕۆیشت، بەڵام نەک بۆ دوورودەر، وەک تیرێک کە کەوانە بکات بەرەو خۆم گەڕاوە و لە جەرگم ھەڵچەقی؛ چوومە ناو خۆمەوە و بیرم کردەوە ئەگەر ھەموو جیھان بەبەرگ و دارەوە، دەریا و چیا و جەنگەڵ و شار و ئاوایی و چۆڵ و دەشتەوە گیانیان ھەبوایە چۆن ئەبوو؟ ئەم کاتە بەیان بزەی خۆی زیاتر ئەڕازاندەوە، گوڵ گەشتر خۆی ئەنواند و کۆلکە زێڕینە وەک ئەو بەرموورە ڕەنگاوڕەنگەی لێ ئەھات کە بەسەر پێستی لووس و بێگەردی گەردنی ئەم کچەوە ئەدرەوشێتەوە. دوو چاوی گەش و ڕەش گرتیانمە بەر ڕوانینێ، تا ئەم کاتە نەمدیبوو، ڕوانینێک ئەوەندە بڕست بەزێن و گەرم و تاسە شکێن، ئەتگوت تەمەنێکی درێژە من ھەر لەم جێگایەدا دانیشتووم و ئەو نیگا بەتینە ئاژواوەتە دەماری لەشم؛ ئەتکوت بێ ئەو نیگایە من ھیچم، سارد و سڕم، وەک زەوییەک ھەرگیز ھەتاوی لێ ھەڵنەھاتبێ، سەیرە بەڕاستی سەیرە، یارییەک کە گاھێ بزەیەک یا نیونیگایەک یا لەنجەولارێک بەدڵی پیاوی ئەکا، ھەر بەم زووە بێ ئەوە بتوانم ھۆگری وەک بۆنی گوڵزارێک کە لە پێچگەی بای شەماڵەوە ئەپێچرێ و لەبەر لووتی ڕێبوار ئەکرێتەوە ھەموو دڵمی تەنێوە، ھۆگری ئەو شتە کەس نەبێ با شەو ھەبێ خۆشە. نیگامان وەک دوو ماری عاشقە و ماشقە تێکھاڵا، دڵم بەلێدانی بێ وچان پەردەی شوورەیی و خۆڕاگرتنی دڕی، گوتم لەو ئاوایییە غەریبم، بۆ غەریب؟ ھیچ شتێ لە تەبیعەتی بێدەنگ و خامۆش ئاشناتر نییە، ئادەمیزاد نامۆیی ئەکەن، بەڵام سروشت دڵ ئاوایە و بەخشندە، بێ پرتە و بۆڵە. پێکەنی و ورشەی ددانی وردی کەوتە سەر لێوی سوور و کچانەی، بەشوێن زەردەکەیا کوتی: «تێنەگەیشتم چیت کوت؟ ئەوەندە دەزانم کە تەنیا و غەریبی، ئەوەش ئەزانم کە لاوێکی جوانی.» ترسام. بەڵام نەک لەبەر ئەمە کەمێکی گاڵتە تێدابوو، نا... لەبەر ئەمە من ھەستم کرد لە بەرامبەر کچێکەوە دانیشتووم کە بە ساکاری و لەباری و بێدەربەستی وەک شانازی کردن بەپەیکەری ڤینۆس و من وەک دێرینە ناسێکی تامەزرۆ کە لە کەلاوەی خاپووری شارە کۆنەکانا لە شوێن عەنتیکەی ھونەرییا وێڵە، ناچارم لە بەرانبەر ئەو کچەدا دەست بەسینە بوەستم. لەو تاسان و سەرسوڕمانەدا بووم کە لەپڕ لە زمانم ھاتەدەر: «تۆ... تۆ ڤینۆسی... تۆ پەیکەرەی خوای ئەوین و جوانی...» بە سیلای چاو سەیری کردم و کوتی: «تۆ لە ڕادەبەدەر شەرم ئەکەی وا دیارە کوردیش نازانی؛ لام وایە خەڵکی ئەم شارە دوورانەی کە ئەڵێن، سەریان لەبەر دووکەڵ بە تەمە.» وتم: «نا، نا، خەڵکی ھەرێمی دڵداری و دانیشتووی شاری ئەوینم.» ++++++++++++++++++++++