شاعیر: سوارە کتێب: تاپۆ و بوومەلێڵ سەرناو: بەھاری دڵداری ئەم پەخشانەی خوارەوە باسی بەھاری دڵداری و جیھانی ڕەنگاوی ئەکا، ئەو جیھانە کە لە ھەرێمی دەستەڵاتیا ھەرگیز شەو دانایە و گوڵی گەشی ھەرگیز بەگەڵاڕێزانی پاییزی ناژاکێ و سیس نابێ؛ سکاڵای ئەوینی لاوێک، سکاڵایەک کە چەشنی زایەڵەی دوورە دەستی دەنگی شمشاڵێکە لە بەرەبەیانییەکی زرنگاوەدا، یا چپەی پۆلی پەرییانە لە کۆڕی جێگا کۆنەکانا. چی بڵێم بەم دڵە کڵۆڵەم کە چەشنی کۆتری گیراو خۆی بەقەفەسی سینەمدا ئەدا... چۆن ئەو ڕازە کە سێ ساڵ وەک گەنجێکی ھێژا لە کەلاوەی خاپوور و چۆڵی دڵما ڕامگرتووە، بەلاتەوە بیدرکێنم، ئاخۆ وشەو دەم و لێو مەحرەمی دڵن؟ ئایا ئەم ھەوایە لە نێوان دەمی منەوە تاگوێی تۆ ئەوەندە ڕازدارە کە من وەک ماری سەرگەنج پاسەوانی ئەم نیازە بەتین و خۆشەویستییەی پێ بسپێرم. بریا و سەت بریا دڵ ئەبوو بە ڕشتێکی بێڕەنگی بێ سنوور، سەرێکی لە ھەرێمی خونکاری شەوەوە دەستی پێ ئەکرد و ئەو سەرەکەی لە سنووری ڕۆژا ئەبڕایەوە تا من بتوانم ئەو ھەموو تاسەیە لە دڵما جێ بکەمەوە و ھەرگیز ناچار نەبم بە دەربڕینی ئەوینم، ھێمنی و مەندی گۆمیلکەی چاوە جوانەکانت بشڵەژێنم و خەوی خۆشی پڕشنگی چاوت کە ئەڵێی ماسی زەرد و سووری دەریای ئارامە بشێوێنم. جارێک ئەمەیە ئاواتم، جارێکی تریش ئەڵێم بریا دڵ لەمەش کە ھەیە کەمتر ئەبوو تا گەرمتر وێنەی ڕوخساری شکۆداری پاکت تاسەی ھەرگیز نەشکاوی بیرەوەری لە باوەشی دڵ بنێ. ئەمە شێتییە، بەڵام باوەڕکە با ئەو ھەڵۆ بەرزە کە ئەوینی پیاوانەی منە، شوێن باوێ و دەتیشکی خۆرەتاو کەوێ. ھەڵۆی بەرەو بەرزی تا ئەو جێگایەی پەڕو باڵی بەتینی خۆرەتاو ئەسووتێ و ھەوری سپی وەک کفن و خەڵات لە دەرەوەی لەشیەوە ئەپچڕێن. کوتم نا! با ئەو بێدەنگییە نەشکێنم، با ھەرێمی سپی و بێگەردی خامۆشی بەتیخی تیژی وشە ھەڵنەبڕم، بابسووتێم، ئەڵێم دەردار و ئەویندارم، بەڵام تاکەی... ؟ دەرد و دڵ داستانی شووشەو بەردە... تاکەی بەیەکەوە ئەسازێن... ؟ جەرگی کون کونی خوێندەڵێن بە چ زمانێک تێگەیێنم کە چەشنی بلوێر بلۆرێتەوە... ؟ پیاڵەیەک بوو لیوانی شەڕابی خەم لەدەستم کەوتە سەر زەوی و بوو بەھەزار کوت... ئەمە ناڵە بوو، ناڵەی دەردەدارێک بوو کە ناچارە بناڵێنێ تا دەردی سووک کا... ببوورە خۆشەویستەکەم! نەمتوانی خۆم بگرم، دڵم گوڵێک بوو پەنگی خواردەوە پەژارە و سەرڕێژی کرد، ئەمە ھەوەڵ دڵۆپی ئەم سێڵاوە بوو کە لە دڵم ھەڵقوڵای و بە کۆنگەی لێوما ھاتە خوار؛ بەخۆم نەبوو کە نووسیم، خۆشم ئەوێی! لەمە شەرمەزار و پەشیمان نیم کە پرسێکە دڵم لای تۆ کردەوە، ئەترسم ھیوایەکی نادیاری بێڕەنگ کە ڕەنگ و واتەی ئەدا بەژیانم وەک چرای شەوبێدارێکی ھەژار لە تاقچەی سینەما بکوژێتەوە؛ ئەترسم نەکا چەپکە گوڵی ھەستی ئاڵم کە بە خەیاتە خاوی شیعر و خەیاڵم ھۆنراوەتەوە بەدیار وەرنەگری؛ سێ ساڵ، سێ ساڵ لێدانی بێ وچانی دڵ؛ شەوانی تا بەیانی لەبیرا بەسەر چوو، ڕۆژانی تا شەو بە ھیواوە تێپەڕیو، بڕستی منیان بڕی، وەک گەنجێکی کەم تەمەن شەرم و شکۆ دایگرتم و کوتم: خۆشم ئەوێی... بێدەنگ بوو. چۆن بڵێم ئەم بێدەنگییە کەم خایەنەت چی بەسەر من ھێنا؟ لایەکم بەھار بوو بەھەزار گوڵی ئاڵ و واڵاوە، بەھەزار مەلی دەنگ خۆش بەجیلوەوە، لەلایەکی ترم زستان زەمھەریر بوو بەسۆزی لەش ترسێنی، تین فڕێنی ھەزار لوورەی با و کڕێوەوە، ئەترسام زیاتر لەم بێدەنگییەدا ئازارم بدەی، خەریک بوو ھاوار بکەم و بڵێم دەرگای گوڵزاری دەمت بکەوە تا ھەناسەی زیندووکەرەوەی مەسیحایی بھاژێتە گیانم، بەڵام دەخیلت بم ھیوای سێ ساڵەی دڵێکی گەنج بە با مەدە، تۆ کە گیانی نەرم و ھێمنی دڵی ناسکت نەھات ئەم پەپوولە ئەویندارە کە بەھەزار ھیواوە بەسەر پای گوڵی دڵتەوە نیشتبوو بتارێنی؛ ئێستێ ئەی ڕەمزی ھەستی وا بەھار و ئەوین و جوانییە. ھەر وەک لە پاڕانەوەکەما کوتم ئەتوانی بمخەیە بەر سێڵاوی ڕەشی شەوگاری دڕو کڕو ئەشتوانی دەستم بگری و بمبەیە مەڵبەندی بەگوڵ خەمڵیوی پڕشنگ و شادی. ئەمەش بزانە کە ئەگەر وەڵامت ھەرچی بێ، ئەگەر موژدەی بەختەوەری بێ یا شەقڵبوونی ھیوا بڕاوی، پەرژینت بەگوڵی ئەوینی من تێکناچێ، من ھەر ئەو شەیدایەم کە بووم، شەیدایەکی بەختەوەر، ئەگەر بڵێی ئەرێ بەشەیدایەکی چاورە ڕەش، ئەگەر بڵێی نا، لێم گەڕێ، بەڵام سوێندت ئەدەم بەو چاوە جوانانەت لە ئاگری دوودڵییا مەمھێڵەوە. ++++++++++++++++++++++