شاعیر: سوارە کتێب: تاپۆ و بوومەلێڵ سەرناو: تاپۆ و بوومەلێڵ یانی چی؟ سەبارەت: ١٩٧٣/١٠ سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ و بوومەلێڵ. پێش ھەموو شت ئەبێ عەرزتان بکەم کە بەڕاستی ناوی بەرنامەکە بۆتە ھۆی ھەزاران پرسیار. کەم گوێگری وامان ھەیە کە نامەیان نەنووسیبێ و نەیان پرسیبێ تاپۆ و بوومەلێڵ یانی چی؟ گوێگرانی واشمان ھەبووە، کە بێ ئەوە تەنانەت پرسیارێکی وێژەیی بکەن یا دیاریەکمان بۆ بنێرن، تەنھا ئەم پرسیارەیان کردووە. ئێمە زۆر جار وەڵاممان داوەتەوە و ئێستە لەمە ئەترسن ئەگەر دیسانەوە ئەم دوو وشەیە مانا بکەینەوەو پەیوەندییان لەگەڵ یەکا ھەڵدەین. لە لایەکەوە ئێمە تاوانبار بکرێین بەمە کە باش سەردێڕی وتارەکانمان مانا نەکردۆتەوە و لە لایەکی ترەوە گوێگرەکانمان وەھا بدرێنە قەڵەم کە گوایە باش گوێ بۆ وتارەکان ناگرن، بەڵام لەگەڵ ئەوانەشا، جارێکی تر ئەڵێین: تاپۆ بەتارمایی و ھەیکەلێ کەم دیار و نا ئاشکرا ئەگوترێ؛ وەک ئەمە کە ئەڵێن تاپۆی کەسێک لە تاریکی شەوا دیار بوو، واتە ھەر ئەوەندە بوو کە ئەزانرا ئەم ھەیکەلە لە ئادەمیزادە، بەڵام ڕوون نەبوو کێیە و ڕواڵەتی چۆنە ئەمە مانای تاپۆ. بوومەلێڵیش، تێکەڵە لە دوو وشەی بووم و لێڵ. بووم ھەر ئەو وشەیە کە لە نێوان کوردی و فارسییا ھاوبەشە ھەر دووک زمان بەوڵات و ھەرێم و سەرزەوی ئەڵێن بووم. لە فارسییا ئەگوترێ: «بوومی» یا «مەرز و بووم». بوومی واتە خەڵکی ھەرێمێکی تایبەت. پیتی «ی»ی دوایی وشەی بووم، «یا»ی نسبەتە مەرز و بوومیش واتە سنوور و وڵات. لە کوردییا ئەگوترێ بوومەلەرزە کە بەفارسی زەمین لەرزەی پێ ئەگوترێ. واتە لەرزینەوەی زەوی. ھەڵبەت لە کوردییا بوولەرزەش ئەڵێن کە ھەر بەمانای بوومەلەرزەیە. دەچینە سەر وشەی لێڵ و لام وایە پێویست بەگوتن ناکا کە لێڵ بەمانای کەدیرە، واتە ناسافی و تەمگرتوویی. بەڵام ڕابیتە و پێوەندی ئەم دوو وشەیە بەیەکەوە چییە؟ ئەمە شتێکە کە حاڵەتێکی تەجەڕڕودی و ئینتیزاعی ھەیە. واتە مەفھومێکە کە نووسەری بەرنامەکە لەبەر چاوی گرتووە و پێویست ناکا لەگەڵ لێکدانەوەی تاکە تاکەی گوێگرەکاندا یەک بگرێتەوە. نووسەری بەرنامەکە ھەیکەلێکی تەمگرتووی نیوە دیار لە تاریک و ڕوونی بەیانییا ڕاگرتووە و لە کارگای زێھنی خۆیا مەبەست و واتا و مەفھومێکی داوە بەم ھەیکەلە. ڕەنگە مەبەستی ئەمە بووبێ کە ئەم ھەیکەلە موناسبەت و لە یەکچوونی ھەیە لەگەڵ وێژەر و ھونەری جادووکارانە و غەیرە سەریحی وێژەوانییا. ھەردووکیان لە وزووح و ئاشکرایی دوورن. ھەردووکیان وێنەی خەیاڵ ئەدەن و بیری مرۆڤ ئەبزوێنن. ئاخۆ ئەم ھەیکەلە لە نیوە دیار و دوورە لە دەسەڵاتی ھەرێمی پڕشنگ و نوورە، کێیە و چییە کە لەناو تەم و مژی بەربەیانێکی نیوە تاریکا وەستا؟ ئەمە ھەیکەلی وێژەوان و شاعیرە؟ ئەم بوومەلێڵە جیھانی پڕ لە ئیما و ئیشاڕە و ئیستعارەی شیعر و ئەدەبە؟ گوتم ڕەنگە نووسەری بەرنامەکە وەھای لێکدابێتەوە، ئێوەش بەناوی گوێگری بەرنامە کەیفی خۆتانە ئەم لێکدانەوەیە وەربگرن، یا لە سەردێڕی بەرنامەکە بەگوێرەی بەراورد و لێکدانەوە خۆتان شتێکی تر ساز بکەن. لە مھابادەوە گوێگرێکی خۆشەویست کە ناوی خۆی بەتەواوی نەنووسیوە، نامەیەکی بۆ نووسیوین و پرسیاری کردووە: «ئاخۆ کاتی وێژەی ژنانە تەواو نەبووە و لەسەر نووسەر پێویست نییە لە سەردەمێکا کە مرۆڤایەتی کەوتۆتە بەر ھێرشی ھەزاران مەترسی لە نووکی خامەکەی وەک شمشێریکی تیژ، نەک چەشی ھودھودی سولەیمان، کەڵک وەرگرێ؟» ئەم گوێگرە بەڕێزەمان کە لە ژێر نامەکەیا دوو پیتی «م. ع» بەرچاو ئەکەوێ و ھیچی تر، لەناو دوو پەڕانتێزا نووسیویە: «مەبەست لە ھودھودی سولەیمان، مەزھەری دڵداری و حەزلێکارییە و ئەم باڵدارە وەک ئەڵێن نامەی سولەیمانی بردووە بۆ بەڵقیس و ئەگەر نووسەرەکەیش بەخامە و نامە ھەر کارەکەی ھودھود بکا ئیتر نووسەر نییە، دەڵاڵە». لە وەڵامی ئەم گوێگرەدا ئەبێ بڵێین کە ئێمەش لامان وایە دەوری ئەو جۆرە وێژەیە کە تەنیا ھاندەری حەزلێکاری و دڵداری بێ، بەسەرچوو. بەڵام لامان وایە ناونانی وێژەی دڵدارییانەی ڕووت بەوێژەی ژنانە، نە جوانە نە پڕ بەپێست. چونکە ئێمە ئەمڕۆ لە ئێرانا ئافرەتی زۆر گەورەمان ھەیە کە لەگەڵ ئەوەشا گیانی ناسکی ژنانە لە نووسراوەکانیاندا خۆی ئەنوێنێ، نووسراوەکانیان لایەنی کۆمەڵایەتییەکی ھەرە بەھێزیان ھەیە، وەک «فرووغی فەڕڕوخ زاد»ی خوالێخۆشبوو. جگە لەمەش کاتێ کە ئەڵێن ئەمڕۆ قەڵەمی نووسەر شمشێرە، مەبەستیان ئەمە نییە کە خامە ئەکرێ بیکەی بەچاوی دوژمنا، دوژمنێ کە بێگومان بەکەرەسەی قورسی شەڕەوە دێتە مەیدان. مەبەست ئەمەیە کە ئەم شمشێرە ئەتوانێ سەری دوژمنێ کە بریتییە لە ناحەزی و دزێوی ناو کۆمەڵی ئینسانی بپەڕێنێ و سپای بێداد و تاوان تێکبشکێنێ. ئاخۆ کاک «م. ع» لایان وا نییە کە بەشەڕی سەردەمی ئێمە لەم بارەشەوە زۆر ئازار و ئێشی پێئەگا کە ئیتر ناتوانێ وەک پێشوو لە مانای وشەی بەرزی خۆشەویستی تێ بگا، ناتوانێ کەسێکی پر بەدڵ خۆش بوێ؟ ! ئاخۆ ئەگەر ئادەمیزاد نەتوانێ ئاسایی ترین و لە دڵ نزیکترین خۆشەویستی کە بریتییە لە خۆشەویستی دوو کوڕ و کچی لاو تێ بگا، ڕوونتر بڵێین نەتوانێ کەسێکی خۆش بوێ چۆن ئەتوانێ ھەموو کەسێکی خۆش بوێ؟ ! حەزلێکردن و دڵداری خۆشەویستی نێوان دوو ئینسانی ژن و پیاو ئەگەر تێکەڵ نەبێ لەگەڵ نزمی، تاقیکارییەکە بۆ خۆشەویستییەکی گەورەتر بەناوی خۆشەویستی بەشەرییەت. کاک «م. ع» دڵنیا بێ ئەگەر نووسەر بتوانێ خۆشەویستی بەرەو مەرگ زیندوو کاتەوە، ئەو کارەی کردووە کە «عیسا» لەگەڵ «لازار»ی مردووی کرد. واتە کاری نووسەر ئەبێتە بووژاندنەوەی بەھار و گوڵ و سەوزایی و ھیوا، نەک دەڵاڵی، وەک گوێگری بەڕێزمان نووسیویەتی و با برای خۆشەویستمان لەمەش دڵنیا بێ ئەگەر کەسێک نەتوانێ مووسیقای دەنگی ئافرەتێک و لار و لەنجە و نیو نیگای چاوێکی کەژاڵی پێ خۆش و جوان بێ، بێ گومان ناشتوانێ لە ھەرێمێکی گەورەترا ئەوینداری جوانی و مرۆڤایەتی بێ. تا بەرنامەیەکی تر ھەمووتان بەخوای گەورە ئەسپێرین. ئەم کاتەو ھەموو کاتێکی ژیانتان خۆش. ++++++++++++++++++++++