شاعیر: سوارە کتێب: تاپۆ و بوومەلێڵ سەرناو: بەڕە ھەر لە لای تەنکییەوە دەدڕێ! کۆڵان گەڕەکی شار لە ژێر پۆپەشمینی مانگەشەوا خەویان لێ کەوتبوو. ھەناسەی ژین جارجار بەئەسپایی ئەھاتە گوێ. دوو دڵدار لە ژێر سێبەری سەردەرانێکا قسەی شیرین و ھیوا بزوێنی ئەوینیان بەگویێ یەکترا ئەچپاند. سەرخۆشێک لە مەیخانەی سەر ڕووبار ئەگەڕایەوەو بەدەنگێکی بەسۆز خاڵەی ڕێبواری ئەکوت. وشەکانی ھەروەک ھەنگاوەکانی تێکەڵ و پێکەڵ ئەبوون، گاھێ دەستی بە دیوارێک ئەگرت و بەدەسرەسڕێکی چڵکن کە لە پێشا وا دەرئەکەوت پڕبووە لە خواردەمەنی مەزەی ئارەق و ئێستە ھیچی تێدا نەماوە ئارەقەی سەر گۆنای گڕگرتووی ئەسڕی. گاھی پۆلێک خەڵک پاش شەوباش و تۆخۆش و من خۆش لە ماڵێک ئەھاتنە دەرەوە. پرشنگی چرای ناوماڵ وەک مافوورەیەکی زەردی کاری کرمان لە داڵانی تاریکەوە ڕائەخراو ئەگەیشتە سەر تاریکایی جۆگەی سەرشەقام، پاشان بەپێوەدانی دەرگا ئەپێچراوە و تەنیا ڕەنگی نیوە ڕەنگی مانگە شەو ئەما لە بزەیەک ئەچوو نەت ئەزانی بزەی دڵتەنگییە یازەردەی دڵخۆشی. پۆلی میوان بە وتووێژیانا دیار بوو کە لە خوازبێنی ئەگەڕێنەوە. یەکیان کە گەنجتر بوو ئەیکوت جا ئەمە بوو بە چی، دە ھەزار تمەن مارەیی، گوڵ و گوارەی زێڕ، ژێر چەنەو ملوانکەو ئاینە و ئۆینەی گرانبایی، ھەیت و ھووت و جڕو جانەوەر، سەر تا پا خوار پێنج دەست جل و بەرگ، پشتێنی پەشمینەی قەدیم، کراسی زریوە و چیمەنی کوردستان، کوڵۆنجەی چاوی ئەم و ڕیشی ئەو! جەماڵ ئەگەر ھەموو ئەمانە بکڕێ، پاشان ئەبێ بۆ نانی شەو دەست بۆ ئەم و ئەو درێژ کا. کەس نییە بەحاجی بڵێ ئەمە کچ بەشودان نییە، کچ فرۆشتنە. یەکێکیان کوتی: «جا بەئێمە چی برا!!؟ لەسەرمان بوو بچین و خوازبێنی بکەین و کردمان، سازان و نەسازانەکەیان خۆیانە. جەماڵ ژن دێنێ و حاجی کچ بەمێرد ئەدا، ئێمە لەم نێوانەدا سەری سیرین یان قونچکی پیوازین؟» یەکی تریان وەدەنگ ھات و گوتی: «کەچە ڕبەیە کەس پێی ناپێوێ، لەبەر خۆیەوە دەڵێ شازدە». زەنازەنایان ھەر دەھات و کەمتر دەھاتە گوێ و خرمەی پێیان لەسەر قیلەتاوی شەقام ئەبڕایەوە. من سێ چوار ڕۆژ زووتر نەبوو ھاتبوومە ئەوشارە، بەڵام ئەتگوت ھەموو تەمەنم لەوێ ڕابردووە. لەبەر چی ھێندە ھۆگری شارێک ببووم کە بەڕواڵەت ھیچ جوانییەکی تێدا نەبوو؟ نەدار و شینایی، نەکێوی بەرز و بەفراوی، نەخانووی خۆش و مەیدانی بەگوڵ و چیمەن. خۆم نازانم کە ھی ئەوینێکی کتوپڕ بوو کە لە دڵما خەریکی چرۆ دەرکردن بوو، یا ئەوینێکی لە مێژینەترم لەو شارە لە دڵدا بوو. ئەوینێکی ئەوتۆ کە گەلێ بەڕێزترە لە کەشم و نەشمی ئەندامی کیژۆڵەیەک یا بزەی لێوێکی ئاڵ و نیونیگای دوو چاوی کاڵ. ئەوینێک کە منی دەکرد بەھاوشاری خەڵکەکە. ئادەمیزاد لە دوێنێی و ئەمڕۆ و بەیانی و شارەکە بیری دوێنێ منی شیرازە گرتبوو. ئەمڕۆش دوو چاوی مەڕی ڕازاوەی شەرمێکی کچانە بەجادووی ڕوانینێکی گەرم، ھۆگری کۆنی من بەم شارە بووژاندەوە. ئەو شەوە من لە بیری شارەکە و ڕابردووی و ئەمڕۆی نەچووبوومە دەر. لە ھەر گۆشەیەکی شارەکەدا تاپۆیەک وەستابوو و لە ڕووبەندەی ئەفسانەوە پێچرابوو. ئەتگوت پەیکەرەی مەڕمەڕینی مەزنە پیاوێکە و ھێشتا پەردەی لەسەر لانەبراوە. ئەمانە بیری مێشکم بوون و بیری دەمارم، بەڵام دڵیشم سەرەڕۆی بیرێکی تر بوو. بیری چاوکەژاڵێکی شلکەنەمام کە دەنگی ئەتکوت چپەی بەئەسپایی شەوبای شەوگەڕەو لار و لەنجەی لە ڕەوتی ئاسکێکی سڵی ترساو ئەچێ، ئەم دوو بیرە تلاوتلیان دام و بەدەردی خەوڕەوێنەوە ھەستام و چەشنی مەقەستێک بەدەست بەرگدروویەکی ناشارەزاوە لە حەریری زەردی مانگە شەو نیشتم. بێ ئەوەی بزانم بۆ کوێ! ھەنگاوم بێ ئەوە نیازی بە فەرمانی مێشکم بێ، بەرەوپێش ئەچوو. شاری میھرەبان، دەنگی پێی منی ئەکرد بەلێدانی دڵی. قانگڵەی کۆڵان لەژێر پێما ئەپێچرایەوە و ھەڵ ئەکراو من کاتێ بە دەور و پشتما ڕوانیم جگە لە چەند خانووبەرەی بەمۆرە دروستکراوی یەک نھۆمی لارو کۆم، نیشانەیێکی لە شار نەمابوو. خانووبەرەکان ھێندێکیان بەنووری بێڕەنگی مانگەشەو لە بزەیەکی بێ تەوژمی ڕەنجەڕۆیەک ئەچوون کە خۆیشی نازانێ بەخۆی پێئەکەنێ یا کۆمەڵ و ئاسمان و خوار و ژووری نێوان تاقمی ئادەمیزاد بۆتە ھۆی پێکەنینی؟ ھەندێکیشیان کە سێبەری شاخیان بەسەراکشا بوو ئەتکوت گنجی ناوجاوانی مۆنی کەسێکن کە شکاوە، بەڵام نەبەزیوە. بێدەنگی تەنھا دەنگێک بوو کە لەم ماڵانەوە ئەیلووراند. من ئەو شەوە زانیم کە بێدەنگی چەندە بەرز و گوێ کەڕکەر و زراوبەرە. ئەترسام بەڵام ئەکێشرام بەرەو خانووبەرەکان. گۆڕستانی زیندووان ئەبێ چی تێدابێ کە بێ ڕەزاترین کەڵکەڵەی من ھان ئەدا تا بچم و لە زاری زیندووی زیندە بەگۆڕ سەر دەربھێنم. ھەنگاوێک، دوو ھەنگاوی بەترس، تا کاتێ سێبەری کێو منیشی داپۆشی. بەخۆما ڕوانی، ببووم بەیەکێک لەو خانووبەرانە کە خانووبەرە نەبوون و تاپۆی خانووبەرە بوون! نە، لێکدانەوەکەم کورتی ھێنا، من ببووم بەگیانی خانووبەرەکان، گیانێکی سەرگەردان کە لەبەر دەرگای ھەموو خانووبەرەکانا ئەوێستا، گوێی ئەگرت و چپەی ئەویندارانەی بووک و زاوایەکی بەشەرمی لەناو خانووبەرەکانی لێ ئەگۆڕا لەگەڵ لێدانی دڵی خۆی و ناڵەی ساوایێکی نەخۆشی لەگەڵ ئاخێک کە دەروونی ئاگرین ئەکرد لێ تێکەڵ ئەبوو. ئافرەتێک بەگریانێکی بەرگیراوەوە ئەیکوت: «چی بکەین پیاوەکە؟» دەنگی پیاوێک لە درزی دەرگاوە خۆی بەگوێما ئەدا کە وەڵامی ئەدا: «ڕوو لە خودا بکەین!» بەڵام وادیار بوو زۆری ئەم وتەیە بەژنەکەی کوتبوو، کاتێ کە چەند ساڵ لێرەوەبەر زەماوەندی کردبوو و بۆ شەوی یەکەمی ژیانی خێزانداری ھەر ئەوەندەی بەدەستەوە بوو کە ئەو ڕۆژە بەقوڕکاری پەیدای کردبوو و پاشانیش زۆر جار کوتبووی: «ئافرەت! کار نییە خودا چاکی نەکا.» ئەمشەو کە کۆرپە ساواکەیان بێ سەرو زمان کەوتبوو دەستیان بەھیچ لایەک ڕانەدەگەیشت، لە خۆی ڕانەدی ئەم وتەیە دووپات کاتەوە، بەڵام ئەو پیاوی ماڵەکە بوو، ئەبوو قسەیەک بکا. بایەکی سەرشێت، کەلێنێکی دابووە دەرگاکە! من ئەمدی ئافرەتەکە بەچاوێک سەیری مناڵەکەی ئەکاو چاوەڕوانی ڕووداوێکی تاڵە، بەچاوێکی تریش ئەڕوانێ بۆ شووەکەی لای وایە ئەتوانێ دەروویەکی ڕوون لەم شەوە ڕەشە بکاتەوە. ئەمدی کە ساوای بێ تاوان، کوڵمی بەئاگری تاو و یاو بۆتە پۆلووی ئاگری سوور و ئەمدی کە پیاوی لێقەوماو کە لەلایەک شوو بوو و لە لایێکی ترەوە باوک، ھەر لە وشەیەک ئەگەڕا کە ھەندێ ھیوادارتر بێ لەوەی تا ئێستا گوتوویەتی. من خۆم پێ نەگیراو لەبەر خۆمەوە کوتم: «بەڕە ھەر لەلای تەنکییەوە ئەدڕێ!» شووی سەر لێشێواو بێ ئەوەی بزانێ دەنگەکە لە کوێوە ھات، بەشوێن مندا دووپاتی کردەوە: «بەڕە ھەر لەلای تەنکییەوە ئەدڕێ». بای ئارامی سەری شەو، ئەیلووراند و چەشنی چنجڕووکی ئافرەتێکی ئازیەتبار ڕوومەتی کێودار و دەوەنی ئەڕنی. ئیتر شار جوان نەبوو. بیری کیژە بەلەنجە و لارەکە لەدڵما نەمابوو. دڵ بەخەم و ئاڵۆز، بەرەو شار دەگەڕامەوە تا پەنا بەرم بۆ خەو. لە دوورەوە دەنگی سەرخۆشێک ئەھات و با، سەر بەندەکەی بەھەموو شارا بڵاو ئەکردەوە: ڕێگاکەم دوورە مەنزڵم کوێستانە شەوم لێ دادێ، خەم لێم میوانە ++++++++++++++++++++++