شاعیر: سوارە کتێب: تاپۆ و بوومەلێڵ سەرناو: تامی تاڵی بەزین بەڵێ ھەر چی بوو ئەوەندە بوو کە ھات و وردەیەک مایەوە و تێپەڕی؛ چەشنی سێبەری شەو کە لەبەر نێزەی ئاڵتوونی شازادەی بەیان ڕا ئەکا، یا زەردەی نیوەڕەنگی ھەتاو لەسەر لووتکەی کێو کە بە بزەیەکەوە کە تۆ ھەرگیز بۆت دەرناکەوێ، بزەی بەزەیییە، قەشمەرییە، یا خۆ ماڵاوایی، ئاوا ئەبێ و تۆی بڕوانکار ھەر ئەوەندە ئەمێنێتەوە کە دانیشی و بیر بکەیەوە ئاخۆ لەودیو سنووری خۆراوا ھەتاو چی ئەکا؟ سەر لە کام گوڵ و گیا ئەدا؟ بەسەر کام دەریای کاسا پڕشنگ ئەداتەوە و لە خەو ڕایئەچڵەکێنێ؟ بەڵام داخێک و سەد مەخابن، گەلۆ، گەلی دەماجەرایە! ئەمڕۆ منم و ھەواڵی ھەمیشەییم، گەرمتر لە ھەمیشە دەستەملانم بووە و ھەر ئەڵێی لە دڵما لێدانە، لە خوێنما بزووتنە، لە سەر چاوم دوو تنۆکی قەتیس ماوی فرمێسکە، بەخەم ئەڵێم برادەر. خەمێ وەک ڕۆژێکی زەردی پاییزی بەرەو زستان لە گەڵما یەک ماڵە و بێ جیاوازی. تۆ بڵێی برای ھاوپشتم نەبێ؟ ! ئێستە بمبوورە کە گوڵ و ئەستێرەی ھەڵگرتن و توانام لە بەر چەخماخەی ھەوری بەباڕشتی خەفەت لەبەر ڕەھێڵەی گریان پاش برووسکەی ئێش و ئازار سەر ڕێژ ئەکا و وشکارۆی زەردی ڕوخسار و داوێنم ئەکا بەزۆنگ و زەل! ببوورە کە ناچارم ڕووگەم وەگوێزم و بەزاراوێکی ئاڵتر و ژاراویتر لە ژەقنەمووت بڵێم ئەوین بێھوودەیە. بێھوودەیە لەم سەردەمەدا کە خرینگەی پووڵی ورد جێگای شمشاڵی شوانی ئەوینداری گرتۆتەوە شوێن پەرییەکی سپی پۆش ئەفسانەیی کەوم کە ناوی لە پەڕاوە کۆنەکانا ئەوین نووسراوە. ڕۆژێک بوو ئەمگوت ئەوین واتەی ژیانە، ئەوین بەیانە، ئەوین ھەموو شتێکی ئینسانە. ئەمگوت با بکوژێتەوە چۆڵە چرای ڕەنگ بزڕکاوی ھەتاو، ئەگەر خول و گەڕانی خۆر بۆ نیایش و لە دەورگەڕانی خوای ئەوین نەبێ. ئەمکوت کۆیلەتم ئەوین، ھەرتۆم ھەبێ خوونکارم. تۆم ڕێنوێن بی ڕزگارم! با بڵێم ئەمڕۆ چۆنم. بمبوورە کە دێمە دەنگ وەک قامیشەڵانی دەمبای ساردی ئێوارانە. لە ھەر دەمارێکمەوە نەوایەکی خەم و ماتەم ھەڵدەستێ. کوتم ئەبم بەبەردی ژێر گۆم، بێ ھەست و خوست دائەکەوم. ئەبم بە شوورەی پۆڵا با قەڵماسکەی ئاگرینی خەم نەمڕووشێنی و نەمشەمزێنێ. با ئەگەر سەرم بێ شۆرە و دڵم بێ ھیوا، لانی کەم شاییم بەخۆم ھەبێ کە پیاوم، نەبەز و ڕاوەستاوم. ڕاستە کە لێقەوماو و داماوم؟ بەڵام نە وزەم بەرداوە و نە فەوتاوم. ئەبینی برادەر خۆ فریودان گاھێ پێویستە بۆ ئەوەی ناتەوێ پێ لە مردنی خۆت بنێی و سەر دابنەوێنی، بۆ ئەوە کە ھەنگاوێ وا ھەڵتگرت و وەستای ھەنگاوی دوایی بوو و لەمەوبەدوا ھەرچەندە ڕێ ببڕی، ھەوراز و لێژ بپێوی، خۆت شەکەت و ماندوو کەی، ھەر لە دەوری خۆت ئەسووڕێی و گێژ ئەبی. چەشنی مێروولەی ناو گۆی بلوور دەرەتانت نامێنێ. ناچاری ئەم ڕاستەقینەیە کە وەک داوی جاڵجاڵۆکە دەست و پێ و ھەست و گیانت ئەخاتە ناو کەمەندەوە وەرگری. ھاوار لە من کە ملکەچکردن بۆ دوایی ھاتن ھەر مەرگە تاڵەکەیە وا لێی ئەترساین. لە نێوان ھیوا بڕان و وەرگرتن و ھەموارکردنی ھیوابڕاوییا بەتاڵییەک، دۆڵ و شیوێک ھەیە کە پیاو کاتێ ئەیگاتێ، ھەم لە ساما لنگی ئەلەرزێ و ھەم خۆی ناچار ئەبینێ کە بۆی بڕوانێ. وەک کەسێک کە لەسەر ھەڵدێرێکی بەرز وەستابێ و بیەوێ خۆی بخاتە خوارەوە، نە ئەتوانێ بگەڕێتەوە و نە لێی ئەبڕێ بچێتە پێشەوە. بەڵام ھەرچی ھەیە ئەم سنوورە کە لە ھەودایەکی ھاوریشمین باریکترە، تەنھا جێگایەکە کە مرۆڤ دەرفەتی ھەیە بیری تیا بکاتەوە. بیری ئەوەی کە ھات و تێپەڕی، ئەوەی کە لە ناخی دۆڵەکەدا بەسەری دێ و من لەم سنوورە لە گەڵتا ئەدوێم. ئەی برادەرێ کە خۆمی یا ئاوێنەی خۆمی! و ئەمەیە کە بەدڵما دێ و دێتە سەر پێنووسم. دێتەوە بیرت کە پێت داکێشاوەتە ناو ڕووبارێکی بچووک و ڕوون و ماسی بچووکی سەر پشت ڕەشی بەر زگ زەرد لە سامی تاریکی قووڵایی ناوەڕاستی ڕووبارەکە ھاتوونە کەناری تەنک و تاو تێزاو و بەدەمی لووسیان بەرەپێت ختیلکە ئەدەن، تۆش سەرت ناوەتە سەر سەرینی سەوزەڵانی ڕوو لە ھەڵچوون و شلک و خۆرەتاو بەھەموو میھرەبانی خۆیەوە ڕوومەتت ئەلاوێنێتەوە. یادێک پێ ئەنێتە سەر گلێنەی چاوی نیوە خەوتووت. پەلکە زێڕینە بزەی بێڕەنگ و نادیار، کاروانێ کە دەنگی زەنگی وشتری پێشەنگی لە گوێتا ئەزرینگێتەوە، کیژۆڵەیەک کە لە پەناتە دائەنیشێ، تۆ لە جیھانی خەون و خەیاڵا بەرخە مامزی خنجیلانەت بەسرکی و سڵییەکا، بەڕوانینی گەرمی نیو نیگایا، بە شنەیەکی فێنک و بۆن خۆش کە بە داوێنی کراسی موونسی شاگوڵی لەشی ئەیپرژێنێتە ناخی دەماختا، ئەناسییەوە و بێ یارمەتی زمان و وشە و دەنگ پێی ئەڵێی خۆشم ئەوێی. گڵی زیندوو، تووتڕکی کێوی و عەتری ئەو با نەرم و نیانە کە مەست و سەرخۆش لە میوانی شلێرەجاڕ ئەگەڕێتەوە. ئەمەیە خەو بینینی تۆ. بەڵام داخی گرانم، تۆ بەخەو بینین قەناعەت ناکەی. ئەتەوێ ھەرچی لە خەوا ئەبینی، لە بەخەبەرییا بتبێ. دەس درێژ ئەکەی تا پەردەی تارمایی لادەی. بەھەردوو دەس چاو ئەگڵۆفی و خەون و خەیاڵ ئەتارێنی. پاشان دەس ئەگێڕی تا داوێنی ئەوینت بگری و بەری نەدەی، کەچی دەستت بێھوودە ھەوای بەتاڵ ئەپشکنێ. تۆ وەک پەپوولەی ھاوریشم ئەتەوێ لە تالاری ڕەنگاوڕەنگی تانوپۆت بێیە دەر! بەڵام لە دەرەوە جگەلە زبری و ڕەنگی خۆڵەمێشی ھیچی تر نییە. تۆ ئەو کاتە ئەزانی کە ھەی داد و بێداد چیت بەسەر ھات. ئیتر نە ھەتاو ماوە، نە دڵدار کە کەزی شۆڕی ئەتگوت پرچی گوڵەبەڕۆژەیە. ئەتەوێ بگری. لە کاولی تەنیاییتا بگری. ھەوا تەزووی ساردە و لەشت ئەتەزێنێ. بزەی بێڕەنگی ھەتاو و ماسی بچووکی کەناری ھەتاوگر لە ترسی ھەوری ڕەش تاراون. ھەور بەنەرمی و پیاوانە ئەگری و تۆ تەنانەت تنۆکێکت فرمێسک بۆ نەماوەتەوە کە بەسەر ئاگری دەروونتا بیپژێنی. وەرگرتن و ملکەچکردن ڕێگات لێ ئەگرێ. داخی گرانم کە ملکەچکردن و وەرگرتن ھەر ئەو مەرگە تاڵەیە کە لێی ئەترسای. ++++++++++++++++++++++