شاعیر: سوارە کتێب: تاپۆ و بوومەلێڵ سەرناو: جیاوازیی نێوان حافز و نالی سەلامی گەرم و گوڕی ئێمە پێشکەش بەگوێگری بەھەستی بەرنامەی تاپۆ. ھیوادارین سەربەرز و بەختیار بژین. ئێستا لە سەرەتای بەرنامەکەدا گوێ بگرن بۆ پارچە ھەڵبەستێکی مامۆستا نالی: قوربان مەحاڵە پێکەوە بن سەبر و ئیشتیاق خاریج لە نەسسی ئایەیە تەکلیفی «لایوتاق» مەعنایی نوور و زوڵمەت و نەشری حەیات و مەوت بوو، ڕوو و زوڵف و ڕۆژی ویسال و شەوی فیراق ئیزھاری ئیددیعاتی تەسەببور لە وەسڵی تۆ یا مەکرە، یا دەسیسەیە، یا کیزبە، یا نیفاق بۆ تۆ کە بیکر و تازە، وەکو حۆری جەننەتی قەیدی چییە عەجووزەی دونیا بدەم تەڵاق؟ ! شیرینیی و لە تاڵی و ترشی عیتابی ڕووت خاڵت لەسەر جەبین بووەتە دانەیی سماق سۆفی لە فەقر و فاقە وەکوو فاقە فاقی دا تەسبێحی دام و دانەیە، ڕیشی دوو فاقی فاق ئەی میھری میھرەبان وەرە سەربانی بامیداد با مەھڕووان ببن بە ھیلالی شەوی میحاق نالی کە سەدری مەسنەدی تەمکینی تەکیە بوو بۆ تۆ بووە بەدەرەبەدەری کووچە و سوقاق نالی، مامۆستای بەرزی ئەدەبی کورد، ڕەنگ و بەروبووی شیعرەکانی لە شوێنەوارە بەنرخەکانی حافز ئەچێ. تەنیا جیاوازیێەک لە نێوان ئەم دوو شاعیرەدا بەرچاو ئەکەوێ، تامێکی سۆفیانە و عارفانەیە کە لە شیعرەکانی خواجەی شیرازا ھەیە، لە بەرامبەرەوە نالی زیاتر خۆی داوەتە ڕازاندنەوەی ڕواڵەت و ھێنانی سەنایعی لەفزی و بەلێکدانەوەیەکی تر نالی لە باری تەعبیر و ھەڵبژاردنی ئیستعارە و تەشبیھات، لە سەبکی ھیندی نزیکە. بۆ نموونە واتەی سۆفی لە زبانی حافزا ئەم ئادەمیزادە سەر و پرچ ئاڵۆزە فێڵبازە نییە کە نالی باسی ئەکا، بەڵکو ئینسانێکە گاھێ سەرەڕۆی دۆزینەوەی ڕازی ھەستییە و زەمانێکی تر شوێنگرتووی ڕێو شوێنی قوبوولکراوی سەردەمی خۆیەتی و گوێ لە مستی شێخ و پیر، بەڵام لە ھیچ کاتێکا چەشنی ئەو سۆفییە کە نالی لەو شیعرانەی سەرەوەدا باسی ئەکا نزم نابێ و بەچاوی سووک تەماشا ناکرێ. حافز ئەڵێ: صوفی سرخوش از این دست که کج کرد کلاه به دو جام دگر آشفته شود دستارش ھەڵبەست لە سەردەمی حافزیشا خۆپارێزی بەدرۆ و خواناسی بۆ فریوی خەڵک بووە، بەڵام شاعیری گەورەی شیراز ئەم تاقمە بەسۆفی ناو نابا، گاھێک بەقازی، جارێک موحتەسیب و شەحنە و دارۆغە و زەمانێ بەناوێکی تر ئەیانگرێتە بەر تیری تانە و توانج. نالی خاوەنی ئیدئۆلۆژی و مەکتەب و فەلسەفەیەکی تایبەت نییە کە لە سەرتاسەری دیوانەکەیا شوێنی ئەم بڕوا ئاینیی و کۆمەڵایەتییەی گرتبێ. جارێک شیعرەکانی لیریک و غەنایییە، گاھێک تیپیک و حیماسی، زەمانێکیش ئەکەوێتە سەرباری شیعری گەل. لە کاتێکا حافز بەھیچ بارێ خۆی لە کاری گەلی و ناسیۆنالیستی نەگەیاندووە. لە سەردەمی حافزا ئەنتەڕناسیۆ نالیستێکی کۆمەڵایەتی و حقووقی بەسەر ھەموو وڵاتە ئیسلامییەکاندا فەرمانڕەوا بوو و لە ڕوانگەی زانیاری و ئەخلاقەوە وڵاتانی ئیسلامی زۆر بەیەکەوە بەستراو و لە یەک نزیک بوون. لە تەواوی شوێنەوارەکانی سەردەمی پێش حافز وەک دیوانی ناسر خوسرەو، ئەبولعەلای موعەرری و مەولانا دەرئەکەوێ کە مەبەستێک بەناوی گەل نەھاتۆتە ناو شیعرەوە. تەنیا زامێک کە لەشی کۆمەڵی ئیسلامی ئازار دابێ بۆتە ھۆی بزواندنی ھەستی شاعیری بارھاتووی فەرھەنگ و زانیاری ئیسلام. تەنیا خوو و رەوشت و ڕێگا و شوێنێک بەخراپ دراوەتە قەڵەم کە لەگەڵ ڕەوشتی پەسندکراوی ئیسلامییا نەھاتبێتەوە. ھەڵبەت ڕەوشتی ئیسلامی لە ڕوانگەی فەلاسەفە و فەقیھاندا جیاوازی ھەیە و ھەرکام بەلێکدانەوەی خۆیان ڕوانیویانەتە سەر ئەم ڕەوشتە. حافزی خاوەن مەشرەبی فەلسەفی، تەنیا ڕواڵەت و تێکوڵی مەبەستەکە نابینێ و بەناخیا ئەچێتە خوارەوە و لە کاتێکا تێکوڵ پەرستی ڕواڵەت بین گیرۆدەی زاھیرە. حافز ئەڵێ: در میخانه ببستند خدایا مپسند که در خانهٔ تزویر و ریا بگشایند یا ئەفەرمووێ: زاهدان کاین جلوه در محراب و منبر می‌کنند چون به خلوت می‌روند آن کار دیگر می‌کنند ئەبینین کە سکاڵای حافز لەمەیە کە ئایین و خوو و ڕەوشتی باش گۆڕاوە و ئەو کەسانە وائەبێ جێگای چاولێکەری و پەندوەرگرتنی خەڵک بن، خۆیان ھەڵەڕەوتی سەرشێوێنن. باده هیچت اگر نیست این نه بس که ترا دمی ز وسوسهٔ عقل بی خبر دارد لە جێگایەکی تریشا ئەفەرمووێ: پیاله بر کفنم بند تا سحرگه حشر به می ز دل ببرم هول روز رستاخیز شاعیرێکی تری فارسیش خەفەتی خۆی لەم ھەموو خراپە و نزمییە کە لە کۆمەڵا بەرچاو ئەکەوێ، بەم چەشنە دەرئەبڕێ و بێزاری ئەنوێنێ لە خەڵکی جیھان: مرا به روز قیامت غمی که هست این است که روی مردم دنیا دوباره باید دید ھەڵبەت بەرامبەر کردنی نالی و حافز کاتێکی ھەراوتری ئەوێ. بەڵام لە خوێندنەوەی شوێنەوارەکانی ئەو دوو شاعیرە و لە ناوەرۆکی غەنایی شوێنەوارەکانیان دەرئەکەوێ کە لە یەکچوون و لە یەک نزیکی لە نێوانیانا زۆرە. لێرەدا گوتنی مەبەستێک بەلای منەوە زۆر پێویستە و ڕەنگە بکرێ ئەسڵ و پایەیەکی کۆمەڵایەتی لەسەر دابنرێ. مەبەستەکە ئەمەیە کە پاش شێوەی عێڕاقی، شێوەی ھیندی لە ئێرانا پەیدا ئەبێ و لە ئەوروپا لە دوای شێوەی ڕۆمانتێکدا شێوەی سوورێئالیسم و سەمبۆلیسم باو ئەبێ ئەزانین کە شێوەی ھیندی بەم ھەموو پێچ و قەمچ و مینیاتۆری ڕواڵەتەوە کە ھەیەتی زۆر لە شێوەی سەمبۆلیکی ئەوروپا ئەچێ. من لام وایە ھەم ئێران و ھەم لە ئەوروپا کاتێ ھونەرمەند و شاعیر دڵسارد ئەبێ لە گێڕانەوەی ئەو شتە وا لە پێشا ھەبوو و مەئیووس ئەبێ لەوە کە ئەو شتە وا دڵخوازیەتی دایبمەزرێنێ؛ ناچار دان بە شکستی خۆیا ئەنێ و تەریق ئەبێ و پاڵ ئەدا بەتاقمی کەمایەتی بێ دەربەستەوە. لە ئەوروپا شاعیر ھەست ئەکا ئەو شتە وا بۆ دامەزراندنی تێکۆشا، واتە بورژوازی، زۆر لە ڕوانگەی دادگەرییەوە جیاوازی نییە لەگەڵ فێئۆدالیسم و لە ئێرانا کاتێ ڕێکوپێکی و برایەتی ئیسلامی ئەشێوێ و شاعیر بەچاوی خۆی نزمی و چەپەڵی پەرەگری کۆمەڵایەتی ئەبینێ و ھیچیشی لە دەس نایە ھەر دووک مەئیووس ئەبن. ئەو شوێن سەمبۆلیسم ئەکەوێ و لە توێی تارادا بووکی واتە و مەفھووم ئەشارێتەوە؛ ئەم دەس ئەکا بەڕازاندنەوەی ڕواڵەتی خانووبەرەیەک بەناوی ھونەری شیعری کە ناو ماڵ و ژوور و ھۆدەکانی ھیچیان تێدا نەماوە. تا بەرنامەی داھاتوو بەخواتان ئەسپێرین. ئەم کاتە و ھەموو کاتێکی تری ژیانتان شاد. ++++++++++++++++++++++