شاعیر: سوارە کتێب: تاپۆ و بوومەلێڵ سەرناو: بەیت، بانگەوازی بلاوێنی ژێر دەوار سەلام لە گوێگری بەھەست و ھونەر پەرستی بەرنامەی تاپۆ. لە بەرنامەی پێشوودا گەیشتینە ئەم جێگایە کە بەیت یەکەمین و بێ تێکەڵاویترین شێوەی وێژەیی کوردییە. شێوەی ھیجایی بەتایبەت بیست ھیجایی کە لەگەڵ باری زمانی کوردییا باشتر ئەگونجێ، لە شێوەی کوردییا پێشینەیەکی لە مێژینەی ھەیە، تەنانەت لە بەیتیشا زۆرجار تووشی شێوەی بیست ھیجایی ئەبین؛ بەڵام شێوەی ھیجایی بەچەشنێکی سەربەخۆ پاش شێوەی بەیت ھاتۆتە ناو وێژەی کوردییەوە. وەک لە بەرنامەی پێشوودا باسمان کرد، ئەڵێن کە دەستە شیعرێک لەسەر پێستی ئاسک نووسراوەتەوە، دۆزراوەتەوە. شیعرەکە باسی ھێرشی عەرەب ئەکا بۆ سەر خاکی کوردستان و خاپوورکرانی ئاوایییەکانی کوردستان و کوژانەوەی ئاورگاکان؛ لام وایە کە ژیانی کوردەواری لەو کاتەدا نەگەیشتۆتە ئابووری زەوی کێڵگە و ئاواییش بەو چەشنە کە لە شیعرەکەدا باس کراوە زۆر نەبووە. ژیانی کوردەواری لەو کاتەدا ژیانی ژێر دەوار و ڕەشماڵ بووە و ئێلاتی کورد لە ھاتوچۆی گەرمێن و کوێستانا بوون؛ ھەر لەبەر ئەمەش بووە کە لەشکری ئیسلام بە زۆری نەیتوانیوە بەسەریانا زاڵ بێ و شێوەی ژیانیان و بڕوای ئایینی ئەوان بگۆڕێ کە مێھر پەرستی یا میترائیسم بووە یا ئەگەر زۆر پێشکەوتووتر بووبێ، گەیشتۆتە یەزدانپەرستی و ئایینی زەردەشتی. کۆمەڵی کوردەواری ئەوکاتە لەسەر ژیانی ئاژەڵداری دامەزراوە لە ژیانی ئاژەڵدارییا ناکرێ نووسراوەی شیعری بەم ھەستە کۆمەڵایەتییەوە ھەبووبێ. خاوەنی تاریخی گوزیدە نزیکەی حەوسەد ساڵ لێرەوبەر باسێکی ئەوتۆ ئەگێڕێتەوە و ھێرشی عەڕەب و ڕووخاندنی ئاورگا و کوشتاری ئێرانییەکان باس ئەکا. بابێینەوە سەر ھەڵبەستی سەر پێستەکە. مامۆستا عەلائەددین سەججادی، حوسێن حوزنی موکریانی و چەن کەسی تر باسی ئەو بەڵگە شیعرەیە ئەکەن، بەڵام ھیچ کامیان ناڵێن کە خۆیان ئەو نووسراوەیان بەچاوی خۆیان دیوە؛ ئەوانیش ھەر بەگوایە و ئەڵێن ئیشەکە ئەبڕنەوە و ھیشتا کەس نەیپرسیوە ئەی کوا ئەم بەڵگە ھێژایە لە کوێیە و دەست کام کەسەوەیە. حوسێن حوزنی ئەڵێ: «بازیل نیکیتین لە پەڕاوە بەنرخەکەیا کە ناوی «کوردەکان»ە باسی ئەم بەڵگەیەی کردووە.» من بەتەواوی بە تەرجەمە ئینگلیسییەکەی ئەم پەڕاوەیەدا گەڕام، باسێکی ئەوتۆم بەر چاو نەکەوت. بێگومان ئەگەر وێژەی کوردی لە سەدەکانی سەرەتای ئیسلاما گەیشتبایەتە ئەم پلە و پایەیە، تەنیا شوێنەوارێکی سێ چوار دێڕی لێ بەجێ نەدەما و ئەبوو ئێمە ئەمڕۆ زۆر پێستە ئاسکی وەھامان بەدەستەوە بوایە کە شیعری کوردی لەسەر نووسرابێ. نووسینی شەجەرەنامەی بێ بایەخ بۆ کورد نایگەیەنێتە ھیچ کوێ و زۆرتر ئەبێتە ھۆی سەرلێشێوانی ئەو کەسانە کە لێکدانەوەیەکی زانستییان بۆ ھەموو ڕووداو و واقعەیەکی کۆمەڵایەتی ھەیە. بەکورتی بیبڕمەوە، لەم ڕیزە وتارەدا نامانەوێ ئەمە بچەسپێنین کە کورد لە زانستی ئیسلامییا خاوەنی چ پلە و پایەیەک بووە یا گوێ نادەینە باسێکی درۆ یا ڕاستی وەک دۆزرانەوەی بەڵگەیەکی مێژوویی تاق و تەنیا بۆ وێژەی کوردی. باسی ئێمە لەسەر ژیانی گشتی خەڵکە، نەک ھەڵکەوتوو و بلیمەتی وەھا کە لە ڕادەی زانستی گەلەکەمان بەرزتر بوونەتەوە. ئێمە ئەمانەوێ باسی ئەو ھونەرە بکەین یا ئەو ڕووداوە و ئەو بارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە بخەینە بەرچاو کە بەچەشنێ تەئسیریان ھەبووە لە ژیانی گشتی کوردەوارییا و تایبەتی کۆمەڵی کوردن. بەیت بانگەوازی بەتەوژمی ژیانی کۆمەڵی ژێر دەواری کوردە. بەیت لایەنگری ژیانی ئازاد و خۆنەبەستنەوەیە بەکشتوکاڵەوە. بەیت نەوای تێکەڵایەتی لەگەڵ سروشت و تەبیعەتی ڕازاوەی کوردستانە. ھەر وەک لە بەیتی «شێر و کەڵ»دا بەرچاو ئەکەوێ. لەو بەیتەدا بەیت وێژ بەئاشکرا لایەنگری خۆی لە شێر - کە نموونە و مەزھەری ژیانی ئازادە - دەرئەبڕێ و بەسەر «کەڵا»- کە ئەویش بەنۆبەی خۆی مەزھەری ژیانی نیشتەجێیی و ئابووری کشتوکاڵ - زاڵی ئەکا. ھەڵبەت ئەبێ ئەمە بزانین کە گۆڕانی ژیان لە ئاژەڵدارییەوە بۆ کشتوکاڵ لە تەواوی ھەرێمەکانی کوردستاندا بەڕۆژ و سەعات و سەردەمێکی دابڕاو دیاریکراو دەستی پێ نەکردووە. ئێمە تەنانەت ناتوانین سەدەیەکی تایبەت ھەڵبدەین و بڵێین لەو سەدەیەدا ژیانی ژێر خێوەت و دەوار، ژیانی گەرمێن و کوێستان چوونی خێڵات گۆڕاوە بەژیانی ناو ئاوایی و خێڵات لە کۆڵ کەوتن و نیشتەجێبوون. لەبەر ئەمە ناشتوانین ھونەری تایبەتی ئەو دوو چەشنە ژیانەش لە پەرژینی سەدەیەکی تایبەتا دامەزرێنین و ئەمەیە کە ئێمە لە ژیانی کومەڵی ئاژەڵداری کوردا ئەبینین کە شیعری عەرووزی ھەیە وھی سەرای ئەمیرە کوردەکانە و ھەروەھا ئەشبینین کە لە ژیانی کشتوکاڵی کوردەوارییا بەیت ئەگوترێ. بەڵام نە شیعری عەرووزی ئەو کاتە و نە بەیتی سەردەمی ئابووری کشتوکاڵ، ئەو ھێز و توانایەیان نییە کە ئەبێ بیانبێ. لە ڕاستییا شیعری عەرووزی سەرای ئەمیرە کوردەکان چەشنێک بەپیرەوە چوون و ئیستقبالە لە گۆڕانێک کە چینی تێر و تەسەلی ئەوکاتە بەپێویستی ئەزانی. شیعری عەرووزی بێ ئەوە بتوانێ لە ناوی ھەوای کۆمەڵا بژی و لە ناو باغچەی ھەناوی گشتیا بڕوێ لە کۆشکی ئەمیران و لە گوڵدانی سەر ھێلانی خانووبەرەی چەن قاتی ئەوانا ئەپشکوێ. بێگومان ئەو گوڵە دەسنێژە لەو گوڵدانە تەنگەدا ناتوانێ بەخۆیا بێ و چرۆ دەر بکا و بۆنی خۆشی بەھەموو لایەکا بڵاو کاتەوە. بەیتبێژی لە سەردەمی زەوی کێڵگەشدا خاوەنی بارێکی ئەوتۆیە و ئەویش ناتوانێ بەھێز و پەرەگر و پتەو بێ، چونکە ئیتر لەو سەردەمەدا بەیت نیازی گشتی کۆمەڵی نیشتەجێ نییە چینی خوارەوە بەبەیت گوتن لە ڕاستییا ئەیەوێ بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێشوو؛ یا لانی کەم، یادی سەردەمی پێشوو کە بەرەنگاری چینەکان ھێندە زۆر نەبوو لە دەروونیا زیندوو کاتەوە. بەم چەشنە شیعری عەرووزی سەردەمی ئاژەڵداری ئەبێ بەلالایی بۆ کۆرپەیەک کە ھێشتا لە دایک نەبووە و شیعری بەیتی کاتی ئابووری کشتوکاڵ ئەبێتە گریان بەسەر مردوویەکا کە ئیتر زیندوو نابێتەوە. دیسانەوە باسەکەمان درێژەی ئەبێ و لە بەرنامەیەکی ترا کە پێکەوە کۆئەبینەوە، لە سەر لێکدانەوەکەمان ئەڕۆین. تا ئەو کاتە خواتان لەگەڵ. ++++++++++++++++++++++