شاعیر: سوارە کتێب: تاپۆ و بوومەلێڵ سەرناو: محەممەد سەددیقی مەحموودی، بەشوێن مامۆستا گۆرانەوە گۆران ھەڵکەوتەی شیعری کوردی، لە عێڕاقا چاوی کردەوە، لەوێ ژیا، لەوێ ھەڵیدا و لەوێ چاوی بەجیھان پۆشی. شیعری شێوەی نوێ ئەگەر بەگۆرانیش دەس پێ نەکرابێ، لانی کەم ئەوە قسەی تێدا نییە کە بەھۆی گۆرانەوە پتەو بوو، ڕازاوە و جێگای خۆی کردەوە. گۆران ئەوینداری ڕاستی و ڕەوانی جوانی بوو؛ چ لە سروشتا و چ لە ئافرەتا. بوێرانە گوتی: جوانی لە خواوە بەھرەیەکە پڕ بەپێست بۆ ئافرەت و گوتی: بەڵام تەبیعەت ھەرگیزاو ھەرگیز بێ ڕووناکییە بێ بزەی ئازیز خوڕەی قەڵپەزەی کەف چەرێنی چەم، شنەی سێبەری داری گوێز و توو، توولەماری ڕێیە کە دەخوشێتە ناو دارستان، گاشەبەردێ کە گەردوون تلی پێ نەداوە، کۆلکە زێڕینەی پاش بارانی زۆر، گوڵەبەڕۆژەی قژ زەردی چاوکاڵ، ھەمووی ئەمانە و گش جوانییەکی تری سروشت بۆ ئافرەت، ھۆی لێکدانەوە و ھەستی ئایینی بوون. گیانی شاد بێ کە بەساکاری و دڵپاکی لادێییەکەوە گوتی: خوای یەکەمین جوانییە لەباری ئایینەوە. گۆران ئەوتۆ بوو، ئەوینداری دڵ پڕ لە ھەستی جوانی و ئەو خەیاڵەی وا پێی مەست بوو، باش توانی بیخاتە ناو چوارچێوەی ھەڵبەستی. نە ڕمبەڕمبی بێھوودەی ناسیۆنالیزمی تەواو ویشکی نیزیک بەفاشیزمی لێوە دێ، نە بێ دەربەستی شیعری ئیندیویدوالیستیی (individualism) لە کۆمەڵ تەریک بوونی پێوە دیارە. ئەم دوو نموونەیەم بۆیە ھەڵدا کە بەداخەوە لە ھەردوو بارا تاقمی وەھامان ھەن، کە یا ھەر خۆیان ئەبینن، یا ھەر گەلی خۆیان لایان وایە شەڕ، شەڕی نێوان دوو ڕەگەزە، یا دوو ھۆز، یا دوو گەل و تەواو لە چلۆنی چینایەتی و ئابووری دوور و... . گۆران وەھا نەبوو. ئادەمیزادێکی تێگەیشتووی شاعیر بوو؛ بەڵام شێوەی لە عێڕاقدا پاش خۆی پەیڕەوی زۆر بۆ پەیدا نەبوو. لەبەر چی وەھا بوو؟ خۆتان لێکیدەنەوە. چونکە باسێکی ترە و لێرەدا جێگای نابێتەوە. بەداخەوەم کە ناچارم ئەوە بڵێم کە شاعیری کورد لە عێڕاقا نەیانتوانیوە ڕێبەر بن؛ زیاتر چاولێکەر بوون. شوێنگرتووی کۆمەڵ بوون، بێ ئەوە ھەوڵێک بدەن بۆ گۆڕینی بەرەو پێش بردن. لەبەر ئەوە شیعرەکانیان زەنازەنای بێھوودەیە و ڕمبەڕمبی ساکار. مەبەستم شاعیرانی گەنجە، نەک ئەو برایانەی ڕابردوو. یەکێک لەو ئیستعدادە بەفیڕۆ چووانە بەلای منەوە «ھەژار»ە کە بەڕاستی خەسارە. کەس نییە پێی بڵێ مامۆستا! خوێن، ئەویش خوێنی ئادەمیزاد، ئەویش بەم شێوە گشتییە کە تۆ گوتووتە چۆن پیس ئەبێ؟ و ئایا گوڕ و فیچقەی خوێن لە بان تیغی دەبان لە شیعرا ھێنانەوە، خووی سادیسمی و پیاو کوژی لە گەلا ھاندان، لە کاتێکا کابرا ھاتوو گوتی: «برالە ئادەمیزاد یەکن و ئەوەی تۆ بەڕواڵەت ئەیبینی شەڕی نێوان دوو نەتەوەیە، لە ڕاستیدا شەڕی نێوان دوو ئابوورییە» سوودی چییە؟ لێرەدا مەبەستم ڕەخنە گرتن نییە و زیاتر لەسەر ئەم باسە ناڕۆم؛ بەڵام ئەمەوێ بڵێم کە شێوەی مامۆستا گۆران پاش نەمانی خۆی لە عێڕاقا پەرەی نەگرت و لە ئێرانا زیاتر ھۆگری بۆ پەیدا بوو. یەکێک لەو پەیڕەوانەی شیعری گۆران، مامۆستایەکی گەنجە، بەناوی مامۆستا محەممەد سەددیقی مەحموودی موکریانی. ھەڵبەت ئەو مامۆستایە ھێشتا نەیتوانیوە شێوەیەکی تایبەتی و سەربەخۆ بدۆزێتەوە و نەوەک قالب و دیوی دەرەوەی شیعرەکانی لە ھی گۆران دەچێ، بەڵکو ھەر ناوەڕۆکی شیعرەکانیشی ھەمان ناوەڕۆکی شیعری گۆرانە. ئەمەش شیعرەکانی مامۆستا محەممەد سەددیقی مەحموودی: خوڕەی ھەڵدێر، شمشاڵی شوان کە بۆ ھەڵبەست ئیلھامی خوان چەند بەسۆزن، چەند سێحراوین لای لایەن بۆ کۆرپەی ئەوین دەمی بەیان شنەی شەماڵ دڵی بێ تین دێنێتە حاڵ وەنەوشەی کز لە نێو تەما ئەخاتە ناو کۆڕی سەما بەپشت پشتی قامکی سروشت وەختێ کە خۆر پڕشنگی ڕشت گیتی ھەمووی دەشت و کێو بزەی زێوینی دێتە لێو بەئاھەنگی ھەوری بەھار فرمێسکی شادی دێتە خوار لە چاوی ئاسمانەوە بەموژدەیی ژیانەوە لە کێو و تەل، دەشت و چیا لە سەر پەڕی گوڵ یا گیا چەند نەخشینە، چەند جوان ئاونگ کاتێ کە لێی ئەدا پڕشنگ ورشە و تریفەی مانگە شەو لە سووچی دڵ ئەدا پەڕتەو ئەخاتە ناو ئاگری سوور تاسە، مەیل، ھەست و شعوور ئەوانە گشت ئەدەن بە گیان ژیان، بەڵام کامیان وەک نیونیگای ھی دڵدارین ئاوا لە ناخی دڵ کارین؟ مامۆستا گۆران ئەڵێ: چەند بە ئاھەنگ، چەند سێحراوین ئەگەڕێن پۆڕن یا مراوین و کاک محەممەد سەددیق ئەڵێ: «چەند بەسۆزن، چەند سێحراوین». «وەنەوشەی خامۆش لە ژێر تووتڕکا» ھی مامۆستا «گۆران»ە کاک سەددیقیش «وەنەوشەی کز»ی ھێناوە. جگە لەمانە تەواوی شیعرەکە ناوەڕۆکی ھەر ئەمەیە کە مامۆستا گۆران گوتوویە: کام تاسە، کام مەیل، کام چاوەنواڕی تەلەسماوییە وەک ھی دڵداری من لام وایە کە ئەم شاعیرە ھەوێنی شاعیرانە لە ھەستیا زۆرە و چاوەڕوانی ئەکرێ بەزوویی ڕێگای تایبەتی سەربەخۆی، خۆی بدۆزێتەوە. ١ ١. بۆ ئاشنایەتی پتر لەگەڵ خوالێخۆشبوو «مەلا محەممەد سەدیقی مەحموودی» (١٣١٦-١٣٦٥)، بڕوانە دیوانەکەی بەناوی «وەنەوشە»، کە لە ساڵی ١٣٦٧ی ھەتاویدا لە لایەن «ئینتیشاڕاتی سەلاحەددینی ئەییووبی»یەوە چاپ کراوە. ++++++++++++++++++++++