شاعیر: سوارە کتێب: تاپۆ و بوومەلێڵ سەرناو: سەججادی، گۆران ناناسێ سەبارەت: ١٩٧٣/٠١/٢٢ سەلام لە گوێگری بە ھەست و ھونەرپەرستی بەرنامەی تاپۆ. مامۆستا عەلائەددین سەججادی لە سەرەتایەکا کە لەسەر کۆمەڵە شیعرێکی گۆران بەناوی فرمێسک و ھونەر نووسیویە ئەڵێ: «شیعر نەغمەیەکی خەیاڵ یا پەردەیەکی نازکی جەماڵە کە لە کوورەی دەروونێکی بەجۆشەوە سەرھەڵئەدا، لەو دەروونەوە سەرھەڵئەدا کە ئاوێنەی بێ گەردە بۆ وێنەی بارەگای تەبیعەت. شیعر گەلێ کەلێن و قوژبن و گەلێ یاسای جوان جوانی ھەیە، ئەمە بێجگە لەوە کە خۆی خەیاڵە، باوەشیش ئەکا بەئاسۆی تەبیعەت و عالەمدا. ھەرکەسە ویستوویەتی ئەو عالەمە و ئەو تەبیعەتە بەجۆرێک و بەشێوەیەک پیشان بدا، بەتایبەتی کە لە ڕۆژھەڵاتا ڕێچکەی شیعر تا ئێستە با زۆریش بووبێت ھەر لەسەر چەند پەلێکی تایبەتی ھاتۆتە کایەوە. شاعیر با زۆریش بووبێتن لەو چەند پەلە زیاتر ھیچی تریان نەگرتووە بەدەستەوە. ئەگەر شاعیرێک ویستبێتی تۆزێ ئەو نەغمەیە بگۆڕێ لەبەرئەوەی کە نەغمەکە زۆر ئاشنای گوێگران نەبووە، خێرا گوێچکەیان لێی زرنگاوەتەوە و حەزیان کردووە بابدەنەوە بەلای ئەو ڕێچکە و شێوانەوە کە دەمێ ساڵە لەگەڵی ڕاھاتوون. بەم بۆنەیەوە ڕەمەکی مەردمەکە - مەگەر ھێندێکی تایبەتی نەبێ - شیعری کە دیلی قافیە یا خەیاڵێکی کۆن نەبێ زۆر بۆی ناشنێنەوە. دیارە ئەمەش پێچەوانەی ئەو گۆڕانەیە کە بەسەر ھەموو ورد و درشتێکی کەوندا دێت.» مامۆستا عەلائەددین سەججادی پاشان گۆران بەدەسپێکەری شێوەی نوێ لە شیعری کوردییا ئەناسێنێ و ئەڵێ: «گۆران لە ڕەخنە و ئیراد نەترسا و شیعری لە کۆت و زنجیری قافیە ڕزگار کرد.» مامۆستای ھەڵسەنگێنەر و نووسەر عەلائەددین سەججادی ھەر لەو سەرەتایەدا ئەنووسێ: «گۆران لە شیعردا شێوەیەکی ڕۆژئاوایی گرتووە. تاقە ئامانجی دەربڕینی خەیاڵ و دروستکردنی مەعنای شیعرە، نەوەک تەنیا وشەی شیعر.» ئەمە بڕوای مامۆستا عەلائەددین سەججادییە؛ بەڵام من لام وایە مامۆستا ھەڵەی کردووە، چەن ھەڵەی زۆر بەرچاو. یەکیان ئەمە کە لای وایە شاعیری بەرز گۆرانی نەمر شیعری بێ قافیەی کوتووە، من لە سەرانسەری دیوانەکەیا بۆ نموونەش پارچە شیعرێکی بێ قافیەم بەرچاو نەکەوتووە، تەنیا جیاوازی مامۆستا لەگەڵ شاعیرەکانی ترا ئەمەیە کە گۆران زۆرتر پەرژاوەتە سەر کاکڵی شیعر، واتە مەفھووم و مەعنا؛ قالب و توێکڵ واتە دیوی دەرەوەی شیعری ئەوەندە لا بەرز نەبووە کە بایەخی زیاتری لە مەفھووم و مەعنا بۆ دابنێ، بەڵام ئەمە نابێتە بەڵگە کە دیوی دەرەوەی شیعرەکانیش ناڕێک و نالەبار بن. مەعنایەکی جوان لە قالبێکی دزێودا لە مەیەکی نەشەبزوێن ئەچێ کە کرابێتە ناو سواڵەتە شکاوێکەوە و مەعنایەکی دزێویش لە قالب و توێکڵێکی جواندا لە ئاوێکی لیخن و لێڵ ئەچێ کە کرابێتە زەرفێکی زێڕینەوە. شیعرێکی جوان کە ماناکەی گەشە بدا بەدەروون، ھەر کام لەم دووانەی نەبێ، واتە کاکڵ و توێکڵ، ھەر کام ناحەز و دزێو بن لە جوانی شیعرەکە کەم ئەکەنەوە. زۆر کەسی وا ھەن کە پەیڕەوی شێوەی سووررێئالیستین و لایان وایە تەنیا وشەی شیعر ئەبێ جوان و بەئاھەنگ بێ. «ژۆرژساند» ئەڵێ: «شیعرێکی وشە جوان و بەئاھەنگ ھەرچەند بێ مەعناش بێ جوانترە لە شیعری بەڕواڵەت ناقۆڵا و بەمانا بەرز.» مامۆستا عەلائەددین سەججادی ئەنووسن کە مامۆستا گۆران ئەو شێوە شیعرییەی داھێنا و شێوەکەی شێوەیەکی ڕۆژئاوایییە. ئەگەر قسەکەی مامۆستا سەججادی ڕاست بێ، بەواتەی خۆیان مەردمەکە مافیان ھەیە لێی بسڵەمێنەوە و گوێی بۆ شل نەکەن. لە وەڵامی مامۆستا سەججادیدا ئەڵێم کە شێوەی نوێ ئەگەر بەتێکشکاندنی ئوسوولی عەرووزی بڵێن، واتە نیوە شیعرەکان لە باری کورتی و درێژییەوە وەک یەک نەبن و قافیە وەک ئەسڵێکی نەگۆڕاو لە شیعرا نەبێ، ئێمەی کورد لە پێش شێوەی عەرووزییا کە ھی عارەبەکانە «بەیت»مان ھەبووە کە نە نیوە شیعرەکانی بەتەرازووی «ف-ع-ل» بەرامبەرن، نە دوو نیوە شیعرەکان وەک یەک و بەئەندازەی یەک کورت و درێژن. من ئێستاش بۆم دەرنەکەوتووە بۆچ نووسەران و ھەڵسەنگێنەرانی کوردی عێراق بەقوتابخانەیەکی ھەرە بەنرخ و ھەرە خۆماڵی ئەڵێن: «فۆلکلۆر»؟ ! بەیتەکان شاعیرەکانیان ناسراون. خەیاڵاوی و ڕازاوەن. گاھێ تڕاژیدییەکی ئەوەندە گەورەیان تێدایە کە تەنانەت لە تڕاژیدییەکانی ئوڕووپاییش بەرزترن. «زەماوەندی خوێناوی» گارسیا لۆرکا لە چاو بەیتی سەیدەوان ئەوەندە بچووکە کە پیاو ناتوانێ بەرامبەر یەکیان دابنێ و بەیەک ھەڵیانسەنگێنێ. پرسیارێکم لە مامۆستا سەججادی ھەیە؛ ئەم مەردمە کە شیعر ئەخوێننەوە و لێی تێئەگەن، ئاخۆ لە گەشتی قەرەداغ و ھەورامان باشتر حاڵی ئەبن یا لە «شیرین تەشی دەڕێسێ»ی «وەفایی». بەڵێ تەشی ڕستن لە ناو ئافرەتانی کوردا باوە. بەڵام وەفایی کە بەشێوەی عەرووزی شیعری کوتووە، ئەوەندەی باسی ئەستێرەناسی و مەبەستی قووڵی تر تێھەڵکێشاوە کە تەنانەت خوێندەوارانیش ئەبێ لە مامۆستایەکی گەورەی شیعرناسی بپرسنەوە تا سەرەندەری لێ بکەن: «سەمای بەذوذنب دا کف الخضیبی شیرین» کەی بۆ مەردمە؟ شیعرێک کە لە ژیانی خەڵک ئەدوێ و بەزمانی خەڵک ئەدوێ ئەم چەند شیعرەیە لە گەشتی قەرەداغ: شەو دانیشتبووین گشتمان لە سەربان، پیاوێک پەیدا بوو خەڵقی دێی دووکان؛ بۆ سەر زەماوەند خوڵقی ئەکردین، کەوتینە ڕاوێژ: «بچین یا نەچین». من لەبەرئەوەی بێ وڵاغ مابووم، لە ئاستی «بچین» ترشم ئەکرد ڕووم. پاش لێکدانەوەی زۆر و یەک و دوو کە دیم وڵاغم بۆ جێبەجێ بوو، ئەمجار دەستم کرد بەکۆمەڵ ھاندان، بۆ ڕۆیشتنی سەر شایی دووکان، لەوێوە بووک تا «سەیوسێنان» بردن بینینی ھەردوو پەردەی ژن بەژن! بەیانی سەعات دەوری ھەشت، کۆمەڵ ڕێکەوت چەن سوارێک، ئەھالیش لەگەڵ ھەموو جل گۆڕیو، سەر و ڕیش تاشیو لە ئەسپ درابوو ڕەخت و ڕەشوەی زیو ئێستا و تاوێ تر حیلەی ئەسپی شێ، غار و ڕمبازێ تەختایی لاڕێ، وای خەریک کردم بەخەیاڵەوە کاتێکم زانی، بەقەدپاڵەوە «دووکان» دیاری دا لە بناری شاخ، ژووری ئاش و بی، خواری شیو و باخ... ئەم شیعرانە کامیان شێوە ڕۆژئاوایین؟ ئاخۆ لەمە جوانتر ئەکرێ دیمەنێک بخرێتە بەرچاوی کوردێک کە لەگەڵ ژن بەژن و ھەڵپەڕکێ و سواری و میوانداری گەورە بووە؟ ++++++++++++++++++++++