شاعیر: سوارە کتێب: تاپۆ و بوومەلێڵ سەرناو: شەڕگە خۆشەویستەکەم! سێ شەو و ڕۆژە کە سووری ئیسڕافیلی شەڕ لێدراوە، ئەمڕۆ ئاگر لە ھەموو ڕۆژێک بەتینتر بوو. وەک بڵێسەیەک کە بەربێتە پووش و پەڵاش ئەیتەنییەوە و ئەھاتە پێشەوە. ئەتکوت ماری سوجەی سوورە و گەرمای ھاوین ورووژاندوویەتی. لوورەی مەرگ بێ وچان ئەھات، گەرووی تینووی تۆپ و ڕەشاش خوێنی گەشی لاوەکانی قوم قوم ئەخواردەوە، بەڵام سوکنایی نەدەھات، لەو سەنگەرەدا کە منی تێدا بووم. دوو لەشی بێ گیان درێژ ببوون. یەکیان دەستی گرتبوو بەزامی سەر سینەیەوە و بەدەرد و ئێشەوە گیانی دەرچووبوو. ئەوی تریان کە تازە مووی ڕیش و سمێڵی بۆر کردبوو، بەدەم بزەیەکەوە ھەناسەی دوایی ھەڵکێشا بوو. من چاوێکم بڕیبووە ناو تەمومژ و دووکەڵ و تۆزێ کە ڕووبەڕوومان وەستا بوو و ھەرچەند وردەیەک لە ناو ئەو تەمومژەوە سەنگەرەکەی منیان ئەگرتە بەر ڕەھێڵەی گوللە و ناچاریان ئەکردم سەرم لە پەنا بەردێکا کە دوو شەوی تەواو لەجیاتی سەرین لە ژێر سەرما بوو، بشارمەوە، بەڵام کاتێ چاوم بەلەشی ساردوسڕی شەڕکەرە لاوەکە ئەکەوت، لەشم ئەلەرزی. بەتایبەت بزەی سەر لێوی ئەیترساندم پڕ بەزار ھەرام ئەکرد، بەچی پێئەکەنی ئەی دوژمنی مردوو! بەڵام دوژمنی مردوو ھەر بزەی ئەھات و وەڵامی نەدەدایەوە. دیسانەوە سەرم لە سەنگەرەکەم بەرز ئەکردەوە و قاقای شێتانەی شەست تیرەکەم پڕ بەدەشتی شەڕگە بەرز ئەبۆوە. ویزەی گوللەیەکی وێڵ بەلای گوێما تێئەپەڕی و لە سەنگەرێکی تری خۆییدا ئاخێکی ئەچزاند بەدوو لێوی تینووی ھەواڵێکی منەوە. مردن وەک دەوارێکی زل، سپای ئێمە و ئەوانی دائەپۆشی. مردن تەنیا شتێک بوو کە لە نێوانمانا جیاوازی نەبوو. ھەردووک لامان لێی ئەترساین و ھەردووک لاشمان بۆی ئەچووین. لەپڕ بیرم کردەوە ئەگەر وەک لەسەر مردن پێکھاتووین و بڕوامان بۆتە یەک، بۆ ژیان وەھا بوایەین، ئێستە ئەم لاوە دوژمنە کە لە سەنگەرەکەی منا کوژراوە و ئەم ھەواڵەی من کە وردەیەک لێرەوبەر گیانی دەرچوو، زیندوو بوون و ئێستە لەجیاتی شەڕ و کوشتار، من باسی تۆم بۆ ئەم لاوە ئەکرد کە ئەکرا دۆست بێ و دوژمن نەبێ و ئەویش بێ گومان باسێکی ھەبوو کە بۆ منی بگێڕێتەوە سەبارەت بەدایکی چاوەڕوانی، سەبارەت بەنیگای سڵ و ڕەوەکی چاوێکی کارمامزی. ماوەیەکە دوژمن کشاوەتەوە. فڕۆکەکانی ھێرش ناھێنن. دەشتی بێ دەنگ بۆتە گۆڕستانی ھەزاران گیانی بەھیوا و ئەگەر باش گوێ ڕابگری، پڕمەی گریانی خاک ئەبیستی. ئیتر ترسمان نییە ھاتوچۆی سەنگەرەکان بکەین، ھیچ کەس قسەیەکی نییە بیکا. دووکەڵی باڕووت و تۆزی دەشتی گڵەسوورە، ڕواڵەتی شەڕکەرەکانی ڕەنگاندووە. بۆنی خوێن لە ھەوای بێ سروەی شەڕگەدا مەند ڕاوەستاوە. ھەموو کەس خەریکی دۆزینەوەی وەڵامی ئەم پرسیارەیە، کە بۆچ شەڕ ئەکا؟ بۆچی ئەکوژێ و ئەکوژرێ؟ بەڵام ھیچ کەس دەری ناخا. شەڕکەرێکی پیر لەبەر خۆیەوە ئەڵێ: «شەڕ بۆ ئازادی، مردن بۆ ژیان!» من کە خەریکم سوێم ئەبێتەوە بۆ ئەوە کەسێک قسەیەکم لەگەڵ بکا و دڵنیام کا ھێشتا ھەر زیندووم، لە لای دائەنیشم. شەڕکەری پیر تێئەگا چیم ئەوێ. لەسەرخۆ ئەپرسێ: «چەند کەست کوشت؟» گیانم پڕ ئەبێ لە بێزاری، بەڵام ئەو لەسەر قسەی ئەڕوا: «ئەگەر ڕۆژێک دوژمن بتوانێ گیانیشمان وەک لەشمان زنجیر بکا، ئەو ڕۆژە شکستی دواییمانە، قڕانی نەتەوایەتیمانە، شەڕ ناخۆشە، ئەم ھەموو لێو وشک بوون و ترسانە، ئەم سام و لەرزینە ناخۆشە.» لەو کاتەدا قومقومەی ئاوەکەی کە لەبەر گەرما بۆتە ژەک، بەسەرەوە ئەنێ و چەند دڵۆپ ئاو بەسەر سمێڵی زلیەوە ترووسکەی دێ و بەدەم ھەناسەیەکەوە کە نازانی بۆ پشوودانە یا لەبەر پەرۆشی ئەڵێ: «بەڵام لە شەڕ ناخۆشتر ئەمەیە کە تەسلیم بوون و سەر شۆڕکردنمان پێ ناخۆش نەبێ.» ئێستە کە من ئەم نامەیە بۆ تۆ ئەنووسم، بەربەیانێکی زووە. چاوەڕوانین کە لەگەڵ دەرکەوتنی خۆرەتاو، باشووی ئاسنین، سێبەری ترسێنەری لە ئاسمانا پەیدا بێ و مەرگ باڵ بەسەر زەوی شەڕگەدا بکێشێ، بەڵام من بیرم بەلای تۆوەیە. دێتەوە بیرم کە باسی داھاتوویەکی پڕ ئەوین و دڵداریمان ئەکرد و لەسەر ناوی مناڵەکانمان ئەمانکرد بەکێشە. بیری ئەو ڕۆژە ئەکەمەوە کە ڕێ ئەکەوتم بۆ شەڕ و تۆ ئەگریای و من بەگریانەکەی تۆ پێکەنینم ئەھات و بەڵێنم ئەدا زوو بگەڕێمەوە بۆ لات. ئەمڕۆ شەڕ دوایی دێ. ئەگەر نەکوژرێم، ئەگەر سەرکەوین، دێمەوە و چاوی لێڵم لە گوڵاوی ڕوونی نیگاتا ئەشۆمەوە. ڕاستییەکەی ئەمەیە کە مردن تا ئەو کاتە کە زۆری لێ دووری ترسێنەرە. ناچارم نامەکەم ببڕمەوە، چونکە ھەر ئێستە گرمەی فڕۆکە و قرمەی گوللە بێ دەنگی دەشتی لەناوبرد. دیسانەوە بەرەو سەنگەرەکە ئەڕۆم. کاتێ شەڕ تەواو بوو، ئەم نامەیە لە پەنا لەشی بێ گیانی شەڕکەرێکی گەنجا دۆزرایەوە کە لە خوێن ھەڵکشابوو! . ڕەزبەر ++++++++++++++++++++++