شاعیر: سوارە کتێب: تاپۆ و بوومەلێڵ سەرناو: وەنەوزی بۆری شەوانی درنجاوی سەبارەت: ١٩٧٣/٠٢/٠٨ بەسەرخۆشی لە بارێکی شەوانە ئەگەڕایەوە. خۆی بەم جێگایانەی ئەکوت: «نایت کلاپ». ئەھاتە بەرچاوی کە تا ئەژنۆی لە ناو شەقامی بێ ھاتوچۆ و بێ دەنگا بەتەمومژەوە ئەبێ. وای ئەزانی پێی لە زەوی بڕاوە و خەریکی فڕینە. فڕینێکی بەئەسپایی، چەشنی نیشتنی قورینگ لە پەنا شەتاوێک. لەو «نایت کلاپ»ە چەند جار قامکیان بۆ لا ڕاداشتبوو. ئەو وای زانیبوو تاقمی لایەنگرانین و شیعرەکانی ئەویان لە گۆوارە بەنرخەکانا خوێندۆتەوە و بێ گومان ھەر کامیان نوسخەیەکیان لە کۆمەڵەی شیعری تازەی ئەو بەناوی «وەنەوزی بۆری شەوانی درنجاوی» لە ماڵا ھەیە. ویستبووی ڕواڵەتێکی شاعیرانەی ھەبێ، ھەستا بوو بۆ تەماشاکردنی دەموچاوی. ڕووی کردبووە ئەو شوێنە کە دەستی لێ ئەشۆن. لەبەر ئاوێنە بەخۆیا ڕوانیبوو و ھەستی کردبوو مووی سەر و کاکۆڵی ڕێکوپێکە. بەدەست کەمێکی شێواندبوو. بۆ ئەوە شیاوی ناوی «شاعیری شێواو» بێ. کاتێ گەڕابۆوە، ویستبووی بەبزەیەک تاقمی لایەنگرانی بەسەر کاتەوە و ئەوانیش وەڵامی بزەکەی ئەویان بەقاقایەکی تێکڕایی دابۆوە، شاعیر وای دانابوو کە ئەم قاقایە زۆرترە لەوە کە کاری ئاوی تاڵی سەرخۆشکەر بێ، کاری بزەی لاوێنەرەوەی ئەوە. بەدڵنیایی لەسەر جێگای خۆی دانیشتبۆوە و ئەم بیرە بەمێشکیا ھاتبوو: «ئەگەر ئێمەی ھونەرمەند نەبین و پەژارەی ھەموو ئەم خەڵکە ساکارە نەکەین بە ھی خۆمان، بەستەزمانانە چەندە زوو پشتیان لە ژێر باری خەما کۆم ئەبێتەوە.» ھەستی کردبوو کە ئەوەندە بەرز بۆتەوە سەری لە میچی ھۆدەکە ئەدا. تەنانەت لەو کەسەی بەلای دەستیەوە دانیشتبوو پرسیبووی: «ئەم میچەیان بۆچ وا نەوی دروست کردووە؟» بەڵام کابرا وەڵامی نەدابۆوە. بەبیریا ھاتبوو شیعرێک بڵێ بۆ ئەو جیھانە کە ھونەرمەندی تێدا نییە و لە دڵی خۆیا گەڵاڵەی شیعرەکەشی گرتبوو «وڵات ھەمیشە زستانە، مەڵێ بەھار تۆراوە و ھەرگیز ناگەڕێتەوە، بزەیەک لەسەر گوێسوانەی لێوێک دیاری نادا، ھەتاو کۆچی دوایی کردووە، ئەوین وەک کوانووی دامرکاوی پاش کۆچی خێڵ، ساردوسڕ ھەڵگەڕاوە» و بەخۆی گوتبوو: «لە بیرم نەچێ ئەم شیعرە ئەبێ ئاھەنگێکی خەماوی ھەبێ. بەڵام نەک تا ڕادەیەک کە ببێتە شیعری سەر شیوەن.» سەرخۆشی ئارەق و دڵخۆشی کاتێ کە شیعرەکەی بەپیتی گەورە لە گۆواری وێژەیی ناسراو چاپ ئەکرێ، تێکەڵ ببوون و مەودای تەسکی ھۆدەکەی لە بەرچاو تەنگتر ببۆوە. لە شەقاما تا ئەژنۆی بەتەمومژی ئەفسانەوە ئەبوو، بەرەو کۆڕێک ئەفڕی کە لەوێ چەن ھونەرمەندی تر چاوەڕوانی بوون. کاک سروشت کە نەققاشی گەل بوو تابلۆکەی چەند ڕۆژ پێشتر جایزەی گەورەی «بیناڵ»ی وەرگرتبوو. ئەو تابلۆیە کە نەققاش ناچار بوو بە ٣٧ ھەزار تمەن بیفرۆشێ، بریتی بوو لە چەند کونی وەک گوڵوێنەی تەندوور، ئەگەر کەسێک چێشکەی ھونەری نەبوایە لای وا ئەبوو نەققاشی مناڵێکی قوتابییە کە پاش تەواوبوون بەدڵی نەبووە و خەتی خوار و خێچی بەسەرا ھێناوە. نەققاشەکە ئەیگوت ناوی ئەو تابلۆیە «ویەتنام»ە. کاک زیل و بەم کە مووسیقارێکی گەنج بوو، لووتی ھەر لە «کلیلی سۆل» ئەچوو و خوشکە ئارایش کە تازە زانکۆی ھونەرە جوانەکانی تەواو کردبوو. ئەوەندە نوێگەر بوو لەسەر دێرێکی چەڵەمەی بەستراوی بێ جەمسەر ڕۆیشتبوو و گەڕابۆوە سەر ھەوەڵی شارستانیگەری ئادەمیزاد. لای وابوو، - سوێندیشی بەزێئووس و وێنووس ئەخوارد - درۆ ناکا کە ناحەزی و دزێوی بەرزترین نموونەی جوانییە. ئەیگوت پیاو بێزی ھەڵئەستێ کاتێ ئەچێتە ناو ھۆدەیەکەوە کە ھەموو شت لەسەر جێگای خۆیەتی. کاک شێواوی شاعیریش ئەم قسەیەی زۆر بەدڵ بوو و ھەمیشە ئەیگوت: «تۆ و شیعرێک لەسەر من خوشکە ئارایش، سەبارەت بەئافرەتێک کە لەم وشکارۆی بێ زەوقییەدا تێئەگا جوانی یانی چی.» شاعیر ھەروەھا سەرخۆش بەناو تەمومژی ئەفسانەدا ئەفڕی. وای ئەزانی لەسەر چیای «ئەلەمپ» لە بارەگای خودایانا دانیشتووە. لەپڕ پشیلەیەک دەرپەڕی و شاعیری ئێمە کە کۆڵەباری ڕاسپێری گرانی مێژوویی بەسەر شانیەوە ئەتگوت پووشێکە، ڕاچەنی و دڵی دەستی کرد بەلێدان. جێگای کاک زیل و بەم خاڵی بوو کە مێلۆدییەک لە لێدانی دڵی شاعیر دروست بکا. بیری کردەوە. ترس دوژمنی گەورەی ئادەمیزادە، بەڵام نەیتوانی ناوەڕۆکی شیعرێک بدۆزێتەوە کە توانجێک بێ بۆ ترس. گێژ و خولی خوێنی گەرم ترسی لەسەری ڕەواند و ھەستی کرد کە یەکجار بەتاسەوەیە خۆی بگەیێنێتە لای خوشکە ئارایش و باسی حەیوانی سەرەتایی بکەن. باسی ئەو پشیلانە کە ددانیان بەئەندازەی شمشێرێک درێژ بوو. شاعیری شێواو بەکۆڵانی تەمگرتووی ڕابردوودا گەڕاوە بەرەو دوا. ھاتەوە بیری کە بەمناڵیش ئاوگۆشتی پێ ناخۆش بووە. ھەڵبەت ئەو کاتە نەیدەزانی لەبەر چی، بەڵام ئێستە ھۆی ئەو پێ ناخۆش بوونەی بۆ دەرکەوتبوو. شاعیری ئێمە دڵی وەک پەڕی گوڵ ناسک بوو. ئاشکرایە کە ئاوگۆشت پێویستی بەسەربڕینی گیاندارێک ھەیە و ئەو لە فەلسەفەی ھیندییەوە گۆشت نەخواردنی ھەڵبژاردبوو. لە بیری مابوو کە تەنانەت جارێک لەگەڵ کاک «زیل و بەم»دا کە لووتی لە کلیلی سۆل ئەچوو لێیان ببوو بەکێشە. چونکە کاک زیل و بەم گوتی: «ھیندییەکان کارێکی باش ناکەن. لە برسا ئەمرن و ئەو ھەموو گایەش لە ھیندا بەشەقامەکانا ئەسووڕێنەوە.» شاعیری شێواو ئەیزانی کە ئاوگۆشتی پێ ناخۆشە. ئەیزانی کە لایەنگری فەلسەفەی گۆشت نەخواردنی جووکییەکانە و لە بیریشی مابوو کە لەگەڵ کاک زیل و بەم دەمەقڕەی لێ پەیدا بووە؛ بەڵام ھەرچەند زۆری بۆ مێشکی ئەھێنا نەیدەزانی لەبەر چی کەبابی پێ خۆشە؟ ھاتەوە بیری کە چەند ساڵ لێرەوبەر مەلی باڵ زێڕینی ئەوین لەسەر بەرزترین لقی داری دڵی ھێلانەی کردبوو، دڵبەرەکەی کچێکی توولەنەمامی قژ زەردی چاو کاڵ بوو، بەڵام بەداخەوە پاش ئەو ھەمووە کە شاعیری شێواو ھەوڵی لەگەڵ دا و ڕەنجی کێشا و سەدەھا جار بەگوێچکەیا چپاند: «ھەبوون یا نەبوون، مەسئەلەکە ئەمەیە». ھەر تێنەگەیشت «شکسپیر» شاعیرێکی گەورەی ئینگلیسییە و ھەر وایئەزانی «گۆران» جەردەیە و «ھەژار» پیاوێکی فەقیر و دەسکورتە. لەمەش خراپتر تا ئەو ڕۆژە کە بێ دەربەستانە شاعیری ئێمەی بەدڵی شکاوەوە جێ ھێشت ھەر نەیسەلماند کە گوڵێکی سیس و ژاکاو لە دڵێکی شکاو ئەچێ. ھەر لەم بیرانەدا بوو کە گەیشتە بەردەرکی ماڵی کاک سروشت. ئەو شەوە بەشادییانەی فرۆشتنی تابلۆی ویەتنام، لە ماڵەکەی خۆیا کۆڕێکی بەزمی پێکھێنا بوو. شاعیر بیری کردەوە کاتێ گەیشتە ناو ھۆدەکە چی بڵێ؟ ماوەیەک وەستا و لە قوژبنی مێشکیا شتێکی دۆزییەوە و چووە ژوورەوە. شەپۆلی مووسیقا وەک ئەژدەھا بەرەو لای کشا، کاک زیل و بەم خەریکی لێدانی سەمفۆنی ناتەواوی بتھۆڤن بوو، بەڵام ھەر ئەچووەوە سەر ھەوای شەمام شلکێ. کاک شێواو ڕووی کردە سەرووی کۆڕەکە تا لەسەر سەندەڵییەک کە لە ژووری ھۆدەکەوە بەتاڵ بوو دابنیشێ. لەپڕ مووسیقا و ھەرا و بەزم بۆ ماوەیەکی کورت بڕایەوە و پاشان قاقایەکی تێکڕایی ھۆدەکەی پڕ کرد. کاک شێواو ڕوانی کە ھەموو بەسەیرەوە تەماشای ئەو ئەکەن. کەمێک بەخۆیا ڕوانی و دیتی پارچە کاغەزێک بەدەرزی لە پشتی کۆتەکەیەوە ھەڵواسراوە. کاغەزەکەی لێ کردەوە و سەرنجی دا تیا نووسرابوو: «مکث کند.» ئەودەمە بۆی دەرکەوت کە بۆچ لە نایت کلاپەکەش خەڵکی پێئەکەنین. جا ڕقی لە شیعر و ھونەر و ھونەرمەندی ھەستا و چەشنی مەلێکی بەرزەفڕ کە تیری ڕاوچییەک بیپێکێ، کەوتە سەر زەوی و ھەستی کرد ئیتر ناتوانێ ھەڵفڕێ. ++++++++++++++++++++++