شاعیر: سوارە کتێب: تاپۆ و بوومەلێڵ سەرناو: ئاسۆ ڕوونە سەبارەت: ١٩٧٣/٠٢/٠٧ ھەرکە ئەبوو بەلای ئێوارە، یەک یەک لە ماڵ و لەسەر دووکان و لە شوێنی کار ئەھاتینە دەرەوە و ھەموو ڕوومان ئەکردە چایخانە و کەناری گۆلێکی گەورە کە جێگای ئاولێھێنانی کچانی شارە خنجیلانەکەمان بوو. پۆل پۆل گەنجی تاسەداری دڵ پڕ لە ھیوا بەپیاسەی نەرم و شۆخ لە شەقامەکەوە تێئەپەڕین و ھەرکە ئەگەیشتنە نزیکی گۆلەکە ھەنگاویان شل ئەبوو و بازی نیگایان لەسەر داری تازە نەمامی بەژن و بارێکی بەکەشم و نەشم ئەنیشت. ئیتر ھەر ڕوانینی گەرم و بێ پەردەی کوڕان و نیو نیگای نیوە ئاشکرای کچان بوو کە ئاڵوگۆڕ ئەکرا. گاھێ دەستێکی پیاوانە بەسمێڵێکی خورمایییا ئەھات و لەولاشەوە پەنجەیەکی نەرم و سپی، لکی پووشین و دەسماڵەکەی لائەدا و بۆ ماوەیەکی کورت چەشنی ھەورێکی سپی بێ باران، بەری ڕۆژی گەشی چاوی ئەگرت و تەزوویەکی خۆشەویستی وەک شنەی دەم بەیان ئەکەوتە سەر دوو لەشی گەرم و گەنج، چونکە ھەردووک لا ئەیانزانی ئەم ئیشاڕە کورتانە، بانگھێشتن و میواندارییەکە بۆ سەر خوانی ڕازاوەی ئەوین لە نیوە شەوێکی لە بیر نەچووا کە بەپڕشنگی نیوە ڕەنگی مانگەشەو ڕووناک ئەبێ و بەکاتی شیرین و کورتی بەیەک گەیشتنێکی پاکا لەگەڵ ئەبەدییەت و ھەرمان تێکەڵ ئەکرێ. فەرھاد بەپێچەوانەی ھەموو ھاوتەمەنەکانی زۆرتر لەوە کە قسە بکا و بجووڵێتەوە، بیری ئەکردەوە و کشومات ئەیڕوانی و لەم دوو چاوەوە کە ئەتکوت دوو شەوەی بێگەردن نەتئەتوانی پێ بنێیتە ناو سەرای دەروونییەوە. ئەتکوت ھۆدەیەکی تەریکە کە دوو پەردەی ڕەش دەرگای خۆرەتاوی لەسەر پێوە داوە. فەرھاد ھەموو ژیانی لە ناو خۆیا بوو. ئەتکوت ئەو دەشت و کێوە کە بەھاران بەگەزیزە و نەورۆزە و ھەزاران گوڵ و گیای ڕەنگاوڕەنگی تر خۆی ئەکرد بەبووک، ئەو ھەموو زیل و بەمە کە لەسەر ھەر لکی دارێکەوە دەنووکی بچووک و گەرووی ئەوینداری مەلی ئێسک سووک ھەڵدەستا و لە پەنا ھەموو جۆگە و ڕووبارێکدا «دارسیاس» خودای مووسیقا و شۆڕ و تاسە ئەبووژایەوە، لە دڵی فەرھادا ھیچ ھەستێکی لاوی نەدەلاواندەوە. ئێوارانە کە ھەموو لاوانی شار دەستیان لە کار ھەڵئەگرت و لە ناو شەقام و گەڕەک و کۆڵانا بڵاو ئەبوونەوە و بەدڵی خۆیان ئەژیان و ژەنگ و ژاری شەکەتییان لە چاوەی پیرۆزی کەوسەری دڵدارییا ئەشوت، فەرھاد بەباوەشێک کتێبەوە ڕووی ئەکردە چۆڵی و لەگەڵ جیھانی زانست و ھونەرا تێکەڵ ئەبوو و ڕۆژپەڕی ئێوارێ ئەگەڕایەوە و ئەچۆوە ناو ماڵ. ئەگەر ھەواڵێک تەوسی بدایە لە جیھانی تایبەتی ئەو، بیکوتایە لەم ھەموو سەر بەکتێبا گرتنە چی دەس ئەکەوێ، لەسەرخۆ ئەیکوت: «بەری داری باغچەی کتێب، بیرکردنەوەیە.» ئەیکوت: «جیھانی ئێوە ھەرچی ھەیەتی بەڕوانینی یەکەم دێتە بەرچاو. جیھانی ئێوە قاشێکی بچووکە لە زەمان، بەڵام من لە جیھانی کتێبا دوێنێ و ئەمڕۆ و بەیانی ئەبینم و ھەست ئەکەم ڕووبارێکم کە خوڕ و خورۆشان بەمێژوودا دێمە خوارەوە، نەک وەک ئێوە کە ئەبن بەگۆلاوێکی قەتیس ماوی بەخاک و خۆڵ گەمارۆ دراو و تەنیا لە ڕوانگەیەکی تەنگەوە ئاسمان ئەبینن.» فەرھاد ئەوەندە لە ناو خۆیا ئەژیا کە منیش کە لە ھەموو کەسی لێی نزیکتر بووم تا ئەو ڕۆژە نەمدەزانی دەنگی ئەوەندە خۆشە. ئەو ڕۆژە من ھەستێکی نەناسراوی سەرکێش ھەڵیگرتم بۆ کەناری ڕووبارێک کە دەوروبەری بەدارەبی و گیای بەھاری شینی ئەکردەوە و لە ژێر دارەکانا چاو ببڕیە شەپۆلی بێ ھەدای ڕووبارەکە و ژیانی ڕابوردووت بێتەوە بیر. ئاشکرا لەگەڵ کچێکا ژێر دارەکان بکەی بەجێژوان و گوێ بگری لە جریوەی مەل و شنەی شەماڵ کە لەشی شلکی گیا و گژی لەیەک ئەخشاند و لە جیھانی خەیاڵا یا سواری ئەسپی شەپۆل ببی کە باڵی شۆڕ کردبۆوە و پەلی ئەکوتا بەرەو ئاسمان، یا باڵی سپی ھەوری بێ باران کە وەک قوو بەدەریای بێ سنووری ئاسمانا پۆل پۆل تێئەپەڕین بکەی بەقۆناخ. من سەرگەرمی ئەو خەیاڵانە بووم و ئەشکام بەرەو لێواری ڕووبارەکە کە دەنگێکی یەکجار بەکوڵ ئەھاتە گوێم: کچە بۆکانی کە بووکی نازن قۆڵ بەبازن، مل و پێسیر وازن زەردەمەم دیارە کە خاوەن نوستوون بۆ پشوودان لە کراس دەرکەوتوون تا دەستم نەنا سەر شانی و نەمکوت دەمخۆش، نەیزانی. لە پەنایا دانیشتم و پرسیم: «تۆ کە دەنگت ئەوەندە خۆشە، ئەوەندە جوان چاک و پێکەوتووی، بۆچ ناتەوێ لە کاتی لاویت کەڵک وەربگری؟» دیسانەوە چاوی ھەر ئەو جووتە شەوە ڕەشە بوو کە بەئەندێشەوە ئەتتوانی تەماشای کەی، بەڵام بەپێچەوانەی ھەموو جارانی پێشوو کە لە بەرامبەر ئەم پرسیارە تەوساوییانەدا زەردەیەکی ئەخستە سەر لێو، وەڵامی منی بەم چەشنە دایەوە: «من بۆ خۆم ناژیم. من تەنیا نیم. ئەم خەڵکە ھەموویان بەشێکن لە من؛ چۆن ئەتوانم تێر زگم بخۆم لە کاتێکا سەرم دێشێ. چۆن ئەتوانم پڕ بەدڵ پێبکەنم لە حاڵێکا ئەندامێکم لە ئاگری دەردا خەریکی توانەوەیە؟ منیش ئەوین ئەناسم. جوانی ئەپەرستم، بەڵام لە کاتێکا ھەزار ئەوین لە دڵی ھەژارانا ئەخنکێ، جوانی ئەسیری دەستی دێوی ناحەزییە، چۆن ئەتوانم ئەویندار بم و بەجوانی ھەڵبڵێم؟» ئەمە یەکەمین و دوامین قسەیەک بوو کە لەم بارەوە لە فەرھادم بیست. تا بەرنامەیەکی تر بەخواتان ئەسپێرین. ++++++++++++++++++++++