شاعیر: سوارە کتێب: تاپۆ و بوومەلێڵ سەرناو: ڕووناکبیر سەبارەت: ١٩٧٣/٠١/١٠ سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ. تکایە گوێ بگرن بۆ پارچە پەخشانێک. ھەڵبەت پێویستە لەسەرمان کە دووپاتەی بکەینەوە ئەم بەرنامەیە ھەمیشە بەڕاسپێری خۆی زانیوە لەگەڵ ڕوونکردنەوەی قوتابخانە وێژەیییەکانی کورد و ئێران و جیھان، نموونەی شیعر و نەسری کورد و نەتەوەکانی تریش بخاتە بەرچاو. ئێمە ئامادەین کە شوێنەواری گوێگرانی ڕووناکبیرمان لەم بەرنامەیەدا بڵاو بکەینەوە و سەبارەت بەپرسیارێک کە لە بارەی وێژە و ھونەرەوە بۆ ئەوان پەیدا ئەبێ، وتووێژیان لەگەڵ بکەین و بەھەردوو لا تێکۆشین بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو گۆشە تاریکانە کە دێتە بەرچاو. ئەزانن کە ئەم بەرنامەیە ھەوڵی داوە بەشێوەیەکی نوێ لە وێژە و ھونەر بکۆڵێتەوە و ھەرێمی باسەکەی پان و پۆڕ کاتەوە، بەچەشنێ کە ھەموو ئەو شتانە کە تەئسیریان لەسەر ھونەر ھەیە بگرێتەوە، چونکە ئەزانین وێژە بەناوی بەشێ لە ھونەر، لە کۆمەڵا پەروەردە ئەبێ. بێ گومان ھەموو ڕووداوێکی کۆمەڵایەتی، ھەموو ئەو شتانە کە باری کۆمەڵییان ھەیە، وەک مێژوو و ئابووری و زانیاری، تەئسیر ئەکەنە سەر وێژە و ھەرێمی دەسەڵاتی باسەکەی ئێمە ھەموو ئەوانە ئەگرێتەوە و لە ڕێبازی تەسک و تەنگی لێکدانەوەی وێژەوانیدا ناوەستێ. چونکە ئێمە لامان وایە بەزانینی ئەم شتە بێ بایەخانە کە فڵان شاعیر کوڕی کێ بوو، تەمەنی چەند ساڵ بوو و یا فیسارە شیعر لە باری تەقتیعی عەرووزییەوە چەندە ڕێک کەوتووە و ئیھام و ئیستعارە و فەننی تری بەدیعی چەندە زۆرە، شتێکمان پێ نابڕێ و دەسکەوتێکی ھێژامان دەس ناکەوێ. گرینگ ئەمەیە بزانین کە نووسەر و شاعیر و ھەر ھونەرمەندێکی تر بۆ جوانکردنی باری ژیان و بەرەو پێش بردنی کۆمەڵ چی کردووە و چی لە دەس ھاتووە؟ ڕەنگە ھەندێک بڵێن شاعیر خاوەن دەسەڵاتی ماددی نییە کە بتوانێ کۆمەڵ بەرەو پێش بەرێ؟ ئێمە لە بەرامبەر ئەم پرسیارە چاوەڕوان کراوەدا ئەڵێین: بەرەو پێش بردن و جوانکردنی ژیان، پێویست ناکا بەچەشنێکی بەرچاو و دیار لە ھەرێمی ماددیاتا بێ. کەس ئینتزاری لە ھونەرمەند ئەوە نییە کە کاری کاربەدەستانی وڵات بگرێتە ئەستۆ. ھونەرمەند کاری ئەوەیە کە ڕێگای خەڵک ڕووناک کاتەوە و لە ڕابردوو و داھاتوو و ئێستای تێبگەیەنێ. ناحەزییەکان دەربخا و کۆمەڵ ئامادە بکا بۆ وەرگرتنی ژیانی بەرزتر و ئینسانی تر. ئێستا پارچە پەخشانەکەتان پێشکەش ئەکەین، بەھیوای پەسندی ئێوە. پەنجەرەکانم کردەوە. ھەستم کرد ھەوای فێنکی کۆڵان خۆی کرد بەژوورەکەما و چەشنی تەمی بەرەبەیان لە دەوری لەشم ھاڵا و گەرمای لەشمی کرد بەھەڵم. ئەتکوت لە ناوەوە ئەسووتێم و دووکەڵم لەسەر ھەڵدەستێ. ناو کۆڵانەکە ڕووناک بوو، وەک زەردەیەک کە نازانی ھی شەرمە، ھی توانجە یا ھی خۆشەویستی. ناو ھۆدەکەم گرژ و مۆن بوو و لەسەر بەڕەیەکی خرسەکی کۆن کتێبەکەم لەیەک کرابۆوە. ئەتکوت لەبەر شەکەتی سینگی ڕووت کردووە و ھەردووک دەستی ڕاست ڕاکێشاوە. ھەرکە زڕەی زەنگی دەرگای حەوشەکە ھەستا بەگورجی خۆم پۆشتە کردەوە و بەدوو لۆقی درێژ خۆم گەیاندە بەردەرگا. دەستێکی بچووکی سپی بۆ جاری دووھەم درێژ کرابوو زەنگ لێ بدا کە من دەرگاکەم کردەوە و دەستە بچووکەکە بەئەسپایی ھاتە خوارەوە و خۆی خزاندە ناو دەستی گەرم و تاسەباری منەوە. پرسیم: «درەنگ ھاتی؛ لات وانییە چاوەڕوانی لە وزەی مندا نییە؟» لەسەرخۆ جانتایەکی پڕ لە کتێبی کە بەدەستییەوە بوو لە گۆشەیەکا دانا و پاڵی دا بەدوو سەرینی کوردییەوە کە جێگای کاتی تەمەڵی من بوو. کوتی: «سەردەمی زوو بۆ ھەموو شت کاتیان ھەبوو. بۆ یەکتر دیتن، بۆ حەسانەوە، بۆ کار و بۆ بەزم و ئاھەنگ و ڕاو و زەماوەند. بەتایبەت بۆ دڵداری.» کوتم: «ئێستە چی، گوایە شەو و ڕۆژ کورتتر بوونەتەوە؟ !» بەکەمێک دڵڕەنجییەوە کوتی: «ڕووناکبیر دەرگای لەسەر خۆی پێوەداوە و ئاگای لە ژیانی کۆڵان و گەڕەک بڕاوە. تۆ تا بەئەسپایی مژێک لە سیغارەکەت ئەدەی نیو سەعات ئەخایەنێ. لە کاتێکا لە ناو گەڕەک و کۆڵان ھەموو کەس ڕائەکا؛ بەرەو کوێ، خوا ئەزانێ. زەنازەنا و دەنگ و ھەرا ھەرگیز نابڕێتەوە. تۆ ئیتر نابینی کەس بۆ لە دەسچوونی ئەوینێک، بۆ ژاکانی گوڵێک بگری. کەس چاوی لە ھەڵفڕینی پەپوولەیەک نییە. باڵدارێ کە جار جار سەرنج ڕائەکێشێ، واشەی ئاسنە کە مەلی گیان ڕاو ئەکا. ئیتر کەس بەمەوە ماندوو نییە کە مەلی گەرمێن لە بەھارا بێنەوە و لە پەنا شەتاوێکی سەوز و مەندا بنیشنەوە و وێنەیان بکەوێتە ناو ئاوێنەی گۆلاوەوە.» کەمێک پشووی ھاتەوە سەرخۆ و سەری ھەڵێنا و دوو فرمێسکی ڕوونم لەسەر گۆلاوی شینی چاوی بەدی کرد کە ئەھاتن ببن بەدوو دڵۆپی شەونم لەسەر پەڕەی گوڵی گۆنای. کوتم: «ژیان ئەگۆڕێ و کەس ناتوانێ پێش بەگۆڕانی ژیان بگرێ.» کوتی: «بەڵێ، ئەگۆڕێ، بەڵام پرسیار ئەمەیە، بۆچ بەرەو دزێوی ئەچێ؟ تۆ لات وایە چارەی ھەموو دەردێک لەم پەڕاوانەدایە کە ھۆدەکەت پێ پڕ کردوون! لە کاتێکا من بڕوایەکی ترم ھەیە. ئەڵێم دانیشتن و دەرگا بەستن و تەنانەت لە سەرما و گەرمای ناو کۆڵانیش بێ خەبەر بوون خۆی دەردە. ڕووناکبیری تەریک خۆی سەربارە.» پاشان وەک کەسێک کە لای وابێ ھەرچی ئەیڵێ بۆ ئەو کەسە وا گوێی لێ گرتووە وەک بەردێک وایە بەگومبەزێکیدا بدەی، کوتی: «قسەکە ڕۆشنتر و دیارترە لەمە کە لەسەری بڕۆم. کۆمەڵ وەک داری «ئەلاقوچکێ ھەلەق مەلەق» وەھایە. کەمێک لەوسەری دانیشتوون و زۆرێک لەم سەرەی. لانی زۆرەکان نیشتۆتە سەر زەوی، وەک سەری نیری جووتیاری بێ گاجووت و توو، لانی کەمەکانیش پەڕیوەتە بەرزی. تۆ لات وایە چار چییە؟ وەک تۆ دانیشتن و سەر بەکتێبا گرتن و دووکەڵی خەفەت بەبا کردن؟ یا ھاندانی ئەو زۆرانە کە ھەستن و سەرداری ئالاقووچێ سووک کەن؟ ئەو دەمەیە کە ئەبینی کەمەکان دێنە خوارەوە. ئەگەر جووتیار بۆ خۆی بچێنێ و بۆ خۆی بدروێتەوە، دەرەبەگ کوا کۆشکی چەند قاتی بۆ بەرز ئەبێتەوە؟ . ++++++++++++++++++++++