شاعیر: سوارە کتێب: تاپۆ و بوومەلێڵ سەرناو: غەریبی سەبارەت: ١٩٧٢/١٢/٢٧ شەویان شوورەیی کردبوو بەقسەی پڕوپووچ. ھەندێ کوتبوویان کە بەیانی ڕاوی قەل و مراوی و پۆڕ خۆشە و ھەندێک لایەنگری ڕاوی کەروێشک بوون. سەری شەو ھەندێ لە ڕەشایییەکان یا لە سەرمای ماڵەکەیان ڕایانکردبوو یا لە بۆڵەی خێزانیان لەبەر نەکڕینی کەلوپەل و لێ نەکردنی زمھەڕی زستان و کەوتوویی مناڵەکەیان، لە ماڵ تاراندبوونی و ڕوویان کردبووە دیوەخانی ئاغا؛ یا گزیر دەنگی دابوون بەیانی بەفری سەربانی ئاغا بماڵن و ھاتبوون بڵێن وەروەرەیان نییە یا بپاڕێنەوە کە بەیانی ئەچن بۆ شار و مناڵەکەیان ئەبەن بۆ دەرمانگا. بەڵام پاش ماوەیەک دێ دامرکابوو. دەنگی لوورەی گورگ و وەڕەی سەگ تێکەڵ لوورەی بای ساردی زستان ببوو کە بەفری لە کۆڵانەکان ڕائەپێچا و ئەیکرد بەگەردەلوول و چاڵ و قووڵی تێک ئەکردەوە. سەرما، وەک گیانی مردووی سەرگەردان خشکەی ئەکرد بۆ کەلێن و قوژبنی ناو ماڵەکانی ئاوایی، بەڵام لە دیوەخانی ئاغا کڵپەی سۆبە بەقەڵاشکاری وشک، لەشی پیاوی خاو ئەکردەوە و مزگێنی خەوێکی خۆشی پێوە بوو، بەڵام شەو درێژ و عەوداڵ و بەتاڵ. ئاغا لە پەنا سۆبەی گەرموگوڕ دانیشتووە. دەستوپێوەندی ھەندێ بەپێوە و ھەندێ لەسەر ئەژنۆ دانیشتوون. شەویلکەش گاھێ بەشەوچەلە و گاھێ بەقسەی پڕوپووچ ئەبزوێ. بێ دەنگی ھی ئەو کەسانەیە کە خەمیان ھەیە. سەری شەو دیتم کابرایەک وەک سێبەری ھەورێک کە بۆ ماوەیەکی کورت پەڵەیەکی بۆر بخاتە سەر زەوی و تیژ تێپەڕێ ھاتە ناو دیوەخان، بەڵام کەس نە ڕووی تێ کرد و نە تەنانەت زانی کە کەی ھات و چەندە وێستا و چۆن چووە دەرەوە. من لە کۆڕی دیوەخانا وەک پینەیەکی ناحەز لەسەر بەرگێکی تازە وەھا بووم. نە قەت تفەنگێکم لە کەوێک تەقاندبوو، نە ھەرگیز ڕاوی کەروێشکم دیتبوو و نە قسەی خۆشی وەھام ئەزانی ئاغای پێ بھێنمە گەشە. تەنیا ئەوەندەم لە دەس ئەھات لە گۆشەیەکا دانیشم و گوێ بدەمە ئەو قسانە کە ھەموویان بەلامەوە بێ بایەخ بوون. لە دیوەخان ھاتمە دەر و لە پێشخانەی نیوە تاریکی پێشخانەکەدا بەشوێن جێگایەکا چاوم گێڕا، چاوێکی لێ گەرم بکەم، کەچی چاوم بەھەیکەلێکی پەڕپووت کەوت کە ھەردوو ئەژنۆی لە باوەش گرتووە و سەری بەسەر باسکیا شۆڕ بۆتەوە. چرای گڕسۆزی پێشخانە ئەوەندە ڕووناکی نەبوو کە بیناسمەوە، بەڵام کاتێ منیش وەک ئەو لە تەنیشت سۆبەی دامرکاوی پێشخانەکە دانیشتم و باش سەرنجم دا زانیم ئەو کەسەیە وا سەری شەو ھاتە دیوەخان و زوو گەڕاوە. لام سەیر بوو کە بۆچ نەچۆتەوە ناو خێزانەکەی خۆی. ھەر لەو بیرانەدا بووم کە لێی پرسیم: «وا دیارە خەڵکی ئێرە نیت؟» لەو ماوەیەدا سەبیلەیەکی تێ کردبوو؛ مژی یەکەمی لێدابوو؛ لە ژێر نووری ئاوری سەبیلەکەیا ڕواڵەتیم ھاتە بەرچاو؛ لە پەیکەرەی خودایانی یۆنانی کۆن ئەچوو. دەموچاوێکی زبری بەچین و گنجی ورد و درشت داپۆشراو، سەر گۆنای کەمێک قوت، گووپی تێکقوپاو، چەنەی پان و ھەندێک ھەڵتۆقیو. کوتم: «نا من ئێرەیی نیم، بەڵام تۆ چی؟ تۆش غەریبەی؟» مژێکی تری لە سەبیلەکەی دا و دووکەڵ وەک ئەژدیھا بەجینگڵدان بەرەو تاریکایی میچی ھۆدەکە کشا. - «نە، من خەڵکی ھیچ شوێنێک نیم. لە ھەموو لایەک غەریبەم. تەنانەت لە ناو خێزانەکەی خۆشما غەریبەم. پیرۆز پێم ئەڵێ، تۆ دەستەوەستان و بێ کارەی، ھێشتا تێنەگەیشتووە چارەنووس یانی چی؟» بیرم کردەوە ئەم چارەنووسە، ئەم ئاسمان تاوانبار کردنە، گاھێ چەندە تەسکین ئەدا بەدڵی خەمبار. پرسیم، پیرۆز خێزانتە؟ کوتی: «بەڵێ، پیاو بێ ژن ناحەوێتەوە، ئەگەر ھاوسەرێکیش پەیدا ئەکا ئەمەیە ئاکامی. لای وایە من خوام، نەخۆشی و ساغی مناڵەکەمان بەدەس منە. خوا ئەزانێ کاتێ ئەو کۆرپە ساوایە بەدەم تاوتێوە ئەناڵێنێ، من ئەبم بەبرێشکەی سەر سێڵ. ئاخر ئەو بەستەزمانە تەمەنی دوو ساڵە و بەرگەی نەخۆشی ناگرێ.» پرسیم: «دەی جا بۆ ھەڵناسی بچیەوە بۆ لای؟» بەناڵینەوە کوتی: «چیم لە دەس دێ. ئاغا کردوویەتە سەرم، بەیانی باراشی بۆ بەرمە ئاش. زمھەڕی زستانی ئاغا، تا لێ ئەکرێ و تەواو ئەبێ دە ڕۆژی پێ دەچێ و من ئەبێ ئەو ماوەیە لە لای باراشەکان بمێنمەوە. ھاتم بەئاغا بڵێم کەسێکی تر بنێرێ؛ بەڵام دیتم لە ھۆدەی گەرما کە باسی ڕاو و ڕابواردنە، چۆن ئەتوانم باسی سەرما و نەخۆشی بکەم. بەڵێ من غەریبم. لە ھەموو لایەک، تەنانەت لە ئاوایییەکەی خۆشما، لە ناو خێزانەکەما و لە ناو بەرگە شڕەکانیشما.» قاقای کۆڕی دیوەخان، لوورەی گورگی بیابان و گژەی بای زستان بەیەکەوە بەرز بوونەوە و تێکەڵ بوون. سەرم سووڕا. ڕق و توانج و تووک بەقووڵترین ناخی دڵما گەڕا. بەڵام... بەڵام، چیم لە دەس ئەھات؟ ھەروەک ئەو پیاوە چی لە دەس نەدەھات بۆ تیماری کۆرپەکەی. ھەستم کرد ئەوەندە بێ ھێزم، ئەوەندە ھیوا بڕاوم کە ھاکا بڕوا بەچارەنووس بە سەرما زاڵ بێ. ھەردوو ئەژنۆم گرتە باوەش. خەو لە چاوم تارا و خەم خۆی خزاندە ناو دڵمەوە. سەرم بەسەر ئەژنۆما شۆڕ کردەوە و چاوم نایە سەریەک و وامزانی لە ماڵی ساردوسڕی کابرا دانیشتووم. کۆرپەیەکی نەخۆش، لەشی شلک و بێ ھێزی لە ئاوری یاوا ئەسووتا. تەنانەت ھێزی گریانیشی نەمابوو، بەڵام ئەیناڵاند و ھەر ناڵەیەکی ئایەتێکی خوایی بوو کە نوێژی ترسی ھەڵئەگرت. دایکی وەک ئاسکێ کە لە دەس ڕاوچی ڕایکردبێ، نیگای پڕ بوو لە ترس و دوودڵی. چاوێکی لە چەپەری شڕی ناو ماڵەکە بوو کە مێردەکەی لە دیوەخان بگەڕێتەوە و چاوەکەی تری پاسەوانی نەخۆشە بچووکە بێ تاوانەکەی ئەکرد. ھەر نیگایەکی توانجێک بوو بۆ کۆمەڵی ئادەمیزاد. سەرم بەرز کردەوە. کابرا نەما بوو، ھەروەک بێ خشپە ھاتبوو، بێ چرپەش ڕۆیشتبوو. ڕاستی ئەکرد. ئەو لە ھەموو شوێنێک غەریب بوو. بەڵام بەو چەن قسەیە منیشی کردبوو بەھاوسەفەری خۆی. سەفەری ھەرێمی غەریبی. ھەستم کرد کۆڕی دیوەخان بێ دەنگە. خەوی بەربەیان لە ھۆدەی گەرما کاری خۆی کردبوو. بەڵام من غەریب بووم. تەنانەت لە ناو بەرگەکانی خۆشما. ئەو بەیانەش کە خەریک بوو لە سنووری ئەو ڕۆژەوە دەرئەکەوت، غەریبی لێ ئەباری. ++++++++++++++++++++++