شاعیر: سوارە کتێب: تاپۆ و بوومەلێڵ سەرناو: پڕشنگی ھەتاوی بیری غەزالی سەبارەت: ١٩٧٢/١١ سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ. کاک ئیسماعیلی عەلی بابایی، سپای زانست لە مەرەندەوە پرسیاری کردووە: «ئیمام محەمەدی غەزالی کێیە؟ ئاخۆ لە ڕیزی نووسەرانە یا فەیلەسووفان و یا ئەندامێکی کۆمەڵی عارفان و خواناسانە؟» برای خۆشەویست. وا دیارە خۆت لە بارەی غەزالییەوە گەلێک شت ئەزانی، چونکە پرسیارەکەت ھەموو شتێکی لێ دەرئەکەوێ. غەزالی ھەم نووسەرە، ھەم فەیلەسووف و ھەم خواناس، بەڵام داستانی ژیانی ئەو زانایە لە دوو قۆناخی جیاواز پێکھاتووە. لە قۆناخی یەکەمی ژیانیا زانایەکی گەورەی ئایینی بوو و لە قۆناخی دووھەما واتە لە تەمەنی ٣٨ ساڵییا ڕێگای فەلسەفە و عیرفانی گرتە پێش، بەڵام فەلسەفەی غەزالی لە ئەخلاق و ڕەوشتی ئینسانییا کورت کرابۆوە و لە ڕاستییا فەلسەفەی عیرفان و خواناسی بوو. غەزالی لە ساڵی ٤٥٠ی کۆچیدا لە دایک بوو. باوکی جۆڵا بوو و خۆی بەمناڵی دەستی کرد بەخوێندنی زانستی و ئایینی و لە ماوەیەکی کورتا ناوبانگی بەھەموو وڵاتە ئیسلامییەکانا بڵاو بۆوە. لە ساڵی ٤٨٨دا لەپڕ گۆڕانێکی سەیری بەسەرا ھات. دەرس و مەدرەسە و قیل و قاڵی بەجێ ھێشت و بەرگی مەلایانەی داکەند و ئاوارە و ڕەبەن دەستی کرد بەگەڕان. ماوەیەکی زۆر لە دوودڵی و گومانا مایەوە تا لە ئاکاما مرازی خۆی لە ڕێگای عیرفان و سەیر و سلووکا دۆزییەوە. ئەم چەشنە ژیانە لە ژیانی مەولانا جەلالەددینی ڕۆمی ئەچێ. سەعدی خوالێخۆشبوو دژی ئەم تەریکی و تاکییە بووە و ئەڵێ: شیخی به سوی مدرسه آمد ز خانقاه بشکست عهد صحبت اهل طریق را گفتم میان عالم و عابد چه فرق بود تا اختیار کردی از آن این فریق را گفت: این گلیم خویش به در می برد ز موج وان جهد می کند که بگیرد غریق را غەزالی پاش ئەم ھەموو سەرگەردانییە، ڕێگایەکی ڕاستی بۆ گەیشتن بە بەختیاری ڕاستی دۆزییەوە و تا کاتێ مردن ھەنگاوی ئەوی لە پیاسە خست، لە بڕینی ئەو ڕێگایە ماندوو نەبوو. «کیمیای سەعادەت» کە بەنەسرێکی جوان و ڕووح سووک و لەبەردڵان و بەشێوەیەکی ساکار نووسراوە و ھێندێک کەس بەشاکارێکی وێژەیی ئەزانن، دەسکەوتی ئەو سەیر و سەفەرەیە. کیمیای سەعادەت، دائیرەتولمەعارفی کامەرانی و ڕزگاری، گاھێ ئەوەندە لە ھەرێمی گیان و ھەستی ئادەمیزاد نزیک ئەبێتەوە کە لێدانی دڵی مرۆڤایەتی لە ناو دێڕەکانیا دێتە بەرگوێ. زۆر دەستووری ئەخلاقی ئەوتۆی تێدایە کە لە ڕەوانناسی و مەعرەفەتەلڕووحی ئەمڕۆشا بەئەسڵ و پایەیەکی نەگۆڕاو ناسراوە. وەک ئەمە کە ئەڵێ: «دڵی پاکی مناڵ وەک گەوھەرێکی ھێژا وەھایە، وەک مێو نەخش ھەڵگرە و ھێشتا ھیچ گەردێکی لێ نەنیشتووە. وەک زەوی بەیاری بەڕێژە و ھەر توویەکی لێ بچێنی دێتە بەر، ھەر کارێکی کە بەدەس پیاوێکی گەورە جێبەجێ ئەکرێ بەمناڵی لە نیھادیا ھەوێنی بەستووە.» غەزالی کردەوەی باش و بیرکردنەوەی باش و خۆبەخت کردن لە ڕێگای مرۆڤایەتییا ئەکاتە سەرمەشق و تەنانەت گیاندارانی تریش ئەھاوێتە داڵدەی بەزەیی خۆیەوە و ئەڵێ: «پیاوی گەورە بەم تایبەتییانە دەرئەکەوێ و ئەناسرێتەوە؛ خۆ بەکەم گرتن، خۆ ھەڵنەکێشان بەسەر خەڵکی ترا، بیری باش کردنەوە، لێبووردن و خۆبەخت کردن، درۆ نەکردن، بەرگی ساکار و خواردەمەنی ساکار و جووڵانەوە بەپێی زانستێ کە ھەیەتی.» پاشان ئەڵێ: «کوڕم بێ گومان بە کە زانستی نەزەری یارمەتی مرۆڤ نادا. ئەگەر پیاوێک لە بیابانێکا دە شمشێری ھیندی و چەکی تریشی ھەبێ و خۆیشی زۆر پاڵەوان و شەڕکەر بێ و شێرێک ھێرشی بۆ بێنێ، بەشەرتێ لە چەکەکانی کەڵک وەرنەگرێ، مەترسی لێ دوور ناکەوێتەوە و ئەگەر زانایەکیش ھەزاران مەبەستی زانستی بخوێنێ و فێریان ببێ بەشەرتێ لە کردەوەدا کەڵکیان لێ وەرنەگرێ، لە ھەڵەکردن و سەرلێشێوان نایپارێزن.» غەزالی لە جێگایەکی ترا ئەڵێ: «کاری پیاوان دان بەجەرگا گرتن و بەشێنەیی بوون و سەر لێ نەشێوانە. لەگەڵ خەڵکا ڕوو خۆش بە و ھەموو کەس لە خۆت پێشتر بگرە، تا لە دڵی خەڵکا جێگات ھەبێ. کۆمەڵ بانگ کە بۆ کاری باش و وریایان بکەوە کە چەوت نەڕۆن. کەسێک کە ئەم دوو دەستوورە بەڕێوە نەبا بەرە بەرە دڵی ڕەش ئەبێ و جیاوازی نێوان باش و خراپ نازانێ. کەسێک کە نیازمەندە و ئاتاجە، چاکەی لەگەڵ بکە، ئەگەر لە دەستت نەھات ھاودەردی بە. ھیچ کەس شیاوی ئەوە نییە کە بەبرسییەتی سەر بنێتە سەر سەرین.» ئەم وتەی غەزالی یەکجار بەکەڵکە. زۆر جار بیستراوە کە ئەڵێن ئەمە کاری خودایە، کەسێک ھەژار و نەدار و نەخۆش و دەسکورت بێ. بەڵێ ڕاستە کە خودا شارەزایە کە ئادەمیزاد چی بەسەر دێ و چارەنووس ئەزانێ؛ بەڵام ئەمە نابێتە بەڵگە کە خودا بیەوێ کەسێک لە کەسێکی تر بەختەوەتر بێ. غەزالی فەیلەسووف و زانایەکی بێ وێنە بووە و تەمەنی لە لێکۆڵینەوە و نووسین و ئامۆژگاری کردنا، بەسەر بردووە. شوێنەوارە بەرزەکانی بۆتە ھۆی ئەمە کە ناوبانگی لە ئوڕووپای سەدەکانی ناوەڕاستا بڵاو بێتەوە و کار بکاتە سەر بیروبڕوای فەیلەسووفانی ئوڕووپایی. دیکارت سەدەھا ساڵ پاش غەزالی ئەڵێ: «من بیر ئەکەمەوە، من ھەر ئەوەم کە ھەم» ئەمە ھەر وتەکەی غەزالییە کە کوتوویە: «بیرکردنەوە بەڵگەی ھەبوون و وجوودە.» کانت و بیلز پاسکاڵ دوو فەیلەسووفی تری ئوڕووپایین کە زۆریان کەڵک لە نووسراوەکانی غەزالی وەرگرتووە. ئیمام محەمەدی غەزالی، فەلسەفەی ھەر تا ئەو جێگای قوبووڵە کە یارمەتی بدا بەبەرزبوونەوەی گیانی مرۆڤایەتی و ڕەوشتی پەسندکراو. لەبەرئەمە ئەتوانین بڵێین کە غەزالی فەیلەسووفێکی ئینسان دۆست و ئەخلاق پەرستە. غەزالی ھەموو توانای خۆی تەرخان کردووە بۆ نواندنی خۆی. باش و خراپ لە دەروونی ئادەمیزادا بەھەموو ھێزێکەوە لایەنگری ڕەوشتی جوان ئەکا و ھەڵمەت ئەباتە سەر خدەی خراپ و ناپەسند. بەزمانێکی ساکار خەڵک تێئەگەیەنێ کە ژیان لە ڕوانگەی مرۆڤایەتییەوە چییە و ئەڵێ: «ئەگەر ئەتەوێ باری ژیانت لەسەر سووک بێ خۆت لە تەماع دوور بگرە و زۆر بەخەمی سامانەوە مەبە! چاوەڕوانی ڕاستی لە تەماعکار مەبە و لە نیھادی بێ بنیچە و بێ خانەدانا بەشوێن ئەمەک و وەفادا مەگەڕێ.» «... پیاو ئەو پیاوەیە کە لەگەڵ ھەموو کەس باش بێ، بێ ئەوە بیر لە باشی و خراپییان بکاتەوە. دڵ چەشنی ئاوێنەیە و خووی خراپ چەشنی دووکەڵ ئەو ئاوێنەیە تاریک و لێڵ ئەکا. باشی لەگەڵ بەندەی خودا گەورەترین خواپەرستییە.» ئەمە چەن وتەیەکی کورتی غەزالی بوون، کەسێک کە بیەوێ باشتر لە فەلسەفەی ئەو خواناسە تێبگا پەڕاوی کیمیای سەعادەت بخوێنێتەوە زۆر بەکەڵکە. تا حەوتەی داھاتوو بەخواتان ئەسپێرین. شەوتان باش. ++++++++++++++++++++++