شاعیر: سوارە کتێب: تاپۆ و بوومەلێڵ سەرناو: پێتڕۆس دووریانی نەمر سەبارەت: ١٩٧٢/١١/٢٠ سڵاوێکی بەتین لە ناخی دڵەوە پێشکەش بەگوێگری ھۆگری ھونەر. بەھیواین بەرنامەکەتان بەدڵ بێ. لەم بەرنامەی ئەمجارەماندا باسی شاعیرێکی ھەرە گەورەی ئەرمەنیتان بۆ ئەکەین و لە سەرەتادا وەرگێڕاوی شیعرێکی ئەو شاعیرەتان بۆ ئەخوێنینەوە، تکایە گوێ بگرن: ئەگەر دێوی دزێوی مردن، بەپێکەنینی ناحەزی ھەمیشەیییەوە بەسەرما بدا گیان و دڵی پڕ خەمم لە ناو بچێ وا مەزانن من مردووم، من زیندووم! ئەگەر چرای ژینم لەسەر سەرینی سەرەمەرگم پڕشنگی ساردی دوایی بدا و دوا تریفەی بێ وا مەزانن من مردووم، من زیندووم! ئەگەر زەنگی کلیسا، بانگەوازی مەرگم بکا عفریتی کردن بەقاقا بکەوێتە شوێن تەرمی ساردوسڕم وا مەزانن من مردووم، من زیندووم! ئەگەر پیاوانی نزاکار و ژنانی شینگێڕ و ڕوو داپۆشیو لە دوای دارە تەرمم پڕمەی گریانیان بێ و داری عوود بسووتێنن وا مەزانن من مردووم، من زیندووم! ئەگەر بەئەسرین و فرمێسکی چاوی کەژاڵی دەزگیرانم بەئاوی چاوی کەسوکار و دۆست و ھەڤاڵم کێلی گۆڕم بخووسێ وا مەزانن من مردووم، من زیندووم! بەڵام ئەگەر گۆڕی من بێ ناونیشان لە گۆشەیەکی ئەم جیھانە پانەدا داکەوێ و بیرەوەریم لە یادی خەڵکا بێ ڕەنگ بێ ئاخ... ئەو کاتەیە کە من ئەمرم! چەپکە شیعرێک بوو لە گوڵزاری ھەستی پێتڕۆس دووریان کە سەد ساڵ لە مردنی تێئەپەڕێ و بەواتەی خۆی ھێشتا زیندووە، چونکە گۆڕی، ڕووگەی لاوانی دڵپاکی ئەرمەنییە و بیرەوەرییەکانی لە یادی خەڵکا ڕۆژ بۆ ڕۆژ گەشتر و بەڕەنگتر ئەبێ. دووریان ساڵی ١٨٥١ی میلادی لە گەڕەکی ئەسکیوتاری شاری «ئەستەمبووڵ» لە دایک بووە و ھێشتا گوڵێک لە ھەزار گوڵی ژیانی نەپشکووتبوو کە گژەبای مەرگ تێکیەوە پێچا و ڕایماڵی. دووریان ٢١ ساڵ پتر نەژیا و ساڵی ١٨٧٢ی میلادی بەنەخۆشی ئازارە باریکە چاوی مەینەتکێش و دووربینی لە جیھانی بێ بەینەت پۆشی. باوکی «پێتڕۆس دووریان» ئاسنگەرێکی ھەژار بوو. لەبەرئەمە شاعیری ئەرمەنی لە مناڵییەوە، ڕواڵەتی ترسێنەر و دزێوی ھەژاری و برسییەتی ناسی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشا کە یارمەتی باوکی ئەدا و ناچار بوو بۆ پەیداکردنی بژێوی خێزانەکەی کار بکا، توانی لە ساڵی ١٨٦٧دا خوێندنی ناوەندی تەواو بکا. دووریان بۆ بەڕێ بردنی خێزانەکە کە بەنەخۆشی دایکی و پیربوونی باوکی ھەموو قورسایییەکی کەوتبووە سەرشانی ئەو، دەستی دا کاری جۆربەجۆر. ماوەیەک کرێکاری کرد. پاشان لە چاپخانەیەکا خەریک بوو. ماوەیەک بەشاگردی چووە لای پزیشکێکی دەواساز، پاشان ھەرچەند مانگێک لە شوێنێکا خەریکی کارکردن بوو. حیسابداری، سەڕافی، مامۆستایی قوتابخانە، وەرگێڕی، نەقشگێڕی تئاتر، بڕێک بوون لەو کارانە کە «پێتڕۆس دووریان» کردنی بەپیشە. جۆششی ھەستی شاعیرانە لە نیھادی پێتڕۆس دووریانی تازە گەنجدا لە ھەڵقوڵینی کانییەکی ژێر گاشەبەردێکی زل ئەچوو کە بەھیچ بارێک ڕێگای نەبوو بۆ زەریە و زێ و نەدەزاندرا کە ئەو ئاوە ڕوونە پاکە لە وشکارۆی دەشتێکی قاقڕ و لە ژێر لەشی قورس و ڕەقی ئەو گاشەبەردەدا چۆن ئەجۆشێ و بناوانی ئەگاتەوە کام ڕووباری خورۆشان! ژیانی مناڵی دووریان جگە لە دووپاتەکردنەوەی شەوان و ڕۆژانی ڕەش و سارد و پڕ مەینەت ھیچی تر نەبووە. ئەی ئەم ھەموو جوانییە، ئەم ھەموو گوڵزار و بەھارە لە دەروونی پێتڕۆس دووریاندا پشکووتووی کام ھەناسەی مەسیحایییە؟ ! دووریان لە سێزدە ساڵیا دەستی کرد بەشیعر کوتن و چەند نومایشنامەی نووسی کە ھاتنە سەر شانۆ و ناوبانگی بە وڵاتا بڵاو بۆوە، بەڵام کاربەدەستانی تئاتر لە گەنجی و ئاتاجی دووریان بەسوودی خۆیان کەڵک وەرئەگرت و زۆریان بۆ ئەھێنا. لەو سەردەمانەدا بوو کە نومایشنامە ھەرە بەنرخەکانی خۆی نووسی، وەک «ئارداشیسی سەرکەوتوو» و «ڕووخانی بنەماڵەی ئەشکانی» و «گوڵی سوور و سوێسنە» و «خاکی ڕەش». ھەموو ئەم نومایشنامەیانە لە لایەن خەڵکەوە بەباشی وەرگیران و بوونە ھۆی ناوبانگ و خۆشەویستی پێتڕۆس دووریان. بەڵام جەرگی زامار و ھەستی بەکەم گیراو و دڵی شکاوی دووریان بەم سەرکەوتانە نەھاتەوە سەرخۆ. ھەژاری و دەسکورتی لە لایەکەوە و لە لایەکی ترەوە ستەمی نەتەوایەتی کە لەسەر ئەرمەنییەکانی ئەو کاتەی سەردەمی عوسمانی ھەبوو، بەرز و نزمی بێ بڕانەوەی ژیان، ئەوەندەیان شاعیری بەھەستی ئەرمەنی شەکەت کرد کە ساڵی ١٨٧١ ئازاری سیلی گرت و لە جێگا کەوت. ساڵێک لەگەڵ دێوی زاڵی مردن دەستەویەخە بوو، پاشان لە تەمەنی ٢١ ساڵییا و پاش تەمەنێکی کورت و پڕ مەینەت، بەڵام بەپیت و بەرەکەت دوا ھەناسەی ھەڵکێشا و گیانی بوو بە پەپوولەی باڵ زێڕینی گوڵزاری ئەوین و جوانی. سەرەڕای تەمەنی کورت و کەم خایەن، پێتڕۆس دووریان چەن شاکاری گەورەی لە وێژەی ئەرمەنییا خوڵقاندووە کە بریتین لە ٩ مەقالە، ١٥ نامە، شیعرێکی درێژی شیوەنی، ١٣ نومایشنامە و ٤١ پارچە شیعر. ئەم شوێنەوارانە وەک گوڵێکی ھەمیشە بەھار لە گوڵستانی وێژەی ئەرمەنیا ئەمێننەوە و ھەرگیز سیس بوون و ژاکانیان بەسەرا نایە. شوێنەواری ئەو شاعیرە چەن جار لە ئەستەمبووڵ، بەیڕووت، ئێرەوان، ویەن، باکۆ، وێنیز، نیۆیۆرک و حەڵبا لە چاپ دراوە. «سەمبات پانۆسیان» ھەڵسەنگێنەری ئەرمەنی سەبارەت بەدووریانی شاعیر ئەنووسێ: «لە ناو ئاسمانی تەمگرتووی وێژەی کۆنی ئەرمەنییا. شیعرەکانی پێتڕۆس دووریان ئەڵێی پەلکە زێڕینەیەکی ھەمیشەیین». بەڵێ گوێگری بەڕێز، بەم چەشنە سەرپەنجەی ھونەر، زەمان و کات ئەکا بەدیلی کۆششی زاڵی خۆی و مردنی لەش بەھۆی دەستی عیسای ھونەرەوە ئەبێتە ھەرمان و ژیانی ھەمیشەیی بۆ گیان. لەگەڵ پێتڕۆس دووریان دووپاتەی ئەکەینەوە، ئەگەر ئەسرین و فرمێسکی چاوی کەژاڵی دەزگیرانم و ئاوی چاوی خزم و کەسوکار و ھەڤاڵانم کێلی گۆڕەکەم بخووسێنن وا مەزانن کە مردووم، کاتێ ئەمرم کە گۆڕم نەناسراو بێ و یادم لە دەروونی خەڵکا نەمێنێ. پاش سەد ساڵ ئەمڕۆ ئەنترۆپۆلۆژیستێکی ھەرە گەورەی ئەرمەنی لە ئێرەوان، خەریکی داڕشتنی پەیکەری ئەو شاعیرەیە. ڕاستی مردن پارووی گەورەی پێ قورت نادرێ. پیاوانی مەزن بەگەرووی تەنگی مەرگدا ناچن. مەرگ بۆ ئەوان خەوێکی خۆشی ئەبەدییە و گەشتێکە لە ئەسیری لەشەوە بۆ ئازادی گیان. تا حەوتەی داھاتوو خواتان لەگەڵ. شەوتان خۆش. ++++++++++++++++++++++