شاعیر: سوارە کتێب: تاپۆ و بوومەلێڵ سەرناو: ئاوات ناوێکی خۆشە سەبارەت: ١٩٧٢/١١/٢٠ ھەرکە فەرھاد ھات و دانیشت زانیم شەوێکی خۆشمان لە پێشە. من ماوەی ساڵێک بوو لەو ئاوایییە سپای زانست بووم، کەمتر کەس ناوی منیان ئەزانی. ھەر پێیان ئەکوتم ئاغای سپا یا ئاغای مودیر. من لە سنەوە چووبووم بۆ موکریان و بەڕاستی لەو ماوەیەدا ببووم بەئەوینداری ئەو ھەموو جوانییە دەس لێ نەدراوە کە ھیچ پەڵە و خەشی تێکەڵایەتی تێدا بەرچاو نەدەکەوت. خوسرەو کوڕی ئاغا بوو کە لە تاران گەڕابۆوە و ھەموو ئێواران ئەمدی بەبەرگی ئەفەندییەوە، پێچێکی کوردی لەسەر بەستبوو و چەند کتێبی بەژێر باوەشەوە گرتبوو، ئەچوو بۆ چنارستانەکەی ئەوبەری ڕووبارە بچووکەکەی ئاوایی. وەفا و مەحموودیش ھەڤاڵی من بوون کە ھاتبوون سەرم لێ بدەن. کۆمەڵی ئاوایی ئەوەندە بچووکە کە تۆ ئەتوانی ھەناسەی دانیشتووانی ھەست بکەی. ھەرچی ھەیە لە بەرچاوە. تەنانەت چاوداگرتنی گەنجانی و ژوانی پاش مانگ ھەڵاتنی نیوەشەوانی. دێ ئەوەندەت لەگەڵ ئەبێتە خۆماڵی کە زوو بەزوو پرێسکەی دڵیت بۆ ئەکاتەوە و ئەتکا بەھاوبەشی بزە و خۆشی و خەم و پەرۆشی. لەبەرئەمە لاتان سەیر نەبێ کە ھەر ئەو ڕۆژە کە وەفا و مەحموود بەسەری ڕووت و بەرگی شارییەوە ھەر کام بەجانتایەکەوە لەو ئوتومبیلە کە کاروانی نێوان دێھاتەکانی ئەکرد دابەزین و لەبەر دەرگای قوتابخانەکەدا کە ژوورێکی کرابوو بە ھۆدەی حەسانەوە و خەوی من، تەپ و تۆزی ڕێگایان لە خۆیان تەکاند. خوسرەو ئەم ھەواڵەی زانی و ھێشتا من تایبەتیترین پرسیارم سەبارەت بە«بەھار»ی دەزگیرانم مابوو کە لە ھەڤاڵەکانمی بکەم، کە خوسرەو پەیدا بوو. زۆر زوو، زۆر مەبەستمان دۆزییەوە کە ھەر چوارمان ئەمانتوانی لە بارەیانەوە بدوێین. لە باسی سینەماوە دەست پێ کرا و خوسرەو بەگورجی بڕوای ھەموومانی ھێنا سەر ئەوە کە فیلمی باش لە شەڕی باش کەمترە. پاشان باسی ویەتنام و ئەفریقای جنووبی و رۆدزیا کرا و ھەموو ئەمانزانی بازرە بووین و وەسەر خۆمانی ناھێنین. لام وایە وەفا بوو لەبەر خۆیەوە کوتی: «مالا یدرک کلە یترک کلە». من ویستم بڵێم ھەڵەت کرد، بەڵام بزەی سەر لێوی تێی گەیاندم کە ھەڵەکەی بەئەنقەسد کردووە و ئەیەوێ بڵێ سەرێ کە نایەشێ لە پرێسکەی مەبەستە. مەحموود کوتی: «یدرک» ڕیشەکەی کوردییە و لە مەسدەری درکاندنەوە ھاتووە و ئیتر بۆم دەرکەوت کە باس ناچارە بەرەو ھەرێمێکی تر لێ خوڕێ و چ ھەرێمێک جوانتر و ھەر لەگەڵ جوانییا بێ ئازارترە لە ھەرێمی بژوێن و سەوزی ئەوین. ھەستم کرد منی خانەخوێ لەسەرمە سەرەتای باسەکان دامەزرێنم، بەڵام ئەترسام نەکا لە لایەن ئەو سێ گەنجە ڕووناکبیرانەوە بکەومە بەر ھێرشی توانج. ڕاستییەکەی پێم خۆش نەبوو دیسانەوە بۆ ھەزارەمین جار گوێم لە کاوێژی وشەی بورۆکراسی و پێچ و مۆرەی دامەزرێنەر و ئەم باسە پڕوپووچانە ببێ. ھەرچۆنێک بوو لێبڕام بەچەشنێ کە ھەستیان نەژاکێنێ، باسەکە بگۆڕم. لە خوسرەوم پرسی لەگەڵ کچانی زانستگەدا نێوانی چۆنە، وتی «بێرناردشاو، نووسەری ئینگلیزی ئەڵێ: کچ دوو تاقمن.» وەفا بۆی تەواو کرد: «یا جوانن، یا زانستگایین» و ھەموومان پێکەنین. ئەم پێکەنینە ڕێگای بۆ من کردەوە کە زیاتر لەسەر باسەکە بڕۆم: «ڕاستی کوڕگەل سەبارەت بەئەوین بڕواتان چییە؟» ھەرسێکیان بەیەکەوە کوتیان: «ئەوین؟» و من ڕاچڵەکیم و خۆم ئامادە کرد بۆ ھێرش: «بەڵێ ئەوین. مەگەر شتێکی سەیرم پرسیوە.» خوسرەو کە ئەمەی لە دەرەبەگی بۆ مابۆوە زۆر قسە بکا و کەم گوێ بگرێ، کوتی: «ئەوین نەجیب زادەیەکی لێکەوتووە کە ئەمڕۆ کەس خەتی ناخوێنێتەوە؛ یا مەلێکی گەرمێن و کوێستانکەر بووە کە سەدەھا ساڵ لێرەوبەر بەرەو گەرمێن بووەتەوە و ھێشتاش نەگەڕاوەتەوە. خوا عالم کام ڕەشەبای توند باڵی شکاندووە، یا کەوتۆتە بەر شاڵاوی کام شمقاڕی کۆترخۆر؟» مەحموود لەبەر خۆیەوە کوتی: «بەرەو ڕۆژھەڵات چووە و لەوێ ھێلانەیەکی گەرم و نەرمتری دروست کردووە.» وەفا پرسی: «مەبەست لە ئەوین چییە؟» و من بۆم شی کردەوە: «مەبەست خۆشەویستی نێوان کوڕ و کچێکە، یا لانی کەم لێرەدا مەبەست ئەمەیە.» تووڕە بوو کوتی: «تۆ لە کەیەوە بەم بێ دەربەستییە کوفر ئەکەی؟ چی بۆتە ھۆی ئەمە کە بووی بەپووشی سەر ئاو؟» بەسەر خۆم نەھێنا و کوتم: «ئەوین ئەگەر ئەوینی ڕاستی بێ یەکجار جوانە و لەو شتانەیە کە ئەم ھەموو ھەناسە کێشانە، ئەم ژیانە بێ بار و بێ ئاکامە لەسەر پیاو سووک ئەکا.» خوسرەو کوتی: «باشتر بوو لە شارا بمێنێتەوە و دەفتەری بیرەوەری بۆ کچان بنووسێ.» وەک ئەمە لە توانجەکەی تێنەگەیشتبم، کوتم: «مەبەستم ئەوینی ڕۆمانتیک نییە. ئەو ئەوینە ئەڵێم کە لەسەر ڕاستەقینەی ژیان دامەزراوە.» وەفا کە ھێشتا ڕقەکەی دانەمرکابوو کوتی: «ژیان؟ کام ژیان؟ ھی ئەو کەسانە کە بەقامکی دەست ئەکرێ بیانژمێری؟ تۆ لە کوێی کاکی مامۆستای مناڵان؟ من لەو کاتەوە کە ھاتووم، بۆنی ناخۆشی گەڕەک و کۆڵانی ڕێ ئازارم ئەدا، تۆ خەریکی لەم ھۆدەدا کە سێبەری مناڵی ھەژار، وەک گیانی سەرگەردان سەمای تێدا ئەکا، تەدارەکی باڵەی «دەریاچەی قوو»م بۆ ئەگری؟» کوتم: «وەفا، شەو کڕ و کەڕە و نیوە نووزەی تۆ بەگوێیا ناچێ. کە وەھایە ھەرا مەکە با لانی کەم دەنگت نەنووسێ.» خوسرەو ئەمەشی ھەر لە دەرەبەگایەتی بۆ مابۆوە کە لای وابێ کەیخودایی و بڕیاری دوایی مافی ئەوە. کوتی: «شەوگار درێژە و عەبداڵ بەتاڵ. باسێکی تر بکەین.» بەڵام وەفا وەک بیەوێ کەنار بگرێ، ھەستا و خۆی بەسەیری دەرک و دیوارەکەوە سەرگەرم کرد. ماوەیەک لەبەر دیوارێکی ھۆدەکەما وەستا و پاشان کوتی: «گوێ بگرن! من دایکم نەخۆشە. ناوم ئاواتە. ئاغای مودیر ئەڵێ ئاوات ناوێکی خۆشە. ئەڵێ تۆ بەئاوات ئەگەی. ئاواتم ئەمەیە، باوکم ئەمڕۆ کە گەڕاوە بۆ ماڵ، ئەوەندەی پارە ھەبێ کە دایکم بەرێ بۆ لای دوختوور.» ئەم چەند دێڕە قوتابییەکی من لەسەر دیوارەکەی نووسیبوو. بێدەنگییەک باڵی بەسەر ھۆدەکەما کێشا. شەو لە دەرەوە ڕەشتر دیار بوو و زۆر حەستەم بوو کەسێ لە ئێمە لەو کاتەدا بڕوا بکا مەلی ئەوین ئەگەڕێتەوە و لە پەنا شەتاوێک ئەنیشێ و زەمزەمەی ئاوازێک پڕ بەگەرووی ئەماسێ. ++++++++++++++++++++++