شاعیر: سوارە کتێب: تاپۆ و بوومەلێڵ سەرناو: شیعری باش کامەیە؟ سەبارەت: ١٩٧٢/١١/١٨ سەلام لە گوێگری بەھەستی بەرنامەی تاپۆ. زۆر جار ئەم پرسیارەمان لێ کراوە کە شیعری باش بە کامە شیعر ئەڵێن. ھەڵبەت ئێمە وەڵامی ئەم پرسیارەمان زۆر جار داوەتەوە و بەچەشنێکی گشتی ڕوونمان کردۆتەوە کە ھونەری باش بە چ ھونەرێک ئەکوترێ. ئەوەی وا ئێمە لەم بارەوە دەرمانبڕیوە بڕوای خۆمان بووە؛ بەڵام کۆتاییشمان نەکردووە لە بڵاوکردنەوە و نووسینی بڕوای جۆربەجۆر سەبارەت بەھونەر. ھەندێک ھەن کە ئەڵێن شیعر و وێژە کە بەشێکە لە ھونەر، کەڵکی نییە و قازانجێک بەکۆمەڵ ناگەیەنێ و تەنانەت بەرگری لە پێشکەوتنیشی ئەکا. ئێمە لە بەرنامە پێشەکانا کوتوومانە کە ئەم بڕوایە چۆن پەیدا بووە. تەنانەت تاقمێکی زۆریش لە زانایان ھەن کە دژی شیعر و وێژەن، بەڵام ئەگونجێ ھەموو ئەم دژایەتییانە لەمەوە پەیدا بووبن کە زۆر بەوردی سەیری پێشینە و ئەرکی ھونەر نەکراوە. میسداق و مەفھوومی ھونەر زۆر جار یەکتر ناگرنەوە. واتە سەرنج نەدراوەتە ئەم مەبەستە کە ھونەر خوڵقاوی ویست و نیازی کۆمەڵی سەرەتایی ئادەمیزاد بووە و گەورەترین یارمەتی داوە بەبەرەی ئادەمیزاد و ھەروەھاش کاتێ ھەڵبەست و نووسراوێکی بێ کەڵک کە بەداخەوە لە وێژەدا نموونەیان زۆرە و ڕەنگە زۆربەش بن، بەرچاو کەوتووە بەم ئاکامە گەیشتوون کە شیعر و وێژە بێ کەڵکە. بەلێکدانەوەیەکی تر ھەر کات میسداقی شیعر خراپ بووە، حوکم بەخراپ بوون و بێ کەڵکی مەفھوومی شێعر دراوە. کوتمان کە بەداخەوە شێعری بێ کەڵک زۆربەی شیعرە. ئەمەش ھۆی تایبەتی ھەیە. چونکە چینی ھەڵبژاردە، واتە ئیلیت زھiعز (ھەڵبەت ھەڵبژاردە لە باری زیادەبەشی ئابووری و دەسەڵاتەوە) سوودیان لەمەدا نەبووە کە شێعر ئەرکی کۆمەڵایەتی لەسەر شان بێ و بۆ ئەوان باشتر بوو کە شیعر لەجیاتی ھاندان و بزواندن، سستی و وەستان بگەیەنێ. تاقمێکی تریش ھەبوون کە لایان وابووە شیعر زیل و بەمە و ئاھەنگ و وشەی جوان جگە لە لاواندنەوەی پەردەی دڵ و گوێ بەکاری شتی تر نایە. ئەمانە چ سوورێئالیست بن، چ لایەنگری ڕۆمانی نوێ، چ دادائیست و چ تاقمی «ھونەر بۆ ھونەر»، ھەموویان ئەکرێ لە ژێر ئەم ناوەدا کۆ بکەینەوە؛ لایەنگرانی قالب و دیوی دەرەوە. ئێمە لەگەڵ ئەوەشا ئەزانین ئاھەنگ و وشەی جوان و ڕازاندنەوەی ڕواڵەتی وتار، بەشێکی گرنگ و ھێژایە لە شیعرا؛ بەڵام وەسیلەیە نەک ئامانج. مەبەستی ئەسڵی لە شیعرا ناوەڕۆک و کاکڵە نە ڕواڵەت و توێکڵ. شیعری فەننی و مامۆستایانە ئەمەیە کە ناوەڕۆکێکی بەکەڵکی ھەبێ لە ناو قالبێکی جوان و ڕازاوەدا و ئاھەنگی تایبەتی خۆیشی دۆزیبێتەوە. ئاھەنگی تایبەت شتێکی شیاوی لێ وردبوونەوەیە، چونکە ھەر شیعرێک بەپێی موحتەوا و واتەی خۆی ئاھەنگێکی تایبەت ئەخوازێ و بۆ ئاھەنگی تایبەتیش وشەی تایبەتی گەرەکە. بۆ نموونە شیعرێکی نەتەوایەتی و ھاندەر کە ئەیەوێ دەماری گەل پەرستی بەھێز کا، ئەبێ ئاھەنگێکی حەماسی ھەبێ و وشەی تایبەتی بۆ ھەڵبژێری. وەک ئەم نیوە شیعرە کە ئەڵێ: «پێ و چەک زرمەیانە و خرمە.» ئاھەنگی ئەم نیوە شیعرە نەرمونیان و ئەویندارانە نییە و زۆرتر لە ماڕشێکی سپایی ئەچێ و وشەکانیش لاوێنەرەوە و نەرم نین. بەڵکو ڕاپەڕێنەر و ھاندەرن. باسەکە باسی پێیە و چەک کە زرمە و خرمەیان دێ. ھەروەھاش ناوەڕۆک و مەفھوومی غەڕامی و ئەویندارانە یا واتەیەک کە لە بارەی تەبیعەت و جوانییەوە ئەدوێ پێتەویستی بۆ ئاھەنگێکی لاوێنەرەوە و نەرمونیان ھەیە و وشەکانیشی ئەبێ لەگەڵ ئاھەنگەکەدا یەک بگرێتەوە. وەک ئەم شیعرە: بەڵێ وای ئەتۆ، وەک زرێباری بن خێوەتی مانگەشەو بە مەندی شکۆدار و گەورە و گرانی بەڵام پێکەنە، تۆ پەریزادی گوڵخەندەرانی. لەم شیعرەدا وشەی زرێبار و خێوەتی مانگەشەو و پەریزادی گوڵخەندەران ھاتوون کە ھەموو وشەی نەرم و ئەوین بزوێنن. بەڵام کاکڵ لە شیعرا - کە بەلای ئێمەوە مەبەستی ئەسڵییە - ئەتوانێ دوو جۆر بێ: یەکەم کاکڵێکی ئەوتۆ کە کەڵکی کۆمەڵایەتی لێ وەرناگیرێ. واتە باسێک لە شیعرا دێتە گۆڕ کە یا زیانی زۆربەی کۆمەڵی تێدایە یا مەبەستێکی شەخسی و تاکی تێدا ھاتووە کە ناتەنێتەوە بۆ مەبەستێکی گشتی. وەک باسی ئەوینێکی ئەشڕافی و ھەڵدانی شەوێکی خۆش ڕابواردن، بێ ئەوە ئاوڕێک بۆ خەڵکی ئاسایی درابێتەوە. دووھەم کاکڵێک کە کەڵکی کۆمەڵایەتی تێدا ھەیە. ئەم مەفھوومە شیعرییانە دوو چەشنن، یا چەشنێکن کە قالب و وشەیەکی ساکار و نزیک لە دووانی ڕۆژانەی خەڵکیان ھەیە، یا قالب و دیوی دەرەوەیان کەمێک ڕەق و دژوارە و وشە و تەعبیری ڕازاوە و فەننی و دوور لە وتووێژی خەڵکیان تێدا بەکار براوە. سەبارەت بەم دوو چەشنە، دوو بڕوای جیاواز ھەیە: یەکەمیان ئەڵێ شیعر پێش ھەموو شت و پێش ئەوە کە وتارێکی وێژەوانانە و جوان بێ، پێویستە کەرەسەیەک بێ بۆ بزواندن و تێگەیاندن. جا ئەگەر قاڵبی وتارەکە ئەوەندە ڕەق بێ و وشەی ئەوەندە تەریک و تەعبیر و لێکدانەوەی پڕ پێچ و قەمچی تێدا ھاتبێ کە زۆربەی کۆمەڵ نەتوانێ کەڵکی لێ وەرگرێ، جیاوازی چییە لەگەڵ شیعرێکا کە ناوەڕۆکێکی دژی کۆمەڵی ھەیە. ھەندێکی تریش ئەڵێن شیعر ئەگەر ئەوەندە ساکار بێ کە تا ڕادەی وتاری ئاسایی نێوان خەڵکی گەڕەک و کۆڵان نزم بێتەوە، نابێتە شیعر؛ چونکە شیعر ئەبێ ڕەنگی عاتیفەی لێ بدرێ و لەگەڵ زانستا جیاوازی ھەبێ. بۆ نموونە باسی پیاوێکی برسی، یا مناڵێکی بێ دایک، یا دیمەنی ڕێگاوبانێکی کاتی پاییز نابێ لە شیعرا وەھا بکرێ کە لە زانستا ئەکرێ. لێکدانەوەی خەڵکی ئاسایی و دووانی ڕۆژانەیان چەشنێکی ساکارە لە زانست و شیعر. شاعیر ئەم چەشنە ساکارە زانستییە لە کارگای عاتیفەی شاعیرانەیدا بەڕەنگ و ڕواڵەتێکی تارا بەسەرا کشاو ئەڕازێنێتەوە و ناچار کەم و زۆر لە وزەی دەسکورتی خەڵک دوور ئەکەوێتەوە. ئەو تاقمە ئەڵێن شاعیر نابێ ناچار بکرێ کە وەک خەڵک ببینێ و لە ڕوانگەی خەڵکەوە بڕوانێتە سەر مەبەست. شاعیر ناچارییەکەی ھەر ئەبێ لەمەدا بێ کە بەسوودی ئەو خەڵکە بیر بکاتەوە و مەبەستەکانی وەھا نەبن کە زیانی گەلیان تێدا بێ. لایەنگرانی ئەم بڕوایە کە ئەڵێن شیعر ئەگەر ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی ھەبوو، با دیوی دەرەوە و فۆڕمی شیعرەکەش دوور بێ لە دووانی ڕۆژانەی خەڵک، ھەر ھونەرە و ھونەرێکی کۆلێکتیڤیشە. ئەڵێن شاعیر ھونەرێکی عاتیفی ئەخوڵقێنێ و عاتیفە، یانی ڕووبەڕووبوونی موحەڕیکاتی خاریجی و لێکدانەوەی دەروونی، یانی ئاوێتەبوونی زانست کە شتێکی نەگۆڕاوە و بەلای ھەموو کەسەوە ھەر یەک چەشنە لەگەڵ ڕیئەکسیۆن و عەکسولعەمەلی عاتیفی کە لە ھەر نیھاد و دەروونێکا جیاوازی ھەیە لەگەڵ نیھاد و دەروونێکی تر؛ لەبەرئەمەیە کە لە ھەرکەس بپرسێ دوو دوو ئەکا چەند ئەڵێ ئەکا چوار. بەڵام بڕوای دوو کەس سەبارەت بەجوانی، کە باسێکە لە ھەرێمی ھونەرا وەک یەک نییە. یەکێک چاوێکی گەش و ڕەشی پێ جوانە، ئەوی تر چاوێکی نیوەخەوی شینی خۆش ئەوێ. تا بەرنامەیەکی تر بەخواتان ئەسپێرین. شەوتان باش. ++++++++++++++++++++++