شاعیر: سوارە کتێب: تاپۆ و بوومەلێڵ سەرناو: تەنز لە وێژەی کوردییا سەبارەت: ١٩٧٠/١٠/١١ سەلام لە گوێگری ھۆگری ھونەر و بیستیاری ھەستیاری بەرنامەی تاپۆ. بەداخەوە لە وێژەی کوردییا بەشی نووسینی تەنز کەمە. تەنزنووسی، بەچەشنە نووسینێک ئەکوترێ لەودا مەبەستی کۆمەڵایەتی بەشێوەیەکی گاڵتەچییانە دەرئەخرێ. لە ڕاستییا نووسینی جیدی و ئاسایی لەگەڵ شێوەی تەنزا ھەریەک باری کۆمەڵایەتییان ھەیە، بەڵام لە شێوەی تەنزا لە قەشمەری و گەپ و گاڵتە کەڵک وەرئەگیرێ بۆ ئەوە لە تاڵایی دەربڕینی ڕاستەقینە کەم بکاتەوە. تەنز چەشن و جۆری زۆرە. ھەندێک تەنزی تاڵ و نادیاری لە وێژەدا ھەن وەک شێوەی نووسینی چێخۆف نووسەری ڕووس یا نووسەری کلاسیکی فەڕانسەیی ئاناتۆل فڕانس و ھەندێ تەنزی تریش ھەن کە ڕەخنەگر و ئاشکرا و توند و تیژن. وەک نووسراوەکانی ئارت بوخواڵدی ئەمریکایی و «عەزیز نەسین»ی تورک. جگە لەمانە لە بەشەکانی تەنز، تەنزی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەتوانین ناوبەرین. مەبەستێ کە نووسەران بۆ لای نووسینی گاڵتەیی ڕائەکێشێ ئەمەیە کە لە تەنزا دیوار و شوورەی ئیماژ و ئیستعارە و داپۆشراوی بەرز و پتەوە. تەنزنووس لە پشت ئەو دیوارە بەرزەوە بەدڵنیایییەکی زۆرترەوە ئەتوانێ ھێرش بکاتە سەر سەنگەری دزێوی و نالەباری ناو کۆمەڵ. تەنزنووس لە ھەموو شتێک بۆ نواندنی مەبەستی خۆی کەڵک وەرئەگرێ. لە زمانی پەلەوەرەوە، لە زمانی پرسونل و قارەمانی ئەوتۆوە کە لە ناو ئوستوورە و ئەفسانەکانا ھەن قسە ئەکا. ئەتوانێ سەردەمی ڕابردوو لە ڕۆژگاری خۆیا زیندوو کاتەوە. واتە زەمان بەربەستی ناکا. بۆ نموونە ئەگەر نووسەرێک بیەوێ گیانی پیاوێکی مێژوویی یا زانستی و ھونەری بھێنێتەوە بەر لەشی و لە لایەن ئەوەوە قسە بکا، ناچارە ڕەنگی خۆڵەمێشینی تەنز و گاڵتە لە نووسراوەکەی بدا، دەنا نووسراوەکەی بەناوی شوێنەوارێکی دژی ڕاستەقینە ئەخرێتە لاوە و کەس نایخوێنێتەوە. لەم بەرنامەیەدا نووسراوێکی تەنزی کوردیتان پێشکەش ئەکەین و ھیوادارین ببێتە سەرمەشق کە نووسینی تەنز پەرە بستێنێ و ئەو شێوە جوانە لەم ڕادەیە کە ئێستە لە وێژەی کوردییا ھەیەتی بەرزتر بێتەوە. لە گورگی برسییەوە پێشکەش بۆ بەرانی دابەستەی بەڕێز پێش ھەموو شت لە خودای مەزن ئەپاڕێمەوە کە ژیانی درێژت بکاتە نەسیب. بێ گومان لەم مانگە موبارەکەدا زمانم بەڕۆژووە و لە گوناھ ئەوەندە دوورم کە باپیرە گەورەم لە ڕشتنی خوێنی کوڕی یەعقووب دوور بوو. خوا نزام وەرئەگرێ، ئەمەی کە من بەڕۆژووم و لە ترسی خودا وەک بیی ناو ئاو ئەلەرزم، لە بیرت بێ و بیسەنگێنە لەگەڵ نەزیلە مفتەکەی ئادەمیزاد کە ئەڵێ: «تۆبەی گورگ مەرگە»، تا بزانی ئادەمیزاد جسناتی چییە! و چۆن ئەو زمانە کە خودا پێی داوە تا یادی ئەوی پێ بکا، قسەی ڕاستی پێ بکا و بەدرۆودەلەسە چەپەڵی نەکا، بەھەموو لایەکا ئەیگێڕێ. ھەر لێم گەڕێ برای باشم، بڕبڕەی پشتم. چەندە لەو ئادەمیزادە تووڕەم. ڕاستە ئێمە لەو کاتەدا یوسفمان نەخواردووە و بوختانیان پێ کردووین، خودا کە خۆی ھەموو ئاشکرا و نھێنییەک ئەزانێ، نەواڵەی بۆ بڕیوینەوە و پێویستمان بەخواردنی گۆشتی تر نەماوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشا ئەگەر بۆم ھەڵکەوێ ئێسک و پێستی ئادەمیزاد لەیەک ئەھاڵێنم. ببوورە کە سەرەتای نامەکەم باش دەست پێ نەکرد. بەڕاست کاک بەران چۆنی؟ چاکی شوکر؟ ! پێم بڵێ بزانم خەوت چۆنە؟ دوێشەو باش خەوتی، یام گۆڵەبۆری خوێن تاڵی ئێسک گران ھەر بەدەوری گەلەخانەکەتاندا ھەڵسووڕا و حەپەی ھات. ئەم خۆ شیرین کردن و کلکە سووتەی سەگیشم بەلاوە زۆر شوورەیییە کە بۆ پارووە نانێک ئەیکا. جا ئەگەر ئێمە بەیەکەوە باش بوایەین ئادەمیزاد چۆن ئەیتوانی ئەم چەرمەسەرییەمان بەسەر بێنێ؟ ! بڕوانە گاجووت بەم ھەموو زلییە بەئۆحەیەکی جووتیار وەک مێو و ڕۆن لەسەر خەتی جووت ئەگەڕێتەوە. کاتێکیش لە گێرەیان کرد، دەمبێنی ئەکەن، نەکا دەم بۆ دەنکە گەنمێک بەرێ کە بەڕەنجی شان و پیلی ئەو ھاتۆتە بەرھەم. دڵی بەمە خۆشە کە یەکەم گیاندارێکە کە یارمەتی خێڵی ئادەمیزادی داوە. تکایە لە زمانی منەوە بەم گایە بڵێ نەیبیستووە کە ئادەمیزاد لە ناو خۆیانا ئەڵێن: «جووتبەندەی باش ئەو کەسەیە کە گای لاواز بێ و سەگی قەڵەو!» ئەگەر مانای ئەم قسەیەشی لێ پرسی ھەر لە زمانی منەوە پێی بڵێ کە گا ئەبێ زۆر کار بکا. بوورە و بەیار و چڕگەن و جاڕەفریزوو دەربھێنێ، تا ئەو لاواز بێ و سفرەی ئادەمیزاد بڕازێتەوە، سەگیش کە جگە لە پاسەوانی کارێکی لە دەس نایە ئەبێ تێروتەسەل بێ تا بتوانی قازانج و سوودی ئادەمیزاد باشتر بپارێزێ. ئەمە پێی ئەڵێن: «کار بەنانەزگێ». کاکی خۆم، بەڵام خۆمانین ئەو سەگە وا من ئەیناسم ئەگەر لە برسا لار بێتەوە و لاکەی سەری بێ، ھێشتاش دەس لە کلکەسووتێ و نووزە نووز ھەڵناگرێ. شتێک کە بۆ من سەیرە، ئەمەیە کە تۆ بەم گیانە ناسک و ھەستە خاوێنەوە کە ھەتە چۆن لەگەڵ چەق و لووری سەگ ھەڵئەکەی؟ ڕاستە من و تۆ لەبەر ھەندێ شت لەیەک دوورین و باش یەکتر ناناسین، «خودا سەبەبکارەکەمان بکا بەکۆی زووخاڵ»، کە من و تۆی لەیەک کرد؛ بەڵام ھەرچی بێ من و تۆ لەسەر چوار پێ ڕاوەستاوین و ئادەمیزادی تەژەی لەندەھۆر بەدوو پێ ئەڕوا بەڕێوە. ڕەنگە نەتبیستبێ کە ئادەمیزاد ھەر کات بیانەوێ گاڵتە بەیەکێ لە خۆیان بکەن و بڵێن نەفامە، ئەڵێن: «ئەگەر ئەو دەستەی ھەڵیھێناوە داینێتەوە سەر زەوی ئەبێتەوە بەچوار پێ.» تۆی زرنگی ھۆشیار بێ گومان بیرت لەمە کردۆتەوە کە ئادەمیزاد شیرت ئەخوا و تەڕایی بۆ بەرخۆڵەکانت ناھێڵێتەوە. بەڕاست چ ڕوانگەیەک دڵتەزێنترە لە ڕوانگەی بەرخ تێبەردان، کاتێ کە ژنانی بێری بەشیرمەشک و مەڕدۆشکەی پڕ لە شیرەوە لە ناو ڕان دێنە دەرەوە و بەرخ و کارژەڵەی ساوای برسی بەکاڕەکاڕ و بالەبال بەشوێن دایکیانا ئەگەڕێن. بەڵام کاتێ ئەگەنە دایکیان ھەر فنچکی یەکەم تێئەگەن پێش ئەوان تاڵان کراوە و ھەڵچۆڕاوە. خۆیان ئەم دەردە بەسەر ئێوەی خانەدان دێنن، بەڵام کایەیەکیان ھەیە بەناوی «دایە مەمدە بەگورگێ». بێ گومان دیوتە کە مناڵانی ئادەمیزاد کۆ ئەبنەوە و یەکیان ئەکەن بەگورگ و یەکیان ئەبێ بەدایکی بەرخۆڵەکان، جا مناڵەکان بەدەوری دایکیانا ھەڵئەسووڕێن و ئەڵێن: «دایە مەمدە بەگورگێ، گورگە ددانی تیژە». بەڵێ، باشە گورگ ددانی تیژە، بەڵام بەم ددانە تیژانەوە نیوەی ئێوەی ئادەمیزادی نەوسنی تێر نەخۆر، خوێنخۆر نییە. گورگ گۆشتخۆرە، مەڕ گیاخۆرە، بەڵام ئادەمیزاد گۆشت ئەخوا، گژوگیا ئەخوا، میوە ئەخوا... تۆ ھیچ دڕندەیەک ئەناسی کە قەسابی دانابێ؟ کاکی بەڕێز! کاتی ئەوە ھاتووە بیر بکەیەوە جگە لەمە کە ئادەمیزاد شیرت ئەخوا، گۆشتی بەرخۆڵەکانیشت ئەخوا. من کە نازانم، بەڵام لە ئادەمیزادم بیستووە ئەڵێن، کەبابی گۆشتی بەرخ زۆر بەتام و لەزەتە. ناڵێم گۆشتی بەرخم نەخواردووە، بەڵام ئەوەندەم برسی بووە کە بیرم لە تام نەکردۆتەوە. ھەرچی خواردوومە بۆ ئەوەم خواردووە نەمرم. ئادەمیزاد لە ساڵی گرانییەکەدا یەکتریان ئەخوارد. بۆ من ھەمیشە ساڵی گرانییە. ئادەمیزاد ساڵێ جارێک وەک تێسوو تاڵانت ئەکا و خوری لەشت بەبرینگ ھەڵئەپاچێ و گوێ ناداتە ئەوەی کە لەشت بریندار ئەبێ یام نە. خوری و بەرگت ئەکا بەبەرگی خۆی و ھەزار شتی تری لێ دروست ئەکا. دەگەناڵی ئینگلیزی و پارچەی زەردی ئاڵمانی و مافوورەی ئێرانی. بڕوانە ئەمانە چەندە فڕوفێڵ ئەزانن. ناوی تۆ ھەر لە کوولەکەی تەڕیشا نییە. بەخودا بەگوێما ناچێ، کام ئادەمیزاد لە ھەموویان ڕاستترە لە گوریسی ناو ھەمبانە پێچ و پڵووچی زۆرترە. خۆیان ئەڵێن: «شتێ کە بۆ ماڵ پێویستە لە مزگەوت حەرامە.» کەچی تۆ ئەکەن بەسڵقی ڕووت تا خۆیان پۆشتە بنەوە. سەرەڕای ئەم ھەموو درۆ و ناپاکییە، بەمن ئەڵێن «تۆبەی گورگ مەرگە». نازانی لەبەرچی مەرگی من بەئاوات ئەخوازن؟ چونکە من وەک وشتری پێ پان باریان بۆ ھەڵناگرم. وەک سەگ کلکەسووتەیان لەبەر ناکەم و ببوورە چەشنی تۆ شیریان نادەمێ و نابمە دمەدۆی خێزانیان. تکایە بۆ درێژەدانی وتووێژەکەمان و بۆ ئەوە ژەنگی دوژمنایەتی لە دڵمان پاک کەینەوە تەشریف بھێنی بۆ ڕەوەزی پشت ماڵان تا باشتر باسی دوژمنایەتی ئادەمیزاد ڕوون کەینەوە. خوات لەگەڵ، برات گورگی برسی. ئەم نامەیە پۆستەچی ھێنای و دای بەشوان و شوانیش ئەو ڕۆژە گۆڵەبۆری ناردە جێگای دیاریکراو. تا حەوتەی داھاتوو خواتان لەگەڵ. ++++++++++++++++++++++