شاعیر: سوارە کتێب: تاپۆ و بوومەلێڵ سەرناو: چاوەڕوانی سەبارەت: ١٩٧٢/٠٩/٢٧ سەلامێک لەم پایزەدا وەک گوڵێ کە مابێتەوە لەبەر تاڵانی گەڵاڕێزان، پێشکەش بەئێوە کە ژیان و ھەرچی ڕازێنەرەوەی ژیانە خۆشتان ئەوێ. پێشکەش بەئێوە کە بە ھەست و ھونەرپەرستن. لەم بەرنامەیەدا نموونەیەکی نوێتان لە داستانی کورتی کوردی پێشکەش ئەکەین و چاوەڕوانین ئێوەش بەناردنی داستانی کورتی شوێنەواری خۆتان یا شوێنەواری نووسەرانی ناسراوی کورد یارمەتیمان بدەن. لە دێوە ڕێگایەکی پان و ڕێک ئەچوو بۆ کەناری چۆم. سەرەتای ڕێگاکە لە خوار دێوە لە پاڵ ماڵی پوورە پیرۆزەوە دەستی پێ ئەکرد. لە پردێکی بچووک کە لەسەر بەندەکە ھەڵبەسترا بوو ئەپەڕییەوە ئەچووە ناو ڕێگاکەوە. ئەمبەر و ئەوبەری ڕێگاکە بەڕیز داری سپیدار و پەڵک و چنار بوو. سپیداری ئەستوور و گەڵا پان. پەڵکی لار و کۆم کە ھەندێکیان گەندەڵ ببوون و لە جێگایەکەوە کە کرم لێی دابوون، کونی ورد و درشت، بەرچاو ئەکەوت. بارانێ کە باریبوو لەو کونانەوە، لە گەندەڵایی دارەکان زەلی بوو و ئاوێکی تاڵەی ھەندێ سوور و ھەندێ ڕەش لەو کونانەوە بەسەر لەشی دارەکانا ھاتبووە خوارەوە، ئەتکوت پیرەمێردێکی کوردە کە لە تەنیایی و بێ دەنگییا بەچاوی پرووش و کز گریاوە. چناری سەر بەرز کە لە پەنا پەلکەکانا ئەتکوت کوڕی گەنجی قیت و قۆزە لە پاڵ دەستی باوکی پیری نوشتاوەوەی، ڕاوەستاوە. پاش ڕیزی دارەکان لەمبەر و ئەوبەری ڕێگاکەوە پەڵە وێنجەیەک بوو کە کاتی دروێنەی بەری سێھەمی ھاتبوو. پڕشنگی خۆرەتاوی ڕەنگ پەڕیوی ئێوارێ ئەتکوت داوێنی کراسی بووکێکی شۆخ و شەنگە لە پێچی کۆڵانێکا نەدیو ئەبێ. نیوەی پەڵە وێنجەکان لەبەر نووری خۆرەتاوا تێکەڵ یەک بوون لە شینی مەیلەو زەرد و نیوەکەی تریان کە لالە سێبەری بەسەر کێشا بوو شینێکی تاریک و بەرەو ڕەش بوو. یەکەمیان ئەتکوت چاوێکی مەڕییە کە گەشەی پێکەنینی تێگەڕاوە و بەشی دووھەمیان لە چاوێکی شین ئەچوو کە چاوەڕوانییەکی دوورودرێژ لێڵی کردبێ. من ھەموو ڕۆژێ کاتی ئێوارانە دائەکشام بۆ خوار دێ و لە لای ماڵی پوورە پیرۆزەوە تێئەپەڕیم و بەسەر پردەکەدا پێم دەنا ناو ڕێگا و ئەچوومە سەر چۆم. ئەوە کاری ھەموو ڕۆژێکم بوو، بەڵام ھەموو ڕۆژیش کە ئەگەیشتمە سەر پردەکە لە پێشا ئاوڕێکم ئەداوە بۆ ناو دێ و ھەمیشە پوور پیرۆزم ئەدی کە لە ناو حەوشەکەیا دانیشتووە و چاوی بڕیوەتە ئاسۆی ئەوبەری چۆمەکە. چاوم کە لە دیمەنی تێکشکاوی پوور پیرۆز ئەترازا نیگام بەئاوی مەندی قەوزە گرتووی بەندەکە ئەکەوت کە بۆقی ورد و درشتی شین و خۆڵەمێشی بەسەر قەوزەکانییەوە خەریکی پشوودان بوون و ئەو پشوودانە تەنیا سێبەری مارێکی ئاوی تێکی ئەدا و بۆقەکان بەگورجی و کەمێک سەرشێواوی خۆیان ئەشاردەوە. پاشان کە ئەچوومە ناو ڕێگاکەوە پێش ھەموو شت کونی دار پەلکەکان سەرنجیان ئەدزیم. مناڵانی ئاوایی لایان وابوو لەشی پەلکەکان خوێنی تێدایە، چونکە ئەیاندی ئاوێکی خەستی نزیک بەسوور بەم کونانەدا دێتە خوارەوە و منیش نازانم چۆن بوو کە لەسەر پردەکە تا ئەگەیشتمە سەر کەندەڵانی چۆمەکە و چاوم بەئاوی شینی گۆمی مەندی پڕ لە ماسی ئەکەوت؛ لەو نێوانەدا مناڵ ئەبوومەوە و ئەھاتمەوە سەر بڕوای مناڵانی ئاوایی. بڵێی خوێنی شەھیدێک بێ؟ بڵێی ئەم شنەبایە کە گەڵا و لکی دارەکان ئەشەکێنێتەوە دەستێکی نادیاری پیرۆز بێ باوەشێنی ئەو شەھیدانە ئەکا؟ ! بەڵام زوو ئەگەیشتمە سەر چۆمەکە و لەوێ دیمەنێکی تر بیری خاوێنی مناڵانەی لە مێشکم ئەتاراند. لەمێژ بوو پێوە بووم دەرفەتێک بدۆزمەوە و لەگەڵ پوورە پیرۆز قسە بکەم. ھەندێ شتم لە خەڵکی ئاوایییەکە بیستبوو و لەباتی وەسوەسەم دامرکێنێ زیاتر ھانی دابووم بۆ ئەوە لەگەڵ خۆی بدوێم. ئەو ڕۆژەش وەک ڕۆژانی دیکە، من چووبوومە سەر چۆم. ماسییەکان لەو بەشەی گۆمەکەدا کە نەکەوتبووە ژێر سێبەری دارە بی کەناری چۆمەکە و تاویشی بەسەر نەکشا بوو لە ھاتوچۆدا بوون. گاھێ بەر زگی زەردیان وەدەرئەخست و لەو کاتەدا ئەتکوت گۆمەکە ئەبێ بەزارێک کە بەزەردەیەک لەیەک ئەبێتەوە و پڕشنگی ددانی ڕێک و جوانی دەرئەکەوێ. من زیخێکی وردم ئەھاویشتە ناویان و کۆڕی ئەویندارانەیانم ئەشێواند. ماسییەکان تێکڕا ئەھاتنەوە سەر زگ و بەبزووتنەوەیەکی بەپەلە کە لە بالەیەکی توند ئەچوو، بڵاوەیان ئەکرد و لەیەک جیا ئەبوونەوە، ئەتکوت لەپڕ چرای ھۆدەیەک کز ئەکەی. لە گۆمەکەدا تەنیا پڕشنگی نیوە ڕەنگی خۆرەتاوی ئێوارێ ئەمایەوە. ھەستم کرد یەکێک لە پاڵ دەستما دانیشت. ئەوەندە بەئەسپایی کە ئەگەر دەنگی نەکردبایە، لام وا ئەبوو ھەستم بەھەڵە چووە و لە تێکەڵبوونی سنووری سێبەری خۆرەتاو کە ئێوارانە لە ناو گژوگیای ڕەنگاوڕەنگی دەشتی ئاواییا ھەر دێ و دەسەڵاتی تاریکی زۆرتر ئەبێ و خۆرەتاو پاشەکشە ئەکا، لام وا ئەبوو بنجە گیایەکی زەرد و بەرز لە پێشا لە ژێر نووری خۆرەتاوا بووە و ئێستە وەک سەنگەرەکانی تری خۆرەتاو تاریکی مۆنی ئێوارانە گرتوویەتی. بەڵام دەنگێک ھاتە گوێم کە ئەڵێ: «میرزا!» دەنگی ئافرەتێکی پیر بوو. لە دەنگێک ئەچوو زۆر لە دوورەوە ھەرات لێ بکا و تۆ ھەر ئەوەندە تێبگەی لەگەڵ تۆیەتی، بەڵام نەزانی کێیە. کەمێک وەرسووڕام. دیمەنی پەڕپووتی پوور پیرۆزم ناسییەوە. لام سەیر بوو کە ناوی من لە کوێ ئەزانێ. خەڵک ئەیانکوت دە ساڵە پوورە پیرۆز تەنانەت یەک وشەش لە دەمی دەرنەھاتووە. من ھێشتا سەرسام بووم کە پوور پیرۆز ھاتە قسە. لە کاتێکا دەمی لەگەڵ گوێم لە مترێک زۆرتر نێوانی نەبوو، ھەستم کرد لە ئاسۆی ئەوبەرەوە کەسێک قسەم لەگەڵ ئەکا. باش نەمدەزانی کە پوور پیرۆز لای منە یا لەوسەر ئاسۆیەیە کە چاوی کزی تێ بڕیوە. نەمدەزانی قسە بۆ من ئەکا یا بۆ ئەو کەسە کە دە ساڵ لێرەوبەر لەو تیرەگە سەرکەوت و ئیتر نەگەڕایەوە. - «... بەڵێ میرزا. ئاغا کردیە سەرمان کە بچێ بۆ دێی ئەوبەری ئەم کێوە و لەوێ ھێلکە و مریشک بکڕێ بۆ میوانەکانی ئاغا. نەخۆش بوو. لەشی وەک برێشکەی سەر سێڵ لە چەق و چۆدا بوو. ددانی ددانی نەدەگرت. پێش ئەوە گزیری ئاغا بێتە سەرمان بەچەند لێفەی گەرم دامپۆشیبوو. تەندوورەکەشم بۆ نێڵ دابوو. نازانی ئەو ڕۆژە چ تۆف و سەرمایەک بوو. تفت ھەڵاویشتبایە لە حەوا دەیبەست. گزیری ئاغا ھات و کوتی، ئەبێ زوو بڕوا و زوو بگەڕێتەوە. من کوتم، نەخۆشە و چەق و چۆیەتی. ناتوانێ بچێ. گزیری ئاغا کوتی، چارە نییە، فەرمانی ئاغایە، میوانی ھەیە. من لەبەری پاڕامەوە، داوێنیم بادا، بەسەر دەست و پێیدا کەوتم وەری نەگرت. بەم حاڵەوە ھەستا و ڕۆیشت. لاڵاییم گاتێ، پووزەوانەکانی دڕابوون، کاڵەی شڕی لە پێدا بوو. کاتێ گەیشتە سەر ئەم پردەی بەر ماڵی خۆمان ئیتر لە بەرچاوم گوم بوو. کڕێوە بەباوە ئەیھێنا و ئەبوو بەدیوارێکی سپی و بەرچاوی ڕێبواری ئەگرت. ئەو ڕۆژە دە زستانی بەسەرا ھاتووە و من چاوم لەم ئاسۆیەیە کەی ئەگەڕێتەوە. دڵنیام ئەگەڕێتەوە. ئەو منی خۆش دەوێ. دایکی پیر و لێقەوماوی خۆی خۆش ئەوێ.» پوورە پیرۆز بێ دەنگ بوو و من گریانم پێ بچووک بوو. لەم کاتەدا بۆ دەربڕینی ھەستم، تەنیا چاوم بەم دەموچاوی پڕ چرچ و گنجەدا خشاند کە ھەر خەمێ شوێنێکی لەسەر دانابوو. لە زارم دەرپەڕی: «نا نا، ھەڵیناگرێ!» بەڵام دیتم بۆ چ ئەو ھەڵیئەگرێ! لە بێ ھێزییا ڕووم کردەوە کاتی مناڵی. بڵێی ئەم دارانە شەھید نەبن و ئەم خوێنانە خوێنی پاکیان نەبێ بەسەریانەوە دیارە؟ ! ڕۆژ ئاوا ببوو. پوورە پیرۆز چۆن وەک پەڕێک با بیھێنێ ھاتبوو، چەشنی خەونێک کە شەقژنێکی تاڵ لە ناوی بەرێ، لە لام ڕۆیشتبوو. کۆشکی ئاغا ھێشتا تاوی لێ ئاوا نەببوو کە بەچەن چرای تۆڕ نوورباران کرابوو و ئەمە قسەی دوایی من بوو: «بڵێی لەم کۆشکانەش، ڕۆژێک خۆرەتاو نەتۆرێ؟ !» ++++++++++++++++++++++