شاعیر: سوارە کتێب: تاپۆ و بوومەلێڵ سەرناو: ئاواتی پیرۆز سەبارەت: ١٩٧٢/٠٩/٢٤ سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ. تکایە لە پێشا گوێ بگرن بۆ پارچە پەخشانێک: ماوەی نیو سەعات ھەروا بێ دەنگ دانیشتبوون و جار جار لە ژێر چاوەوە بۆ یەکتریان ڕوانیبوو، ھەڵبەت وەھا کە ئاشکرا نەبێ. ھەر کات ئەم سەری داخستبوو ئەو چاوێکی بەچارەیا خشاندبوو. وا دیار بوو ھەردووکیان لە دڵیانا بەخۆیان کوتبوو: وریا بە، ھاوسەر گرتن و ھەڵبژاردنی ھاوبەشی ژیان کارێکی ساکار نییە. تەواو چاوت بکەوە و باش بڕوانە دەموچاوی، بەژن و باڵای. بەڵام ھەردووکیان لەم بیرە کە بەدڵیاندا ھاتبوو شەرمەزار بوون و دیار بوو ھەردووکیان لە دڵیانا بەخۆیان کوتبوو بۆ مەگەر ھاوسەرگرتن و ھەڵبژاردنی ھاوبەشی ژیان ھەر بەوەی کە ڕواڵەت جوان بوو، پێک دێ؟ باشترە خوو و ڕەفتاری بزانم. بەڵام ھەردووکیان کاتێ گەیشتبوونە ئەم جێگایە دامابوون چونکە نەیانئەزانی بە چ ڕێگایەکا... ؟ باوک و دایکی کچەکە پاش ئەوە زۆر لەسەر مارەیی و جلوبەرگ و خشڵ و زێڕ و گوڵ و گوارە و کرمەک و ژێر چەنە قسەیان کردبوو و کوڕەکە بەشەرمە ھەموو شتێکی قبووڵ کردبوو، لە ھۆدەکە چووبوونە دەرەوە، تا کوڕ و کچ بەیەکەوە قسە بکەن. خوا ئەزانێ شێرکۆ چەند جار لێبڕابوو ئەمە بڵێ و لە شەرما زمانی بەسترابوو و چەند دەسرەی بەئارەق تەڕ کردبوو تا بەدەنگێکی نەرم و لەرزینەوە توانیبووی بڵێ من ئەبێ خۆم لەگەڵ «چرۆ» قسە بکەم و بزانم ئەویش ڕازییە یام نە. پاش ئەو چەند وشەیە قسەی تریشی کردبوو و کوتبووی من و چرۆ ئەمانەوێ بەیەکەوە بژین و ئەبێ ئەو بتوانێ لەگەڵما ھەڵبکا و بتوانێ بەدڵ خۆشی بوێم. بەڵام باوک و دایکی چرۆ، ئیتر گوێیان نەدابووە قسەکانی دوایی «شێرکۆ». تەماشایەکی یەکتریان کردبوو؛ وەک قسەیەکی سەیریان بیستبێ و ھەردووکیان لە دڵی خۆیانا کوتبوویان: یانی چی، چرۆ چ کارەیە، ئێمە داومانە و بڕاوەتەوە. بێ گومان ئەم قسەیان لە دڵ گران ھاتبوو کە زاوای داھاتوویان ئێستە ھیچ نەبووە ئەیەوێ لەگەڵ کچەکەیان تەنیا بێ. شێرکۆ ئەمەی لە ڕواڵەتی خەسوو و خەزووری داھاتوویدا بەدی کردبوو، بەڵام ئیتر ھێزی پاکانەی نەمابوو، چونکە ھەموو وزەی خۆی بۆ دەربڕینی قسەکەی پێشوو لە دەس دابوو. نیو سەعات بێ دەنگ دانیشتبوون. تەنیا خشەی کراسی تازەی چرۆ جار جار ھەوای کپی ھۆدەکەی ئەلەراندەوە. ئەبوو شێرکۆ دەس بەقسەکردن بکا، بەڵام بڵێ چی. بیری کردەوە بڵێ ئەمڕۆ ھەوایەکی خۆشی ھەیە و ئەمە بکاتە سەرەتایەک بۆ وتووێژ، بەڵام لەم بیرە ھەم ڕقی ھەستا و ھەم پێکەنینی ھات. ڕقی ھەستا لە خۆی کە بۆچ خووی بێگانەی گرتووە، ئاخر ئەو لە فیلمی سینەما و لە نووسراوەکانی نووسەرانی ڕۆژاواییدا دیبووی و خوێندبوویەوە کە سەرەتای ھەموو ئاشنابوونێک بەم جۆرەیە: «ھەوایەکی خۆشی ھەیە، وا نییە؟» کچەکەش پێئەکەنێ و ئەڵێ: «بەڵێ زۆر خۆشە.» پاشان کوڕەکە ئەڵێ: «نەھارێک لە فڵان جێ بەمووسیقا و سەماوە؛ پێت چۆنە؟» کچەکە ئەڵێ: «باشە، زۆر باشە...» و ئیتر بوون بەئاشنا و کاریان تەواوە، یا بەسەرھاتێکی تر دەس پێ ئەکا: «ناوت چییە؟» «ئینابیلا، Tresa یا ماری Mary یا Rose ڕۆز.» - «بەھ بەھ چ ناوێکی جوانە، بەڕاستی جوانە.» کچەکە ئەڵێ سپاس و زەردەیەک دێتە سەر لێوی. پاشان بانگ کردنە بۆ سەما و ئیتر کاریان تەواوە. ئەڵێی ساڵھایە یەکتر ئەناسن. بەم ڕقی لە خۆی ھەستا و بەمەش پێکەنینی ھات کە ئەگەر بڵێ ھەوایەکی خۆشە، ئەو کچە ساکارە کوردە چ حاڵێکی بەسەرا دێ. بێ گومان لەبەر خۆیەوە ئەڵێ مەگەر قسە نەمابوو کە باسی ھەوا ئەکەی! ئێمە لەسەر دووڕێیانی ژیان وەستاوین و ئەبێ بەوردی و ژیری ڕێگایەکی ئەوتۆ ھەڵبژێرین کە بگاتە ئاکامی بەختەوەری، کەچی ئەو باسی ھەوا ئەکا. شێرکۆ ھەستی کردبوو کە لەمە زیاتر بێ دەنگی بەلای چرۆوە مانایەکی باشی نابێ، چونکە سێ چوار جار دیبووی کە چرۆ چاو ئەبڕێتە چاوی و باری دانیشتنی ئەگۆڕێ و ئەڵێی لەم بێ دەنگ دانیشتنە وەڕەز بووە. شێرکۆ کوتی: «چرۆ» و ئەو وەڵامی داوە: «بەڵێ!» - «من و تۆ خەریکین دەست ئەدەینە گەورەترین کاری ژیانمان.» چرۆ لە دەمی وەرگرتەوە: «نا گەورەترین کار نییە، بەڵام گەورەیە. یانی زۆر کار ھەیە لە بەختەوەری من و تۆ بانترە.» - «کە وەھایە تۆ قەبووڵتە کە ئەم کارە بەختەوەری من و تۆی تێدایە.» چرۆ بەچاوێکی پڕ سکاڵاوە سەیری شێرکۆی کرد و کوتی: «تۆ لات وانییە من کچێکی ساکارم و تێناگەم ئەوین یانی چی؟ ئەگەر لات وا بێ ھەم بێ ئینسافی و ھەم بەھەڵە چووی.» شێرکۆ لە تاسانی سەرەتای قسە کردن ڕزگاری ھاتبوو و ئەیتوانی بەزەردەی پیاوانە و ڕوانینی گەرم ھەستی خۆی دەربڕێ. لە دەرەوە بایەکی بەتەزووی پایزی لە درزی دەرگا و پەنجەرەکانەوە خۆی بەژوورێدا ئەکرد و پەردەی ناو ھۆدەکەی ئەلەراندەوە. ئەتکوت بێچووە پشیلەیەکی بزۆز خەریکی کایەکردنە بە پەردەکە. شێرکۆ کوتی: «تۆ ڕازی؟» چرۆ تەنیا بزەیەک گرتی و سەری دانەواند. شێرکۆ کوتی: «بیری لێ بکە. ماڵێکی خۆش و خنجیلانە. کوڕ و کچی جوان!» چرۆ لەبەر خۆیەوە کوتی: - «ئاواتەکانت جوانن، بەڵام شکۆدار نین. تەنیا بۆ خۆم و خۆتە.» شێرکۆ بەسەرلێشێواوی پرسی: «دەیجا» و نەیتوانی قسەکەی تەواو کا. چونکە نەیدەزانی چرۆ مەبەستی چییە. چرۆ ئەوی لەم سەرسامییە ڕزگار کرد: «بەختەوەری کاتێ تەواوە کە بۆ ھەموو کەس بێ. بەچاوی گەش و کوڵمی سوور و لێوی بەپێکەنینەوە چون بژین، کاتێ فرمێسک لەسەر گوێسوانی ھەزار چاو، سەما ئەکا و کوڵمی مناڵی دەردەدار وەک بەھێی زەرد وەھایە و لێوی بەباری ھەژاران بەختەوەری تاکی من و تۆ ئەکاتە گەپجار؟ ! چۆن بێ دەربەست و سەرخۆش بەلای ھەزاران کەمایەتیدا تێپەڕین، لە کاتێکا لە دەستمان نایە کارێکیان بۆ بکەین و نەمانکردووە!» شێرکۆ لە ژێر لێوەوە کوتی ئەمەیە ڕازی مانەوەی ئادەمیزاد و بەرزتر کوتی: «زەکاتی بەختەوەری دەسگیرۆیی ھەژارانە. من و تۆش لەم سامانە خودا داوە زەکاتی ئاتاجان ئەدەین. ئەگەر بەختەوەر بین بەھێزترین بۆ یارمەتی خەڵک.» چرۆ بەپێکەنینێک دەری خست کە دژی ئەو بڕوایەیە و کوتی: «بەڵام بەداخەوە بەختەوەران لە دەردەداران دوورن.» شێرکۆ بەناڵینەوە کوتی: «پێویست ناکا ئێمەش وەھا بین. ئەگەر ئادەمیزاد ھەر لەسەر باری پێشووی بڕوا، پێشکەوت مانای نابێ. چ دەبێ من و تۆ یەکەم ڕێبواری ئەم ڕێگایە بین؟» چرۆ دەنگی نەکرد، بەڵام وەک ئەوە ئەچوو بڵێ با وابێ. گوێگرانی بەڕێز: بەرنامەکەمان لێرەدا تەواو بوو. چاوەڕوانی نووسراوەکانتانین و تا بەرنامەی داھاتوو ھەمووتان بەخودای مەزن ئەسپێرین و سەرکەوتن و بەختەوەریتان بۆ داوا ئەکەین. شەوتان باش. ++++++++++++++++++++++