شاعیر: سوارە کتێب: تاپۆ و بوومەلێڵ سەرناو: ڕوانگەی جیاواز لەسەر حەقیقەت سەبارەت: ١٩٧٢/٠٨/٣٠ ژن: سەلام لە گوێگری بەڕێز و ھونەرپەروەری بەرنامەی تاپۆ. لە دوو بەرنامەی ڕابوردوودا کوتمان حەقیقەتێ کە زانا ئەیزانێ جیاوازی ھەیە لەگەڵ ئەو حەقیقەتە کە شاعیر ئەیبینێ و ئێستە لەسەر ئەم باسە ئەڕۆین. پیاو: فەرمووت ئەو حەقیقەتە وا زانا ئەیزانێ جیاوازی ھەیە لەگەڵ ئەو حەقیقەتە کە شاعیر ئەیبینێ. شتێکم کەوتەوە بیر کە پێوەندی بەباسەکەوە ھەیە. داستانێکە سەبارەت بەیەکەم دیداری مەولانا جەلالەددین و شەمسی تەورێزی. پێش ئەوە کە جەلالەددین بچێتە ناو کۆڕی تەسەووف و عیرفانەوە، زۆرتر بەناوی زانا ناوبانگی ھەبوو. لە سەرتاسەری وڵاتە ئیسلامییەکانەوە ئەچوونە قوونیە و لە دەریای بێ بنی زانستی جەلالەددین تێراو ئەبوون. بەسەدان خوێندکار لە زانستگەیەکا کە جەلالەددین خۆی بەسەریا ڕائەگەیشت و دەرسیشی تێدا بەشاگردانی ئەگوت، خەریکی دەرس خوێندن بوون. وەک لە نووسراوەکان دەرئەکەوێ مەولانا پیاوێکی خانەدان و یەگجار دەوڵەمەند بووە. تەنانەت خەرجی ئەو زانا و خوێندکارانەش کە لە زانستگەکەیا بوون، خۆی لە ماڵ و سامانی خۆی داویەتی. شەمسی تەورێزی پیرە پیاوێکی خواناسی دڵ ڕووناک بووە کە وەک سۆفی و عارفەکانی تری ئەو سەردەمە بەوڵاتە ئیسلامییەکاندا گەڕاوە. ھەڵبەت ھەر کەسێ کە بۆ گەشت و دیتنی وڵاتان شار و وڵاتی خۆی بەجێ ئەھێڵێ، مەبەستێکی ھەیە؛ یەکێک بۆ دیتنی ھەرێمی تازە، یەکێک بۆ ھەڵسەنگاندنی زانیاری وڵاتانی جۆربەجۆر و ئەزانین کە لەو کاتەدا سنوور وەک ئێستە دابڕاو و دیاریکراو نەبوو کە دانیشتووی ھەرێمێکی تایبەتی جوغرافیایی و سیاسی نەتوانێ بێ پرس کردن و ماوە وەرگرتن لە وڵاتی خۆی بچێتە دەرەوە؛ ئەمڕۆ باری تایبەتی سیاسی پێداویستی بەم دیاری کردنی سنوورە ھەیە کە لەو کاتەدا نەبووە. شەمسی تەورێزیش بێ گومان سەرەڕۆی دوای مەبەستێک کەوتووە کە تەورێزی بەجێ ھێشتووە و لە سنووری ئێران تێپەڕیوە و ڕووی کردۆتە وڵاتی ڕۆم. واتە تورکیەی ئێستا و ڕێگای کەوتۆتە شاری قوونیە کە جەلالەددین لەوێ بووە. ڕەنگە کێشەرێکی مەعنەوی شەمسی بردبێتە قونیە تا بەدیداری خۆی مەولانا بکاتە ئاگرێکی ھەرگیز دانەمرکاو. شەمسی تەورێزی بەسەر و ڕیشی ئاڵۆزاو و بەرگی تۆزاوی ڕێگای دوورودرێژەوە ئەچێتە ئەو خوێندنگەیە کە مەولانا دەرسی لێ ئەڵێتەوە. لەو ڕۆژگارەدا بەپاڵ ھەموو خوێندگەیەکی ئایینییەوە مزگەوت ھەبووە و جێگایەک بۆ خەوتن و حەسانەوەی گەشتیاران و ڕێبوارانی غەریب دروست کراوە. کامە ماڵ دەرگای بۆ غەریب ئاواڵەترە لە دەرگای ماڵی خودا و کامە خانەخوێ دڵاواترە لە خوایەک کە گیان ئەبەخشێ، چ بگا بە نان؟ ! ژن: شەمسی تەورێزی بەڕواڵەتی ھەژارانەوە ئەچێتە سەر ئەو گۆلە وا مەولانا لە کەناریا دانیشتووە و فەقێ و زانایان وەک پەپوولەی دەوری شەم لێی کۆبوونەتەوە. ھەر کام لەو زانایانە کە لە وڵات و شاری خۆیان مامۆستایەکن و ئێستە بەشانازییەوە بوون بەشاگردی مەولانا، پرسیارێک ئەکەن. یەکێک لە بارەی فەلسەفەوە، یەکێک سەبارەت بەمەنتیق، یەک حەدیس و ئەوی تر زانستی فەلەکیات. پێویست ناکا بڵێم مەولانا لە باری زانستەوە چەند بەھێز بووە. ڕادەی زانستی ئەو پیاوە بەرزە بەشیعرەکانیا دەرئەکەوێ، باسی ئەتۆم لە شیعرێکیا بەڕووناکی دێتە بەرچاو. مەولانا ئەڵێ: آفتابی در دل ذره نهان وای اگر آن ذره بگشاید دهان ذره ذره گردد افلاک و زمین گر که آن خورشید بجهد از کمین لەو کاتەدا کە کۆڕی وتووێژی زانستی لە نێوان مامۆستا و شاگردەکانیا گەرمە، شەمسی تەورێزی دێ و لەسەر گۆلەکە دائەنیشێ و گۆی ئەگرێ بۆ قسەیان. پاش ماوەیەک لە مەولانا ئەپرسێ ئەم ھەرایە لەسەر چییە و باسی چی ئەکەن. مەولانا کە لای وا ئەبێ لەگەڵ سۆفیلکەیەکا ڕووبەڕووە، بەتەوسەوە ئەڵێ: ئەمە زانستی «قال»ە تۆ تێی ناگەی. شەمس بێ دەنگ ئەبێ و مامۆستا و شاگرد دەست ئەکەنەوە بەلێکۆڵینەوە و وتووێژ. لەپڕ شەمس دەست ئەداتە چەند پەڕاوێک و لە گۆلەکەیان ئەخا. مەولانا تووڕە ئەبێ و گومانی نامێنێ کە ئەو پیاوە پیرە غەریبە، شێتە. شەمس پاش ئەوە کتێبەکان ئەخووسێن دەس ئەبا و لە گۆلەکە ئەیانھێنێتە دەرەوە و لە یەکیان ئەدا تۆزیان لێ ھەڵدەستێ. مەولانا و ئەوانی تر سەریان سووڕ ئەمێنێ و جەلالەددین ئەپرسێ ئەمە چ بوو ئەی دەروێش؟ شەمس لەسەرەخۆ وەڵام ئەداتەوە: ئەمە زانستی «حاڵ»ە و تۆ تێی ناگەی. شەمس ئەڕوا و مەولانا جەزبەی عیرفان ئەیگرێ و دەرس و خوێندگە ئەنێتە لاوە. پیاو: داستانێکی تریش سەبارەت بەزانین و دیتن. واتە عیلمی زێھنی و عەینی لە ئەبوو عەلی سینا و ئەبوو سەعیدی ئەبیلخەیر ئەگێڕنەوە. لە پەڕاوی مەقاماتی ئەبوو سەعید کە نووسراوی نەوەی ئەبوو سەعیدە نووسراوە کە «شەیخوڕڕەئیس» ئەبوو عەلی سینا و شێخ ئەبوو سەعید یەکتریان چاو پێکەوت. سێ شەو و ڕۆژ تەنانەت کاتی خەویش لەیەک ھەڵنەبڕان و لە ھۆدەکەیان نەھاتنە دەرەوە. کاتێ لەیەک جیا بوونەوە لە ئەبوو سەعیدیان پرسی: ئەبوو عەلیت چۆن وەبەرچاو ھات؟ فەرمووی ئەوەی من ئەیبینم ئەو ئەیزانێ. ھەر ئەو پرسیارە لە ئەبوو عەلیش کرا لە وەڵاما کوتی ئەوەی من ئەیزانم ئەو ئەیبینێ. ئاخۆ جیاوازی ھەیە لە ناو ئیلھامی عارفانە و شاعیرانەدا؟ ئاخۆ کەشف و شھوودێ کە بۆ عارف ھەیە بۆ شاعیریش نییە؟ ئایا ھەردووک لەو زانستانە واتە مەعریفەتی عارفانە و شاعیرانە ھەردووکیان سەرچاوەیان لە عاتیفەوە نییە؟ بەم چەشنە شاعیریش وەک عارف لە بەرامبەر زانادایە. ھەروەک زانایەک بەعارفێک ئەڵێ ئەمە عیلمی «قال»ە تۆ تێی ناگەی، بەشاعیرێکیش ئەڵێ لێکدانەوەت لە حەقیقەت دوورە؛ لە کاتێکا ھەم شاعیر و ھەم زانا ئەڕواننە سەر حەقیقەت. بەڵام ھەر کام لە ڕوانگەیەکەوە. وەک دوو کەس کە لە دوو لاوە تەماشای چیایەک بکەن کە نساری بەدار و دەوەنە و بەر ڕۆژی سیاسەنگ و ڕووتەن. یەکیان شینایی دار و درەخت ئەبینێ و ئەوی تریان ڕەقەن و وشکارۆ. ھەردووک لەو دوو کەسانە یەک چیا ئەبینن، بەڵام ھەر کام لە ڕووکارێکەوە. لە شوێنەواری ھۆمێر کەڵکی مێژوویی وەرگیراوە و بەناوی بەڵگەیەک بۆ ناسینی سەردەمی مایسنا ناسراوە؛ لە کاتێکا ئەو ھەڵەیانە کە کوتمان ئەگونجێ سەر لە لێکۆڵەرانی مێژوویی بشێوێنێ و ئەو شتانە کە ھۆمێر بۆ ئاھەنگ و وەزنی شیعر کوتوویە و تەنیا لە باری ھونەرییەوە ھەڵیبژاردووە بە شتێکی ڕاست و ڕەوانی مێژوویی نەزانێ. شاعیر جگە لە عەناسوری سەوتی وەک: وەزن، ئاھەنگ و قافیە، سەرمەشقێکی تریشی ھەیە کە ئەبێ لە بەرچاوی بگرێ، ئەویش پێوەندی ھەیە بەلەگەڵ یەک ھاتنەوەی تەواوی وشەکان لەگەڵ یەک. یەک وشەی ناحەز تێکڕای شیعرەکە ناحەز ئەکا. وەک ڕەنگێکی ناشارەزایانە کە لە تابلۆیەکی نەققاشی درابێ، یا مێلۆدییەکی نەرم کە بۆ سەمفۆنییەکی حیماسی کرابێتە پێشەکی یا بەردێکی نەتاشراو لە خانووبەرەیەکی بە بەردی تاشراوی مەڕمەڕ. ژن: لە بەرنامەیەکی ترا دیسانەوە لەسەر ئەم باسە ئەڕۆین. تا ئەو کاتە بە خواتان ئەسپێرین. ++++++++++++++++++++++