شاعیر: سوارە کتێب: تاپۆ و بوومەلێڵ سەرناو: دوو ھەوارگە لە ھەوارگەی یەکەمی بەرنامەکەماندا دەچینە سەیری گوڵزارێکی بێ خەزان و باخێکی جوان و ڕازاوە بە گوڵاڵە و ڕێحان؛ تێراو و پاراو لە سەرچاوەی تەبعێکی ڕەوان و یان جیھانێکی ڕووناک و ڕەنگین کە پڕە لە سەفا و سەیری کاڵای پڕ لە نەخش و نیگاری عیشق و ئەوین؛ پارچە ھۆنراوەیەکی تەنراو بە تانوپۆی خۆشەویستی دوو دڵداری نەخشین کراو بە تاری ڕەنگاوڕەنگی وەفاداری، دەسکردی زانا و ھەستیاری شیرین وتاری کورد خوالێخۆشبوو مەلا مەحموودی مفتی (بێخود). بێخود لەم پارچەیەدا بە دڵێکی پڕ لە ئاھ و ناڵەوە مەحڕوومی و بێبەشی خۆی لە دیداری ئازیز و نازداری دەرئەبڕێ و بە زبانێکی ھەستیارانە و بەیانێکی ڕەوانی عاشقانە لە چاوگەی تەبع و نرخێکی بەھێز و نوکتەسەنجەوە دیمەنێ لە حاڵات و پەرێشانی و پەردەیێ لە سینەی پڕ لە ئاھ و فوغانی خۆی لە ھەر سات و کاتێکی تاریکی و ناکامی و ناھومێدی لە ژیانی دەرئەخا، کە چۆن پەژارەی دڵداری شەوی لێ کردووە بە ڕۆژی بەدبەختی و ڕۆژی لێ کردووە بە شەوی ڕەشی پڕ لە سەختی. لە دولبەر گفتوگۆیێکم نەبیست، ئەی سینە ئەفغانێ لە لێوی پێکەنینێکم نەدی، ئەی دیدە گریانێ دەسم ناگاتە شووشەی گەردنی مینایی، ئەی ساقی دەمم ناگاتە چاوی، ئەی عەرەق خۆرینە فینجانێ پەرێشانم، لە ڕووی ئەو شۆخە لاچۆ ساتێ ئەی پەرچەم دڵم بەینێکە زۆر تاریکە، ئەی شەو ماھی تابانێ گەھێ زامداری تیغی ناز و خەمزەم، چارێ ئەی جەڕڕاح گەھێ بیماری چاوم، ئەی ڕەئیسی سیححە دەرمانێ بە شەو شێواوی زوڵفی عەنبەرم، ئیمدادێ ئەی سومبوڵ بە ڕۆژ چەوتاوی باڵای دولبەرم، ئەی سەرو جەولانێ لە شەوقی ماھی ڕووی ئەو شۆخە توخودا پەڕتەوێ ئەی ڕۆژ بە یادی چاکی سینەی، ئەی سەحەر سادەی گریبانێ بەتاو ھات لەشکری غەم، سا لە خۆڕۆیشتنێ ئەی دڵ مناڵی زۆرە شاری سینە، ئەی مەجنوون بیابانێ زەلیلم، بگرە دەستم، کەوتووم، سا ڕەحمێ ئەی گەردوون فەقیرم، نامرادم، بێ نەوام ئەی مونعیم ئیحسانێ وەکوو بێخود لەمەولا بگرە بۆ خۆت ڕێگەیێ ئەی پێ لەمەولای خۆت بوێ تۆش چەشنی ئەو، ئەی دەست دامانێ کاروانی ئێمە لە گوڵزاری بێ خەزانی مامۆستا بێخودەوە بەرەو لووتکەی بەرز و باسەفای ھونەر و ھونەروانی سەوزەزاری تەڕ و زیندوو بە شیعرە جوانەکانی «نالی» - مامۆستای ڕاستەقینەی زانین و کەماڵ، سەرتۆپی ناسک خەیاڵان و وێژەوانانی ئەدەب و ھونەری کوردی - وەڕێ دەکەوێ و ھەوارگەی دووھەمی ئەم بەرنامەیە بە پارچە ھەڵبەستێکی بەستراو بە ڕایەڵ و پۆی ھاوریشمینی وڵات دۆستی و ئەویندارییەوە ئەڕازێنینەوە. ئەمجار لە گوڵستانی بە عەتر و بۆن خۆشی ئەم ھەوارگەیە داوێن پڕ ئەکەین لە گوڵاڵە سوورە و ھەڵاڵە و سونبول و ئەگەڕێینەوە بۆ ناو ھەڤاڵ و دۆستەکانمان. نالی لەم شیعرەدا سکاڵای دووری لە مەوتەن و خۆشەویستانی ڕائەگەیەنێ. بە دڵێکی پڕ لە سۆز و گودازەوە ھەزاران ئاخۆ و پرسیار ئەکا؛ ئایا زرووف و مەجال ھەیە بۆ ھاتنەوە ناو باوەشی شارەکەی و عازیزەکانی؟ ناھومێد و دڵسارد ئەڵێ بڵێی لەسەر زمانان مابم و یا لە ناو دڵاندا یاد ئەکرێم؟ ئەتوانم بێمەوە، یا ئەبێ تا حەشرم ئەکەن، ھەر لە دیاری غوربەتدا بژیم؟ شەرحی دووری و سۆزی بەدبەختی و دەربەدەری، دەردی ئاوارەیی و سەرلێشێواوی، بێبەشی لە بزەی لێوی خۆشەویست و ناسیاوان، دڵی پڕ ھەست و ناسکی ئەکاتە ئاو و بە چاویا تێئەپەڕێ. ئەوەند بێ ھومێد و تووڕەیە، ئەوەندە ترساوە و ڕۆژانی ڕەشی دیوە؛ بە «باد» ئەڵێ بە چپە و نھێنی بە یارەکەم، بە یارە دڵڕەقەکەم بڵێ کە سوودی دووری من بۆ ئەوە و بەس. نالی کە ئەم پارچە ھەڵبەستە لە ناخی دڵیەوە ھەڵقوڵیوە، بە ڕاستی شاکاری ئەوین و خۆشەویستی خوڵقاندووە؛ تابلۆی جوان و نەخشین؛ یانی ئەم ھۆنراوە، پەڕاوی بەبایەخ و بەنرخ لە دەربڕینی ھەستی دەروون، یانی ئەم پارچەیە کە ھەر دڵێک ئەکا بە دڵۆپ دڵۆپی ئاو و بە چاوا ئەیھێنێتە خوارەوە. ناڵەی گەرووسۆزی دڵ، ئەم شیعرە بەرز و بەرز ئەکاتەوە تا ئەیگەیەنێتە گومبەدی کەیوان و سەوز و ساف لە بانی عەڕشی شیعری کوردی ئەدرەوشێتەوە و ترووسکە دەدا. جا ئەمەش چەند شیعرێک لە قەسیدە بەناوبانگەکەی نالی: قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەی بادی خۆش مروور ئەی پەیکی شارەزا بە ھەموو شاری «شارەزوور» ئەی لوتفەکەت خەفیی و ھەواخواھ و ھەمدەمە! وەی سروەکەت بەشاڕەتی سەرگۆشەیی حوزوور! گاھێ دەبی بە رەوح و دەکەی باوەشێنی دڵ گاھێ دەبی بە دەم دەدەمێنی دەمی غوروور سووتا ڕەواقی خانەیی سەبرم، دڵ و دەروون نەیماوە غەیری گۆشەیی زیکرێکی یا سەبوور ھەم ھەم عەنانی ئاھم و ھەم ھەم ریکابی ئەشک ڕەحمێ بەم ئاھ و ئەشکە بکە، ھەستە بێ قوسوور ئەمجا مەوەستە تا دەگەییە عەینی «سەرچنار» ئاوێکە پڕ لە نار و چنار و گوڵ و چنوور چەشمێکە میسلی خۆر لە سەد جێ، بە ڕۆشنی فەورانی نووری سافە لەسەر بەردی وەک بلوور یا عەکسی ئاسمانە لە ئاوێنەدا کەوا ئەستێرەکانی ڕابکشێن وەک شەھابی نوور یا چەشمەساری خاتری پڕ فەیز و عاترە یا ئاوی ڕۆحبەخشە کەوا دێ لە کێوی توور داخڵ مەبە بە عەنبەری سارایی «خاک و خۆڵ» تاکوو نەکەی بە خاکی «سولەیمانی» یا عوبوور شارێکی عەدل و لە جێگێکی گۆڕ و نەرم بۆ دەفعی چاوەزارە دەڵێن شاری شارەزوور خاکی میزاجی عەنبەرە، داری ڕەواجی عوود بەردی خەڕاجی گەوھەرە، جۆباری عەینی نوور شامی ھەموو نەھار و فسوولی ھەموو بەھار تۆزی ھەموو عەبیر و بوخاری ھەموو بخوور ئەھلێکی وای ھەیە کە ھەموو ئەھلی دانشن ھەم نازمی عوقوودن و ھەم نازیری ئوموور سەیرێ بکە لە بەرد و لە داری مەحەللەکان دەورێ بدە بە پرسش و تەفتیش و خوار و ژوور ئاخۆ دەروونی شەق نەبووە «پردی سەر شەقام»؟ ! پیر و فوتادە تەن نەبووە داری «پیرمەسوور»؟ ! ++++++++++++++++++++++