شاعیر: سوارە کتێب: چەکوش وەشێنی ڕۆڵە کوژراو سەرناو: بەشی ١ ھۆزی کورد قارەمانی زۆری داوە بە مێژووی دونیا، وەکو: زەردەشت، کاوە، سەڵاحەدینی ئەیوبی و بابەکی دین، ئەم داستانەم لە بابەت کاوەی ئاسنگەرەوە: وڵاتی ئێران شەوە زەنگە، داگیرکەری بێ بەزەیی کە وەک سێبەری شەیتان بەسەر ھەموو وڵاتا مەینەتی کێشابوو، کۆمەڵ کڕوکەپ و بێ دەنگ ملیدانواندبوو بۆ زۆر و ستەم، بەڵان نا... گەل تەسلیم نەبووە چاوەڕێیە، چاوەڕوانی دەستێکی ئاڵا ھەڵگر لەم حاڵانە گەلی ئێران وەک ئاوی سەر ئاور ئەجۆشێ، بەڵام ھەڵنەچووە، چاوەڕوانی ھەڵچوونە، چاوەڕوانی دەرفەتە. باپێکەوە سەرێک لە بارەگای ئەژدیھاکە بدەین. - من ئەژدیھاکم بەھێزترین پیاوی سەر زەوی، خاوەنی تەیارترین سپاە و خاوەنی خوێن و ماڵ و ژیانی ھەموو خەڵکی ئێران، من ئەمانەم ھەموو ھەیە، تەنیا شتێک کە نیمە دڵە، دڵ، من ھەرگیز. نازانم بەزەیی چییە؟ تەنانەت باوکیشم ھەر بەدەستی خۆم کوژرا بە خەنجەر زگیم ھەڵدڕی، ... بێ دەنگ بن، بێ دەنگ بن، ئەزانن بۆچ باوکم کوشت؟ چونکە خەریک بوو ئامۆژگاری ئەکردم، لە ڕقی خودا ئەی ترساندم، من لە ھیچ شتێک نەترسام، و خۆشیم لە چارەی کەسێک نایە کە ئامۆژگاریم بکا... تێ گەیشتن چم گوت! ؟ -بەڵێ-... بەڵێ: - نا... تێ نەگەیشتوون ئەگەر بتان زانیایە چی ئەڵێم ھەرگیز ئەو کارە خراپانە کە لە کەناری کۆشکی منا بە شەودا ڕوو ئەدا. ھەڵنەئەکەوت! دوێ شەو نیگابانی تایبەتی من کوژراوە - ئاخ چەندەم ڕق لە کوردۆکانەیە. شەرتم کردووە خوێنی ھەموویان لە تەشت کەم، کوردۆک یانی سەر بەزێوی... - ھا تیرم تێ ئەگرن! ؟ کێ بوو... ؟ کوانی نیگاھبان... ؟ دەرکی حەوشی کۆشک ببەستە مەھێڵە کەس لێرە بچێتە دەرەوە... بۆ ھەمووتان باشە ئەمە بزانن کە ئێوە گەورەیانی وڵات، ئەگەر تا سەعاتێکی تر بۆم دەرنەخەن کێ ئەم تیرەی گرتە من، ھەمووتان لەسەر بۆرجێیەوە بەر دەدەمە خوارەوە - ئیتر من ئەڕۆم خۆتان بیری لێ بکەنەوە... - بەڵێ بەسەرچاو - بەڵێ بەڵێ بەسەرچاوان... - ھەموو تاوانی ئەو کوردۆکانەیە. ھەموومان بە کوژ ئەدا ئەیانەوێ لەگەڵ ئەژدیھاکە بمانکەنە دوژمن. - وام پێ باشە فەرازی کوڕی کاوە بدەینە دەس ئەژدیھاکەوە. گیانی خۆمان لێ ڕزگار بکەین. - بەڵێ وایە - بەڵێ ناچارین وابکەین *** - تۆ... کوردۆکی لەعنەتی ئاخر لەبەر چی خەریک بووی بمکوژی... ؟ - چونکە داگیرکەری، خوێن مژی، بەداخەوەم کە تیرەکەم نەپێکای، ئەمەش نەھاتێکی ترە، سوێند بە ئەھۆڕاموزدا ھەتا ئەوڕۆ ھەرگیز تیرم ھەڵەی نەکردووە... - جەلاد... جەلاد... وەرە لە گەردەنی دە... بەڵام نا - بەم جۆرە زوو گیانت دەرنەچێ، تۆ ئەبێ بەو ئێش و دەردە بمری... ئەھای جەلاد ھەر ڕۆژێ کەمێک گۆشتی لەشی لێبکەوە، جێی برینەکەشی خوێی پێوە بکە. تا گیانی دەرئەچێ. لە مەیدانی شارا برسی و تینوو بیبەستنەوە. - من لە مردن باکم نییە سەگی چەپەڵ، دڵنیا بە گیانت بەرەو جەھەننەم بە زوویی بەڕێ ئەکرێ. داگیرکەری چەپەڵی ترسنۆک. - لێیدە جەلاد بیکوژە... لێیدە یاڵڵا... تۆ... - ئاخ... ئاخ - ئاخ... ئاخ ئەورامزدا... ! ؟ ... خۆت وڵاتەکەم بپارێزە... ئاخ: ئەی میھری گەورە... ئەی پارێزەری ھۆزی ئاریا دڵی براکانم پڕکە لە تووڕەیی و تۆڵە... ئاخ - فەراز، کوڕم ڕۆڵەی بەشەرەفم چۆنی! ؟ - دروود بۆ کاوەی مەزن - یەواشتر قسەبکە کوڕم یەواشتر فەرازی کوڕت ماوە... ئاخ بەڵام ڕەنگە دوا ھەناسەی بێ، زۆر تینوە بابە... دەخنکێم سەراسەری لەشم... ئاخ - برینە، کاتێ خۆرەتاو ئەکەوێتە سەر زامەکانم... ئاخ ئاواتی مەرگ ئەخوازم کاوەی مەزن. - نا... نا ڕۆڵەی شیرینم نا... تۆ نابێ بمری، تۆ ئەبێ بژی ھێشتا کارمان زۆر ماوە، من ھاتووم ڕزگارت کەم. - بابە گیان... کاری من لەوە تێپەڕیوە. - ھا بگرە... کەمێک ئاو بخۆوە، با ھێزت بێتەوە بەر خۆت، - ھا... ئاخیش... ئاھ... من خۆم بەسەر پێوە ناگرم، دەمارم خوێنی تێدا نەماوە، ئەگەر تۆش لە کۆڵم کەی نیگەبانەکان ئەمان بینن و دەرناچین. ھا... نا... نا بەداخەوە کوڕم بێھێزی چاوی بێ نوور کردووی، دەنا ئەبوو بزانی ئەو نیگابانە باڵابەرزە کێیە! ؟ ... جارێ با دەست و پێت بکەمەوە کوڕم... - یانی... نیگابانەکەتان کوشتووە! ؟ - بەڵێ... بەڵێ کوڕم. - ئاخ... - بەڵێ کوڕم خوێن داری ئازاری ئاو دەدا... با یارمەتیت بدەم... ھا... دەستت بخە سەرشانم... ئەھا زۆرچاکە... ھای کاردۆ... وەرە، وەرە تۆش یارمەتیمان بدە... - سەلام فەراز... - ھا... کاردۆ ئەوە تۆیی! ؟ ... دروود کاردۆ دروود... - ھا... پەلەکەن کوڕم ئەگونجێ لە نیوەشەوا نیگابانێکی بنێرن... خێراکەن... - من فەراز لە کۆڵ دەکەم تۆش لە پێشەوە وریابە بابە گیان. - زۆر باشە. زۆر باشە... دەی جا با بڕۆین... *** - ھەمووتان بێ عورزە و بێکارەن، نەتان توانی ئاگاتان لە لاوێکی دیلی بریندار بێ، لە دەست ھەمووتان ڕای کرد، ئێوە ئەبێ بمرن. - باشترین ھەلە، ئێستا ئیتر ئەتوانم بەسەریا زاڵ بم، ئەبێ زیاتر تووڕەی کەم، من شەیتانم ئاگام لە ھەموو شت ھەیە، بابچمە لای... - ھەمووتان ئەدەمە دەست جەللاد، ئێوە بە کەڵکی ھیچ شتێک نایەن. - گەورەم، سەروەری شایانی سەرزەوی- غوڵامت ئەزانێ کێ یارمەتی فەرازی دا و و ڕزگاری کردووە. - کێی ئەی پیرەپیاو! ؟ - بڕوانە ئەو چاوانە ئەڵێی پۆڵووی ئاگرە من سام دایگرتووم... من یەکێکم لە نۆکەرانی ئەژدیھاک فەرمانڕەوای مەزن. - بڵێ بزانم ئەتەوێ چی بڵێی! ؟ - قوربان فەرمان بدە ئەم خەڵکە بچنە دەرەوە بە تەنیا عەرزت دەکەم. -تق - تق - ھەمووتان بڕۆنە دەرەوە. - بەڵێ قوربان... بەڵێ بەسەر چاوان. - ھا... بڵێ بزانم تۆ کێی و و چ ھەواڵێکت ھەیە... -ھا... ھا... ھا... من شەیتانم ئەژدیھاک ھاتووم بۆ یارمەتی تۆ بەڵام بە مەرجێ. - شەیتان؟ ... بڵێ بزانم مەرجەکەت چییە؟ - ئەبێ ببیتە بەندەی من، ھەرگیز لە فەرمانی من دەرنەچیت! ھا... ھا - یانی ئەبێ چی بکەم. - ئەزانی کە من ھەموو کارێکم لەدەست دێ. - بەڵێ ئەزانم تۆ خاوەنی تاریکی و خراپەی. - ئافەرین بەندەی من، ئافەرین... ئەزانی ئەبێ چی بکەی! ؟ ئەبێ بکوژی، بێ تاوان و تاوانبار. ئەبێ دژی ژیان و خۆشی و بەختیاری بەرەیب بەشەر بی، ڕووت لەھەر لایەک کرد ئەبێ گیانلەبەری تێدا نەھێڵی، ئاوایییان چۆل کەی، پیاوەتی و چاکە لە بەین بەری. - لەبەرامبەر ئەوە ئەتۆ چ یارمەتییەکت بۆ من لەدەست دێ! ؟ - ھا... ھا... ھا... من دەسەڵاتت ئەدەمێ بەھێزت ئەکەم، تەمەنت درێژ ئەکەم - ئەبێ بەسەر دوژمنەکانمدا زاڵم کەی. - ئەمە ئیتر شەڕە لە نێوان من و ئەھورامەزدا، تۆ بەندەی منی و دوژمنەکانت بەندەی ئەون، ھیوادارم کە ئێمە سەرکەوین. - تۆ نابێ بەجێم بھێڵی. - ھا... نا... نا ئەژدیھاک... نا... من لەسەر ڕواڵەتی نۆکەرێکی تایبەت ھەمیشە لەلات ئەبم، وریا بە ھەرگیز نابێ بەزەیت بە دڵتا بێ ھەرگیزاوھەرگیز. -بەسەرچاو... بەسەرچاو فەرمانبەردارم. -ھا... ھا... ھا... *** - ھاونشتییمانی بەڕێز، ڕۆڵەی بەشەڕەفی ئاریا ئەزانن کە ساڵەھایە وڵاتی ئێمە داگیرکراوە، بێگانە بەسەرمانا زاڵ بووە، ساڵەھایە کە ئێمە بزەیەک نەھاتۆتە سەر لێومان، ھەمیشە ترساوین دەستە دەستە براوینە بەر تیغی سەربڕو خوێنی ئاڵی لاوەکانمان ڕژاوە، ئایا کاتی ئەمە نەھاتووە خۆمان لە ژێر دەسەڵاتی ئەھریمەن ڕزگارکەین! ؟ براکانم مردن ئەوە نییە کە گیان لە لەش بچێتەدەر، ئەوە مردنە کە ھەستی پیاوەتی و تۆڵە نەمێنێ، ئێمە ئەگەر مل بۆ زۆردار دانەوێنین مردووین ژیانی بێ سەربەستی وەک لەشی بێ گیان وایە. - من... من بەرنە لای کاوە کارم پێیەتی من بەرنە لای کاوە... - ھا... لێی گەڕێن لێی گەڕێن با بێ بزانم کاری چییە؟ ... ھا بڵێ بزانم کارت چییە... ھۆ بە بەرگەکەتا دیارە تۆ کەنیزی کۆشکی ئەژدیھاکی... ؟ وایە؟ - بەڵێ، من ناوم ڕامھۆیە، کارگەری کۆشکی ئەژدیھاکم، ھەواڵێکم بۆتۆ ھێناوە. - تۆ لە کوێ من ئەناسی؟ وە چۆنت زانی من لێرەم... ؟ - لە کاردۆی کوڕی تۆم بیست کە ئێوە لێرە کۆبوونەتەوە. - کاردۆ... ئەھای کاردۆ... ؟ - من لێرەم بابە، فەرمایشێکت ھەبوو! ؟ - تۆ ئەم ئافرەتە ئەناسی! ؟ - ڕامھۆ... ؟ ئۆ تۆ بۆچ ھاتوویە ئێرە! ؟ بەڵێ بابە ئەیناسم. - کوڕم جارێکی تر ھەڵەی وا نەکەی، نابێ کەس بەم، کۆڕە نھێنییانە کە ئێمە ئەیبەستین بزانێ. - من ئاریایەکی خوێن پاکم، ڕاستە کە لە کۆشکی ئەژدیھاکدا کار ئەکەم، بەڵام ھەرگیز براکانی خۆم لەبیرناچێتەوە، و ئێستاش ھەواڵێکی خۆشم بۆ ھێناون. - کاردۆ قسەی ئەم کچە جێی بڕوایە؟ - بەڵێ بابە، لام وانییە خەیاڵێکی خراپی ھەبێ. - باشە بڵێ بزانم ھەواڵەکەی چییە کچم؟ - ئەژدیھاک یەکجار زۆر نەخۆشە، باوەڕ ناکەم بژیت. - ھا... زۆر باش بوو... چاکە... زۆر چاکە... - تکایە بێ دەنگ بن. تکایە بێ دەنگ بن، گوێ بگرن مردنی دوژمن ھەواڵێکی خۆشە، بەڵام بۆ ئێمە سوودێکی نییە، ئێمە کە خۆشمان مردووین ھەستی تۆڵەمان تێدا نەماوە، ئەگەر ئەژدیھاکیش نەمێنێ مل بۆ زۆردارێکی دیکە دادەنوێنین دوژمنی ئێمە لەناو ھەناوی خۆماندا ئەژی دوژمنی ئێمە ترس و خۆ پارێزییە، ئەبێ ھەوڵ بدەین لە پێشدا دوژمنی ناو دڵی خۆمان بکوژین ھەروەک میھر خودای نورو پڕشنگی لەگەڵ تاریکی شەڕیانە، ئێمەش ئەبێ لەگەڵ زۆردار و داگیرکاری بەرەنگار بین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشا مەرگی ئەژدیھاک دەرفەتێکە، تکایە ھەموو بڵاوەی بکەن، ھەرکەس بچێتەوە سەر ئیش و کاری خۆی، وریای دەوروبەرتان بن. *** - قوربان! پزیشکێ ھاتووە ئەڵێ ئەتوانم نەخۆشی ئەژدیھاکی مەزن چاک بکەمەوە... چی ئەفەرمووی! ؟ - وادیارە ھەواڵی نییە کە ھەتا ئێستا چەند ھەزار کەس ھاتوون و منیان پێ تیمار نەکراوە و ھەموویانم کوشتووە؟ - بۆچی گەورەم، ھەموو ئەمانەم پێی گووت بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕازی بووە. - باشە بڵێ بانگی کەنە ناو کۆشکەوە، وا دیارە لە ژیان تێر بووە. - بەسەرچاو قوربان... - سەلام لە فەرمانڕەوای مەزن ئەژدیھاک خاوەنی دەسەڵات و شکۆ! - ھا... تۆ ئەو پزیشکەی کە ھاتووی چارەی دەردی من بکەی؟ - بەڵێ گەورەم بەڵێ. - ئەزانی ئەگەر سەرنەکەوی چ چارەنووسێک دێتە ڕێت؟ - ھەموو شتێکم بیستووە قوربان. - باشە ھەرچی ئەیکەی بیکە. - ئەبێ بەتەنیا چاوم پێت بکەوێ قوربان دەستوور بفەرموون وەزیر بچێتە دەرەوە! - ئاشام! ؟ بەڵێ قوربان! - بڕۆ دەرەوە. - بەسەرچاو... - خێراکە دەست پێ بکە، من حەوسەڵەی درۆ و دەلەسەم نییە. - سەرت ھەڵێنە ئەژدیھاک، سەرت ھەڵێنە بزانە من کێم! ؟ - ھا... شەیتان فەرمانڕەوای من! لە مێژە دیار نیت، من چاوەڕوانی ھاتنت بووم. - من ئەو نەخۆشییەم بۆ ناردووی، تۆ بە دڵی من ناجوڵێیتەوە، دیسانیش ژیان ھەر ماوە کاری باش ھەر ھەیە، وادیارە لایەنگرانی ئاورامزدا لە تۆ بەھێزترن، تۆ خەریکی شکست ئەخۆی، ئەم مەبەستە ئەزانی یانی چی ئەژدیھاک؟ یانی شکانی من، ئەگەر تۆ شکست بخۆی من شکست ئەخۆم. - من لە خزمەت کردن بە شەیتانی مەزن خوای خراپە کۆتایم نەکردووە، بەڵام گەورەم من بەتەنیام، ئەوان گەلێکن، تۆش ماوەیەکە لێم بێ خەبەری. - ھا... ھا... ھا... نا... نا... ئەژدیھاک شەیتان بەندەکانی خۆی ھەرگیز لەبیر ناکا، من لە دڵی تۆدا ئەژیم، دڵی تۆ تەنیا سەنگەرێکە کە لەوا من خوام شکست داوە، دە دڵی تۆدا فەرمان فەرمانی شەوە زەنگ و کینە و خوێن ڕشتنە، یانی فەرمانی من ئەژدیھاک، تێئەگەی چی ئەڵێم؟ - بەڵێ گەورەم تێ ئەگەم، بەڵام ئەم نەخۆشییە تەنگی پێ ھەڵچنیوم. - ھا... ھ... ھا... ھەستە ئەژدیھاک ھەستە لە جێ و بانەکەت ڕاستەوەبە، تۆ نەخۆش نی، ھەستە. - ھ... ئاھ... خۆ من باش بوومەوە، ئیتر ئەندامی لەشم نایەشێ، سپاس بۆ شەیتانی گەورە. - من ئەچمە دەرەوە، بە ڕواڵەتێکی تر دێمەوە لات، ئەبمە خزمەتکارێکی کۆشک، بەڵام دیسانەوە ئەیخەمەوە بیرت، تۆ بەندەی منی نابێ ڕاسپێری خۆت لەبیرکەی، کوشتار، تاڵان، ئاگر تێ بەردان، وێران کردن، دڵڕەقی، چەپەڵی ئەمانەن ڕاسپێری تۆ. - فەرمانت لەسەر سەرم. - چاوت بنێ سەریەک، من ئەڕۆم پاشان تۆش ھەستە و بچۆ بەشوێن کارەکانتدا. -... ئاھ- لەبەر چاوم گوم بوو، دەرک و پەنجەرەی کۆشک بەستران، بەکوێدا ڕۆیشت، من ھیچ نەخۆشیم نەماوە، باشترە ئەم ڕاستەقینەیە بە خەڵک ڕاگەیەنم، با دوژمنانی من لەم ھەلە کەڵک وەرنەگرن... ئەھای ئاشام... ئاشام؟ - بەڵێ قوربان بەڵێ. - وەرە، وەرە. - بەسەرچاو قوربان، بەڵێ. - ئەبینیت کە من چاک بوومەتەوە، ھەستە بڕۆ ئەم ھەواڵە بدە بە خەڵک - زۆر خۆشحاڵم قوربان... بەڵام... بەڵام... بەڵام کابرای پزیشک! ؟ - لەم باسە مەکۆڵەوە ئاشام... بڕۆ. - بەسەرچاو، ھەر ئێستا ئەڕۆم ئەم موژدە گەورەیە بە ھەموو کەس ڕائەگەیەنم، ھەر ئێستا ئەڕۆم قوربان. *** - زووتر... بڕۆ زووتر. - سەلام لە ئاشام وەزیری بەڕێز. - سەلام ڕامھۆ - ئێ... وا دیارە وەزیر لە شتێک ئەکەنەوە؟ ئایا ئاڵۆزی ئێوە ھۆیەکی ھەیە؟ - ئاھ... ڕامھۆ، من شتێکی سەیرم چاو پێ کەوتووە لێم ڕوونە بەلای ھەر کەسێکەوە بیڵێم بڕوام پێ ناکا. - ئەو شتە سەیرە چییە گەورەم، ئەکرێ منیش بزانم! ؟ - شەیتان ڕامھۆ، شەیتان، من لەم کۆشکەدا سێبەری شەیتان ئەبینم. - پەنا بۆ ئەورامەزدا، فەرمووت شەیتان؟ - بەڵێ ڕامھۆ، ئەزانی کە ئەژدیھاک چەند نەخۆش بوو، ھیچ بیرت کردۆتەوە بزانی چۆن بوو لە پڕ چاک بۆوە! ؟ - ئھە... بەڵێ ئەم مەبەستە زۆر سەیر بوو، بەڵام پەیوەندی لەگەڵ شەیتان چییە؟ - بڵێ بزانم ڕامھۆ تۆ لەپێشدا ئەم نۆکەرەت دیبوو کە چەند مانگ لەمەو پێش ھاتۆتە کۆشک؟ - نەخێر گەورەم، بەڵام ئەوەندە ئەزانم کە زۆر لە ئەژدیھاک نزیکە. - ئەمە شەیتانە ڕامھۆ شەیتان، من لەم بارەوە ھیچ گومانم بۆ نەماوەتەوە. - تۆ دڵنیای قوربان؟ - ھا... من وەھا سەرم لێ شێواوە کە تەنانەت لە بوونی خۆشم ناتوانم بە تەواوی دڵنیا بم، بڕوانە ڕامھۆ بڕوانە شەیتان... خەریکە بەرەو ئێرە دی. - ئوھ... *** ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەشی ٢ - تۆ ئاخری ئەو کوڕانەی من بە کوشت دەدەی دەستت داوەتە کارێکی پڕ مەترسی، ئێوە بەو چەند سەد کەسە چۆن ئەتوانن ئەژدیھاک شکست بدەن، پیاوی چاک بە دەست لەم کارە ھەڵگرە. - خێزانی داوێن پاک و بە وەفام تۆ چەشنێک قسە ئەکەی ئەڵێی لە بیرت چۆتەوە کە ئێمە کاردۆکین، ئاریزانین گۆیا ئەم ھەموو خوێنە ئاڵە کە ئەڕژێ، ئەم سەرە بێ تاوانانە کە ئەچنە ژێر تیغی جەللاد ھەستی تۆڵە لەتۆدا ھەڵناسەنگێنێ! ؟ فەرا- مۆشت کردووە کە ئەم کوژراوانە برا و خوشکی ئێمە بوون، ڕۆڵەی شیرینمان بوون، ئەگەر ھەموو کەس ھەر پاسی ماڵی خۆی بکا و مناڵەکانی خۆی بپارێزێ، ئەی کێ ھەستێ؟ چ کەسێ ئاڵای سەرنەوی جەمشید بەدەستەوە گرێ! ؟ ... نا... نا خێزانی من کاردۆک چ ژن بێ و چ پیاو نابێ بەم چەشنە بدوێ. - ھ- ھا- سەلام بابە. - ھا - دروود. - دروود کوڕە خۆشەویستەکانم دروود. - ئاھ... ڕۆڵە شیرینەکانم، نیگەران بووم ئەوە لەکوێ بوون! ؟ - ھ... ھا... دایە گیان ئەترسای لە کووچە و کۆڵانی شارا گوم بووین ھا... ؟ - نا کوڕی من دایکت لەوە ناترسێ! ئەزانێ کە ئێستا شاری ئێمە و وڵاتی ئێمە بۆنی خوێن دایگرتووە، لە ھەموو لایەکی لوورەی چەقڵ و کەمتیار بەرز بۆتەوە. ئەم دڕندانە بۆنی خوێن شێتی کردوون - شێر ھەرگیز نابێتە نێچیری چەقڵ و ڕێوی بابە گیان. - ئافەرین کوڕم ئافەرین، بەڵێ ئێوە شێرن، شێری چیای کالیدی، ئاھوڕامەزدا پشت و پەناتان بێ. - ھا... ھ... دایکم ھێندە ترسنۆکە کە ئەمن ھەر کات دێمەوە ماڵێ ئەترسم و لە دڵی خۆما ئەڵێم ئەژدیھاک ھەر خاوەنی دەسەڵات ئەبێ، بەڵام کاردۆ شتێکیتر ئەڵێ، ئەو لای وایە لە شەڕی دواییدا ڕۆژ بەسەر شەوا زاڵ ئەبێ. - بەڵام تا ئەو کاتە ھەزار دایک لەسەر تەرمی ڕۆڵەی خۆیان دائەنیشن، ھەزار دەریا لە خوێن و ئەسرین پێک دێ، من نازانم شەڕی دوایی کەیییە؟ - تا ئادەمیزاد ھەیە، تا ئەھورای نەمر و ئەھریمەنی بێ دادگەر زیندوون ئەم شەڕەش درێژەی ھەیە، ژیان بناغەی لەسەر شەڕی چاکە و خراپە دانراوە. - ئاھ... ئەمن ئەو قسەیەم لە موبیدی گەورەش بیستووە بابە گیان. - ئەم وتارە بەرزە ھی زەردەشتە، زەردەشتی کاردۆک. - بابە من ھەواڵێکم ھێناوە، ئەگەر چی زۆریش جێگای بڕوانییە بەڵام گێڕانەوەی باشترە. - بڵێ کوڕم بڵێ بزانم ھەواڵەکەت چییە؟ - باشترە بەتەنیا بین بابە گیان. - باشە کوڕم، بڕۆین ئەبێ سەرێک لە کارگەی ئاسنگەریەکەشم بدەم چەند ئەندامی تازەمان ھاتوون کە ئەبێ چەکیان بۆ دروست کەم، بڕۆین. - ئەمنیش لەلای دایکم ئەمێنمەوە و داوای لێ دەکەم کە چیڕۆکێکی جوان و سەرنج ڕاکێشی دەورانی جەمشیدم بۆ بگێڕێتەوە. - زۆر باشە کوڕم. *** - دەی کوڕم ئێستا بەتەنیاین بڵێ بزانم ھەواڵ چییە! ؟ - ڕامھۆت لەبیر ماوە بابە گیان! ؟ - ھا-... بەڵێ بەڵێ ئەو کچە کە ھەواڵی نەخۆشی ئەژدیھاکی ھێنا... بەڵێ! ؟ - بەڵێ گەورەم، ئەو لە کۆشکی ئەژدیھاکا کارئەکا، ئاگای لە ھەموو ھەواڵ و باسێک ھەیە. - بوونی ئەو لەوێ بۆ ئێمە زۆر گرنگە کوڕم، بەڵام... - ھەواڵی ئەمجارەی ڕامھۆ جێی باوەڕنییە ئەو ئەڵێ کە شەیتان لەناو کۆشکی ئەژدیھاکدا ئەژی! و ھەر ئەویش بۆتە ھۆی چاک بوونەوەی ئەژدیھاک، ئەڵێ کە ئەم قسەی لە ئاشام بیستووە، قوربان. - ئاشام! ئاشام ئەو خۆی لە ئیبلیس خراپترە، شەیتان ھەمیشە کاری خراپە کردنە بەڵام ئاشام ئێرانییە، خۆی بە ئەژدیھاک فرۆشتووە، ئاخ ئەگەر بکەوێتە بەردەستم سوێند بە ئەھوڕاموزدا بەبزەیی ئەیکوژم. - ئاھ... ئەی ھاوار... - بابە... بابە چاوت لێیە ئەو پیاو کوژانە چی ئەکەن! ؟ - ئاھ- بەڵێ کوڕم چاوم لێیە. - ئەمن خۆم پێ ڕاناگیرێ، ئەبێ تەمبێیان بکەم. - لەسەرەخۆبە کوڕم، ئێمە کاری گەورەترمان لە پێشە. - بۆنم ناکرێ بابە، ناکرێ ئەوە ئەمن ڕۆیشتم. ... ئەھای پیاو کوژینە ئێوە ناوێرن پێش بە پیاو بگرن. ڕێ بەم ئافرەتە بێ دەسەڵاتە ئەگرن! ھا... ناپیاوینە؟ -... بە تۆ چی؟ ئەتۆ کێی... ؟ - ئەگەر پیاون دەمتان ببەستن و، باسکتان بخەنە کار! ؟ ... تق... شەق... ھا ئەمە بۆتۆ... بگرە ناپیاو ئەمەش ئی تۆ..... . کچی باش بڵێ بزانم ئازارێکت پێ نەگەیشتووە؟ - ئاخ... نا... باش بوو زوو گەیشتیە فریام ئەم پیاوکوژانە پاش ئەوەی ماڵە باوکمیان سووتاند دایکم و باوکمیان کوشت و منیشیان بەزۆر لەگەڵ خۆیان ھێنا... ھ... - ئەی پەستی بێ شەرمانە، حەیف زۆریان کرد... بڵێ بزانم ناوت چییە؟ - ناوم میترایە، کچی ئابراداتاسم. - ئابراداتاس؟ وەزیری جەمشید! ئاھ ئەی ئەھۆرای مەزن، ئابراداتاس کوژرا. - بەڵێ لاوی قارەمان باوکم بەدەست ئەم خوێن مژانە کوژرا، کاتێ دەمرد تەنیا ئامۆژگاری بۆ من ئەمە بوو کە بێمە لای کاوە و داوای لێ بکەم تۆڵەی خوێنی ئەو بکاتەوە. - ئاھ... حەیف بۆ ئابراداتاس، من ناوم کاردۆیە کوڕی کاوەم، باوکیشم لێرەیە، وەرە وەرە بابچینە لای دڵنیام وەک کچی خۆی ئاگای لێت دەبێ. - سپاست دەکەم کاردۆ *** - ئەم کاردۆکانە لە ڕادەبەدەر سەربزێو بوون ئێوەش بەم ھەموو سپا و لەشکرەوە چارەیان ناکەن، ئەمن نازانم ئێوە بە کاری چی دێن! ؟ ئەگەر ئەمڕۆ ھەموویان لە بەین نەبەن ھەمووتان ئەکوژم، بۆ من تەنیا خوێن ڕشتن گرنگە، چ خوێنی ئێوە بێ کە دەست و پێوەندی منن، چ خوێنی دوژمنەکانم بێ. - قوربان ئێمە تاوانێکمان نییە، ھەرچی پێویست بووە کردوومانە، بەڵام تا ئێستا بۆمان دەرنەکەوتووە ئەو کەسەی کە ھێرشی بردۆتە سەر سەربازەکان و دووکەسی لێ کوشتوون و کچەکەی ئابراداتاسی ڕزگار کردووە کێ بووە؟ - تۆ خەرەفاوی ئاشام، بۆ مەگەر پێویستە ھەر ئەو کەسە کە سەربازەکانی منی کوشتووە بە سزای خۆی بگا! ؟ نا... بکوژن بێ جیاوازی، بێ ئەوە کە لە تاوانکار و بێ تاوان بپرسن، ئەگەر ھەرچی کاردۆکە بکوژرێ ئەو کەسەشیان لەناو دایە، بۆ من تەنیا کوشتار گرنگە، ئەم سەری سەد جارەیە کە ئەڵێم دڵی من تەنیا بە خوێن ڕشتن فێنک ئەبێتەوە ئێستا ئیتر بڕۆن... بڕۆن... ئیتر... *** - ھ. بڕوانە میترا بە دەستی ڕاستت ژێی کەوانەکە بگرە، ھا- تیرەکەش بگرە بڕوانە وەکو من، چاوت لێیە، ئەمجارە دەستی چەپت... ئاوا بیگرە دەی... ھا... ئافەرین... ئەم جارە دەستی ڕاستت بە ژێی کەوانەکەوە بکێشە ھەتا ئەتوانی... ھا... دەی ئافەرین... ئافەرین کچی ئابراداتاس... باش ئەچیتە پێشەوە... دڵنیام سینگی پیاوانی ئەژدیھاک لەم دارە ڕەقتر نیە، بڕوانە پێکانی تیرەکەت لێی چووەتە خوارەوە. - فەراز ئەمە تۆی کە مامۆستای چاکی و باشم فێر ئەکەی. - ھا... بڕوانە باوکم چ زەرێیەکی بۆ درو وست کردووە، پڕ بە بەری خۆیەتی... ڕاستی میترا تۆ تەنانەت لە بەرگی ئاسنیشا ھەر جوانی! - ھا... فەراز بۆ ئێمە قسەکردن لە جوانی پووچە، ئێمە سەرتاسەری ژیانمان ناحەزی و تاڵییە. - ھ... ھا... ھ... نا میترا بە ھەڵە چووی نا ئەھۆڕاموزدا ھەیە جوانی و جوانیش ھەیە بەڵام ھەروەک ڕۆژ جاروبار ئەکەوێتە ژێر پەڵە ھەورێکەوە، کاتێکی واش ھەیە کە جوانی لە ژێر خاکا پەژارئەدا و دائەپۆشرێ، ئایا لەو کاتەدا ئێمە ناتوانین بڵێین کە خۆرەتاو ھەرماوە، ئایا ڕەوایە لە ھاتنەدەری ھەتاو ناھومێد بین-؟ ... نا میترا... نا دەسەڵاتی جوانی بۆ ھەمیشە ھەیە و ئەمینێ ڕاستە کە تۆ باوکت کوژراوە میترا، ڕاستە کە وڵاتەکەمان داگیرکراوە، بەڵام ئەھۆراموزدا ھەرماوە، ئاگر لە ئاگردانەکانا ھەر ئەگڕێ، خوا نەکا ئاگری کوا نووی سینگمان خامۆش بێ میترا. - ئاخ فەراز تۆ چەند جوان قسە ئەکەی چەندە ھیوا بزوێنە قسەکانت. - ھ... ھا... ئەگەر ھیوا لە دڵێکا بمرێ، چی بۆ ئەمێنێتەوە! ؟ ژیانی بێ ھیوای سەرکەوتن مەرگە، مەرگێکی تاڵ و دوورو درێژ. - بەڵێ ھەروایە، بەڵام جاری واش ھەیە کە ھەموو ڕوچن و ڕوچنێک لە دڵ ئەبەسترێ، و ئادەمیزاد ھەر چەند کە بیر ئەکاتەوە لەو شەوە تاریکەدا دیمەنی بەیانێک بەدی ناکا -ھا... ھ... تھ-ھا... تۆش وەکوو دایکم فێربووی، ئێوە ئافرەتان زۆر دڵ ناسکن، زۆر بێ ورەن، بەڵام لێرەشدا مەجبوورم بڵێم کە بە ھەڵە چویی ھیچ شەوێک نییە کە بەیانێکی لێ وەدەر نەکەوێ ھەتا بووە ھەر وابووە، وە ھەر واش ئەبێ... ئاھ- میترا ئیتر ئەمڕۆ مەشقی تیرت بەسە، ڕاستییەکەی من ھیچم نەماوە کە فێری تۆی بکەم، تۆ خۆت شەڕ کردن لەمن فێربووی، بەڵام شتێک ماوە! ژیان... تۆ لەم مەبەستەدا تۆ ھێشتا شاگردی منی بەھیوام ڕۆژێک ئەویش باش فێرببی. - من تەنیا بۆ تۆڵە کردنەوە زیندووم فەراز ئەگەر تۆڵە وەرگرمەوە ئیتر ھیچ ئاواتێکم نامێنێ. -نا... نا... نا میترا ڕاسپێری ئادەمیزاد ڕووخاندنی باری نالەباری ژیانە و دامەزراندنی بناغەی جوانی، بەڵام تۆ لەم ڕاسپێرییە ھەر بیر لە ڕووخانەکە ئەکەیەوە، پاش تۆڵە کردنەوە ژیانی بەختیارانەی تۆ دەست پێ ئەکا... ئاھ... من چەندە قسە درێژم... ؟ ھەستە... ھەستە بابڕۆینەوە ئێستا کاردۆ ناوچاوی تێکناو و لە گۆشەیەکا ماتی کردووە، دایکم ئەترسێ و باوکیشم خەریکی نەخشە کێشانە، ھەستە بابڕۆین ھەستە... - بابڕۆین ھەستە... *** -... ئاھ بڕوانە بابە ئەو ھەموو سوارەی لەبەر دەرکی ماڵی ئێمە کۆ بوونەوە... ؟ خەریکن دادەبەزن - بە ورە بە کوڕم، خۆت ئاڵۆز مەکە، ئەھوراموزدا پشتیوانی ئێمەیە. - ھا... ھاتوونە حەوشەکەمان، لێم ڕوونە کە بۆ سپاس کردن نەھاتوون... ھا... - تۆ لە ھیچ کاتێکدا دەست لە گاڵتە ھەڵناگری فەراز. - لێ گەڕێ، لێ گەڕێ باپێبکەنی کوڕم، تەنیا بەڵگەیەک کە لە جوانی و شادی ماوەتەوە پێکەنینی فەرازە. - خێرا چارێک بدۆزنەوە، خۆتان بشارنەوە ئەو خوێن مژانە ئەتان کوژن. - فەراز ھەزار گیانی ھەیە دایە، ھەر یەکێکیان بکوژن ئەوی تر جێی ئەو ئەگرێتەوە، لام وایە دەبێ لە چەند جێگا خۆمان حەشاردەین، ئەگەر خەیاڵی خراپیان بوو بیانکوژین. - کوڕم ئەوان نزیکەی سەد کەسن ئێمەش سێ پیاوین چۆن ئەتوانین بەگژیاندا بچین. - ئەوان سەد ڕێوین و ئێمە شێرین بابە گیان. - ئەھ... ئەو پڵینگەتان لەبیر نەچێ. مەبەستم میترایە. - کە وەھایە خۆتان حەشاردەن بزانین چۆن ئەبێ. - خۆتان حەشاردەن... زوو... زوو... - ئەھای... خۆتان بدەن بەدەستەوە... خۆت و کوڕەکانت کاوە... ئەوەش بزانن ئەگەر خۆتان نەدەن بەدەستەوە با ئەمن لە پێشدا تەسلیم بم، من ئەترسم ئاخر ھا... ھ... ھا... ھەر ئێستا ئەڕۆم و خۆم ئەدەم بەدەستەوە. - کوڕە بۆ کوێ ترسنۆکی خوێڕی، ئەتەوێ ئابڕوومان بەری ھا... ھا... ھ... من تەسلیمم، جگە لە منیش کەس لە ماڵێ دانیە، ڕاوەستن ئەوە ھاتم بۆ لاتان... ئەتۆ ئەوانیتر لەگەڵ خۆت بەرە منیش ئەگەر خۆم پێ ڕزگارکرا ئەگەڕێمەوە لاتان. - نا... نا من بەجێتان ناھێڵم. بڕۆ کوڕم، بڕۆ، بڕۆ کاردۆ، دایکت و میترا لەگەڵ خۆت بەرە منیش دێم - ئێمە باوەڕتان پێ ناکەین... وەرنە دەرەوە... - بڕۆ کاردۆ، بڕۆ خێراکە، یەکێکیان بگرن، باشترە لە ھەموومان... تکا دەکەم نیگەرانی من مەبە خێراکە. - بڕۆن کوڕم... میترا تۆش لەگەڵ خێزانمدا وەرە خێراکە بابڕۆین... - مەئموری ئەژدیھاک من چەکم پێ نییە، ئەوە ھاتم تەسلیم دەبم... - دەستی ببەستن، دەستی ببەستن یاڵڵا... خێراکەن کوڕینە دەستی ببەستن... بابڕۆین... *** - ئەی ئەھۆرامەزدا، ئەی خاوەنی ژیان و بوون گوێت لە من بێ، من کە بەندەی بچووکی تۆم، وڵات ئاگرو خوێن و ئەسرینە، ئیبلیس فەرمان ڕەوایە، ئەی ئەھۆرای مەزن، گوێت لە نەزان من بێ، یارمەتیمان بدە ئاورگا پاکەکان بپارێزین، تا ناوی پیرۆزت بکەینە نەخشی ھەموو دڵێک، ئاناھیتا و میھر بنێرە یارمەتی شمشێر و ەشێنەکانمان، بەسەرمانا ببارە ئەی ھەوری بەزەیی کردگار، دڵمان بەتۆڵە تەیارکە و باھۆمان بەھێزکە بۆ بەرەنگاری دوژمنی ئەھۆرا... *** - بڵێ بزانم ئەی کاردۆکی چەپەڵ، تۆ ئەو سەربازانەی منت کوشتووە؟ مەگەر لە ڕقی من نەترسای؟ مەگەر نەتزانی چ چارەنووسێک چاوەڕێتە؟ بۆ چ بێ دەنگی؟ ... وادیارە زۆر ترساوی... ؟ من بیستوومە ئەڵێن خێڵێ کاردۆک لە ھیچ شتێک ناترسن، ئێستا بڵێ بزانم چۆن وێرات دەست بدەیتە ئەم کارە؟ زمانت لە دەمتانییە! ؟ بۆ جوابم نادەیتەوە؟ - تۆ... تۆ شیاوی ئەوە نی کە من وەڵامت دەمەوە. - بەڕاست؟ ھەرئێستا تێت دەگەیەنم... ئەھا جەللاد... جەللاد... - بەڵێ قوربان! - وەرە سەری ئەم زمان درێژە ببڕە... یاڵلا - نا ئەژدیھاک، پەلە مەکە لە پێشدا شکەنجەی بدە، تا ھەموو ھاواڵەکانی ڕاستی بڵێ ئەمجار بە جەزرەبە بیکوژە... -ئەھ دەنگی شەیتانی مەزنە، بەسەرچاو گەورەم فەرمانت ڕەوایە... ئەھای جەللاد دەست ڕاگرە، ئەم لاوە ھەرزە چەنەیە نابڵێ ھەروا سووک و ئاسان بمرێ، مەر کتوپڕ ناڕەحەتی نییە. ئێستا بیبە ئەوەندەی شکەنجە بدە تا ھەموو دۆستەکانی دەردەخا، بەڵام نابێ بمرێ تێگەیشتی! ؟ - بەڵێ... بەسەرچاو بەسەرچاو. - ناتەوێ چاوت لە شکەنجەی ئەو لاوە بێ! ؟ ڕاوەستە با بە بەرچاوی خۆتەوە ئەزیەتی بدەن، ئەمە بۆ تۆ زۆر باشە. - فەرمانت لە سەر سەرم، پێویست نییە بیبەیە دەرەوە، ھەر لەبەر چاوی منەوە شکنجەی کە جاری لە تازیانەوە دەست پێ بکە... یاڵڵا. - بەسەرچاو... لێی دە دەی... ھا... دەی - ئاخ... ھا... ئو خ... - ھ... ھا... ئھ... ھا... *** - مەگری کچم مەگری، فەراز بوو بە قوربانی گەل و نیشتمان، گیانی لە مینوی پەروەردگار ئەفڕی فەراز جێی شانازی ھەموومانە. - ھ... ھا... ئێ... چۆن نەگریم... مەگەر ئەکرێ پێش بەسێڵاوی ئەسرین بگرم... ؟ -ھا... تکا دەکەم میترا... تکادەکەم، ئەگەر دایکی فەراز بزانێ خۆی ئەکوژێ. - من تۆڵەی دەکەمەوە، سوێند بە ئەھۆڕاموزدا خوێنی فەرازی قارەمان بە فیڕۆ ناچێ من دەریایەک لە خوێنی ئەم داگیرکەرانە ساز دەکەم، دڵنیا بە برای جوانە مەرگم دڵنیابە. *** -ئەم کۆشکە بۆنی مەرگ و شەیتانی گرتووە، چەند شەوێکی تاریکە خودای گەورە ئەم لاوە بێ چارەیە ئێستا لە چ حاڵێکدایە؟ من ئەبێ کارێکی بۆ بکەم، ئەو برای کاردۆیە، ئاخ... ھ کاردۆی خۆشەویستم... نا... نا من نابێ بێڵم ئەو لەو زیندانەدا بمرێ... بەڵام چۆن؟ من کە بەتەنیا کارێکم لە دەست نایە... ؟ ... ئاھ کەوتەوە بیرم بڵێ وا باشە، ھەستم... ھەستم بڕۆم... جا ئێستا بەم شەوە تاریکە کاردۆ چۆن بدۆزمەوە؟ باوەڕناکەم لەم شوێنانەدا بێ... ! ئەم پەنا ئاورگەیە جێی ژوانی من و ئەوبوو ھا لێرە چاومان بەیەکتر کەوت... ئاخ... من کە بیرم بۆ ھیچ لا بڕ ناکا باشترە بچمە ناو ئاورگەکە، کەمێ لە ئەھۆرا موزدا بپاڕێمەوە... وا زۆرباشە... - ئەوری مەزدا پەنام بۆ تۆ ھێناوە، تۆی خاوێن تۆی خاوەنی گەرمایی پڕشنگ، تاکەی ئەبێ دیل بین؟ تاکەی ژێر چەپۆکە بین؟ مەرگی فەراز خەمێک نییە لەبیر بچێتەوە... ئەی ئاھۆرامەزدا ھەڵی نەگری... - ئاھ... کەسێک لەناو مزگەوتەکەدا خەریکی نەزایە، ئەبێ کێ بێ... - ئەی میھری گەورە، یەزدانی شەڕ پارێزگاری ھۆزی ئاریا یارمەتیم بدە، ھەموو گیانم پڕکە لە تۆڵە، مەھێڵە خوێنی گەشی فەراز لەناو بچێ... -ئاھ... چی... ئەوە دەنگی کاردۆیە... سپاس بۆ تۆ خودایە... بابچینە ژوورەوە... - تۆ کێی... ؟ لە جێگای خۆت مەبزووە، ... ئاھ ڕاستە ئێرە نیوە تاریکە بەڵام تروسکەی شمشێرەکەم نابینی؟ - منم ڕامھۆ! مەترسێ گیانەکەم، خۆمم. - ئاھ بۆچ ھاتوویە ئێرە ڕامھۆ؟ مەگەر نازانی ھەموو ھەستێک لە دڵی مندا مردووە، من پاش مەرگی فەرازی برام تەنیا بۆئەوە زیندووم کە ھەتا ئەتوانم بکوژم و پاشان پیاوانە بکوژرێم. - تۆ بەھەڵە چووی کاردۆ، فەراز نەمردووە. - گاڵتە مەکە ڕامھۆ، من مناڵ نیم کە بەم قسانە دڵخۆشیم دەیەوە - بە ئەھۆڕاموزدا سوێند دەخۆم درۆ ناکەم، فەراز ماوە ئێستا لە زیندانە من ھاتووم بە یارمەتی تۆ لە زیندان ڕزگاری کەین، ئەبێ پەلە بکەین فەراز لە حاڵێکی خراپ دایە. - ھا- ئەوە گەورەترین موژدە بوو ڕامھۆ بڕۆین با بڕۆین... سپاس بۆ ئەھۆڕای گەورە... دروود بۆ تۆ میھری پڕشنگدار. - زووکە... بابڕۆین... *** - بڕوانە کاردۆ... ئەم دەرکەی زیندانە، ئەبێ ھەر چۆن بێ ئەم نیگابانە بکوژی وکلیلی زیندانی لێ وەرگری. - ئاھ... زۆر باشە، ئەبێ کارێک بکەم بەرەو ئەو تاریکایییە بێ... فووت... ئەم ئاخ ئەوەش ئەمە ئێستا ئەبێ کلیلەکان بدۆزمەوە. - زووبە زووبە. - ئەمەش کلیلەکەی زیندان. - زۆر باشە، من دوو ئەسپم بۆ ئێوە لەبەر دەرگای زیندان بەستۆتەوە، سواریان بن و ڕاکەن ئیتر من دەڕۆم... - سپاس ڕامھۆ... سپاس... ئاخ ئەو زیندانە چەند تاریکە... ئاھ فەراز برای خۆشەویستم... وادیارە بێ ھۆشە. - ھ... ھا... نەکاردۆ... نا... ئاخ... بێ ھۆش نیم، نەمزانی تۆ دێی، سروش ئەم ھەواڵەی بەمن دا... - ئەتوانی بڕۆی؟ - من بەزەحمەت ئەتوانم ھەناسە بکێشم... نا براکەم... نا ئەبێ کەمێک سواری سەر شانت بم. - ئۆھ چەشنی سەردەمی مناڵی کە فەرازم سواری شانم ئەکرد... باشە... باشە برای قارەمانم باشە... ھەستە... دەی... ھا - بەھ... بەھ... بەھ... چ جێگەیەکی خۆشم ھەیە ھێندە ئاسوودەم ھەرگیز نامەوێ بێمە خوار. - تۆ جێگات لەسەر چاو و دڵی مندایە براکەم بزانم؟ ئەتوانی خۆت بەسەر ئەسپەوە بگری؟ - ئەڵبەت ئەتوانم ئەڵبەت - ھا... کە وایە زۆر باشە. با بچینە دەرەوە لە زیندان... ھا ئەوەتا ئەو دوو ئەسپە زین کراون و زامارن... ھا... دەی بچۆ سەر زینەکەی... *** ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەشی ٣ - فەراز چی بەسەرھاتووە؟ ئایا کوشتوویانە یان؟ ئایا دایکێک تاکەی دەتوانێ ئەم دەردە ھەموار بکا؟ تکایە کاوە پێم بڵێ فەراز ماوە یان کوژراوە؟ - لەسەرخۆبە ئافرەت، لەسەرخۆبە، مەگەر تەنیا فەرازی تۆیە بەدەست ئەم دڕندانە کوژراوە لە ھەموو ئێرانا دایکان کۆس کەوتوون، ھەموو کەس تازیە بارە. - یانی کوڕەکەم کوژراوە... ئاخ فەراز... فەرازی جوانم... دایکت پاش مەرگی تۆ چۆن بژی... - مەگری مەگری دایەگیان، ئەمە چارەنووسی ئێمەیە... بەڵام ئەمن بۆچی وائەڵێم... چۆن نەگری. -ھا... بەسیەتی ئیتر بەسیەتی... ئێوە بەم شیوەن و گریانە گیانی فەراز ئازار ئەدەن. فەراز نامرێ ئەو فیدایی ڕێگای ئازادییە ھەرگیز نامرێ، ئەگەر ئەمڕۆ ڕواڵەتی لە پێش چاومان لاچووە لە نێو دڵماندا دەژی... ئاخ فەراز مەرگی تۆ چەند گرانە، بەڵام ڕووت سپی بێ کوڕم وەک ڕووی مرۆڤایەتیت سپی کردووە... دروود بۆ گیانی نەمرت... فەرازی من ڕۆڵەی دلێرم، کوڵی دڵی باوکی پیرت پێشکەش بەگۆڕی ساردووسڕت ئێتر زایەڵەی پێکەنینت نایەتە بەر گوێم، باوکی کڵۆڵت بەمەرگی تۆ سۆمایی لە چاوی بڕا، تۆ بایی دارترین دیاری ئێمەی بۆ شۆڕش و ئازادی، لە گۆڕەکەتا بەئاسوودەیی بخەوە، مەرگی تۆ زۆر زۆر زۆر خەسار بوو کوڕم. *** - ئاھ... خودایە، فەراز؟ - دروود بۆ کاوەی مەزن. - ئا... دروود کوڕم... ئای ئا... ئەمن چاوم دروست دەبینێ؟ -چاوی ھەڵۆی چیای کالیدی ھەرگیز بەھەڵە ناچێ. - بەڵام کوڕم فەراز؟ - ئاخ فەراز ڕۆڵەی شیرینم... - میترا تکایە تۆ خەریکی بەھۆشەوە ھێنانی دایکی کاردۆ بە... فەراز چاوم بەدیتنت ڕووناک بۆوە... بڵێ... بڵێ بزانم کوڕم چۆن ڕزگاربووی. - ئاخ بابە... زۆر شەکەتم، دەمەوێ بخەوم چەند شەو و ڕۆژە نەخەوتووم... ھەرچی دەتەوێ لەکاردۆ بپرسە... تا... دەمەوی بخەوم بابە... - خەوی لێ کەوت، تەنیا ئەو بووە توانیویە خۆ لەبەر دەم ھەموو شکنجە بگرێ... باشترە بخەوێ! - دەی کوڕم تۆ بۆم بگێڕەوە فەراز چۆن ڕزگاربوو؟ من بەجارێ دڵنیا بووم ئەو کوژراوە. - ڕامھۆ بوو بە ھۆی ڕزگاری فەراز، ئەو ھەواڵەی دا بەمن کە فەراز نەمردووە، منی ڕێنوێنی کرد بۆ زیندان و ڕزگارم کرد. - ئافەرین کوڕم ئافەرین، بەڕاستی ناوی کاردۆت خەسار نەکردووە، نازانی دایکت لە چ حاڵێکدا بوو، من مەجبوور بووم کە پێی بڵێم فەراز کوژراوە- ئەو بێ چارە دیتت کە بەدیتنی فەراز بێ ھۆش بوو. ئەو خەریکە دێتەوە ھۆش لام وایە باش نییە لەم حاڵەدا چاوی بە فەراز بکەوێ - کچم؟ - بەڵێ! - تۆ لە ڕادە بەدەر میھرەبانی، خوا بتپارێزێ کچم. کاردۆ یارمەتی بدە، دایکت بەرنە ھۆدەیەکی تر ھادەی خێراکەن... دەی بیبەنە ھۆدەیەکی دی. *** - ئاخ فەراز نازانی دووری تۆ چەندە بۆ من گران بوو؟ بەتایبەت کاتێ قاوکرا کە تۆیان لە ژێر شکەنجەدا کوشتووە چەندە ناڕەحەت بووم، ئەمویست بمرم، ژیان بۆ من بێ مانابوو، تەنیا دڵخۆشی دانەوەی باوکت بوو کە بەرگری لە خۆکووشتنم دەکرد. - ئا... تۆش خێرا باوەڕت کرد کە من مردووم؟ ھا... ئاخر نەدەبوو بیر لەوەش بکەیەوە کە فەراز جارێ ھیوای زۆری بەژیان ھەیە و بەم زوانە نایەوێ بمرێ! - نا... ھیچ کەس نایەوێ بمرێ فەراز، بەڵام مەرگ لەم قسانە ناپرسێ فەراز -ھ... ھ... میترا بەھەڵە چووی، مەرگ لەبەرامبەری ویستی پیاوانە پەست دەبێ، مەرگ ھی ئەو کەسانەیە ھیوای ژیانیان نامێنێ و مل بۆ مردن کەچ دەکەن. ئێمە بەھارێکی خۆشمان لەبەرە بەھارێکی پڕ ئاگرو گوڵ، پڕ ئاگر و گوڵ و شینایی بەھاری ئەوین و دڵداری و ڕزگاری... ئاخ خودایە... لە مێژە مەلی بزە لە ھێلانەی لێوانمان تاراوە... بەڵام لەگەڵ ئەم ھەموو چارە ڕەشی و کڵۆڵیە دەنگی جریوەی مەلی نەورۆز ئەبیستم میترا لە پشت دیواری ھەرەس و بەفر و سەھۆڵ بەرەو چیایی کالیدی، بەرەو ئێران باڵ ئەگرێتەوە- من دڵنیام میترا، دڵنیام بەیانی بەھەموو پڕشنگ و شکۆیەوە ھی ئێمەیە، ئەمە سروشی پاکە بەمنی گوتووە، کاتێ لە ژێر شکەنجەدا ئەمناڵاند ئەم دەنگە ھاتە گوێم، دەنگی سروش بوو، ھەر لە دەنگی کاوەی مەزن ئەچوو کە ئەی گوت: - کوڕی دلێری کاردۆک، پتەوبە وەک چیایی بەرزی کالیدی، مەبەزە، گاڵتە بەمردن بکە، نەورۆزێکی ڕەنگینمان لە پێشە، مردن بۆ دوژمنانی تۆیە، پیاو بە فەراز پێبکەنە، دۆستت شاد و دوژمن کوێربە، قارەمانی شۆڕش پێبکەنە. - ئەم دەنگە گیانێکی تازەی کرد بەلەشما لێ بڕام خۆم ڕاگرم، وەدیت کە بەیارمەتی ئەھۆرای مەزن سەرکەوتم میترا. - ئاھ... فەراز تۆ سەراپای گیانت ھیوایە، تۆ ئاگرێکی کە گەرمایت بۆ دۆستان و سووتاندنت بۆ دوژمنانە. - ئاھ... ھ... ئێستا پێم بڵێ بزانم، تۆ لە تاقمی گەرمەوەبووەکانی یان سووتاوەکانی؟ - فەراز من دڵم بەقسەکانت گەرم ئەبێتەوە بەڵام ھەناسەی ساردیشم ھەر بەھۆی تۆوەیە. - ئا... یانی چی؟ ئایا ئەمن بێ ئەدەبیێکم کردووە کە کچی ئابراداتاسی مەزن دڵی ڕەنجابێ؟ - نا فەراز ڕەنج و پەژارە لە دڵی خۆمدایە ئەوەی کە من ئەسووتێنێ تۆ نی، ئەوینی منە من ئەویندارم فەراز. - ئێمە ھەموومان ئەو ئەویندارین، مەگەر ئەوین بە ووڵات، ئەوین بەشۆڕش و ئاگاداری ناکرێ پێی بڵێی ئەوین ھا! ؟ - ئەمانە ھەموو ئەوینێکی گەورە و پاکن، بەڵام گیانی من بەئاگری ئەوینێکی تایبەتی ئەسووتێم. - یانی ئەتەوێ بڵێی ئاشقی پیاوێک بووی نەکا بڵێی کاردۆ ھا؟ - ئەھا - کاردۆ بەرزە، بەڵام وەک برایەک خۆشم دەوێ. - ئەرێ من بزانم دڵدارەکەت کێیە؟ - فەراز تۆی، دڵداری من تۆی. - چی ئەبیستم؟ ئایا بەڕاستیتە میترا تۆ منت خۆش دەوێ؟ - پڕ بەدڵ پڕ بەھەموو ھەستم خۆشم دەوێی. - ئاھ خودای گەورە، خەو دەبینم؟ یان بێدارم، تکایە، جارێکی تر دووبارە بکەوە و دووبارەی کەوە. - خۆشم دەوێی فەراز، زۆرم خۆش دەوێی. - میترا ئەمنیش پێت بڵێم؟ ... لە مێژە تۆم خۆش دەوێ، بەڵام... بەڵام پێم باش نەبوو ھیچ بڵێم، ئێستا کەوایە ئیجازە بدە دەستەکانت ماچ کەم... ئاھ میترا... - ھم... بێ مێشکی بێ کارە تۆ بەکەلکی ھیچ شتێک نایەی، بەم ھەموو سپا و پاسەوانانەوە بەم زیندانە بەرزو پۆڵایەوە، نەت تووانی بەندێکی بێ دەسەڵات ڕابگری، ئەمە بۆ تۆو بۆ من شوورەیییە. - ببوورە شەیتانی مەزن من تاوانم نییە، پاسەوانەکان بێکارە و تەمبەڵن، ئەوێ شەوێ ھەموویان لە دەرەوەی قەڵای زیندان خەویان لێ کەوتبوو بەیانی بەزۆری تازیانە خەبەرمان کردنەوە. - ئەم... ئەمە کەڵاوی دوژمنی گەورەی من ئەورۆ موزدایە... ھ... ئاخر من ھەمیشە لە شەڕی ئەوا تێشکم. چی بکەم نەخۆشیەکەت لەبیر نەچۆتەوە؟ ھا... ئەژدیھاک. - ئەتەوێ چی بکەی؟ ... نا تکا ئەکەم من لە چاوی تۆ ئەترسم، بەم جۆرە پێدا مەڕوانە - ھا... ھا... ھا - من بۆ فەرمانت ئامادەم... بۆ فەرمانت ئامادەم ئاخر شەیتانی مەزن. - نا... ئەژدیھاک ئێرە ئێرە جێگای من نییە ئەھۆراموزدا ھاتۆتە یارمەتی دوژمنەکانم، شار بۆنی پاکی و باشی لێوە دێ، من دەبێ ڕاکەم بەڵام لە پێشدا دەستووربدە ھەموو کەس کۆبنەوە کۆڕێکی گەورە بگرن. - لەبەر چی سەروەرم؟ - ھا... ھ... کارت بەسەر ئەوەوە نەبێت ھەرچی گوتم وابکە ئەژدیھاک. - بەسەرچاو قوربان فەرمان بەرم. *** - بێ دەنگ بن، بێ دەنگ بن، ھەمووتان دەزانن کە دوژمنانی من ھەر ڕۆژی پیلانێک دەگێڕن، ھێرش ئەکەنە سەر سەربازەکانم و ئەیانکوژن، لە بیرتان چۆتەوە کە من کێم؟ و چۆن سپای جەمشیدم تێکشکاند، فەرامۆشتان کردووە کە من لەگەڵ ڕەحم و بەزەیی بێگانەم؟ حەزم لە لاشەی بێ سەر و ئەندامی کون کون کراو و سەری بڕاوە، ئایا ئێوەی ڕەش و ڕووت و بێ دەسەڵات ئەتانەوێ بەرەنگاری من بوەستن! ؟ بیر بکەنەوە لە ھەموو ئێرانا، بنەماڵەیەک ھەیە کوڕی نەکوژرابێ؟ یان تاڵان نەکرابێ و ماڵی نەسووتابێ! ؟ من لە کوشتن و خوێن ڕشتن ماندوو نەبووم، ئەگەر ئێوەش لە مردن و بەندکردن نەوەستاون زۆرم پێ خۆشە دیسانەوە دەست پێ ئەکەینەوە، بزانن کامەمان سەر ئەکەوین! ؟ - سەرکەوتن بۆ ئێمەیە و مردن بۆ تۆ. - ئەمەش بەڵگەی سەرکەوتنمان... ھا بگرە. - ئەمە بەڵگەی شکستی ئێوەیە، بڕوانن ئەم نێزەیە چۆن لە حەواوە ماوەتەوە. - زۆر سەیرە! ؟ - ئەی خۆ لە حەوا ڕاوەستاوە؟ - سەیر... - ئێستا زانیتان کە نێزەش ناوێرێ لە سنگی ئەژدیھاک نزیک بێتەوە... ھا... ھا... - سەروەر ئەگەر ماوە بفەرموون من ئەڕۆم ئیتر ئێوەش بەتەواوی ھاتوونەتەوە سەر خۆ و نەخۆشیتان نەماوە، منیش ئەمەوێ بگەمە فریای نەخۆشێکی تر، من پزیشکم کارم تیمارکردنی نەخۆشە، زۆر خۆم بەبەختیار ئەزانم کە توانیم ئەژدیھاکی مەزن لەو نەخۆشییە ڕزگارکەم، تکام ئەمەیە کە ماوە بفەرموون سەر شانەکانتان ماچ کەم. - سپاست دەکەم پزیشکی زانا، شانی من بۆ ماچ کردن ئامادەیە. - سەروەرم ئەمە شانازییە بۆ من با سەر شانت ماچ کەم تابتوانم لە ھەندەران بڵێم لێوی ئەم پزیشکە پیرە سەرشانی شکۆداری ئەژدیھاکی ماچ کردووە قوربان ئیتر من لە خزمەت مەرەخەس دەبم... - سەرکەوی پزیشکی پیر بەھیوای دیدار - کاتێ من خەریک بووم لە دەرگا بچمە دەرەوە جێگاکەت بگۆڕە... دەنا ئەو نێزە کە بەئەفسوونی من ڕاوەستاوە سنگت کون ئەکا... - ئاخ... نێزەکە باڵی گرتەوە بڕوانە ئەم کۆڵەکە بەردەی کون کرد... شەیتان شەیتان کاری شەیتانە. - ئەمە کاری شەیتانە. - ئیتر من کارێکم نییە، ھێزی منتان چاو پێ کەوت، بڕۆن و ئارام بن. *** - ھا وەزیر دیسانەوە پەرۆشی؟ چی ڕووی داوە؟ - نازانم چی بڵێم! ؟ نازانم بڵێم چی ڕامھۆ! ؟ من ئێرانیم، بەڵام لەگەڵ ھەموو کردەوە خەراپەکانی ئەژدیھاک ھاوبەشم، بەشی ھەرە گەورەی تاوان بە ئەستۆی منەوەیە، ئەژدیھاک بێگانەیە ئەگەر خراپەش دەکا لانی کەم لەگەڵ ھۆزەکەی خۆی ناکا. بەڵام من چی؟ نازانم نازانم ئەتوانم ھیواداربم کە ئەھۆراموزدا لە تاوانم ئەبوورێ یان نا؟ - وەزیری بەڕێز تۆ ھەرگیز ئەو قسانەت نەکردووە، چ ڕووی داوە کە ئەمڕۆ کەوتوویەتە بیری ئەم مەبەستەوە؟ - ئەزانم ڕامھۆ، ئەزانم ئەتەوێ بڵێی کە درەنگ بووە من ئیتر ڕووی گەڕانەوەم نییە، بەم ھەموو تاوانەوە ھەرگیز نابەخشرێم ھەرگیز، دەمێ ساڵە خزمەت بەھەژدیھاک دەکەم، نەک لەبەر ئەوەیە کە خۆشم دەوێ چونکە لێی دەترسم نامەوێ کوڕەکەم بکوژی و کچەکەم بکەوێتە دەست سەربازەکانی ئەژدیھاک، خزمەتی من بۆ خۆپاراستنە، بەڵام لە کاتێکەوە بۆم دەرکەوتووە ئەژدیھاک بەندەی ئەھریمەنە شەرم و شوورەیی دای گرتووم... ئاخ... من چەندە چارە ڕەشم، من خزمەتکاری بەندەی شەیتانم. - ئێستا کە بۆت دەرکەوتووە لەم ماوە درێژەدا بە ھەڵە چووی ناتەوێ تۆڵەی ئەم خراپانە بکەیتەوە؟ - چۆن؟ مەگەر ئەتوانم؟ - سەروەرم ئەگەر بتەوێ دەتوانی، ئەژدیھاک زۆری بڕوا بەتۆ ھەیە، ئەتوانی لەم بڕوایە بەسوودی شۆڕشگێڕەکان کەڵک وەربگری. - مەبەستت ئەمەیە کە یارمەتی شۆڕشگێڕەکان بدەم؟ نا... نا من لە ئەژدیھاک دەترسم. - ئەی لە ئەھوراموزدا ناترسی؟ لات وانییە کە پەشیمان بوونەوەت دەبێ بەکردەوە پیشان بدرێ؟ بەوتەی خۆتان ھەتا ئێستا لەسەر ڕێگای تاوان بوون، ئەگەر پەشیمانن ئەبێ بکەونە سەر ڕێبازی خزمەت و تێکۆشان. - ڕامھۆ تۆ ڕێگایەکت بەرچاو دەکەوێ؟ یان لات وایە من بتوانم من بەچەشنێ یارمەتی لاوە قارەمانەکانمان بدەم؟ خۆت دەزانی کە من پیاوی شەڕ و مەیدان نیم. - قوربان بۆ شەڕکردن ھەر تەنیا پیاوی شەڕکەر بەس نییە پیاوی ژیر پێویستی بەئاوەزیشە من دڵنیام تۆ ئەتوانی خزمەتێکی گرنگ بەوڵاتەکەمان بکەی. - باشە بڵێ بزانم، من چی بکەم بڵێ؟ - دۆزینەوەی ڕێگا لەسەر من سەروەرم. - من ئامادەم ڕامھۆ، ھەرکات پێویست بوو ھەواڵم پێ بدە. - بەسەرچاو گەورەم ئێستا جارێ بەدوعا. - خوات لەگەڵ کچی بەشەڕەف خوات لەگەڵ. *** - ئاھ... من خەریکم دەمرم سەرشانم ئارامی لێ ھەڵگرتووم، ئای ئاشام؟ ئاشام لە کوێی؟ - لێرەم گەورەم، فەرمایشتێکتان ھەبوو؟ - سەرشانم ئارامی لێ ھەڵگرتووم، ئەڵێیی گیانم دەردەچێ نازانم بۆچ ئەمڕۆ کت و پڕە وەژان وەستا؟ خۆم نایبینم وەرە بزانە بریندار نییە؟ - ماوە بفەرموو قوربان بابزانم... ؟ ئاھ خودای گەورە ما... مار... ! ؟ دوو... دوو ماری ڕەش قوربان. - چییە ئاشام بۆچی ڕات کرد؟ ماری چی؟ - قوربان لەسەر ھەرکام لە شانەکانت ما... مارێکی ڕەش ھاتۆتەدەر - چیی لێوی شەیتانە ماری لێ شین بووە ئێستا چار چییە وەزیر؟ مارە پێمەوە دەدەن وەرە وەزیر بەم خەنجەرە سەریان لە لەشیان جوێ کەوە. - قوربان م... من ناوێرم. - ھا... ترسنۆک من خۆم ئەم کارە دەکەم. - ھا... ھا ئەمە یەکێکیان... ئەمەش ئەوی تریان... ئاخ ئاسوودە بووم ئیتر شانم ژان ناکەن، من دوێنێ شەوێ خەو لە چاوم نەکەوتووە، وەزیر ئێستا ئەمەوێ کەمێک بخەوم، بڕۆ بەڵام زمانت گرێ دە، نەکا ئەم باسە بدرکێنی ھا... - بەسەرچاو قوربان بەسەرچاو. *** - ئاھ... ئاخ... ھ... من خەریکم لە پێ دەکەوم کاردۆ کەی دەگەینە لای کاوە؟ ھ... ھا... - منیش پێم بەشوێنما نایە، بەم کێوانەدا ڕێگا ڕۆیشتن بۆ منی پیرەمێرد زۆر سەختە. - ھا... ھێندەمان نەماوە بگەینە غارەکە، بڕوانن فەراز لەبەر دەرگای غارەکە کێشک دەکێشێ! - باشە... باش... - ھۆی تۆی کاردۆ؟ وەرنە پێشەوە وەرن. - بەخێر بێی کاردۆ. - سپاس فەراز... کاوە لە ژوورێیە؟ - بەڵێ بچۆ ژووری غارەکە. - باشە دەچم با ئەو میوانانە لێرەبن... گەورەم دوو میوانی تازەمان بۆ ھاتووە، یەکیان ڕامھۆیە کە دەیناسی، بەڵام ئەوی تریان... - چییە بۆ بێ دەنگ بووی؟ ئەوی تریان کێیە؟ - بابە گیان تا بەڵێن نەدەی وەک میوانێک ڕەفتاری لەگەڵ دەکەی ناوی نابەم. - بڵێ کوڕم بڵێ، ھۆزی کاردۆ میوان گر و دڵاوان، مەگەر وانییە کوڕم؟ - ھەر لەبەر ئەمەیە کە کاکە کاردۆم داوای لێ کردی کە ڕێز لەم میوانە بگری. - ئێستا بڵێ کوڕم میوانی تازەمان کێیە؟ - ئاشام وەزیری ئەژدیھاک. - ھا... گوتت ئاشام؟ تاوانکاری گەورە؟ ... نا... نا نا کوڕم، من سوێندم خواردووە بەدەستی خۆم بیکوژم ئەمن نامەوێ چاوم بەم خیانەتکارە بکەوێ. - بابە... بابە... من لام وابوو ئەگەر شەیتانیش ببێتە میوانی تۆ، لە تاوانی دەبووری، بەڵام وا دیارە ژێر چەپۆکەیی چەن ساڵەی ھۆزەکەمان ڕەوشتی بەرزی لەبیر بردوویەتەوە، کاردۆ میوانەکەت ھەڵگرە و لێرە بڕۆ، سوێند بەیەزدانی مەزن ھەرکەس بیەوێ پێشت پێ بگرێ... تەنانەت ئەگەر باوکیشم بێ بەم شمشێرە وەڵامی دەدەمەوە ئێمە شکستی ئەمەین کە پیاوەتیمان لەبیر چۆتەوە، ھەستە برای پاڵەوانم ھەستە، بەمیوانەکەت بڵێ کاردۆکیش پەست بوون مرۆڤایەتیان لانەماوە. - بەدوعا بابە بەدوعا! - ڕاوەستە کاردۆ ڕاوەستە، ببوورە کوڕم بە ئاشام بڵێ بێتە ئێرە، بێتە ژوورەوە - سپاس کاوەی مەزن... ئاشامی بەڕێز وەرنە ژوورەوە... - دروود بۆ کاوە شۆڕشگێڕی قارەمان. - دروود ئاشام بەخێرھاتی. - تۆ ھەقت ھەیە لە من تووڕە بی، ھەقت ھەیە سەرزەنشتم بکەی، ئەزانم من تاوانکارم ئێستا من ھاتووم بە چەشنێ تاوانەکەم سووک کەم، ھەرچی تۆ بڵێی وادەکەم تەنانەت ئەگەر فەرمان بدەی بەم پیرییە شمشێر بەدەستەوە دەگرم و لە ڕیزی لاوەکاندا دژی ئەژدیھاک شەڕ دەکەم. - ئاشام، من و تۆ بەمنداڵی پێکەوە ھاوەڵ بووین بەیەکەوە گەورەبووین، ھەردووکمان لە سەردەمی شایەتی جەمشیدمان لەبیرە ھەردووکمان ڕۆڵەی ئەم وڵاتەین، من چاوەڕوانی ئەمە نەبووم کە تۆ کردت، سوێندم خواردبوو کە بەدەستی خۆم بتکوژم. بەڵام تۆ میوانی ئێمەی و ئەڵێی کە پەشیمان بوویەتیەوە، ھیوادارم ئەھوراموزدا لە تاوانت خۆش بێ ئەم شەو میوان بە، ڕاستە کە ئەم غارە جێکای تۆ نییە و ناڕەحەت دەبی، بەڵام باشە شەوێکیش ئاگات لە ژیانی ھەژاران بێ تا ھەست بە دەردیان بکەی. - بەڵێ کاوە، تۆ جێی شانازی وڵاتەکەمانی من بە بەختیاری دەزانم کە لە لاتان بم، بەڵام لام وایە لە کۆشکی ئەژدیھاکا باشتر دەتوانم یارمەتیتان بدەم، ھەواڵێکیشم بۆ ھێناون ئەژدیھاک، ئەژدیھاک دوو ماری ڕەشی لەسەر شانی ھاتۆتە دەر، ھەموو ڕۆژێک جارێک سەریان دەبڕێ، بەڵام دیسانەوە ھەروەک گیا شین دەبنەوە. - نەمزانی ئەو پزیشکە شەیتان بوو، جێی دەمی شەیتان ھەر دەبێ ماری لێ شین بێ. - بابە شەو درەنگە، ھاواڵەکان چاوەڕوانی ئێوەن تابزانن بەیانی چی بکەن قوربارن؟ - کوڕم من و ئاشام لە مێژە یەکتریمان نەدیوە، ماوە نادەی کەمێک باسی بیرەوەری لاوی خۆمان بکەین؟ - سەروەرم ئێوە دەستوور بەئێمە بدەن خۆمان بەوانی تر ڕادەگەیەنین. - زۆرباشە کوڕم، تۆ بەسەرۆکایەتی ٥٠ کەس ھێرش بکەنە سەر قەڵای خارخار، فەراز تۆش لەگەڵ چەند کەسێکا لەناو شار وریای جوڵانەوەی سپای ئەژدیھاک بن، منیش بەیانی دەچمە لای شاھەنشا فەریدون لەمێژە نەچوومە خزمەتی. - زۆر چاکە بابە - بەچاوان بابە زۆر چاکە. - سەرکەوتوو بن کوڕم. *** ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەشی ٤ - ماری لەسەر شانی شین بووە. - ئا ئا دووماری ڕەش. - میترا گوێت لێیە لە ھەموو لایەک باسی مارەکانی سەر شانی ئەژدیھاکە - بەڵێ گوێم لێیە، فەراز بڕوانە ئەو سەربازە لە مێژە کەوتۆتە شوێن ئێمە چاومان لەسەر ھەڵناگرێ. - ئای تۆ ئەترسی؟ بۆ لات وایە کە ھەموو کەس ئێمەی خستۆتە ژێر چاوەدێری، ئەم سەربازە سەری داخست و خەریکی شت کڕینە. - نا فەراز من ماوەیەک ئاگاداریم، ئەو بێ گومان کەوتۆتە شوێن ئێمەوە و ڕەنگە لێمان بەگومان بووبێ باش سەرنج بدە جارجار لە ژێر چاویەوە بۆ ئێمە دەڕوانێ. - ئەھ... با ئێمە جێگاکەمان بگۆڕینەوە ئەچینە جێگایەکی تر بزانین بەشوێنمان دادێ ئەگەر ھات دیارە کە مەبەستێکی ھەیە، - باشترە سەری لێ بشێوێنین، ئەگونجێ ئەو بەتەنێ نەبێ، من بەلایەکا دەڕۆم تۆش بەلایەکی ترا بڕۆ باشە! ؟ - ئەگەر ئێمەی خستبێتە ژێر چاوەدێری ئەڵبەت سەربازی تریشی لەگەڵدایە، چونکە ئەم خوێڕیانە ھەرگیز ناتوانن بەتەنیایی بەرەنگاری ئێمە بکەن، من بەم لایەدا دەڕۆم، تۆش لەو لاوە، لە ئاخری ئەم کۆڵانە یەکتری دەبینینەوە بەڵام ئەگەر من کەوتمە شەڕەوە تۆ ڕاکە. - باشە بڕۆ بڕۆ... - ڕاوەستە کچی جوان! -چییە سەرباز، من خزمەتێکم بۆ ئێوە لە دەست دێ؟ ئێمە ھەموو خزمەتکاری ئەژدیھاکی مەزنین. - ئەژدیھاک کاری بەتۆ نییە، منم کە نیازم ھەیە ماوەیە لە باوەشی تۆدا دنیا فەرامۆش کەم. - ئاخ کەسێک دەیەوێ دنیا فەرامۆش کا کە بەمەیلی ئەو نەچەرخێ، یان شتێک بترسێ، من دڵنیام کە سەربازانی ئەژدیھاک لە ھیچ شتێک ناترسن - بۆچ کچی جوان، ئەم کاردۆکە چەپەڵانە وەک سندان لە بن دەستمان دەرھاتوون لە ھەموو شوێنێک ھەن، وەک شەیتان بەھەموو ڕواڵەتێک خۆیان دەنوێنن، خەو و خۆراکیان لێ ھەڵگرتووین جا لەبەر ئەوە من دەمەوێ کەمێک لە باوەشی تۆدا بحەوێمەوە، یا ترس و لەرز لە بیر بەرمەوە - زۆر باشە سەرباز، بەڵام من خۆم جێگایەکم ھەیە دەچین بۆ ئەوێ پێت چۆنە؟ - زۆرم پێ خۆشە، بەڵام من فەرماندەی سەربازانی ئەم ناوەندەم ئەحواڵمان پێ گەیشتووە کە چەند کاردۆکێک بەسەرۆکایەتی فەرازی کوڕی کاوە ھاتوونەتە شار، ڕاوەستە بابچم ئەوان بێدارکەم و ڕاسپێرێکیان پێ بڵێم و پاشان دێمەوە بۆلات - زۆر باشە سەرباز من ھەر لێرە چاوەڕێم..... . ئەھ چی بوو سەربازی فەرماندە زۆرت پێ چوو؟ - دەستووری پێویستم دا، ئاخر کوڕێکی گەنج لای تۆ بوو، لەلات وەستابوو، ڕواڵەتی زۆر لە فەرازی کوڕی کاوە ئەچوو، گوتم نەکا خۆی بێ، دەستوورم دا کە ئەو کوڕە بگرن دەستی کردەوە بیکوژن. - ھا... ھا... فەرازی کوڕی کاوە! ؟ ئاھ ئەو چۆن دەوێرێ بێتە ناو شار، وادیارە فەرماندە زۆر لەو کوڕە ئەترسێ وانییە! ؟ - نا من لە ھیچ کەس ناترسم بەتایبەت ئێستا کە لەلای تۆم. - ئەمە شانازییە بۆ من فەرماندە، فەرموو بابڕۆین... - میترا ئەو پیاوە چەپەڵە بۆ کوێ دەبا؟ ھا ئاوڕی داوە، بەدەست خەریکە حاڵیم دەکا... ھ تێگەیشتم بۆ کوێ دەچێ... بەڵام من گوێم لە قسەکانی فەرماندەی سەربازەکان بوو، وادیارە منیان ناسیوە بەم جلوبەرگە ناتوانم بکەومە شوێنیان لەھەر کوێ تووشم بن پێشم پێدەگرن ڕاستە کە ھیچمان پێناکرێ بەڵام لانی کەم کاتم دەگرن... ھا بیرێکی چاکم کردەوە... بابچمە لای ئەو سەربازە کە پاڵی داوە بەو دەرگایە... دروود بۆ تۆ سەرباز. - دروود. من یەکێکم لە خزمەتکارەکانی ئەژدیھاک ھەواڵێکی خۆشم ھەیە، من دەزانم فەرازی کوڕی کاوە لە کوێیە، وەرە با نیشانت بدەم ئەو ئێستا لە ماڵێکا لێی خەوتووە پێویست نییە ھەواڵێک بەکەسێک بدەی، خۆت بیکوژە با ئەم شانازییە ببێتە نسیبی تۆ، مەگەر تۆ ناتەوێ ببیتە فەرماندە! حەیف نییە ھەر سەربازێکی ئاسایی ببی؟ مەترسێ منیش یارمەتیت دەدەم، خێراکە نەکا بەخەبەر بێتەوە، پەلە کە ھا ئە لێرەوە کەمێک توندتر... ئە ئەمە ماڵەکەیانە... ھەتا کەس چاوی لێمان نییە... تۆزێ لەو لاترەوە ھا... ئاشانا باش بوو، ئەمەش بۆ تۆ... با لیباسەکانی داکەنم... بابچم بزانم میترا چی کرد! ؟ ... چابوو ئەوجار ئیتر کەس نامناسێ بابڕۆم... *** -چییە ئەتۆ زۆر بەپەلەی فەرماندە؟ من لەبەر دەستی تۆدام، نەکا لە منیش بترسی؟ ھا ئەمن ھەرگیز لام وانەبوو ئێوە ھێندە لەم کاردۆکانە ئەترسن. - من و ترس؟ ھەرگیز، بریا ئەمڕۆ چاوم بەفەراز دەکەوت، دەستوورم دابوو ھیچ کەس نەیەتە یارمەتیم، ئەمەویست بەدەستی خۆم بیکوژم، تا ئەم ئێرانییە سەر بزێوانە تێ بگەن کە بێ ھوودە قارەمانێکیان لە فەراز ساز کردووە. - ئافەرین فەرماندە، بڵێ بزانم ئێستا ئەگەر لەم کاتەدا فەراز بێتە ژوورەوە تۆ چ دەکەی؟ - فەراز؟ فەراز کاری بێرە چییە؟ - ھا... ھا... ھ پرسیارێک بوو کردم مەبەستێکم نەبوو بۆچ ترسای؟ - ھۆ ھۆ لە باتی ئەم قسانە وەرە وەرە، وەرە باوەشمەوە، کچی جوان وەرە ھەتا ئەوەندەت بکوشم بەخۆمەوە تادەنگی شکانی ئێسکەکانت بژنەوم. - ئاخ فەرماندە مەگەر نازانی لەشی من زۆر ناسکە، وە باسکی تۆش زۆر بە ھێزە، تکایە ئارامتر بە... - ھۆ ھۆ... فەرماندە... فەراز... فەراز... - فەراز؟ فەرازی چی سەرباز؟ - قوربان فەراز ھاتۆتە ناو ئەو ماڵەوە، ئێمە ھەتا ئێرە بە شوێنیەوە بووین - دەی جا دەڵێی چبکەین/ ئەی لەعنەتی عەیشەکەی لێ شێواندین، تۆ دڵنیای سەرباز؟ کە فەراز ھاتۆتە ئێرە! ؟ - بەڵام فەرماندە تۆ ماوەیەک لەمەو پێش ئەتگوت ناترسێی؟ چبوو کە بە بیستنی ناوی فەراز سەرت لێ شێوا؟ - تۆ کێی کە بەم چەشنە بێ ئەدەبانە لەگەڵ فەرماندەی خۆت قسان دەکەی؟ - فەرماندەی من؟ فەرماندەی من کاوەیە ترسەنۆکی چەپەڵ، ئەمەش شمشیرەکەم وەرە ھا... ئەوەش بۆ تۆ... وەرە پێشێ... - تۆ؟ تۆ... ؟ تۆ؟ - بەڵێ من فەرازم، وەرە پێشێ، ئێستا کە شمشیرەکەت ھەڵناگری... ھا ئەمەش شمشیرەکەی من... من بەدەستی خاڵی لەگەڵت بەشەڕ دێم... ھا... - دەست خۆش فەراز - میترا حاڵت چۆنە؟ ھەستە ھەستە بابڕۆین گیانەکەم. - ئەم فەرماندە بەڕێزە بێ ھۆش بووە با لە تۆڵەی باوکم... ئەگەر چی وەک ئەمە وایە کە لە باتی خوێنی تاووس خوێنی مار بڕێژی. ھا... ھا... بابڕۆین میترا... بابڕۆین... *** - نازانم بەدەست ئەم مارانەوە چی بکەم؟ ھەموو ڕۆژێ جارێک سەریان دەپەڕێنم، بۆ بەیانی دوو سەری تریان لێ دەڕوێتەوە، نازانم شەیتانی گەورە بۆچ منی لە بیر چۆتەوە؟ خۆ من ھیچ نافەرمانێکم نەکردووە! -ھا... ھا... ھا... ھا... - ئەوە دەنگی پێکەنینی ئیبلیسی مەزنە، وا دیارە دەیەوێ یارمەتیم بدا... بەڵێ خۆیەتی... خۆیەتی یا ئیبلیسی گەورە بگە فریام لەدەست ئەم مارانە شەو و ڕۆژم نەماوە یارمەتیم بدە تکا دەکەم شەیتانی مەزن تکا دەکەم. - ئەژدیھاک، بڕوانە ئەم مارانە سەر دەھێنن بۆ ناو کونی گوێت، ئەمانە ماری ئاسایی نین مێشک خۆرن، بەمێشکی ئادەمیزاد دەبێ تێر کرێن دەنا مێشکی تۆ دەخۆن، ھەموو ڕۆژێ دوو ئادەمیزاد سەر بڕە مێشکیان دەربھێنە و بیدە بەم مارانە ئیتر خەویان لێ دەکەوێ تادیسانەوە ڕۆژێکی تر برسیان بێتەوە لە خەو ھەستن، ئەم تەنیا چارەی تۆیە ئەژدیھاک، ئیتر من دەڕۆم... - سپاست دەکەم شەیتانی گەورە سپاس. *** - ئاگات ڵێ بوو چیان کرد؟ چ ئاگرێکیان کردەوە ئەو ژن و منداڵانەیان چۆن ئەسیر کرد؟ ھەر دێتو و دڕەندتر دەبن، جاران تەنیا پیاویان ئەسیر دەکرد، ئێستا لە ژن و منداڵ و پیرە پیاوەکانیشمان نابوورن. - کوڕم سەگی ھار ھەتا کاتی تۆپین ھەر دێت و دڕندەتر دەبێ، ئەمانە پەلەقاژەی مەرگیانە کوڕم، بەم کارانە مردنی خۆیان دەخەنە بەرەوە بەڵام تۆ کوڕم ئارام بە، ئارام و لەسەر خۆ بە ھیچ خۆت شلوێ مەکە، تا مەرگ نەبێ ژیان نابێ تا شەڕ نەبێ ھێمنی نابێ ئەمە ڕێ و شوێنی ژیانە ھەموو شتێک دوو لانی ھەیە لانی باش و خراپ بەڵام کوڕم تەنانەت باری دزێوو خراپی شتەکەش پێویستە، وەک شەوت بۆ ھاتنی بەیان پێویستە وە ھەر زستان بۆ بوونی بەھار. - ببوورە بابە گیان، من جار جار ڕق و کینە سەرم لێ دەشێوێنێ، ئەڵێم بریاڕ ھەر کام لەم چەپەڵە ترسەنۆکانە ھەزار گیانیان ھەبوایە و ھەموو گیانیان بەنووکی شمشیرەکانی لە لەشیان ھاتبایە دەر ئاخ کەی ڕۆژی تۆڵە دەگا کەی؟ - نزیکە ڕۆڵەم نزیکە، زۆر نزیکە، ئەمڕۆ بۆیە تۆم ھێنا ئێرە کە چاوت بەم ڕوانگە ناشیرنە بکەوێ، وەبزانی کە ئەژدیھاک ھەرگیز لە ھەڵپەی خۆراک بۆ مارەکانی سەر شانی ناوەستێ، لە ڕاستییا ئەم مارانە بەری گیان و ھەستی ئەژدیھاکن کە لە داری گەندەڵی لەشی شین بووە، ئەژدیھاک نەفسی ناپاکی و چەپەڵیە، ئەو بارێکی مەبەستە و ئێمەش بارێکی تر. ئێمە و ئەو لە شەڕ ناچارین، ھەر وەک شەیتان و ئەھورامزدا ناچارن شەڕ بکەن. - ئاھ بڕوانە بابە، ئەم دێیە چۆڵ بووە، ھەموو کەسیان ئەسیر کردووە، ئێستا نیشانەیەک لە ژیان وەبەر چاو ناکەوێ، ئەڵێی ھەرگیز ئاوایی نەبووە، تەنیا دووکەڵی سووتمان و چەند لاشەی بێ گیان... ئاخ خودایە چەند تاڵە. ھەرچی زۆرو زوڵمی ئەژدیھاک زیاتر بێ، بڕوای ئێمە و خەباتکارەکانمان بەو ئەندازە پتەوتر دەبێ ئەمانەش کە بەھاندان غیرەتیان نەبزووت زوڵم و زۆر ناچارن دەکا ڕابکەن و بێنە لای ئێمە چونکە ھەمیشە چاوەڕوانن ڕۆژێک نۆرەی ئەوانیش بێ و بکرێنە خۆراکی ماری سەر شانی ئەژدیھاک، قسەم ھەڵ گرە کوڕم. ئەمەش بە سوودی ئێمەیە. - من شاگردی تۆم، کوڕی تۆم، سەربازی ژێر فەرمانی تۆم، ھەر دەستوور و ئامۆژگارێکی بیفەرمووی لام ڕەوایە بابە گیان. - سپاس کوڕم سپاس، لێم ڕوونە ئێستا کە گەڕاینەوە بۆ چیا ھەزارەھا کەس ئەندامی تازەمان بۆ ھاتووە، فێر کردنی ئەمانە لە سەر تۆیە، دەبێ وەھایان باربھێنی کە بۆ شەڕ ئامادەبن. - بە سەرچاو گەورەم. - سوار بە کوڕم با بگەڕێنیەوە سواربە. *** - کارێکت بە من ھەبوو قوربان؟ - بەڵێ ڕامھۆ بەڵێ، ئەزانی کە تا ئێستا ھەزار کەسم لە مەرگ ڕزگار کردوەو ناردوومنە لای کاوە، و ئێستاش لە کۆڕی شۆڕشدان. - بەڵێ قوربان ئاگام لێیە، ئێوە لەو دوو کەسانە کە ھەموو ڕۆژێ دەبێ بکوژرێن وشکیان بدرێتە دەرخواردی مارەکان. یەکێکیانت ئازاد کردووە و لە جێگای ئەو حەیوانێکی دیکەت سەربڕیوە و مێشکیت ئاوێتەی مێشکی ئادەمیزادەکەی تر کردووە، ئەمە خزمەتێکی گەورەیە کە تۆ بە ڕۆڵەکانی چیات کردووە، دڵنیام کە ئەھورامزدا تاوانی پێشووی ئێوەی بەخشیوە. - بەڵێ من دەمەوێ خزمەتێکی تریش بکەم. ئەمە ئاخرین یارمەتی منە بە شۆرش. - مەبەستتان لە ئاخرین یارمەتی چییە قوربان؟ - خۆت دەزانی کە تا ئێستا دە کوڕی کاوە سەر بڕاون و بوونەتە قوربانی و خۆراکی ئەو مارانە. - بەڵێ دەزانم. - ئێستاش فەراز گیراوە. - ئاھ... بەڵێ بەڵێ. - ماوەیەکی لەمەوپێش بە چەند سەد کەس گەمارۆیان دا و گرتیان، من چاوم لە شەڕی پاڵەوانانەی بوو، لە بەر کۆشکی ئەژدیھاکدا شەڕیان دەکرد، بەداخەوە من ھیچ کارێکم بۆی لە دەست نەھات، ئەمڕۆ نۆرەی ئەوە، نۆرەی ئەوە کە سەری ببڕن. - ئاھ- بەڵێ. - من پێم حەیفە کە لاوێکی وەھا بەکار لە نێو بچێ، ئەمەوێ ڕزگاری کەم. - چۆن ئەتەوێ ڕزگاری کەی؟ فەراز کەسێک نییە کە نەناسرێ، وەک من بیستوومە ئەمڕۆ لە کۆشکا بەم بۆنەوە جێژنێک ئەگیرێ ئەژدیھاک دەستووری داوە فەراز بەرنە لای خۆی و لەبەر چاوی خۆیەوە سەری ببڕن، بەم حاڵەوە باوەڕناکەم. - ئەو پەڕی ئەمەیە کە گیانم لە سەر ئەم کارە دابنێم، من وەزیری ئەژدیھاکم، ئەتوانم بچمە زیندان و فەراز بێنمە دەرەوە، و بڵێم کە دیبەمە لای ئەژدیھاک و پاشان خۆم دەزانم چی لێ بکەم، بەڵام لەبەر ئەمە تۆم بانگ کرد کە یارمەتیم بدەی. - من ئامادەم بەڵام خۆتان بفەرموون دەبێ چبکەم؟ - کاتێ فەرازم ھێنایە دەر ئەیدەمە دەست تۆ جا دەبێ ھەر جۆرێک بێ لە کۆشک بیبەیتە دەرێ ئەسپێکی بۆ ئامادەکەی و سوار بێ و لە ھەرێمی مەترسی دوورکەوێتەوە، تکایە سڵاوی گەرمی منیش بە کاوە بگەینە. - بەسەرچاو قوربان بەسەرچاو. -خوات لەگەڵ ڕامھۆ، خوات لەگەڵ بۆ ھەمیشە، باوەڕناکەم چاومان بەیەکتر بکەوێتەوە ڕامھۆ. - ئەھورامەزدا پشت و پەنات بێ وەزیری مەزن. *** - سپاس زیندانەوان دەرگای زیندانەکە بکەوە. ئەمەوێ فەراز بەمە لای ئەژدیھاک. ئاخر ئەمڕۆ نۆرەی ئەوە. - بەسەرچاو گەورەم... - ھا... شێری چیا، حاڵت چۆنە؟ - تۆی ئارشام؟ بۆچ بەتەوسەوە قسەم لەگەڵ دەکەی؟ - تۆ خەیانەتکاری تۆ چەپەڵی، دژی شایەتی ئەژدیھاک ھەستاوی، ئەتەوێ شاھەنشایی ئێران زیندوو کە یەوە ھا... ؟ ئەمانە بەس نین بۆ ئەمە کە ڕقم لێت بێ؟ - یانی چی؟ تۆ زۆر گۆڕاوی وەزیر مەگەر. - بێ دەنگ بە، بێ دەنگ بە نەفام... من نۆکەری ئەژدیھاکم. ئێستاش ھاتووم بتبەم بۆ لای ئەو ئەمڕۆ نۆرەی تۆیە کە بمری. - وا دیارە من و کاردۆ بە ھەڵە چووین، بریا لێدەگەڕاین ھەر لەوێ دەتی کوشت، تف لە تۆ خانی وڵات فرۆش. - ئاگات لێیە زیندانەوان، ئاگات لێیە چی دەڵێ خێراکە لاقی بکەوە یاڵڵا، لاقی لە بەند ڕزگارکە ئەمەوێ کاتێ بەرەو مەرگ دەڕوا بیبینم بزانم لە ترسانە لە پێ ناکەوێ... یاڵڵا زووکە - بەڵێ قوربان بەسەرچاو. *** ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەشی ٥ - ماوەیەکە منیان ھێناوەتە نێو ئەم ھۆدەیە کەس پرسیارم لێ ناکا، چاوم ھەمیشە بڕیوەتە دەرگاکە کە کەی دەرگا بکرێتەوە و جەللاد بە بەرگی سوور و شمشیرەکەیەوە کە دڵۆپی خوێنی لێ دەتکێ بێتە ژوورەوە. تیژایی تیغی شمشیرەکەی بکەوێتە سەرەوە ڕەگی گەردنی من. ئاخ خودایە مردن چەندە تاڵە، بەڵام لەوەش تاڵتر ژیانە لەم حاڵەدا... داخوا ئێستا باوکم چدەکا؟ کاردۆ خەریکی چییە؟ ئاخ میترا میترا... ئەی خودای گەورە ئەو کچە جوانە پاش مەرگی من دڵ بە کێ خۆش دەکا؟ ئاخ بڵێم خودا حافیز میترا، خودا حافیز چیاکانی کالیدی. - سەلام فەراز، ئایا بۆ مردن ئامادەی؟ - ئەڵێی بۆ زەماوەندم بانگ دەکەی، کێ ھەیە مردنی پێ خۆش بێ ڕامھۆ! ؟ بەڵام مردن باشترە لە دیتنی ڕوڵەتی پیسی ئێوەی کۆشک نشین. ئەم زەلامە کێیە؟ ئەم نیقابە چییە بە ڕووی داداوە؟ من کە ئەبێ ھەر بمرم باشترە چاوم بە ڕواڵەتی کوژیاری خۆشم بکەوێ. - تۆ نابێ لێرە بمری. لە دەرەوەی شار جێگایەکیان بۆ مردنی تۆ دیاری کردووە. ئەم پیاوە لە گەڵتا دێ، بەڵام باشترە تۆش بەرگی سەربازانی ئەژدیھاک لە بەرکەی، بگرە ئەمەش لیباس. - ھا... خەریکن ئەم شۆڕەش دێنە سەر شانم کە بەرگی سەربازانی ئەژدیھاکی چەپەڵ لە بەرکەم. - زۆر قسان مەکە فەراز کەسێک کە لەسەرەمەرگدایە ئەبێ بیری بەلای ئەھورامزداوە بێ و ھێندە زۆر بڵێیی نەکا، دەی خێرا سازبە ئەم نیگابانە دەتباتە ئەو جێگایە کە بۆت لە بەر چاو گیراوە. - یانی ئەمن دەدەنە دەست ئەم تاقە نیگابانە؟ ناترسن لە ناو ڕێگادا بیکوژم و ڕاکەم. - نەچی بیری ڕاکردن بکەوێتە سەرت، ئەم نیگابانە لەوانە نییە بیرت لێ کردۆتەوە، ئەھای سەرباز ھەرکەس ویستی ڕابکا بیکوژە تێگەیشتی! ؟ دەی جا سازبن بڕۆن - زۆر چاکە ئەمە ڕۆیشتین... *** - ھا نیگابان تۆ ماوەی سەعاتێکە لەگەڵ منی. لەو ماوەیدا ھەتا ئێستا قسەیەکت نەکردووە، نەکا تۆ ڵاڵ بی؟ یان لە ترسان زمانت چۆتە بەست؟ ئم ھەر قسان ناکەی، ڕەنگە تۆ ناوبانگی منت بیستبێ، نازانی ئەگەر بمەوێ ڕاکەم ھەزاری وەک تۆ ناتوانێ پێشم پێ بگرێ، شمشیرم وەک ئاگری ناو پووش و پڵاش ئەیان کاتە خۆڵەمێش، من ئەمەوێ ڕاکەم بزانم تۆ چۆن پێشم پێ دەگری ھا... ؟ وەڵڵاھی زۆر سەیرە، ھەر وەڵام ناداتەوە... با جارێ دابەزین من زۆر شەکەتم لە زیندانی ئەژدیھاک زووخاو دەدەنە دەرخواردی بەندییەکان، ... زووخاو دەدەنە دەرخواردی بەندییەکان، ... ئاخ بە ماوەی تۆ سەرباز... تۆش دابەزە پشوویەک بدە پاشان دەڕۆین... تەماشای ئەم نیگابانە چەندە بێ ترس لێی خەفت، ڕاستی من بۆچ ڕانەکەم... ؟ ئەمەکەی ژیرییە کە من بە پێی خۆم بچمە بەر دەستی سەر بڕی؟ بەڵام ئەم نیگابانە... با لەمانە کە وەخە بەر نەیە ئەسڵەن... ! بێ چارە ئەو لە من شەکەتترە، لە پیاوەتی بەدەرە ڕابکەم و خەبەری نەکەمەوە... ئەگەر ویستی پێشم پێ بگرێ دەیکوژم و بۆ خۆم بۆی دەردەچم... ! کەوایە چاک وایە وەخەبەری بێنم! ئەھای کاکە... کاکە ھەستە بزانم... ؟ تۆ زۆر لە سەر ھەست دەخەوی لام وا بوو بەم زووانە وەخەبەر نایەی، بەڵام با نەڵێی فەراز ناپیاوانە خەریک بوو ڕاکا، ھاتم خەبەرت کەمەوە و بڵێم دەڕۆم. ئەو کاتە کە ویستت پێشم پێ بگری دەتکوژم... دەی سەرباز دەڵێی چی؟ لێم دەگەڕێی بێ شەڕ بڕۆم؟ یان شەڕەفی سەربازی ڕێت نادا؟ بڵێ بزانم وەڵامت چییە؟ ... ھا شمشیر دەکێشی... ھا... ھا تێگەیشتم... شمشیرەکەت ھەڵ کێشا ئەتەوێ بڵێی ئەگەر بمەوێ بڕۆم بەم شمشیرە لەت و کوتم دەکەی ھا... ھا... زۆر باشە کە وایە ئامادەبە... کوتوویانە موویەک لە بەرازێک بکەیەوە خۆی شتێکە، تۆش یەکێکی لە سەربازەکانی ئەژدیھاک کوشتنی تۆش خۆی کارێکە... ئامادە بە سەرباز... ھاوار دیارە باش شمشیر دەوەشێنی... بەڵام ھەر ئێستا کارەکەت تەواو دەکەم... ھا بگرە... نەخێر زۆر گیان سەختە... تا ئێستا کەس نەیتوانیوە لە بەرامبەر مندا ڕاوەستێ... نەخێر فایدەی نییە... ئاخ بەزاتی خودای شمشیرەکەی لێ ستاندم پێم خۆشە بە دەستی سەربازێکی پاڵەوان دەکوژرێم، ئێستاکە لووتی شمشیرەکەت وا بەسەر دڵمەوە دەمەوێ تکایەکت لێ بکەم... پێم خۆشە کوژیاری خۆم ببینم، بەڕاستی تۆ پاڵەوانی... منم فەراز کاردۆی برات. - کاردۆ؟ کاردۆ تۆی؟ ھا... ھا تۆی کاردۆ! ؟ - بەڵێ. بەڵێ منم، تۆ ئازاترین ڕۆڵەی چیایی لەم ماوەیەدا بۆم دەرکەوت مردن لای تۆ گاڵتەیە، تۆ لەھیچ شتێ ناترسی فەراز. - منیش بۆم دەرکەوت کەتۆ دیسانیش ھەر وەکو کاتی منداڵی لەمن بەھێزتر و پاڵەوانتری بەڵام بەگیانی تۆ کاکە زۆر شەکەتم، کەمێک سواری سەرشانی خۆتم ناکەی. - ھا... ھا... بۆ چ براکەم، بەڵام با بچینەوە چیا، ئەو کاتە ھەرچەند دەتەوێ سواری شانم بە. - ڕاستی کاردۆ، میترا حاڵی چۆنە؟ - بۆ زیاد لە ھەموو کەس پرسیاری میترا دەکەی؟ - ئەی دەتەوێ حاڵی شێری پیری چیا بپرسم؟ لێم ڕوونە کە پەژارە ڕوو ناکاتە کاوەی نەبەز. بۆنی چیا بەرەولووتم دێ، بۆنی بەھار، بۆنی نەورۆز... بابڕۆین دەی... *** - وەڵامت چییە ئاشام، تۆ چوویە زیندان فەرازت ھێنا کە بیھێنی بۆلای من پاشان فەرازت ڕاپەڕاندووە، ڕێگای ھەڵاتنت نیشان داوە ئایا ئەمانە ڕاستن؟ - بەڵێ ڕاستن بەڵێ. ھەموو ئەمانە ڕاستن من ئیتر لە خوێن ڕشتن وەڕەز بووم. چیدی ناتوانم ھاوکاری کارە چەپەڵەکانت بکەم. - ئاگات لێیە چی دەڵێی وەزیر؟ - بەڵێ باش دەزانم، منی تاوانکار ماوەیەکی زۆر یارمەتی تۆم دەدا. خەڵکم دەکوشت، پیلانم دەکێشا بەڵام ئیتر بەسە، ئەمەش بزانە کە تۆ، تۆ بەم زووانە وەکو سەگ دەکوژرێی، کۆشکت خاپوور دەکرێ - ھەر ئێستا دەستوور دەدەم لەباتی فەراز تۆ بکوژن مێشکت دەکەمە خۆراکی مارەکان، بەڵام ئەم مارانە مێشکی لاویان پێ خۆشترە، بڕوا ناکەم مێشکی کۆن و ڕزیوی تۆیان بوێ. - مەترسە ئەژدیھاک مەترسە، مارەکان مێشکی حەیوانیش دەخۆن، تا ئێستا ھەر مێشکی حەیوانێک و ئادەمیزادێکیان خواردووە. یانی ئەمە کاری من بووە ھەموو ئەو کەسانەی کە ئەبوو مێشکیان دەرخواردی ئەو مارانە بدرێ لە ھەر دووانیان یەکێکیانم ئازاد کردووە، ئێستاش لە کۆڕی شۆڕشدان تێگەیشتی، ھەر ئەمانەشن کە کۆشکی تۆ دەڕووخێنن. - جەللاد... ؟ جەللا؟ - بەڵێ قوربان - وەرە لە گەردنی دە بێدەنگی کە. - بۆ من مەرگ ڕزگارییە، ئازاد بوونە لە کاتێکا دەمرم کە دڵم پڕە لە یادی ئەھورامەزدا، و ھیوام بەدواڕۆژی شۆڕشی چیا بەتینە، ئێران ئەبێ سەرکەوێ، وەبێگانە ئەبێ ئەم وڵاتە ئەبێ بەگۆڕستانی. - بێ دەنگ بە!! بیکوژن. - بەڵێ بەسەرچاو قوربان... ھگ... *** - کاوەی مەزن، ئاشام پیاوانە مرد. ئەمەش نامەیەکە کە بۆ تۆی نووسیوە و داوای سەرکەوتنی بۆ کردووی و بەمنی گوت ئیتر نابێ لەکۆشکی ئەژدیھاکا بژیم. منیش ھاتمە ئێرە خزمەتت. بەخێر ھاتی کچم بەخێر ھاتی، مەرگی ئاشام دەری خست کە ئێرانی ھەرگیز بۆ ئەبەد بە ھەڵە ناچێ و لەسەر خەیانەت ناڕوا. گیانی ئاشام میوانی کۆشکی مینو بێ، تۆش بچۆ لای میترا کچم. - ھ... ھا... بەسەرچاو. - ئاشام بۆ ڕزگار کردنی من خۆی بەکوشت دا، من ھەرگیز ئەم فیداکاریە لەبیر ناچێتەوە، ھەمیشە بەناوی پیاوێکی بەرز یادی دەکەم - ئەمەش شەھیدێکی تر بوو، ئاخ کە چەندەمان شەھید دا بە ئێران، چەندمان دەربەدەری و ڕۆژە ڕەشی چێشت! ؟ خوا بکا خوێنی ئاڵی ئەم ھەموو شەھیدانە بەزەیی ئەھۆرامەزدامان بۆ ھان بدا، دیسانەوە نەورۆز بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەمان. نەورۆزێک کەلەمێژە لێمان تۆراوە. - فەراز... ! فەراز وەرە ئێرە کارم پێتە. - بڕۆ کوڕم بڕۆ میترا چاوەڕێتە، ئەمڕۆ شەڕی دوایییە، بەھاری ئەوساڵ ھەر لەئێستاوە دەستی پێ کردووە. باشە ئێستا تۆ و میترا تەنیا نین، کاردۆ و ڕامھۆ شتان لەگەڵە. - ئەی بۆ چ باسی خۆت و دایکت ناکەی؟ - ئێمە پیربووین کوڕم، تەنیا کاتێ من ئەبووژێمەوە و دەچمەوە تەمەنی لاوی کە ئەژدیھاک تێک بشکێنم، بێگانە و داگیرکەر لەوڵاتدا نەمێنێ، ئەو کات دەزانی کە باوکی پیرت چۆن وەک گوڵی ژاکاو ئاوی لەژێر کرێ دەبووژێتەوە، دەی... ئیتر متێرا چاوەڕوان مەکە. بڕۆ کوڕم بڕۆ خوات لەگەڵ بێ... فەراز! ؟ - بەڵێ بابە. - لەبیرت نەچێ کە ئەمڕۆ شەڕی دوایییە ئەبێ ھەموو ئامادەبن. - بەسەرچاو بابە بەسەرچاو... - من لەوکاتەوە کاردۆم نەدیوە کە لێتان بپرسم بەسەرھاتی ئەو ڕۆژەتان چۆن بوو! ؟ - ھ... ھ... ھا... باشترە لە خۆی بپرسی. - دەبێ شتێک ھەبێ و من نەیزانم؟ چییە ھەمووتان پێئەکەنن! ؟ پێم وایە قسەیەکی خۆشە... فەراز بەمنیش ناڵێی! ؟ - خوشکو برام تکاتان لێ دەکەم لەلای دەزگیرانەکەم ئابڕووم مەبەن! - قەیدی نییە گیانەکەم منیش پێم خۆشە بزانم. - بەخوا بڵێم چی؟ قارەمانی ئەم بەزم و بەسەرھاتە ڕامھۆ و کاردۆ بوون، ئەیان ویست من بترسێنن... ھا... ھا... راستییەکەی لەترساندنی منیشدا سەریش کەوتن - گیانەکەم ھەر لەئەوەڵەوە بۆم بگێڕەوە. - حەیف نییە پیاو ئەم ھەوا خۆشە و دیمەنە جوان و پاکە بەم قسانە خەسارکا! ؟ - ھا... ھا... نەخێر سوودی نییە، ناچێتە ژێربار، خۆت بیگێڕەوە کاردۆ. - ھا... ھا... بەڵێ داستانەکە بەم چەشنە بوو کە ئەمن ڕووبەندێکم ھا... ھا... - ئەگەر زیاتر لەسەری بڕۆی سواری سەر شانت دەبم، خۆت دەزانی کە لە منداڵییەوە بەم کارە فێرم باشە خۆم دەیگێڕمەوە، ... وەزیر خوا لێ خۆش بوو ھاتە زیندان. زۆر بەتوڕەییەوە قسەی لەگەڵ کردم و لەزیندانی ھێنامە دەرەوە و دامیە دەستی ئەم خوشکە ڕامخانە ھا... ھ... ئەویش پاش ماوەیەک لە ھۆدەکە ھێنامیە دەرەوە و لەگەڵ خۆی بردمی و دامیە دەستی ئەم کاک کاردۆیە... بەڵام کاردۆ بەرگی سەربازانی ئەژدیھاکی لەبەر کردبوو ڕووشی بەرووبەند داپۆشیبوو. - دەی جا تۆ بەقسە کردن و ئەندامیڕائەوت ناسییەوە! ؟ - ئەندامی زۆرکەس ھەیە وەکوو ھی کاردۆ زەلام، بەقسە کردنیش مەگەر کاک کاردۆ قسەی دەکرد! ؟ ماوەیەک بەسواری تێپەڕین ئەسڵەن یەک کەلیمەی لە دەمی دەرنەھات ھەرچی پرسیارم دەکرد جوابی نەدەداوە، پاشان لە شوێنێک دابەزین - ئەزانم بۆ ئەوە دابەزیبوون کە ڕابکەی؟ - نەخێر نەخێر، شەکەت بووم لە بەینی ڕێدا دابەزین، بەڵێ کاتێ کە دابەزین، من وام زانی کە کاردۆ یا واباشترە کە بڵێم کاکە نیگابان خەوی لێ کەوت و ھەستام و چووم خەبەری بکەمەوە. - نەخێر وانەبوو، بەئەسپایی ھاتی بزانی خەوتووم یا نە! ؟ ئەگەر خەوتبام ڕابکەی ھا! ؟ - ھا... ھا... - نا... نا... نا میترا باوەڕیان پێ نەکەی ئەم دووانە ئەیانەوێ ئەمڕۆ بەجارێ لەلای تۆ ئابڕووم بەرن. - ئاخر خۆ من نازانم چی بووە! ؟ ھا... ھا... - بەڵێ چوومە ژوور سەری کاک کاردۆ یان بڵێم سەربازەکەی ئەژدیھاکم خەبەر کردەوە کوتم من دەمەوێ ڕابکەم ئەویش شمشێرەکەی ھەڵکێشاو لێمان بوو بە شەڕ... بەگیانی میترا و بەگیانی ھەموومان پاش ماوەکەی بەخۆم دەیگێڕمەوە، وە نەئیزنیش دەدەم کە کاک کاردۆ بیگێڕێتەوە ھا. ھا... ھا... ھا... - باشە کاردۆ نارەحەتی مەکە بەسە. - ئەمن قسەیەکم نییە، دەی جا ھەستن وا باشە بچینەوە بۆ لای باوکم. - زۆر چاکە ھەستن با بڕۆین *** - شۆڕشگێڕانی بەشەڕەفی ئێرانی و کاردۆکی براکانم، ئەمڕۆ ھەوەڵ ڕۆژی نەورۆزە، خۆتان دەزانن کە لەمێژە بەھارمان نەدیوە، ئەمڕۆ ڕۆژێکە کە دەبێ بەگیان و دڵ تێکۆشن وڵات لەم کەمتیار و چەقەڵانە پاک کەینەوە، ھەمووتان ڕۆڵەی کوژراو و برا سەربڕاو و ماڵ سووتاون، شەڕتان لەپێشە لەسەر پاراستنی وڵاتە و پاشان بۆ تۆڵەساندنەوەی خۆتان، سەرکەوتن بۆ تێکۆشەرە. ئەژدیھایەکی ترسنۆک وەک ڕێوی لەبەر ھێرشی شێرانەتان ڕادەکا، ئەو تەنیا لە کوشتنی بێ دەسەڵات بەکارە، ئیتر بۆ پێشەوە... بۆ سەربەستی و ئازادی بەرەو نەورۆز... - براکانم ھەر وەکو باوکم دەستووری دا ئێمە لە پەنای ئەم شاخانەدا خۆمان حەشاردەین و نابزوێین، سوارەکانمان ھێرش دەکەنە سەر سوپای ئەژدیھاک، سەرۆکایەتی سوارەکانمان بەکاردۆی نەبەزە، پاش ھێرش ئەوان دوژمن بەرەو لای خۆیان ڕادەکێشن. دوژمن لەشار دێتە دەرەوە، ئەمجار ئێمە تیرەبارانیان دەکەین، ئێستا ئیتر ئامادەبن... - ئێمە ھێرش دەکەین بەڵام لەگەڵ سوپای دوژمن تێکەڵ نابین، دەیان کێشین بەرەو چیا با وابزانن کە ئێمە لەبەریان ڕەویوین با بکەونە شوێنمان دەی جا بۆ پێشەوە... - سەرکەوتن ھی ئێمەیە... بیاندەنە بەر تیر بیانکوژن... تیرە بارانیان کەن... ئافەرین -. - ئافەرین کاردۆ... بژی فەراز وەک گەڵاڕێزان دوژمن لەسەر ئەسپ بەردەنەوە... دوژمن خەریکە دەشکێ، خەریکە ڕادەکا لەبەر ھێرشی پیاوانەمان خۆ ناگرن... ھا... خەریکە ڕادەکەن... لێیاندەن... *** - ئیتر ھەموو شتێک دوایی ھات. ئەژدیھاک تێکشکا. ئەورۆز گەڕایەوە بۆ وڵاتەکەمان. دەستوور بدەن لەھەموو سەر ئاسۆیەک ئاور بکەنەوە، ئاگری گەرمی پیرۆز، نیشانەی سەرکەوتنی ئەھورامزدایە بەسەر ئەھریمەندا منیش دەچم بۆ لای فەریدوون و پیرۆزبایی شایەنی پێ دەڵێم... *** بەم جۆرە بێگانە وڵاتی ئێرانی لێ بوو بە گۆڕستان. ئێران وەک بەھەشتی جاویدان ڕازایەوە، ئێمە ئێستاش بە یادی ئەو ڕۆژە پیرۆزانە کاتی نەورۆز ئاگر دەکەینەوە. نەورۆزتان پیرۆز... ١٩٧٠/٠٣ ++++++++++++++++++++++