شاعیر: سوارە کتێب: چەکوش وەشێنی ڕۆڵە کوژراو سەرناو: بەشی ٥ - ماوەیەکە منیان ھێناوەتە نێو ئەم ھۆدەیە کەس پرسیارم لێ ناکا، چاوم ھەمیشە بڕیوەتە دەرگاکە کە کەی دەرگا بکرێتەوە و جەللاد بە بەرگی سوور و شمشیرەکەیەوە کە دڵۆپی خوێنی لێ دەتکێ بێتە ژوورەوە. تیژایی تیغی شمشیرەکەی بکەوێتە سەرەوە ڕەگی گەردنی من. ئاخ خودایە مردن چەندە تاڵە، بەڵام لەوەش تاڵتر ژیانە لەم حاڵەدا... داخوا ئێستا باوکم چدەکا؟ کاردۆ خەریکی چییە؟ ئاخ میترا میترا... ئەی خودای گەورە ئەو کچە جوانە پاش مەرگی من دڵ بە کێ خۆش دەکا؟ ئاخ بڵێم خودا حافیز میترا، خودا حافیز چیاکانی کالیدی. - سەلام فەراز، ئایا بۆ مردن ئامادەی؟ - ئەڵێی بۆ زەماوەندم بانگ دەکەی، کێ ھەیە مردنی پێ خۆش بێ ڕامھۆ! ؟ بەڵام مردن باشترە لە دیتنی ڕوڵەتی پیسی ئێوەی کۆشک نشین. ئەم زەلامە کێیە؟ ئەم نیقابە چییە بە ڕووی داداوە؟ من کە ئەبێ ھەر بمرم باشترە چاوم بە ڕواڵەتی کوژیاری خۆشم بکەوێ. - تۆ نابێ لێرە بمری. لە دەرەوەی شار جێگایەکیان بۆ مردنی تۆ دیاری کردووە. ئەم پیاوە لە گەڵتا دێ، بەڵام باشترە تۆش بەرگی سەربازانی ئەژدیھاک لە بەرکەی، بگرە ئەمەش لیباس. - ھا... خەریکن ئەم شۆڕەش دێنە سەر شانم کە بەرگی سەربازانی ئەژدیھاکی چەپەڵ لە بەرکەم. - زۆر قسان مەکە فەراز کەسێک کە لەسەرەمەرگدایە ئەبێ بیری بەلای ئەھورامزداوە بێ و ھێندە زۆر بڵێیی نەکا، دەی خێرا سازبە ئەم نیگابانە دەتباتە ئەو جێگایە کە بۆت لە بەر چاو گیراوە. - یانی ئەمن دەدەنە دەست ئەم تاقە نیگابانە؟ ناترسن لە ناو ڕێگادا بیکوژم و ڕاکەم. - نەچی بیری ڕاکردن بکەوێتە سەرت، ئەم نیگابانە لەوانە نییە بیرت لێ کردۆتەوە، ئەھای سەرباز ھەرکەس ویستی ڕابکا بیکوژە تێگەیشتی! ؟ دەی جا سازبن بڕۆن - زۆر چاکە ئەمە ڕۆیشتین... *** - ھا نیگابان تۆ ماوەی سەعاتێکە لەگەڵ منی. لەو ماوەیدا ھەتا ئێستا قسەیەکت نەکردووە، نەکا تۆ ڵاڵ بی؟ یان لە ترسان زمانت چۆتە بەست؟ ئم ھەر قسان ناکەی، ڕەنگە تۆ ناوبانگی منت بیستبێ، نازانی ئەگەر بمەوێ ڕاکەم ھەزاری وەک تۆ ناتوانێ پێشم پێ بگرێ، شمشیرم وەک ئاگری ناو پووش و پڵاش ئەیان کاتە خۆڵەمێش، من ئەمەوێ ڕاکەم بزانم تۆ چۆن پێشم پێ دەگری ھا... ؟ وەڵڵاھی زۆر سەیرە، ھەر وەڵام ناداتەوە... با جارێ دابەزین من زۆر شەکەتم لە زیندانی ئەژدیھاک زووخاو دەدەنە دەرخواردی بەندییەکان، ... زووخاو دەدەنە دەرخواردی بەندییەکان، ... ئاخ بە ماوەی تۆ سەرباز... تۆش دابەزە پشوویەک بدە پاشان دەڕۆین... تەماشای ئەم نیگابانە چەندە بێ ترس لێی خەفت، ڕاستی من بۆچ ڕانەکەم... ؟ ئەمەکەی ژیرییە کە من بە پێی خۆم بچمە بەر دەستی سەر بڕی؟ بەڵام ئەم نیگابانە... با لەمانە کە وەخە بەر نەیە ئەسڵەن... ! بێ چارە ئەو لە من شەکەتترە، لە پیاوەتی بەدەرە ڕابکەم و خەبەری نەکەمەوە... ئەگەر ویستی پێشم پێ بگرێ دەیکوژم و بۆ خۆم بۆی دەردەچم... ! کەوایە چاک وایە وەخەبەری بێنم! ئەھای کاکە... کاکە ھەستە بزانم... ؟ تۆ زۆر لە سەر ھەست دەخەوی لام وا بوو بەم زووانە وەخەبەر نایەی، بەڵام با نەڵێی فەراز ناپیاوانە خەریک بوو ڕاکا، ھاتم خەبەرت کەمەوە و بڵێم دەڕۆم. ئەو کاتە کە ویستت پێشم پێ بگری دەتکوژم... دەی سەرباز دەڵێی چی؟ لێم دەگەڕێی بێ شەڕ بڕۆم؟ یان شەڕەفی سەربازی ڕێت نادا؟ بڵێ بزانم وەڵامت چییە؟ ... ھا شمشیر دەکێشی... ھا... ھا تێگەیشتم... شمشیرەکەت ھەڵ کێشا ئەتەوێ بڵێی ئەگەر بمەوێ بڕۆم بەم شمشیرە لەت و کوتم دەکەی ھا... ھا... زۆر باشە کە وایە ئامادەبە... کوتوویانە موویەک لە بەرازێک بکەیەوە خۆی شتێکە، تۆش یەکێکی لە سەربازەکانی ئەژدیھاک کوشتنی تۆش خۆی کارێکە... ئامادە بە سەرباز... ھاوار دیارە باش شمشیر دەوەشێنی... بەڵام ھەر ئێستا کارەکەت تەواو دەکەم... ھا بگرە... نەخێر زۆر گیان سەختە... تا ئێستا کەس نەیتوانیوە لە بەرامبەر مندا ڕاوەستێ... نەخێر فایدەی نییە... ئاخ بەزاتی خودای شمشیرەکەی لێ ستاندم پێم خۆشە بە دەستی سەربازێکی پاڵەوان دەکوژرێم، ئێستاکە لووتی شمشیرەکەت وا بەسەر دڵمەوە دەمەوێ تکایەکت لێ بکەم... پێم خۆشە کوژیاری خۆم ببینم، بەڕاستی تۆ پاڵەوانی... منم فەراز کاردۆی برات. - کاردۆ؟ کاردۆ تۆی؟ ھا... ھا تۆی کاردۆ! ؟ - بەڵێ. بەڵێ منم، تۆ ئازاترین ڕۆڵەی چیایی لەم ماوەیەدا بۆم دەرکەوت مردن لای تۆ گاڵتەیە، تۆ لەھیچ شتێ ناترسی فەراز. - منیش بۆم دەرکەوت کەتۆ دیسانیش ھەر وەکو کاتی منداڵی لەمن بەھێزتر و پاڵەوانتری بەڵام بەگیانی تۆ کاکە زۆر شەکەتم، کەمێک سواری سەرشانی خۆتم ناکەی. - ھا... ھا... بۆ چ براکەم، بەڵام با بچینەوە چیا، ئەو کاتە ھەرچەند دەتەوێ سواری شانم بە. - ڕاستی کاردۆ، میترا حاڵی چۆنە؟ - بۆ زیاد لە ھەموو کەس پرسیاری میترا دەکەی؟ - ئەی دەتەوێ حاڵی شێری پیری چیا بپرسم؟ لێم ڕوونە کە پەژارە ڕوو ناکاتە کاوەی نەبەز. بۆنی چیا بەرەولووتم دێ، بۆنی بەھار، بۆنی نەورۆز... بابڕۆین دەی... *** - وەڵامت چییە ئاشام، تۆ چوویە زیندان فەرازت ھێنا کە بیھێنی بۆلای من پاشان فەرازت ڕاپەڕاندووە، ڕێگای ھەڵاتنت نیشان داوە ئایا ئەمانە ڕاستن؟ - بەڵێ ڕاستن بەڵێ. ھەموو ئەمانە ڕاستن من ئیتر لە خوێن ڕشتن وەڕەز بووم. چیدی ناتوانم ھاوکاری کارە چەپەڵەکانت بکەم. - ئاگات لێیە چی دەڵێی وەزیر؟ - بەڵێ باش دەزانم، منی تاوانکار ماوەیەکی زۆر یارمەتی تۆم دەدا. خەڵکم دەکوشت، پیلانم دەکێشا بەڵام ئیتر بەسە، ئەمەش بزانە کە تۆ، تۆ بەم زووانە وەکو سەگ دەکوژرێی، کۆشکت خاپوور دەکرێ - ھەر ئێستا دەستوور دەدەم لەباتی فەراز تۆ بکوژن مێشکت دەکەمە خۆراکی مارەکان، بەڵام ئەم مارانە مێشکی لاویان پێ خۆشترە، بڕوا ناکەم مێشکی کۆن و ڕزیوی تۆیان بوێ. - مەترسە ئەژدیھاک مەترسە، مارەکان مێشکی حەیوانیش دەخۆن، تا ئێستا ھەر مێشکی حەیوانێک و ئادەمیزادێکیان خواردووە. یانی ئەمە کاری من بووە ھەموو ئەو کەسانەی کە ئەبوو مێشکیان دەرخواردی ئەو مارانە بدرێ لە ھەر دووانیان یەکێکیانم ئازاد کردووە، ئێستاش لە کۆڕی شۆڕشدان تێگەیشتی، ھەر ئەمانەشن کە کۆشکی تۆ دەڕووخێنن. - جەللاد... ؟ جەللا؟ - بەڵێ قوربان - وەرە لە گەردنی دە بێدەنگی کە. - بۆ من مەرگ ڕزگارییە، ئازاد بوونە لە کاتێکا دەمرم کە دڵم پڕە لە یادی ئەھورامەزدا، و ھیوام بەدواڕۆژی شۆڕشی چیا بەتینە، ئێران ئەبێ سەرکەوێ، وەبێگانە ئەبێ ئەم وڵاتە ئەبێ بەگۆڕستانی. - بێ دەنگ بە!! بیکوژن. - بەڵێ بەسەرچاو قوربان... ھگ... *** - کاوەی مەزن، ئاشام پیاوانە مرد. ئەمەش نامەیەکە کە بۆ تۆی نووسیوە و داوای سەرکەوتنی بۆ کردووی و بەمنی گوت ئیتر نابێ لەکۆشکی ئەژدیھاکا بژیم. منیش ھاتمە ئێرە خزمەتت. بەخێر ھاتی کچم بەخێر ھاتی، مەرگی ئاشام دەری خست کە ئێرانی ھەرگیز بۆ ئەبەد بە ھەڵە ناچێ و لەسەر خەیانەت ناڕوا. گیانی ئاشام میوانی کۆشکی مینو بێ، تۆش بچۆ لای میترا کچم. - ھ... ھا... بەسەرچاو. - ئاشام بۆ ڕزگار کردنی من خۆی بەکوشت دا، من ھەرگیز ئەم فیداکاریە لەبیر ناچێتەوە، ھەمیشە بەناوی پیاوێکی بەرز یادی دەکەم - ئەمەش شەھیدێکی تر بوو، ئاخ کە چەندەمان شەھید دا بە ئێران، چەندمان دەربەدەری و ڕۆژە ڕەشی چێشت! ؟ خوا بکا خوێنی ئاڵی ئەم ھەموو شەھیدانە بەزەیی ئەھۆرامەزدامان بۆ ھان بدا، دیسانەوە نەورۆز بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەمان. نەورۆزێک کەلەمێژە لێمان تۆراوە. - فەراز... ! فەراز وەرە ئێرە کارم پێتە. - بڕۆ کوڕم بڕۆ میترا چاوەڕێتە، ئەمڕۆ شەڕی دوایییە، بەھاری ئەوساڵ ھەر لەئێستاوە دەستی پێ کردووە. باشە ئێستا تۆ و میترا تەنیا نین، کاردۆ و ڕامھۆ شتان لەگەڵە. - ئەی بۆ چ باسی خۆت و دایکت ناکەی؟ - ئێمە پیربووین کوڕم، تەنیا کاتێ من ئەبووژێمەوە و دەچمەوە تەمەنی لاوی کە ئەژدیھاک تێک بشکێنم، بێگانە و داگیرکەر لەوڵاتدا نەمێنێ، ئەو کات دەزانی کە باوکی پیرت چۆن وەک گوڵی ژاکاو ئاوی لەژێر کرێ دەبووژێتەوە، دەی... ئیتر متێرا چاوەڕوان مەکە. بڕۆ کوڕم بڕۆ خوات لەگەڵ بێ... فەراز! ؟ - بەڵێ بابە. - لەبیرت نەچێ کە ئەمڕۆ شەڕی دوایییە ئەبێ ھەموو ئامادەبن. - بەسەرچاو بابە بەسەرچاو... - من لەوکاتەوە کاردۆم نەدیوە کە لێتان بپرسم بەسەرھاتی ئەو ڕۆژەتان چۆن بوو! ؟ - ھ... ھ... ھا... باشترە لە خۆی بپرسی. - دەبێ شتێک ھەبێ و من نەیزانم؟ چییە ھەمووتان پێئەکەنن! ؟ پێم وایە قسەیەکی خۆشە... فەراز بەمنیش ناڵێی! ؟ - خوشکو برام تکاتان لێ دەکەم لەلای دەزگیرانەکەم ئابڕووم مەبەن! - قەیدی نییە گیانەکەم منیش پێم خۆشە بزانم. - بەخوا بڵێم چی؟ قارەمانی ئەم بەزم و بەسەرھاتە ڕامھۆ و کاردۆ بوون، ئەیان ویست من بترسێنن... ھا... ھا... راستییەکەی لەترساندنی منیشدا سەریش کەوتن - گیانەکەم ھەر لەئەوەڵەوە بۆم بگێڕەوە. - حەیف نییە پیاو ئەم ھەوا خۆشە و دیمەنە جوان و پاکە بەم قسانە خەسارکا! ؟ - ھا... ھا... نەخێر سوودی نییە، ناچێتە ژێربار، خۆت بیگێڕەوە کاردۆ. - ھا... ھا... بەڵێ داستانەکە بەم چەشنە بوو کە ئەمن ڕووبەندێکم ھا... ھا... - ئەگەر زیاتر لەسەری بڕۆی سواری سەر شانت دەبم، خۆت دەزانی کە لە منداڵییەوە بەم کارە فێرم باشە خۆم دەیگێڕمەوە، ... وەزیر خوا لێ خۆش بوو ھاتە زیندان. زۆر بەتوڕەییەوە قسەی لەگەڵ کردم و لەزیندانی ھێنامە دەرەوە و دامیە دەستی ئەم خوشکە ڕامخانە ھا... ھ... ئەویش پاش ماوەیەک لە ھۆدەکە ھێنامیە دەرەوە و لەگەڵ خۆی بردمی و دامیە دەستی ئەم کاک کاردۆیە... بەڵام کاردۆ بەرگی سەربازانی ئەژدیھاکی لەبەر کردبوو ڕووشی بەرووبەند داپۆشیبوو. - دەی جا تۆ بەقسە کردن و ئەندامیڕائەوت ناسییەوە! ؟ - ئەندامی زۆرکەس ھەیە وەکوو ھی کاردۆ زەلام، بەقسە کردنیش مەگەر کاک کاردۆ قسەی دەکرد! ؟ ماوەیەک بەسواری تێپەڕین ئەسڵەن یەک کەلیمەی لە دەمی دەرنەھات ھەرچی پرسیارم دەکرد جوابی نەدەداوە، پاشان لە شوێنێک دابەزین - ئەزانم بۆ ئەوە دابەزیبوون کە ڕابکەی؟ - نەخێر نەخێر، شەکەت بووم لە بەینی ڕێدا دابەزین، بەڵێ کاتێ کە دابەزین، من وام زانی کە کاردۆ یا واباشترە کە بڵێم کاکە نیگابان خەوی لێ کەوت و ھەستام و چووم خەبەری بکەمەوە. - نەخێر وانەبوو، بەئەسپایی ھاتی بزانی خەوتووم یا نە! ؟ ئەگەر خەوتبام ڕابکەی ھا! ؟ - ھا... ھا... - نا... نا... نا میترا باوەڕیان پێ نەکەی ئەم دووانە ئەیانەوێ ئەمڕۆ بەجارێ لەلای تۆ ئابڕووم بەرن. - ئاخر خۆ من نازانم چی بووە! ؟ ھا... ھا... - بەڵێ چوومە ژوور سەری کاک کاردۆ یان بڵێم سەربازەکەی ئەژدیھاکم خەبەر کردەوە کوتم من دەمەوێ ڕابکەم ئەویش شمشێرەکەی ھەڵکێشاو لێمان بوو بە شەڕ... بەگیانی میترا و بەگیانی ھەموومان پاش ماوەکەی بەخۆم دەیگێڕمەوە، وە نەئیزنیش دەدەم کە کاک کاردۆ بیگێڕێتەوە ھا. ھا... ھا... ھا... - باشە کاردۆ نارەحەتی مەکە بەسە. - ئەمن قسەیەکم نییە، دەی جا ھەستن وا باشە بچینەوە بۆ لای باوکم. - زۆر چاکە ھەستن با بڕۆین *** - شۆڕشگێڕانی بەشەڕەفی ئێرانی و کاردۆکی براکانم، ئەمڕۆ ھەوەڵ ڕۆژی نەورۆزە، خۆتان دەزانن کە لەمێژە بەھارمان نەدیوە، ئەمڕۆ ڕۆژێکە کە دەبێ بەگیان و دڵ تێکۆشن وڵات لەم کەمتیار و چەقەڵانە پاک کەینەوە، ھەمووتان ڕۆڵەی کوژراو و برا سەربڕاو و ماڵ سووتاون، شەڕتان لەپێشە لەسەر پاراستنی وڵاتە و پاشان بۆ تۆڵەساندنەوەی خۆتان، سەرکەوتن بۆ تێکۆشەرە. ئەژدیھایەکی ترسنۆک وەک ڕێوی لەبەر ھێرشی شێرانەتان ڕادەکا، ئەو تەنیا لە کوشتنی بێ دەسەڵات بەکارە، ئیتر بۆ پێشەوە... بۆ سەربەستی و ئازادی بەرەو نەورۆز... - براکانم ھەر وەکو باوکم دەستووری دا ئێمە لە پەنای ئەم شاخانەدا خۆمان حەشاردەین و نابزوێین، سوارەکانمان ھێرش دەکەنە سەر سوپای ئەژدیھاک، سەرۆکایەتی سوارەکانمان بەکاردۆی نەبەزە، پاش ھێرش ئەوان دوژمن بەرەو لای خۆیان ڕادەکێشن. دوژمن لەشار دێتە دەرەوە، ئەمجار ئێمە تیرەبارانیان دەکەین، ئێستا ئیتر ئامادەبن... - ئێمە ھێرش دەکەین بەڵام لەگەڵ سوپای دوژمن تێکەڵ نابین، دەیان کێشین بەرەو چیا با وابزانن کە ئێمە لەبەریان ڕەویوین با بکەونە شوێنمان دەی جا بۆ پێشەوە... - سەرکەوتن ھی ئێمەیە... بیاندەنە بەر تیر بیانکوژن... تیرە بارانیان کەن... ئافەرین -. - ئافەرین کاردۆ... بژی فەراز وەک گەڵاڕێزان دوژمن لەسەر ئەسپ بەردەنەوە... دوژمن خەریکە دەشکێ، خەریکە ڕادەکا لەبەر ھێرشی پیاوانەمان خۆ ناگرن... ھا... خەریکە ڕادەکەن... لێیاندەن... *** - ئیتر ھەموو شتێک دوایی ھات. ئەژدیھاک تێکشکا. ئەورۆز گەڕایەوە بۆ وڵاتەکەمان. دەستوور بدەن لەھەموو سەر ئاسۆیەک ئاور بکەنەوە، ئاگری گەرمی پیرۆز، نیشانەی سەرکەوتنی ئەھورامزدایە بەسەر ئەھریمەندا منیش دەچم بۆ لای فەریدوون و پیرۆزبایی شایەنی پێ دەڵێم... *** بەم جۆرە بێگانە وڵاتی ئێرانی لێ بوو بە گۆڕستان. ئێران وەک بەھەشتی جاویدان ڕازایەوە، ئێمە ئێستاش بە یادی ئەو ڕۆژە پیرۆزانە کاتی نەورۆز ئاگر دەکەینەوە. نەورۆزتان پیرۆز... ١٩٧٠/٠٣ ++++++++++++++++++++++