شاعیر: سوارە کتێب: چەکوش وەشێنی ڕۆڵە کوژراو سەرناو: بەشی ٤ - ماری لەسەر شانی شین بووە. - ئا ئا دووماری ڕەش. - میترا گوێت لێیە لە ھەموو لایەک باسی مارەکانی سەر شانی ئەژدیھاکە - بەڵێ گوێم لێیە، فەراز بڕوانە ئەو سەربازە لە مێژە کەوتۆتە شوێن ئێمە چاومان لەسەر ھەڵناگرێ. - ئای تۆ ئەترسی؟ بۆ لات وایە کە ھەموو کەس ئێمەی خستۆتە ژێر چاوەدێری، ئەم سەربازە سەری داخست و خەریکی شت کڕینە. - نا فەراز من ماوەیەک ئاگاداریم، ئەو بێ گومان کەوتۆتە شوێن ئێمەوە و ڕەنگە لێمان بەگومان بووبێ باش سەرنج بدە جارجار لە ژێر چاویەوە بۆ ئێمە دەڕوانێ. - ئەھ... با ئێمە جێگاکەمان بگۆڕینەوە ئەچینە جێگایەکی تر بزانین بەشوێنمان دادێ ئەگەر ھات دیارە کە مەبەستێکی ھەیە، - باشترە سەری لێ بشێوێنین، ئەگونجێ ئەو بەتەنێ نەبێ، من بەلایەکا دەڕۆم تۆش بەلایەکی ترا بڕۆ باشە! ؟ - ئەگەر ئێمەی خستبێتە ژێر چاوەدێری ئەڵبەت سەربازی تریشی لەگەڵدایە، چونکە ئەم خوێڕیانە ھەرگیز ناتوانن بەتەنیایی بەرەنگاری ئێمە بکەن، من بەم لایەدا دەڕۆم، تۆش لەو لاوە، لە ئاخری ئەم کۆڵانە یەکتری دەبینینەوە بەڵام ئەگەر من کەوتمە شەڕەوە تۆ ڕاکە. - باشە بڕۆ بڕۆ... - ڕاوەستە کچی جوان! -چییە سەرباز، من خزمەتێکم بۆ ئێوە لە دەست دێ؟ ئێمە ھەموو خزمەتکاری ئەژدیھاکی مەزنین. - ئەژدیھاک کاری بەتۆ نییە، منم کە نیازم ھەیە ماوەیە لە باوەشی تۆدا دنیا فەرامۆش کەم. - ئاخ کەسێک دەیەوێ دنیا فەرامۆش کا کە بەمەیلی ئەو نەچەرخێ، یان شتێک بترسێ، من دڵنیام کە سەربازانی ئەژدیھاک لە ھیچ شتێک ناترسن - بۆچ کچی جوان، ئەم کاردۆکە چەپەڵانە وەک سندان لە بن دەستمان دەرھاتوون لە ھەموو شوێنێک ھەن، وەک شەیتان بەھەموو ڕواڵەتێک خۆیان دەنوێنن، خەو و خۆراکیان لێ ھەڵگرتووین جا لەبەر ئەوە من دەمەوێ کەمێک لە باوەشی تۆدا بحەوێمەوە، یا ترس و لەرز لە بیر بەرمەوە - زۆر باشە سەرباز، بەڵام من خۆم جێگایەکم ھەیە دەچین بۆ ئەوێ پێت چۆنە؟ - زۆرم پێ خۆشە، بەڵام من فەرماندەی سەربازانی ئەم ناوەندەم ئەحواڵمان پێ گەیشتووە کە چەند کاردۆکێک بەسەرۆکایەتی فەرازی کوڕی کاوە ھاتوونەتە شار، ڕاوەستە بابچم ئەوان بێدارکەم و ڕاسپێرێکیان پێ بڵێم و پاشان دێمەوە بۆلات - زۆر باشە سەرباز من ھەر لێرە چاوەڕێم..... . ئەھ چی بوو سەربازی فەرماندە زۆرت پێ چوو؟ - دەستووری پێویستم دا، ئاخر کوڕێکی گەنج لای تۆ بوو، لەلات وەستابوو، ڕواڵەتی زۆر لە فەرازی کوڕی کاوە ئەچوو، گوتم نەکا خۆی بێ، دەستوورم دا کە ئەو کوڕە بگرن دەستی کردەوە بیکوژن. - ھا... ھا... فەرازی کوڕی کاوە! ؟ ئاھ ئەو چۆن دەوێرێ بێتە ناو شار، وادیارە فەرماندە زۆر لەو کوڕە ئەترسێ وانییە! ؟ - نا من لە ھیچ کەس ناترسم بەتایبەت ئێستا کە لەلای تۆم. - ئەمە شانازییە بۆ من فەرماندە، فەرموو بابڕۆین... - میترا ئەو پیاوە چەپەڵە بۆ کوێ دەبا؟ ھا ئاوڕی داوە، بەدەست خەریکە حاڵیم دەکا... ھ تێگەیشتم بۆ کوێ دەچێ... بەڵام من گوێم لە قسەکانی فەرماندەی سەربازەکان بوو، وادیارە منیان ناسیوە بەم جلوبەرگە ناتوانم بکەومە شوێنیان لەھەر کوێ تووشم بن پێشم پێدەگرن ڕاستە کە ھیچمان پێناکرێ بەڵام لانی کەم کاتم دەگرن... ھا بیرێکی چاکم کردەوە... بابچمە لای ئەو سەربازە کە پاڵی داوە بەو دەرگایە... دروود بۆ تۆ سەرباز. - دروود. من یەکێکم لە خزمەتکارەکانی ئەژدیھاک ھەواڵێکی خۆشم ھەیە، من دەزانم فەرازی کوڕی کاوە لە کوێیە، وەرە با نیشانت بدەم ئەو ئێستا لە ماڵێکا لێی خەوتووە پێویست نییە ھەواڵێک بەکەسێک بدەی، خۆت بیکوژە با ئەم شانازییە ببێتە نسیبی تۆ، مەگەر تۆ ناتەوێ ببیتە فەرماندە! حەیف نییە ھەر سەربازێکی ئاسایی ببی؟ مەترسێ منیش یارمەتیت دەدەم، خێراکە نەکا بەخەبەر بێتەوە، پەلە کە ھا ئە لێرەوە کەمێک توندتر... ئە ئەمە ماڵەکەیانە... ھەتا کەس چاوی لێمان نییە... تۆزێ لەو لاترەوە ھا... ئاشانا باش بوو، ئەمەش بۆ تۆ... با لیباسەکانی داکەنم... بابچم بزانم میترا چی کرد! ؟ ... چابوو ئەوجار ئیتر کەس نامناسێ بابڕۆم... *** -چییە ئەتۆ زۆر بەپەلەی فەرماندە؟ من لەبەر دەستی تۆدام، نەکا لە منیش بترسی؟ ھا ئەمن ھەرگیز لام وانەبوو ئێوە ھێندە لەم کاردۆکانە ئەترسن. - من و ترس؟ ھەرگیز، بریا ئەمڕۆ چاوم بەفەراز دەکەوت، دەستوورم دابوو ھیچ کەس نەیەتە یارمەتیم، ئەمەویست بەدەستی خۆم بیکوژم، تا ئەم ئێرانییە سەر بزێوانە تێ بگەن کە بێ ھوودە قارەمانێکیان لە فەراز ساز کردووە. - ئافەرین فەرماندە، بڵێ بزانم ئێستا ئەگەر لەم کاتەدا فەراز بێتە ژوورەوە تۆ چ دەکەی؟ - فەراز؟ فەراز کاری بێرە چییە؟ - ھا... ھا... ھ پرسیارێک بوو کردم مەبەستێکم نەبوو بۆچ ترسای؟ - ھۆ ھۆ لە باتی ئەم قسانە وەرە وەرە، وەرە باوەشمەوە، کچی جوان وەرە ھەتا ئەوەندەت بکوشم بەخۆمەوە تادەنگی شکانی ئێسکەکانت بژنەوم. - ئاخ فەرماندە مەگەر نازانی لەشی من زۆر ناسکە، وە باسکی تۆش زۆر بە ھێزە، تکایە ئارامتر بە... - ھۆ ھۆ... فەرماندە... فەراز... فەراز... - فەراز؟ فەرازی چی سەرباز؟ - قوربان فەراز ھاتۆتە ناو ئەو ماڵەوە، ئێمە ھەتا ئێرە بە شوێنیەوە بووین - دەی جا دەڵێی چبکەین/ ئەی لەعنەتی عەیشەکەی لێ شێواندین، تۆ دڵنیای سەرباز؟ کە فەراز ھاتۆتە ئێرە! ؟ - بەڵام فەرماندە تۆ ماوەیەک لەمەو پێش ئەتگوت ناترسێی؟ چبوو کە بە بیستنی ناوی فەراز سەرت لێ شێوا؟ - تۆ کێی کە بەم چەشنە بێ ئەدەبانە لەگەڵ فەرماندەی خۆت قسان دەکەی؟ - فەرماندەی من؟ فەرماندەی من کاوەیە ترسەنۆکی چەپەڵ، ئەمەش شمشیرەکەم وەرە ھا... ئەوەش بۆ تۆ... وەرە پێشێ... - تۆ؟ تۆ... ؟ تۆ؟ - بەڵێ من فەرازم، وەرە پێشێ، ئێستا کە شمشیرەکەت ھەڵناگری... ھا ئەمەش شمشیرەکەی من... من بەدەستی خاڵی لەگەڵت بەشەڕ دێم... ھا... - دەست خۆش فەراز - میترا حاڵت چۆنە؟ ھەستە ھەستە بابڕۆین گیانەکەم. - ئەم فەرماندە بەڕێزە بێ ھۆش بووە با لە تۆڵەی باوکم... ئەگەر چی وەک ئەمە وایە کە لە باتی خوێنی تاووس خوێنی مار بڕێژی. ھا... ھا... بابڕۆین میترا... بابڕۆین... *** - نازانم بەدەست ئەم مارانەوە چی بکەم؟ ھەموو ڕۆژێ جارێک سەریان دەپەڕێنم، بۆ بەیانی دوو سەری تریان لێ دەڕوێتەوە، نازانم شەیتانی گەورە بۆچ منی لە بیر چۆتەوە؟ خۆ من ھیچ نافەرمانێکم نەکردووە! -ھا... ھا... ھا... ھا... - ئەوە دەنگی پێکەنینی ئیبلیسی مەزنە، وا دیارە دەیەوێ یارمەتیم بدا... بەڵێ خۆیەتی... خۆیەتی یا ئیبلیسی گەورە بگە فریام لەدەست ئەم مارانە شەو و ڕۆژم نەماوە یارمەتیم بدە تکا دەکەم شەیتانی مەزن تکا دەکەم. - ئەژدیھاک، بڕوانە ئەم مارانە سەر دەھێنن بۆ ناو کونی گوێت، ئەمانە ماری ئاسایی نین مێشک خۆرن، بەمێشکی ئادەمیزاد دەبێ تێر کرێن دەنا مێشکی تۆ دەخۆن، ھەموو ڕۆژێ دوو ئادەمیزاد سەر بڕە مێشکیان دەربھێنە و بیدە بەم مارانە ئیتر خەویان لێ دەکەوێ تادیسانەوە ڕۆژێکی تر برسیان بێتەوە لە خەو ھەستن، ئەم تەنیا چارەی تۆیە ئەژدیھاک، ئیتر من دەڕۆم... - سپاست دەکەم شەیتانی گەورە سپاس. *** - ئاگات ڵێ بوو چیان کرد؟ چ ئاگرێکیان کردەوە ئەو ژن و منداڵانەیان چۆن ئەسیر کرد؟ ھەر دێتو و دڕەندتر دەبن، جاران تەنیا پیاویان ئەسیر دەکرد، ئێستا لە ژن و منداڵ و پیرە پیاوەکانیشمان نابوورن. - کوڕم سەگی ھار ھەتا کاتی تۆپین ھەر دێت و دڕندەتر دەبێ، ئەمانە پەلەقاژەی مەرگیانە کوڕم، بەم کارانە مردنی خۆیان دەخەنە بەرەوە بەڵام تۆ کوڕم ئارام بە، ئارام و لەسەر خۆ بە ھیچ خۆت شلوێ مەکە، تا مەرگ نەبێ ژیان نابێ تا شەڕ نەبێ ھێمنی نابێ ئەمە ڕێ و شوێنی ژیانە ھەموو شتێک دوو لانی ھەیە لانی باش و خراپ بەڵام کوڕم تەنانەت باری دزێوو خراپی شتەکەش پێویستە، وەک شەوت بۆ ھاتنی بەیان پێویستە وە ھەر زستان بۆ بوونی بەھار. - ببوورە بابە گیان، من جار جار ڕق و کینە سەرم لێ دەشێوێنێ، ئەڵێم بریاڕ ھەر کام لەم چەپەڵە ترسەنۆکانە ھەزار گیانیان ھەبوایە و ھەموو گیانیان بەنووکی شمشیرەکانی لە لەشیان ھاتبایە دەر ئاخ کەی ڕۆژی تۆڵە دەگا کەی؟ - نزیکە ڕۆڵەم نزیکە، زۆر نزیکە، ئەمڕۆ بۆیە تۆم ھێنا ئێرە کە چاوت بەم ڕوانگە ناشیرنە بکەوێ، وەبزانی کە ئەژدیھاک ھەرگیز لە ھەڵپەی خۆراک بۆ مارەکانی سەر شانی ناوەستێ، لە ڕاستییا ئەم مارانە بەری گیان و ھەستی ئەژدیھاکن کە لە داری گەندەڵی لەشی شین بووە، ئەژدیھاک نەفسی ناپاکی و چەپەڵیە، ئەو بارێکی مەبەستە و ئێمەش بارێکی تر. ئێمە و ئەو لە شەڕ ناچارین، ھەر وەک شەیتان و ئەھورامزدا ناچارن شەڕ بکەن. - ئاھ بڕوانە بابە، ئەم دێیە چۆڵ بووە، ھەموو کەسیان ئەسیر کردووە، ئێستا نیشانەیەک لە ژیان وەبەر چاو ناکەوێ، ئەڵێی ھەرگیز ئاوایی نەبووە، تەنیا دووکەڵی سووتمان و چەند لاشەی بێ گیان... ئاخ خودایە چەند تاڵە. ھەرچی زۆرو زوڵمی ئەژدیھاک زیاتر بێ، بڕوای ئێمە و خەباتکارەکانمان بەو ئەندازە پتەوتر دەبێ ئەمانەش کە بەھاندان غیرەتیان نەبزووت زوڵم و زۆر ناچارن دەکا ڕابکەن و بێنە لای ئێمە چونکە ھەمیشە چاوەڕوانن ڕۆژێک نۆرەی ئەوانیش بێ و بکرێنە خۆراکی ماری سەر شانی ئەژدیھاک، قسەم ھەڵ گرە کوڕم. ئەمەش بە سوودی ئێمەیە. - من شاگردی تۆم، کوڕی تۆم، سەربازی ژێر فەرمانی تۆم، ھەر دەستوور و ئامۆژگارێکی بیفەرمووی لام ڕەوایە بابە گیان. - سپاس کوڕم سپاس، لێم ڕوونە ئێستا کە گەڕاینەوە بۆ چیا ھەزارەھا کەس ئەندامی تازەمان بۆ ھاتووە، فێر کردنی ئەمانە لە سەر تۆیە، دەبێ وەھایان باربھێنی کە بۆ شەڕ ئامادەبن. - بە سەرچاو گەورەم. - سوار بە کوڕم با بگەڕێنیەوە سواربە. *** - کارێکت بە من ھەبوو قوربان؟ - بەڵێ ڕامھۆ بەڵێ، ئەزانی کە تا ئێستا ھەزار کەسم لە مەرگ ڕزگار کردوەو ناردوومنە لای کاوە، و ئێستاش لە کۆڕی شۆڕشدان. - بەڵێ قوربان ئاگام لێیە، ئێوە لەو دوو کەسانە کە ھەموو ڕۆژێ دەبێ بکوژرێن وشکیان بدرێتە دەرخواردی مارەکان. یەکێکیانت ئازاد کردووە و لە جێگای ئەو حەیوانێکی دیکەت سەربڕیوە و مێشکیت ئاوێتەی مێشکی ئادەمیزادەکەی تر کردووە، ئەمە خزمەتێکی گەورەیە کە تۆ بە ڕۆڵەکانی چیات کردووە، دڵنیام کە ئەھورامزدا تاوانی پێشووی ئێوەی بەخشیوە. - بەڵێ من دەمەوێ خزمەتێکی تریش بکەم. ئەمە ئاخرین یارمەتی منە بە شۆرش. - مەبەستتان لە ئاخرین یارمەتی چییە قوربان؟ - خۆت دەزانی کە تا ئێستا دە کوڕی کاوە سەر بڕاون و بوونەتە قوربانی و خۆراکی ئەو مارانە. - بەڵێ دەزانم. - ئێستاش فەراز گیراوە. - ئاھ... بەڵێ بەڵێ. - ماوەیەکی لەمەوپێش بە چەند سەد کەس گەمارۆیان دا و گرتیان، من چاوم لە شەڕی پاڵەوانانەی بوو، لە بەر کۆشکی ئەژدیھاکدا شەڕیان دەکرد، بەداخەوە من ھیچ کارێکم بۆی لە دەست نەھات، ئەمڕۆ نۆرەی ئەوە، نۆرەی ئەوە کە سەری ببڕن. - ئاھ- بەڵێ. - من پێم حەیفە کە لاوێکی وەھا بەکار لە نێو بچێ، ئەمەوێ ڕزگاری کەم. - چۆن ئەتەوێ ڕزگاری کەی؟ فەراز کەسێک نییە کە نەناسرێ، وەک من بیستوومە ئەمڕۆ لە کۆشکا بەم بۆنەوە جێژنێک ئەگیرێ ئەژدیھاک دەستووری داوە فەراز بەرنە لای خۆی و لەبەر چاوی خۆیەوە سەری ببڕن، بەم حاڵەوە باوەڕناکەم. - ئەو پەڕی ئەمەیە کە گیانم لە سەر ئەم کارە دابنێم، من وەزیری ئەژدیھاکم، ئەتوانم بچمە زیندان و فەراز بێنمە دەرەوە، و بڵێم کە دیبەمە لای ئەژدیھاک و پاشان خۆم دەزانم چی لێ بکەم، بەڵام لەبەر ئەمە تۆم بانگ کرد کە یارمەتیم بدەی. - من ئامادەم بەڵام خۆتان بفەرموون دەبێ چبکەم؟ - کاتێ فەرازم ھێنایە دەر ئەیدەمە دەست تۆ جا دەبێ ھەر جۆرێک بێ لە کۆشک بیبەیتە دەرێ ئەسپێکی بۆ ئامادەکەی و سوار بێ و لە ھەرێمی مەترسی دوورکەوێتەوە، تکایە سڵاوی گەرمی منیش بە کاوە بگەینە. - بەسەرچاو قوربان بەسەرچاو. -خوات لەگەڵ ڕامھۆ، خوات لەگەڵ بۆ ھەمیشە، باوەڕناکەم چاومان بەیەکتر بکەوێتەوە ڕامھۆ. - ئەھورامەزدا پشت و پەنات بێ وەزیری مەزن. *** - سپاس زیندانەوان دەرگای زیندانەکە بکەوە. ئەمەوێ فەراز بەمە لای ئەژدیھاک. ئاخر ئەمڕۆ نۆرەی ئەوە. - بەسەرچاو گەورەم... - ھا... شێری چیا، حاڵت چۆنە؟ - تۆی ئارشام؟ بۆچ بەتەوسەوە قسەم لەگەڵ دەکەی؟ - تۆ خەیانەتکاری تۆ چەپەڵی، دژی شایەتی ئەژدیھاک ھەستاوی، ئەتەوێ شاھەنشایی ئێران زیندوو کە یەوە ھا... ؟ ئەمانە بەس نین بۆ ئەمە کە ڕقم لێت بێ؟ - یانی چی؟ تۆ زۆر گۆڕاوی وەزیر مەگەر. - بێ دەنگ بە، بێ دەنگ بە نەفام... من نۆکەری ئەژدیھاکم. ئێستاش ھاتووم بتبەم بۆ لای ئەو ئەمڕۆ نۆرەی تۆیە کە بمری. - وا دیارە من و کاردۆ بە ھەڵە چووین، بریا لێدەگەڕاین ھەر لەوێ دەتی کوشت، تف لە تۆ خانی وڵات فرۆش. - ئاگات لێیە زیندانەوان، ئاگات لێیە چی دەڵێ خێراکە لاقی بکەوە یاڵڵا، لاقی لە بەند ڕزگارکە ئەمەوێ کاتێ بەرەو مەرگ دەڕوا بیبینم بزانم لە ترسانە لە پێ ناکەوێ... یاڵڵا زووکە - بەڵێ قوربان بەسەرچاو. *** ++++++++++++++++++++++