شاعیر: سوارە کتێب: چەکوش وەشێنی ڕۆڵە کوژراو سەرناو: بەشی ٣ - فەراز چی بەسەرھاتووە؟ ئایا کوشتوویانە یان؟ ئایا دایکێک تاکەی دەتوانێ ئەم دەردە ھەموار بکا؟ تکایە کاوە پێم بڵێ فەراز ماوە یان کوژراوە؟ - لەسەرخۆبە ئافرەت، لەسەرخۆبە، مەگەر تەنیا فەرازی تۆیە بەدەست ئەم دڕندانە کوژراوە لە ھەموو ئێرانا دایکان کۆس کەوتوون، ھەموو کەس تازیە بارە. - یانی کوڕەکەم کوژراوە... ئاخ فەراز... فەرازی جوانم... دایکت پاش مەرگی تۆ چۆن بژی... - مەگری مەگری دایەگیان، ئەمە چارەنووسی ئێمەیە... بەڵام ئەمن بۆچی وائەڵێم... چۆن نەگری. -ھا... بەسیەتی ئیتر بەسیەتی... ئێوە بەم شیوەن و گریانە گیانی فەراز ئازار ئەدەن. فەراز نامرێ ئەو فیدایی ڕێگای ئازادییە ھەرگیز نامرێ، ئەگەر ئەمڕۆ ڕواڵەتی لە پێش چاومان لاچووە لە نێو دڵماندا دەژی... ئاخ فەراز مەرگی تۆ چەند گرانە، بەڵام ڕووت سپی بێ کوڕم وەک ڕووی مرۆڤایەتیت سپی کردووە... دروود بۆ گیانی نەمرت... فەرازی من ڕۆڵەی دلێرم، کوڵی دڵی باوکی پیرت پێشکەش بەگۆڕی ساردووسڕت ئێتر زایەڵەی پێکەنینت نایەتە بەر گوێم، باوکی کڵۆڵت بەمەرگی تۆ سۆمایی لە چاوی بڕا، تۆ بایی دارترین دیاری ئێمەی بۆ شۆڕش و ئازادی، لە گۆڕەکەتا بەئاسوودەیی بخەوە، مەرگی تۆ زۆر زۆر زۆر خەسار بوو کوڕم. *** - ئاھ... خودایە، فەراز؟ - دروود بۆ کاوەی مەزن. - ئا... دروود کوڕم... ئای ئا... ئەمن چاوم دروست دەبینێ؟ -چاوی ھەڵۆی چیای کالیدی ھەرگیز بەھەڵە ناچێ. - بەڵام کوڕم فەراز؟ - ئاخ فەراز ڕۆڵەی شیرینم... - میترا تکایە تۆ خەریکی بەھۆشەوە ھێنانی دایکی کاردۆ بە... فەراز چاوم بەدیتنت ڕووناک بۆوە... بڵێ... بڵێ بزانم کوڕم چۆن ڕزگاربووی. - ئاخ بابە... زۆر شەکەتم، دەمەوێ بخەوم چەند شەو و ڕۆژە نەخەوتووم... ھەرچی دەتەوێ لەکاردۆ بپرسە... تا... دەمەوی بخەوم بابە... - خەوی لێ کەوت، تەنیا ئەو بووە توانیویە خۆ لەبەر دەم ھەموو شکنجە بگرێ... باشترە بخەوێ! - دەی کوڕم تۆ بۆم بگێڕەوە فەراز چۆن ڕزگاربوو؟ من بەجارێ دڵنیا بووم ئەو کوژراوە. - ڕامھۆ بوو بە ھۆی ڕزگاری فەراز، ئەو ھەواڵەی دا بەمن کە فەراز نەمردووە، منی ڕێنوێنی کرد بۆ زیندان و ڕزگارم کرد. - ئافەرین کوڕم ئافەرین، بەڕاستی ناوی کاردۆت خەسار نەکردووە، نازانی دایکت لە چ حاڵێکدا بوو، من مەجبوور بووم کە پێی بڵێم فەراز کوژراوە- ئەو بێ چارە دیتت کە بەدیتنی فەراز بێ ھۆش بوو. ئەو خەریکە دێتەوە ھۆش لام وایە باش نییە لەم حاڵەدا چاوی بە فەراز بکەوێ - کچم؟ - بەڵێ! - تۆ لە ڕادە بەدەر میھرەبانی، خوا بتپارێزێ کچم. کاردۆ یارمەتی بدە، دایکت بەرنە ھۆدەیەکی تر ھادەی خێراکەن... دەی بیبەنە ھۆدەیەکی دی. *** - ئاخ فەراز نازانی دووری تۆ چەندە بۆ من گران بوو؟ بەتایبەت کاتێ قاوکرا کە تۆیان لە ژێر شکەنجەدا کوشتووە چەندە ناڕەحەت بووم، ئەمویست بمرم، ژیان بۆ من بێ مانابوو، تەنیا دڵخۆشی دانەوەی باوکت بوو کە بەرگری لە خۆکووشتنم دەکرد. - ئا... تۆش خێرا باوەڕت کرد کە من مردووم؟ ھا... ئاخر نەدەبوو بیر لەوەش بکەیەوە کە فەراز جارێ ھیوای زۆری بەژیان ھەیە و بەم زوانە نایەوێ بمرێ! - نا... ھیچ کەس نایەوێ بمرێ فەراز، بەڵام مەرگ لەم قسانە ناپرسێ فەراز -ھ... ھ... میترا بەھەڵە چووی، مەرگ لەبەرامبەری ویستی پیاوانە پەست دەبێ، مەرگ ھی ئەو کەسانەیە ھیوای ژیانیان نامێنێ و مل بۆ مردن کەچ دەکەن. ئێمە بەھارێکی خۆشمان لەبەرە بەھارێکی پڕ ئاگرو گوڵ، پڕ ئاگر و گوڵ و شینایی بەھاری ئەوین و دڵداری و ڕزگاری... ئاخ خودایە... لە مێژە مەلی بزە لە ھێلانەی لێوانمان تاراوە... بەڵام لەگەڵ ئەم ھەموو چارە ڕەشی و کڵۆڵیە دەنگی جریوەی مەلی نەورۆز ئەبیستم میترا لە پشت دیواری ھەرەس و بەفر و سەھۆڵ بەرەو چیایی کالیدی، بەرەو ئێران باڵ ئەگرێتەوە- من دڵنیام میترا، دڵنیام بەیانی بەھەموو پڕشنگ و شکۆیەوە ھی ئێمەیە، ئەمە سروشی پاکە بەمنی گوتووە، کاتێ لە ژێر شکەنجەدا ئەمناڵاند ئەم دەنگە ھاتە گوێم، دەنگی سروش بوو، ھەر لە دەنگی کاوەی مەزن ئەچوو کە ئەی گوت: - کوڕی دلێری کاردۆک، پتەوبە وەک چیایی بەرزی کالیدی، مەبەزە، گاڵتە بەمردن بکە، نەورۆزێکی ڕەنگینمان لە پێشە، مردن بۆ دوژمنانی تۆیە، پیاو بە فەراز پێبکەنە، دۆستت شاد و دوژمن کوێربە، قارەمانی شۆڕش پێبکەنە. - ئەم دەنگە گیانێکی تازەی کرد بەلەشما لێ بڕام خۆم ڕاگرم، وەدیت کە بەیارمەتی ئەھۆرای مەزن سەرکەوتم میترا. - ئاھ... فەراز تۆ سەراپای گیانت ھیوایە، تۆ ئاگرێکی کە گەرمایت بۆ دۆستان و سووتاندنت بۆ دوژمنانە. - ئاھ... ھ... ئێستا پێم بڵێ بزانم، تۆ لە تاقمی گەرمەوەبووەکانی یان سووتاوەکانی؟ - فەراز من دڵم بەقسەکانت گەرم ئەبێتەوە بەڵام ھەناسەی ساردیشم ھەر بەھۆی تۆوەیە. - ئا... یانی چی؟ ئایا ئەمن بێ ئەدەبیێکم کردووە کە کچی ئابراداتاسی مەزن دڵی ڕەنجابێ؟ - نا فەراز ڕەنج و پەژارە لە دڵی خۆمدایە ئەوەی کە من ئەسووتێنێ تۆ نی، ئەوینی منە من ئەویندارم فەراز. - ئێمە ھەموومان ئەو ئەویندارین، مەگەر ئەوین بە ووڵات، ئەوین بەشۆڕش و ئاگاداری ناکرێ پێی بڵێی ئەوین ھا! ؟ - ئەمانە ھەموو ئەوینێکی گەورە و پاکن، بەڵام گیانی من بەئاگری ئەوینێکی تایبەتی ئەسووتێم. - یانی ئەتەوێ بڵێی ئاشقی پیاوێک بووی نەکا بڵێی کاردۆ ھا؟ - ئەھا - کاردۆ بەرزە، بەڵام وەک برایەک خۆشم دەوێ. - ئەرێ من بزانم دڵدارەکەت کێیە؟ - فەراز تۆی، دڵداری من تۆی. - چی ئەبیستم؟ ئایا بەڕاستیتە میترا تۆ منت خۆش دەوێ؟ - پڕ بەدڵ پڕ بەھەموو ھەستم خۆشم دەوێی. - ئاھ خودای گەورە، خەو دەبینم؟ یان بێدارم، تکایە، جارێکی تر دووبارە بکەوە و دووبارەی کەوە. - خۆشم دەوێی فەراز، زۆرم خۆش دەوێی. - میترا ئەمنیش پێت بڵێم؟ ... لە مێژە تۆم خۆش دەوێ، بەڵام... بەڵام پێم باش نەبوو ھیچ بڵێم، ئێستا کەوایە ئیجازە بدە دەستەکانت ماچ کەم... ئاھ میترا... - ھم... بێ مێشکی بێ کارە تۆ بەکەلکی ھیچ شتێک نایەی، بەم ھەموو سپا و پاسەوانانەوە بەم زیندانە بەرزو پۆڵایەوە، نەت تووانی بەندێکی بێ دەسەڵات ڕابگری، ئەمە بۆ تۆو بۆ من شوورەیییە. - ببوورە شەیتانی مەزن من تاوانم نییە، پاسەوانەکان بێکارە و تەمبەڵن، ئەوێ شەوێ ھەموویان لە دەرەوەی قەڵای زیندان خەویان لێ کەوتبوو بەیانی بەزۆری تازیانە خەبەرمان کردنەوە. - ئەم... ئەمە کەڵاوی دوژمنی گەورەی من ئەورۆ موزدایە... ھ... ئاخر من ھەمیشە لە شەڕی ئەوا تێشکم. چی بکەم نەخۆشیەکەت لەبیر نەچۆتەوە؟ ھا... ئەژدیھاک. - ئەتەوێ چی بکەی؟ ... نا تکا ئەکەم من لە چاوی تۆ ئەترسم، بەم جۆرە پێدا مەڕوانە - ھا... ھا... ھا - من بۆ فەرمانت ئامادەم... بۆ فەرمانت ئامادەم ئاخر شەیتانی مەزن. - نا... ئەژدیھاک ئێرە ئێرە جێگای من نییە ئەھۆراموزدا ھاتۆتە یارمەتی دوژمنەکانم، شار بۆنی پاکی و باشی لێوە دێ، من دەبێ ڕاکەم بەڵام لە پێشدا دەستووربدە ھەموو کەس کۆبنەوە کۆڕێکی گەورە بگرن. - لەبەر چی سەروەرم؟ - ھا... ھ... کارت بەسەر ئەوەوە نەبێت ھەرچی گوتم وابکە ئەژدیھاک. - بەسەرچاو قوربان فەرمان بەرم. *** - بێ دەنگ بن، بێ دەنگ بن، ھەمووتان دەزانن کە دوژمنانی من ھەر ڕۆژی پیلانێک دەگێڕن، ھێرش ئەکەنە سەر سەربازەکانم و ئەیانکوژن، لە بیرتان چۆتەوە کە من کێم؟ و چۆن سپای جەمشیدم تێکشکاند، فەرامۆشتان کردووە کە من لەگەڵ ڕەحم و بەزەیی بێگانەم؟ حەزم لە لاشەی بێ سەر و ئەندامی کون کون کراو و سەری بڕاوە، ئایا ئێوەی ڕەش و ڕووت و بێ دەسەڵات ئەتانەوێ بەرەنگاری من بوەستن! ؟ بیر بکەنەوە لە ھەموو ئێرانا، بنەماڵەیەک ھەیە کوڕی نەکوژرابێ؟ یان تاڵان نەکرابێ و ماڵی نەسووتابێ! ؟ من لە کوشتن و خوێن ڕشتن ماندوو نەبووم، ئەگەر ئێوەش لە مردن و بەندکردن نەوەستاون زۆرم پێ خۆشە دیسانەوە دەست پێ ئەکەینەوە، بزانن کامەمان سەر ئەکەوین! ؟ - سەرکەوتن بۆ ئێمەیە و مردن بۆ تۆ. - ئەمەش بەڵگەی سەرکەوتنمان... ھا بگرە. - ئەمە بەڵگەی شکستی ئێوەیە، بڕوانن ئەم نێزەیە چۆن لە حەواوە ماوەتەوە. - زۆر سەیرە! ؟ - ئەی خۆ لە حەوا ڕاوەستاوە؟ - سەیر... - ئێستا زانیتان کە نێزەش ناوێرێ لە سنگی ئەژدیھاک نزیک بێتەوە... ھا... ھا... - سەروەر ئەگەر ماوە بفەرموون من ئەڕۆم ئیتر ئێوەش بەتەواوی ھاتوونەتەوە سەر خۆ و نەخۆشیتان نەماوە، منیش ئەمەوێ بگەمە فریای نەخۆشێکی تر، من پزیشکم کارم تیمارکردنی نەخۆشە، زۆر خۆم بەبەختیار ئەزانم کە توانیم ئەژدیھاکی مەزن لەو نەخۆشییە ڕزگارکەم، تکام ئەمەیە کە ماوە بفەرموون سەر شانەکانتان ماچ کەم. - سپاست دەکەم پزیشکی زانا، شانی من بۆ ماچ کردن ئامادەیە. - سەروەرم ئەمە شانازییە بۆ من با سەر شانت ماچ کەم تابتوانم لە ھەندەران بڵێم لێوی ئەم پزیشکە پیرە سەرشانی شکۆداری ئەژدیھاکی ماچ کردووە قوربان ئیتر من لە خزمەت مەرەخەس دەبم... - سەرکەوی پزیشکی پیر بەھیوای دیدار - کاتێ من خەریک بووم لە دەرگا بچمە دەرەوە جێگاکەت بگۆڕە... دەنا ئەو نێزە کە بەئەفسوونی من ڕاوەستاوە سنگت کون ئەکا... - ئاخ... نێزەکە باڵی گرتەوە بڕوانە ئەم کۆڵەکە بەردەی کون کرد... شەیتان شەیتان کاری شەیتانە. - ئەمە کاری شەیتانە. - ئیتر من کارێکم نییە، ھێزی منتان چاو پێ کەوت، بڕۆن و ئارام بن. *** - ھا وەزیر دیسانەوە پەرۆشی؟ چی ڕووی داوە؟ - نازانم چی بڵێم! ؟ نازانم بڵێم چی ڕامھۆ! ؟ من ئێرانیم، بەڵام لەگەڵ ھەموو کردەوە خەراپەکانی ئەژدیھاک ھاوبەشم، بەشی ھەرە گەورەی تاوان بە ئەستۆی منەوەیە، ئەژدیھاک بێگانەیە ئەگەر خراپەش دەکا لانی کەم لەگەڵ ھۆزەکەی خۆی ناکا. بەڵام من چی؟ نازانم نازانم ئەتوانم ھیواداربم کە ئەھۆراموزدا لە تاوانم ئەبوورێ یان نا؟ - وەزیری بەڕێز تۆ ھەرگیز ئەو قسانەت نەکردووە، چ ڕووی داوە کە ئەمڕۆ کەوتوویەتە بیری ئەم مەبەستەوە؟ - ئەزانم ڕامھۆ، ئەزانم ئەتەوێ بڵێی کە درەنگ بووە من ئیتر ڕووی گەڕانەوەم نییە، بەم ھەموو تاوانەوە ھەرگیز نابەخشرێم ھەرگیز، دەمێ ساڵە خزمەت بەھەژدیھاک دەکەم، نەک لەبەر ئەوەیە کە خۆشم دەوێ چونکە لێی دەترسم نامەوێ کوڕەکەم بکوژی و کچەکەم بکەوێتە دەست سەربازەکانی ئەژدیھاک، خزمەتی من بۆ خۆپاراستنە، بەڵام لە کاتێکەوە بۆم دەرکەوتووە ئەژدیھاک بەندەی ئەھریمەنە شەرم و شوورەیی دای گرتووم... ئاخ... من چەندە چارە ڕەشم، من خزمەتکاری بەندەی شەیتانم. - ئێستا کە بۆت دەرکەوتووە لەم ماوە درێژەدا بە ھەڵە چووی ناتەوێ تۆڵەی ئەم خراپانە بکەیتەوە؟ - چۆن؟ مەگەر ئەتوانم؟ - سەروەرم ئەگەر بتەوێ دەتوانی، ئەژدیھاک زۆری بڕوا بەتۆ ھەیە، ئەتوانی لەم بڕوایە بەسوودی شۆڕشگێڕەکان کەڵک وەربگری. - مەبەستت ئەمەیە کە یارمەتی شۆڕشگێڕەکان بدەم؟ نا... نا من لە ئەژدیھاک دەترسم. - ئەی لە ئەھوراموزدا ناترسی؟ لات وانییە کە پەشیمان بوونەوەت دەبێ بەکردەوە پیشان بدرێ؟ بەوتەی خۆتان ھەتا ئێستا لەسەر ڕێگای تاوان بوون، ئەگەر پەشیمانن ئەبێ بکەونە سەر ڕێبازی خزمەت و تێکۆشان. - ڕامھۆ تۆ ڕێگایەکت بەرچاو دەکەوێ؟ یان لات وایە من بتوانم من بەچەشنێ یارمەتی لاوە قارەمانەکانمان بدەم؟ خۆت دەزانی کە من پیاوی شەڕ و مەیدان نیم. - قوربان بۆ شەڕکردن ھەر تەنیا پیاوی شەڕکەر بەس نییە پیاوی ژیر پێویستی بەئاوەزیشە من دڵنیام تۆ ئەتوانی خزمەتێکی گرنگ بەوڵاتەکەمان بکەی. - باشە بڵێ بزانم، من چی بکەم بڵێ؟ - دۆزینەوەی ڕێگا لەسەر من سەروەرم. - من ئامادەم ڕامھۆ، ھەرکات پێویست بوو ھەواڵم پێ بدە. - بەسەرچاو گەورەم ئێستا جارێ بەدوعا. - خوات لەگەڵ کچی بەشەڕەف خوات لەگەڵ. *** - ئاھ... من خەریکم دەمرم سەرشانم ئارامی لێ ھەڵگرتووم، ئای ئاشام؟ ئاشام لە کوێی؟ - لێرەم گەورەم، فەرمایشتێکتان ھەبوو؟ - سەرشانم ئارامی لێ ھەڵگرتووم، ئەڵێیی گیانم دەردەچێ نازانم بۆچ ئەمڕۆ کت و پڕە وەژان وەستا؟ خۆم نایبینم وەرە بزانە بریندار نییە؟ - ماوە بفەرموو قوربان بابزانم... ؟ ئاھ خودای گەورە ما... مار... ! ؟ دوو... دوو ماری ڕەش قوربان. - چییە ئاشام بۆچی ڕات کرد؟ ماری چی؟ - قوربان لەسەر ھەرکام لە شانەکانت ما... مارێکی ڕەش ھاتۆتەدەر - چیی لێوی شەیتانە ماری لێ شین بووە ئێستا چار چییە وەزیر؟ مارە پێمەوە دەدەن وەرە وەزیر بەم خەنجەرە سەریان لە لەشیان جوێ کەوە. - قوربان م... من ناوێرم. - ھا... ترسنۆک من خۆم ئەم کارە دەکەم. - ھا... ھا ئەمە یەکێکیان... ئەمەش ئەوی تریان... ئاخ ئاسوودە بووم ئیتر شانم ژان ناکەن، من دوێنێ شەوێ خەو لە چاوم نەکەوتووە، وەزیر ئێستا ئەمەوێ کەمێک بخەوم، بڕۆ بەڵام زمانت گرێ دە، نەکا ئەم باسە بدرکێنی ھا... - بەسەرچاو قوربان بەسەرچاو. *** - ئاھ... ئاخ... ھ... من خەریکم لە پێ دەکەوم کاردۆ کەی دەگەینە لای کاوە؟ ھ... ھا... - منیش پێم بەشوێنما نایە، بەم کێوانەدا ڕێگا ڕۆیشتن بۆ منی پیرەمێرد زۆر سەختە. - ھا... ھێندەمان نەماوە بگەینە غارەکە، بڕوانن فەراز لەبەر دەرگای غارەکە کێشک دەکێشێ! - باشە... باش... - ھۆی تۆی کاردۆ؟ وەرنە پێشەوە وەرن. - بەخێر بێی کاردۆ. - سپاس فەراز... کاوە لە ژوورێیە؟ - بەڵێ بچۆ ژووری غارەکە. - باشە دەچم با ئەو میوانانە لێرەبن... گەورەم دوو میوانی تازەمان بۆ ھاتووە، یەکیان ڕامھۆیە کە دەیناسی، بەڵام ئەوی تریان... - چییە بۆ بێ دەنگ بووی؟ ئەوی تریان کێیە؟ - بابە گیان تا بەڵێن نەدەی وەک میوانێک ڕەفتاری لەگەڵ دەکەی ناوی نابەم. - بڵێ کوڕم بڵێ، ھۆزی کاردۆ میوان گر و دڵاوان، مەگەر وانییە کوڕم؟ - ھەر لەبەر ئەمەیە کە کاکە کاردۆم داوای لێ کردی کە ڕێز لەم میوانە بگری. - ئێستا بڵێ کوڕم میوانی تازەمان کێیە؟ - ئاشام وەزیری ئەژدیھاک. - ھا... گوتت ئاشام؟ تاوانکاری گەورە؟ ... نا... نا نا کوڕم، من سوێندم خواردووە بەدەستی خۆم بیکوژم ئەمن نامەوێ چاوم بەم خیانەتکارە بکەوێ. - بابە... بابە... من لام وابوو ئەگەر شەیتانیش ببێتە میوانی تۆ، لە تاوانی دەبووری، بەڵام وا دیارە ژێر چەپۆکەیی چەن ساڵەی ھۆزەکەمان ڕەوشتی بەرزی لەبیر بردوویەتەوە، کاردۆ میوانەکەت ھەڵگرە و لێرە بڕۆ، سوێند بەیەزدانی مەزن ھەرکەس بیەوێ پێشت پێ بگرێ... تەنانەت ئەگەر باوکیشم بێ بەم شمشێرە وەڵامی دەدەمەوە ئێمە شکستی ئەمەین کە پیاوەتیمان لەبیر چۆتەوە، ھەستە برای پاڵەوانم ھەستە، بەمیوانەکەت بڵێ کاردۆکیش پەست بوون مرۆڤایەتیان لانەماوە. - بەدوعا بابە بەدوعا! - ڕاوەستە کاردۆ ڕاوەستە، ببوورە کوڕم بە ئاشام بڵێ بێتە ئێرە، بێتە ژوورەوە - سپاس کاوەی مەزن... ئاشامی بەڕێز وەرنە ژوورەوە... - دروود بۆ کاوە شۆڕشگێڕی قارەمان. - دروود ئاشام بەخێرھاتی. - تۆ ھەقت ھەیە لە من تووڕە بی، ھەقت ھەیە سەرزەنشتم بکەی، ئەزانم من تاوانکارم ئێستا من ھاتووم بە چەشنێ تاوانەکەم سووک کەم، ھەرچی تۆ بڵێی وادەکەم تەنانەت ئەگەر فەرمان بدەی بەم پیرییە شمشێر بەدەستەوە دەگرم و لە ڕیزی لاوەکاندا دژی ئەژدیھاک شەڕ دەکەم. - ئاشام، من و تۆ بەمنداڵی پێکەوە ھاوەڵ بووین بەیەکەوە گەورەبووین، ھەردووکمان لە سەردەمی شایەتی جەمشیدمان لەبیرە ھەردووکمان ڕۆڵەی ئەم وڵاتەین، من چاوەڕوانی ئەمە نەبووم کە تۆ کردت، سوێندم خواردبوو کە بەدەستی خۆم بتکوژم. بەڵام تۆ میوانی ئێمەی و ئەڵێی کە پەشیمان بوویەتیەوە، ھیوادارم ئەھوراموزدا لە تاوانت خۆش بێ ئەم شەو میوان بە، ڕاستە کە ئەم غارە جێکای تۆ نییە و ناڕەحەت دەبی، بەڵام باشە شەوێکیش ئاگات لە ژیانی ھەژاران بێ تا ھەست بە دەردیان بکەی. - بەڵێ کاوە، تۆ جێی شانازی وڵاتەکەمانی من بە بەختیاری دەزانم کە لە لاتان بم، بەڵام لام وایە لە کۆشکی ئەژدیھاکا باشتر دەتوانم یارمەتیتان بدەم، ھەواڵێکیشم بۆ ھێناون ئەژدیھاک، ئەژدیھاک دوو ماری ڕەشی لەسەر شانی ھاتۆتە دەر، ھەموو ڕۆژێک جارێک سەریان دەبڕێ، بەڵام دیسانەوە ھەروەک گیا شین دەبنەوە. - نەمزانی ئەو پزیشکە شەیتان بوو، جێی دەمی شەیتان ھەر دەبێ ماری لێ شین بێ. - بابە شەو درەنگە، ھاواڵەکان چاوەڕوانی ئێوەن تابزانن بەیانی چی بکەن قوربارن؟ - کوڕم من و ئاشام لە مێژە یەکتریمان نەدیوە، ماوە نادەی کەمێک باسی بیرەوەری لاوی خۆمان بکەین؟ - سەروەرم ئێوە دەستوور بەئێمە بدەن خۆمان بەوانی تر ڕادەگەیەنین. - زۆرباشە کوڕم، تۆ بەسەرۆکایەتی ٥٠ کەس ھێرش بکەنە سەر قەڵای خارخار، فەراز تۆش لەگەڵ چەند کەسێکا لەناو شار وریای جوڵانەوەی سپای ئەژدیھاک بن، منیش بەیانی دەچمە لای شاھەنشا فەریدون لەمێژە نەچوومە خزمەتی. - زۆر چاکە بابە - بەچاوان بابە زۆر چاکە. - سەرکەوتوو بن کوڕم. *** ++++++++++++++++++++++