شاعیر: سوارە کتێب: لاس و خەزاڵ سەرناو: پێشەکی بەیتی کوردی کە لکێکی پڕ مێوە و گەڵای داری وێژەی کوردەوارییە، ئەتوانێ، باشترین کانگا بێ بۆ چیرۆک و داستانی کورد. ئەم نووسینەی بەیت لەسەر تەشکی چیرۆک دوو سوودی ھەیە، یەکیان ئەمەیە کە گوێگری کورد لەبەر ئەمە کە بەیتەکان باسی ڕابردووی ئەوانە ئەکەن، و لەسەرخوو و ڕەوشتی تایبەتی کوردی دامەزراون، زیاتری ئەم چەشنە داستانە وەبەر دڵ دەکەوێ. دووەم ئەمە کە زانیاری و زانستی گشتی زیندوو ئەبێتەوە و تۆزی کات و زەمان لەسەر ڕواڵەتی پرشنگداری لادەچێ. ئەم داستانەی لاس و خەزاڵ تەواو لەسەر بەیتی لاس و خەزاڵ نییە و ئەم کارەش لەناو نووسەرانی دەرەوەشدا باوە کە ئەفسانەیەک یان داستانێکی کۆنی ناو کۆمەڵ ئەگۆڕن و لە ڕواڵەتێکی تازەترا نیشانی دەدەن وەک کارێک کە «ئەحمەدی خانی» کە لەسەر بەیتی «مەم و زین»ی کردووە، یان وەک کارەکانی «ئەحمەد شەوقی» و «نازم حیکمەت» لەسەر ئەفسانەی ئەوینی «لەیلی و مەجنون» و «شیرین و فەرھاد» کردوویانە. سوارە - ١٩٧٠ (١٣٤٩) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەشی ١ - گوێ بگرن، ھەمووتان ئاگاتان لێیە کە ئەمن چەند جارم ناردووە لای بایزخان و خوازبێنی شەمم کرد بەڵام ئەو گاڵتەی بە من کرد، پیاوەکانی منی بە سووکی ڕەوانە کردەوە، ڕای سپارد کە ئەحمەد بۆ زاوای من نابێ: ئێستا کاتی ئەوە ھاتووە کە تێی بگەینم کە کێ پیاوە! ؟ ئەزانن کە شەڕێکی قورسمان لە پێشە، بایزخان زۆر بەھێزە ھەموو عەشیرەتەکان لایەنگری ئەون، بەڵام من ناترسم، ئەگەر لەشکری ھەموو دونیای کۆبکاتەوە، ھەر ھێرش دەکەمە سەریان و تێکیان دەشکێنم، - ئێمەش ھەموومان ئامادەین. - ئێمەش ئامادەی گیان بازین. - سپاستان دەکەم ئەگەر ئەمرۆ ئەم سوکایەتییە ھەموارکەین، سبەینێ سووکیەتێکی دیکەمان بەسەر دێنن و لەناو ھەموو کەسا ئابڕوومان ئەچێ، ئەبێ نیشانی بدەین کە نووکی ڕمبی کێ لە خوێن خواردن بەکارە؟ و شیری کێ باشتر زەرێ دادەدڕێ! ؟ بڕوانن، ڕووبەڕوومان وەستاون: - فەرمان بدە بچینە پێشەوە: - فەرمانمان دەیە ھێرشیان کەینێ: - کە وەھایە بۆ پێشەوە بۆ کوشتن و مردن یاڵڵا... *** ئافەرین پیاوە ئازاکانم بیانکوژن... شوەریی بە خوێن بشۆنەوە، نیشانیان بدەن کە ئێوە کێن؟ ئافەرین. - ئاگات لە خۆت بێ قوربان، لەپشتەوە خەریکن دەورەت بدەن. - ھ... ھا بگرە ئەی ناپیاو... بیانکوژن بە قوربانی ھێرشی پیاوانەتان بم... تاقیان دەرمەکەن... یاڵڵا... - ئەوە خەریکن ھەڵدێن... مەیدانیان بەجێ مەھێڵن... مەیڵن بڕۆن... - ڕێ یان کەون... ئەھۆی ڕێوی ترسنۆک بۆ کوێ ڕادەکەی... بۆ کوێ... یاڵڵا دەی شەڕەکەی مەغلوبەتر کەن... *** - چییە مێردی خۆشەویستم، ماوەی سەعاتێکە ئەمن لەلاتم تۆ ھیچ قسان ناکەی! ھەر دێی و دەچی و بیر دەکەیەوە: - ساڵێک زیاتر بەسەر شەڕێ من و باوکتا تێپەڕیوە، بەڵام ئێستا کە بیر دەکەمەوە تێدەگەم کە شەڕێکی بێ سوود بوو، ئوھ... شەم نازانی چەند کەس کوژرا؟ جۆگەی شەڕگە پڕبوو بوو لە خوێن، ناڵەو ھاواری بریندار و ئامانخواز پڕ بەو دۆڵە دەنگی دەدایەوە، من خوێن بەری چاومی گرتبوو دەستوورم ئەدا بکوژن، چونکە باوکت منی بە کەم زانیبوو. - شەڕ تەواو بووە، تۆو و باوکم ئاشت بوونەتەوە منیش ئێستا ئی تۆم، ئیتر پەرۆشی ناوێ. - ئاھ- ھ... شەم، داخی من ئەمەیە کە بە ھەڵە چووم. لام وا بوو کە ئەوین وەک دەسەڵات وایە کە بکرێ بە زۆر بە دەستی بھێنی، ئێستا تێدەگەم کە تۆی بێ ئەوین، ئەم ھەموو کوشتارەت نەدەھێنا، ڕاستە تۆ ھی منی، بەڵام تۆی بە تەنیا، تۆی بێ ئەوە کە دڵت ھی من بێ بە کاری چی دێی! ؟ ھا شەم - کێ بە تۆی گووتووە کە ئەمن دڵم ھی تۆ نییە. تۆ سەروەری منی، مێردی منی - ھا... شەم سەروەر یانی چی؟ من نە دەمەوێ سەروەری ئێلات و پیاوانی شەڕانی بم، نە سەروەری خێزانم، من دڵی تۆم دەوێ کە بە داخەوە نیمە. ھا... شەم لە بیرتە، ڕۆژی ھەوەڵ چۆن لەگەڵم بزوتیەوە من ناچار بووم سوێند بخۆم ھیچ کات، خۆم نەمەوێ ببمە باوکی مناڵی تۆ مەگەر ئەوکاتە... - ئەو کاتە تۆ منت بە زۆر ھێنابوو، سەر شۆڕیت بەسەر باوکم ھێنابوو، نەمدەتوانی لەگەڵت ڕووخۆش بم. - من نازانم کە ئەمەی تۆ باوکت بەلاوە بەڕێزتر بوو کارێکی باشە یاخراپ، بەڵام ئەوەندە دەزانم کە کەسێک کە ئەوینی بەلاوە سووک بێ و ھەموو کەسی نەکاتە پێناو بۆ ئەوە نابێ ئەو ھەموو پیاوەی لەسەر بکوژرێ. - من و تۆ ھەزار جارمان ئەم باسە ھێناوەتەوە گۆڕێ و لێی دواوین و ھیچ کاتیش بە ئاکام نەگەیشتووین، تۆ بڕواناکەی کە من ڕۆژی ھەوەڵیش ھەرتۆم خۆش ئەویست بەڵام تێکشکانی باوکم وەھای کار کردبووە سەر دڵم بۆ ماوەیەک ئەوینی خۆم وەلانا، ئێستاش پەشیمانم، چونکە تۆ و باوکم دوژمنایەتیتان نەماوە، و لەم نێوەدا خراپە ھەر بە من بڕا... - نا... نا... شەم تۆ خراپ نی، ڕەنگە تاوانی خۆپەسەندی من بێ کە نەمتوانی لەم مەبەستە بگەم، سوێندم خوارد، ئێستا من کەمێکم کار ھەیە ئەبێ بڕۆم، تۆش بیری لێ بکەوە دەتوانی بچیەوە ماڵی باوکت، تۆ ھێشتا وەک خونچەی نەپشکوتوو وای زۆرکەس داواکارت دەبێ، بێوەژن نی کە بڵێن ئەگەر باش بوایە مێردەکەی تەڵاقی نەدەدا، ھەموو کەس وا بیر ئەکاتەوە کە من مێردایەیتم تەواو نەبووە... - نا... نا... ھەرگیز، ھەزار ساڵیش بەم چەشنە بمێنمەوە بەجێت ناھێڵم، من تۆم خۆش دەوێ، لێم ڕوونە ڕۆژێک ئەبێ تۆش تێ بگەی... - بەدوعا شەم، من دەڕۆم٠ کارم ھەیە... *** - قوربان ئەبێ چارەیەک بدۆزینەوە، دەنا ئەوشێرە یاخییە ئاژەڵمان بە دەستەوە ناھێڵێ تا ئێستا دە مەڕی خواردووە پشتی ٦ گاجووتیشی شکاندووە... - لە مێژبوو لە شەڕی ئادەمیزاد دڵم سارد ببۆوە، ھەموو بە ھێرشی ھەوەڵ لەبەرم ڕایان دەکرد ئێستا ھاوشەڕێکی دڕەندەم بۆ پەیدابووە وابزانم کەمێک کڵ و کۆی من دامەزرێنێ، بەتاسەوەم کە خۆم لەگەڵ ئەو شێرە ڕووبەڕوو بم. - قوربان ئەمە کارێکی پڕ مەترسییە! پیاو چۆن ئەتوانێ بەرامبەر بە شێر خۆی بگرێ؟ پیاو بەرامبەر بە ھەموو شتێک خۆی ئەگرێ مەراد، بەڵام بە شەرتێ بە ڕاستی پیاو بێ ڕەنگە شێرەکەش ھەروەک تۆ بیر بکاتەوە لای وابێ کەس نییە خۆی لەبەر بگرێ: بۆیە وەھا شووڵی لێ ھەڵکێشاوە ورەدار بووە، ئەبێ بزانین ددانی ئەو لەشی من ھەڵدەدڕێ یان شمشیری من سینگی ئەو ئەکاتە کالان! ؟ -... ھ... قوربان وا دیارە دیسان شتێک قەوماوە... ئەوە شوانی خانە بەرەو ئێرە دێ! -... ھا... چییە کوڕە... بۆچ ڕادەکەی؟ - گەورەم شێر... شێر... شێرەکە... شێر - بڵێ بزانم شێرەکە چی؟ - قوربان شێرەکە ھێرشی کردە سەر مەڕەکە و چەند کەلاکی لێ خستن! ... ڕەسوڵی ھاواڵم خەریک بوو پێشی پێ بگری، بەڵام پشتی ڕەسوڵیشی شکاند، پەلاماری منیشی دا، بەڵام ڕام کرد. - پێم بڵێ... ئەوە چییە بە قەدتەوە! ھا ئەوە چییە ھەڵت ھاوەسیوە؟ ... ھ... ئەمە... ئەمە... ئەمە... ئەفەرمووی ئەمە شمشیرە قوربان - ئەم شمشیرەت بۆ چییە! ؟ - ئاشکرایە قوربان بۆ پاراستنی خۆم... - تۆ ئابڕووی پیاوەتیت بردووە ترسەنۆک ئەم شمشیرە. بە شوورەیی دەزانێ بەلا قەدی تۆوە بێ، خێراکە لە خۆتی بکەوە خێراکە، چۆن لە ڕووت ھات دۆستی خۆت لەبەر دەم و چنگی شێرا بەجێ ھێشت و خۆت دەرباز کرد؟ ئەی چەپەڵی نەگبەت، بڕۆ لە باتی ئەم شمشیرە بەرەڵبێنەێک لە خۆت دە... بڕۆ - بەسەرچاو گەورەم... بەسەرچاو... - لاچوو لەپێش چاوم ناپیاوی خوێڕی یاڵڵا. - قوربان ئەو شوانە ھەژارە تاوانی نەبوو گیان خۆشەویستە. - ئەگەر شەرەفە نەما، گیان بەکاری چی دێ مەراد، ئەگەر یەکیەتی نەما، ئەگەر بیری پاراستنی دۆست نەما، باشترە گیانیش نەمێنێ، من دەبێ بچم قسە بۆ خەڵکەکە بکەم بزانم چۆنە وا ترس بەسەریانە زاڵ بووە، مەراد، تۆش وەرە لەگەڵم. - بەسەر چاو ئاغا، بەسەرچاو. - دەبی جا بابڕۆین. - ھەمووتان گوێ ڕاگرن... بێ دەنگ بن ئێوە شەڕتان زۆر دیوە، بریندار و کوژراوتان زۆر چاو پێ کەوتووە، ھەرگیز ورەتان بەر نەداوە، لام سەیرە چۆن ئەوە لە ترسی شێرێکی یاغی پەست بوون! ؟ ھەواڵی چەند ساڵەتان بەجێ دەھێڵن و ڕادەکەن، تا نێوی ئەو دڕەندە بێ، ترس و سام بەسەرتانا زاڵ دەبێ، من بۆ ئەوە پێتان نیشان دەم کە مردن لە ترسان باشترە، ئەمڕۆ دەچمە داوێن ئەو کێوە کە وا شێرەکەی پێوەیە. - قوربان باشترە چەند کەس بچن و بە یەکەوە ئەو شێرە بکوژن. - ئێوە لاتان وایە دوژمنی ئێمە ئەو دڕەندەیە لە کاتێکا دوژمنی ئێمە لەناو دەروونی ئێمە دایە. دوژمنی ئێمە ترسی خۆمانە، من بۆیە ناچم تەنیا شێرەکە بکوژم، ڕەنگە لەم شەڕەدا سەرنەکەوم، دەچم بەرەنگاری ئەو ترسە دەبم کە بەسەر خێڵەکەمدا زاڵ بووە، ئەبێ بە مەرگ یان سەرکەوتنی خۆم تێیان بگەینم کە ژیان بە ترسەوە لە مردن خراپتر و تاڵترە. - ئێمەش لەگەڵت دێین قوربان - نا... ھەر کەس لەگەڵم بێ دەیکوژم، من بە تەنیا ئەچم، نیازم بە ئێوە نییە، بە ناوی- گەورەیەک پێتان ئەڵێم ھیچ کەس نابێ بکەوێتە شوێنم یا بەسەری بڕاوی شێرەکەوە دەگەڕێمەوە یان شێرەکە بە دەم و لەوسی خوێناوییەوە ئەبینن، ئێستا ئیتر بڕۆن، یاڵڵا. *** - سەروەرم ئەمە شمشیرەکەت لە قەدت داوەو زەرێت دەبەر کردووە، مەگەر ئەتەوێ بچی بۆ شەڕ! ؟ - بەڵێ شەم، ئەمەوێ بچمە شەڕی ئەو شێرە یاغییە. - شەڕی شێر! ؟ ئاھ... ھ... یانی ئەتەوێ بە تەنیا بچی! ؟ - بەڵێ... بەڵێ ھەر بە تەنیا، بەڵام بە پشت ئەستووری باسکی بەھێز و شمشێری تیژم و، بە یارمەتی ئەو کەسە کە مان و نەمانی ئێمەی بەدەستە. - وا باشتر نەبوو چەند کەس لە نۆکەرەکانت بنێری! ؟ - نا... نا... نا شەم، باشترە خۆم بچم، کەسێک بۆ گەورەیی باشە کە لە کاتی مەترسیا پێش دەست و پێوەندەکانی کەوێ. - بەڵام... بەڵام من ئەترسم... نەکا تۆ... ... ئا... ھ ئەوانی دیکەش ژنیان ھەیە شەم ژنەکانی ئەوانیش ئەترسن کە شێر پشتی مێردەکەیان بشکێنێ، مەزنی من و تۆ دەبێ لێرەدا دەرکەوێ ئەگەر ئێمەش وەک ئەوان بترسێین کێ ئەبێ بەرەنگاری مەترسی بێ! ؟ ھا... - مەیلی خۆتە سەروەرم، من دوعای سەرکەوتنت بۆ دەکەم. - سپاست دەکەم، بەڵام شەم، ئەگەر من لەو شەڕەدا کوژرام تۆ نابێ ئازیەت باربی ئەبێ زوو مێرد بکەی و ئەوەت لە بیر نەچێ کە کارێکی وا مەکە کە مێردەکەت حەڵاڵیک لە خۆی حەرام بکا، ئەبێ ببی بەدایکی مناڵ و داستانی منیان بۆ بگێڕییەوە و بەو داستانە لە خەویان کەی، داستانی پیاوێک کە چووبووە شەڕی شێرێک. - ھا... ھ... لە مەرگەوە مەدوێ سەروەرم تۆ... تۆ ھێشتا زۆر گەنجی، خوا ئەم کڵۆڵییەم بەسەر نەھێنێ... - ئاھ... شەم، ئادەمیزاد نێچیری مەرگە، درەنگ یازوو ئەبێ بڕوا، کە وەھایە مەرگ خەم خواردنی ناوێ. ئەوەی کە ئەبێ بۆی خەمبار بی زیندووی ترسەنۆکە کە ڕۆژی سەد جاران دەمرێ. ئیتر ئەمن ئەڕۆم شەم، دوعام بۆ بکە... ... خودایە... خودایە بیپارێزە... ئەیدەمە دەست تۆ... خودای گەورە... ە... *** ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەشی ٢ ... ئاھ... ئێرە جێیەکی باشە، ئەبێ شێرەکە ھەر لەم نزیکانە بێ! ئەم دۆڵ و چیا و دەشتە بۆ من ناسراو و ئاشنایە، بست بستی گەڕاوم یا بۆ ڕاو یان بۆ کوشتار، ئاخ چەندە... خۆشە کۆڕەژنی ئەسپی سەرکێش کاتێ لە شەڕا نەرمەزین لەبەر ئارەق و خوێنا تەڕ ئەبێ و نووکی شمشیر تک تک دڵۆپی خوێنی دوژمنی لێ ئەتکێ، مەیدانی شەڕ پاش ھەرای پیاوانی شەڕانی، پاش حیلەی ئەسپی بریندار و ناڵەی تێکۆشەرانی سەرەمەرگ، بێ دەنگ و خامۆش ئەوەستێ، لێرە و لەوێ کەلاکی بێ گیان و بۆنی خوێن و مردن پیاو کاس دەکا. ئەمن ھەمیشە لەو کاتەدا وەک ھەڵۆی بەرزە فڕی چیا دڵم دەخوازێ باڵ بگرم و ھەردوو ھەور و نەوی بەجێ بھێڵم و وەک خاڵێکی ڕەش سینگی ئاسمانی شین بنەخشێنم، و لەو سەرەوە گاڵتە بە دێوی مەرگ بکەم و بڵێم دیت، دیت ئەی مەرگ تەنانەت تۆشم بەزاند ئاھ... بەڵام ئەمڕۆ... ئەمڕۆ لەگەڵ ھەستێکی بێگانە دا ڕووبەڕوو بووم من ھەرگیز نەترساوم، بەڵام ئێستا ئەترسم، لام وایە ترسی ئێڵەکەم کاری کردۆتە سەرم. جاران کە ئەوان نەدەترسان، منیش نەمدەزانی ترسان یانی چییە ئەوان بەمن پشت ئەستوور بوون و منیش بەوان، ئەمە ئەفسوونی دەستی بەھێزی گەلە ئێستا کە ئەوان ورەیان بەرداوە منیش ئەترسم، بەڵام نا... نا ئەحمەد تۆ نابێ بترسی، بەڵێ من ئەبێ بمرم بەڵام نابی بترسم، ئاخ... ئەوە دەنگی شێرەکەیە، ئەم بەستەزمانە ئەگەر بزانی ئەمرێ لەجیاتی گۆشتی نەرمی نێچیر، دەمی تیژ و سەختی شمشیری من چاوەڕوانیەتی، ھەرگیز ڕوو ناکاتە ئەم لایە ھەرگیز ئەھ... دەنگی زۆر لەنزیکەوە دێ... بابزانم لە کوێیە! ؟ نابێ ببزووم، چونکە ئێستا لەمانە لەپشت سەرمەوە لەسەر ئەو گاشە بەردە ڕاوەستابێ ھەر بجووڵێمەوە ئامبازم دەبێ... ئاھ... ئەوەتا ڕووبەڕووم وەستاوە، بەڵام ئێستا چاوی بە من نەکەوتووە، باشترە شمشیرەکەم ئامادە بکەم- با بەردێک بخەمە بەردەمی... با سەری لێ بشێوێنم... ئاھ باش بوو... ئەمجارە پشتی لە منە ھەلێکی باشە. ھ... ئاھ... ئافەرین ئەحمەد، چاکت ھەنگووت، تۆ سەرکەوتی گەر چی ڕەنگە ھەر بەم برینانە بمری، بەڵام گرنگ نییە گرنگ ئەمە بوو کە نیشان بدەی ترسان لە مردن خراپترە، من سەرکەوتم، من سەرکەوتم م... ن... س... ە... ر... ک... ە... و... ت... م - ئاخ... خوایە، ئەحمەد خان لە بەیانییەوە ڕۆیشتووە، ئێستا ئەوە ئێوارێیە و ھەواڵێکی نییە، نازانم ڕووبکەمە کوێ؟ خودایە پەنام بەتۆ. - خاتوونی بەڕێز بێ ھوودە خۆت نارەحەت مەکە ھێشتا ڕوون نییە کە خان چی بەسەر ھاتووە، ئایا شێرەکەی کوشتووە یان. - ئاخ... مەراد چۆن ئەتوانم نارەحەت نەبم، چۆن ئەتوانم دڵخۆشی خۆم بدەمەوە- ئەگەر سەرکەوتبایە ھەتا ئێستا گەڕابۆوە... ئوھ- ئەوە چییە! ؟ خاتوونی بەڕێز گوێت لەم دەنگە دەنگە ھەیە؟ لام وایە ھەواڵێکی خانیان پێ بێ. با ئەمن بچم بزانم چییە زوو ئەگەڕێمەوە خزمەتت. - ئاخ خوایە، ئەزانی کە من لەو پەڕی سەر لێشێواوی و کڵۆڵی دام، خۆت ئەزانی جگە لە تۆ ھیچ پەنایەکم نییە، بەزەییت پێمدا بێتەوە بەزەیت پێمدا بێتەوە... ئوھ... چییە مەراد؟ بۆ قسەناکەی؟ خان چی بەسەر ھاتووە! ؟ - ئوخ... بە داخەوەم خاتوون، خان بەجێی ھێشتین، ئێڵەکەی ھەتیو کرد یانی... یانی خان... ئوخ خودایە ھ... ە - بەڵێ ئەمڕۆ... بەڵام بە ئێمەی نیشان دا کە مردن بە شەڕەفەوە زۆر لەژیانی بە ترسەوە باشترە... تکایە مەگری خاتوون تکایە... لەگەڵ چارەنووس ھیچ ناکرێ... - مەراد بەدەستووری من ھەموو کەس دەبێ سۆرانی دەخەم گرێ، کیژان مل بەکوێن بن و یاڵ و کلکی ئەسپان لەھەش نێن، مەرگم خان بۆ ئێڵەکەمان ھەروا سووک و ھاسان نییە... - ئوھ... بەسەر چاو خاتوونی بەڕێز بەسەر چاو. - ئاھ... ئەگەر من حەڵاڵێکی خودام لە خۆم حەرام نەکردبایە، ئێستا خاوەنی منداڵێک بووم کە ئەی توانی جێگای بابی بگرێتەوە. - خاتوون فەرمایشێکت بە من نییە! ؟ - نامەراد نا بڕۆ، با منیش کەمێک لە تەنیایی و پەژارەدا بگریم. - بەسەر چاو خانم بەسەر چاو. - ئاخ... بەڵام گریان دەردی من دەوا ناکا، باشترە لە بیری تۆڵە دابم، ئەو شێرە دڕەندیە کە مێردەکەمی خواردووە، ئەبێ یا منیش بخوا یان بیکوژم، ئەحمەد خان لە نێوان ژیانی پڕ ترس و مردنی بە ئازایەتیدا مردنی ھەڵبژارد، منیش ژنی ئەوم ئەبێ وەک ئەو ڕەفتار بکەم، پاش ئەحمەد خان ژیان بۆ من سوودی چییە؟ بەڵێ ھەتا درەنگ نەبووە ئەبێ بڕۆم. ئەبێ بڕۆم. *** ئێ- ئاھ... ئەبێ ھەر لەم نزیکانە بێ، باوەڕناکەم کەس وێرابیەتی لێرە نزیک بووبێتەوە، من زۆر لە مردن بەپەلەم، چونکە ھەر بەم چەشنە ئەتوانم لە مێردی خۆشەویستم نزیک ببمەوە... ئۆھ بڕوانە ئەم ڕەشایییە چییە؟ ... بابچمە پێشەوە... ئوھ... خودای گەورە خۆ ئەحمەد خانە لەسەر پشتی شێرەکە کەوتووە، بەڵام ھیچ- ناجووڵێتەوە، شێرەکەش کوژراوە، ئەم شەڕە سەرکەوتووی نەبووە ھەردووک لا تێدا چوون خودایە... ئەحمەد خان سەروەری ھەموو ئێلات، سواری نەبەز و دلێر، ئەمە تۆی لەسەر پشتی ئەم دڕەندیە بە لەشی زامارەوە دا کەوتووی؟ تا دوێنێ دڵی دوژمنان بە بیستنی ناوت ئەکەونە لەرزین ئاخ بەڵام ئەمڕۆ، ئەمڕۆ ناوی تۆ ئەسرین ئەھێنێتە سەر چاوی دۆستانت. تۆ پیاو بووی ئەحمەدخان، سەرپشتی شێر تابووتی تۆیە، ئافەرین مێردی دلێرم، نە ژیانت ئاسایی و نەنزم بوو مردنت. مەرگ و ژیانت پیرۆز بێ... پیرۆز بێ ئاھ... ھ... ڕاستی چۆنە بزانم ئەحمەد بۆ چ ھەرگیز نەی ویست ببێتە باب ئایا لە پیاوەتی شتێکی کەم بوو! ؟ کە وا حەڵاڵی ژن و مێردایەتی لە خۆی حەرام کردبوو یا ھەر لەبەر سوێندێکا کە خواردبووی نەی دەتوانی... بەڵێ... بەڵێ ئەبێ من بزانم... *** بەڵێ، ئەحمەدخان نەمرد بوو، تەنیا شەکەت و بێ ھێز بوو، کاتێ شەم لێ بڕا سەر لە ڕازی دەربھێنێ لە خەوی گران پاش ماندوویی ڕاپەڕی و بەم جۆرە سوێندی شکاو و سەرپشتی شێر بوو بە پەردەی بووک و زاوا و بەم چەشنە نوتفەی لاس گوورا لە باوکێکی شێر کوژ و دایکێکی ئازا. *** - دایکی لاس، من زۆرم بیر لەو کوڕە کردۆتەوە بە ھیچ بارێ نازانم بۆچ وای بەسەر ھاتووە ئاخ ئەگەر بمزانیایە کوڕی من کوڕێکە کە ھیوادار بووم ڕۆژێک جێی من بگرێتەوە بەم چەشنەی بەسەر دێ ھەرگیز ئەو کارە کە وا من و تۆی کردە ژن و مێردی بە ڕاستی نەمدەکرد، نازانم چی بڵێم؟ ئەوەندەش قسەزان و بلیمەتە کە من بە وتە چاری ناکەم. تۆ بڕوات چییە شەم! ؟ - سەروەرم، سایەی سەرم ئەگەر ئاڵۆز نەبی عەرزت دەکەم کە لاس باشترین کوڕی دونیایە، خوێندەوار و زانا و بەغیرەت، بەڵام چەشنی بیر کردنەوەی لەگەڵ تۆ جیاوازە، ئەمەش بەلای منەوە نابێ ببێتە ھۆی نارەحەتی تۆ. - ئا... ئەمن نابێ نارەحەت بم کە کوڕەکەم لە جیاتی شمشیر و نێزە و چەکی شەڕ قەلەمدانی بە لاقەدییەوە بێ! ؟ خودایە. من چەندە بێزارم لە ڕواڵەتی میرزایانە، من کوڕم بۆیە گەورە نەکردووە کە نامەم بۆ بنووسێ ھەڵبەستم بۆ ھۆنێتەوە، وەسەر بە کتێبی کۆنی پەڕ زەرد دابنێ، من ئەمەوێ ڕاداتە مەیدان شمشیری وەک برووسکەی ھەوری مردن لاشەی دوژمن بکاتە خۆڵە مێش... - بەڵام گەورەی پیاوانی دلێر، لاس لە پاڵەوانیشداکەمایەتی نییە. - ئاخ... ببوورە- ببوورە شەم کە من دەنگم بەرز کردەوە، ئەزانی چییە گیانەکەم، من باوکم پێم خۆشە کوڕەکەم نیشانەی منی پێوە بێ، پێم خۆشە بە سام و شکۆدار و مەزن بێ، تەنانەت لە منیش پێشکەوێ، خۆت ئەزانی کاتێ باوکم مرد ئێمە عەشیرەتێکی بێ ھێز و بچوک بووین، دەنگیان ئەداین بۆ شەڕ کردن و بێگاری. ژێر چەپۆکە بووین، ئەو پەڕی ئاواتمان ئەمە بوو کە خانی مەزن یانی باوکت لە لەشکری خۆیدا بە ناوی دەست و پێوەند ڕامان بگرێ. بەڵام ئەمن بە کۆششی زاڵ و بێ وچانم ھەموو ئێلەکانم ھێنا ژێر فەرمانی خۆمەوە، تەنانەت خانی مەزنیشم تێکشکاند وە تۆم بە زۆر لەو ھەستاند، لەودەمەوە ناوی ئێمە بەرز بۆتەوە، بەڵام وەک ئەبینم لاس کەسێک نییە کە بتوانێ ئەم ناوە بەرزە بپارێزێ. ئوھ... ڕاستە کە لەشەڕیشا بێ وێنەیە، بەڵام بیری بەلای شتێکی ترەوەیە شەم... - سەلام لە خانی مەزن. - ئوھ... تۆی لاس: سەلام کوڕم سەلام - دایە گیان! تۆ ناوت شەمە، ئەبێ ڕووناکی دڵی باوکم و کۆڕی ژیانی مناڵەکانت بی! کەچی ئەبینم کە وەک گوڵی ژاکاوی بەر خۆرەتاو سات بە سات بێ ڕەنگتر ئەبی، گوێ بگرە دایەگیان مامۆستا عەلی بەردەشانی ئەڵێ: گوڵی سوور و وەنەوشە، کێشەیان لێ پەیدا بوو، ھەر کام بە جوانی خۆی ھەڵ دەگووت، بای پیرە شەماڵیان کردە کەیخودا، و گووتیان ئەی شەماڵی پیری وڵات گەڕاو ئێمە کاممان جوانترین! ؟ شەماڵ گووتی ھەر دووکتان جوانن، بەڵام تەنیا بۆ چەند ڕۆژ، یەکتان دەگەڵ ھەتاو ھەڵات بە تیشکی گەرمی خۆرەتاو سیس ئەبێ وە ئەوی ترتان دەگەڵ ڕۆژ پەڕی بە ھەناسەی ساردی زریان سەر ئەنێتەوە تەنیا گوڵێک کە ھەرگیز ژاکان و مردنی بەسەر نایە بزەی ئافرەتی جوانە، و وەنەوشەیەک کە سیس نابێ، تای کزیەی شیرین لەیلایە. - ئافەرین کوڕی خۆشەویست و زانام. - شەم، من حەوسەڵەی گوێ گرتنی ئەم قسانەم نییە... ئەڕۆمە دەرەوە ئێوە بەیەکەوە ئەو قسانە بکەن! - باشە گیانەکەم فەرموو. - کوڕینە تکایە گوێ بگرن، دوێنێ باسی ئەو مەبەستەمان کرد کە بەختەوەری چییە. - بەڵام ھەر کەسێ شتێکی گوت، وە لە دوایشدا دەرنەکەوت کە بەختەوەری بە چی ئەڵێن! - بەڵێ زۆر مەبەستی وا ھەن کە ھەر کەسێ لە ڕوانگەی بیر و ڕای خۆیەوە، ئەڕوانێتە سەریان، بەختەوەریش لەم چەشنە مەبەستانەیە کە ھەر کەس لە شتێکا بەدی دەکا، کەسێک لای وایە، لە سامان و دارایی زۆردایە، ئەوی تر وا ئەزانێ بە لەشی ساغە، یەکێک دەپلە و پایەدا ئەیبینێ و یەکێکی تر لە گۆشەگیری و تاریکی دا - ئاخر چۆن ئەگونجێ تەنیا مەبەستێک چەند ڕواڵەتی ھەبێ، بێ گومان بەختەوەری ھەرشتێکە، بەڵام ھێشتا نەدۆزراوەتەوە! - تۆ بە ھەڵەچووی، بڕوانە، ئێمە بیست سی کەسین، ئەگەر توانیت دوو کەسمان بدۆزییەوە کە ڕواڵەتمان تەواو لە یەک بچێ، ئەو جار ئەتوانی بڵێی کە دوو بیرو بڕواش ھەن کە جیاوازیان پێکەوە نییە. - ڕواڵەت و ئەندام شتێکی دیکەیە، ئێمە ھەرکام لەدایک و باوکێکین، بۆیە ڕواڵەتمان جیاوازە. - ھەروەک دایک و باوکمان جوێیە چەشنی بارھاتنیشمان جیاوازە، ھەر کام جۆرێ تەریب کراوین تەنانەت دوو برا کە کوڕی دایک و باوکێکن، یەک چەشن بیر ناکەنەوە، لەبەر ئەمەیە کە ھەر کەس بەختەوەری لەشتێکدا ئەبینێ. - ئەی خۆت بیروڕات چییە کاک لاس! ؟ - بەختەوەری بەلای منەوە، ئەمەیە کە پیاو ھەست بە ئارامی بکا، و لەوەی کە ھەیەتی ڕازی بێ. - ئەرێ وەڵڵا ھەر وایە - وەڵڵاھی ڕاست دەکەی. - ئەمڕۆ ئەمانەوێ، باسی مەبەستێکی تر بکەین. با بزاین جوانی چییە! ؟ - من لام وایە ئافرەتێکی جوان لە ھەموو جوانییەک جوانترە. - ناوەڵڵا چیایەکی بەرز کە لە کاتی بەھارا پڕ ئەبێ لە گیا و گوڵ لە ھەموو شتێک جوانترە. - چۆمێکی کە بچەلێنێ دەمەو بەھار لە ھەموو شتێ جوانترە. - ئەسپی جوان لە ھەمووشتێ جوانترە. - نەخێر گەڕی ھەڵپەڕکێ. - چ باسە! ؟ تکایە مەی شێوێنن... دۆستان. ئەمانەی کە ئێوە گوتتان، ھەر یەکە بەشێکن لە جوانی. جوانی خۆی شتێکی ترە! جوانی چییە؟ جوانی یانی باشی، ھەرشتێ بۆ کۆمەڵیی ئادەمیزاد باش بێ، ئەوە جوانە! بڕوانن یەکێکتان گوتی ئافرەتی جوان لە ھەموو شتێ جوانترە. بەڵام ئەگەر ئەو ئافرەتە جوانە ڕەوشتی نزمی بوو. داوێن پیس بێ، ئایا ئەو کاتە ھەر جوانە، ئایا ئەو دەمە لەگەڵ مارێکی خەت و خاڵ جوانا جیاوازی ھەیە! ؟ یەکێکتان گوتی چیای بە گوڵ و گیا، ئەگەر ئەو چیایە گیایەکانی ژەھراوی بێ، و بێ کەڵک بن، دیسان ھەر جوانە! ؟ ئایا گەڕی ھەڵپەڕکێ ئەگەر سەماکەرانی ھەڵپەڕکێیەکە دوژمن بن، لەبەر چاومان جوانە! ؟ - تۆ ھەموو قسەکانی ئێمەت پەرچ داوە. خۆت بڵێ بزانین جوانی چییە! - بەڵێ، ڕاست دەکا خۆت بڵێ بزانین چییە! - لەپێشدا ئەمە بڵێم باشە کە جوانی زۆر- بەربڵاوترە کە ئێوە گوتتان، دەنگی خۆش، ڕەوتی جوان، لە خۆبوردن، خەبات و تێکۆشان، زانست، ھەڵبەستێکی جوان، تەنانەت ڕوانینێکی میھرەبانانە، ھەموو بەلای منەوە جوانن، بەڵام نەخشی جوانی ھەر لە پێشدا گوتم ئەمەیە کە بۆ کۆمەڵ باش و بەکەڵک بێ، ڕەنگە یەکێک ھەبێ و پرسیار بکا، جا دڵداری کچ و کوڕ چ سوودێکی بۆ کۆمەڵ ھەیە! ؟ لە بەرامبەر ئەو پرسیارەوە وەڵامی من ئەمەیە کە دڵداری پاک و بێ گەرد، نموونەیەکی بەرزی ڕەوشتی ئینسانە. ئامۆژگاریەکی بەکەڵکە بۆ خەڵکی تر. - ئاھ... بە بە بە، کۆڕەکەتان گەرمە کوڕینە! بەڵام ئەمن تەنیا وشەیەکیش لە قسەکانتان نەگەیشتم، ئێوە باسی بەختەوەری و جوانیتان دەکرد، ئەمە ئیتر کێشە و ھەرای ناوێ، بەختەوەر کەسێکە بەسەر دوژمنانیدا زاڵ بێ، لەمەیدانی شەڕا تیری نەبەدی نەی پێکێ، و جوانی لە ھەموو جوانانیش جوانتر شمشیری جەوھەردار و مەتاڵی پێستی کەرکەدەن و زرێ کاری وەستا خاڵە، ئاخ کوڕینە نازانن ئارەقێک کە لەگەڵ خوێنا تێکەڵ دەبێ و کراس و کەوا و زرێ دەخوسێنێ چەندە شکۆدارە جا ئەگەر لەو کاتە شەڕکەر بەبرینداری لە مەیدان ئەگەڕێتەوە، بێری چاوبەڵەک ڕێز ببەستن و تەماشای بکەن، پیاوەتی دە دەماری دەگەڕێ و تەواوی بەختەوەری دونیا ڕووی تێ دەکا. - بەخودای عەجەب بیر و ڕایەکە! - ئەی خوادی گەورە ئەم پیاوە دلێرە چەند جوان ئەدوێ قسەکانی لە شیعری سوارۆ- دەچێ. - بەڵام لاس کوڕی من، تەنیا قسە کردن لە جوانییەوە شتێکی لێ پەیدا نابێ، پیاو ئەبێ بە کردەوە جوانی بەدەست بێنێ، پێم بڵێ بزانم تۆ نەبی دەناسی کوڕم! ؟ - بەڵێ گەورەم ئەو چەپەڵە خوێن مژە باش دەناسم. - ئافەرین کوڕم ئافەرین، کە وەھایە تۆش ڕقت لێیەتی! نەبی بە لەشکرێکی گەورەوە خەریکە بێتە سەرمان، ھەڵبەت من لێی ناترسم، چونکە تا ئێستا چەند جارم بەزاندووە. بەڵام ئەمجارە لەشکرەکەی زۆر بی ئەژمارە، دوژمنانی ئێمە ھەموو لە دەووری کۆبوونەتەوە، ئەزانی ئەگەر بەسەرماندا زاڵ بێ، چ ناپیاوەتێکمان بەسەر دەھێنێ! ؟ نابابە دڵنیابە، من تاماوم ماوە نادەم ناپیاوی وەک نەبی بەسەرماندا زاڵ بێ. گاە ئەبێ خوێندەوار پێنووسی بنێتە لاوە، و دەست بداتە شمشیر، دڵنیابە سەروەرم شمشیرم لە پێنووسم بەھێزتر ئەبێ. - بژی کوڕم بژی، کە وەھایە وەرە با بچین پێت بڵێم دەبێ چبکەی! - بەسەرچاو، فەرموو... بەدوعا کوڕینە ئێوەش ئامادەبن. - خوات لەگەڵ. - ئێمەش خۆمان ساز دەکەین. - کوڕم ئێمە زۆرمان ڕەنج کێشاوە، زۆرمان برسیەتی و تینوویەتی دیوە و تاڵ و سوێرمان زۆر چێشتووە تا ناوی ئێڵەکەی خۆمانمان بەرز کردۆتەوە، ئاھ... کوڕم جاری وا بووە مانگێک لەسەر پشتی ئەسپ دانەبەزیوین و چەکی شەڕمان لەخۆمان نەکردۆتەوە، ئەزانی چییە کوڕم؟ تا دوژمن ھەیە، تا کەسێک پەیدا ئەبێ کە لە پێی سەری ھەژار و بێ دەسەڵات دەگەڕێ کە بیکاتە ژێر چەپۆکە، پیاو ئەبێ تەیارو وریابێ کوڕم. - باوکی بەڕێزم، من تەنانەت ئێستاش لەشەڕ کردن بێزارم، شەڕ پەڵەیەکی ڕەشی مێژووی ئادەمیزادە، بەڵام بەداخەوە چارمان نییە، نەبی لەوانە نییە دەست ھەڵگرێ. - کوڕم تۆ دەبێ لەم شەڕەدا ڕووی من و ئێڵەکەت سپی کەیەوە. وەھا سەری نەبی نەرم کەی ھەتا ھەتایە سەربزێوی نەکا. لام وایە تۆ لە شەڕدا تاقیکاریت کەمە، پێم خۆشە مەرادیش لەگەڵ خۆت بەری، ئەو لە ھەموو شەڕێکا شان بە شانی من بە شەڕ ھاتووە، دلێرو وریایە. - بەسەرچاو گەورەم، کە وایە ماوە بفەرموو لەدایکیشم خوداحافیزی بکەم. - زۆر باشە ڕۆڵەم، بەڵام کارێک مەکە- دایکت ناڕەحەت بێ، بڕۆ کوڕم بڕۆ- ئەسپاردەی خودابی. *** ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەشی ٣ - ئاھ... تۆی کوڕم، وەرە کەمێ بەلای دایکتەوە دانیشە. - دایە گیان حاڵت چۆنە! ؟ کەمێک نارەحەت دیاری! ؟ - لەو کاتەوە بیستوومە باوکت ئەیەوێ تۆ بنێرێ بۆ شەڕی نەبی، ھیچ ھۆشم لە خۆم نییە. نەبی کابرایەکی دز و بێ بەزەیییە. - ئە... ھ دایە گیان، کوڕی تۆش ھێندە دەستەوەستان و خوێڕی نییە، من بە نەبی و ھەموو ئەو کەسانەی لایان وایە خوێندەواری و زانست لەگەڵ ئازایەتی نایەتەوە نیشان ئەدەم بە ھەڵە چوون، زانا و وێژەوان ڕاستە کە لاشەڕن، بەڵام کاتێ شەڕ بەری دەرگای پێی گرتن بە گیان و دڵ بە شەڕ دێن، چونکە ئەوان بە پێچەوانەی کەسێک کە بە شەڕ کردن خووی گرتووە، ئەزانن بۆچ بە شەڕ دێن و چ ئەپارێزن! من بۆ ناو بانگی خۆم و باوکم و ئێڵەکەم شەڕناکەم، بۆیە شەڕ دەکەم کە نامووسی خەڵک بپارێزم، بەرگری لە خوێن ڕژێن و چەپەڵی و زۆرداری بکەم، من بۆ پاراستنی جوانی و خاوێنی دەچمە شەڕ. - بەھیوام سەرکەوی ڕۆڵەی شیرینم. - من سەرئەکەوم. پاکی بەسەر پیسیدا سەر ئەکەوێ، جایا بە دەستی من یا پاش مردنی من بەدەستی کەسێکی تر کە ھاواڵی منە و لە سەر ڕێگای پیاوەتیا ئەڕوا، دڵنیا بە دایە گیان خۆمان ئەی بەینەوە. - کوڕم ڕاستە تا ئادەمیزاد ئەجەلی نەھاتبێ نامرێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشا کەمێکت ئاگات لەخۆت بێ، پیاو دەبێ کاری خۆی باش بەڕێوە بەرێ جا ئەوجا پشت بە خودا ببەستێ. - ئافەرین دایە گیان ئافەرین، سەعدی شاعیری گەورەی فارسی ئەڵێ: ڕاستە کەس بێ ئەجەل نامرێ بەڵام تۆ خۆت مەخە ناو گەرووی ئەژدیھاوە. - شاعیرێکی تریش ئەڵێ: ئەمە ئیتر قسەی چارەنووس و شتی وانییە کەسێک خۆی لەسەر بانێکەوە ھەڵدێرێ و بڵێ قەزاو قەدەر وا بوو. - خوا بتپارێزێ کوڕی زانا و دلێرم. - دەی جا دایە گیان، من ئەڕۆم، چاوەڕێم بە زۆر زوو ئەگەڕێمەوە لات. - بە خوات ئەسپێرم لاس. - خودا حافیز دایە گیان. - خودات دەگەڵ. - ھا... لاس ئەبینم کە بەرگی شەڕت پۆشیوە. زۆر سەیرە تۆ لەم حاڵەشدا کە سەراسەری لەشت ئاسن و پۆڵایە قەڵەمدان و کتێبت لە بیر نەچووە کوڕم! ؟ پێم بڵێ بزانم ئەمانە لەم سەفەرە دا بەکاری چی دێن! ؟ ھا... ئەم کتێبە چییە کوڕم؟ - کتێبی عەلی حەریرییە بابە، ئەمانە بۆ شەڕ نین، بۆ ئەوەن کە پیاو بزانێ بۆچی بەشەڕ دێ- دەی سەروەرم بەماوەتان من و مەراد لە پێشا ئەڕۆین، جارێ نیازم بە سپاوە نییە. - خودات لەگەڵ کوڕم سەرکەوی. - دەی جا مەراد بابڕۆین... *** - مەراد، بالێرە دابەزین، کەمێک ئەسپەکان بحەسێنەوە، بۆ خۆشمان کەمێک لەو کانییە ئاو بخۆینەوە. - بەسەرچاو قوربان بادابەزین. - ئەمڕۆ لەڕادەبەدەر گەرمە، بڕوانە ئەسپەکانمان لە ئارەقدا ڕەش بوون، ڕاستی ئادەمیزاد بۆ چی ھێندە دڵ ڕەق و بێ بەزەیییە! ؟ - گەورەم ھەموو گیاندارێک خودا بۆ ئەوەی دروست کردووە کە ئادەمیزاد کەڵکی لێ وەرگرێ. - مەراد! - بەڵێ پێم بڵێ بزانم، تۆ بەرامبەر بە شەڕ و کوشتار بڕوات چییە! ؟ لات وایە کە ئێمە ناچارین شەڕ بکەین! ؟ - ھ... ھ... ھا... قوربان من تەمەنم لە پەنجا تێپەڕیوە، ھەرگیز بیرم لەو پرسیارە نەکردووە کە تۆ لێم دەکەی: تەنیا ئەوەندە ئەزانم باوکت فەرموویەتی ئەبێ شەڕ بکەین و منیش بە قسەم کردووە، ئێستا من ئەمەوێ لێت بپرسم کە تۆ چۆنە ئەم پرسیارە لەمن دەکەی؟ خۆت ئەزانی گەورەم کە شەڕکەر ھەرگیز نابێ گوێ بداتە ئەمە کە بۆچ بەشەڕ دێ! ؟ یان شەڕەکەی لەسەر چییە! ئێمەی نۆکەر و گیان فیدا کارمان چییە کە ئەم شەڕە لەسەر چی ئەکرێ! - ھ... ھ... ھا... ناء مەراد ناء پیاو چ فەرمانبەر و چ فەرماندەر ئەبێ بزانێ بۆچ بەشەڕ دێ! بزانە لەم شەڕە دا ئەگەر سەرکەوێ چ بە دەست دێنێ و ئەگەر شکست بخوا چ بە لە دەست دەدا - قوربان وانییە، بفەرموو ئێمە ئەوەندەش ئەزانین کە لە شەڕێکا ببەزین ماڵ و نامووس و ناو بانگمان تێدا دەچی و ئەگەر سەرکەوین ماڵ و گیانی دوژمن لە دەست ئێمە دا دەبێ. - کەوایە ئێوە جیاوازیتان لەگەڵ ڕەوە بەراز چییە! ؟ ئەوانیش پشتی یەک دەگرن و لەگەڵ دڕندەی تر و ئادەمیزادیش بەشەڕدێن، ئێوەش نازانن بۆچی شەڕ دەکەن وە ئەوانیش ھەروا. - بێ قەزابی گەورەم، تۆ ئێمەت کردە ڕەوە بەراز. ڕاستەکەی ئەوەیە ئەمن لە ھەموو شتێک ناشارەزام ئەزانم شەڕ خۆشە ھەتا گەرمترو بەتینتر و بەترستربێ خۆشترە، من تەنیا ئەوە ئەزانم کە لە کۆڕی شەڕ لە پێشدا دەبێ گیانی ئاغام و پاشان گیانی خۆم و ھاواڵەکانم بپارێزم. - ھەمیشە زانین لە نەزانین باشترە مەراد پیاو تەنانەت دەبێ بزانێ ھەناسە کێشانیشی بۆ چییە! ؟ - بەڵێ گەورەم. فەرمایشەکانت دروستە... - ئەھا... وریا بە مەراد، وریا بە مار. مار... ھای... ھۆی... ھا چیی بوو مەراد پێیەوە دای! ؟ ئەوەتا ھەڵدەکشێ بۆ ژێر ئەو پەنجکە دڕووە! ھەر ئێستا ئەیکوژم... کوشتم، بڵێ بزانم بەکوێیەوە دای... ھا - بە پەنجەی پێمەوەی دا، ئاخ خودایە چەندە ژان ئەکا... - ڕاوەستە، ڕاوەستە، بە شتێک برینەکەت بۆ ببەستم، با ژەھرەکەی ھەڵ نەکێشێ و نەچێ بۆ سەرتر... بێنە با بیبەستم... - عەجەب مارێکی ژەھردار بوو، باوەڕناکەم بە بەستن چاری بکرێ! ؟ - ڕاوەستێ. ڕاوەستێ با بە خەنجەر جێ دەمەکەی ھەڵدڕم... ژەھرەکەی دێتە خوارەوە... تۆ خۆت ڕابگرە... دەتوانی خۆت ڕاگری؟ - ئەی... ئەی بێ بەڵا بی، من پێم ئەڵێن مەرادی پۆڵا خۆر، یانی لەبەر ئەم برینە بچووکە خۆم ڕانەگرم، ھەرچی ئەتەوێ بیکە... - باشە، باشە، کەوایە بەناوی خودا... - ئەی... ھا... ھ... خەنجەرەکەت زۆر تیژە گەورەم ھەر بەخۆم نەزانی، خوا بکا ئەو خەنجەرە بکەوێتە سەر گەردنی نەبی. - ئاھ... تۆ لەم حاڵەشدا ھەر بیرت وا بە لای دوژمنەوەیە مەراد. - من نەمدەویست بەم چەشنە بمرم، خۆم دانابوو لە مەیدانی شەڕا بکوژرێم - نا مەراد تۆ نامری، دڵنیا بە چاک ئەبیتەوە جارێ دەبێ کەمێک ڕاکشێی، لاقت بەردەیەوە خوارێ تا ژەھری مارەکە بێتە خوارەوە... ئا... باشە بەم چەشنە... - ئاھ وەی وەی وەی... سەروەرم من تازە کارم تەواوە، تۆخۆت مەخە مەترسییەوە ئایش... ئەگەر بتناسن، پارچە پارچەت ئەکەن سەروەرم، من ئەمانە باش ئەناسم، تۆزێ ڕەحم و بەزەیییان لە دڵا نەماوە، تکایە من بە جێ بھێڵە تۆ کارێکی گەورەترت لەپێشە گەورەم. - نا مەراد... ناھەرگیز من بەجێت ناھێڵم. -... تکایە بەجێم بێڵە گەورەم، ژەھری، مارەکە بە تەواوی لە لەشمدا گەڕاوە، من ئەمرم گەورەم. - ئاھ... بەسیەتی ئیتر، پێم گوتی کە ناتوانم لەم حاڵەدا بەجێت بێڵم، ئەگەر کەمێک سەبرت ھەبێ ئەتبەمە ناو لەشکری نەبی، کارێک ئەکەم دەرمانت کەن، بەڵام پێویستە لە سەرەخۆ بی. - فەرمووت ناو لەشکری نەبی! ؟ ئەمە زیاتر لەکاری شێتان دەچێ، ئەبوری کە بەم چەشنە ئەدوێم، بەڵام خان منی ناردووە ئاگام لە تۆبێ نەک ببمە ھۆی تێدا چوونت نا... نا من ھەرگیز نایەم. - خان لای وایە من مناڵم، ! تۆش ھەروا بیر ئەکەیەوە! بەڵام ھەردووکتان بە ھەڵە چوون ئێستاش ھەر ئەمەیە کە گوتم. - من لەگەڵت نایەم... بە ھیچ بارێک نایەم... مەرگ بۆ من باشترە لەمە کە تۆ بکەوییە بەردەستی دوژمن. - من ئەتبەم، ئەگەر بەخۆشی نەییێ بە زۆر ئەتبەم! ؟ گەرما و ئازار مێشکی تۆی لەکار خستووە نازانی ئەڵێی چی! ؟ یاڵڵا ھەستە وەرە لەگەڵم. - من نایەم - یاڵڵا ھەستە وەرە. - نایەم، من نایەم. - ئێستا کە نایەی مەجبوورم بەزۆر دەتبەم... ھا... بگرە... دەی. - ئای... ھای. - بەم چەشنە لەگەڵ خۆم دەتبەم، ببوورە مەراد من مەجبوور بووم بێ ھۆشت کەم ئاھ ئێستا دەبێ زووتر بتگەینمە ناو ئەو ئاوایییەی کەوا سپای نەبی تێدا کۆ بۆتەوە... خوا بکا تا دەگاتێ و مەراد باش نەبووتەوە نەمان ناسن، بەڵام بەم سەر و بەرگەوە ھەر ئەمناسن، باشترە جلو بەرگەکەم لەگەڵ شوانێ، سەپانێ کەسێکا بگۆڕمەوە، دەڵێم باوکمە و مار پێوەی داوە، با جارێ بیگرمە کۆڵ و سواری ئەسپەکەی کەم. - باش بوو با لیباسەکانم لەگەڵ ئەو پیاوە بگۆڕمەوە... ھۆی کاکە... برادەر... بۆ ڕەزای خودا یارمەتیم بدە، باوکم مار پێیوە داوە، حاڵی باش نییە. - من حەکیم نیم، چ یارمەتێکم لەدەست دێت! ؟ - ئەگەر حەکیمیش نەبی، خۆ موسوڵمانی، شارەزای ئەو ئاوایییەی، ئەزانی کێ ماران گازی پێ چاک دەبێتەوە! ؟ تکایە برادەر یارمەتیم بدە. - کوڕە بڕۆ کاکە، من کارم بەسەر ئەو کارانەوە چییە کوڕە بڕۆ... - سەلام گەورەم سەلام. - چییە کوڕە، ئەم لاوە چی ئەوێ! ؟ - وا دیارە ئێوە پیاوێکی گەورەن! تکایە یارمەتیم بدەن. - بڵێی بزانم ئەم پیاوە بێ ھۆشە کێیە؟ وادیارە مار پێوەی داوە! ؟ پەنجەی پێی، ماسیوە وایە ھەر وایە! ؟ - قوربان باوکمە، ئەمڕۆ لەم دەشتە خەوتبووین مار پێیەوە داوە منیش غەریبم کەس لەو دەوروبەرە شک نابەم، بیستم نەبی خان لەو دێیە، گوتم بچم یارمەتی لێ وەرگرم، ئەمزانی پیاوێکی گەورە ھەرگیز خاوەن نیاز بە ناھومێدی بەڕێ ناکا! - من نەبیم ئافەرین کوڕی باش، تۆباش ئەدوێی بڵێ بزانم ناوت چییە؟ - قوربان... نا... ناوم... لا... لاسە، ببوورەکە لە پێشدا ئێوەم نەناسی. - ئم- لاس! ؟ ئەبێ ئەم ناوەت بەناوی لاسە شۆڕی باڵەکییەوە کرابێ... ھا! ؟ - من خۆم نازانم بۆچی ناویان ناوم لاس، ڕەنگە باوکم بزانی بەداخەوە ئەویش ئێستا بێ ھۆشە! - نەبی لەبن لێویەوە دەڵێ: «چەندە کوڕێکی قۆز و شۆخ و شەنگە»... بڵێ بزانم کوڕی باش، ئەگەر من دەستوور بدەم باوکت ببەنە لای حەکیم و چاکی بکەنەوە ئەبی بە نۆکەری من! ؟ لاس لەبن لێویەوە «ئەی سەگە چەپەڵ...» قوربان من ئێستاش ھەر نۆکەرم. - ئەزانم. ئەزانم، بەڵام مەبەستم ئەمەیە کە- بتکەمە نۆکەری تایبەتی خۆم و ھەمیشە لەلای خۆم بمێنیەوە! - بە شانازییەوە گەورەم. - زۆر باشە... پێم بڵێ بزانم تۆ ھیچ سەرت لە شەڕ دەردەچێ! ؟ - بەڵێ قوربان تا ڕادەیەک تیرئەندازی و شمشیربازی و زۆرانیگرتن ئەزانم. - ئە زۆر باشە، کەوایە بگرە. ئەم شمشیرە، شمشیری تایبەتی خۆمە ئەگەر بە یەک جار ئەم چەنارە ساوایەت لەت کرد شمشیرەکە دەدەم بە خۆت. - مەرحەمەتی کە سەروەرم «خودایە گیانی مەراد بەم کارەوە بەستراوەتەوە باسکم بەھێز کە» - ئافەرین لاس، لەمە بەدوا تۆ نۆکەری ژێر دەستی خۆمی، ناویشت لاسە شۆڕە با ئەحمەدخان تێ بگا کە ئەگەر ئەو کوڕی ناوی لاسە شۆڕە من نۆکەرم ناوی لاسە شۆڕە. - سپاست دەکەم قوربان کە وەھایە دەستوور بفەرموون باوکم بەرنە لای حەکیم - زۆر باشە، ئەھای کوڕە! - بەڵێ قوربان - وەرە زوو ئەم پیاوە بەرە لای حەکیم، بڵێ زۆر باش دەرمانی بکا، ھەتا چەند ڕۆژی تر دەبێ چاک ببێتەوە. - بەسەر چاو گەورەم. - خێرا کە زووتر. - نەبی خان دەستووری داوە، تا باوکت بە تەواوی چاک دەبێتەوە لە ماڵی من بێ و ئاگاداری لێوەبکەم. لام وایە ئەمڕۆ کەمێک باشتر بێ. - سپاست دەکەم دایە پیرە، ھەڵبەت ئێمە باشی تۆمان لە بیر ناچێ و پاداشت دەدەینەوە. - ئۆ کوڕم ئەم قسە چییە، من بۆ پاداش ئیش ناکەم تەنیا دەمەوێ خودا لێم ڕازی بێ. - دیسانەوە سپاست دەکەم. خودا لەو کەسانە ڕازییە کە بە ھاواری لێقەوماوانەوە دەگەڵ، لەگەڵ ئەوەشا پێم خۆشە ئەم دیارییە بێ بایەخە لە من وەرگری فەرموو. - ئیتر ھا... ئاخ خودایە ئەم ھەموو ئەشرەفییە، بەڵام کوڕم من کارێکم بۆ ئێوە نەکردووە کە ئێوە پاداشم دەنێ. - تکایە دایە پیرە شەرمسازمان مەکە ھەڵی گرە. - خودا تەمەنت درێژ کا کوڕم، من قەبووڵم نەدەکرد، بەڵام تۆ ھێندە میھرەبانی کە ناکرێ دەستت بدەمەوە دوا! - ھەڵبەت تۆ خۆت لە من باشتر دەزانی کە باوکم نیازی بە ئاگا لێ بوون ھەیە پێویست نییە بە ڕاسپێری من ھەر کات پارەت ویست بە من بڵێ. - بەسەر چاو گەورەم، دەی ئێستا با بڕۆم خەریکی چێشت لێنان بم، باوکت دوو سێ ڕۆژە ھیچی نەخواردووە. - ئا بڕۆ دایە پیرە بە خودام ھەسپاردی، تا تۆ دێیەوە من ئاگام لێدەبێ. مەراد، مەراد، - ھ... ما - چۆنی؟ من لاسم، چاوت بکەوە. - قوربان لە مێژە حاڵم باشە، پێم خۆش بوو بزانم تۆ چیت بەمانە گووتووە و چۆنت خۆت ناساندووە، ھەتامنیش ھەروا بڵێم، گوتم نەکا قسەی من و تۆ یەکتر نەگرێتەوە و درۆکەمان ئاشکرا بێ. - تۆ باوکی منی و مارپێیەوە داوی، منیش ناوم لاسە و لەو وڵاتەش غەریبین، پێت چۆنە؟ - ناوت لاسە، جا بۆچ لاس؟ مەگەر ناوی دیکە نەمابوو ناوی خۆت گوتووە؟ - بەسەر زارم داھات، بە ھەڵکەوت، خراش نەبوو، نەبی منی کردۆتە نۆکەری تایبەتی خۆی بە شانازییەوە دەیگوت ئەگەر ئەحمەد خان کوڕی ھەیە ناوی لاسە، منیش نۆکەرم بەم ناوە ھەیە لەمەش سەیرتر ناوی ناوم لاسە شۆڕ. - خودا بتپارێزێ سەروەرم، دەستت داوەتە کارێکی پڕ مەترسی. - ئا... نەت بیستووە ئەڵێن گۆم ھەتا قووڵ بێ مەلەی خۆشترە. - ھ... ھە بەڵام ئەم گۆمە ھێندە قووڵە لەوانەیە بمان خنکێنێ قوربان. - کارێکە و کراوە، پیاو ئەبێ بیر لە داھاتوو بکاتەوە، ئەگەر کەوتە مەترسییەوە بزانێ بە چ ڕێگایەکدا ئەکرێ خۆی ڕزگار بکا! ؟ دەنا بیرکردنەوە لە باری ئەمەوە کە خۆم خستۆتە ئەم مەترسییەوە زیاتر سەر لە پیاو دەشێوێنێ. - بە ڕاستی ئەتۆ کوڕی سەرپشتی شێری من لەگەڵ ئەم ھەموو تاقیکاری و شەڕەدا کە دیومە ناچارم خۆم بدەمە دەست تۆ. - ئاھ... ھ ئەوە پیرەژنەکەیە کە ھاتەوە دیسانەوە تۆ باوکی من کوڕ... دەی بابە گیان دیارە حاڵت باشترە! ؟ - نەھارم بۆ ھێناون ھیوادارم بەدڵتان بێ! ؟ - بابە ئەم دایە پیرە، لە ڕادەبەدەر میھرەبانە، لەم ماوەیەدا کە تۆ بێ ھۆش بووی، ھەر لە ژوور سەرت بووە و ئاگاداری لێوە کردووی. - زۆر سپاست دەکەم، خودا پاداشتت بداتەوە. - من ئەبێ سپاسی ئێوە بکەم برادەر، بە ئومێدی خودا زوو چاک دەبیەوە و ئەچیەوە لای ژن و منداڵەکەت ئەو دەمەی یادێکیش لەم دایە پیرە بکەن. - ھەڵبەت ھەروایە ئێمە فەرامووشت ناکەین. - دەبی بابە گیان من ئەبێ بڕۆمەوە لای خان نەکا فەرمایشێکی ھەبێ. - بەخودات ئەسپێرم کوڕم، بەخودات ئەسپێرم. - خودا حافیز دایەپیرە. - خودات لەگەڵ کوڕم. - لاس: باوکت چۆنە حاڵی باشترە! ؟ - بە سایەی ئێوەوە قوربان، لام وایە تا سێ چوار ڕۆژی تر بتوانێ جێگاو بان بەجێ بێڵێ! ؟ - بەڵام باشتێکت پێ بڵێم، ئێمە کارمان زۆرە ناتوانین چاوەڕوانی باش بوونەوەی باوکت بین، چونکە ئەحمەدخان زانیویە کە ئێمە ئەمانەوێ بچینە سەری ئەگەر بکەوێتە خۆیی و وریابێتەوە چاری ناکەین. ئەبێ ھەرچی زووتر ھێرشمان دەست پێ بکەین. - بەڵام گەورەم من تا باوکم باش نەبێتەوە ناتوانم لە خزمەتتان دابێم. - چی؟ ناتوانم! ؟ ناتوانم یانی چی؟ تۆ نۆکەری منی، ھەرچی من دەڵێم دەبێ وا بکەی - لاس لەبن لێویەوە: «ئەگەر لەبەر پاراستنی مەراد نەبوایە. ئێستا حاڵیم ئەکردی» - با ئەوەشت پێ بڵێم لەمە بەدوا کاتێ من قسەت لەگەڵ دەکەم مافی ئەوەت نییە لەبەر خۆتەوە ورتەت بێ. - بەسەرچاو قوربان، بەسەرچاو. - دەی ئێستا بڕۆ خۆت سازکە ئەم شۆ دەبێ داژۆین. - چیت کرد سەروەرم، وا دیارە، کەمێک ناڕەحەتی! ؟ - ئەم چەپەڵە لێم تووڕە بوو، وە پێی گوتم دەبێ خۆم سازکەم بۆ شەڕی باوکم دەیانەوێ ئەم شۆ ھێرشیان دەست پێ بکەن. - ئەی سەگە چەپەڵ، ئەگەر ئێستا ئەمتوانی بەسەر پێوە خۆم بگرم، بە شمشیر لەتم دەکرد، ئەبێ ھەواڵ بدەین بە خان، دڵنیام ئەوان بیری ئەمە ناکەنەوە کە بەم زووانە ھێرشی نەبی دەست پێ بکا، لەبەر ئەمە خۆیان ئامادە نەکردووە! - ئاھ... تۆ خۆت ئاڵۆز مەکە، من خۆم ئەزانم چ بکەم. - سەلام کوڕم، ئەمڕۆ باوکت حاڵی باشترە شوکر ھەرچی ویستوویە بۆم ئامادە کردووە، شەو و ڕۆژ بەسەریەوە دانیشتووم باوەشێنم کردووە. - سپاست دەکەم دایەپیرە، ھا... بگرە ئەمەش دەست خۆشانەت. - ئەی خودا تەمەنت درێژکا کوڕم، تۆ لە ڕادەبەدەر میھرەبانی. - دەی جا دایەپیرە بچۆ بۆ لای کارەکانت، ئێمە ئیشێکمان نییە. - بەسەرچاو کوڕم بەسەرچاو... ئەم لاوە ئەم ھەموو پارەی لە کوێ بووە! ؟ ئەبێ ڕازێک لە کاریان دا ھەبێ، منی بەم چەشنە لە ھۆدەکە دەرکرد ئەبێ وتووێژێکی نھێنییان ھەبێ، ھا... باشترە خۆمیان لێ بگرم بزانم ئەڵێ چی! ؟ ھا... ئێرە جێگایەکی باشە کە گوێم لە قسەکانیان بێ. - گەورەم کارێکی باشت نەکرد ئەم ئەشرەفیانەت دا بەم پیرێژنە، ئەو لێمان ئەکەوێتە شکەوە، ئەڵێ ئەم ھەموو زێڕەیان لە کوێ بووە! ؟ - قەیدی نییە مەراد ئەم ئافرەتە پیرە زۆری ئاگا لە تۆیە، دەبێ تۆڵەی زەحمەتەکەی بۆ بکەینەوە باوەڕ ناکەم بمانناسێ! ؟ - بەھ بەھ کوڕەکە بوو بە گەورەم، وا دیارە ئەمەش باوکی نیییە، چونکە پێی ئەڵێ مەراد، با ڕاوەستم دیسان... - دەی سەروەرم، نەبی ئەیەوێ ھێرش بکاتە سەر بابت! من زۆر نیگەرانم نازانم ئەنجامی ئەم شەڕە بە کوێ دەگات! ؟ - ئەوڕۆ پێش لەوەی تاو ئاوابێ، ئەبێ بڕۆین، تۆ ئەتوانی خۆت بەسەر ئەسپەوە بگری! ؟ - بەڵێ سەروەرم ئەتوانم، یانی ناچارم بتوانم. - ھەر ئەوەندە لێرە بتبەمە دەرەوە لە ئاواییەکی دیکە ئەتشارمەوە و خۆم ھەواڵەکە ئەبەمەوە بۆ باوکم. - ھا... کەوایە ئەمە لاسە، کوڕی ئەحمەد خانی مەزنە، ھەلێکی باشم بۆ ھەڵکەوتووە، ئەگەر ئەم ھەواڵە بدەم بە نەبی کۆشم پڕدەکا لە ئەشرەفی بەڵێ... بەڵێ ھات ھەر جارێک دێتە پێش، نابێ لە دەستی بدەم، ئێستا بابچمە ژوورەوە لە کاتی خۆیدا ئەچمە لای نەبی - ھاتمەوە گوتم نەکا نیازێکتان بە شتێک ھەبێ؟ - من ئەمڕۆ ئەڕۆمەوە خزمەت نەبی خان تۆ ئاگات لە باوکم بێ دایە پیرە - ئەی بەسەر چاو شەنگە لاوی بەژن و باڵا جوان وەک گلێنەی چاوم ئاگام لێ دەبێ دڵنیا بە کوڕم دڵنیابە. - خودا حافیز بابە گیان. - بە خودام سپاردی کوڕم، خودات لەگەڵ. - ئێستا کاتێکی باشە، ئەبێ بچم و ھەواڵ بدەم بە نەبی زۆر باشە... *** ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەشی ٤ - ڕاوەستە بزانم کێی! ؟ - کوڕم ھەواڵێکی گرنگم بۆ نەبی خان ھێناوە، ئەبێ ھەر ئەمشۆ پێی بگەینم. - بڕۆ پیرێژن بەیانی وەرەوە، خان ئێستا خەوتووە ناکرێ خەبەری کەینەوە. - بەڵام کوڕم ھەواڵەکە زۆر گرنکە، ئەترسم کات بەسەربچێ ئاخ. - بەڵێ بزانم ئەم ھەواڵە چییە! ؟ - گوێت بێنە پێشەوە! ... باپێت بڵێم... - ئەھا... زۆر باشە تۆ ھەر لێرە ڕاوەستە تا من ھەواڵ بدەم بە خان و ئەگەڕێمەوە. - ئەم پیرێژنە بەم شەوە لێرە چی دەکرد! ؟ وا دیار بوو شتێکی بە نیگابانەکە گوت... نەکا بە ڕازی ئێمەی زانیبێ و بیەوێ بە نەبی خەبەر بدا. ئەگەر وا بێ من و مەراد تێدا دەچین... وا باشە بچمە ناو ئەو ماڵە کەوا نەبی تێدایە... ئاھ... ئێرە زۆرباشە ئەوە پیرێژنەکە چووە ژوورەوە... ئاھ... با ئەمنیش بچمە ناو داڵانەکە ڕاوەستم... - دەی تۆ بڵێ بزانم تۆ دڵنیای کە ئەو کوڕە لاسی کوڕی ئەحمەد خانە! ؟ - بەڵێ قوربان، ڕاستە کە من پیر بووم، بەڵام ئاوەزم باش کار دەکا، لە پشت دەرگا کە خۆم گرتبوو بەم گوێیانەی خۆم بیستم کە پیاوە نەخۆشەکە بە کوڕە لاوەکەی ئەگووت سەروەرم. - ئەمە بەڵگە نییە پیرێژن، بزانم چی تریان گوت؟ - گەورەم، لاوەکە گوتی کە نەبی خان ئەیەوێ ھێرش بکاتە سەر باوکم، باوکیشم خۆی ئامادە نەکردووە بڕیاریان دا کە پیاوە نەخۆشەکە بەرێتە ئاواییەکی تر وە خۆشی بگەڕێتەوە لای ئەحمەد خان، وە ئەم ھەواڵەی بداتێ. دەزانی قوربان من خۆم بە کەنیزی تۆ دەزانم، ھەڵبەت نەمدە توانی ئەم ھەواڵە بە تۆ ڕانەگەینم. بەڵێ گەورەم، من کەنیزم... کارکەرم... - ئاھ... تۆ لە ڕادەبەدەر زۆر بڵێیی دەکەی، بەڵام ئەم ھەواڵەشت بەکەڵک بوو، ئەبێ کارێک بکەم ئەحمەد خان لەسەر مەیتی کوڕەکەی دانیشێ، بەڵێ سەری لاس ئەبڕم و ئەینێرمەوە بە دیاری بۆ ئەحمەد خان. ئاخر من و ئەو دۆستی لە مێژینەین، ھەر ئەبێ دیاریەکی وا باشی بۆ بنێرم... ھا... ھا... ھا... - قوربان کارێکت بە من نییە! ؟ - نە پیرێژنی فەرھادکوش کارێکم پێت نییە بگرە ئەمەش دەست خۆشانەت. - سپاست دەکەم گەورەم، سپاست دەکەم. *** - ئێرە... زۆر باش بوو، بە ڕاستی زۆر باش بوو، ئەمجارە وا دیارە ھاتمەوە، ئەحمەد خان بە دیتنی سەری بڕاوی کوڕەکەی سەری لێ ئەشێوێ منیش بەیەک ھێرشی کوتوپڕلە ناوی ئەبەم... ھا... ھا... ھ - خان ئەتۆ زۆر زوو لە سەرکەوتنی خۆت دڵنیا ئەبی، ئەمە بۆ پیاوی شەڕانی باش نییە. - تۆ! ؟ تۆ لێرە چ دەکەی! ؟ - مەگەر فەرامووشت کردووە من نۆکەری تایبەتی تۆم، ھەرکاتێ بمەوێ ئەتوانم بێمەلات. - ھا... کە وایە ئێستا دەستوور دەدەم بتگرن. - ئەم... گەورەم ئاڵۆز مەبە، ئێرە جگە لە من و تۆ کەسی لێ نییە. - ئە ئەمان نا ئەمن خۆم ئەتکوژم... ھا بیگرە قوڕ وە سەر... ھا... ھ... - ئەھا ئەمجار بووی بە پیاو، وەرە پێشەوە وەرە پێشتر... نا... دیارە کەمێک لە شمشێر سەرت دەردەچێ... بەڵام ئیتر بەستە... ھا... بگرە... - مۆڵەتی مەدە گەورەم بیکوژە... - نامەراد... نا... وەرە دەستی ببەستە با بیبەینە لای باوکم... دەی مەراد... - نا گەورەم... ئەم مارە وا باشترە زوو سەری پان کرێتەوە، ماوە بفەرموو سەری لە لەشی جیا کەمەوە و جا سەرە بڕاوەکەی ئەبەینە لای خان... - نا مەراد چۆنی پێم گوتی وا بکە... یاڵڵا زووکە. - بەسەرچاو گەورەم، بەسەرچاو... دەست بێنە پێشەوە بەرازی پیس... دەست. - بەئەدەب بە مەراد بە ئەدەب بە. - دەست بێنە پیری لا مەسەب... - با دابەزین مەراد نەبی خان زۆر ماندوو بووە. - ئۆھ قوربان گورگی باران دیتووە، بەمانە ماندوو نابێ. - ئە مەراد، تۆ بە ھیچ جۆرێ تەربیەت فێر نەبووی، چەند جار پێم گوتی زمانت بە قسەی ناشیرین پیس مەکە. - ئە ببوورە گەورەم ببوورە. - من زۆر ماندووم، زۆریشم تینووە. - لەو نزیکانە چاوە کانییەک ھەیە لەوێ دائەبەزین بەڵام بە مەرجێ، نەبی خان بیری ھەڵاتن لە مێشکی خۆی دەرکا! - من بەدەستی بەسراوەوە بۆ کوێ ڕادەکەم - کە وایە لێ خوڕین - زۆر باشە با لێ خوڕین... ئەحمەد خان: نەبی، من زۆرم چاکە بۆ تۆ ھەبوو، چەند جار لە مەرگ ڕزگارم کردی، بەڵام تۆ ئەمەک نەناس بووی، لەشکرت لێ کردم، پێم بڵێ نەبی لەبەر چی وات کرد! ؟ - من پیاوم لەبەرامبەر پیاویشەوە قسە ئەکەم تۆ ئەتەوێ کە ئێستاکە ئەسیری تۆم، بۆ دڵۆپێ خوێن بپاڕێمەوە و داوای لێبوردن بکەم! ؟ نا... نا خانی مەزن نا، نەبی ئەو نزمییە قەبووڵ ناکا، تۆش چۆنت پێ چاکە وا بکە؟ - ئافەرین نەبی ئافەرین سەد ئافەرین بە ڕاستی نەترسی، کە وەھایە بۆ مەرگ ئامادە بە مەراد. - بەڵێ قوربان! - فەرمانی من ئەوەیە کە نەبی لە چینی دیوار بگرن، پیاوی پیاو مەرگی پیاوانەشی دەوێ. - بەسەرچاو گەورەم بەسەرچاو. - دەستوور بدە ھەر کەس کە ئەیەوێ نەبی لەم حاڵەدا ببینێ ئازادە، با تێبگەن پیاوی وەک نەبی گاڵتە بە مردن دەکا. - ئۆھ سپاست دەکەم خان، پیاو قەدری پیاو ئەزانێ، منیش پێم خۆشە ڕواڵەتی پیاوانەی من لە سەرەمەرگیشا دەست و پێوەندەکانی تۆ بترسێنێ، وە بزانن دوژمنی گەورەیان چ پیاوێکە! ؟ - سەروەرم ئەمجارەش بیبەخشە، من ھەست ئەکەم پەشیمان بووبێتەوە. - کوڕم پەشیمان بوونەوە لە کاتێ وەھادا یانی ترسان و خوێڕی بوون، نەبی ئەگەر پەشیمان بێتەوە ئەیکوژم، چونکە پێم شوورەیییە دوژمنێکێ ترسەنۆکم ھەبێ، ئەگەر پەشیمانیش نەبووبێتەوە ھەر ئەیکوژم، چونکە پیاو لە دوژمنی ئازا ئەبێ بترسێ، جا ئێستا لە خۆی بپرسین کوڕم، بڵێ بزانم نەبی تۆ کام لەم مەرگانە ھەڵ دەبژێری! ؟ - مەرگی پیاوانە خان. س - بەڵام تۆ قوربان لە ھەردوو حاڵدا ئەیکوژی ئەمە ڕەوانییە. - بڕۆ دەرەوە لاس دوو شێری پیر باشتر لێک تێ ئەگەن مەعتەلی چی لاس؟ بڕۆ دەرەوە. - بەسەرچاو، بەڵام تۆش لەگەڵ نەبی زۆر جیاوازیت نییە. - ئاھ لاس، لەبیرت نەچێ چیت گوت ئێستا بڕۆ دەرەوە. - خودای گەورە ئەمانە چ جۆر ئادەمیزادێکن؟ بڕوانە چۆن بە ھەڵپە سەرنجی نەبی ئەدەن. بێ چارە لەم بەر خۆرەتاوە، تا پشتێنی لە ناو دیوار دایە. نەبی ئێستا حاڵی چ بێ؟ ... نا ئەمن ناتوانم ئەم ڕوانگە ناحەزەم چاو لێ بێ، ... بابچمە پێشەوە... تکایە گوێ بگرن! ئەگەرچی پیاو نابێ لەگەڵ ئێوە کە بەجارێ بوون بە دڕندەی کێوی بە ئەدەب قسە بکا ئێوە بۆچ لێرە کۆ بوونەتەوە! ؟ ھا ئەمە چ شانازیێکی تێدایە کە دوژمنیکی ئەسیر لەم حاڵەدا سەیر ئەکەن؟ ئایا ھیچ کامتان لە خۆتان ڕائەمینی دەست بداتە شمشیر و بچنە مەیدانی نەبی خان؟ نا... نا... ئێوەی ترسەنۆک ھەر لەمە ئازان سەیری دوژمنی داماو بکەن و پێی پێبکەنن، شوورەیییە، بە ڕاستی شوورەیییە ئێستا ئێوە گوم بن لەبەر چاوم. - مەعتەلی چن؟ بڵاوەی کەن یاڵڵا... - نەبی خان، ئەم شۆ چاوەڕوانی من بە دێم ئازادت دەکەم. - ئاھ... ھ من نامەوێ بەدەست کوڕی دوژمنم ئازادبم، مردنم لا باشترە. - من کوڕی شەرەف و ویژدانم، نەبی خان کوڕی دوژمن نیم، شەوێ چاوەڕێم بە ئێستا بەدوعا، تا شەوێ خۆت ڕابگرە. - لەناو ئەو ھەموو کێشکچی و نۆکەرە دا، لاوێکی ڕووبەند لە ڕووی چارە پۆشراو دێت و نەبی لە چینی دیوار دەربھێنێ و دەستی ھەموو پیاوەکانی من ببەستێ! ئاھە سەرشۆڕیی لەمە زیاتر چۆن ئەبێ! ؟ مەگەر ئێوە کەو بوون کەروێشک بوون، مەراد... مەراد... - بەڵێ قوربان، بەڵێ سەروەرم فەرموو. - مەگەر تۆ مردبووی؟ پێم بڵێ لەو کاتەدا لەکام جەھەنەم بووی مەراد! ؟ - گەورەم ئەو پیاوە کە ھاتبوو نەبی ڕزگار کردووە پیاوێکی ئاسایی نەبووە، وەک کێشکچییەکان ئەڵێن ھەر لە ماوەیەکی کورتدا شمشیری ھەموویانی لەدەست دەرھێناوە، ئەڵێن پیاوێکی باڵابەرزی بەھێز بوو، و ھیچ دەنگیشی لێوە نەھاتووە قوربان. - ئەمانە قسەی پووچن مەراد، من دەستوور ئەدەم ھەموو ئەو کێشکچییانە بکوژن، ... مەراد بڕۆ بزانە لەدەرێ چ باسە! ؟ ... ھا چبوو؟ - قوربان یەکێک لە کێشکچییەکان بوو، ئەم دەسرە ھەورییەی ھێناوەتە خزمەتت ئەی گوت کابرا بەم دەسرەیە دەستی ئەوی بەستووە. - بێنە بزانم... - فەرموو قوربان، فەرموو. - ئھ... ئەم دەسرەیە! ؟ ... لاس! ؟ ئەھای لاس؟ ... - بەڵێ گەورەم. - ئەم دەسرەیە دەناسی کوڕم؟ - بەڵێ گەورەم ھی منە. دەسرەی بەرخەنجەری منە. - ئەکرێ پێم بڵێی چۆن بووە بە دەسرەی تۆ دەستی ئەو پیاوە بەسراوە؟ - ئەو پیاوە من بووم! ئەوی کە نەبی ڕزگار کرد من بووم. - تۆ؟ بۆچی؟ تۆ وەڵامت نییە بیدەیەوە؟ ئۆھ لاس، خۆم ئەزانم چونکە لات وایە من و نەبی جیاوازیمان نییە! ھەردووکمان پیاوکوژ و خوێنمژین، بەڵام لاس ھەرچی بێ من باوکی تۆم، مەراد... مەراد - بەڵێ سەروەرم... بەڵێ - دەستی ئەو بێ ئەمەکە ببەستەوە و بیبە دەرەوە. - ھەمووتان بچنە دەرەوە ھەمووتان یاڵڵا گووم بن یاڵڵا بڕۆن... ئۆھ کڵۆڵی و چارەڕەشی چەندە بە ئاواتەوە بووم خودا کوڕێکم بداتێ، کوڕێک لە من و لە شەم لەسەر پشتی شێر و ئێستا ئەو کوڕە لەگەڵ دوژمنی من بۆتە ھاودەست، ... بەڵام، بەڵام من ئەزانم ئەبێ چبکەم، خۆم ئەزانم ئەبێ چی بکەم. - قوربان ھەر دە کەسەکە ئامادەن، دەستوور چییە؟ لاسە شۆڕیشی لە مەیدانە. - بڕۆین مەراد، ئەمڕۆ گۆڵمەزێکی خۆشمان بەدەستەوەیە... بڕۆین - فەرموو بابڕۆین... - گوێ بگرن، ئێوە دە کەس بوون و نەتان توانی ئەسیرێک بپارێزن، لاس کوڕی من دوژمنی لە بەند ڕزگار کرد، کە وەھایە پێویستە ئێوە بە تێکڕایی دەگەڵ لاس بەشەڕبێن، ئەگەر بیکوژن لاس بەسزای خۆی گەیشتووە، ئەگەر ئەویش ئێوە بکوژێ، ئێوە ئاکامی خوێڕیەتی خۆتان وەرگرتۆتەوە... دەی جا ئێستا دەست پێ بکەن... - ئەوانە برای منن شمشیر لە من ناکێشن و ئەمنیش خۆینی ئەوان ناڕێژم. - ئەمە دەستووری ئەحمەدخانە، ئەبێ بەڕێوە بچێ، یاڵڵا... دەست پێ بکەن - وەرنە پێشەوە بمکوژن، بەڵام من ناتانکوژم. - تۆ ترساوی لاس، کوڕی سەر پشتی شێران نابێ بترسێ. - ناگەورەم من ناترسم بەڵام لە برا کوشتن بێزارم... گای ئێوە ترسەنۆک بۆ ڕزگار بوونی خۆتان خەریکن من ئەکوژن ھا... ؟ باشترە ئێمە شەڕ نەکەین، با خان ھەموومان بکوژێ - نا... دەستووری خانە ئەبێ بەڕێوەبچێ بگرە سەروەرم... - ھا کە وایە ناچارم بیکەم... جا... ھا بیگرە... - ئاھ... ھ... - ھانێ ئەوەش بۆ تۆ... - ھا ئەوەش بەشی تۆ - ئافەرین لاس، سەد ئافەرین - ھابگرە ئەوەش بۆ تۆ کە دواین کەسی. - ئافەرین لاس... ئافەرین، لاس ھەر دەیانی لە مەیدان دەرکرد، بەدەستووری من ھەم لاس و ھەم ئەم کێشکچییانەی ئازادن، من لە تاوانیان خۆش بووم. - لێبوردن ھی گەورەیە سەروەرم، کە وەھایە با بچم ئەم ھەواڵە بدەم بەلاس و بیھێنمە خزمەت خانی مەزن. - نا مەراد پێویست ناکا بێتە لام، ئەو ئێستا زۆر ئاڵۆزە لێی گەڕێ باتووڕەیی و پەژارەی دامرکێ، ئەوجار خۆم قسەی لەگەڵ دەکەم ئەوە من ڕۆیشتم مەراد. - فەرموو قوربان لاس لەو کاتەوە ئیتر کزو مات ببوو، لە گۆشەیەکا دائەنیشت و بیری ئەکردەوە، تەنانەت لە بارەی جوانی و ھەڵبەست و زانستیشەوە قسەی نەدەکرد، لە ھاودەنگەکانی کەنارەی گرتبوو، لەو ماوەیدا ئەحمەد خان ھەرچی ویستی دڵی بھێنێتەوە جێ بۆی نەکرا، وردە وردە قاو داکەوت کە لاس چەشنە شێتییەکی بەسەراھاتووە، بەڵام لەڕاستیدا وەھا نەبوو، لاس خەونی بە کچێکەوە دیبوو، و لە خەوەکەدا ئاشقی ببوو- لەبەر ئەمە پێی خۆش بوو بە تەنیا بێ و بیر لەو پەرییە بکاتەوە کە شەوێک ھاتبووە خەوی و دەرگای بەھەشتی باوەشی خۆی بۆ ئاواڵە کردبوو، پاشان لە کاتی ڕۆشتنیا پێی گووتبوو من لە کوێستانێکی سەرسەوز و بەھاراویدا ئەژیم بمدۆزەرەوە. لاس لەو کات دا نزیکەی ٢٠ساڵ تەمەنی بوو، و برایەکی چاردە ساڵەشی ھەبوو کە زۆری خۆش دەویست. - نا... ھیچ سوودی نییە، ئیتر ھیچ شتێک خۆشم ناکا... خودایە من بە جوانی پیرم، بەڵام نا، نابێ ھیوابڕاو بم، ئەبێ بکەومە شوێنی، ئەبێ یەکجار جوان بێ، ھەروەک لە خەوەکەما دیتم، باڵا بەرز، کەمەر باریکە، بەناز، دوو چاوی گەش، دوو پرچی ڕەشی ئاوریشمی، پێکەنینێک وەک بزەی مانگەشەو... ئاھ کەسێک بەرەو ئێرە دێ! بۆ من تەنیا دیتنی خۆم بەسە ھەر ئەتوانم دیتنی ئادەمیزادێک ھەموار کەم، ئەویش خۆمم، بەڵام بریا تەنانەت خۆشم ھەواڵی خۆم نەبوایە... چەندە ناخۆشە... - ئاھ کوڕم ئەمەوێ قسەت لەگەڵ بکەم. - زۆر سەیرە کوڕ و باوکێک ئەوەندە لێک دوور بن، وا نییە گەورەم! ؟ - ئۆ بۆچ کوڕم بۆچ، ھەم سەیرە ھەم ناخۆشە، بەڵام ڕۆڵەم، ئەوەی وا دووری ئەکا تۆی. - وە ئەوەش کەوا ھیچ گوێ ناداتە ویستی کەسێکی تر تۆی قوربان. - تۆ خوێندەواری کوڕم، ماوەی چەند ساڵ سەرت بەم کتێبە پەڕزەردە پەرپووتانەدا گرت، بەڵام ژیان کوڕم لەناو کتێبا نییە کوڕم لەدەرەوەیە، لەسەر ئەم سەر زەوییە بڕوانە کوڕم بڕوانە ئەم خۆرەتاوە ھەست دەکەم، گوێم لە دەنگی ئەم مەلانەیە، تەنانەت شنەی ئەم شەماڵە لەسەر خۆیشە ھەست دەکەم ئەمەیە ژیان، کە وەھایە من زیندووم، من زیندووم کوڕم، و زیندووش نیازی ھەیە، بەمە کە فەرمانی ڕەوابێ. - ھەموو کەس لێ بترسێ، پڕبەدڵ ناخۆشیان بۆی، بەڵام لە ترسان بە قسەی بکەن... ھا؟ ئەمەیە مانای نیازی ژیان گەورەم! ؟ - پیاوی پیاو ئەبێ دۆست و دوژمنی ھەبێ کوڕم، دۆستەکانی خۆشیان بوێ و دوژمنەکانی لێی بترسێن، مەگەر نەتبیستووە دەڵێن گەورەیی پیاو بە ژمارەی دۆست و دوژمنی ڕا دەردەکەوێ؟ - بەڵێ سەروەرم، بەڵام پیاو ئەتوانێ کارێ بکا کە دوژمنی نەبێ و ھەموو کەس خۆشی بوێ. - بە ھەڵە چووی کوڕم، بە ھەڵە چووی، لەو کاتەوە دونیا دروست کراوە ئادەمیزادێک نەھاتووە کە ھیچ دوژمنی نەبووبێ، مەگەر خوێڕی و بەڕەڵڵا و پیاوی بێ بایەخ کە ئەوانیش خۆیان دوژمنی خۆیانن، دوژمنی ناو و پلە و پایەیی خۆیانن، ئێستا پێم بڵێ کوڕم، ئەتۆ ئەتەوێ چبکەی. - ئەڕۆم بابە، ئەڕۆم بۆ جێگایەکی کە ھیچ کەس نەمناسێ. - ئۆ لاس، لاس مەگەر شێت بووی. بۆ کوێ ئەتەوێ بچی؟ ئاخر من تێناگەم تۆ چیت کەمە کوڕم. - من ئەوەم کەمە ھێشتا نازانم کێم؟ بۆچ ئەژیم، ھێشتا نازانم ژیان یانی چی، ئەچم ژیان بدۆزمەوە. - تۆ بەجارێ ئاوەزت تێکچووە کوڕم، بۆوەی نابی پیاو لەگەڵت بدوێ، خۆت دەزانی چۆنت پێ باشە وابکە. - من نامەوێ ببمە ھۆی نارەحەتی تۆ گەورەم، بەڵام ناچارم سەری خۆم ھەڵگرم، ڕەنگە بەختەوەری لە ھەرێمێکی تر چاوەڕێی من بێ. - بۆ ھەر جەھەنەمێک ئەچی بچۆ، بەڵام لەبیرت نەچێ لاس! ئەتۆ ترسەنۆکی، ناوی بەرزی خانەدانی خۆت پێ ناپارێزرێ بۆیە ڕادەکەی، ئیتر قسەیەکم نییە لاس من ڕۆیشتم. - بەخێر چی گەورەم. - ئەی ھەر ئەو ڕاستی ئەکرد، پیاو ناتوانێ ھەموو کەس لە خۆی ڕازی کا دەی ئێستا دەبێ چبکەم، تەنیا ڕێگام ئەمەیە کە بڕۆم بەرەو چارەنووس، ئەم ھەموو چەپڵەڕێزانەی بۆیان دەکردم چەند پیاوی ورد و درشت ئافەرینیان بۆ ئەناردم بەشانازیمەوە ھەڵپەڕکێیان دەکردە. ھەموویان ئەمانە لە گوێمدا ئەزرینگێتەوە... ئاخ... چی؟ ھەرای پیاوانی شەڕانی، حیلەی ئەسپ و ناڵەی برینداران دێتە بەر گوێم، فەرمانی ھێرشی باوکم. خودای گەورە وڵات یەک پارچە ئەبووە بە تەمومژ بە ئاگر و خوێن... - ئاھ.. ئەڤ... ئەڤ... ھا... - ئامانیان مەدەن... بیانکوژن... ھا لەسەری منو کەوێ گەنجانی باڵەکی ڕۆژی پیاوەتییە... بیانکوژن... - نا ئیتر ئێرە جێی من نییە، ئەبێ بڕۆم، ھەرئەم شۆ. *** ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەشی ٥ لاس سەری ھەڵگرت و ڕۆیی، ڕووی کردە ھەرێمێکی کوێستان کە زۆر لە باڵەکایەتی دوور بوو، کاتێ گەیشتە وێ تەماشای کرد کە بێری خەریکی مەڕ دۆشینن وە پیاوێک کە وا دەرئەکەوێ گەورەی خێڵەکە بێ لەگەڵ دەست و پێوەندەکانی ڕاوەستابوو. - کوڕینە من ئەو لاوەم لێرە نەدیبوو! ؟ لام وایە ئاپورە بێ، ئەبێ بانگی کەن بزانم کاری چییە، بانگی کەن! - ئەھای کوڕە وەرە ئێرە خان کاری پێتە. - سەلام قوربان - سەلام کوڕم سەلام، بڵێ بزانم خەڵکی کوێی؟ کارت چییە لێرە؟ - قوربان گەنجێکی غەریبم، لە کار ئەگەڕێم، کەمێکیشم خوێندووە. - ئەھا... زۆر باشە کوڕم، ئەمن ڕات دەگرم ئەتکەم بە میرزای خۆم. - خودا ڕاوەستاوت کا گەورەم. - کە وەھایە ھەر ئێستا بڕۆ سەر کار بڕۆ... ڕاستی بڵێ بزانم ناوت چییە؟ - ناوم لاسە قوربان. - لاس؟ زۆرباشە. - بڵێ بزانم خەڵکی کوێی؟ - خەڵکی باڵەکایەتیم گەورەم. - کە وەھایە ئەحمەد خانی مەزن ئەناسی! ؟ لام وایە تۆش بە شانازی لاسی کوڕی ئەحمەد خانەوە ناویان ناوی لاس... بەڵێ؟ بەڵێ قوربان - زۆرباشە، زۆرباشە، باشە ھەر ئێستا بڕۆ سەر کارت، خەریکی کارت بە بڕۆ. - بەسەرچاو گەورەم. *** - دایە ئەتۆ ئەو کوڕەت دیوە کە تازە بۆتە میرزای باوکم! ؟ - بەڵێ کچم دیومە، لاوێکی یەکجار جوان و باڵا بەرز و پێکەوتووە. - من زۆر تاریفی لاسی باڵەکایەتم بیستووە بەڵام باوەڕ ناکەم ئەویش لە جوانییا بگاتە ئەم لاوە، بەھەڵکەوت ناویشی لاسە دایەگیان، و خەڵکی باڵەکایەتیشە. - کچم تۆ خۆت ئەزانی من ھەمیشە مەحرەمی نەھێنی تۆ بووم، تۆ لە باوەش مندا پەروەردە کراوی، جگە لەوەش من خزمەتکاری بنەماڵەی ئێوەم ھەڵبەت نامەوێ تۆ نارەحەت بی بەڵام کچم وام ھەست کردووە دڵت داوە بەم لاوە. - مەگەر ئیرادێکی ھەیە دایە! ؟ - ئەرێ کچم، تۆ کیژی خانی، و ئەو کوڕێکی ھەژار و بێخانەدانە، ئێوە بۆ یەک نابن، و باوکت ھەرگیز ڕازی نابێ تۆ بدا بەو کوڕە. - دایە دڵی ئەوینداری کەی لەم شتانە دەفکرێ، باشتر نییە لە باتی ئەوەی ئامۆژگاریم کەی، کارێ بکەی لاس لە ئەوینی من ئاگادار بێ. - ئاگات لە خۆت بێ کچم، تۆ خەریکی کارێک ئەکەی کە ھەم سەری ئەو و ھەم ئابڕووی بنەماڵەکەتی تێدا دەچێ. - دایە گوتم کە من بە فەرمانی دڵم ئەجوڵێمەوە و لە ھیچ کەسێکیش باکم نییە. - زۆر باشە کچم بزانم چم لەدەست دێ. *** - سەلام میرزا، ئەوە لێرە چی ئەکەی؟ - ئەھ ئەوە تۆی دایە، ؟ دە فەرموو دانیشە فەرموو، خەریکی خوێندنەوەی لەیل و مەجنون بووم. - من ئەو بەسەرھاتەم بیستووە، و کاتێ کە خەزاڵ مناڵ بوو ھەموو شەوێ ئەم داستانەم بۆ ئەگوت تا خەوی لێ دەکەوت. - ئاخ... ھ... خەزاڵ... خەزاڵ... شازادەی جوانی - چییە میرزا وا دیارە ڕەنگت ھەڵبزرکا؟ - ئۆھ نا... نا دایە شتێک نییە، وەرە دانیشە با بۆت بگێڕمەوە کە لەیل و مەجنون چۆن ئاشقی یەکتر بوون. - ھا ئەوە دانیشتم دەی جا فەرموو! - کوڕێکی عەرەب بوو بە ناوی قەیس لە خێڵی عامر. زۆر بەدەسەڵات بوو لاو چاک بوو... لەو کاتەوە کە لاس ڕۆیی، ٥ ساڵ تێ ئەپەڕێ ھەموو لە دۆزینەوەی لاس ھیوا بڕاو بوون: برا چکۆلەکەی لاس کە ناوی ھەباس بوو تێگەیشت خووڕەوشتی تەواو وەک باوکی ئەحمەد خانە، بەھێزو بێ بەزەیی و پیاوی شەڕ و مەیدان لەو ماوەیدا شەمی خێزانی ئەحمەدخان نەخۆش کەوتووە کە خانی داوا کردوە پێش مەرگی زەماوەندێک بۆ ھەباس ڕێک بخا. ئەحمەد خان پیاوی بەھەموو لایەکا ناردووە، لە ئاکاما خەزاڵی کچی ئەو. خانەی پێ باش بووە کە لاس بە نۆکەریی لەلایەتی... خان و ھەباس و دەست و پێوەندێکی زۆر ساز بوون بچن خەزاڵ دیاری کەن... - زۆر بەخێر ھاتن... سەر فەرازت کردم، من بچووکی تۆم قوربان، فەرمانت لەسەر سەرمە. - تۆ برای منی خان، سپاست دەکەم ئەم چەند ڕۆژە میواندارێکی باشت کرد، بەڵام پێم خۆشە بزانی من بۆچ ھاتووم! ؟ - ماڵی بچووکی خۆتە گەورەم، ئەمر کە فەرموو. - ھەباسی کوڕم کاتی ژن ھێنانیەتی، کوڕێکی باشیشە ئەمەوێ بە بچووکی خۆتی قەبووڵ کەی و خەزاڵی کچتی بدەیەی. - سەروەر زادەی منە قوربان، بۆ من شانازییە کە کوڕی خانی مەزن بەکچی من ڕازی بێ. - زۆر مەبارەکە، زۆر مەبارەکە، کە وەھایە ھەباس بڕۆ دەستی خەزوورت ماچ کە. - بەسەرچاو قوربان... - ھا... پیرۆزبێ، پیرۆز بێ -... تق... تق... - لاس قەی ناکا وەرە ژوورێ. - مەبارەکت بێ خەزاڵ. - مەبەستت چییە لاس! ؟ من شتێکی تازەم نەکڕیوە. - نا شتێکی تازەت نەکڕیوە، بە مێردێکی تازە فرۆشراوی. - ئەم قسانە چییە لاس! ؟ مەگەر لە بیرت چۆتەوە من و تۆ پەیمانمان بەستووە! ؟ - ئەمەوێ دڵنیابم گیانەکەم پێم بڵێ بزانم تۆ منی ھەژاری نۆکەری باوکت ھەڵئەبژێری یان کوڕی خانی مەزنی باوکت... ھا! ؟ - من کارم بەسەر ئەمەوە نییە کە ئەو کوڕە کێیە؟ و باوکیشم کێی پێ خۆشە، چونکە لە پێشا بەڵێنم داوە بە تۆ، مەگەر دڵ ئەکرێ بەچەند کوتەوە لاس؟ - با ڕاکەین خەزاڵ، لێرە بڕۆین، بچینە شوێنێک کەس نەمان ناسێ. - ڕاکەین؟ ئاخر بۆ کوێ مەگەر ئەگونجێ؟ - ئۆھ... نا... نا گیانەکەم، من نازانم ئەڵێم چی لێم ببوورە. - ئەگەر تۆ پێت خۆشە، من قسێکم نییە، ئامادەم بۆ ھەر کوێ بڵێی لەگەڵت بێم. - نا خەزاڵ نا، باشترە چاوەڕێ بین بزانین چی پێش دێ جارێ بە دوعا گیانەکەم... - بەدوعا لاس... *** - ئاخ، تا ئێستا کێ گیری وای کردووە؟ براکەم بۆتە بەرھەڵستم، بەڵام ئەو چووزانێ، وا دیارە من بە ھیچ بارێکا ڕاحەتیم نییە، ئەمەش نەھاتێکی تر... ئەھ... ئەو پیاوە منی دی، ئەگەر بزانێ لە ھۆدەکەی خەزاڵ دێمە دەرێ کارەکە بە تەواوی خراپ دەبێ با خۆم بشارمەوە... - ئەو پیاوە کێ بوو! ؟ من بە چاوی خۆم دیم لە ھۆدەکەی کچی خان ھاتە دەرەوە... بۆ کوێ چوو ئەبێ بگەڕێم و بیدۆزمەوە... - ئەی خۆ ئەوە پیاوەکەی باوکمە خەریکە بمدۆزێتەوە... باشترە بە مستێک بێ ھۆشی کەم با کەمێکی تریش بێتە پێشەوە... ئاھ ئەو جار چاکە. ... بمبوورە ناچاربووم... ئێستا چی بکەم! ؟ باشترە بە کۆڵ خۆمی دادەم و بیبەمە ھۆدەکەی خۆم ھەتا دێتەوە سەرەخۆ... - ئاخ... ئاخ من بۆ لەم ھۆدەیەم! ؟ - تۆ لەلای منی عەزیز. - تۆ قوربان، تۆ! ؟ تۆ لێرە چی ئەکەی؟ ئەی خودایە زۆر شوکر کە چاوم بە تۆ کەوتەوە. - س س ست، ھێواش تر عەزیز بەسەر ھاتی من زۆرە، ئێستا ھەمووت بۆ دەگێڕمەوە، گوێ ڕاگرە! کاتێ من لە باڵەکایەتی وەدەرکەوتم... *** - بیستوومە لاوێک لە باڵەکایەتییەوە ھاتۆتە لات و ناوی لاسە. ئەمە ڕاستە! ؟ - بەڵێ سەروەرم، بەڵێ، کوڕێکی یەکجار باشە من ڕامگرتووە کردوومە بە میرزای خۆم. - ئۆخ خودایە بڵێی ئەمە لاسی کوڕی من بێ. - خان پێم خۆشە بیبینم، لام وایە ئەبێ لە دایک و باوکی تۆرابێ. - قوربان بە چەشنی خۆی ئەڵێ، دایک و باوکی مردوون، ھیچ کەسی تریشی نییە. - ئەھا... - من دیومە گەورەم، لاوێکی لاواز و بێ دەنگە لام واش نییە خەڵکی ئەو باڵەکایەتییەش بێ، چونکە من نەمناسییەوە. - ئاھ ئەو ھیوایەشم بە ھیچ دەرچوو، زۆر باشە، زۆر باشە عەزیز کەوایە قەیدی نییە. - «باش بوو بانگی نەکرد، دەنا لاس وای دەزانی من ڕاستیم پێ گوتووە». - قوربان گەنجەکان ئەیانەوێ بچن بۆ ڕاو، ھەباسیش ئامادەیە، ئایا ماوە ئەفەرموون! ؟ - ھەڵبەت ھەڵبەت خان، بۆ لاوەکان ھیچ شتێ لە ھەڵپەڕکێ و ڕاو خۆشتر نییە. - سپاس میرم کە وەھایە کوڕینە سواربن بابڕۆین. *** - ئەھای کوڕینە ڕاو بەسە ئیتر بەرەو ماڵ ئەبینەوە ئەگەڕێینەوە بۆ ماڵ، بەڵام نا... نا ڕاوەستن بزانم ئەو کابرایە کێیە کە ئەو گوڵە کێوییانە ئەچنێ و چەپکە چەپکەیان ئەکا... ئەھا کوڕە وەرە بزانم ئەو گوڵانەت بۆچییە؟ وەرە بزانم. - خودایە ھەباس چەند گەورە بووە، بۆتە پیاو، بڕوانە ھەروەک باوکم فەرمان ئەدا، بەڵام خوا بکا بەم چەشنەی کە من خۆم گۆڕیوە نەمناسێتەوە. - ھای لەگەڵ تۆمە کوڕە... وەرە ئێرە مەگەر کەڕی؟ ... بڵێ بزانم ناوت چییە؟ - ناوم لاسە گەورەم. - ھا... ھ... بێ جات کرد کە ناوت لاسە، لاس تەنیا لاسە شۆڕی باڵەکییە، ئەویش برای منە. - بۆ من شانازییە کە ھاوناوی برای ئێوە بم. - ئەم... ئەو گوڵانەت بۆ چییە؟ - گەورەم دەیبەمەوە بۆ دەزگیرانم. - ھا... ھ؛ گوێتان لێیە کوڕینە، ئەمەش دەزگیرانی ھەیە... ھا... ھا بڵێ بزانم دەزگیرانەکەت ناوی چییە! ؟ - «ئەو کوڕە بۆ وا بێ ئەدەب بووە کاتێ من ھاتم وانە بوو». - بۆچ لاڵ بووی؟ پرسیم ناوی چییە؟ - ئۆ... ناوی خەزاڵە گەورەم. - ئوھ- خودایە کارەکە خەریکە خرا دەبێ. - ھ... گوتت ناوی خەزاڵ! ؟ خەزاڵ ناوی دەزگیرانی منە. - گەورەم ناو ھەمووی ئی ئادەمیزادن، بە بەژنی کەسێکی تایبەت... - ھا... دەمت ببەستە چەپەڵ، ھای کوڕینە وەرن، وەرن خێراکەن لەبەر چاوم گومی کەن لێی بدەن کوڕینە. *** - گەورەم، من ئامادەم ڕووبەندێک بە ڕووما دادەم و دەچمە مەیدان. - ڕووبەندت بۆچییە کوڕم؟ - قوربان نامەوێ بمناسن، ئەڵێم نەکا خانی مەزن پێی ناخۆش بێ نۆکەرێکی تۆ دەچتە مەیدانی کوڕەکەی. - بەڵام کوڕم ئاگات لە خۆت بێ، ھەباس ھەم پاڵەوانە ھەم زۆر بێ بەزەیییە، ڕاستە ئەمە بۆ تاقیکردنەوەیە، بەڵام ئەگەر ڕقی ھەستێ لەوانەیە بتکوژێ. - دڵنیابە گەورەم. ئاگام لە خۆمە، دەی جا ئەگەر ماوە بفەرمووی من بڕۆم. - خوا ئاگادارت بێ بڕۆ - ھا کێ ھەیە لەگەڵ من دەست و پەنجەیەک نەرم کا؟ کەس نییە؟ - من ئامادەم، ئەوەش شمشیرەکەم. - ھا... ھ... ھا... مەگەر تۆ دزی کە خۆت لە ژێر ئەم ڕووبەندەدا شاردۆتەوە؟ ھا... - دەمت ببەستە و باسکت بخەکار، ھێندەش پێ مەکەنە ئەترسم لەدواییدا بگری! - ئۆھ زۆر بەخۆت دەنازی، بەم ڕووبەندەتەوە ھاتوویەتە مەیدانی من! خۆت بگرە بۆ شمشیرەکەی من... ھا... وەرە بزانم... - ھا... من نامەوێ بریندارت کەم... - تۆ منت شکست دا، ھا بمکوژە - نا... تۆ برای منی ھەستە... ھەستە من ناتکوژم، ئەمە یارییەکی دۆستانە بوو، بەڵام ئامۆژگاریم ئەوەیە دەست لە خەزاڵ ھەڵگری، ئەمەش شمشیرەکەی من بۆ تۆ... *** - عەزیز، من دەنگی ئەو پیاوە چارە پۆشراوە کە ھەباسی شکست دا زۆرم بەگوێ ئاشنا ھات، خورپەی خستە دڵمەوە، ئەتگووت دەنگی لاسە شۆڕی کوڕمە، دەست و بوردیشی ھەر لەو ئەچوو. - چیت عەرزکەم قوربان، لاس شەش ساڵ ئەبێ بێ سەرو شوێنە، باوەڕناکەم ئەو بێ، بەڵام... - بەڵام چی عەزیز؟ تۆ شتێک لەمن ئەشاریەوە ئەو ڕۆژەش کە ئەو کوڕە لەگەڵ ھەباس شەڕە شمشیریان بوو. تۆ زۆر ئاڵۆز بووی، من باشم ئەزانی کە بیرت بەلایەکی ترەوەیە، تکایە، تکایە عەزیز، ئەبینی کە من تکات لێ ئەکەم، باوکێکی دڵ سووتاو کە ھەرگیز تەنانەت بۆ چارەنووس سەری دانەنواندووە تکات لێ ئەکا، عەزیز تکایە ئەگەر شتێک ئەزانی بەمنی بڵێ! ؟ - قوربان تۆ سەروەری منی... نا... من ناتوانم لە تۆی بشارمەوە، ئەو گەنجە لاوە کوڕی تۆیە. - ئاخ خودای گەورە، خودای گەورە سپاس بۆ تۆ، سپاس بۆ تۆ خودای گەورە، ئەدی عەزیز بۆچ ئەمەت زووتر بە من نەدەگوت؟ ئێستاش خێراکە بابڕۆین، ئەمەوێ لاس لە باوەش گرم پێی بڵێم کە دایکی لە ڕووی ئەوا چ ڕەنجێکی کێشاوە. - بەڵام قوبارن شتێکی تریش ھەیە کە ئەبێ پێت بڵێم. - نا... نا... عەزیز نا... ئێستا کاتی ھیچ قسەیەک نییە زووکە بابڕۆین. *** دەستت خۆش گیانەکەم، باشت تەمبێ کرد من لە پەنجەرەوە ئاگام لێ بوو. بەڵام پێم خۆش نەبوو. ئەو گەنجە، بریا ئەم کارە ڕووی نەدەدا. - تۆ ئەڵێی چی لاس؟ مەگەر ھەر ئەو لاوە بێ شەرمە نەبوو دەستووری دا نۆکەرەکانی دارکاریت کەن؟ تۆ بۆچ دڵت بۆی ئەسووتێ؟ - نازانم گیانەکەم، خۆشم نازانم... - ھا... تۆ... تۆ لەلای دەزگیرانی من چی ئەکەی! ؟ پیاوی بێ شەرم ھا... ؟ - تووڕە مەبە ھەباس، ئێمە ھەردووکمان ھەین لە خۆی ئەپرسین، لێی دەپرسین بزانین کاممان ھەڵئەبژێرێ؟ - من لاس ھەڵئەبژێرم - ھەی کچی پەست - من بەدڵەوە ڕقم لە تۆیە - بگرە ئەوەش سزای تۆ... - پیاوی پیاو ھەرگیز خۆی لە ئافرەتی بێ ھێز ناگەینێ بەڵام وادیارە تۆ لە پیاوەتی ھیچ بەشێکت نییە. - ئێستا تێتئەگەینم کە کێ پیاوە - ئەبینی کە من شمشیرم پێ نییە و لەگەڵ تۆش نامەوێ بەشەڕ بێم. - بۆ من فەرقی نییە، ھەر ئەتکوژم... ھا بگرە - شمشیرەکەت بەر دە دەنا دەستت ورد دەکەم - بەری نادەم ھەر دەتکوژم - جارێک بەس نەبوو ھا! ؟ - ھا- ھای دەستم بەر دە... ئاخ - ئافەرین براکەم ئافەرین ئێستا بووی بە کوڕێکی باش. - دەست ڕاگرن... دەست ڕاگرن... لاس دەست ڕاگرە. - ئاخ خودایە باوکمە... عەزیزیشی لەگەڵە وادیارە ھەموو شتێکی پێ گوتووە... - کاتێکی باشە، ئێستا ئەبێ بەم شمشیرە بیکوژم ھا، بگرە... - ئاخ... ئاخ... ئاخ - چیت کرد ماڵ وێران، لاسی برای خۆتت کوشت لەعنەت لە تۆ ھەباس. - لاس... لاس... لاسی برام... لاس... لاس براگیان... - کوڕەکەم لاس... چاوت بکەوە من... منم باوکی کڵۆڵت... لاس... ھێشتا تۆ زۆر گەنجی، تکایە لاس جێمان مەھێڵە... بڕوانە لاس... بڕوانە من باوکتم... عەزیز... تەواو بووە - لاس... لاس چاوت بکەوە... - پرشنگی ژیان لە چارەیا نەماوە... ئۆف چەندە چارەنووسێکی تاڵ بوو مەرگی برایەک بەدەستی برایەک... - لاس براکەم لاس... چاوت بکەوە... من تۆم کوشت لاس... - عەزیز دەستوور بدە بە گوڵاو مەیتەکەی بشۆن. ++++++++++++++++++++++