شاعیر: سوارە کتێب: لاس و خەزاڵ سەرناو: بەشی ٤ - ڕاوەستە بزانم کێی! ؟ - کوڕم ھەواڵێکی گرنگم بۆ نەبی خان ھێناوە، ئەبێ ھەر ئەمشۆ پێی بگەینم. - بڕۆ پیرێژن بەیانی وەرەوە، خان ئێستا خەوتووە ناکرێ خەبەری کەینەوە. - بەڵام کوڕم ھەواڵەکە زۆر گرنکە، ئەترسم کات بەسەربچێ ئاخ. - بەڵێ بزانم ئەم ھەواڵە چییە! ؟ - گوێت بێنە پێشەوە! ... باپێت بڵێم... - ئەھا... زۆر باشە تۆ ھەر لێرە ڕاوەستە تا من ھەواڵ بدەم بە خان و ئەگەڕێمەوە. - ئەم پیرێژنە بەم شەوە لێرە چی دەکرد! ؟ وا دیار بوو شتێکی بە نیگابانەکە گوت... نەکا بە ڕازی ئێمەی زانیبێ و بیەوێ بە نەبی خەبەر بدا. ئەگەر وا بێ من و مەراد تێدا دەچین... وا باشە بچمە ناو ئەو ماڵە کەوا نەبی تێدایە... ئاھ... ئێرە زۆرباشە ئەوە پیرێژنەکە چووە ژوورەوە... ئاھ... با ئەمنیش بچمە ناو داڵانەکە ڕاوەستم... - دەی تۆ بڵێ بزانم تۆ دڵنیای کە ئەو کوڕە لاسی کوڕی ئەحمەد خانە! ؟ - بەڵێ قوربان، ڕاستە کە من پیر بووم، بەڵام ئاوەزم باش کار دەکا، لە پشت دەرگا کە خۆم گرتبوو بەم گوێیانەی خۆم بیستم کە پیاوە نەخۆشەکە بە کوڕە لاوەکەی ئەگووت سەروەرم. - ئەمە بەڵگە نییە پیرێژن، بزانم چی تریان گوت؟ - گەورەم، لاوەکە گوتی کە نەبی خان ئەیەوێ ھێرش بکاتە سەر باوکم، باوکیشم خۆی ئامادە نەکردووە بڕیاریان دا کە پیاوە نەخۆشەکە بەرێتە ئاواییەکی تر وە خۆشی بگەڕێتەوە لای ئەحمەد خان، وە ئەم ھەواڵەی بداتێ. دەزانی قوربان من خۆم بە کەنیزی تۆ دەزانم، ھەڵبەت نەمدە توانی ئەم ھەواڵە بە تۆ ڕانەگەینم. بەڵێ گەورەم، من کەنیزم... کارکەرم... - ئاھ... تۆ لە ڕادەبەدەر زۆر بڵێیی دەکەی، بەڵام ئەم ھەواڵەشت بەکەڵک بوو، ئەبێ کارێک بکەم ئەحمەد خان لەسەر مەیتی کوڕەکەی دانیشێ، بەڵێ سەری لاس ئەبڕم و ئەینێرمەوە بە دیاری بۆ ئەحمەد خان. ئاخر من و ئەو دۆستی لە مێژینەین، ھەر ئەبێ دیاریەکی وا باشی بۆ بنێرم... ھا... ھا... ھا... - قوربان کارێکت بە من نییە! ؟ - نە پیرێژنی فەرھادکوش کارێکم پێت نییە بگرە ئەمەش دەست خۆشانەت. - سپاست دەکەم گەورەم، سپاست دەکەم. *** - ئێرە... زۆر باش بوو، بە ڕاستی زۆر باش بوو، ئەمجارە وا دیارە ھاتمەوە، ئەحمەد خان بە دیتنی سەری بڕاوی کوڕەکەی سەری لێ ئەشێوێ منیش بەیەک ھێرشی کوتوپڕلە ناوی ئەبەم... ھا... ھا... ھ - خان ئەتۆ زۆر زوو لە سەرکەوتنی خۆت دڵنیا ئەبی، ئەمە بۆ پیاوی شەڕانی باش نییە. - تۆ! ؟ تۆ لێرە چ دەکەی! ؟ - مەگەر فەرامووشت کردووە من نۆکەری تایبەتی تۆم، ھەرکاتێ بمەوێ ئەتوانم بێمەلات. - ھا... کە وایە ئێستا دەستوور دەدەم بتگرن. - ئەم... گەورەم ئاڵۆز مەبە، ئێرە جگە لە من و تۆ کەسی لێ نییە. - ئە ئەمان نا ئەمن خۆم ئەتکوژم... ھا بیگرە قوڕ وە سەر... ھا... ھ... - ئەھا ئەمجار بووی بە پیاو، وەرە پێشەوە وەرە پێشتر... نا... دیارە کەمێک لە شمشێر سەرت دەردەچێ... بەڵام ئیتر بەستە... ھا... بگرە... - مۆڵەتی مەدە گەورەم بیکوژە... - نامەراد... نا... وەرە دەستی ببەستە با بیبەینە لای باوکم... دەی مەراد... - نا گەورەم... ئەم مارە وا باشترە زوو سەری پان کرێتەوە، ماوە بفەرموو سەری لە لەشی جیا کەمەوە و جا سەرە بڕاوەکەی ئەبەینە لای خان... - نا مەراد چۆنی پێم گوتی وا بکە... یاڵڵا زووکە. - بەسەرچاو گەورەم، بەسەرچاو... دەست بێنە پێشەوە بەرازی پیس... دەست. - بەئەدەب بە مەراد بە ئەدەب بە. - دەست بێنە پیری لا مەسەب... - با دابەزین مەراد نەبی خان زۆر ماندوو بووە. - ئۆھ قوربان گورگی باران دیتووە، بەمانە ماندوو نابێ. - ئە مەراد، تۆ بە ھیچ جۆرێ تەربیەت فێر نەبووی، چەند جار پێم گوتی زمانت بە قسەی ناشیرین پیس مەکە. - ئە ببوورە گەورەم ببوورە. - من زۆر ماندووم، زۆریشم تینووە. - لەو نزیکانە چاوە کانییەک ھەیە لەوێ دائەبەزین بەڵام بە مەرجێ، نەبی خان بیری ھەڵاتن لە مێشکی خۆی دەرکا! - من بەدەستی بەسراوەوە بۆ کوێ ڕادەکەم - کە وایە لێ خوڕین - زۆر باشە با لێ خوڕین... ئەحمەد خان: نەبی، من زۆرم چاکە بۆ تۆ ھەبوو، چەند جار لە مەرگ ڕزگارم کردی، بەڵام تۆ ئەمەک نەناس بووی، لەشکرت لێ کردم، پێم بڵێ نەبی لەبەر چی وات کرد! ؟ - من پیاوم لەبەرامبەر پیاویشەوە قسە ئەکەم تۆ ئەتەوێ کە ئێستاکە ئەسیری تۆم، بۆ دڵۆپێ خوێن بپاڕێمەوە و داوای لێبوردن بکەم! ؟ نا... نا خانی مەزن نا، نەبی ئەو نزمییە قەبووڵ ناکا، تۆش چۆنت پێ چاکە وا بکە؟ - ئافەرین نەبی ئافەرین سەد ئافەرین بە ڕاستی نەترسی، کە وەھایە بۆ مەرگ ئامادە بە مەراد. - بەڵێ قوربان! - فەرمانی من ئەوەیە کە نەبی لە چینی دیوار بگرن، پیاوی پیاو مەرگی پیاوانەشی دەوێ. - بەسەرچاو گەورەم بەسەرچاو. - دەستوور بدە ھەر کەس کە ئەیەوێ نەبی لەم حاڵەدا ببینێ ئازادە، با تێبگەن پیاوی وەک نەبی گاڵتە بە مردن دەکا. - ئۆھ سپاست دەکەم خان، پیاو قەدری پیاو ئەزانێ، منیش پێم خۆشە ڕواڵەتی پیاوانەی من لە سەرەمەرگیشا دەست و پێوەندەکانی تۆ بترسێنێ، وە بزانن دوژمنی گەورەیان چ پیاوێکە! ؟ - سەروەرم ئەمجارەش بیبەخشە، من ھەست ئەکەم پەشیمان بووبێتەوە. - کوڕم پەشیمان بوونەوە لە کاتێ وەھادا یانی ترسان و خوێڕی بوون، نەبی ئەگەر پەشیمان بێتەوە ئەیکوژم، چونکە پێم شوورەیییە دوژمنێکێ ترسەنۆکم ھەبێ، ئەگەر پەشیمانیش نەبووبێتەوە ھەر ئەیکوژم، چونکە پیاو لە دوژمنی ئازا ئەبێ بترسێ، جا ئێستا لە خۆی بپرسین کوڕم، بڵێ بزانم نەبی تۆ کام لەم مەرگانە ھەڵ دەبژێری! ؟ - مەرگی پیاوانە خان. س - بەڵام تۆ قوربان لە ھەردوو حاڵدا ئەیکوژی ئەمە ڕەوانییە. - بڕۆ دەرەوە لاس دوو شێری پیر باشتر لێک تێ ئەگەن مەعتەلی چی لاس؟ بڕۆ دەرەوە. - بەسەرچاو، بەڵام تۆش لەگەڵ نەبی زۆر جیاوازیت نییە. - ئاھ لاس، لەبیرت نەچێ چیت گوت ئێستا بڕۆ دەرەوە. - خودای گەورە ئەمانە چ جۆر ئادەمیزادێکن؟ بڕوانە چۆن بە ھەڵپە سەرنجی نەبی ئەدەن. بێ چارە لەم بەر خۆرەتاوە، تا پشتێنی لە ناو دیوار دایە. نەبی ئێستا حاڵی چ بێ؟ ... نا ئەمن ناتوانم ئەم ڕوانگە ناحەزەم چاو لێ بێ، ... بابچمە پێشەوە... تکایە گوێ بگرن! ئەگەرچی پیاو نابێ لەگەڵ ئێوە کە بەجارێ بوون بە دڕندەی کێوی بە ئەدەب قسە بکا ئێوە بۆچ لێرە کۆ بوونەتەوە! ؟ ھا ئەمە چ شانازیێکی تێدایە کە دوژمنیکی ئەسیر لەم حاڵەدا سەیر ئەکەن؟ ئایا ھیچ کامتان لە خۆتان ڕائەمینی دەست بداتە شمشیر و بچنە مەیدانی نەبی خان؟ نا... نا... ئێوەی ترسەنۆک ھەر لەمە ئازان سەیری دوژمنی داماو بکەن و پێی پێبکەنن، شوورەیییە، بە ڕاستی شوورەیییە ئێستا ئێوە گوم بن لەبەر چاوم. - مەعتەلی چن؟ بڵاوەی کەن یاڵڵا... - نەبی خان، ئەم شۆ چاوەڕوانی من بە دێم ئازادت دەکەم. - ئاھ... ھ من نامەوێ بەدەست کوڕی دوژمنم ئازادبم، مردنم لا باشترە. - من کوڕی شەرەف و ویژدانم، نەبی خان کوڕی دوژمن نیم، شەوێ چاوەڕێم بە ئێستا بەدوعا، تا شەوێ خۆت ڕابگرە. - لەناو ئەو ھەموو کێشکچی و نۆکەرە دا، لاوێکی ڕووبەند لە ڕووی چارە پۆشراو دێت و نەبی لە چینی دیوار دەربھێنێ و دەستی ھەموو پیاوەکانی من ببەستێ! ئاھە سەرشۆڕیی لەمە زیاتر چۆن ئەبێ! ؟ مەگەر ئێوە کەو بوون کەروێشک بوون، مەراد... مەراد... - بەڵێ قوربان، بەڵێ سەروەرم فەرموو. - مەگەر تۆ مردبووی؟ پێم بڵێ لەو کاتەدا لەکام جەھەنەم بووی مەراد! ؟ - گەورەم ئەو پیاوە کە ھاتبوو نەبی ڕزگار کردووە پیاوێکی ئاسایی نەبووە، وەک کێشکچییەکان ئەڵێن ھەر لە ماوەیەکی کورتدا شمشیری ھەموویانی لەدەست دەرھێناوە، ئەڵێن پیاوێکی باڵابەرزی بەھێز بوو، و ھیچ دەنگیشی لێوە نەھاتووە قوربان. - ئەمانە قسەی پووچن مەراد، من دەستوور ئەدەم ھەموو ئەو کێشکچییانە بکوژن، ... مەراد بڕۆ بزانە لەدەرێ چ باسە! ؟ ... ھا چبوو؟ - قوربان یەکێک لە کێشکچییەکان بوو، ئەم دەسرە ھەورییەی ھێناوەتە خزمەتت ئەی گوت کابرا بەم دەسرەیە دەستی ئەوی بەستووە. - بێنە بزانم... - فەرموو قوربان، فەرموو. - ئھ... ئەم دەسرەیە! ؟ ... لاس! ؟ ئەھای لاس؟ ... - بەڵێ گەورەم. - ئەم دەسرەیە دەناسی کوڕم؟ - بەڵێ گەورەم ھی منە. دەسرەی بەرخەنجەری منە. - ئەکرێ پێم بڵێی چۆن بووە بە دەسرەی تۆ دەستی ئەو پیاوە بەسراوە؟ - ئەو پیاوە من بووم! ئەوی کە نەبی ڕزگار کرد من بووم. - تۆ؟ بۆچی؟ تۆ وەڵامت نییە بیدەیەوە؟ ئۆھ لاس، خۆم ئەزانم چونکە لات وایە من و نەبی جیاوازیمان نییە! ھەردووکمان پیاوکوژ و خوێنمژین، بەڵام لاس ھەرچی بێ من باوکی تۆم، مەراد... مەراد - بەڵێ سەروەرم... بەڵێ - دەستی ئەو بێ ئەمەکە ببەستەوە و بیبە دەرەوە. - ھەمووتان بچنە دەرەوە ھەمووتان یاڵڵا گووم بن یاڵڵا بڕۆن... ئۆھ کڵۆڵی و چارەڕەشی چەندە بە ئاواتەوە بووم خودا کوڕێکم بداتێ، کوڕێک لە من و لە شەم لەسەر پشتی شێر و ئێستا ئەو کوڕە لەگەڵ دوژمنی من بۆتە ھاودەست، ... بەڵام، بەڵام من ئەزانم ئەبێ چبکەم، خۆم ئەزانم ئەبێ چی بکەم. - قوربان ھەر دە کەسەکە ئامادەن، دەستوور چییە؟ لاسە شۆڕیشی لە مەیدانە. - بڕۆین مەراد، ئەمڕۆ گۆڵمەزێکی خۆشمان بەدەستەوەیە... بڕۆین - فەرموو بابڕۆین... - گوێ بگرن، ئێوە دە کەس بوون و نەتان توانی ئەسیرێک بپارێزن، لاس کوڕی من دوژمنی لە بەند ڕزگار کرد، کە وەھایە پێویستە ئێوە بە تێکڕایی دەگەڵ لاس بەشەڕبێن، ئەگەر بیکوژن لاس بەسزای خۆی گەیشتووە، ئەگەر ئەویش ئێوە بکوژێ، ئێوە ئاکامی خوێڕیەتی خۆتان وەرگرتۆتەوە... دەی جا ئێستا دەست پێ بکەن... - ئەوانە برای منن شمشیر لە من ناکێشن و ئەمنیش خۆینی ئەوان ناڕێژم. - ئەمە دەستووری ئەحمەدخانە، ئەبێ بەڕێوە بچێ، یاڵڵا... دەست پێ بکەن - وەرنە پێشەوە بمکوژن، بەڵام من ناتانکوژم. - تۆ ترساوی لاس، کوڕی سەر پشتی شێران نابێ بترسێ. - ناگەورەم من ناترسم بەڵام لە برا کوشتن بێزارم... گای ئێوە ترسەنۆک بۆ ڕزگار بوونی خۆتان خەریکن من ئەکوژن ھا... ؟ باشترە ئێمە شەڕ نەکەین، با خان ھەموومان بکوژێ - نا... دەستووری خانە ئەبێ بەڕێوەبچێ بگرە سەروەرم... - ھا کە وایە ناچارم بیکەم... جا... ھا بیگرە... - ئاھ... ھ... - ھانێ ئەوەش بۆ تۆ... - ھا ئەوەش بەشی تۆ - ئافەرین لاس، سەد ئافەرین - ھابگرە ئەوەش بۆ تۆ کە دواین کەسی. - ئافەرین لاس... ئافەرین، لاس ھەر دەیانی لە مەیدان دەرکرد، بەدەستووری من ھەم لاس و ھەم ئەم کێشکچییانەی ئازادن، من لە تاوانیان خۆش بووم. - لێبوردن ھی گەورەیە سەروەرم، کە وەھایە با بچم ئەم ھەواڵە بدەم بەلاس و بیھێنمە خزمەت خانی مەزن. - نا مەراد پێویست ناکا بێتە لام، ئەو ئێستا زۆر ئاڵۆزە لێی گەڕێ باتووڕەیی و پەژارەی دامرکێ، ئەوجار خۆم قسەی لەگەڵ دەکەم ئەوە من ڕۆیشتم مەراد. - فەرموو قوربان لاس لەو کاتەوە ئیتر کزو مات ببوو، لە گۆشەیەکا دائەنیشت و بیری ئەکردەوە، تەنانەت لە بارەی جوانی و ھەڵبەست و زانستیشەوە قسەی نەدەکرد، لە ھاودەنگەکانی کەنارەی گرتبوو، لەو ماوەیدا ئەحمەد خان ھەرچی ویستی دڵی بھێنێتەوە جێ بۆی نەکرا، وردە وردە قاو داکەوت کە لاس چەشنە شێتییەکی بەسەراھاتووە، بەڵام لەڕاستیدا وەھا نەبوو، لاس خەونی بە کچێکەوە دیبوو، و لە خەوەکەدا ئاشقی ببوو- لەبەر ئەمە پێی خۆش بوو بە تەنیا بێ و بیر لەو پەرییە بکاتەوە کە شەوێک ھاتبووە خەوی و دەرگای بەھەشتی باوەشی خۆی بۆ ئاواڵە کردبوو، پاشان لە کاتی ڕۆشتنیا پێی گووتبوو من لە کوێستانێکی سەرسەوز و بەھاراویدا ئەژیم بمدۆزەرەوە. لاس لەو کات دا نزیکەی ٢٠ساڵ تەمەنی بوو، و برایەکی چاردە ساڵەشی ھەبوو کە زۆری خۆش دەویست. - نا... ھیچ سوودی نییە، ئیتر ھیچ شتێک خۆشم ناکا... خودایە من بە جوانی پیرم، بەڵام نا، نابێ ھیوابڕاو بم، ئەبێ بکەومە شوێنی، ئەبێ یەکجار جوان بێ، ھەروەک لە خەوەکەما دیتم، باڵا بەرز، کەمەر باریکە، بەناز، دوو چاوی گەش، دوو پرچی ڕەشی ئاوریشمی، پێکەنینێک وەک بزەی مانگەشەو... ئاھ کەسێک بەرەو ئێرە دێ! بۆ من تەنیا دیتنی خۆم بەسە ھەر ئەتوانم دیتنی ئادەمیزادێک ھەموار کەم، ئەویش خۆمم، بەڵام بریا تەنانەت خۆشم ھەواڵی خۆم نەبوایە... چەندە ناخۆشە... - ئاھ کوڕم ئەمەوێ قسەت لەگەڵ بکەم. - زۆر سەیرە کوڕ و باوکێک ئەوەندە لێک دوور بن، وا نییە گەورەم! ؟ - ئۆ بۆچ کوڕم بۆچ، ھەم سەیرە ھەم ناخۆشە، بەڵام ڕۆڵەم، ئەوەی وا دووری ئەکا تۆی. - وە ئەوەش کەوا ھیچ گوێ ناداتە ویستی کەسێکی تر تۆی قوربان. - تۆ خوێندەواری کوڕم، ماوەی چەند ساڵ سەرت بەم کتێبە پەڕزەردە پەرپووتانەدا گرت، بەڵام ژیان کوڕم لەناو کتێبا نییە کوڕم لەدەرەوەیە، لەسەر ئەم سەر زەوییە بڕوانە کوڕم بڕوانە ئەم خۆرەتاوە ھەست دەکەم، گوێم لە دەنگی ئەم مەلانەیە، تەنانەت شنەی ئەم شەماڵە لەسەر خۆیشە ھەست دەکەم ئەمەیە ژیان، کە وەھایە من زیندووم، من زیندووم کوڕم، و زیندووش نیازی ھەیە، بەمە کە فەرمانی ڕەوابێ. - ھەموو کەس لێ بترسێ، پڕبەدڵ ناخۆشیان بۆی، بەڵام لە ترسان بە قسەی بکەن... ھا؟ ئەمەیە مانای نیازی ژیان گەورەم! ؟ - پیاوی پیاو ئەبێ دۆست و دوژمنی ھەبێ کوڕم، دۆستەکانی خۆشیان بوێ و دوژمنەکانی لێی بترسێن، مەگەر نەتبیستووە دەڵێن گەورەیی پیاو بە ژمارەی دۆست و دوژمنی ڕا دەردەکەوێ؟ - بەڵێ سەروەرم، بەڵام پیاو ئەتوانێ کارێ بکا کە دوژمنی نەبێ و ھەموو کەس خۆشی بوێ. - بە ھەڵە چووی کوڕم، بە ھەڵە چووی، لەو کاتەوە دونیا دروست کراوە ئادەمیزادێک نەھاتووە کە ھیچ دوژمنی نەبووبێ، مەگەر خوێڕی و بەڕەڵڵا و پیاوی بێ بایەخ کە ئەوانیش خۆیان دوژمنی خۆیانن، دوژمنی ناو و پلە و پایەیی خۆیانن، ئێستا پێم بڵێ کوڕم، ئەتۆ ئەتەوێ چبکەی. - ئەڕۆم بابە، ئەڕۆم بۆ جێگایەکی کە ھیچ کەس نەمناسێ. - ئۆ لاس، لاس مەگەر شێت بووی. بۆ کوێ ئەتەوێ بچی؟ ئاخر من تێناگەم تۆ چیت کەمە کوڕم. - من ئەوەم کەمە ھێشتا نازانم کێم؟ بۆچ ئەژیم، ھێشتا نازانم ژیان یانی چی، ئەچم ژیان بدۆزمەوە. - تۆ بەجارێ ئاوەزت تێکچووە کوڕم، بۆوەی نابی پیاو لەگەڵت بدوێ، خۆت دەزانی چۆنت پێ باشە وابکە. - من نامەوێ ببمە ھۆی نارەحەتی تۆ گەورەم، بەڵام ناچارم سەری خۆم ھەڵگرم، ڕەنگە بەختەوەری لە ھەرێمێکی تر چاوەڕێی من بێ. - بۆ ھەر جەھەنەمێک ئەچی بچۆ، بەڵام لەبیرت نەچێ لاس! ئەتۆ ترسەنۆکی، ناوی بەرزی خانەدانی خۆت پێ ناپارێزرێ بۆیە ڕادەکەی، ئیتر قسەیەکم نییە لاس من ڕۆیشتم. - بەخێر چی گەورەم. - ئەی ھەر ئەو ڕاستی ئەکرد، پیاو ناتوانێ ھەموو کەس لە خۆی ڕازی کا دەی ئێستا دەبێ چبکەم، تەنیا ڕێگام ئەمەیە کە بڕۆم بەرەو چارەنووس، ئەم ھەموو چەپڵەڕێزانەی بۆیان دەکردم چەند پیاوی ورد و درشت ئافەرینیان بۆ ئەناردم بەشانازیمەوە ھەڵپەڕکێیان دەکردە. ھەموویان ئەمانە لە گوێمدا ئەزرینگێتەوە... ئاخ... چی؟ ھەرای پیاوانی شەڕانی، حیلەی ئەسپ و ناڵەی برینداران دێتە بەر گوێم، فەرمانی ھێرشی باوکم. خودای گەورە وڵات یەک پارچە ئەبووە بە تەمومژ بە ئاگر و خوێن... - ئاھ.. ئەڤ... ئەڤ... ھا... - ئامانیان مەدەن... بیانکوژن... ھا لەسەری منو کەوێ گەنجانی باڵەکی ڕۆژی پیاوەتییە... بیانکوژن... - نا ئیتر ئێرە جێی من نییە، ئەبێ بڕۆم، ھەرئەم شۆ. *** ++++++++++++++++++++++