شاعیر: سوارە کتێب: لاس و خەزاڵ سەرناو: بەشی ٣ - ئاھ... تۆی کوڕم، وەرە کەمێ بەلای دایکتەوە دانیشە. - دایە گیان حاڵت چۆنە! ؟ کەمێک نارەحەت دیاری! ؟ - لەو کاتەوە بیستوومە باوکت ئەیەوێ تۆ بنێرێ بۆ شەڕی نەبی، ھیچ ھۆشم لە خۆم نییە. نەبی کابرایەکی دز و بێ بەزەیییە. - ئە... ھ دایە گیان، کوڕی تۆش ھێندە دەستەوەستان و خوێڕی نییە، من بە نەبی و ھەموو ئەو کەسانەی لایان وایە خوێندەواری و زانست لەگەڵ ئازایەتی نایەتەوە نیشان ئەدەم بە ھەڵە چوون، زانا و وێژەوان ڕاستە کە لاشەڕن، بەڵام کاتێ شەڕ بەری دەرگای پێی گرتن بە گیان و دڵ بە شەڕ دێن، چونکە ئەوان بە پێچەوانەی کەسێک کە بە شەڕ کردن خووی گرتووە، ئەزانن بۆچ بە شەڕ دێن و چ ئەپارێزن! من بۆ ناو بانگی خۆم و باوکم و ئێڵەکەم شەڕناکەم، بۆیە شەڕ دەکەم کە نامووسی خەڵک بپارێزم، بەرگری لە خوێن ڕژێن و چەپەڵی و زۆرداری بکەم، من بۆ پاراستنی جوانی و خاوێنی دەچمە شەڕ. - بەھیوام سەرکەوی ڕۆڵەی شیرینم. - من سەرئەکەوم. پاکی بەسەر پیسیدا سەر ئەکەوێ، جایا بە دەستی من یا پاش مردنی من بەدەستی کەسێکی تر کە ھاواڵی منە و لە سەر ڕێگای پیاوەتیا ئەڕوا، دڵنیا بە دایە گیان خۆمان ئەی بەینەوە. - کوڕم ڕاستە تا ئادەمیزاد ئەجەلی نەھاتبێ نامرێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشا کەمێکت ئاگات لەخۆت بێ، پیاو دەبێ کاری خۆی باش بەڕێوە بەرێ جا ئەوجا پشت بە خودا ببەستێ. - ئافەرین دایە گیان ئافەرین، سەعدی شاعیری گەورەی فارسی ئەڵێ: ڕاستە کەس بێ ئەجەل نامرێ بەڵام تۆ خۆت مەخە ناو گەرووی ئەژدیھاوە. - شاعیرێکی تریش ئەڵێ: ئەمە ئیتر قسەی چارەنووس و شتی وانییە کەسێک خۆی لەسەر بانێکەوە ھەڵدێرێ و بڵێ قەزاو قەدەر وا بوو. - خوا بتپارێزێ کوڕی زانا و دلێرم. - دەی جا دایە گیان، من ئەڕۆم، چاوەڕێم بە زۆر زوو ئەگەڕێمەوە لات. - بە خوات ئەسپێرم لاس. - خودا حافیز دایە گیان. - خودات دەگەڵ. - ھا... لاس ئەبینم کە بەرگی شەڕت پۆشیوە. زۆر سەیرە تۆ لەم حاڵەشدا کە سەراسەری لەشت ئاسن و پۆڵایە قەڵەمدان و کتێبت لە بیر نەچووە کوڕم! ؟ پێم بڵێ بزانم ئەمانە لەم سەفەرە دا بەکاری چی دێن! ؟ ھا... ئەم کتێبە چییە کوڕم؟ - کتێبی عەلی حەریرییە بابە، ئەمانە بۆ شەڕ نین، بۆ ئەوەن کە پیاو بزانێ بۆچی بەشەڕ دێ- دەی سەروەرم بەماوەتان من و مەراد لە پێشا ئەڕۆین، جارێ نیازم بە سپاوە نییە. - خودات لەگەڵ کوڕم سەرکەوی. - دەی جا مەراد بابڕۆین... *** - مەراد، بالێرە دابەزین، کەمێک ئەسپەکان بحەسێنەوە، بۆ خۆشمان کەمێک لەو کانییە ئاو بخۆینەوە. - بەسەرچاو قوربان بادابەزین. - ئەمڕۆ لەڕادەبەدەر گەرمە، بڕوانە ئەسپەکانمان لە ئارەقدا ڕەش بوون، ڕاستی ئادەمیزاد بۆ چی ھێندە دڵ ڕەق و بێ بەزەیییە! ؟ - گەورەم ھەموو گیاندارێک خودا بۆ ئەوەی دروست کردووە کە ئادەمیزاد کەڵکی لێ وەرگرێ. - مەراد! - بەڵێ پێم بڵێ بزانم، تۆ بەرامبەر بە شەڕ و کوشتار بڕوات چییە! ؟ لات وایە کە ئێمە ناچارین شەڕ بکەین! ؟ - ھ... ھ... ھا... قوربان من تەمەنم لە پەنجا تێپەڕیوە، ھەرگیز بیرم لەو پرسیارە نەکردووە کە تۆ لێم دەکەی: تەنیا ئەوەندە ئەزانم باوکت فەرموویەتی ئەبێ شەڕ بکەین و منیش بە قسەم کردووە، ئێستا من ئەمەوێ لێت بپرسم کە تۆ چۆنە ئەم پرسیارە لەمن دەکەی؟ خۆت ئەزانی گەورەم کە شەڕکەر ھەرگیز نابێ گوێ بداتە ئەمە کە بۆچ بەشەڕ دێ! ؟ یان شەڕەکەی لەسەر چییە! ئێمەی نۆکەر و گیان فیدا کارمان چییە کە ئەم شەڕە لەسەر چی ئەکرێ! - ھ... ھ... ھا... ناء مەراد ناء پیاو چ فەرمانبەر و چ فەرماندەر ئەبێ بزانێ بۆچ بەشەڕ دێ! بزانە لەم شەڕە دا ئەگەر سەرکەوێ چ بە دەست دێنێ و ئەگەر شکست بخوا چ بە لە دەست دەدا - قوربان وانییە، بفەرموو ئێمە ئەوەندەش ئەزانین کە لە شەڕێکا ببەزین ماڵ و نامووس و ناو بانگمان تێدا دەچی و ئەگەر سەرکەوین ماڵ و گیانی دوژمن لە دەست ئێمە دا دەبێ. - کەوایە ئێوە جیاوازیتان لەگەڵ ڕەوە بەراز چییە! ؟ ئەوانیش پشتی یەک دەگرن و لەگەڵ دڕندەی تر و ئادەمیزادیش بەشەڕدێن، ئێوەش نازانن بۆچی شەڕ دەکەن وە ئەوانیش ھەروا. - بێ قەزابی گەورەم، تۆ ئێمەت کردە ڕەوە بەراز. ڕاستەکەی ئەوەیە ئەمن لە ھەموو شتێک ناشارەزام ئەزانم شەڕ خۆشە ھەتا گەرمترو بەتینتر و بەترستربێ خۆشترە، من تەنیا ئەوە ئەزانم کە لە کۆڕی شەڕ لە پێشدا دەبێ گیانی ئاغام و پاشان گیانی خۆم و ھاواڵەکانم بپارێزم. - ھەمیشە زانین لە نەزانین باشترە مەراد پیاو تەنانەت دەبێ بزانێ ھەناسە کێشانیشی بۆ چییە! ؟ - بەڵێ گەورەم. فەرمایشەکانت دروستە... - ئەھا... وریا بە مەراد، وریا بە مار. مار... ھای... ھۆی... ھا چیی بوو مەراد پێیەوە دای! ؟ ئەوەتا ھەڵدەکشێ بۆ ژێر ئەو پەنجکە دڕووە! ھەر ئێستا ئەیکوژم... کوشتم، بڵێ بزانم بەکوێیەوە دای... ھا - بە پەنجەی پێمەوەی دا، ئاخ خودایە چەندە ژان ئەکا... - ڕاوەستە، ڕاوەستە، بە شتێک برینەکەت بۆ ببەستم، با ژەھرەکەی ھەڵ نەکێشێ و نەچێ بۆ سەرتر... بێنە با بیبەستم... - عەجەب مارێکی ژەھردار بوو، باوەڕناکەم بە بەستن چاری بکرێ! ؟ - ڕاوەستێ. ڕاوەستێ با بە خەنجەر جێ دەمەکەی ھەڵدڕم... ژەھرەکەی دێتە خوارەوە... تۆ خۆت ڕابگرە... دەتوانی خۆت ڕاگری؟ - ئەی... ئەی بێ بەڵا بی، من پێم ئەڵێن مەرادی پۆڵا خۆر، یانی لەبەر ئەم برینە بچووکە خۆم ڕانەگرم، ھەرچی ئەتەوێ بیکە... - باشە، باشە، کەوایە بەناوی خودا... - ئەی... ھا... ھ... خەنجەرەکەت زۆر تیژە گەورەم ھەر بەخۆم نەزانی، خوا بکا ئەو خەنجەرە بکەوێتە سەر گەردنی نەبی. - ئاھ... تۆ لەم حاڵەشدا ھەر بیرت وا بە لای دوژمنەوەیە مەراد. - من نەمدەویست بەم چەشنە بمرم، خۆم دانابوو لە مەیدانی شەڕا بکوژرێم - نا مەراد تۆ نامری، دڵنیا بە چاک ئەبیتەوە جارێ دەبێ کەمێک ڕاکشێی، لاقت بەردەیەوە خوارێ تا ژەھری مارەکە بێتە خوارەوە... ئا... باشە بەم چەشنە... - ئاھ وەی وەی وەی... سەروەرم من تازە کارم تەواوە، تۆخۆت مەخە مەترسییەوە ئایش... ئەگەر بتناسن، پارچە پارچەت ئەکەن سەروەرم، من ئەمانە باش ئەناسم، تۆزێ ڕەحم و بەزەیییان لە دڵا نەماوە، تکایە من بە جێ بھێڵە تۆ کارێکی گەورەترت لەپێشە گەورەم. - نا مەراد... ناھەرگیز من بەجێت ناھێڵم. -... تکایە بەجێم بێڵە گەورەم، ژەھری، مارەکە بە تەواوی لە لەشمدا گەڕاوە، من ئەمرم گەورەم. - ئاھ... بەسیەتی ئیتر، پێم گوتی کە ناتوانم لەم حاڵەدا بەجێت بێڵم، ئەگەر کەمێک سەبرت ھەبێ ئەتبەمە ناو لەشکری نەبی، کارێک ئەکەم دەرمانت کەن، بەڵام پێویستە لە سەرەخۆ بی. - فەرمووت ناو لەشکری نەبی! ؟ ئەمە زیاتر لەکاری شێتان دەچێ، ئەبوری کە بەم چەشنە ئەدوێم، بەڵام خان منی ناردووە ئاگام لە تۆبێ نەک ببمە ھۆی تێدا چوونت نا... نا من ھەرگیز نایەم. - خان لای وایە من مناڵم، ! تۆش ھەروا بیر ئەکەیەوە! بەڵام ھەردووکتان بە ھەڵە چوون ئێستاش ھەر ئەمەیە کە گوتم. - من لەگەڵت نایەم... بە ھیچ بارێک نایەم... مەرگ بۆ من باشترە لەمە کە تۆ بکەوییە بەردەستی دوژمن. - من ئەتبەم، ئەگەر بەخۆشی نەییێ بە زۆر ئەتبەم! ؟ گەرما و ئازار مێشکی تۆی لەکار خستووە نازانی ئەڵێی چی! ؟ یاڵڵا ھەستە وەرە لەگەڵم. - من نایەم - یاڵڵا ھەستە وەرە. - نایەم، من نایەم. - ئێستا کە نایەی مەجبوورم بەزۆر دەتبەم... ھا... بگرە... دەی. - ئای... ھای. - بەم چەشنە لەگەڵ خۆم دەتبەم، ببوورە مەراد من مەجبوور بووم بێ ھۆشت کەم ئاھ ئێستا دەبێ زووتر بتگەینمە ناو ئەو ئاوایییەی کەوا سپای نەبی تێدا کۆ بۆتەوە... خوا بکا تا دەگاتێ و مەراد باش نەبووتەوە نەمان ناسن، بەڵام بەم سەر و بەرگەوە ھەر ئەمناسن، باشترە جلو بەرگەکەم لەگەڵ شوانێ، سەپانێ کەسێکا بگۆڕمەوە، دەڵێم باوکمە و مار پێوەی داوە، با جارێ بیگرمە کۆڵ و سواری ئەسپەکەی کەم. - باش بوو با لیباسەکانم لەگەڵ ئەو پیاوە بگۆڕمەوە... ھۆی کاکە... برادەر... بۆ ڕەزای خودا یارمەتیم بدە، باوکم مار پێیوە داوە، حاڵی باش نییە. - من حەکیم نیم، چ یارمەتێکم لەدەست دێت! ؟ - ئەگەر حەکیمیش نەبی، خۆ موسوڵمانی، شارەزای ئەو ئاوایییەی، ئەزانی کێ ماران گازی پێ چاک دەبێتەوە! ؟ تکایە برادەر یارمەتیم بدە. - کوڕە بڕۆ کاکە، من کارم بەسەر ئەو کارانەوە چییە کوڕە بڕۆ... - سەلام گەورەم سەلام. - چییە کوڕە، ئەم لاوە چی ئەوێ! ؟ - وا دیارە ئێوە پیاوێکی گەورەن! تکایە یارمەتیم بدەن. - بڵێی بزانم ئەم پیاوە بێ ھۆشە کێیە؟ وادیارە مار پێوەی داوە! ؟ پەنجەی پێی، ماسیوە وایە ھەر وایە! ؟ - قوربان باوکمە، ئەمڕۆ لەم دەشتە خەوتبووین مار پێیەوە داوە منیش غەریبم کەس لەو دەوروبەرە شک نابەم، بیستم نەبی خان لەو دێیە، گوتم بچم یارمەتی لێ وەرگرم، ئەمزانی پیاوێکی گەورە ھەرگیز خاوەن نیاز بە ناھومێدی بەڕێ ناکا! - من نەبیم ئافەرین کوڕی باش، تۆباش ئەدوێی بڵێ بزانم ناوت چییە؟ - قوربان... نا... ناوم... لا... لاسە، ببوورەکە لە پێشدا ئێوەم نەناسی. - ئم- لاس! ؟ ئەبێ ئەم ناوەت بەناوی لاسە شۆڕی باڵەکییەوە کرابێ... ھا! ؟ - من خۆم نازانم بۆچی ناویان ناوم لاس، ڕەنگە باوکم بزانی بەداخەوە ئەویش ئێستا بێ ھۆشە! - نەبی لەبن لێویەوە دەڵێ: «چەندە کوڕێکی قۆز و شۆخ و شەنگە»... بڵێ بزانم کوڕی باش، ئەگەر من دەستوور بدەم باوکت ببەنە لای حەکیم و چاکی بکەنەوە ئەبی بە نۆکەری من! ؟ لاس لەبن لێویەوە «ئەی سەگە چەپەڵ...» قوربان من ئێستاش ھەر نۆکەرم. - ئەزانم. ئەزانم، بەڵام مەبەستم ئەمەیە کە- بتکەمە نۆکەری تایبەتی خۆم و ھەمیشە لەلای خۆم بمێنیەوە! - بە شانازییەوە گەورەم. - زۆر باشە... پێم بڵێ بزانم تۆ ھیچ سەرت لە شەڕ دەردەچێ! ؟ - بەڵێ قوربان تا ڕادەیەک تیرئەندازی و شمشیربازی و زۆرانیگرتن ئەزانم. - ئە زۆر باشە، کەوایە بگرە. ئەم شمشیرە، شمشیری تایبەتی خۆمە ئەگەر بە یەک جار ئەم چەنارە ساوایەت لەت کرد شمشیرەکە دەدەم بە خۆت. - مەرحەمەتی کە سەروەرم «خودایە گیانی مەراد بەم کارەوە بەستراوەتەوە باسکم بەھێز کە» - ئافەرین لاس، لەمە بەدوا تۆ نۆکەری ژێر دەستی خۆمی، ناویشت لاسە شۆڕە با ئەحمەدخان تێ بگا کە ئەگەر ئەو کوڕی ناوی لاسە شۆڕە من نۆکەرم ناوی لاسە شۆڕە. - سپاست دەکەم قوربان کە وەھایە دەستوور بفەرموون باوکم بەرنە لای حەکیم - زۆر باشە، ئەھای کوڕە! - بەڵێ قوربان - وەرە زوو ئەم پیاوە بەرە لای حەکیم، بڵێ زۆر باش دەرمانی بکا، ھەتا چەند ڕۆژی تر دەبێ چاک ببێتەوە. - بەسەر چاو گەورەم. - خێرا کە زووتر. - نەبی خان دەستووری داوە، تا باوکت بە تەواوی چاک دەبێتەوە لە ماڵی من بێ و ئاگاداری لێوەبکەم. لام وایە ئەمڕۆ کەمێک باشتر بێ. - سپاست دەکەم دایە پیرە، ھەڵبەت ئێمە باشی تۆمان لە بیر ناچێ و پاداشت دەدەینەوە. - ئۆ کوڕم ئەم قسە چییە، من بۆ پاداش ئیش ناکەم تەنیا دەمەوێ خودا لێم ڕازی بێ. - دیسانەوە سپاست دەکەم. خودا لەو کەسانە ڕازییە کە بە ھاواری لێقەوماوانەوە دەگەڵ، لەگەڵ ئەوەشا پێم خۆشە ئەم دیارییە بێ بایەخە لە من وەرگری فەرموو. - ئیتر ھا... ئاخ خودایە ئەم ھەموو ئەشرەفییە، بەڵام کوڕم من کارێکم بۆ ئێوە نەکردووە کە ئێوە پاداشم دەنێ. - تکایە دایە پیرە شەرمسازمان مەکە ھەڵی گرە. - خودا تەمەنت درێژ کا کوڕم، من قەبووڵم نەدەکرد، بەڵام تۆ ھێندە میھرەبانی کە ناکرێ دەستت بدەمەوە دوا! - ھەڵبەت تۆ خۆت لە من باشتر دەزانی کە باوکم نیازی بە ئاگا لێ بوون ھەیە پێویست نییە بە ڕاسپێری من ھەر کات پارەت ویست بە من بڵێ. - بەسەر چاو گەورەم، دەی ئێستا با بڕۆم خەریکی چێشت لێنان بم، باوکت دوو سێ ڕۆژە ھیچی نەخواردووە. - ئا بڕۆ دایە پیرە بە خودام ھەسپاردی، تا تۆ دێیەوە من ئاگام لێدەبێ. مەراد، مەراد، - ھ... ما - چۆنی؟ من لاسم، چاوت بکەوە. - قوربان لە مێژە حاڵم باشە، پێم خۆش بوو بزانم تۆ چیت بەمانە گووتووە و چۆنت خۆت ناساندووە، ھەتامنیش ھەروا بڵێم، گوتم نەکا قسەی من و تۆ یەکتر نەگرێتەوە و درۆکەمان ئاشکرا بێ. - تۆ باوکی منی و مارپێیەوە داوی، منیش ناوم لاسە و لەو وڵاتەش غەریبین، پێت چۆنە؟ - ناوت لاسە، جا بۆچ لاس؟ مەگەر ناوی دیکە نەمابوو ناوی خۆت گوتووە؟ - بەسەر زارم داھات، بە ھەڵکەوت، خراش نەبوو، نەبی منی کردۆتە نۆکەری تایبەتی خۆی بە شانازییەوە دەیگوت ئەگەر ئەحمەد خان کوڕی ھەیە ناوی لاسە، منیش نۆکەرم بەم ناوە ھەیە لەمەش سەیرتر ناوی ناوم لاسە شۆڕ. - خودا بتپارێزێ سەروەرم، دەستت داوەتە کارێکی پڕ مەترسی. - ئا... نەت بیستووە ئەڵێن گۆم ھەتا قووڵ بێ مەلەی خۆشترە. - ھ... ھە بەڵام ئەم گۆمە ھێندە قووڵە لەوانەیە بمان خنکێنێ قوربان. - کارێکە و کراوە، پیاو ئەبێ بیر لە داھاتوو بکاتەوە، ئەگەر کەوتە مەترسییەوە بزانێ بە چ ڕێگایەکدا ئەکرێ خۆی ڕزگار بکا! ؟ دەنا بیرکردنەوە لە باری ئەمەوە کە خۆم خستۆتە ئەم مەترسییەوە زیاتر سەر لە پیاو دەشێوێنێ. - بە ڕاستی ئەتۆ کوڕی سەرپشتی شێری من لەگەڵ ئەم ھەموو تاقیکاری و شەڕەدا کە دیومە ناچارم خۆم بدەمە دەست تۆ. - ئاھ... ھ ئەوە پیرەژنەکەیە کە ھاتەوە دیسانەوە تۆ باوکی من کوڕ... دەی بابە گیان دیارە حاڵت باشترە! ؟ - نەھارم بۆ ھێناون ھیوادارم بەدڵتان بێ! ؟ - بابە ئەم دایە پیرە، لە ڕادەبەدەر میھرەبانە، لەم ماوەیەدا کە تۆ بێ ھۆش بووی، ھەر لە ژوور سەرت بووە و ئاگاداری لێوە کردووی. - زۆر سپاست دەکەم، خودا پاداشتت بداتەوە. - من ئەبێ سپاسی ئێوە بکەم برادەر، بە ئومێدی خودا زوو چاک دەبیەوە و ئەچیەوە لای ژن و منداڵەکەت ئەو دەمەی یادێکیش لەم دایە پیرە بکەن. - ھەڵبەت ھەروایە ئێمە فەرامووشت ناکەین. - دەبی بابە گیان من ئەبێ بڕۆمەوە لای خان نەکا فەرمایشێکی ھەبێ. - بەخودات ئەسپێرم کوڕم، بەخودات ئەسپێرم. - خودا حافیز دایەپیرە. - خودات لەگەڵ کوڕم. - لاس: باوکت چۆنە حاڵی باشترە! ؟ - بە سایەی ئێوەوە قوربان، لام وایە تا سێ چوار ڕۆژی تر بتوانێ جێگاو بان بەجێ بێڵێ! ؟ - بەڵام باشتێکت پێ بڵێم، ئێمە کارمان زۆرە ناتوانین چاوەڕوانی باش بوونەوەی باوکت بین، چونکە ئەحمەدخان زانیویە کە ئێمە ئەمانەوێ بچینە سەری ئەگەر بکەوێتە خۆیی و وریابێتەوە چاری ناکەین. ئەبێ ھەرچی زووتر ھێرشمان دەست پێ بکەین. - بەڵام گەورەم من تا باوکم باش نەبێتەوە ناتوانم لە خزمەتتان دابێم. - چی؟ ناتوانم! ؟ ناتوانم یانی چی؟ تۆ نۆکەری منی، ھەرچی من دەڵێم دەبێ وا بکەی - لاس لەبن لێویەوە: «ئەگەر لەبەر پاراستنی مەراد نەبوایە. ئێستا حاڵیم ئەکردی» - با ئەوەشت پێ بڵێم لەمە بەدوا کاتێ من قسەت لەگەڵ دەکەم مافی ئەوەت نییە لەبەر خۆتەوە ورتەت بێ. - بەسەرچاو قوربان، بەسەرچاو. - دەی ئێستا بڕۆ خۆت سازکە ئەم شۆ دەبێ داژۆین. - چیت کرد سەروەرم، وا دیارە، کەمێک ناڕەحەتی! ؟ - ئەم چەپەڵە لێم تووڕە بوو، وە پێی گوتم دەبێ خۆم سازکەم بۆ شەڕی باوکم دەیانەوێ ئەم شۆ ھێرشیان دەست پێ بکەن. - ئەی سەگە چەپەڵ، ئەگەر ئێستا ئەمتوانی بەسەر پێوە خۆم بگرم، بە شمشیر لەتم دەکرد، ئەبێ ھەواڵ بدەین بە خان، دڵنیام ئەوان بیری ئەمە ناکەنەوە کە بەم زووانە ھێرشی نەبی دەست پێ بکا، لەبەر ئەمە خۆیان ئامادە نەکردووە! - ئاھ... تۆ خۆت ئاڵۆز مەکە، من خۆم ئەزانم چ بکەم. - سەلام کوڕم، ئەمڕۆ باوکت حاڵی باشترە شوکر ھەرچی ویستوویە بۆم ئامادە کردووە، شەو و ڕۆژ بەسەریەوە دانیشتووم باوەشێنم کردووە. - سپاست دەکەم دایەپیرە، ھا... بگرە ئەمەش دەست خۆشانەت. - ئەی خودا تەمەنت درێژکا کوڕم، تۆ لە ڕادەبەدەر میھرەبانی. - دەی جا دایەپیرە بچۆ بۆ لای کارەکانت، ئێمە ئیشێکمان نییە. - بەسەرچاو کوڕم بەسەرچاو... ئەم لاوە ئەم ھەموو پارەی لە کوێ بووە! ؟ ئەبێ ڕازێک لە کاریان دا ھەبێ، منی بەم چەشنە لە ھۆدەکە دەرکرد ئەبێ وتووێژێکی نھێنییان ھەبێ، ھا... باشترە خۆمیان لێ بگرم بزانم ئەڵێ چی! ؟ ھا... ئێرە جێگایەکی باشە کە گوێم لە قسەکانیان بێ. - گەورەم کارێکی باشت نەکرد ئەم ئەشرەفیانەت دا بەم پیرێژنە، ئەو لێمان ئەکەوێتە شکەوە، ئەڵێ ئەم ھەموو زێڕەیان لە کوێ بووە! ؟ - قەیدی نییە مەراد ئەم ئافرەتە پیرە زۆری ئاگا لە تۆیە، دەبێ تۆڵەی زەحمەتەکەی بۆ بکەینەوە باوەڕ ناکەم بمانناسێ! ؟ - بەھ بەھ کوڕەکە بوو بە گەورەم، وا دیارە ئەمەش باوکی نیییە، چونکە پێی ئەڵێ مەراد، با ڕاوەستم دیسان... - دەی سەروەرم، نەبی ئەیەوێ ھێرش بکاتە سەر بابت! من زۆر نیگەرانم نازانم ئەنجامی ئەم شەڕە بە کوێ دەگات! ؟ - ئەوڕۆ پێش لەوەی تاو ئاوابێ، ئەبێ بڕۆین، تۆ ئەتوانی خۆت بەسەر ئەسپەوە بگری! ؟ - بەڵێ سەروەرم ئەتوانم، یانی ناچارم بتوانم. - ھەر ئەوەندە لێرە بتبەمە دەرەوە لە ئاواییەکی دیکە ئەتشارمەوە و خۆم ھەواڵەکە ئەبەمەوە بۆ باوکم. - ھا... کەوایە ئەمە لاسە، کوڕی ئەحمەد خانی مەزنە، ھەلێکی باشم بۆ ھەڵکەوتووە، ئەگەر ئەم ھەواڵە بدەم بە نەبی کۆشم پڕدەکا لە ئەشرەفی بەڵێ... بەڵێ ھات ھەر جارێک دێتە پێش، نابێ لە دەستی بدەم، ئێستا بابچمە ژوورەوە لە کاتی خۆیدا ئەچمە لای نەبی - ھاتمەوە گوتم نەکا نیازێکتان بە شتێک ھەبێ؟ - من ئەمڕۆ ئەڕۆمەوە خزمەت نەبی خان تۆ ئاگات لە باوکم بێ دایە پیرە - ئەی بەسەر چاو شەنگە لاوی بەژن و باڵا جوان وەک گلێنەی چاوم ئاگام لێ دەبێ دڵنیا بە کوڕم دڵنیابە. - خودا حافیز بابە گیان. - بە خودام سپاردی کوڕم، خودات لەگەڵ. - ئێستا کاتێکی باشە، ئەبێ بچم و ھەواڵ بدەم بە نەبی زۆر باشە... *** ++++++++++++++++++++++