شاعیر: ئەحمەدی کۆر کتێب: دیوانی شێخ ئەحمەدی کۆر سەرناو: دڵبە‌را داییم دەناڵم ئە‌ز لە‌ سینەی پڕ لە دە‌رد سەبارەت: دیوانی شێخ ئەحمەدی کۆر، لێکدانەوەی: مەلا مستەفا ڕەشیدی 'زاواکێو'، چاپی یەکەم٫ ١٣٩٣ هەتاوی، لاپەڕە ٦١و٦٢. - نووسین: نەسرین ڕەحمانی دڵبە‌را داییم دەناڵم ئە‌ز لە‌ سینەی پڕ لە دە‌رد جارێ ناپرسی لە‌ حاڵم بۆت دە‌کێشم ئاهی سە‌رد بۆت دەکێشم هەندە زەحمەت، سەرزەنشت و لۆم و میحنەت یاری ساحێب شەرت و نییەت، وەختە دڵ بۆت بێ بە گەرد وەختە دڵ بۆت بێ بە خاکە، ڕوومەتت پڕ نوور و پاکە هەر لە جێ دەردم دەواکە، سەت برینت تازە کەرد سەت هەزار زامانی تازە، جێی خەدەنگ و نێش و گازە ئەمڕۆ ڕەندم دیدە بازە، تووند و تیژ، ئازادە مەرد جارێ یار نەیدا وەسەرمە، بۆچی ناپرسێ بە نەرمە لێی هەڵگرتم عار و شەرمە، زەعفەرانم ڕەنگ زەرد ڕەنگ زەردم هەروەکوو بەی، ئاھ و ناڵەم دێ پەیاپەی هات و دایمێ جورعەیی مەی، سەعی و ڕەنجم‌ دا لە بەرد سەعی و ڕەنجم بە عەبەس چوو، عومر و دڵ لە ڕێی هەوەس چوو تا لە نێو قالبم نەفەس چوو، خوێنی جەرگی خۆم خوەرد خوێنی جەرگ، قووت و تەعامە، ئاھ و ناڵەم سوبح و شامە دڵبەری مەست و خەرامە، سونبول و ڕیحان و وەرد سونبول و ڕیحانی تەڕ بوو، هێند و ڕۆمم لێ بە شەڕ بوو تەختی ویم لێ موستەقەڕ بوو، هاتنە سەر من فەرد فەرد 'ئەحمەدی کۆر' دڵ بزووتی، جوست‌وجۆت وەک عەنکەبووتی ئەو کەسەی وا بۆی دەسووتی، کردیە قەیس و نای لە هەرد 'ئەحمەدی کۆر' بەس خەیاڵ کە، حوببی دنیایە بەتاڵ کە مەدحی یاری نوور جەماڵ کە، وا خەلاس کە خۆت لە دەرد. ++++++++++++++++++++++