شاعیر: مەدهۆش کتێب: یانەی دڵان سەرناو: گیپە سەبارەت: ١٩٥٨ - حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦ ئەڵێی مناڵم ئەمخەڵەتێنی ئەمەندە ناوی خواردن ئەھێنی ئێستەش پێم ئەڵێی گیپەت بۆ ئەکەم نان و چێشتی تۆم ناوێ گیانەکەم نە بۆقلەموون و نە کفتەی ناودار ھیچی ناگاتە یەک چرپەی کەنار تۆ لەسەر کورسی دام ئەنێی وەک پیاو خۆت دوورەو پەرێز ڕائەگری بەناو من دڵ سووتاوی پێکەنینێکم ببێتە دەرمان بۆ برینێکم تۆ میوان ڕێک خە لە پۆلێک ڕووخۆش خۆشت شاگوڵ بە بۆ دڵەی بە جۆش ھەریەکەی باس و ڕازێکی لا بێ دڵ و چاو و دەم تیا بەرەڵڵا بێ جاروبار ماوەی سرپەشی تیا بێ میوانداری ڕاست ئەبێ ئاوا بێ ++++++++++++++++++++++