شاعیر: مەدهۆش کتێب: یانەی دڵان سەرناو: سەرەتای دڵداری سەبارەت: ١٩٤٨ - حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦ شۆخ و بێ باکی بە نازو عیشوە دوو سێ شەممووە خۆی نیشان داوم ئەڵێی سەروێکی تازە ھەڵچووە جوان و باڵا ڕێکی وا، نەمدیوە، ھەر نەمبیستووە جەرگی سووتانووم بە جارێ، ئاگرم تێ بەربووە عەشقی لای من یادگارە، خۆیشی دڵمی بردووە سێوی زەردەشت ناڵێ من ئاڵم لەترسی ڕوومەتی مانگی چواردە شەرمەزاری تیشکی ڕۆژی ڕوویەتی پڕتەوی جوانی گرفتاری تەڵێکی موویەتی زۆری وەک من عاشقی ئەو شۆخە بوون بۆ نەگبەتی ئەو کەسی ناوێ و ھەزارانیش حەزی لەو کردووە کاتێ گەردوون ئەوپەڕی شێوە نیگارەی پێ گەیان خۆی بە شا زانی لەڕیزی جوانی یا بۆ ڕووی جیھان ویستی دڵبازی بکا، ئازانە کەوتە دڵ فڕان ڕووی لە ھەر کەس کردو پێکای و دڵی سەند بێ ووچان ھەر دڵی من مابوو، پیرۆزی بێ خۆی بۆ لای چووە من لە پێشا وام ئەزانی عاشقی خۆڕایییە زۆر کەڕەت ئەموت بەخوا دڵداری ئەسڵی ھەر نییە کاتێ ڕووی ئەو دڵ فڕێنەم بینی بەو شیرینییە ئاگری دڵ تێی گەیانم دەس بەجێ تامی چییە ئێستە ھەر ئەتلێمەوە، دەردم لە دەرمان دەرچووە قوڕ بەسەر ئەو عاشقەی دڵبەر دڵی لەو لارییە خۆشی نازانێ بە چی دڵ خۆش ئەبێ و چی چاریە ئێستە (مەدھۆش)ی ھەژار بێچارە دەردی کارییە شین ئەکاو ھاوار ئەکا، سووتاوە پیشەی زارییە بێ کەم و زیاد شێت و ماڵ وێران و سەرگەردان بووە ١ ١. ئەم پارچە شیعرەم بۆ (سەبری)ی نەخۆشەوانی بەناوبانگ وتووە. لە گۆڤاری (گەلاوێژ) و لە کۆمەڵەی (شیرین)دا بڵاو کردۆتەوە. ++++++++++++++++++++++