شاعیر: مەدهۆش کتێب: یانەی دڵان سەرناو: چاو سەبارەت: ١٩٤٣ - حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦ چاوى بەتیلى دڵ نەفڕێنێ یارى نازدارى خۆى پێ نەبینێ وەک چرا گۆناى دانەگریسێنێ پەرچەم لەدەورى با نەیشەکێنێ لەدڵدا تۆوى عەشق نەچێنێ خوایە ئەو چاوە شەوقى نەمێنێ چاوێ هەمیشە مەست و کەیل نەبێ لەدڵداریدا پڕ لە مەیل نەبێ بەتەرجومانى دڵى لەیل نەبێ لەسەرچاوەى عەشق کەیلى سەیل نەبێ وەک کڵپەى ئاگر دڵ نەسووتێنێ خوایە ئەو چاوە شەوقى نەمێنێ چاوێ پڕ مەکرو حیلەباز نەبێ پڕ لە ئەفسوون و عیشوەو ناز نەبێ لەڕاوکەریدا وێنەى باز نەبێ وەک سوارەى شوکاک تیر ئەنداز نەبێ بە سیحرى ڕۆح و دڵ نەفڕێنێ خوایە ئەو چاوە شەوقى نەمێنێ چاوێ کەلەسەر گۆناى سوور نەبێ لەژێر هیلالا وەک دەیجوور نەبێ لەسەر خەزێنەى دڵ گەنجوور نەبێ پڕ لە شەرابى ئەشکى سوور نەبێ بەماچى تەمى دڵ نەڕەوێنێ خوایە ئەو چاوە شەوقى نەمێنێ چاوێکم ئەوێ دایم بەجۆش بێ وەک کەوى بەهار پڕ لە خرۆش بێ دەرد بێ بۆ ساغ و دەواى نەخۆش بێ دەرمانى زامى دڵى (مەدهۆش) بێ گڕى دڵدارى هەڵنەگریسێنێ خوایە ئەو چاوە شەوقى نەمێنێ ١ ١. ئەم پارچە شیعرە لە گۆڤارى (گەلاوێژ) و لە کۆمەڵەى (شیرین)دا بڵاوکراوەتەوە. ++++++++++++++++++++++