شاعیر: سافی کتێب: شیعرەکانی سافی سەرناو: ئەو پەرچەم و ئەگریجە هەموو دوژمنی دینە سەبارەت: سافی هیرانی، دیوانی سافی هیرانی، چاپی یەکەم، فەرهەنگ‌سەرای هونەر و ئەندێشە ٢٧١٦ی کوردی، لاپەڕە ٥٩. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی ئەو پەرچەم و ئەگریجە هەموو دوژمنی دینە ئەو زولف و ڕووە ئافەتی سەر ڕوویی زەمینە عەشقت لە دڵم سابتە، نەک عارزە قوربان وەک توڕڕە‌یی شاهان کە لەسەر ڕوویی نگینە عالەم چ دەزانێ کە ئەمن کوشتەیی کێمە لەو تیری موژەت زاهیرە دائیم کە بە خوێنە بێعارە دڵم چەندی جەفای دەی هەقە، ئەمما جێی ڕەحمە گوڵم چونکی ڕەقیب وا لە کەمینە دڵ بوێتە کەباب بۆ مەزەیی دیدەیی مەستت قوربان لەوە مەعلوومە کە لێوت نمەکینە جانا وەرەوە غەرقەیی تۆفانی سوروشکم بێ نووحی وەفات نابێ نەجاتم لە سەفینە 'سافی' کە لە خاکی دەری تۆ دوورە بە قوربان سەگ مەرگی نەبێ، هێندە چلۆن قابیلی ژینە ++++++++++++++++++++++