شاعیر: سافی کتێب: شیعرەکانی سافی سەرناو: ئەی پەرتەوی ڕەنگت بە مەسەل عەینی چرایە سەبارەت: دیوانی سافی، چاپی سێیەمین ١٩٧٣ زایینی، چاپخانەی کوردستان هەولێر، لاپەڕە ٤٨. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی ئەی پەرتەوی ڕەنگت بە مەسەل عەینی چرایە وەی حەلقەیی زولفت شەبەهی دامی بەڵایە کردووتە نیشانەی سەری موژگانی خەدەنگت بۆیە دڵەکەم بێ‌کەسە لەم گۆشە خزایە سەوداسەری تۆم مەمخەرە زیندانی جودایی سندووقی سەرت دەفعەیێ مەیلم کە وەلایە بێ یار و دەلیل، پا مەنێ ڕێی عەشقی جەوانان چەند سەر لەسەر ئەم ڕێگە لە سێدارە درایە پەروای نییە ئەسلا لە قسەی زاهیدی خودبین مەعلوومە حەیای عاشقی بێچارە ڕژایە گیراوی سەری زولفی تۆ تا مردنە قوربان چۆن باوەڕە حەپسی تۆ کە لەم قەیدە ڕەهایە خوێنم بڕژێ سوورەتی ناوی تۆ دەکێشێ تا نەمکوژی نازانی کە (سافی) بە وەفایە ++++++++++++++++++++++