شاعیر: سافی کتێب: شیعرەکانی سافی سەرناو: لۆمەم مەکەن ئەی یاران، ئەم عەشقە بەڵایێکە سەبارەت: دیوانی سافی، چاپی سێیەمین ١٩٧٣ زایینی، چاپخانەی کوردستان هەولێر، لاپەڕە ٦٣ـ٦٦. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی لۆمەم مەکەن ئەی یاران، ئەم عەشقە بەڵایێکە لەم حاڵەتە نازانن، بۆ دڵ چ جەفایێکە گەهـ شادی و گەهـ شینە، گەهـ خەندە وو ناڵینە جوملەی ڕەگ و پۆیی دڵ، هەر لەحزە هەوایێکە گەهـ عاقل و فەرزانە، گەهـ والە وو حەیرانە ئایا دڵی دێوانە جێگەی لە چ لایێکە کەوتووتە پەڕێشانی، تفڵێ بوو کە نەیزانی یاران چییە دەرمانی، چارەی لە چ لایێکە ئاخر بە دڵی شەیدا، پێم گوت کە ئەتۆی ڕیسوا بەم شۆرە ئەتۆی تەنها، وا بۆ تۆ خەتایێکە پەیغامی دڵم زانی، گۆتی تۆ موسوڵمانی لەم عەشقە کە نازانی، تۆ بەحسی چ گیایێکە تۆ ناسحی نادانی، بەو عەقڵە پەڕێشانی ئەو کفر و موسوڵمانی، گشتی لە هەوایێکە ئەم سیڕڕە پەنهانە، بۆ عالەمی عیرفانە تۆ خۆت مەکە دێوانە، هەر قالوبەلایێکە ئەو عالەمە نەیڕەنگە، دەیبینی کە چەن دەنگە سەرپاکی جودا ڕەنگە، لەو باوک و دایێکە هەرکەس کە لە هەر جیێە، هەر یێکە بە نەوعێیە هەر سەر لە هەوایێک و هەر سینە سەدایێکە ویش قودرەتی عوزمایە، بۆ مەعریفەتوڵڵایە ناسینی لە ئەو دایە، زانینی سەفایێکە ئەوجا وەرە گەر یاری، واز بێنە لە عەییاری تەرکی کە ڕیاکاری، دونیا کە هەبایێکە دونیا کە وەها خۆشە، جێ عالەمی بێ‌هۆشە زەهرێکە تۆ مەینۆشە، دەورانی فەنایێکە هەر حیلە وو ئەفسوونە، جێ عالەمی مادوونە تۆ مەیگرە ئەم دوونە، تێکچوونی بە بایێکە من چەندە کە نادانم، یا عاقڵ و چازانم غەیری ئەمە نازانم، بە خودا کە خودا یێکە یاڕەب تۆ بە زاتی خۆت، بەو سیڕڕی سفاتی خۆت لەو عەبدی عەساتی خۆت، ڕەحمێک و عەتایێ کە یاڕەب کە تۆ غەففاری، لەو ئۆمەتە موختاری عەفوی کە گوناهکارێ، لای تۆ پەڕەکایێکە دڵ ئۆمەتی موختارە، هەرچەندە سیاکارە عەفوی بکە غەففارا، شایانی عەفایێکە ئەی سەروەر و سەردارم، وەی خاتەم و موختارم هەر چەندێ خەتابارم، ئەمما تۆ وەفایێ کە بۆ شافعی خاسی تۆ، لەو بەحرە غەواسی تۆ ئەو ئۆمەتی عاسی تۆ، چاوی لە ڕەجایێکە ئەی شاهیدی بەغدایی، تۆ مەلجەء و مەئوایی هەر دەم دڵی سەودایی، موحتاج بە دووعایێکە ئوستادی و پیری تۆ، هەم شاهـ و ئەمیری تۆ موددێکە فەقیری تۆ حاجەت بە سەخایێکە مەنواڕە وەفایی من، بنواڕە جەفایی من عالەم لە سەدایی من، هەر دەم لە جەزایێکە ئەی شاهی لە هیرانی، مەئزوونی لە گەیلانی حەقا تۆ سلەیمانی، دەردم تۆ دەوایێکە ئەی جەددی وەفادارم، نەسلی تووە موختارم بنواڕنە ئازارم، تەدبیری چ ڕایێکە ئەی (سافی)ی هێرانی، ئەولادی عەلی و سانی چارەت لە پەڕێشانی، دەرگانەیی شایێکە ++++++++++++++++++++++