شاعیر: سافی کتێب: شیعرەکانی سافی سەرناو: سەبەب چییە ئەی دڵی دێوانە دووبارە پەشێواوی سەبارەت: دیوانی سافی، چاپی سێیەمین ١٩٧٣ زایینی، چاپخانەی کوردستان هەولێر، لاپەڕە ٧٤و٧٥. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی سەبەب چییە ئەی دڵی دێوانە دووبارە پەشێواوی لە عەقڵ و فەهمەوە دەرچووی، لە عەیب و عارە وا ماوی مەگەر مەحکوومی یاری یا لەبەر ئیعدامێ ترساوی وەکوو کوشتەی قەساب ئەی دڵ چییە وا غەرقی خوێناوی لە گۆشەی بێ‌کەسی دائیم لە غەمدا مات و داماوی لە موڵکی حوسن و ئیقلیمی مەلاحەت تاکە ئەم شۆخە عەجائیب شاهـ و عارز ماهـ و تینەت پاکە ئەم شۆخە دلا سەد کوشتەیی وەک تۆی لە ژێر پێ خاکە ئەم شۆخه ئەگەر فەرمووی لە قەتلی عاشقان بێ‌باکە ئەم شۆخە هەزاری کوشتووە وەک تۆ قەدی لاولاوی و لاوی بە حەلقەی زولفەکەی، یارم عەجائیب داوی داناوە بە دانەی خاڵەکەی سەر ڕووی فەریبی عالەمی داوە لە وەحشەت بوو کە تەیری دڵ بە نێویا هات و تێ ماوە چ سەیادێکە، سەد وەحشی لە چینی پرچی پێچاوە خەڵاسی تۆ نییە ئەی دڵ لە داوی زوڵفی باداوی لە سەر سەفحەی شەهیدانە لە سایەی عەشقی تۆ ناوم بکە ڕەحمێ بە من قوربان بە غەمزەی تۆیە کوژراوم لە ڕوویی دۆستی جارێ بنۆرە ئەشکی خوێناوم ئەگەر فەڕزەن عەدوو بێتن ببینێ چارەیی چاوم لە بۆ من خوێن دەبارێنی لەسەر دوو چاوەیی چاوی دڵا بۆچی دەوام ناکەی لە عەشقا هەرچی تووشت بوو گوتی چ‌بکەم کە شێواوم بە سیحری چاوەکەی جادوو لە پیری عەشقەوە پرسیم ئەویش دووبارە وای فەرموو دڵا، دێوانەیی خۆتە کە یار بێ‌مەیلە دەرهەق توو وەئیللا ئەو لەسەر ئەو عەهدە ماوە تۆ ئەگەر ماوی لە تەسویری برۆی با جەدوەلی نەققاشی چین دەرچی لە تەرزی قامەتی بەرزی قەدی شمشاد عەرعەر چی لە وەسفی نەوخەت و خاڵی تەواو بوو عومرەکەم گەرچی لە تەعریفی بڵێم چی با قەڵەم دەرچی بڵێم هەرچی تەواو نابێ بەچی ئەوسافـی پێچی پەرچەمی خاوی لە دەردی بێ دەوا بوویمە غەریب و شووهرەیی شاران دوعامان بۆ بکەن ئێوە و خودا زومرەی وەفاداران لە ڕاستم، گوێ مەدن بە قسەی ڕەقیب و قەولی بەدکاران مەڵێن (سافی) کـە ئێستێکە لەیادی یار نییە، یاران لە دڵدا فیکری دڵدار و هەمیشە زکر ئەکا ناوی ++++++++++++++++++++++